سێ ستڕاتیژ و ڕیفڕاندۆم. بەشی دووەم و کۆتایی نادر عبدالحمید
سێ ستڕاتیژ و ڕیفڕاندۆم. بەشی دووەم و کۆتایی
نادر عبدالحمید
ئەڵقەی ناوەندی و خاڵی جەوهەری ناکۆکیەکان
گەلێک خاڵی جێ ناکۆک هەن لە بۆچون و ئاکامگیری جیاواز، لەنێوان کۆمۆنیستەکانی کوردستانی عێڕاقدا لەسەر ئەم ڕیفڕاندۆمەی ئێستا و پڕۆژەی “پارتی” بۆ سەربەخۆیی کوردستان، وە لە باس و کێشمەکێشە فکری و سیاسیەکاندا لە دژی یەکتری لێکدانەوە و شیکاریان لەسەر کراوە، جا پرسیار ئەوەیە ئایە لەناو لێشاوێک جیاوازی جۆراوجۆر لە بۆچوون و لێکدانەوە و شیکاری، چ شتێک خاڵی جەوهەری جیاوازیەکانە یا ئەڵقەی ئەسڵی و ناوەندیە لە کێشمەکێش و ناکۆکی لەسەر ئەم مەسەلەیە، لەناو کۆمۆنیستەکاندا؟
ئێمە لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا ئاماژەمان بەوە داوە کە ئەو خاڵە جەوهەریە لە ناکۆکی نێوان ئەو سێ ستڕاتیژەدا، لەسەر هەڵوێست لەبەرامبەر ئەم ڕیفڕاندۆمە دیاریکراوە، جێگەوڕێگەی ئەم ڕیفڕاندۆمە (و سەربەخۆیی کوردستانە وەک دەوڵەتێک) لە ڕێڕەویخەباتی چینایەتی و سۆشیالیستیدا، ئایە ئەمە هەنگاوێکە لە ڕاستای بردنە پێشەوەی خەباتی سۆشیالیستی بە دژی بورژوازی و هێنانەدی سۆشیالیزم لە کوردستاندا وەک ستڕاتیژی یەکەم بانگەشەی بۆ دەکات؟ یان بەپێچەوانەوە پاشەکشەپێکردنی ئەو خەباتە سۆشیالیستیە و قایم بوونی پایەکانی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستێکی دژە ئازادی، کۆنەپەرست و ناسێکیولاری کوردە بەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و کرێکار و زەحمەتکێشەکەیەوە، چ لە پڕۆسەی بەڕێوەچونی ئەم ڕیفڕاندۆمەدا و چ لەناو دەوڵەتێکی سەربەخۆدا لە ئایندەدا کە لە ئاکامی ئەو پڕۆسەیەدا دێتەئاراوە، وەک هەریەک لە ستڕاتیژی دووەم و سێهەم بانگەشەی بۆ دەکەن.
ئەڵقەی تەواکەری ئەم ناکۆکیە ئەسڵیەش ئەوەیە کە ئایە هاتنەئارای دەوڵەتێک لە پڕۆسەیەکی ئاوادا لەژێر دەستی “پارتی” و بارزانیدا، لە هاوکێشە سیاسیە جیهانی و ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی ئازادیخوازانە وەیا پێشکەوتووخوازانە دەبینێت و کۆمەگ دەکات بە هێنانەدی بارودۆخێکی لەبار بۆ خەباتی چینایەتی کرێکار دژی بورژوازی لەسەر ئاستی ناوچەکە یان بەپێچەوانەوە؟ لێرە لەم وتارەدا ناچینە ناو ئەو مەیدانەوە.
چارەسەری مەسەلەی میللی وەک پێوانەیەک
لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا نوسیومانە؛ خودی ئەو پرسیارە ئایە ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی لە بەرژەوەندی چارەسەری مەسەلەی کوردە یان نا؟ پرسیارێکی ناسیونالیستانەیە. چونکە چارەسەکە لە خودی خۆیدا بۆ ناسیونالیستەکان جێگای بایەخە، بەڵام بۆ کۆمۆنیستەکان ڕێگە و شێوازەکەی بایەخدارە. بۆیە ناتوانرێت ئەو پرسیارەی سەرەوە بکرێتە پێوانە بۆ دیاریکردنی سنوری هەردوو بەرەی لەگەڵبووی ڕیفڕاندۆم-سەربەخۆیی و لەگەڵنەبووی ڕێفڕاندۆم-سەربەخۆیی لەناو کۆمۆنیستەکاندا.
کۆمۆنیستەکان هیچ کاتێک، بەبێ مەرج و لەخودی خۆیدا لەگەڵ سەربەخۆیی و جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی میللەتاندا نەبوون، بەڵکو پێوانەکەیان بریتی بووە لەوەی چ ڕێگا و شێوازێک دەگردرێتەبەر بۆ چارەسەری مەسەلەی میللی و هێنانەدی دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟ واتا شێوازی کۆمۆنیستانە لە خستنەڕووی ئەم پرسیارەدا ئەوەیە کە بەچ ڕێگەیەک و بە چ شێوازێک ئەم پڕۆسەی چارەسەری مەسەلە نەتەوەییە بەڕێوە دەچێت؟. تا بزانین باشە (بەو مانایەی لەڕاستای بردنەپێشەوەی خەباتی سۆشیالیستیدایە) یان نا.
بەمانایەک چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی لەخودی خۆیدا و بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە ڕێگەخۆشکەری خەباتی سۆشیالیستی نیە (وەکو ئەوەی لە ئێستادا لایەنگرانی ڕیفڕاندۆم لە ناو کۆمۆنیستەکاندا شیکاری بۆ دەکەن و ڕایدەگەێنن کە کۆسپێک لەسەر ڕێگای خەباتی سۆشیالیستی لادەچێت)، بەڵكو ڕێگە و شێوازی ئەو چارەسەرەیە کە ئەوە دیاری دەکات ئایە ئەم پڕۆسە موشەخخەس و دیاریکراوە لە ئێستادا ڕێگەخۆشکەری خەباتی سۆشیالیستیە یان بە پێچەوانەوە پاشەکشە پێکردنیەتی.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیست لە کێشمەکێشی لینین لە دژی مەنشەفیەکان بە تایبەت لە شۆڕشی 1905-1907 ی ڕوسیادا، مەنشەفیەکان لەو باوەڕەدا بوون کە پێویستە هاوپەیمانی بورژوا لیبڕاڵەکانی ئەو کاتە (و حزبی کادێت) بن بۆ هێنانەدی ئاڵوگۆڕی دیموکراتیانە و چارەسەرکردنی مەسەلەی جوتیاری، وە پاساویان دەهێنایەوە ئەمە دەبێتە پەرەسەندی سەرمایەداری و دیموکراتیەت و ڕێگەخۆشکردن بۆ سۆشیالیزم، لە کاتێکدا لینین بە پێچەوانەوە لە دژی بورژوا لیبراڵەکان (و حزبی کادێت) دەیویست بەڕێگەیەکی شۆڕشگێڕانە و ڕادیکاڵ هەم ئاڵوگۆڕە دیموکراتیەکان بێنەدی و هەم مەسەلەی جوتیاری چارەسەر بکرێت. وە ئەمەی دادەنا بە ڕێگەخۆشکەری خەبات لە پێناو سۆشیالیزمدا، نەک ڕێگەکەی بلیخانۆف و مەنشەفیەکان. لینین لە وەڵامدانەوەی مەنشەفیەکاندا دەڵێت ئێمە و ئێوە هەردوولا هاوڕای بورژوازی هەنگاو دەنێین بۆ هێنانەدی ئاڵوگۆڕە دیموکراتیەکان و چارەسەرکردنی مەسەلەی جوتیاری، بەڵام بورژوازیمان هەیە تا بورژوازی، ئێوە هاوڕای بورژوا دیموکراتیەکی لیبڕاڵی سازشکار و ئێمەش هاوڕای بورژوا دیموکراتیەکی شۆڕشگێڕ.
واتا خودی هێنانەدی ئاڵوگۆڕە دیموکراتیەکان و چارەسەری مەسەلەی جوتیاری لە ڕوانگەی لینینەوە ڕێگەخۆشکەری سۆشیالیزم نەبوون، بەڵکو ئەوە ڕێگە و شێوازێکی دیاریکراوە لە هێنانەدی ئاڵوگۆڕە دیموکراتیەکان و چارەسەری مەسەلەی جوتیاری، کە دەبێتە ڕێگەخۆشکەری سۆشیالیزم. وە ڕێگە و شێوازەکەی مەنشەفیەکان (و بلیخانۆف) لەڕوانگەی لینینەوە دەبوە قایم بوونی پایەکانی دەسەڵاتی بورژوازی و پاشە کشەپێکردنی خەباتی سۆشیالیستی.
ئەگەر لەو نمونەیەوە بگەڕێینەوە سەر مەسەلەی کورد و ئەو شێوازە و ڕێگەیەی کە بورژوا ناسیونالیستێکی دژە ئازادی و کۆنەپەرست گرتوویەتیەبەر بۆ چارەسەری مەسەلەکە ڕۆشنە کە ڕێگەخۆشکەری خەباتی سۆشیالیستی نابێت.
لەڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە، هیچ دیاردەیەک لە خۆیەوە و لە پڕ بەبێ بوونی پێکهێنەرەکانی (موئەلەفە) و پڕۆسەیەکی مێژوویی پێشوەخت لە شکڵگیریەکەی نایێتە ئاراوە، کە هەر ئەمەشە دیاری دەکات ئەو دیاردەیە چی دەبێت. جا مەسەلە بەو سادەییە نیە کە خەڵکی لە ڕیفڕاندۆمێکدا دەنگ دەدەن و دەوڵەتێکی سەربەخۆ دێتەدی، مەسەلەی نەتەوەیی کۆتایی دێت، فەرمانڕەوایی میلیشیایی تەواو دەبێت، و فرسەت بۆ سێکیولارەکان دەخوڵقێت تا خەبات بکەن لە پێناو سێکیولاربوونی یاسا و ڕێساکانی، و فرسەتیش بۆ سۆشیالیستەکان دەخوڵقێت بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی سۆشیالیستی.
ئەگەر ئەو دەوڵەتە بشهێتەدی (جیا لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی کێشە نەتەوەییەکە و بەردەوامی دان بە تێوەگلانی کۆمەڵگەی کوردستان لە کێشمەکێشی نەتەوەیی و هەتا جەنگیشدا)، بەڵێ ئەگەر ئەو دەوڵەتە بشهێتەدی لە چەشنی دەوڵەتی لوبنان دەبێت، کە زیاتر لە سی 30 ساڵیشە حوکمی میلیشیایی و تەوافقی نێوان هێزەکان دەیبات بەڕێوە، واتا هاتنەدی قەوارەیەکی سەربەخۆ بەناوی دەوڵەتەوە نابێتە هۆی کۆتایی هێنان بە زۆرنی زەرد و سەوز و حوکمی میلیشیایی، ئەوەی کە ئێستا لەناو دەوڵەتێکی لۆکاڵدا بەڕێوە دەچێت سبەی لەناو دەوڵەتێکی سەربەخۆدا بەڕێوە دەچێت، وەک لوبنان کە دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، وەک عێراق کە ئەویش دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بەڵام تەوافقی هێزەکان و حوکمی میلیشیاکان لە ناوچە جیاجیاکاندا، وەکو زۆنی تایبەت بەهەریەک لەو هێزە میلیشیاییانە دەیبات بەڕێوە. جا بە دڵنیاییەوە بارودۆخی خەبات لە پێناو سۆشیالیزم و بۆ سێکیولار کردنی ئەو دەوڵەتەی لەم پڕۆسەیدا دێتە ئاراوە نەک ئاسانتر بەڵكو سەختریش دەبێتەوە.
جێگەوڕێگەی ڕیفڕاندۆم لەناو ستڕاتیژەکانی ناسیونالیزمی کورددا
تەوافق وەک مەفهومێک لە فەرهەنگی سیاسی عێڕاقی دوای 2003 دا، بەرهەمی ڕێککەوتنی ڕەوت و حزبە جۆراوجۆرە بورژوا مەزهەبی وقەومیەکانە لەسەر دابەشکردنەوەی پشکی دەسەڵات و ئابووری عێڕاق لەپشت سەری هاوڵاتیانەوە. ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی هەر لەسەرەتاوە بەشێک بوون لەو هاوکێشەیە. هەر بە چەند ساڵێکیش بە گۆڕینی هاوسەنگی هێز تەوافقەکەیان هەڵوەشاوەتەوە و سەرلەنوێ هەوڵی تەوافقێکی تازەیان داوەتەوە، ئەویش لەڕێی کێشمەکێش و دژایەتی یەکتری و پێکهەڵپڕژانی چەکدارانەش.
بە هاتنی داعش و پڕۆسەی دەرپەڕاندنەکەی، ڕەوتی ناسیونالیزمی عەرەبی سوننی پەراوێز کەوتەوە و هەردوو ڕەوتی ناسیونالیزمی عەرەبی شیعە مەزهەبی و ناسیونالیزمی کورد بەهرەمەندی گەورەی ئەو پڕۆسەیە و مەیدانداری سیاسی بوون و کێشمەکێشە سیاسیەکانی عێڕاق قوتبی بوونەتەوە لە دەوری ئەو دوو جەمسەرە. ئەو کێشمەکێشانەی کە سەریان هەڵداوە لەنێوان حکومەتی هەرێم (وەک ئۆڕگانی ڕەسمی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد) و دەوڵەتی ناوەندی (وەک ئۆڕگانی ڕەسمی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی عەرەبی شیعە مەزهەبی) بەتایبەت لە ساڵانی (2017-2014) ، بۆ گەیشتن بووە بە تەوافێکی تر لەو بارودۆخە نوێیە لە هاوسەنگی هێزی تازەدا.
هێنانەئارای پرسی ڕیفڕاندۆم وەک وەرەقەیەک بەڕووی دەوڵەتی ناوەندیدا لەلایەن “پارتی” (و سەرۆکی ماوەبەسەرچووی هەرێم)، جگە لە داپۆشین و کپکردنەوەی کێشەناوخۆیی و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، بەشێکە لەو هاوکێشەیە و لە پڕۆسەی گەیشتن بە تەوافقێکی تازە. ئەوەی کە لێکۆڵەرەوانی سیاسی هەر لەسەرەتاوە ئاماژەیان بەوە دەدا کە مەسەلەی ڕیفڕاندۆم لە لایەن “پارتی” و “بارزانی”ەوە بۆ سەربەخۆیی و هێنانەدی دەوڵەتێک نیە، لەسەر واقعیەتێکی مادی وەستا بوو، بەتایبەت کە سەرانی “پارتی” و بەرپرسانی “لیژنەی باڵای ڕیفڕاندۆم”یش ئەوەیان دووپات دەکردەوە کە دوای ڕیفڕاندۆم سەربەخۆیی و هێنانەدی دەوڵەت دەسپێرن بە گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، وەتا ئێستاش هەر ئەوە دەڵێن.
بەمانایەکی تر ئەم پرسی ڕیفڕاندۆمە لە ئێستادا، بەرهەم وە بەردەوامی هەمان ستڕاتیژی ناسیونالیزمی کوردە کە لە ساڵی 2003 وە گیراوەتەبەر لە شکڵدانەوە بە دەوڵەتی تازەی عێڕاق. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایە ناسیونالیزمی کورد بەگشتی و لە ئێستاشدا بە تایبەتی “پارتی” و “یەکیەتی” لەگەڵ سەربەخۆیی و هێنانەدی دەوڵەتێکدا نین لە کوردستاندا؟
وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە، سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم پرسی ڕیفڕاندۆمە، بەرهەمی ستڕاتیژێکی پێشوەختی ناسیونالیزمی کورد لە کوردستانی عێڕاق و هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەکەی “پارتی” و “یەکیەتی” نەبووە بۆ سەربەخۆیی و هێنانەدی دەوڵەت، کە پێشوەخت ئامادە سازیەکیان کردبێت و بارودۆخی سیاسی ئێستا هەلێکی لەبار بێت و بیانەوێت ئەو ستڕاتیژە بە عەمەلی بکەنەوە، بەڵام لە جیهانی سیاسەتدا کە پرۆسەیەک دێتە ئاراوە، جۆرەها فاکتۆری تر کاریگەر دەبن و پڕۆسەکە بەلایەکی تردا دەشکێننەوە کە ڕێڕەوی سروشتی خۆی نیە.
لێرەشدا گەرچی ستڕاتیژی ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی تا ئێستا لە کوردستانی عێڕاقدا سەربەخۆیی و هێنانەدی دەوڵەت نەبووە، بەڵام لە کێشمەکێش لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا کە ئامادە نەبێت بۆ داشکان تا ئاستی خواستەکانی لە پشکی دەسەڵات و ئابووری عێڕاق، ئەم مەسەلەیە وەکو ئەگەرێکی کراوە لە ئارادایە، بەتایبەت لە ئێستادا کە زوربەی ناوچە جێ ناکۆکەکان و کێڵگە نەوتیەکانی ئەو ناوچانەی کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتیەوە و بۆتە خاوەن گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانیەکاندا.
ئەوەی کە تا چەند سەربەخۆیی و هێنانەدی دەوڵەت دەبێتە ستڕاتیژێکی واقعی و عەمەلی بۆ ناسیونالیزمی کورد و ئاڵتەرناتیڤ بۆ ستڕاتیژی تا ئێستای کە هاوبەشی دەسەڵاتە لە دەوڵەتی بورژوازی ناوەندیدا لەژێر کاتەگۆری “تەوافق”دا، بەستەگی بەگەلێک فاکتۆری ناوخۆیی (چ عێڕاقی و چ کوردستانی)، و دەرەکی (چ ناوچەیی و چ جیهانی)ەوە هەیە. باسەکەمان لێرەدا ئەوە نیە کە تا چەند ئەگەری ئاڵوگۆڕی ستڕاتیژ هەیە لەلای ناسیونالیزمی کوردی کوردستانی عێڕاق، هەروەها باسەکە ئەوەش نیە کە تا چەند ئەگەری سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتێک هەیە کە بێتە ئاراوە، لەسەر بنەمای ئەو ڕیفڕاندۆمە، لەو بارودۆخە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیەدا، هەتا ئەگەر ناسیونالیزمی کوردی عێڕاق ستڕاتیژەکەشی بگۆڕێ بۆ سەربەخۆیی، باسەکەمان لەسەر ئەوەیە کە گەرچی ستڕاتیژی تا ئێستا ناسیونالیزمی کورد هەمان ستڕاتیژە کە لە ساڵی 2003 وە گرتوویەتیەبەر بەڵام ناتوانرێت ئەوە بخرێتەلاوە کە پەرەسەندنی کێشمەکێش لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و گۆرانێک لەبارودۆخی سیاسی و هەڵوێستی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکاندا ئاڵوگۆڕ لەو ستڕاتیژەدا بێتە ئاراوە. لە ئێستادا ناسیونالیزمی کورد، لە گێژاوێکی دەرونی و سەرگێژەدا دەژیت بۆ خۆساغ کردنەوە.
گەرچی سیاسەتی هەڵخراندن (حەشد) و هێزگرتنی ناسیونالیزمی کورد بەگشتی لەسەر باوەشێنکردنی هەست و شعورێک وەستاوە بۆ هێنانەدی قەوارەیەکی نەتەوەیی، بەڵام سیاسەت و ستڕاتیژی عەمەلی و واقعی حزبەکانی ئەو بزوتنەوە ناسیونالیستە لەدوای ساڵی 1932 بە تێکشکاندنی بزوتنەوە سەربەخۆخوازیەکەی شێخ مەحمود بۆ هێنانەدی دەوڵەتێک، وە بەدیاریکراوی لە دامەزراندنی “پارتی”ەوە لە 1946 وە شیعاری (دیموکراتیەت بۆ عێڕاق و حوکمی زاتی بۆ کوردستان) گوزارشی لە ستڕاتیژەکەی کردوە.
گەرچی جیهانی دوو قوتبی و جەنگی سارد بەسەرچووە، بورژوازیش لە کوردستاندا لە پایەیەکی ئابووری بەهێزتر بەهرەمەندە و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەش بەگشتی، بارودۆخێکی لەبارتریان هێناوەتەئاراوە بۆ گۆڕینی ستڕاتیژی ناسیونالیزمی کورد بەرەو سەربەخۆیی، بەڵام ئەم مەسەلەیە ئیختیارێک نیە لەسەر بنەمای لێکدانەوە و شیکاری فکری، وەیا هەستوشعورێکی شاعیرانە بۆ هێنانەدی قەوارەیەکی نەتەوەیی، بەڵکو یەک وقعیەتی عەمەلی سیاسیە لەناو بارودۆخێکی سیاسی دیاریکراودا. کە ئایە ئەگەری گەیشتن بە تەوافقێکی تازە هەیە کە بتوانرێت زۆرێک لە خواستەکانی ناسیونالیزمی کورد لەدەوڵەتی ناوەندیدا بێتەدی، یان ڕیسکی هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و هێنانەدی دەوڵەت بگردرێتەبەر لە بارودۆخێکدا کە نە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نە لە سەر ئاستی جیهانی پشتیوانەیەکی نیە.
تەواوی حیکایەتەکە
لەڕووی واقعیەوە، تەواوی حیکایەتەکە ئاوایە، ئەم ڕیفڕاندۆمە گەرچی ئەگەرێک هەیە بۆ دواخستنی بەڵام ئەگەری بەڕێوەچوونی زۆرترە و هیچ نەبێت لەسەدا پەنجاویەکی 51% دەنگەکانی “بەڵێ” مسۆگەر دەکات و سەرکەوتن بەدەست دێنێت. بەڵام بەپێی لێدوانەکانی “بارزانی” و بەرپرسانی باڵای لیژنەی ڕیفڕاندۆم، سەربەخۆیی ڕاناگەێندرێت، بەڵكو ئەمە دەسپێردرێت بە گفتووگۆ و دانوسانی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا. ئەمەش یانی هاتنەوە سەر هەمان ستڕاتیژی گەیشتن بە تەوافقێکی تازە، کە ئەمجارە وەرەقەیەکی بەهێز بەدەست حکومەتی هەرێم و پارتیەوەیە لەبەرامبەر دەوڵەتی ناوەندیدا. بەڵام لەو نێوەدا حکومەتی هەرێم (وە بە واقعی دەسەڵاتی پارتی) توانی کێشەناوخۆییەکانی کپ بکاتەوە ئاوێکی سارد بکا بەسەر ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان و لە برسیەتیدا ڕایان بگرێت. نەک هەر ئەمەش دوای تەواوبوونی ڕیفڕاندۆمیش، خەڵکی لەچاوەڕوانیدا ڕادەگرن کە پڕۆسەی گفتوگۆ لەسەر سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی درێژە دەکێشێت و هەر ناڕەزایەتیەک و دەنگێکی ئازادیخوازیش بێتەئاراوە بەو بیانوەوە سەرکوتی دەکەن.
جا ئەو پرسیارەی ڕووبەڕووی ئەو هاوڕێ کۆمۆنیستانە دەبێتەوە (کە لە ئێستادا هەڵسوڕاوی کەمپینی سەربەخۆیی کوردستان و ڕیفڕاندۆمن)، ئەوەیە کاتێک قۆناغی دووەمی ئەم پڕۆسەیە وەیا وەک دەڵێن پەردەی دووەمی شانۆکە دەست پێدەکات بە گفتوگۆکردن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بۆ “سەربەخۆیی کوردستان و هێنانەدی دەوڵەت” ئایە درێژە بە کەمپین و چالاکیەکانیان دەدەن لە قۆناغی دووەمیشدا؟ ئەگەر ڕاستگۆ بن (و ڕەخنە لە هەڵوێستی ئێستایان نەگرن) دەبێ بەردەوام بن. لەو حاڵەتەشدا، دەبنە گروپی فشار لەناو ئەو هاوکێشەدا بەسەر “پارتی” و ناسیونالیزمی کوردەوە کە سازشکار نەبن لە بەغدا لە دانوسانەکاندا، هەروەک ئێستا گروپی فشارن بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆژەیە بەشێوەیەکی پوخت و سازش نەکردن و دوور لە دەستێوەردان و شێواندنی نادیموکراتیانە.
ئەمەش واتا درێژەدان بە جێگەوڕێگەی چەپ بوون لەناو ستڕاتیژی ناسیونالیزمی کورد لە کوردستانی عێڕاقدا. ئەگەر مارکس و ئنگڵس لە ساڵانی چلەکانی سەدەی نۆزدەهەمی ئەڵمانیادا، وە لینین لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستی ڕوسیادا لەلای چەپی دیموکراسی شۆڕشگێرەوە وەستابوون دژی بورژوا لیبڕاڵ بۆ هێنانەدی ئاڵوگۆڕە دیموکراتیەکان بە شێوازێکی شۆڕشگێڕانە، ئەوا لەمڕۆدا ئەو “کۆمۆنیست”انەی کوردستانی عێڕاق لە لای چەپی بورژوا ناسیونالیستێکی دژە ئازادی و ناسێکیولار وەستاون بۆ هێنانەدی پڕۆژەیەکی ناسیونالیستی، وەک زەمینە خۆشکەری خەباتی سۆشیالیستی!
ئۆپۆزیسیۆنی ڕادیکاڵ و ڕەنگ سوری خوارەوەی کۆمەڵگە
بەشێک لە کۆمۆنیستەکان کە پێشوەخت ستڕاتیژی خۆیان لەسەر ئەوە داڕشتووە سەربەخۆیی کوردستان و بوون بە دەوڵەتی پێویستە وەک لاچونی کۆسپێک لە بەردەم خەباتی سۆشیالیستی و بۆ هێنانەدی سۆشیالیزم لە کوردستاندا، وە لێرەوە هاوڕای ئەم ڕیفڕاندۆمەی ئێستان. لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەوەی لەگەڵ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی نەبێت لایەنگری لە بارودۆخی ئێستا و مانەوەی کێشەی کورد دەکات لەناو عێڕاقێکی فیدڕاڵی قەومی، تائیفی و مەزهەبی کۆنەپەرستدا، چونکە ستڕاتیژێکی تر نابیننەوە بۆ خەباتی سۆشیالیستی و هێنانەدی سۆشیالیزم جگە لەوەی کە دەبێ کوردستان سەربەخۆ و خاوەن دەوڵەت بێت، ئەمەش بەعەمەلی واتا خەباتی سۆشیالیستی وهێنانەدی سۆشیالیزم دەبەسترێتەوە بە مەرجی سەربەخۆیی و هاتنەئارای ئەو دەوڵەتەوە، بەمانایەکی تر ئەگە نەشڵێین دەستبەرداری خەباتی سۆشیالیستی بوون لە ئێستادا، ئەوا ئەم خەباتە دوادەخەن بۆ ئایندەیەکی دوور دوای هاتنەئارای دەوڵەتی سەربەخۆ، بۆ ئەو کاتەی ئەو پێشمەرجە دێتەدی.
جا ئاکامی لۆژیکی ئەو ستڕاتیژە لە جیهانی واقعیدا وای لێدێت کە تەواوی هەڵسوڕان و چالاکی ئەو کۆمۆنیستانە لە ئێستادا دەکەوێتە جێگەوڕێگەی ئۆپۆزیسیۆنێکی چەپ و ڕەنگ سوری ڕادیکاڵی جەماوەری و خوارەوەی کۆمەڵگە دژی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا. وە بەپێچەوانەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەوی ڕیفۆڕمیستی پەرلەمانی و سەرەوەی دەسەڵات (“گۆڕان” و “ئیسلامیەکان”) کە خوازیاری دەسەڵاتن لە هەرێمەکەدا، ئەم ئۆپۆزیسیۆنە جەماوەریەی خوارەوە، داخوازی خۆی بۆ دەسەڵات پەیوەست دەکاتەوە بە سەربەخۆیی و هاتنەدی دەوڵەتێک لە کوردستاندا.
لە جیهانی واقعی و عەمەلیشدا ئەم ئۆپۆزیسیۆنە چەپ و سورە کە دەیەوێت ڕابەر و ڕێکخەری فشارێکی ڕادیکاڵی خواروەی کۆمەڵگە و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بێت دژی دەسەڵات، وەک لیبرالیزمێکی چەپ تەواوکەری لیبڕالیزمی ڕاستڕەوی پەرلەمانی و سەرەوەی کۆمەڵگەیە لە هاوکێشە ساسیەکانی ئێستای کوردستاندا. هەڵسوڕانی خۆبەخشانەی ئەو هاوڕێ کۆمۆنیستانە بۆ بەڕێوەچوونی “ڕیفڕاندۆم” و “کەمپینی سەربەخۆیی” بۆ پڕۆژەکەی “پارتی” بەشێکە لە کۆمەگی کردن بە مانەوە و پتەوکردنی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد چ لە ئێستای هەرێمەکەدا وە چ لە ئایندەی قەوارەیەکی سەربەخۆی دەوڵەتیدا.
مەنسور حیکمەت و سەربەخۆیی لە سیاسەتەکانی بورژوازی
سەبارەت بە هاوڕێ مەنسور حیکمەت و سیاسەتی سەربەخۆیی کوردستانی عێڕاق لە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی بیست، هەر کەسێک بەچاوێکی واقعی نوسراوەکانی هاوڕێ مەنسور حیکمەت لەسەر ئەو بابەتە بخوێنێتەوە دەبینێت ئەم سیاسەتە لەبەرامبەر بارودۆخێکدا گیراوەتەبەر کە کۆمەڵگەی کوردستان ببووە ئۆردوگایەکی ئاوارەنیشین و لەسەر کۆمەگی نێودەوڵەتی ژیان و بژێوی دانیشتوانەکەی بەڕێوە دەچوو وە بارمتەیەک بوو بەدەست ئیمپریالیزمی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانیەوە دژی ڕژێمی بەعس بۆ پیادەکردنی پلان و ستڕاتیژی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەربەخۆیی لەو کاتەدا هەم وەڵام بوو بە ستەمی نەتەوەیی، هەم گەڕانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بوو بۆ بارودۆخی ئاسایی و دەرهێنانی لەو حاڵەتە بارمتەکراویەی دەستی ئیمپریالیزم بە پاسەوانی حزبە ناسیونالیستەکانەوە. ئەمە سیاسەتێکی کۆمۆنیستی دروست بوو کە دەبوا کۆمۆنیزمی ڕێکخراوی ئەوکاتەی کوردستان لە (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاقدا) لەهەوڵی هێنانەدیدا بوایە بۆ قڵپاندنەوەی تەواوی ئەو بارودۆخە هەم بەدژی دەسەڵاتی بورژوازی ناوەند (بەعس) و هەم بەدژی سیاسەتەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و حزبە بورژوا ناسیونالیستە کوردیەکانی گرێدراو پێیەوە.
جا هەر چاودێرێکی بێ لایەن کە سەیری بارودۆخی ئێستای کوردستان بکات دەبینێت سەدوهەشتا (180) پلە جیاوازە لەوبارودۆخەی ئەو کاتەی کە ئەو سیاسەتەی بۆ گیراوەتەبەر. بۆیە لە ئەلگۆبەرداری و کۆپیکاریەکی شکڵی بێ ناوەڕۆک هیچ شتێکی تری لێدەرناچێت کاتێک هەڵوێستی هاوڕێ مەنسور حیکمەت لە نەوەتەکانی سەدەی بیستدا بکرێتە بیانووی لایەنگری کردن لە پڕۆژەی “پارتی” بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ئەم ڕیفڕاندۆمە لە ئێستادا.
بەم پێیە سیاسەتی سەربەخۆیی لە نەوەتەکانی سەدەی بیستدا لە هەموو ڕوویەک و لایەنێکیەوە دژی بورژوازی و بەشێک بوو لە پاراستنی سەربەخۆیی کۆمۆنیستی لە سیاسەتەکانی بورژوازی لە چارەسەری ستەمی نەتەوایەتی و کێشەی کورد لە عێڕاقدا، بەپێچەوانەوە سیاسەتی هاوڕابوونی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی ئێستا لەدەستدانی ئەو سەربەخۆییە و تێکەڵ بوونەوەیە لەگەڵ ستڕاتیژ و سیاسەتەکانی ناسیونالیزم.
دابڕانی هەمەلایەنە لە ئاسۆی فکری سیاسی ناسیونالیزم
باس لەوە دەکرێت کە مانەوەی مەسەلەی کورد بیانوویەکە بەدەست ناسیونالیزمی کوردەوە تا هەموو قەیران و گرفتێکی کۆمەڵگە و ملهوڕی و ئاکامە کارەساتبارەکانی دەسەڵاتدارەتی خۆی بەوە پەردەپۆشی بکات.
پێشتر ئاماژەمان بەوە داوە کە لە دوای 2003 زوڵمی نەتەوایەتی بەشێوەیەکی گشتی لەئارادا نەماوە لە کوردستانی عێڕاق و شعور و هەستی نەتەوایەتی هەروەک لە هەرێمەکانی سکۆتلەندی بریتانیا، کاتەلۆنیای ئیسپانیا و کبیکی کەنەدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی بورژوازی لەو هەرێمانەدا دوبارە بەرهەم دێتەوە، لە کوردستانی عێڕاقیشدا بەهەمان شێوە نەک لەسەر بنەمای زوڵم و ستەمی نەتەوەیی بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی بورژوازی دوبارە بەرهەم دێتەوە.
ئەمەش زەمینەیەکی ڕەخساندوە کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لە هەوڵدانیاندا بۆ باشکردنی ژیان و خۆشگوزەرانیان، لە ناڕەزایەتیەکانیان و خەباتیاندا بەدژی ئەم دەسەڵاتە بتوانن لەم دەسەڵاتە داببڕێن و لێی جیاببنەوە. وە بە عەمەلیش نمونەی ئەوە زۆرە جگە لە شەپۆلی ناڕەزایەتی دوومانگەی ناسراو بە 17 ی شوبات(ی 2011)، مانگرتن و خۆپێشاندانەکانی دوساڵی ڕابردوو لە ئۆگۆستی 2015 و کۆتایی سێپتێمبەری 2016 کە تا سەرەتای ساڵی 2017 ی خایاند، جەماوەری ناڕازی بە سمبۆلی دارەمەیت خستنەسەر شانیان کە ناوی حکومەتی هەرێمی لەسەر نوسرابوو، هەروەها بە بۆیە کردنی چەند بەرمیلێک بەڕەنگی هەر پێنج حزبەکەی حکومەتی بنکەفراوان و خلۆرکردنەوەیان بەشەق، گوزارشێکی سمبۆلیکە لەو دابڕان و بۆشاییە گەورەی نێوان دەسەڵات و جەماوەر. هەرچەند خودی سەرهەڵدانی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریانە دژی ئەم دەسەڵاتە خۆی لەخۆیدا بەمانایەک دابڕانە سیاسی و عەمەلیەکەیە لەم دەسەڵاتە، بەڵام ئەو “ئەپەسۆد” یا “کلیپ”انەی ناو خۆپێشاندان و مانگرتنەکانیش کە هێناومانەتەوە باشتر ئەو دابڕانە بەرجەستە دەکەنەوە.
ئەم دابڕانەی نێوان دەسەڵات و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ئامادەگی ئەو جەماوەرەیە بۆ جیابوونەوەی یەکجاری لە ئاسۆی فکری سیاسی ناسیونالیزم بەمەرجێک لە دەرونی ئەو ناڕەزایەتیانەدا کۆمۆنیزم خۆی وەک ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی ئەو دەسەڵاتە بەرجەستە بکاتەوە، نەک وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕادیکاڵی سور خۆی بنوێنێ. وە تاوەکو لەباری سیاسیەوە کۆمۆنیزم لە کوردستاندا خۆی وەک ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی لە بەرامبەر دەسەڵاتدا بەرجەستە نەکاتەوە کە خوازی گرتنەدەستی دەسەڵاتە لەڕێگەی تێکشکاندنی ئەو دەسەڵاتەوە، ئەم دابڕانەی جەماوەر سەرناکێشێت بۆ دابڕانێکی تەواو و یەکجاری لە ئاسۆی فکری سیاسی ناسیونالیزم و ڕەوتە بورژواکانی تر، جا لەبری ئەوە ئێمە لە 2015 و 2016 دا شاهیدی ئەوە بووین کە هەردوو “حکک چەپی عێڕاق” و “حکک کوردستان” بە پشتیوانی “حکک عێڕاق” سەبەخۆیی کوردستان و جیابونەوەیان لە عێراق لە بەیاننامەکانیاندا وەک ڕێگەچارە نیشانی خەڵک دەدا.
وەتا ئەو شوێنەش پەیوەستە بە “ستڕاتیژی هاوپشتی خەباتی چینایەتی و نێونەتەوەیی”ەوە، ئەویش ناتوانێت ئەو ئەرکە بێنێتەدی چونکە لەهەوڵی پاشەکشە پێکردن و لەقاڵبدانی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستدایە لە هەرێمی کوردستاندا، نەک تێکشکاندنی ئەو دەسەڵاتە، کە ئەمە پەیوەست دەکاتەوە بە تێکشاندنی دەسەڵاتی بورژاوزی ناوەند وەیا هاوکات لەگەڵیا. بۆیە ئەوە تەنها ستڕاتیژی کۆمۆنیستی خەباتە ڕووەو تێکشکاندن و هەڵپێچانی دەسەڵاتی حزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکانی کوردستانی عێڕاق کە ئیمکانی ئەوە دەڕەخسێنێت ئەو دابڕانە کێش بکات بۆ دابڕانێکی هەمەلایەنە لە ئاسۆی فکری و سیاسی ناسیونالیزم و ڕەوتەکانی تری بوژوازی.
ئەگەر حزبێکی کۆمۆنیست، ئەو بۆشاییە فراوانەی نێوان دەسەڵات و جەماوەر، ئەو دابڕانە سیاسیەی کرێکار و زەحمەتکێش لە دەسەڵات نەبینێت، و بەدوای ئەوەوە بێت کوردستان سەربەخۆ بکات، تا ئەم دەسەڵاتە بیانووی نەمێنێت بۆ داسەپاندنی خۆی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و کرێکار و زەحمەتکێشەیدا، ئەوا بە مەنتیقێکی (لۆژیکێکی) سادە، ئەوە حزبەکەیە (نەک ئەو جەماوەرە) کە پێویستی بەوە هەیە کوردستان سەربەخۆ بێت، تا بتوانێت بۆشاییەک بخاتە نێوان خۆی و دەسەڵاتی ناسیونالیزم و خۆی داببڕێت لە سیاسەتەکان و لە ئاسۆکەی. بە مانایەکی تر، لە ئێستادا هەست بە بۆشاییەک لە نێوان خۆی و ناسیونالیزمدا ناکات، وە خۆی بە دابڕاو نابینێت لە ناسیونالیزم و تاکتیکێک ناگرێتەبەر لەم ڕیفڕاندۆمەدا کە ئەو بۆشاییە و ئەو دابڕان و سەربەخۆییەی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لە دەسەڵات، بەرجەستە بکاتەوە.
هەنگاونان ڕووە کامڵبوونێکی بورژوازیانە
کۆمۆنیزمی هاوچەرخی کوردستانی عێڕاق لە مێژوویی ژیانی خۆیدا، نزیک بە نیو سەدەی ڕابردوو (2017-1975)، نوێنەری ڕادیکاڵیزمەی کۆمەڵگەی کوردستان، لایەنگری ئازادی و یەکسانی، خۆشگوزەرانی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتێکش بوە و پێ بەپێ و هەنگاو بەهەنگاو خەریکی خۆ جیاکردنەوە بووە لە ناسیونالیزم، وە لە ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی کوردستاندا هەروەک لە ساڵانی سەرەتای نەوەتەکان لە هەوڵی خۆهەڵپێکاندا بوو بە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەک شۆراکان، بێکاران، ئاوارەکان و ژنان … هتد و دواتریش بە خۆپێشاندانە جەماوەری و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانەوە، بەڵام لەو هەوڵانەیدا سەرکەتوو نەبوو بەو مانایەی کە نەیتوانی جۆش بخوات پێیانەوە و ببێتە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز و بەرفراوان و لانی کەم ببوا بە جەمسەرێک لە پۆڵاریزەکردنی سیاسەت لە کوردستاندا لەبەرامبەر ڕەوتە ناسیونالیست و ئیسلامیە سیاسیەکاندا.
باسەکەمان لێرەدا بەدواداچوون نیە بۆ ئەو مەسەلەیە، بەڵکو مەبەستمانە ئەوە دەرخەین کە لە ئێستادا لەسەر بنەمای پەرەسەندێکی خێرا و بەهێزی سەرمایەداری کوردستان و دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد، ئەم بزوتنەوەیە بەرەو ئەوە دەڕوات کە دەورانی ساوایی و هەرزەکاری خۆی تێپەڕێنێت و لەسەر بنەمای واقعیاتی پەرەسەندووی چینایەتی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان ڕووبەڕووی ئاڵوگۆڕێکی دەرونی ببێتەوە و بەشێکی بوەستێت و درێژە نەدات بەهەمان پڕۆسەی مێژوویی خۆجیاکردنەوە لە ناسیونالیزم و هەڵخلیسکێتە پەراوێزی ناسیونالیزمەوە لە کوردستاندا، بەومانایە کۆمۆنیزمەکەی کامڵبوونێکی بورژوازیانە بەخۆیەوە ببینێت. هەڵسوڕاوبوونی جدی ئەو کۆمۆنیستانە و چالاکبوونی گەرموگوڕتریان لە خاوەنانی ناسیونالیستی “ڕیفڕاندۆم” و پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستان، وەک دەڵێن “کاسە لە ئاش گەرمتر” ئەڵقەیەکی ئەم پڕۆسەی کامڵبوونەیە بەرەو “کۆمۆنیزمێکی کرێکاری” بورژوازیانە.
هەروەک لە ڕابردوودا چەمکی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم نەیان دەتوانی کۆمۆنیزمی واقعی مارکس لە جۆرەها کۆمۆنیزم و سۆشیالیزمی بورژوازی و وردە بورژوازی جیابکەنەوە ئەوا ئەمرۆش چەمکی “کۆمۆنیزمی کرێکاری” ڕووبەڕووی هەمان چارەنوس بۆتەوە. ئەمڕۆ جۆرەها کۆمۆنیزم لە ژێر ناوی “کۆمۆنیزمی کرێکاری”دا دەخرێتەڕوو.
لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەمدا لە 1914دا زوربەی هەرە زۆری مارکسیستەکانی ئەو کاتە کە لە ئینتەرناسیونالی دووەمدا کۆببونەوە هەڵوەرینە باوەشی بورژوا ناسیونالیستی وڵاتانی خۆیانەوە، ئەمڕۆش زوربەی هەرە زۆری ئەوەی ناسراوە بە “کۆمۆنیزمی کرێکاری”، جا چ کوردستانی و چ عێڕاقی و چ ئێرانی، لەڕێی ئەم “ڕیفڕاندۆم”ە و ئەو پڕۆژە دیاریکراوەی “پارتی”یەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هەڵخلیسکاونەتە پەراوێزی ناسیونالیزمی کوردەوە. لە ئێستاشدا هەروەک لە جەنگی جیهانی یەکەمدا پەرچەمی مارکسیزمێکی شۆڕشگێڕی خوازیاری دەسەڵات و شۆڕش و ئینتەرناسیونالیزم بەرز ڕاگیرا و بەعەمەلیش کرایەوە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، بەڵێ لە ئێستاشدا ئەو پەرچەمە با بەدەست ژمارەیەکی کەمیشەوە بێت هەر بەرز ڕادەگیرێت و لەهەوڵی بەعەمەلیکردنەوەیدا دەبن.
nadr1506@yahoo.com
13-09-2017
لینکی بەشی یەکەمی ئەم وتارە
https://bopeshawa.net/index/wp-content/uploads/2017/08/Forward_10.pdf