”ڕۆڵی کۆمەڵگە لە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان” نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

0

”ڕۆڵی کۆمەڵگە لە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان”

نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دیاردەیەکی نامۆ نییە ساڵانه له ناو کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانداو بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەدا که ئایین و پیاوسالاری  دەوری سەرەکی هەیه، به دەیان دیمەنی دڵتەزێن له چەشنی کوشتنی ژنان به بیانوی پاراستنی ناموس روو دەدەن که ویژدانی هەر مرۆڤێک دەهەژێنێ.

شک لەوەدا نییه که ئاستی کولتووری و روشنبیریی خه‌ڵک و کۆمەڵگە له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسی یه‌کسانی و مه‌سه‌له‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا له‌خوارەوەدایە‌. توندوتیژی کۆمەڵگە پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگەوە، توندوتیژی لەزۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا باوە بە تایبەتی لە کوردستان، نزمی ئاستی هۆشیاری تاکەکان لە کۆمەڵگە و ئەو داب و نەریتەو سیستمە کۆنە کەبەدرێژایی مێژوو ولاتان توشی بوون. توندوتیژی دژ بە ژنان لەهەر کۆمەڵگەیەکدا بەدی دەکرێت، بەڵام ئاستی ئەو توندوتیژیانە لە کۆمەڵگەیەکدا بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە جیاوازە. بەو مانایا کە توندو تیژی لەو وڵاتانەی که دیمۆکراسی تیاندا بەرچاوەو لە ئاستێکی باشی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدان، بەدیدەکرێت، بەڵام جیاوازیەکە لەوەدایە کە لە وڵاتانێک کە قانون و یاسا حاکمە، رێگە بە هیچ توندوتیژیەک نادرێت و مافی ژنان و پیاوان لە یاساکان مسۆگەر کراوە و لەوانەشە لە هەندێک بواردا مافەکانی ژنان لەو وڵاتانەدا زیاتر بێت لە مافەکانی پیاوان، بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگە سونەتیەکان، یاساکان لەسەر بنەمای ئایین و مەزهەب دارێژراون کە لە زۆر بواردا دژایەتی هەیە لەگەڵ یاساکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ئافرەتان. دیاردەی توندوتیژی دژ بەژنان پیوەندی نییە بە کومەڵگەیەکی تایبەت واتە دەسەلاتی سیاسی یان کومەلایەتیەکی تایبەت، بەڵکوو لە هەمو کومەڵگایەکی مروڤایەتی بەرچاو دەکەوێت. توندوتیژی لە دژی ژنان دیاردەیەکی بەربڵاوی کۆمەڵگەی جیهانییە و بەشێوەیەکی بەربڵاو بە تایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بەبیانووی نەپاراستنی بەهاکانی نێو بنەماڵە، بە توندترین شێوە ئازار دەدرێن تەنانەت دەکوژرێن. ئافرەتانی کوردستانیش بە هۆی نەریتی پیاوسالاری و سیستمی سیاسی و ئابووری و ئاینی بارودۆخێکی باشی نییە. لە جاڕنامەی پێشگیری لە توندتیژی دژی ژنان پەسندکراوی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا هاتوە، مەبەست لە “توندوتیژی دژی ژنان”، هەر کردەوەیەکی توندوتیژ لەسەر بناغەی جنسیەتە کە ببێتە هۆی ئازاردان و زیان پێگەیاندنی جەستەیی، جینسی، یان دەروونیی ژنان، وەک لێدان، هەڕەشە، بێبەشکردنی زۆردارانەی ئەوان لە ئازادی، زۆری لێ کردن و هتد کە لە ریزی رەفتار و کردەوەی توندوتیژدان.

به پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه که‌ کراون زیاتر له‌ 30%‌ی ژنان له جیهان لانی که‌م جارێک له لایه‌ن پیاوێک لێیاندراوه، ئازاریان پێگه‌یشتووه یان ده‌ستدرێژی جنسیان له‌ سه‌رکراوه‌‌‌. له 114 وڵاتی جیهان توندوتیژی دژی ژنان به‌ پێی یاسا قه‌ده‌غه‌ نییه و لێدان و کوشتنی ژنان یان سزای نییه‌ و یان ئه‌گه‌ریش سزای هه‌بێت سزایه‌کی ئه‌وتۆ نییه. توندوتیژی له بنه‌ماڵه‌دا یه‌کێک له گه‌وره‌ترین و به‌رچاوترین شێوه‌کانی توندوتیژیه که له نێو کۆمه‌ڵگەدا وه‌ک نه‌ریتی‌‌ لێهاتووه و له به‌شێکی زۆر له وڵاتانی جیهان وه‌کوو گرفتێکی بنه‌ماڵه‌یی چاوی لێده‌کرێت و هیچ پشتیوانییه‌ک بۆ ژنان له‌و کۆمه‌ڵگەیانه‌دا لەبه‌ر چاو ناگیرێت. بوونی یاسای دژی ژنان و داب و نه‌ریتی کۆن و هه‌روه‌ها کولتووری پیاوسالاری و ئاینی بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ که ژنان زیاتر له جاران له نێو بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگادا توندوتیژیان له‌گه‌ڵ بکرێت و پشتیوانی‌یه‌کیان نه‌بێت.

له وڵاتانی پێشکه‌وتووی جیهان بۆ پاراستنی مافی تاک یاساکانی کۆمه‌ڵگە لەسه‌ر بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ، مافی ژنان و مافی منداڵان دانراوه و بۆ پراکتیزه‌کردنی ئه‌م یاسانه‌ و دابینکردنی عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کسانی ژن و پیاو له‌ کۆمه‌ڵگەدا هه‌وڵێکی بێ‌وچان ده‌درێت.

بۆ ئه‌وه‌ی له وڵاتێک یاساکان له سه‌ر بنه‌مای مافی مرۆڤ دیاری بکرێت مه‌رج ئه‌وه‌یه که‌ له‌و وڵاته‌دا دێموکراسی هه‌بێت و رێگا بۆ به‌شداریی ئازاد بۆ هه‌موو حیزب و رێکخراوه‌کان وەکوو یه‌ک له هه‌ڵبژاردنه‌کان دا پێک هاتبێت. ئاشکرایه که له کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراتیک ئه‌وه‌ ده‌نگی خه‌ڵکه که دیاری ده‌کات کام حیزب ده‌توانێت نوێنه‌ری له پەرلەمانی ئه‌و وڵاته‌دا هه‌بێت و ده‌نگی زۆرینه‌ی خه‌ڵکه که‌ راده‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌کان له نێو پەرلەماندا دیاری ده‌کات. بەداخەوە لەپەڕلەمانی کوردستانیش هەتا ئێستا پڕۆژە یاساییەکی وەها پەسەندنەکراوە کە بتوانێت توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان ڕابگرێت سەڕەڕای هەبوونی دەیان ڕێکخراوی مافەکانی ژنان بەڵام ڕۆژانە لەکۆمەڵگەدا لەبەرچاوی هەمو ئەو ڕێکخراوانە و لەبەرچاوی پەڕلەمان چەندان ژن دەکوژرێن یاخود ئەتک دەکرێن و دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتەسەر یاخو لەماڵەوە دیل و کۆت دەکرێن لەکاروباری دەرەوە بێ بەش دەکرێن بەهۆی دەیان فاکتەری تریش لەسەروی هەموشیانەوە پیاوسالاری.

Leave A Reply

Your email address will not be published.