لەشەقامەوە گۆڕانکاری دەکرێت نەک لەپەرلەمان نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ
لەشەقامەوە گۆڕانکاری دەکرێت نەک لەپەرلەمان
نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ
کاتێک سیستەم و دەسەڵاتێکی دیموکراسی هەبێت لەخوارەوە بۆ سەرەوە، واتە لەهەر هەنگاوێکی ئیدارەدان وبەڕێوەبردندا گفتوگۆ لەگەڵ خەڵک بکرێت و سەرنج وپێشنیار و ڕەخنەو تێبینی خەڵک ڕاستەوخۆ کاری لەسەربکرێت، ئەوا دەتواندرێت ئەو حکومەت وپەرلەمانە بتوانێت ئاراستەی کۆمەڵگەکەی بەرەو نوێ بوونەوە وباشتر وەربچەرخێنێت. ئەگەر بەو جۆرە نەبوو واتە کە خەڵک بەشدار نەبێت لەئیدارەدانی کۆمەڵگە ئەوا دیموکراسیش هیچ مانایەکی دروستی نابێت و سوود بەخشی بۆکۆمەڵگە نابێت. ئەوەی لەکۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان وعێراق و ئێران وتورکیا وسووریا بەتایبەتی ڕوودەدات هیچ پەیوەندی بەجێبەجێکردنی یاساکانی نەک دیموکراسی خەڵک و بەشداری خەڵکەوە نییە، بەڵکو ڕێک دەتوانم بڵێم گەشەدانە بەپرۆسەی زاڵبوونی یاساکانی فاشیزم و بەهێزکردنی دەسەڵاتدارێتی دیکتاتۆرێتی لەناوچەکەدا. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی کە زیاتر سامان و داهاتی گشتی کۆمەڵگە تەخشان و پەخشانی پێبکرێت بۆ کەمینەیەک لەدڵسۆزانی سستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەرو کۆنەخواز. بەهاوکاری نەخشە ڕێگای دەوڵەتانی گەورەی سەرمایەداری و دەوڵەتانی کۆنەخوازی ناوچەکە دەچێتە پێشەوه. لەبەرئەوەی ئەوەی کاتێک ئازادی هەبێت بەجۆرێک کە خەڵک بەشداربێت لەئیدارەدان ئەوا چاودێر دەبێت و ڕێگر دەبێت لەئاست هەبوونی بێکاری و هەژاری و گەشەدانی برسێتی خەڵک. هەروەها خەڵک وشیار بێت بۆ هێنانەدی ماف و ئازادییەکانی ڕێگر دەبێت لەئاست تەخشان وپەخشانکردن سامان و داهاتی گشتی کۆمەڵگە و ڕێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتان بۆ مەبەستی لوشدانی پارەو داهات و بەرهەم و سامانی کۆمەڵگە. هەروەها خەڵک ڕێگر دەبێت لە هاتنی سوپای دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ کوردستان و وێرانکردنی ژینگەی جوانی کوردستان. هەربۆیە دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەر بەبەرنامە کار دەکات بۆ نەمانی ئازادی ڕێکخراوبوون وئازادی چالاکی سیاسی ومەدەنییەکان ئەگەر لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی خۆیدا نەبێت. ئەمەش بەشێک لەسیستەمی سیاسی سەرمایەداری کە هاوکاری گەشەو مانەوەی هێزە کۆنەخوازو دژە ئینسانییەکان بکات. هەر چەندە واقیعەتی پەرلەمان لەناو حکومەتێک بەمانا پێشکەوتوو شارەستانی بێت، ململانێکان زیاتر ئاوێتەیە بە بەرگریکردن لەبەرژەوەندی خەڵک، ئەمەش دەرئەنجامی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە لەڕوویی گەشەی وشیارییان بۆ تێکۆشان بۆ هێنانەدی ماف وئازادییەکانیان. ئەگەرچی سیستەمی وڵاتانی ئەوروپا هەمان سیستەمی سەرمایەدارییە کەلەجیهاندا هەیە لەسەر ئەساسی چینایەتی دامەزراوە، بەڵام لە واقیعدا لەڕوویی کردارییەوە جیاوازێک هەیە لەگەڵ وڵاتی ئەمریکا و بەریتانیا هەروەها لەوڵاتانی ئەوروپاش لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازێکە بەدی دەکرێت. لەهەموو ئەو وڵاتانەی ئەوروپا ئازادی تاک هەیە، بەڵام لەهەموو ئەوڵاتانەش خەڵک لەخۆپیشاندانەکان زیندانی دەکرێت وسەرکوت دەکرێت زۆرجار برینداریش دەکرێت. ئەوەی لەتێکۆشانی کۆمەڵایەتی ومێژوویی خەڵک بەدەستی هێناوە لەبەرئەوەی بۆتە گرێدراوی ژیانی کرداری خەڵک حیزبە سیاسی یەکانیان ناتوانن پاشەکشەی پێبکەن لەڕووی دەست ڕاگەیشتن بەماف و ئازادییەکانەوە. بەردەوامیش خەڵک بەتایبەت گەنجان وخەڵکی کرێکار لەتێکۆشانی زیاتردان بۆ هێنانەدی ماف و ژیانێکی باشتر. هەر ئەمەشە وای کردووە ئەندام پەرلەمانەکان کە کادیرو هەڵسوڕاوی حیزبەکانن هەریەکەیان بە بەرنامەو شێوازی خۆی لەپەرلەماندا کەململانێی خۆی دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەو کارنامەکەی ئاگاداری نەبەزاندنی هێڵە سوورەکانی کۆمەڵگە بێت کەبەهۆی گەشەی وشیاری تێکۆشانی جەماوەری خەڵک بەدی هاتووە. هەرئەم گەشەی وشیاریی خەڵکە بۆ تێگەیشتن لەقەیران وکێشەکان بۆتە زەنگێک بۆ سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری و بەتایبەتیش پەرلەمان وحکومەتەکانیان کە زۆرجار بێ دەستەو وەستان دەوەستن لەئاست چارەسەری قەیران و کێشەکانیان. ئەگەر هاتنی ڤایرۆسی کرۆنا نەبووایە ئەوا خەڵکی ناڕازی بەرگەی کۆی سیستەمی سەرمایەداری نەدەگرت، بەڵام هاتنی ڤایرۆسی کرۆنا بۆتە خێرو بێری زۆر بۆکۆی دەوڵەتانی سەرمایەداری جیهانی بۆدرێژکردنەوەی تەمەنی سیستەمی سەرمایەداری. لەگەڵ بوونی ئەم ڤایرۆسی کرۆنایەشدا جارێکی تر بەرەو قەیرانێکی تر ئاراسته کرا کە چارەسەرەکان بۆ کێشەو قەیرانەکانی ڕابردوو و قۆناغی ئێستای کۆرۆنا ڤایرۆسی زەحمەتتربووە هەرگیز ناتواندرێت بەهەمان سیستەمی ئابووری سەرمایەداری کە چەندەها ساڵە لەبواری ئیدارەدانی کارگێڕی ئابوورییەوە کۆمەڵگەکان بەڕێوە دەبات. لەقۆناغی ئێستادا چارەسەری کێشەو قەیرانەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکات. لەبەرئەوەی لەلایەک ڕێژەی هەژاری وبێکاری وبرسێتی زیاد دەبێت. بەپێی ڕوونکردنەوەیەک لە ڕاوێژکاری بانکی نێودەوڵەتی ژمارەی ھەژارەکانی کەئەکەونە ژێر ھێڵی ھەژاری بۆ ساڵی٢٠٢١ ژمارەی ھەژارەکان ١٢٤ ملیۆن ئەبێت. لەلایەکی ترەوە ڕێژەی بەرزبوونەوەی سەروەت وسامانی سەرمایەدارو پارەدارەکان لەجیهاندا زیاد دەبێت. لەهەمان کاتیشدا ژمارەی دانیشتووانیش لەسەر گۆی زەوی زیاد دەبێت. لەلایەکی تریشەوە گەشەی وشیاری خەڵک بۆ تێکۆشانی هێنانەدی مافەکانیان زیاتربووە و زیاتریش دەبێت کەئەمەش فشاری جدی بۆسەر دەوڵەتانی سەرمایەداری هێناوە. بەناچاری خەڵک بیر لەئەڵتەرناتڤی باشتر دەکاتەوە بۆئیدارەدانی کۆمەڵگە. لە وڵاتانی دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی وەکو ئێران و عێراق وکوردستان و تورکیا و سووریا ملهوڕییەکانی چەوسانەوە وسەرکوتەکان زۆر بەشیدەدترە کاریگەری زۆر نەرێنی بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگە زۆر زیاترە. لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی داهات وسامانی ژێرزەوی وسەرزەوەی زۆریشن. بۆنموونە لەوڵاتێکی وەکو ئێران بەگوێرەی توێژینەوەکان لەئێستادا ڕێژەی هەژاری لە %30. ڕێژەی هەڵاوسان لە %50. خاوەنی بێبەهاترین دراوی جیهانە لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتی ئێران خاوەنی دووەمین یەدەگی گازی سروشتیە لە جیهاندا. هەروەها خاوەنی چوارەمین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا. خەڵک بەهۆی هەژاری وبێکارییەوە ناچاری فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیەتی. کەواتە هەبوونی هەڵبژادن و پەرلەمان چ سوودێکی هەیە و دەبێت بۆ خەڵکی هەژار وبرسی وکرێکار لەکاتێکدا پاش چل ساڵ پاش چەندین هەڵبژاردنی پەرلەمان وگوڕانی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی حکومەت وسەرۆکی پەرلەمان و وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکان، بێگۆمان هیچ سوودی نابێت بۆ هەژاران و کرێکارانی کۆمەڵگە چونکە تائێستا حکومەت ناتوانێت چارەسەری نەخۆشییەکان بکات کە خەڵک پێویستی بەفرۆشتنی ئەندامانی جەستەی خۆی نەبێت، کە خەڵک ناچار بەکاری قورسی کۆڵبەری نەبێت لەسەر سنوورەکان زۆریش باش دەزانێت کە ئەگەری هەیە بەهۆی هێرشی پاسدارانەوە بۆسەریان بکرێتە قوربانی، بەڵام بەهۆی هەژاری وبێکارییەوە کاری کۆڵبەری دەکات. لەڕاستی دا بەردەوام بەهۆی گەشەی سەرکوت و ملهوڕییەکانی دەسەڵاتی فاشیزمەوە کە هەژاری و برسێتی و بێکاری و چەوسانەوە زیاد دەکات. کەوایە دەبێت کۆی سیستەم و دەسەڵات
لەئێران بگۆڕدرێت و بخرێتە گۆڕەوە لەلایەن خەڵکەوە.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژەی هەژاری بەتێکڕا نزیکبووەتەوە لە (31.6%)ی دانیشتوان، واتە نزیکەی (11 ملیۆن و 400 هەزار) کەس لەعێراق و هەرێمی کوردستاندا لەژێــر هێڵی هەژارییەوە دەژین. کەوایە عێراق و کوردستان وێڕایی هەبوونی زۆری سامان و نەوت و بەرهەمی سەرزەوی و ژێر زەوی، بەڵام ڕاپێچی زیاتری هەژاری و بێکاری و برسێتی کراوە. لەکوردستان لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا ١١کەس لەبەشداربووانی خۆپیشاندەران کوژراون کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەت وحیزب دەسەڵاتدارەوە تەقەیان لێکراوە. هەتا ئێستا هەروەک بکوژانی تری خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ و بکوژانی تیرۆرکراوانی ڕەخنەگرانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان کەساڵانی ڕابردوو کوژراون، بەڵام تاوانباران سزا نەدراون و دادگایی نەکراون. هەروەها لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا ٤٥٠ کەس لە چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی بەهۆی ڕەخنەگرتن لە سیستەمی ئیدارەدان و هەبوونی گەندەڵی ودزی و هەبوونی بێکاری وهەژارییەوە ڕاپێچی زیندانەکانی کوردستان کراون و دۆسییەی تایبەتیان لەدژ کراوتەوە و لەدادگاکان سزادراون و خراونەتە زیندانەکانەوە.
لەبارودۆخێکی فەزایی سەرکوتگەردا پەرلەمان و حکومەت خراپترین ڕۆڵی هەیە بەهۆی بێ هەڵوێستیان درێژەدان بەسەرکوت و چەوسانەوە و گەشەدانی بێکاری و هەژاری لەکوردستاندا. لەناو پەرلەمان زیاتر خۆی نمایش دەکرێت و شاباش لێدانە بەسەر خۆیان و حیزبەکەیان و سەرۆکی حیزبەکەیان، نەک ئەندامانی پەرلەمان کەشەڕ بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی کرێکارو هەژار بکرێت و ماف وئازادییەکان باشتر بەدی بکرێت.
هەر بۆیە شەڕەکان بۆ کەمکردنەوەی باج و دابەزاندنی نرخی غازو بنزین وکارەبا نییە. ئەگەر دەنگە دەنگ و شەڕیش بکەن لەپەرلەمان زیاتر شەڕی خۆنمائیشکردن و ئۆپۆزسیۆن بوونە، بۆدەنگ کۆکردنەوەی هەڵبژاردن ئەمەش ڕاستەوخۆ دەچێتە چوارچێوەی فرێودان و درۆکردن و فێڵکردنە لەخەڵکی چەوساوە و هەژار. پەرلەمان بێ ئەرزش و بێ کاریگەر کراوە ئەوەش بەنەخشە ڕێگای حیزبەکانی دەسەڵاتدار بۆئەوەی باشتر گەشە بەسەرکوت و چەوسانەوەکان بدەن. دەرئەنجامی ئەمە پەرلەمان ئومێدی گەلێکی بەخاک سپارد و فوی لەچراکانی ئومێد کرد ئەمەش بەجێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حیزبەکانی دەسەڵات.
دەتوانم بڵێم حیزبەکان پەرلەمانیان کردووە بە بارەگایەکی گەورەی حزبی. پەرلەمان شوێنی داکۆکیکردن!! لە قووتی میللەت کردوویانە بە شوێنی داکۆکیکردن لە قووتی بەرپرسی حزبی و ماستاوچییەکانیان. لەناو پەرلەمان هەرەشە لێکتری دەکرێت.
چارەسەر لەکۆمەڵگەیەکی لە دەست ئەم گەلە گورگە سیاسییە
کەحکومەت لەبناغەی دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا کەسی ساڵە تەمەنێتی نەیتوانیووە بەمانای وشە حکومەت بێت، کەناتوانێت نان، کار، ئازادی بۆ خەڵک دابین بکات، پەرلەمانێک کەپاش چەندین دەنگدان و هەڵبژاردن نەیتوانووە پەرلەمانێک بێت بۆ داکۆکی لەماف و ئازادی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستان بێت. هەرگیز ناتواندرێت بەهۆی ئەم سیاسییە گەلە گورگانەوە ناتوانێت کۆمەڵگە ئاراستە بکات بەرەو نوێ بوونەوەو شارستانیەت و پێشکەوتن، بەپێچەوانەوە زیاتر ئاراستەی هەژاری و برسێتی و شەڕو ئاوارەیی دەکات لەبەرئەوەی ئەم گەلەگورگە سیاسییەی دەسەڵات بەردەوام لەناوخۆیاندا ململانێی دەکەن لەسەر زیاتر دەست ڕاگەیشتنیان بەسامان و پارەی گشتی خەڵک، کاتێک شەڕ دەکەن خوێنی خەڵک دەڕێژن و دەکەنە قوربانی هەبوونی ئاشتیشیاندا سامان وپارەی گشتی خەڵک دەدزن وتاڵانی دەکەن بۆئەوەی بەردەوام لەژیانی بەهەشت ئاسایان خەڵکیش زیاتر بەرەو هەژاری و برسێتی و ئاوارەیی ملبنێ. کەوایە خەڵکی کوردستان ئەگەر بیەوێت خۆی ڕزگار بکات دەبێت گفتوگۆ و سازشکردن لەگەڵ ئەم گەلەگورگەی دەسەڵاتداران ڕەت بکاتەوە کەبەردەوام پەلاماری کۆمەڵگەی کوردستان دەدەن ژینگە و مرۆڤەکانی لەناودەبەن. لەشەقامەکانەوە بەهێزی یەکگرتوویی خەڵکی ناڕازی گۆڕانکاری دەکرێت بۆهێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر نەک لەپەرلەمانێک کە خەرمانی کۆکردنەوەی پارەو سامانە بۆ حیزبەکان و شوێنی زیادکردنی باج وسەرانە و نەهێشتنی کەرتە گشتییەکانی خەڵکی کوردستانیشە.
ئوپۆزیسیۆنێک کە لەچوارچێوەی خزمەت و سوودی دەسەڵاتی زاڵمدا یاری دەکات پێویستە تڕۆ ڕیسواو شەرمەزار بکرێت. ئۆپۆزیسیۆنێک بەناوی چارەسەری کاتی بۆ ئاو و بەنزین و هەر خزمەتگوزارێکی تر کەدەبێته کوشتنی ناڕەزایەتیەکان و خزمەتکردن بەدەسەڵات. دەبێت ئەوجۆرە ئۆپۆزیسیۆنە ڕیسوا بکرێت. بەدرێژایی سی ساڵە نەتواندراوە قۆناغی خێر و سەدەق بەرامبەر بە خەڵک تێپەڕێنێت. نەدەسەڵات نەئەم جۆرە ئۆپۆزیسیۆنە شەرمنانەو محافیزکارانە دادی گرفت و کێشەکانی خەڵک نادات، چونکە ناتوانن چارەسەری کۆتایی ئەم قەیران وکێشانە بکەن. یاری بەچارەنووسی خەڵک دەکەن لەنێوان شاباش لێدانی دەسەڵات وبەناو ئۆپۆزیسیۆنێکی وەکو ئیسلامییەکان و نەوەی نوێ و حیزبی شیوعی و زەحمەتکێشان لایەنی دەسەڵاتی وەکو پارتی ویەکێتی وگۆڕان وسۆسیالیست وکرێکاران وڕەنجدەران وحیزبە سێبەرەکانی پارتی و یەکێتی. ئەم حیزبانە شەڕ و ململانێ بۆ سوودی حیزبەکانی خۆیان دەکەن، نەک هێنانەدی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان.
سەرجەم سیستەم و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئەم حکومەت و پەرلەمانە گەنیووە، هەتا بمێنێت زیانی زۆر زیاترە لەسوودی بۆیە چارەسەر خۆمادەکردنە بۆ ڕاپەرین و لەگۆڕنانی ئەو جۆرە دەسەڵاتە دزو چەوسێنەرو سەرکوتگەرەیە. بۆ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوەش ڕێگاچارە ئەوەیە خەڵکی ناڕازی هێزی خۆی ڕێکخراو بکات و هێزی خەباتی بێنێتە مەیدان لە ناوبزووتنەوەیەکی جەماوەریدا کە ئامانجی لەگۆڕنانی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە ملهوڕو چەووسێنەرە بێت. هێزی بزووتنەوەی شورایی خۆی بنیاد بنێت بۆئەوەی شۆڕشی هەژاران و چەوساوەکان سەرکەوتووبێت دواتر خەڵک خۆی حکومەتی شورایی دابمەرزێنێت کە تێیدا وەکو مافێکی زۆر سادە هەمووان دەستیان ڕابگات بە نان، کار، ئازادی. ژیانێکی ئاسوودە و شایستە بە خۆیان دابین بکرێت.