شكستهێنان لە ئەفغانستان و تێكچوونی ئاساییشی جیهان! نووسینی: كریستۆڤەر ئەلێكسەندەر: سەفیری پێشووی كەنەدا لە ئەفغانستان. وەرگێرانی بۆ کوردی: حەسەن ڕازانی

0

شكستهێنان لە ئەفغانستان و تێكچوونی ئاساییشی جیهان!

نووسینی: كریستۆڤەر ئەلێكسەندەر: سەفیری پێشووی كەنەدا لە ئەفغانستان.

وەرگێرانی بۆ کوردی: حەسەن ڕازانی

ئەمە وێنەی دیوی دەرەوەی فڕۆكەخانەی كابولی پایتەختی ئەنفغانستانە لە ٢٠-٨ دا گیراوە، خەڵك دەیەوێت خۆی دەربازبكات. ئەو منداڵە شیرە خۆرە بەرزكراوەتەوە بەسەر تەلی دڕكاوی دیواری فڕۆكەخانەی كابول و دەدرێتە سەربازانی ئەمریكا كە لە دیوی ناوەوەی فڕۆكەخانەكەدان. چونكە ڕێگە یاساییەكانی تر گیراون لە لایەن تاڵیبانەوە.

چاوخشاندنەوەیەك بەو كارو پلانە ستراتیجییەی كە ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و دەوڵەتانی پەیمانی ناتۆ ئەنجامیان داوە لە ئەفغانستاندا،  شكستەكەی بووە هۆی ئەوەی تاڵیبان دوای ١٨ ساڵ لە ١٥-٨ دا دەست بەسەر كابوڵدا بگرێتەوە. من لێرەدا تووشی سەرسامییەك بووم بە تایبەتی بە ڕووداوەكانی دوومانگ كە ١٨ ساڵ نێوانیان بووە.

یەكەم ڕووداو مانگی ئازاری ٢٠٠٣ بوو. خالیدی شێخ محمد، لەژێر ناوی موختار، كە ئەندازیاری سەرەكی موئامەڕەی ١١ی سێپتەمبەر بوو. كەسێكی پاكستانی كە خەڵكی بلوجستان بوو، وە كەسێكی گرنگی سەر بە موخابەڕاتی پاكستان بوو كە كاری بۆ عبدول رسول سەییاف دەكرد كە ئەویش ڕابەری یەكێك لە حەوت حیزبە موجاهیدەكانی ئەفغانستان بوو لە كۆتاییەكانی ١٩٨٥دا. ئەو كەسە پاكستانییە كارئاسانی بۆ ئوسامە بن لادن كرد كە سەردانی یەكێك لە ژنەكانی بكات لە شاری كەڕاتشی لە ساڵی ٢٠٠٢ یان لە سەرەتای ٢٠٠٣دا.

لە ١ی ئازاری ٢٠٠٣دا، موخابەڕاتی پاكستان لە نێو پاكستاندا لە شاری ڕاوڵپەندی خالید شێخ محمدی گرت و لە دواییدا تەسلیم بە ئەمریكای كرد. لە دوای ئەوە خالید تووشی ئەشكەنجەدان بووەوە، نەهێڵڕا بچێتە بەردەم دادگا، وەك دیلی جەنگ خرایە زیندانەوە، ئینجا لە دادگایەكی مەدەنیدا تۆمەتباركرا. ئەوەش پێچەوانەی پەیمانی جنێڤ بوو. ئێستا خالید لە ئەمریكا لە زینداندایەو چاوەڕێی سزای لەسێدارەدانە.

موختار هەر پێش گەیشتنی وەفدی سەربازی پاكستان بۆ واشنتۆن گیرا. وەفدەكە ڕاستەوخۆ بە سەرۆكایەتی دیكتاتۆر پەروێز موشەڕڕەف بوو كە پێكهاتبوو لە (جەنەڕاڵ محمد یوسف) خان ئەوكات بەرزترین پلەی باڵای لە ناو سوپای پاكستانیدا هەبوو، جێگری سەرۆكی ئەركانی سوپا بە یاوەری جەنەڕال ئەشفەق كەیانی كە ئەو كات بەڕێوەبەری گشتی ئۆپەڕاسیۆنەكانی سوپای پاكستان بوو، بەپێی ستیڤ كۆڵ لە كتێبەكەیدا بەناوی بەڕێوەبەرایەتی ئێس دەربارەی یەكەی موخابەڕات كە لە ٢٠١٤ دا چاپكراوە دەنووسێت “كەیانی بەرپرسی بەشی ئەفغانستان بووە. وەفدەكەی پاكستان بینییان كە سوپای ئەمریكاو بەڕێوەبەرانی موخابەرات بەتەواوی بە عێڕاقەوە خەریكبوون و چاوەڕوان دەكرا داگیری بكەن، ئەویش لە ١٩ی ئازار دەستپێكرا. گیرانی موختار باوەڕی بە ئەمریكییەكان هێنا كە لایەنی پاكستانی بەڵێنەكانی خۆیان جێبەجێدەكەن كە بریتیبوون لەبەر یەك هەڵوەشاندنی قاعیدەو گرووپە تێرۆریستەكانی تر”.

لە ڕاستیدا كە لایەنی ئەمریكا، لەبەر ئەوەی جەختیان خستەوە سەرعێڕاق، داواكاری تازەیان بۆ لایەنی پاكستانی نەبوو. بۆیە جەنەڕاڵەكانی پاكستان وتیان ئیتر هەلییەتی كە جەنگی بە وەكالەتیان لە ئەفغانستان دەست پێبكەنەوە. بۆیە فەرمانیاندا بە سەركردەكانی تاڵیبان كە بگەڕێنەوە ناو ئەفغانستان و دەست بكەنەوە بە شەڕ. ئەوەبوو لە ٢٧ی ئازار لەسەر ڕێگا لە پارێزگای ئوروزگان ڕیكاردۆ مونجویا تەمەن ٣٩ ساڵ و ئەندازیاری ڕاكێشانی ئاو كە لەگەڵ خاچی سووری نێو دەوڵەتی كاری دەكرد كوژرا لەسەر فەرمانی مەلا دادوڵا لانج ئاخوند كە سەركردەیەكی تاڵیبانبوو و سەرپەرشتی بزووتنەوەی چەكداری دەكرد بە تایبەتی لە بەشی باشوری ئەفغانستان هەتاكو مرد لە ساڵی ٢٠٠٧. ئیتر لەوێ بەدواوە زنجیرەیەك لە هێرش كرانە سەر كرێكارانی فریاگوزاری لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٤.

لە نێوانی ئازاری ٢٠٠٣ وە تا ئازاری ٢٠٢١دا بەهۆی شەڕی بە وەكالەتی پاكستان لە نێو ئەفغانستاندا، زیاتر لە ١٢٠ هەزار ئەفغانی كوژراون، هەروەها ١٥٨ كەس لە هێزەكانی كەنەدا و ١٠ كەسی تری كەنەدیش كە مەدەنی بوون، ٢٣٥٥ كەس لە هێزەكانی سوپای ئەمریكا، ٤٥٦ كەس لە هێزەكانی بەریتانیا، ٥٣٤ كەسی تر كە سەر بە وڵاتانی ناتۆ بوون، دەیان كەسی تر لە فەرمانبەرانی دەوڵەتی و كرێكارانی فریاگوزاری سەر بە یو ئێن، دیپلۆماتی كەنەدی و هیندی، سەفیرێكی ئیماڕات لەگەڵ ٥ كەس لە ستافەكەی ئەو كوژراوون.

لەو هەموو ماوەیەدا هیچ جووڵەو هەنگاوێك نەهاوێژرا لەلایەن هیچ كام لە ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و ناتۆ بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر پاكستاندا، سەرباری ئەوەی كە پاكستان شەڕێكی گەورەی بە نهێنی بەڕێوە دەبرد لە دژی ئەفغانستان، ئەمریكا، ناتۆ هەروەها لە دژی هەموو ئەو دەوڵەت و شوێنانەی كە لە چوارچێوەی یوئێندا هاوكاری ئەفغانستانیان دەكرد.

بە پێچەوانەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لایەنگری هەنگاوەكانی ئاشتی و پێكهاتنەوە بوو، كە ئەفغانییەكان ڕایانگەیاند لە كۆنفرانسی ٢٠١٠ لە لەندەن. بەڵام ئەو کۆمەڵگە نێودەوڵەتییە لێرەدا وەك تەماشاكەرێك خۆی پیشاندا كاتێك ئەمریكا لەگەڵ تاڵیبان بەبێ ئامادەبوونی حكومەتی ئەفغانستان گەییشتنە رێكەوتن لە شوباتی ٢٠٢٠دا و بڕیاریشیدا كە لە نیسانی ٢٠٢١دا هێزەكانیان لە ئەفغانستان بكێشننەوە. لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢١دا، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا دڵنیایی دا كە پێش ساڵوەگەڕی ١١ی سێپتەمبەر هێزەكانیان ئەفغانستان بەجێدەهێڵن.

دووەمین مانگی گرنگ و یەكلاكەرەوە بریتیبوو لەئایاری ٢٠٢١. كەمتر لە یەك مانگ دوای ڕاگەیاندنەكەی جۆبایدن، سەرۆكی سوپای پاكستان بە ناوی قەمەر جاوید باجوا ڕۆیشت بۆ كابوڵ. ئەو لە دوای موشەڕڕەفەوە سێیەمین سەرۆك ئەڕكانی سوپای پاكستان بوو، و دووەمین کەسیش بوو لە دوای كەیانی بچێت بۆ كابوڵ. جاوید لە ١٠ی ئایار گەییشتە كابوڵ بە فڕۆكەیەك كە سێر نیك كارتەر سەرۆكی ئەڕكانی هێزی بەرگری بەریتانیا بۆی ئامادە كردبوو. نیك كارتەر ئەوكات سەرۆكایەتی هێزی نێودەوڵەتی دەكرد بۆ ڕاگرتن و پاراستنی ئاساییش لە بەشی خوارووی ئەفغانستان. بە گوێرەی ئەشڕەف غەنی، سەرۆكی ئەو كاتی ئەفغانستان، بەجوا خۆی دژی هاتنەوەی تاڵیبان بووە، بەڵام هەندێك لەئاستی خوارەوە دیدی پێچەوانەی ئەویان هەبووە. بەجوا دڵنیایی داوەتە ڕۆژنامەنووسان كە پاكستان ئاشتی دەوێت لە ناوچەكەدا. هەر ڕۆژی دوایی داگیركردنی ئەفغانستان لە لایەن پاكستانەوە دەستی پێكردو ٩٥ ڕۆژی خایاند تا گەییشتنە كابوڵ.

هەتا كۆتا ڕۆژیش ئەمریكاو هاوبەشەكانی زیادەڕەوییان دەكرد دەربارەی هەل و دەرفەت بۆ ئاشتی،  هەروەها بە شێوەیەكی خراپ تێگەییشتبوون لە سرووشتی واقیعی شەڕو ڕۆڵی پاكستانیشیان لەو شەڕەدا گوێ پێ نەدەدا.

بۆیە حەوت دەرس و وانە هەن بۆ پێویست بوونی گۆڕانكاری ڕیشەیی ئەگەر ئێمە جیهانێكمان بوێ كە ئاساییشی زۆرتر تێدا بێت و باشتر ئامادەو پڕچەك كرابێ بۆ پاراستنی خەڵكی بێچارە و مەدەنی لە شەڕە بە وەكالەتەكان، لە سەركوت، هەروەها لە مامەڵەی خراپ لەگەڵیاندا. ئەو حەوت پەندو وانەیەش ئەمانەی خوارەوەن:

یەكەم: ئیتر نابێ قەت پشت بە ستراتیجێك ببەستین كە لەلایەن ئیستیخباراتەوە هەڵسەنگێنرابێت و وا بكات كە لایەنی فیعلی و سەرەكی شەڕەكە وەلا بنرێت. دەوڵەتانی ناتۆ پێویستیان بە توانایەكی نیشتیمانی و هاوبەش هەیە بۆ ئەوەی بە ڕوونی تێبگەن ئاخۆ پاكستان، ڕوسیا، چین، ئێران و دەوڵەتانی تری شەڕەنگێز چی دەكەن بە ئێمەو هاوسێكانیان و هەروەها بە یەكتریش لە نێوخۆیاندا؟ هیچی تر ناتوانین كە پشت بە ئەمریكا ببەستین كە ئەو كارە بكات.

دووەم: ئەوانەی كە پلان دادەنێن و هێرشەكانیش بە وەكالەت ئەنجام دەدەن دەبێ بەرپرسیار بكرێن. دەتوانرێت بگیرێن و وەك دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت یاخود وەك تاوانبار، بەڵام نابێت وەك هەردووكیان دابنرێن. باشترین چارەسەریش بریتییە لە فراوانكردنی توانای دادگای نیشتیمانی و نێودەوڵەتی بۆ تۆماركردنی سكاڵا و دادگاییكردنی ئەندامە ناسراوەكانی .گرووپە تیرۆریستەكان، و ئەوانەی كە ڕۆڵی سەرەكی دەبینن لە شەڕە بە وەكالەتەكانی ئەمرۆدا.

سێیەم: سیستەمی گەمارۆكانی نێودەوڵەتی پێویستی بە چاكسازی ڕیشەیی هەیە لە خوارەوە بۆ سەرەوە. ئەو لیستەی ئێستای ئەنجومەنی ئاساییشی سەر بە یوئێن، كە ڕابەرەكانی تاڵیبان و قاعیدەش لە خۆ دەگرێت، جێگەی نوكتەو پێكەنینە لە كاتێكدا كە پاكستان پێشێلی یەك بە یەكی بەندەكانی كردووە. لەلایەكی ترەوە گوێ بەو گرووپانە نادرێت كە ئێران پشت و پەنایانە، هەروەك و چۆن ئەو گرووپ و توندڕەوانەش كە كار بۆ شوێنی تر دەكەن و لە لایەن چین و ڕوسیاو وڵاتانی ترەوە پشتگیری دەکرێن ئیهمالكراوون.

چوارەم: پاكستان شایانی ئەوەیە كە سزای توند بدرێت. قەبارەی ئەو شەڕە بە وەكالەتانە و داگیركردنی ئەفغانستان لەلایەن پاكستانەوە گەورەترە لەوەی كە ڕوسیا كردی لە ئۆكڕانیا لە ساڵی٢٠١٤. هەر جارێك كە پاكستان خۆی دەرباز دەكا لە بەپرسیارێتی هێنانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان، دەسەڵات و هێزی یوئێن لاواز دەكات و بە خراپیش دەشكێتەوە بەسەر مسداقییەت و ئیعتیباری دەوڵەتانی ناتۆ، هەروەها بە سەر نفوز و ڕۆڵی ئەمریكاشدا. بۆیە هەر وەك مایك موڵین، سەرۆك ئەركانی پێشووی هێزە هاوبەشەكان، دەڵێت: “ئێستا كات و هەلی ئەوەیە لە پاكستان ڕزگارمان بێت”

پێنجەم: پێویستە ئێمە پەرە بە توانا هاوبەشەكانمان بدەین بۆ ئەوەی بە یەكەوە بەرەنگاری لە مافەكانی مڕۆڤ بكەین، پشتگیری لە میدیای سەربەخۆ و لە ڕۆژنامەگەری بكەین، ئەو گرووپانەی دەنگیان نابیسترێت وا بكەین ببیسترێت، هەروەها پشتگیری لەو گرووپ و بزووتنەوانە بكەین كە ڕووبەڕووی سەركوت و شەڕە بە وەكالەتەكان و جینۆساید دەبنەوە. ئەوەش بە هەنگاونان دەبێت  بۆ ڕزگاركردنی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە یوئێن لەو سستی و فشارەی كە ئێستا لەسەرێتی. هەروەها بڵاكردنەوەی توانای فرەلایەنە كە لە لایەن لایەنە دیموكراسییەكانەوە پشتگیری لێدەكرێت. ئەوەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پڕوپاگەندەو چەوسانەوەو دیكتاتۆری و كێشەو ململانێ چەكدارییەكان كە لە لایەن ئەو سیستەم و ڕژێمانەوە پشتگیرییان لێ دەكرێت كە خۆیان لە سزای تاوانباریی دەرباز دەكەن.

شەشەم: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە یەكدەنگ ئیدانەی ڕژێمی نایاسایی تاڵیبان بكات كە هەر لە ئێستاوە لە تاوانەكانی جەنگەوە تێوەگلاوە، و  لە هەمان كاتدا هاوكاری هێزی موقاوەمەی ئەفغانییەكان بكرێت.

حەوتەم: پێویستە كەنەدا ڕابەرایەتی هاوپەیمانی لە دۆست و هاوبەشەكانی ئەفغانییەكان بكات بۆ گەیاندنی گەورەترین و كاریگەرترین هەڵوێست و بە هاناوەچوون بۆ ئەو قەیرانە مرۆییەی كە پێشتر وێنەی نەبووە. هەروەها بە هاناوەچوونی هەموو ئەو لێقەوماوانە كە لەناوخۆدا دەربەدەر بوون و هاوكاری ئەو شەپۆلە پەناهەندەیی و كۆچ بەرییەش كە بەدوای ئەو كارەساتەدا دێت. ئێمە پێویستمان بە شوێنێكی پارێزراو هەیە بۆ خەڵكی بێچارە و پشتگیری بەردەوامیش بۆ خوێندنگاكان و هەروەها لە ئاستێكی بەرزتریش ڕێگەنەدان بە بڵاوبوونەوەی قات و قڕی و برسێتی.

لە كۆتایی ئەو بابەتەدا: یاساكانی یوئێن دەربارەی سەربەخۆیی، موداخەلە نەكردن، پاراستنی شكۆو كەرامەتی مرۆڤ، بەهرەبوون لە ئازادییە سەرەتاییەكان دەبێ یا هەمومان بگرێتەوە و لێیان بەهرەمەند بین یاخود كەسمان.

كریستۆڤەر ئەلێكسەندەر: سەفیری كەنەدا بووە لە ئەفغانستان (٢٠٠٣-٢٠٠٥)، جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی یوئێن بووە (٢٠٠٥٠٢٠٠٩)، وەزیری كۆچی كەنەدا بووە (٢٠١٣-٢٠١٥)، هەروەها دوو كتێبیشی لەسەر ئەفغانستان نووسیون. بە ناوی: ١- ڕێگای درێژی گەڕانەوە: گەڕانی ئەفغانستان بە دوای ئاشتیدا ٢-: كۆیایی پێهێنانی شەڕە بە وەكالەتەكانی پاكستان لە نێو ئەفغانستاندا.

سەرچاوە:ناوەندی چاودێری نێودەوڵەتی داهێنان

https://www.cigionline.org/articles/the-failure-in-afghanistan-and-the-fallout-for-global-security/?

 

٢٠ی ئابی ٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.