شەو نییە، شانم بەر شانی مردن نەکەوێ نووسینی: جمال نوری
شەو نییە، شانم بەر شانی مردن نەکەوێ
نووسینی: جمال نوری
دووەم دیوانە شیعری حەکییم میرزا، لەژێر چاپدایە، بەم نزیکانە دەکەوێتە بازاڕاوە، حەکییم میرزا، بەدەرچواندنی ئەم دیوانە شیعرەی دەبێتە خاوەنی دوو دیوانە شیعر، کە کتێبخانەی کوردی پێ دەوڵەمەند دەکات.
حەکییم یەکێکە لەو شاعیرانەی خاوەن دەنگێکی تاییەتی خۆیەتی، غوربەت کاریگەری لەسەر ڕۆحی بەجێ هێشتووەو تەنهایی و غوربەت ڕەنگی داوەتەوە لەزمانی شیعری دا. میرزا لەڕێگای موفرەداتی وشەوە موخاتەبەی خود ئاگایی پێ دەکات، ئەو دەستەواژانەی کە پانتاییەکی فراوانی داگیرکردوە لە دەقە شیعریەکانیدا، وەک مردن، تەنیایی، ژیان، ئەشق، تاریکی، خود ..هتد، ئەو ڕاستییە بەڵگەنەویستەمان بۆ دووپات دەبێتەوە کە شاعیر زیاتر ڕۆچۆتە ناو ئەو چەمکانەوە، کەلە دەلالەتی واتادا مەدلولێکی تر ئەدات بە خوێنەر… واتە شیعر لەشوێنگەیەكی بەتاڵی بەشەرییەتدا وجودی نییە، ئێمە بۆ ئەوە شیعر دەنووسینەوە، خەڵكانی دی بیخوێننەوەو چێژی لێوەرگرن و لەجیهانێكی جەنجاڵدا دەگوزەرێین، پڕاوپڕە لە وەهم و ناعەدالەتی.
ئەم دنیا پڕ جەنجاڵە، مانایەکی نەهێشتۆتەوە بۆ ژیان، بەڵکو قۆڕغی ژیانی کردوە و تەحەکوم بە تاکەکانی نا، ژیان دەکات، میرزا لەڕێگای ئەم دیوانە تازەیەوە مەبەسێتی لەو جۆرە ژیانە بێتەدەرێ و خۆی گرێ نەداتەوە بەو بێسەرو بەرەییەی ژیان. بەجۆرێکی تر حەکیم میرزا دەیەوێ لەڕێگای ئەزمونکردنی ژیانەوە لەدەرگای مردن بدات و لەماڵی ئارامی و بێدەنگیدا ڕامێنێ. وەک دەزانرێ خەسڵەتی بنچینەیی شیعر (زمانە) بەبێ بوونی زمان داهێنان سەرهەڵنادا، وەلەهەمان کاتدا (زمان) یش بهبێ باری ژیانی کۆمهڵایهتی و مهبهستی دهربڕین وگهیاندن و داڕشتنهوهو دروستکردنهوه، لەتوانایدا نەدەبوو بەم چەشنەی ئێستاکە لێی تێگەیشتوین بوونی هەبوایە. واتە کاتێک زمان بۆ شاعیر چەند زەرورە لەهەمان کاتدا بۆ بەکارهێنانی ئەو زمانە پاراوەش پێویستە شاعیر پەنا بەرێتە بەر بەکارهێنانی (وشە گەلێکی) ناوازە، تاوەکو فۆرمی گشتی شیعرەکەی بڕازێنێتەوەو گیانێکی ئێستاتیکی بکاتە بەر واتە وشە سوێسكەیە، لە فەرهەنگدا مۆمیا كراوە، لە (شیعردا) لە شەققەی باڵ دەدات. ئالێرەدا پێویستە ڕەخنەگر، وەک کەسێکی خوێنەر دیدو سەرنج و ڕەخنەکانی لەئاست نوسینی سەنگی دەقە شیعرەکەدابێ.
لەم دیوانە شیعرەی برای شاعیر زیاتر شیعرەکانی بەهەناسەی قەسیدە نوسراون، واتە پێکهاتەیەکە لەشیعری درێژ، لێرەدا شاعیر بۆ داڕشتنی فۆرمی گشتی شیعر چەند مەدلولێک دەست نیشان ئەکا وەک :- (مردن، تەرەفی ئاو، چاوەڕوانی بەیانی، شەو نییە، خەو، هتد) تاوەکو لەڕێگای ئەم مەدلولانەی دەستنیشانی کردون دەلالەتی واتاکانی لەڕێگای کۆدو هێمای شیعرەوە وێنا بکات، لێرەوە میرزا هەناسەی شیعری لەشێوەی قەسیدەدایە ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێ کە شاعیر بۆهەریەک لەو مەدلولانە هێندە کینگڵی دەدا هەناسەی کورتی شیعر تێری ناکات، بۆیە دەبینین دێڕەشیعرەکانی درێژە پێدەدات، بەڵام سەرئەنجام هەست بەیەکێتی بابەت دەکەین لە فۆرمە گشتیەکەدا. کە دێڕەکانی بەستۆتەوە بەیەکەوە.
لەلایەکەوە ئەم چەند قەسیدەیەی حەکیم میرزا، خۆی لە شیعری درێژدا دەبینێتەوە، و ناچنەخانەی شیعری درامیەوە، لە شیعری درامادا ژمارەی دێڕە شیعرەکان درێژ نین، بەڵکو گرنگی بە تابلۆو دیمەنە یەک لەدوایەکەکان دەدات، بە پشتبەستن بەڕووداو و هەڵوێستی جیاواز و ململانێی نێوانیان بەرەو کامڵبوون دەچێ، لەڕێگای دایەلۆگەوە، بەڵام لەشیعری درێژدا گرنگی بە فراوانکردنی پانتایی خەیاڵ دەدات لەدەوری ئەو مەدلولانەی کەدیاری کردون، درێژە بەو هەناسە شیعرانەی خۆی دەدات کە هەستە باڵاکانی شاعیری لەدەوری کۆکردۆتەوە.
شیعر باڵاترین جۆری هونەرە، شیعری دراماش، (بیڵنسكی)٭ گوتەنی، باڵاترین جۆری شیعرە. سەرەكیترین سیمای شیعری درامی، یەكێتیی بابەتە، لە شیعری درامادا ناكرێت مەلی خەیاڵی شاعیر لەسەر چڵی چەندان بابەت بنیشێتەوە.
میرزا لەقەسیدەی (عەشق)دا تیشک دەخاتە سەر دوو چەمکە تەواوکەرەکە لەئاشق و مەئشوق کە دوانەیەکن لەیەک ئەتموسفیری ئەشقدا دەسوڕێنەوە ،بەڵام مەئشوق غایبە لەم دەقە شیعرەی بەناوی عەشق. غیاب لە عەشقدا یەک ئاڕاستە وەردەگرێت، ئاڕاستەیەک کەئەوەی جێماوە دیاریدەکات، نەک ئەوەی کەڕۆیشتووە: جێناوی ئاخێوەر “قسەکەر”ی (من)ی هەمیشە حزور دروست نابێت هەتا نەکەوێتە بەرامبەر جێناوی بەربێژ “قسەبۆکراو”ی (تۆ)ی هەمیشە غیابەوە. قسەکردن دەربارەی ئەم غیابە لە بنەڕەتدا واتە ئەوەی کە شوێنی عاشق و شوێنی ئەویدی ناتوانرێت ئاڵوگۆڕ بکرێت؛ واتە ئەویدی: “بەو ڕادەیەی کە من خۆشمدەوێت خۆشیناوێم”.، دوای گەڕان و پشکنینی زۆر بۆمان دەردەکەوێ کە مەشوقەکەی شاعیر غایبەو بەشوێنی دا وێڵە. بابزانین غایب بوونی مەئشوق دەتوانێت پاشهات و لێکەوتەی حزوری ئەویدی بێت: ئەوە ئەویدییە دەڕوات و منم کە بەجێدەمێنم. ئەویدی لە دورکەوتنەوەیەکی ئەبەدیدایە، ئیدی لێرەوەیە دەتوانێت هەست بەوە بکات كەبەسەر وجودا زاڵ بووە..
کەواتە بۆگەیشتن بە ڕێگاکانی ناو دنیابینی خەیاڵی شاعیر پێویستە ئەوە بزانین کە دووجۆر لەخەیاڵمان ھەیە..(خەیاڵی شعوری،) و (خەیاڵی لاشعوری..) ،نوسەری دەق لەڕێگای خەیاڵی ” لاشعوریەوە” وادەکات پێناسێكی كەسیێتی و كەلتوری بۆ خۆی دروستبكات.
لە ئەنسرۆپۆلۆژیاشدا بەھەمان شێوە! خەیاڵ تەنھا رێگایەكە كەمرۆڤ پەنای بۆدەبات بۆئەوەی بەسەر شكستە ئەنتۆلۆژییەكانیدا زاڵ بێت، لەوانە ترس لەكات و تیرۆری چارەنوس و ئەو تاریكیانەی كە بۆسەی بۆ دەنێنەوە لەژیاندا لێرەدا باس لەمردن دەکات.
دوای من تۆ ئازادی
دەتوانی ماڵەکەت بگوازیتەوەو
ئەدرەسەکەشت بگۆڕی
ئەوکاتەی من دەمرم
دەستەکانی تۆش پڕ دەبن
لەبۆنی کفن و داری عود
یەکەم شەوی ونبونم
ئاوێنەی ژووری نوستنەکە دادەگری
دەیکەیتە هەزار پارچەوە
هەرپارچەیەکیشی لەقەڕاغ گۆڕستانێک فڕێ دەدەیت
حەکیم میرزا .. لەئەنجامی ئەزمونکردنی گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی لەڕێگای قەسیدەکانیەوە پێمان بڵێ، ئەشق هەروا سانا نییە، دۆزینەوەی شوناسی مرۆڤە لەناو خود ئاگاییدا ئەودەمەی دابڕان و دوورکەوتنەوە دروست دەبێ خاڵی پێگەیشتن نەیتوانیوە هێڵەکانی ژیان ببڕێ و ببننەوە بەیەک تا لەیەکدیدا گوزارشت لەویدی بکەن. کاتێک میرزا ڕاشکاوانە دەڵێ دوای من ئاوێنەی ژووری نوستنەکەم دادەگری و دەیکەیتە هەزار پارچەوە و هەر پارچەیەکی لەسەر گۆڕستانێک فڕێ دەدەیت، واتە لەدوای مردن ئیدی ئەعقیدەی ئەشق، وەک ئاوێنەیەک بووە پێشتر ئەمێستا هەزار پارچە بووە تاوەکو بەیەک پارچەیی نەمێنێتەوە چیرۆکەکانی ئەشق هەر کەسە لەگۆڕستانێک فڕێی بداو نەنوسرێتەوە..
شەو نییە شانم بەر شانی مردن نەکەوێت، دیوانە شعری برای شاعیر حەکیم میرزایە، میرزا لەڕێگای ئەم دیوانەیەوە ئەزمون گەلی خۆی دەنوسێتەوە، ئەو دەیەوێ لەڕێگاێ زمانی شیعرەوە موخاتەبەی دیوی ناوەوەی خۆی بکات.
هەڵبەتە گەر بپرسین کەداخۆ شاعیر ناونیشانی دیوانەکەیە بۆچی لە میحوەری مردنەوە سەرچاوەی دەگرێ، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ خوێندنەوەی تەواوی دیوانە شیعریەکەی، ئەوکات دەگەینە دەرئەنجامێک، زۆربەی زۆری شاعیران بەزمانی شیعری خۆیان لەچەمکەفەلسەفیەکەی مردن داوە، هەندێکێیان لەبازنەی میسالیەتەوە لەمردنیان ڕوانیوە هەندێکی تریان لە بازنەی مادیەتەوە سەرچاوەی گرتوە، چەمکی مردنیش لای میرزا لەبوعدە مادیەکەوە سەرچاوەیان گرتوە واتە شاعیر کاتێک لەدەرگای مردن دەدات دەیەوێ موخاتەبەی بکات، موخاتەبەیەک بەمانای زیندوڕاگرتنی ئەو کاتانەیە، کەبەردەوام خۆی بەدوور بگرێ لە دۆخێکی چەق بەستوو لەدیدو ئایدیاکی دۆگمایی، بەڵکو ئەو مەبەستێتی لەگەڵ هەر ناوهێنانێکی مردندا ، ئەنتی مردن بکاتە ئەڵتەرناتیڤی ژیانی کۆمەڵایەتی و بونیادی ڕۆشنگەریی کە بەردەوام لەنوێ بوونەوەدا خۆی بنوێنێ. واتە بڕوای بە چەمکی گۆڕانکاری هەیە، هەروەک هیراقلیتس دەڵێ ئەو ئاوەی یەکەمجار لێی دەخوێتەوە دوومجار هەمان ئاو نییە؟ میرزاش بەم شێوەیە مردن بە دۆخە ئۆرگانیەکەی مرۆڤەوە دەبەستێتەوە و هیچ کاتێک لە دۆخێکدا نایبینێ.
شەو نییە شانم بەر شانی مردن نەکەوێ، دووەم دیوانە شعری حەکیم میرزایە، شاعر لە ئەزموونی شعری خۆیدا لەم دیوانەیدا ویستویەتی لەڕێگای شیعری درێژ و قەسیدەوە توانستە شعریەکانی خۆی تاقی بکاتەوە، واتە ئەم دیوانەی شاعر خۆی لە دوانزە قەسیدەی درێژ دەدات، هەڵبەتە بۆ نوسێنی قەسیدە، هەروا ساناو ساکار نییە هەر یەکێک بیەوێ قەسیدە بنوسێ، بەڵکو نوسینی قەسیدە نەفس درێژی شاعر دیاری دەکات، واتە بۆ چەمکێکی دیاری کراو شاعر بە یەک نەفەسی کورت نایەت قسە لەسەری بکات، بەڵکو هەناسەی شاعر پێویستی بە نەفسی درێژ هەیە، کاتێک دەڵێین نەفەسی درێژ واتە فراوانی لەخەیاڵی شاعیردا، چەند خەیاڵ لای شاعیر فراوانتر بێ هێندەی تر دەتوانێ بە هەماهەنگی زمان و ئەندێشە و چنینی وشەو ریتم و ئیقاع وێنا گشتییەکەی شعر بخولقێنێ کە دەرئەنجام لەخزمەت مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا خۆی ببینێتەوە.