نامەیەک لە لینینەوە بۆ گۆرکی… نامەیەکی نهێنی

0

ئەمەی خوارەوە نامەیەکی لینینە بۆ گۆرکی  نزیکەی دوو ساڵ پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ نووسراوە کاتێک گۆرکی لەژێر کاریگەری رووناکبیرە بۆرژواییەکان دا بووە و لەپشتگیری لە رووناکبیرەکان گلەیی وگازەندەی هەبووە لە سوپای سوور و بەلشەفیەکان و هەڵویستیان بەرامبەر بە رووناکبیرانی بۆرژوایی.

نامەیەک لە لینینەوە بۆ گۆرکی

نامەیەکی نهێنی

١٥ی سپتمبەری ١٩١٩

ئازیزم:  ئەلێکسی مەکسیمۆڤیچ گۆرکی

”تانکۆڤ”م بینی و تەنانەت پێش سەردانەکەی ئەو و نامەکەی تۆ، بڕیارماندا لەناو کۆمیتەی ناوەندیدا ”کامینیف و بوخارین” دابنێین بۆ پێداچوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی دەستگیرکردنی رۆشنبیرە بۆرژوا و نیمچە دیمۆکراتە دەستووریەکان (کادێت) و ئازادکردنی هەموو کەسێک کە بکرێ و ئیمکانی ئازادبوونی هەبێ. چونکە ئاشکرایە و لەڕاستیدا لێرە هەڵە ڕویداوە.

هەروەها ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە کە دەستگیرکردنی کادێتەکان و نیمچە کادێتەکان ڕیکارێکی ڕاست وپێویست بوو. کاتێ بۆچوونی ڕاشکاوت سەبارەت بەم بابەتە دەخوێنمەوە دەستەواژەیەکتم بیردەکەوێتەوە کە لەکاتی گفتووگۆکانماندا بەکارت دەهێنا لە لەندەن و ”کاپری” (دوورگەیەکە لە ئیتالیا) و شوێنی تر کە کاریگەریەکی قووڵی لەسەر داناوم  ئەویش:

”ئێمەی هونەرمەندان کەسانێکی نابەرپرسین”.

هەروایە!

چی وات لێدەکات ئەم وشە تووڕە نەگونجاوانە بڵێیت؟

  كێشەکە، کە دەیان وسەدان لەم ”کادێت” و نیمچە کادێتانە کەلە زینداندا دەبن بۆ چەند رۆژێک بۆ ڕێگریکردن لە پلانگێڕی هاوشێوەی ئەوەی خۆبەدەستەوەدانی قەڵای ”کراسنایا گۆرکا”. پلانگێریەک کە هەڕەشە لە ژیانی هەزاران کرێکار وجوتیار دەکات.

تۆ بیر لەچی تراژیدیایەک دەکەیتەوە؟ کام ناعەدالەتی وکام نادادپەروەری؟ رۆشنبیرانێک لە زینداندا بۆ ماوەی چەند رۆژێک یا تەنانەت چەند هەفتەیەک ئەویش تەنها بۆ ڕێگرتن لە کوشتاری دەیان هەزار لە کریکاران و جوتیاران؟!

”هونەرمەندان کەسانێکی نابەرپرسن”.

لەم دواییانەدا نامیلکەی ”جەنگ و نیشتمان و مرۆڤ” ی ”کۆرۆلینکۆ”م خوێندەوە کە لەساڵی ١٩١٧دا نووسیویەتی کە خۆت دەزانی باشترین نموونەی” نیمچە کادێت”ە وزۆر نزیک بە مەنشەفیکەکانە. بەلام چی داکۆکیەکی پووچ و قێزەون وچەپەڵ و داڕزیو دەکات لە جەنگی ئیمپریالیستی ڕازاوە بە دەستەواژەی شیرین!  وردەبۆرژوازی نەگریس ئەسیر و دیلی دەمارگیری و پێشداوەریەکانی بۆرژوازیە. بۆ ئەم بەڕێزانە، کوشتنی ١٠،٠٠٠،٠٠٠ مرۆڤ لە شەری ئیمپریالیستی دا شایەنی پشتیوانیە (بەکردار و لەکاتێکدا ڕازاوە بەدەستەواژەی شیرین دژ بەجەنگ بوونەتەوە). بەلام مەرگی سەدان هەزار لە شەری ناوخۆیی خاوەن موڵک و سەرمایەدارەکان تەنها ئاە وناڵە و ترس وهستیریا دەوروژێنێ.

نەخێر، زیندانیکردنی ئەو ”مرۆڤە بەهرەمەندانە” بۆ کورت ماوەیەک گوناح و تاوان نییە ئەگەر ئەوە وا پێویستکات بۆ ڕێگریکردن لە پلانگیری (وەک ئەوەی ”کراسنایا گۆرکە”) و مەرگی دەیان هەزار (کەس). ئێمە پلانگێریەکانی ”کادێتیەکان” و ”نیمچە کادێتیەکان”مان ئاشکراکردوە و دەزانین کە پرۆفیسۆرەکانی نیمچە کادێتەکان بە دڵ وبەگیان  یارمەتی پلانگێڕەکان دەدەن، ئەوە ڕاستییە.

هێزی ڕووناکبیری (توانای فیکری وزیهنی) کریکاران و جوتیاران لەگەشەکردن دایە و بەهێزتردەبێت لە شەڕیاندا بۆ ڕووخاندنی بۆرژوازی وهاوکارانیان و چینە خوێندەوارەکان و ئەو بەکرێگیراوانەی سەرمایە کە خۆیان بە مێشک و دەماغی گەل ومیللەت دەزانن. لەڕاستیدا مێشک ودەماغەکەی نییە، بەڵکو پاشەرۆکەکەیەتی.

ئێمە مووچەی سەرو و مام ناوەند دەدەین بەو ”هێزە ڕووناکبیرانە” کە خەڵک فێری خوێندن وخوێندەواری دەکەن (لەجیاتی ماستاوکردن بۆ سەرمایە). ئەمە ڕاستییە. ئێمەش ئاگامان لێیان دەبێت. ئەمە ڕاستییە. دەیان هەزار ئەفسەر خزمەتدەکەن لە سوپای سووردا و سەردەکەون سەرەرای سەدان خیانەتکار. ئەمە ڕاستییە.

سەبارەت بە چوارچێوەی فیکری و زیهنیت، من دەزانم چۆن لێی تێبگەم (جارێکیان لێت پرسیم کە ئایا لێت تێئەگەم) . چەند جارێک لە ”کاپری” و شوێنی تر پێم گووتی: تۆ ڕێگەت بەخۆت داوە بە خراپترین رووناکبیرە بۆرژواییەکان دەورە بدرێی و خۆت داوەتەدەست گلەیی وگازەندەکانیان. تۆ گوێ دەگری لە گریەو زاری سەدان رووناکبیر لە زیندانیکردنی ترسناکیان بۆ چەند هەفتەیەک، بەلام دەنگی ملیۆنەها کرێکار وجوتیار نابیستی و گوێی لێناگری کە هەڕەشەیان لێدەکرێ لەلایەن ”دێنکین کۆڵچاک و لیانۆزۆڤ و رۆدژیانکۆ و کراسنیا گۆرکا و هەندێ پلانگێری کادێتی تر. من بەتەواوی تێدەگەم کەئاوا دەتوانی کۆتایی بە نامەکەت بهێنی بە وتەیەک کە ”سوورەکان بەهەمان ئەندازەی سپیەکان دوژمنی خەڵکن”

  (جەنگاوەرەکان بۆ سەرەوژێرکردنی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان بەهەمان ئەندازە دوژمنی خەڵکن وەک سەرمایەدارەکان و خاوەن موڵکەکان). یا لەکۆتاییدا بگەمە باوەڕهێنان بەجۆرێک لە ثیۆلۆژی (لاهوت و بابەتی پەیوەند بە خودا) یاخود  باوەرهێنان بە (قەیسەری باوکمان). بەتەواوی لەوە تێدەگەم.  لەڕاستیدا و بەراستی تۆ دەمریت *ئەگەر  خۆت لەم بارورەوشە دانەبڕی لە ڕووناکبیرانی بۆرژوازی. لەوپەڕی دڵمەوە ئومێدەوارم کە بەزووترین کات جیابیتەوە لێیان دوورکەویتەوە. لەگەڵ جوانترین سڵاودا. لینین.

*بەڵام تۆ نانوسی تا خۆت بفەوتێنی بۆ گریە وناڵەی ڕووناکبیرە داڕزیو وگەنیوەکان، ئایا ئەوە مەرگی هونەرمەند نییە؟ ئایا ئەوە شەرم و ڕیسوایی نییە؟

وەرگێر لە ئینگلیزیەوە سالار حمەسەعید ٢٦دیسمبەری ٢٠٢١

*سەرچاوە: هەلبژاردەکانی لینین، دەزگای بلاوکردنەوەی پێشکەوتن (پرۆگرێس) مۆسکۆ ١٩٧٥ بەرگی ٤٤ لاپەرە ٢٨٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.