نە کۆچکردن چارەیە بۆخەڵکی کوردوستان و نە دەبێ کۆچیشی پێبکرێت! نووسینی: حەسەن ڕازانی
نە کۆچکردن چارەیە بۆخەڵکی کوردوستان و نە دەبێ کۆچیشی پێبکرێت!
نووسینی: حەسەن ڕازانی
بە بڕوای من، نابێت ئامانجی خەڵک خۆ ڕزگارکردن بێت لەو دەسەڵاتە کوردییە خۆییە بە ڕێگەی وڵات بەجێهێشتن بۆی، بەڵکو دەبێت بە ڕێگەی وەلانانی ئەو دەسەڵاتە بێت لەسەر خەڵک خۆی. بۆیە کۆچکردن لە دەست ئەو دەسەڵاتە و بەجێهێشتنی وڵات وچۆڵکردنی مەیدان بە تەواوی بۆ ئەو دەسەڵاتە، بە بڕوای من، ڕێگەچارەیەکی درووست نییە. چارەسەرێکی نێگەتیڤانەیە و بەرەنگاربوونەوەیەکی ئەو دەسەڵاتەیە، بەڵام بە شێوەیەکی لاوازانەو بێدەسەڵاتانە. هەروەک لەناو کوردا باوە کە دەگوترێت:”ئەگەر بە دوژمنت نەوێرای ڕاکردنیش لەبەری هەر ئازایەتییە”. بۆیە لەوبارەوە ناتوانم هاوڕا نەبم لەگەڵ هاوڕێم عەبدوڵا مەحمود کە پێی وایە: “ئەو شەپۆلی رۆشتن و جێهێشتنە بەکۆمەڵەی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا بەرەنگارییەکی سلبییە و “نا” یەکی نیگەتیفە بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەڵام هاوکات تەعبیرە لە نەویستی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتەکەیان و دەچێتە خانەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییەوە کە لەسەراسەری کوردستاندا قوڵپ دەدات”..(ع.م) وێڵبوون بە دوای ژیاندا.١٨ی تەشرینی دووەمی٢٠٢١ ماڵپەڕی بۆپێشەوە.
بەڵام دیسان، بە بڕوای من، ئەگەر خەڵک مەبەستییەتی ڕزگاری ببێت لەو نەهامەتییەی کە بۆچەندین دەیە دەچێت بەرۆکی گرتووەو لەگەڵیا دەژیت، با پێی وانەبێت کە بەڕاکردن لەدەست ئەو دەسەڵاتەو خۆ هاویشتنە ئەودیو سنوورەکانەوە ئیتر دنیا بۆی دەبێتە شامی شەریف. کاتێک کە زۆرایەتییەکی ڕەهای خەڵکی ناڕازی، وەک ئێستای کوردوستان، بەدەست دەسەڵاتێکی ستەمکاری وەکو ئەو دەسەڵاتە کوردییە خۆییەوە گرفتار دەبێت و گیردەخوا، ڕێگاچارەی درووست ڕاکردن لەبەری و کۆچکردن نییە !.
کۆچڕەوی بەکۆمەڵی زۆرایەتی ڕەهای ناڕازی بەدەسەڵات نابێتە ڕێگەچارەی درووست و درێژمەودا بۆ ئەو زۆرایەتییە. بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە وڵات بەجێهێشتن و کۆچکردن و ڕاکردن لەدەست دەسەڵاتی سەرکوتگەرو ستەمکار، زۆرینەی جاران، سوودی لێوەرگیراوە هەم لە کورت مەوداداو هەمیش لەدرێژ مەودادا بەڵام وەک تاک و وەک لایەن و گرووپێکی دیاریکراو. بۆنموونە: لایەنێکی بچووک و کەم هێزی سیاسی ناڕازی کە دەسەڵات تەنگی پێهەڵچنیبێت، تاکێکی سیاسی ناڕازی بەدەسەڵات کە هەڕەشەی تێداچوونی لەسەر بێت، چالاکوانێک، ڕۆژنامووسێک، نووسەرێک..،.. هتد. بۆ ئەمانەی کە ناویان هێنرا بەڵێ دەتوانرێت وڵات بەجێهێشتن وەک ڕێگەچارە سوودی لێوەربگیرێت.
بەڵام کاتێک زۆرایەتی خەڵک ئەو دەسەڵاتەی نەوێت و ئەو کەمایەتییەی کە لەگەڵ دەسەڵاتیشدایە، دەسەڵات بە تەواوی لە هەمووی دڵنیا نەبێت کە هەتا سەر لەگەڵیدا دەبێت، بەڵکو وەکو کوردەکە دەڵێت: لەوانەیە تا ژێر پەتەکە لەگەڵ دەسەڵات دا بێت، لە بارودۆخێکی ئاهواداو بۆ زۆرایەتییەکی ئاهوا ڕەهای خەڵکی ناڕازی لە کوردوستاندا کە وڵات بەجێبهێڵێت و کۆچڕەو هەڵبژێرێت وەک ڕێگەچارە، بە بڕوای من، ڕێگەچارەیەکی درووستی هەڵنەبژاردووە.
زۆرایەتی ڕەهای خەڵکی ناڕازی بە دەسەڵات شاهیدە، هەروەها بەرپرسانی دەسەڵات خۆشیان دان بەوەدا دەنێن و دەنگدانی ئەم دواییانەش زیاتر ئەو بۆچوونەی ئێمە پشتڕاست دەکاتەوە کە تەنانەت ئەو کەمایەتییەی کە لەگەڵ دەسەڵاتیشدایە هێشتا هەمووی بە دڵسۆزی لەگەڵیدا نییە. بۆیە ئەگەر خەڵک وڵات بەجێنەهێڵێت و لە جیاتی ڕاکردن خۆی لە ناوحیزبی خۆیدا ڕێکبخات و خۆی یەکگرتوو بکات، ئیتردەسەڵات لە بەردەم خۆڕاگری و یەکگرتوویی خەڵکدا بێهێزو بێ نموود دەمێنێتەوە. هەر ئەوەشە، بە بڕوای من، کە دەبێ وەک ڕێگەچارەی درووست حیسابی لەسەربکرێت.
بە بڕوای من، هۆی سەرەکی بێهێزی و بێئیرادەیی و بێ سەرەوبەرەیی خەڵک لەوەوە سەرچاوەی نەگرتووە کە دەسەڵات هێندە بەهێزو بە ئیمکانییاتە کە ڕووبەرووبوونەوەو دژایەتیکردنی وەکو بە گژ قوللەی قافدا چوون بێت. بەڵکو لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە خەڵک ڕێکخراو نییە و خۆی رێکنەخستوە لە حیزبی ڕاستەقینەی خۆیدا. ئەوەی هەبووە تا ئێستا ئەو حیزبە موعارەزە هەلپەرستانە بوون کە خەڵکیان بەکارهێناوە بۆ مەرام و بەرژوەندییەکانی خۆیان. بۆیە ئەگەر خەڵک بیەوێت بکەوێتە ژیانێکی باشترەوەو ڕزگاری ببێت لەو دەسەڵاتە، ڕێگەچارەی درووست ڕاکردن نییە لەبەری، بەڵکو بەرەنگاربوونەوەیەتی بەشێوەی ڕێکخراوو یەکگرتوو.
دەبێ لای خەڵک ڕوون و ئاشکرا بێت کە تاوانباری سەرەکی و هۆی سەرەکی کە خەڵکی کوردوستان وڵات بەجێدەهێڵێت و کۆچڕەو دەکات بەرەو هەندەران، ئەو دەسەڵاتەی کوردوستانە. بەڵێ درووستە کە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاوا و ئیقلییمیش بوونەتە هۆی سەرچاوەو هۆی شەڕو ئاشوب و پشێوی لە ناوچەکەدا. بۆیە بارودۆخی جەنگ و وڵاتی پڕ لە کێشەی سیاسی حەتمەن کاریگەری خراپ دادەنێت لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک. حەتمەن دەبێتە هۆی ناجێگیری سیاسی و ئەوەش دڵەڕاوکێ و حاڵەتی دەروونی خراپ درووست دەکات لەلای خەڵک. ئەمەش بۆخۆی فاکتەرێکی ترە کە وا لە خەڵک دەکات وڵاتی پڕ لە کێشەی سیاسی و جەنگاوی بەجێبهێڵێت و بەرەو وڵاتانی جێگیرو بێ کێشەی سیاسی و جەنگ مل بنێت. بەڵام سەرباری هەبوونی فاکتەرو هۆی دەرەکی کە دەبنە هۆی ناچارکردنی خەڵکی کوردوستان کە وڵات بەجێبهێڵن، بە بڕوای من، هێشتاش هەر دەبێ سەری ڕمی تاوانبارکردن هەر ڕووی پێ لەدەسەڵات بکەین. چونکە گومانی تێدا نییە کە دەسەڵات تاوانباری یەکەم و سەرەکییە بۆیە هەر دەسەڵاتیش دەتوانێت خۆی بکاتە چارەسەری یەکەم و سەرەکی لە کۆتایی پێهێنانی ئەوبارودۆخە دژوارە.
کوردوستان ئێستا، بە بڕوای من، لە بارودۆخێکی ئاهوای جەنگ و شەڕوپێکدادانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و نێوخۆیی وادا نییە تا خەتای کۆچکردنی خەڵک بخەینە ئەستۆی بارودۆخەکە. بەڵکو هۆی سەرەکی ئێستای کۆچکردنی خەڵکی کوردوستان بە پلەی یەکەم هەر دەسەڵاتەکەی کوردوستانە. هیچ هۆیەک نییە کە دەستی دەسەڵاتی کوردوستان بگرێت لە دابینکردنی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری بۆ خەڵک. تەنانەت زوربەی بەرپرسە گەورەکانی ئەو دەسەڵاتەش دان بەو ڕاستییەدا دەنێن، بەڵام دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و بەکرداری لەوبارەوە نەناوە. هەندێک لەبەرپرسە باڵاکانی دەسەڵاتیش پێیان وایە کە دەسەڵاتی هەرێم توانای ئەوەی هەیە کە کۆتایی بەو نەهامەتییەی خەڵکی کوردوستان بهێنێت و بەڵام ئەوکارە ناکات!!.
بابەتی کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردوستان ئێستا بۆتە بابەتێکی گەورە. بۆیە هەر لەو بارەوە هەندێک لایەن و دەستەو گرووپ و تەنانەت لە نێویاندا حیزبی سیاسیش هەیە کە دنەو هانی خەڵکی کوردوستان دەدەن کە کۆچڕەوی بەکۆمەڵ و ملیۆنی ئەنجام بدەن. ئەوانە پێیان وایە ئەگەر خەڵک کۆچڕەوی بەکۆمەڵی ئەنجام دا، دەبێتە فشارێک بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەن و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و لایەنگرانی مافی مڕۆڤ کە بێنە سەرخەت و وەخۆ کەون. لایەنگرانی ئەو بۆچوونە پێیان وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە سەرخەت و حەتمەن بە قازانج دەشکێتەوە بۆ خەڵکی ڕاکردوو. ئەمانە پێیان وایە یا ئەوەتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەڵکی ڕاکردوو وەردەگرن و دابەشیان دەکەن بەسەر وڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاوادا. وە ئەگەر ئەمەیان بۆ مەیسەر نەبوو، ئەوە بۆی هەیە فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی کوردوستان، بەڵکو ژیان و گوزەرانی خەڵک باشتر بکەن و ئەو هۆیانە لابەرن یا هیچ نەبێت کەم بکەنەوە کە بوونەتە هۆی ڕاکردنی خەڵک.
بە بڕوای من، بۆچوونێک کە پێی باشە خەڵک بە کۆمەڵ کۆچڕەو بکات هەم وەک ڕێگەچارەی باشترکردنی ژیانی خەڵک و هەمیش وەک تۆڵەو فشار بۆسەر دەسەڵات هیچ نییە بێجگە لە کردارێک کە، من پێم وایە، لە تاقیکردنەوەی بابەتێکی فیزیایی دەچێت کە ئاخۆ ڕاست دەردەچێت یان نا؟. ئەمەش هەمووی لەسەر حیسابی ژیان و گوزەران و نەهامەتیەکانی خەڵک تەواو دەبێت. ئەم بۆچونە پێی دەگوترێت کۆچپێکردن. بزووتنەوەی کوردایەتی تەجروبەی باشی هەیە لە کۆچپێکردنی خەڵکدا، چونکە وەبەرهێنانی سیاسی باشی تێدا کردووە بۆ بەرژەوەندی خۆیان. پرسیارەکە لەو بارەوە ئەوەیە: ئایا هەڵگرانی ئەم بۆچوونەی ئێستای کۆچپێکردنی خەڵکی کوردوستان هەمان مەبەستی بزووتنەوەی کوردایەتییان هەیە تاکو وەبەرهێنانی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بکەن؟؟ ئەگەر دەرکەوت کە بەڵێیە و بۆ ئەو مەبەستە بووە، ئیتر دەبێ وەڵامیان بۆ خەڵکی کوردوستان چی بێت کە دەرکەوت و ئاشکرا بووکە: بابە ئەوەتە ئەوانەش وەک بزووتنەوەی کوردایەتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان کۆچڕەویان بەخەڵک ئەنجامدا.؟
بە بڕوای من هەڵگرانی بیرۆکەی کۆچپێکردنی بەکۆمەڵی خەڵک زۆر کورتبینانە و ناسیاسییانە مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی گەورەو گرنگی وەک کۆچی خەڵک دەکەن. بە بڕوای من ئەوەی کە ماهییەتی ئەو دەسەڵاتەی کوردوستان شارەزابێت، ناچێت پێشنیاری کۆچڕەوی بەکۆمەڵ بۆ خەڵک بکات.
کۆچڕەوی بەکۆمەڵ، لەسەردەمی ئێستادا، نەپێی دەکرێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرژەوەندی خەڵکدا بهێنێتە سەرخەت و نە دەبێتە هۆی فشاریش بۆسەر دەسەڵاتی کوردی. چونکە یەکەم: ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوەو زەمان زەمانی سی یان بیست ساڵ لێرەوە پێش نییەو کۆچڕەوی بەکۆمەڵی خەڵک بۆتە شتێکی ئاسایی بە نیسبەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆیان لەوبارەوەو بێ خەتا نین. دەسەڵاتی کوردوستانیش بە کۆچڕەوی بە کۆمەڵی خەڵکی نە ویژدانی دەبزوێت و نە دەشڕوخێت و نە ناوەڕۆکی سیستەمەکەشی لە بەرژەوەندی خەڵک ئاڵوگۆڕ پێدا دێت. دەگونجێت لە ڕووی بەڵێنەوە بگۆڕێت و زۆرتر بەڵێن بدات بەڵام بە کردار هەر وەک خۆی دەمێنێت. دەسەڵات بە بەرەنگاری و وەستانەوەی بە کۆمەڵی خەڵک و ناڕەزایەتی بە کۆمەڵ و یەکگرتوویی خەڵک لە دژی کاری تێدەکرێت، نەک بەمەیدان چۆڵکردن و وەڵات بەجێهێشتن بۆی.
لە جیاتی کۆچپێکردنی خەڵک، دەبێ پێشنیار بکرێت کە خەڵک لەنێو حیزبی خۆیدا خۆی ڕێکبخات. دەبێ پێشنیاربکرێت کە خەڵک لە باتی وڵات بەجێهێشتن بۆ ئەو دەسەڵاتە گرگنە بەرەنگاری و وەستانەوە بە دژی هەڵبژێرێت. وە دەبێ لەو نێوەدا خاوەنی پێشنیار خودی خۆی بەکرداری تا ئەو شوێنەی کە بۆی دەگونجێت لەناو ئەو ئەو پێشنیارەدا بیت. دەبێ پلان و ڕێگای گێڕانەوەی ئیرادە بۆ خەڵک بگیرێتە بەر، نەک پلان و ڕێگای هێندەی دیکە ڕووخاندنی ورەو ئیرادەی خەڵک. کۆچپێکردنی خەڵک بریتییە لە ڕوخاندنی هێندەی دیکە لە ورەی خەڵک، لە ئیرادەی خەڵک، لە بری بەرەنگاری، لە بری وەستانەوە بە دژی زوڵم و ستەم. بە بڕوای من خاوەنانی ئەو بۆچوونەی کۆچپێکردن ناڕاستەوخۆ خزمەت بە دەسەڵات و مانەوەی دەسەڵات دەکا.
ڕێگاچارە زۆرن بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک خۆشبکرێت و ڕزگاریان ببێت لەدەست دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرو ستەمکەری وەک دەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردوستان. نابێت یەکسەر بازدەین و بچین بەرەو ڕێگاچارەی کۆچپێکردنی خەڵک. پێش ئەو ڕێگاچارەیە دەیان ڕێگا چارەی تری گونجاوترو سەلامەت تربۆ خەڵک هەن. ڕێگاچارەی کۆچپێکردن نەک هەر نابێ لە ئاخر پلەشدا پەنای بۆ بەرین، بەڵکو هەرگیزاو هەرگیز نابێ وەک ڕێگەچارە بیریشی لێبکەینەوە. ئەم ڕێگەچارەیە هی بزووتنەوەی کوردایەتییە کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی بۆ مەبەست نییە، بەڵکو بەرژەوەندی خۆیان بە پلەی یەکەم دێت.
لە هەر چوار لای دنیادا زۆر کەم شوێن و وڵات هەیە خەڵک ڕانەکات لەدەست سیستەمی سیاسی حوکمڕانی وڵاتەکانیان. لە هەندێک شوێنیش بە ملیۆنان لە خەڵکی وڵات بەجێدەهێڵن. بۆ نموونە لە ئەفغانستانی ئێستا، بەڵام تاڵیبان مێش میوانی نییەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێچارە و دەستەوستانە. کورتەی مەبەستم ئەوەیە کە نابێت هەمان تاکتیک و پلانی بزووتنەوەی کوردایەتی بۆ مەرامی سیاسی لەسەر شانی خەڵکی کوردوستان جێبەجێ بکرێت. وە نابێت خەڵک بکرێتە وەسیلەی جێبەجێکردنی ئەو جۆرە پلان و تاکتیکانە. لە بیرتان بێت وتە مێژووییەکەی مام جەلال!! کە بە پێنوسی نەوشیروان موستەفا تۆمارکراوە لە بیرەوەرییەکانیدا کە وتویەتی: “ئاخ بۆ هەڵەبجەیەکی تر”!!! ئەمەیە وەبەرهێنان و بەکارهێنانی خەڵکو قوربانییەکانی خەڵک بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکان… بۆچوونی کۆچپێکردنی بەکۆمەڵ لە ئێستادا، بە بڕوای من، کاریگەرییە خراپەکەی لەسەر خەڵک لە نەتیجەدا هیچی کەمتر نییە و نابێت. دەبێ لەو جۆرە کارانەو وەبەرهێنانە سیاسییانە خۆ بە دووربگیرێت ئەگەر دەتانەوێت هاوتەریب نەبن لەگەڵ ویست و ئارەزووەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا!!