یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە. بەشی یەکەم نووسینی: شەماڵ بارەوانی
یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە.
بەشی یەکەم
نووسینی: شەماڵ بارەوانی
بەرهەمێکی تری “خاتو نەوال سەعداوی” ژنە پزیشک و نووسەرو ڕۆماننووس و ڕەخنەگری کۆچکردووی میسریەو لەساڵی ١٩٤٤ بۆ یەکەم جار بەچاپ گەیەندرا، «یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە بیرەوەرییەکانی کچێکی منداڵە بەناوی”سوعاد”.
نەوال پێش ئەوەی چیرۆکی ژیانی پاڵەوانی ڕۆمانەکەی”سوعاد”مان بۆ بگێڕێتەوە.
باس لەو چیرۆکە دەکات کاتێک کە لەقوتابخانەدا قۆناخی یەکەمی دواناوەندی قوتابی بووە، هێشتا ١٣ساڵی تەمەنی تێپەڕنەکردووە، مامۆستای زمانی عەرەبی لەساڵی ١٩٤٤، داوای لێکردوون هەر خوێندەکارەو داڕشتنێکی بۆ بنووسن، سوعاد دوای نووسینی ئەو چیرۆکەی «یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە.
مامۆستاکە کاتێک سەیری دەکات، بەدڵی نابێت و سفری بۆ دادەنێت. ئەو سفرەی هەست دەکات دواتر دەبێتە تێکشکانی دەروون و هۆکاری وەستانی لەنووسین بۆماوەی چەندین ساڵ و هەڵبژاردنی کۆلێژی پزیشکی لەجیاتی کۆلێژی ئاداب.
سوعاد دوای ماوەیەکی زۆر (٤٥)ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە ناخۆش و تاڵەدا، ئەو چیرۆکە لەناو دەفتەرو شتەکۆنەکانی دەدۆزێتەوەو بۆ هاوڕێکانی دەگێڕێتەوەو دەیەوێت بڵاوی بکاتەوە.
خاتوو نەوال دوای ئەو تێکشاندن و ڕووخانەی دوای ئەو سفرەی مامۆستاکەی لە ورەو هێزی دەدات، بەڵام دواجار کۆڵنادات و هێزو ورە دەداتەوە بەرخۆیی و دەبێت بە ئەستێرەکی درەوشاوەی ئاسمانی ئەدەب و دنیای نووسن و نووسەرێکی ناودارو ژنێکی بوێرو بەرگریکارێکی سەرسەختی بواری مافەکانی ژن و ئازادییەکانی مرۆڤ، سنوورەکانی جوگرافیاو کات و زەمان دەبڕێت و دەبێت بە خانمە نووسەرێکی ناوداری جیهانی و ناوبانگی بەهەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە و دەیان کتێب دەخاتە سەر خەرمانەی کەلەپورو کتێبخانەی مرۆڤایەتی و سەدان نووسین و وتار لەبوارەکانی ئەدەب و سیاسەت و فیکرو زانست و ئەقڵانیەت و فیمێنیزم و یەکسانی جێندەرو مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی ژن دەئاخنێتە سەر ڕووپەڕی بڵاوکراوەکان و نووسین و بەرهەمەکانی بۆ زۆرێک لە زمانە زیندووەکانی جیهان دێنە وەرگێڕان و ژنێک، هێندە چالاک، نوسەرو بیرمەندێکی هێندە بوێرو زیرەک و بەتوانا، هێندە تابوو شکێن و سنورنەناس و مرۆڤ ناس…سەرەنجام نازناوی”سیمۆن دی بۆڤوار”ی عەرەبی پێدەخشرێت،«یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە.
پێمان دەڵێت: ژیان چەند سەختە بۆ مرۆڤێک و بەتایبەتی ژنێک و تایبەتتر منداڵێکی هەرزەکار لە کۆمەڵێکی نەریتگەرای خێڵەکی نێرسالارو مەزهەبگەرای دەوردراو بە نەزانین و ترس و خورافەو ئەفسانەو قامچی پیاو، لەوەها جڤاتێکی باب سالارو نەریتگەراو مەزهەبیدا، بتەوێ ،پرسیار لەبارەی شتە بەپیرۆزکراوەکانی کومەڵ بکەیت و سنووری هێڵە سوورە دەستکردەکان ببەزێنیت و بڤەکان ڕووبەڕووی چەکوشی گومان بکەیتەوەو بتی تابووکان بشکێنیت و بەدوای مەعریفەو وەڵام و حەقیقەتدا بگەڕێیت!
چەندە سەختە، مێینەیەکی ئازادی سەلیبکراو کەرامەت شکێندراو مرۆڤبوون پێشێڵکراو دەستبەسەرکەسایەتی داگیراو بخوازێت مەعریفەی نوێ بخاتە سەر حیساب و زانیارییە سنوردارەکانی و خۆی و، خۆی لە نەریتە بۆ ماوەییەکان ئازاد بکات و ئەنتی باو هەنگاو بهاوێت و گۆمی مەنگی باو بشڵەقێنێت و شەپۆڵی پێچەوانە لەدەریای یاخی بوون و خۆ ڕادەستنەکردن و تێڕامان و ڕووبەڕوو بوونەوە لێبدات و سەربەخۆیی خۆی لەژێر قەڵەم ڕەوی ئیمپڕاتۆری پیاوگەرێتی بەدەست بێنێت و جاڕی کۆمارێکی فێمینیستی سەربەخۆ بدات، کۆمارێک لەسەربنەماکانی مرۆڤ بوون و یەکسانی جێندەری و ئازادییەکانی ژن دامەزرابێت، نەک جیاکاری ڕەگەزی و نەریتی خێڵ و ئەقڵیەتی نێرسالاری و چەکوشی مەزهەبەکان تێیدا دەستوور یاساو بڕیاربێت.
یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە. پێمان دەڵێت مرۆڤ بە سرووشتی خۆی کائینێکی پرسیارکەر و گومانگەرایەو تێڕامان دەکات و دەیەوێت ڕازی مەجهولاتەکانی گەردوون کەشف بکات و کۆدو ڕەمزو نهێنیەکانی بوونی بشکێنێت و بچێتە قوڵایی پەنهان و لەبارەی نادیارەکانەوە بزانێت، سوعادیش وەک هەر مرۆڤێک لەمرۆڤەکان کۆمەڵێک پرس مەژی دەوری دەدەن و چەندین گومان ناخی داگیردەکەن و دەبن بە جێگەی تێڕامان و بیرکردنەوەو مەشغوڵکردنی بیرو هۆشی و حەزدەکات بگات بە بەرسڤ و، زانیاری لە شتەکانی دەورو بەرو ئەو شتانەی هیچیان لەبارەوە نازانێت، زانیاریان لەسەر بەدەست بێنێت، بۆیە ئەو کۆمەڵێک پرسیاری وجودی دەکات ،لەبارەی میتافیزیکا، ئایین، گەردوون، مرۆڤ، ئێمە کێن؟ بۆچی لێرەین؟ پەیاممان لەبوون.. تاد..ئەو پرسیارانەی کراون بە بڤەو هێڵی سوور و دەڤەری قەدەغەکراو تابۆو و تاوان. سوعاد و مرۆڤەکان بۆیان نییەو نابێ پرسیار لەبارەیانەوە بکەن، چونکە تووشی گومڕایی و هەرتەقەو بێ باوەڕی و لادان و سەر لێ شێوان دەبن. لەکاتێکدا مرۆڤ بە پرسیارکردن و گومان بردن ئیشکالییەتەکانی بوونی بۆ ڕوون دەبێتەوەو پەنهان و شتە شاراوەکان ئاشکرا دەبن و نەزانراوەکان دەزاندرێن و مرۆڤ مەعریفەیان لەبارەوە بەدەست دێنن و دەبنە یارمەتی دەری مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ڕاستی چیرۆکەکان و حەقیقەتی شتەکان و دەست گەیشتن بە بنج و بنەوانی دیاردەو ئەفسانەکان و و دەستپێکی حەکایەت و حەقیقەتی شتەکان…..
ماویەتی