هەتا کەی ئافرەتان ببنە قوربانی؟ نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر
هەتا کەی ئافرەتان ببنە قوربانی؟
نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر
توندوتیژی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دیارده‌یه‌كی نامۆ نییه له كۆمه‌ڵگه‌كانی رۆژهه‌ڵات، هۆكار و جۆری زۆرن و ده‌رئه‌نجامیشی قوربانی ئافره‌تان و نائارامی خێزانه. دیاره توندوتیژی چه‌ندین پێناسه‌ی هه‌یه و شاره‌زایان له‌م بواره به‌كورتی هه‌موویان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڵوێستی نامۆ و به‌كارهێنانی وشه‌ی زبر و لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دان توندوتیژییه.
هه‌ڵبه‌ته كوشتن، توندوتیژی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان به‌تایبه‌تی مێژووییه‌كی دوورودرێژی هه‌یه كه به‌و شێوه‌یه مافه‌كانی ئافره‌تان پارێزراو نابێت و پێشێل ده‌كرێت. له‌هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گۆرانكاری و كرانه‌وه به‌رووی وڵاتانی دیكه و تاراده‌یه‌ك پێشكه‌وتنی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌یسی ئافره‌تان پێشكه‌وتنی ئه‌وتۆی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه، گەرچی ئەو هەموو داموده‌زگا فه‌رمی و ئیداری و ئۆرگانه حزبی و لایه‌نه سیاسیه‌كان هەن، بەڵام بەداخەوە بەهیج شێوەیەک پشتگیری له‌مافه‌كانی ئافره‌تان ناكه‌ن لەکاتێدا هەمویان ئاگادارن و دەبینن كه ڕۆژانەو ساڵانه چه‌ندین ئافره‌ت ده‌كوژرێن و یان له‌ژێر فشاری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان ده‌كوژن و ئه‌شكه‌نجه ده‌درێن و مافه‌كانیان پێشێل ده‌كرێت
توندوتیژی دیاردەیەکی شاراوە و نادیار نییە بەڵکو جیھانییە و تایبەت بە شوێنێک یان وڵاتێک نییە، بەڵکو بە پێی بەڵگەکان و ھەواڵەکان و راپۆرتی مافەکانی ئافره‌تان و ئەوەی کە خۆمان دیتومانە لە ھەر شوێنێک ئافره‌ت ھەبێت توندوتیژیش ھەیە، بە شێوەی نھێنی بێت یان بە شێوەی ئاشکرا. توندوتیژی سنووری نییە، ژنان لە ماڵەوە بن یان لە دەرەوە، خوێندەوار بن یاخود نەخوێنده‌وار، خاوه‌ن داهاتی سه‌ربه‌خۆبن یان به‌پێچه‌وانه‌وه، بە شێوەیەک لە شێوەکان لەلایەن پیاوانەوە تووشی توندوتیژی دەروونی، کۆمەڵایەتی، جەستەیی و تەنانەت سێکسیش دەبنەوە.
توندوتیژی دژی ئافره‌تان دیاردەیەکی جیھانییە و لە ئێستادا ھەموو میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی کەلتوری و کۆمەڵایەتی و و سیاسی و ئابوری لە پشتە، ئەگەرچی بەو پێیە توندوتیژی دژی ئافره‌تان کات و شوێنی تایبەتی نییە و ھەموو کۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتی چ بە کۆمەڵگه‌ی پێشکەوتوو و چ بە کۆمەڵگه‌ی دواکەوتوو دەگرێتەوە. ژنان لە کۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتیدا لە لایەن باوک، برا، ھاوسەر، کەسوکاری نزیک وەک خاڵ و مام و تەنانەت ئامۆزا و خاڵۆزاش بەرەو ڕووی توندوتیژی دەبنەوە. بە پێی دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ده‌زگا تەندروستییه‌كان توندوتیژی دژی ئافره‌تان جگە لەوەی کە کاریگەری نێگەتیڤ و خراپی دەبێت لەسەر ژن وەک تاک، کاریگەرییەکی زۆر خراپ و مەترسیداری دەبێت لە سەر تەندروستی خێزان و کۆمەڵگه، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە شیرازەی خێزان و کۆمەڵگه‌ش لێکبترازێنێت.
شێواز و رەھەندەکانی توندوتیژی دژ به ئافره‌تان:
١- سەرەتا لەسەر توندوتیژی جەستەیی قسە دەکەین، بەھەر جۆرە توندوتیژییەکی فیزیکی بەرامبەر بە ئافره‌تان وەک لێدان، سوتان و کوشتن. لەم جۆرە توندوتیژییەدا شوێنه‌واری توندوتیژی بە تەواوی بە جەستەی کەسی لێدراو دیارە. کە بە پێی نوێترین ئامارەکان ٢٥ % ژنانی کۆی جیھان بەرەو ڕووی ئەم جۆرە توندوتیژییە دەبنەوە و ژنان لە ترس یا لەبەر شەرم و ئابڕووچوون باسی لێوە ناکەن و زیاتر بێدەنگی ھەڵدەبژێرن.
٢- توندوتیژی دەروونی، ئەم جۆرە توندوتیژییە بە رواڵەت ھیچ نیشانەیەکی دەرەکی نییە و ناوەکی و دەروونییە. رووبه‌رووی سووکایەتی پێکردن، تانە و تەشەر، جنێودان لە لایەن کەسانی جگە لە بنەماڵە و خێزانی خۆیان، تۆقاندن و بەکارھێنانی زمانی زبر و ھەڕەشە ده‌بنه‌وه. ئەم جۆرە توندوتیژییە کاریگەری قوڵتر و مەترسیدارتری هه‌یه و کەسێک کە تووشی ئەم جۆرە توندوتیژییە بێت زیاتر گۆشەگیر و بێزار و خەمۆک دەبێت، بە پێی وتەی پزیشکان ئەم جۆرە کەسانە زیاتر بیر لە خۆکوشتن و خۆسوتاندن ده‌کەنەوە.
٣- توندوتیژی سێکسی، ئەم جۆرە توندوتیژییە زیاتر لەلایەن ھاوسەر و و کەسوکاری نزیکی ئافره‌تانه‌وه دەکرێت و ژنان تووشی شۆک و زیان دەکات. دەستدرێژی سێکسی و دووگیانبوونی زۆرە ملێ و لەباربردن لە خۆ دەگرێت کە ئەم جۆرە لە توندوتیژی ھیچکات لە دڵ و جەستەی ئافره‌تان سارێژ نابێت.
٤- توندوتیژی خێزانی، باوترین شێوەی توندوتیژییە بە دژی ئافره‌تان کە تێدا کچان و ژنان بە کۆمەڵێک بیانوو بەرەورووی توندوتیژی دەبنەوە. دڵپیسی یەکێکه لە ھۆکارە سەرەکییەکان و ھەندێجار منداڵنه‌بوون دەتوانێت ھۆکارێک بێت بۆ توندوتیژی دژی ژنان. گیرۆدەبوونی پیاوان بە ماددە سڕکەرەکان و بێ‌کاری پیاوان و توڕەبوون و ناھۆشیاری پیاوانیش خۆی ھۆکارێکە بۆ توندوتیژی.
٥- توندوتیژی کۆمەڵایەتی، زۆرجار بە بیانووی لادان لە نەریتی باو باپیران و لەکەدارکردنی شەرەف و ناموسی خێزان و ھەڵسوکەوتی ناشیاو و ئابرووبەرانە ژنان لە لایەن باوک و برا و ھاوسەر و کەسوکارەوە تووشی توندوتیژی دەبنەوە. ھەندێجار ژنان بە توندی دەکەونە ژێر چاودێری و ھەموو ئازادی و سەربەستییەکیان لێ زەوت دەکرێت و لەناو کەشوھەوایەکی پۆلیسیدا دەژین. بەزۆر بەشوودان و بەزۆر جلوبەرگی تایبەت لەبەرکردن و بێبەریکردن لە میرات و بێبەشکردن لە خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی ماڵەوە دەچێتە ناو چوارچێوەی توندوتیژی کۆمەڵایەتییەوە.