کتێبی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و مێژووی سەرهەڵدانی کۆمۆنیزم لە ڕوسیا لە چاپ دەرهات….     

0

کتێبی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و مێژووی سەرهەڵدانی کۆمۆنیزم لە ڕوسیا لە چاپ دەرهات….

کتێبکی مێژووییە لە نووسین و ئامادەکردنی مستەفا باهیر، کە تێیدا بە وردی باس لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە ڕوسیا دەکات، کە چۆن شکڵی گرت و لە دەورانە جیاوازەکاندا چ گرایش و بڕیار و سیاسەتی گرتەبەر و لەگەڵ چ جۆرە مامەڵە و بەرخودی هێزە بۆرژوازییەکان و دەسەڵات بەرەو ڕوو بوویەوە. شۆڕشی ئۆکتۆبەر ١٩١٧ وەک سەرەکیترین کۆڵەکەی ئەو مێژووە لەو کتێبەکەدا باسی لێوە کراوە و بە وردەکارییەکی زۆرەوە ئەو مێژووە باس کراوە، لە هەڵبژاردە و بڕیاری سیاسییەوە تا ڕووداوەکانی ڕۆژانەی پەیوەست بەو شۆڕشە. هەروەها زۆر لایەنی تری پەیوەست بەو مێژووە، کە کەمتر بیستراون، بەڵام لەم کتێبەدا بە فراوانی باسیان لێوەکراوە، وەک دەورانی پاش شۆڕش.

ئەوانەی ئارەزووی خوێندنەوەی بابەتی مێژوویی دەکەن و بە دیاریکراوی تێگەشتنی زیاتر لەو مێژووە دەخوازن، دەکرێت ئەم کتێبە جێگەی سەرنجیان بێت. بۆ ئەوانەش، کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و خەباتی کۆمۆنیستی بە بایەخە لایان، دەکرێت ئەم کتێبە بخەنە لیستی ئەو بابەتانەی بۆ خوێندنەوە ڕیزیان گرتووە. هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست و ئەوانەی باوەڕیان بە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی کۆمەڵگە هەیە، لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە کۆمەڵێک زانیاری و ئەزموونی سەرکەوتووی بە کەڵک دەخوێننەوە ڕۆشنایی زیاتر دەخاتە بەردەم ئەم خەباتە.

ڕەنگە بۆ زۆر کەس و تەنانەت هەڵسوڕاوانی چەپ و کرێکاریش چەندین پرسیاری جۆراوجۆر سەبارەت بە خەباتی چینایەتی بوونی هەبێت، وەک: شۆڕش چ بایەخ و جێگەوڕێگەیەکی هەیە؟ خەباتی کرێکاران دەکرێت بەرهەمی هەبێت؟ شێوەی ڕێکخستن چۆنە و چ مانایەکی هەیە؟ کێ دەتوانێت دەورو نەخشی هەبێت لە دەستبردن بۆ ئاڵوگۆڕ لە خوارەوە بۆ سەرەوە؟ ڕابەرانی کۆمۆنیست چ ڕۆڵێکیان هەیە؟ دەستکەوتەکانی خەبات و شۆڕش چۆن پاریزگاریان لێ دەکرێت؟ و کۆمەڵێک پرسیاری تر. مەرج نییە ڕێک بە شێوەی وەڵام بە پرسیارێک وەڵامی تێدابێت، بەڵام بێ شک بەرچاو ڕوونی زیاتر دەدات و دیدگای نوێ دەدات بە دەستەوە بۆ تاوتێکردنی ئەم پرسیارانە.

سەرئەنجام لە هەموو گرنگتر واقعیەتێک پڕ بایەخ لە ڕێگەی ئەم مێژووەوە وەردەگرین، کە کرێکارانی هۆشیار و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست، بە کاری دەستەجەمعی و خەتی ڕۆشن و بڕیاردانی سیاسی دروست و دەست بردن بۆ دەسەڵات، دەتوانن بە سەرکەوتن بگەن. چۆنێتی و وردەکاری زیاتری سەرنجڕاکێش لە کتێبەکەدا بەدی دەکرێت. کەڵک وەرگرتن لەم مێژووە لە زۆر ڕووی ترەوە کۆمەکبەخشە بە خەباتی چینایەتی.

لایەنێکی تری بەهێزی ئەم کتێبە ئەوەیە، کە بە سوود وەرگرتن لە چەندین سەرچاوەی جیاواز مێژووەکە وەک خۆی نووسراوەتەوە، نەک هەڵبژاردەی ئەو بەشانەی لە بەرژەوەندی ئایدۆلۆجیا یان خەت و حزبێکی دیاریکراو بێت. ئاماژە بە هەموو ئەو لایەنانەش کراوە، کە ڕەنگە بە پێوەری جیهانبینی باوی ئەمڕۆ وەک کرداری دروست و مرۆیی تەماشا نەکرێت. بۆیە خوێنەر زانیاری دروستی تۆمارکراو وەردەگرێت، نەک بیرو بۆچوون و تێڕوانین.

بە هیوای کتێبخانەی زمانی کوردی لەم جۆرە بەرهەمانە دەوڵەمەندتر بێت و بگاتە دەستی هەڵسوڕاوانی کرێکاریی و کۆمۆنیستی. هەروەها گفتوگۆ و کاری پێکەوەیی بەدوای خۆیاندا بهێنێت لەپێناو گەیشتن بە جیهانێکی باشتر.

نووسینی: بنار مستەفا

Leave A Reply

Your email address will not be published.