بایکۆتی هەڵبژاردن درێژەی ناڕەزایەتیەکانە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕاماڵينی دەسەڵات! نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
بایکۆتی هەڵبژاردن درێژەی ناڕەزایەتیەکانە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕاماڵينی دەسەڵات!
نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
وەک ئەوەی هەمووان دەیزانین ڕێژەی بەشداری خەڵک لەم هەڵبژاردنە نزمترین ئاستی بەخۆیەوە بینی لە چاو سەرجەم هەڵبژاردنەکانی تر. ئەمە ئەو ڕاستیەی نیشاندا خەڵک نەمتمانەی بەحیزبە قەومی و دینیەکانە نەبە پەرلەمان هەڵبژاردنەکەیان و نە بەم پرۆسە سیاسیە گاڵتەجاریەیان . هیچ کات هەڵبژاردن لە عێراق و کوردستاندا بەبێ ساختەکاری و تەزویر نەکراوە لەلایەن حیزبەکان و میلیشیاکانیانەوە. تەنانەت لەم هەڵبژاردنەشدا کە گوایا لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمەریکا وچاودێرانی وڵاتانی دەرەوە بوو، نەدەبوو ئەمە ڕووی بدایە بەڵام هەروەک جاران ڕووی دا. ئەوە من نیم تۆمەتی ساختەکاری و تەزویر بدەمە پاڵ ئەم هەڵبژاردنە ئەوە خودی لایەنەکانی بەشدارن کە بەڵگەیان دەست کەوتووە لەم بارەوە بێجگە لەهاوپەیمانی فەتح لە ئاستی ناوەڕاست و باشوری عێراق هەریەک لە لقەکانی یەکێتی لە هەولێر و پارتی لەسلێمانی و کۆمەڵی دادگەری و گۆڕان و چەند لایەنی سەرەکی بەشدار خۆیان لە سۆشیال میدیاوکەناڵەکانی تەلەفزیۆنەوە ئەوەیان بەیان کردووە کە ساختەکاری و تەزویر کراوە و دەنگەکانیان دزراوەو بەڵگەشیان هەیە لەم بارەوە. ئەمە خاڵی سەرەکییە کە خەڵک باوەڕی بەم پرۆسەیە نەبێ. ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان و کۆمۆنیزمی کرێکاریی هەر لەسەرەتای نەوەتەکانەوەو لە یەکەم هەڵبژاردنەوە باوەڕمان بەم پرۆسەیە نەبووە ئەم پەرلەمانەمان بەگاڵتەجاری زانیوە و بایکۆتمان کردووە. بەدرێژایی ٣٠ ساڵی پەرلەمانی کوردستان و ١٨ ساڵی پەرلەمانی عێراق ئەو ڕاستیەیان سەلماند کەپەرلەمان شتێک نییە جگە لەهۆکارێک بۆ فریوادنی خەڵک لەپێناو دزی و تاڵانی سامانی گشتی و خراپترکردنی باروگوزەرانی خەڵک، بۆیە پرۆسەی هەڵبژاردن وەک نمایشێکە بۆ ئەوەی هەر ٤ ساڵ جارێک ناڕەزایەتیەکانی خەڵک کپ بکەنەوە و لە کەشوهەوایەکی ئارامدا ئەم دزی و تاڵانیە ئەنجام بدرێ. بە تایبەتیش ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا کەبە پێشوەختە ناوی لێنرا، چونکە فشاری ڕاپەرینەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بەغداو شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هۆکاری سەرەکی بوو. لەم هەڵبژاردنەدا هەرچەندە هەوڵی زۆردرا لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە کەخەڵک فریوبدەنەوە ڕایانکێشنە ناو ئەم گاڵتەجاریە بۆ ڕزگارکردنی حیزبە دەست رۆشتووەکان لەدەست ناڕەزایەتیەکانی خەڵک، بەڵام سوودێکی زۆری نەبوو وە زۆربەی زۆری خەڵک بایکۆتیان کرد و ناوەندەکانی دەنگدان قەرەبالغی پێوە دیار نەبوو تەنانەت تا دوا ساتەکانی دەنگدانیش ژمارەیک بنکەی دەنگدان یەک کەسیش سەردانی نەکردوون وەک میدیاکان باسی لێوە دەکەن. بەپێی ڕاگەیانراوی فەرمی کۆمۆسیۆنی هەڵبژاردنەکان ٤١٪ ی خەڵک بەشداری کردووە هەرچەندە ئەم ڕێژەیە لە ڕاست ناچێ تەنها بۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە فەرمی بکەنەوە بە پێی ستانداری نەتەوە یەکگرتووەکان بیگونجێنن، دەنا دەنگۆی ئەوە زیاترە کە ڕێژەکە لە ئاستی لە ٣٠٪ و ٢٠٪ بێت بەڵگەش بۆ ئەوە دابەزینی ئاستی دەنگی حیزبەکانە بەڕێژەیەکی زۆر گەورە لە چاو هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ لە کاتێکا ژمارەی دانیشتوان و دەنگدەر ساڵانە لە زیاد بووندایە . پارتی بەتەنها خۆی زیاتر لە ٣٠٠٠٠٠ سێ سەد هەزار دەنگی کەمی کردووە یەکێتیش زیاتر لە ٢٠٠٠٠٠ دووسەد هەزار و گوڕانیش زیاتر لە ١٧٠٠٠٠ سەدوحەفتا هەزار کەمیان کردووە. کۆمەڵی دادگەریش هەرکەمی کردووە یەکگرتوو وە نەوەی نوێ کەمێ دەنگیان زیادی کردوە ئەویش بەهۆی خۆشباوەڕی بەشێک لە خەڵکی ناڕازیە لە دەسەڵات بەم دوو حزبە. بە نموەنە نەوەی نوێ دەڵێ مووچە دەگەڕێنێتەوە بۆ مووچەخۆران کەچی سەرۆکی جوڵانەوەکە ٣ مانگە خۆی مووچەی نەداوە بە کرێکار وکارمەندانی خۆی لە چاڤیلاند، خەڵک هەیە ئەم ڕاستیە نازانێ بۆیە خۆشخەیاڵ دەبێ بە درۆکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەروەک چۆن لە ساڵانی پێشووتر خەڵکی ناڕازی خۆشباوەر بوو بە گۆڕان، ئەمجارە ئەم خۆشباوەڕیەیان پێیان نەماو یەک کورسیشیان نەهێنا هەر بەهەمان شێوە خەڵکی ناڕازی هێشتا ماوە خۆشباوەر بێ بە نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامیش وەک دووهێزی ڕزگاری بەخش بیانبینن. بەڵام بەگشتی ئەمجارە خەڵکی ناڕازی زیاتر هۆشیار بوویەوە بەوەی بەڕێژەیەکی زۆر فراوان بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنەی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕێژە کەمەی خەڵک بەشداری دەنگدانی کردووە کە بەشێکی لەترسی لەدەست نەدانی کارو وەزیفەکەی بووە بەشێکیش بەهۆی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی حیزبەکانی دەسەڵاتەوە بووە دەبێ ئەوش لە بیر نەکەین بەشێکی بەرچاویش لەو ڕێژەیە کارتی سپیان خستوەتە سندوقەکانەوە، کەچی کۆمیسیۆن ئەم ڕێژەیە ڕاناگەیەنێ ئەمەش دیوێکی تری ناشەفاف بوونی ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنەیە. ئەگەر چی خەڵک وەڵامێکی جەرگ بڕێ دایەوە بەم پرۆسەیە و ڕیسوای کرد، بەڵام نەیتوانی کۆتایی بێنێ بە زوڵم و ستەم و نایەکسانی و نەیتوانی ڕێگا بگرێ لەدزی وگەندەڵی وتاڵانی و بێبەشکردنی لە ژیانێکی ئینسانی، بەڵام هەنگاوێکی گەورەی ناوە بەرەو ئەم ئامانجە. ئیتر ئێستا کاتی خۆ ئامادە کردنە بۆ نزیککردنەوەی ئەم ئامانجە ئەویش بەخۆ رێکخستنیان لە دەوری یەکتر و هێنانە مەیدانی ئیرادەیان بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتی خۆیان لە شوراکانیان و دەسەڵاتی شورایی. ئەمە تەنها رێگایە بۆ چارەسەری هەمووگرفتەکانی و بێبەشیەکانی و دەردو ئازارەکانی، وا باشترە خەڵک لە دەوری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان کۆبێتەوە بۆ زووتر ڕزگار بوون لەسەرجەم مەینەتیەکانی، چونکە کۆمۆنیزمی رێگای ڕزگاری ئەوانە خەبات دەکا لەپێناو دەسەڵاتی بەشی خوارەوەی خەڵک و دەسەڵاتی جەماوەری خۆیان. هەروەک چۆن هەر لەسەرەتاوە کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕایگەیاندووە ئەم هەڵبژرادن و پرۆسەیە لە بەرژوەندی خەلکدا نییە و واش دەرچوو، هەر ئاواش ڕایدەگەیەنێ ڕێگای گەیشتن بەڕزگاری یەکجاری درێژەدانە بە کۆبوونەوە گشتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و توێژە ستەم لێکراوەکان بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتی شورایی و دابینکردنی ژیانێکی یەکسان و ئازاد.
ناوەراستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١