”خۆڵەمێش” ن: هەژیر نینا

0

خۆڵەمێش

ن: هەژیر نینا

“تیشکی خۆر گەرمایەکی بەتینی بەجەستەی شار بەخشیوە؛ جمۆجۆڵی مرۆڤەکان شەقام و کۆڵانی تەنیوە، هەر کەسەو باسی نمایشی ” شانۆی” خۆڵەمێش دەکەن” کە قەرارە ئەم ئیوارەیە نمایش بکرێت، خە ڵک هێندە بەتامەزرۆیەوە باسی دەکەن، لەوانەیە تاکو ئێستا شار شانۆی وای بەخویەوە نەدیوە، کە سەیری دارو دیواری ئەم شارە دەکەی بە پۆستەرو لافیتەی ڕەنگاو رەنگی جوان ڕازاوەتەوە و دیمەنێکی تایبەتی بە شار بەخشیوە.

دەر‌هێنەری شانۆکە پیاوێکی چل و سێ ساڵەیە، کە لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ یەکێک لە رۆژنامەکانی ئەم شارە باس لەوە دەکات کە نزیک چوار ساڵە خەریکی نووسینی ئەم بەرهەمە شانۆیە بووە، هەروەها باس لەوە دەکەن کە دەسەڵات زۆر بەگەرمی پێشوازی لەم دەرهێنەرە کردوە و پارەیەکی باشی بۆ ئەم شانۆیە تەرخانکردوە و بە ڵینی بەجەماوەر داوە کە هەر کەس پێ خۆش بێت بەخۆڕای دەتوانێ بڕوات سەیری ئەم شانۆیە بکات، لەبەر ئەوەی مەسئوولیەتی لەسەر ئەرکی دەسەڵاتە، بۆیە کاتێک سەیری دەم و چاوی خەڵکم دەکرد، بە ڕوخسارێکی گەشاوە لەیەکتریان دەڕوانی و سڵاویان بۆ دەسەڵات دەنارد، پیاوێکی تەمەن ٦٥ ساڵە بەلامدا تێپەڕی و لەبەرخۆیەوە وتی: خوایە تۆ خۆت و خۆشەویستی خۆت ئەم دەسەلاتەمان لێ نەستێنی و بۆمانی بهێڵی، لەم قسانەدا بوو کە منالێکی تەمە ن ١٠ ساڵان کە لە دنیای مناڵی خویدا یاری دەکرد، دەنگێکی سەیری لە میزڵدانەکەی هێنا و هەڵات، پیرە پیاوکە ئەو دیمەنەی بە دڵ نەبوو بە تووڕەیەوە وتی: ئەک عەمەر درێژ نەبیت رۆڵە ناوسکم بەرەو بۆوە، کە ئەمەم بیست زۆر پێکەنیم و  لەبەرخۆمەوە وتم ئەمەیە شانۆ!

منیش وەک ئەو خەڵکە چاوەڕێی نمایشی شانۆکەم دەکرد، ئاخری توانیم ئەم شانۆیە ببینم، ئێوەش ئێستا دەتوانن تەماشای کەن.

“پەردەی یەکەم”

بێباك: من ناوم بێباکە کوڕی رەنج و ئازارم، زۆر داوای لێبوردن دەکەم، لێتان تێک نەچێ، مەبەستم ئەوەیە کە لەگەڵ مەینەتی ڕۆژگار گەورە بووم، لە ڕاستیدا من کوڕی ئەبوبەکرو فاتیمەم، ئای دایە گیان زۆر بیرت دەکەم لەوەتەی لەوان دوور کەوتووم، شە و نییە خەونیان پێوە نەبینم.

ئای بیرم هاتەوە، دوێنێ شەو خەونێکی خۆشم بە دایکمەوە بینی؛ دڵنیام لە گێڕانەوەی ماندوو نابن..

بێباك: باشە من خەونەکەم نەگێڕاوەتەوە ئەو ژنە بۆ دەگری؟ هۆڵەکە بێدەنگ بوو، لە ناو هۆڵەکە ژنێک دەڵێت ئەی دایکت بمرێ!!

بێ باك: بەدەنگی بەرز ، ئاخر بۆ دایکم بمرێ؟ دایکم لە شاییەکەمدا سەمای دەکرد، من و بووکەخان قۆڵمان لە قۆڵی یەک کردبوو دەتگوت دنیای ئێمەیە، جارجارەش دایکم هەل هەلەی لێ ئەدا، باوکیشم زەردە خەنەیەکی شیرینی دەکردو زۆر بە دڵێکی شاد لێمانی دەڕوانی، کچان و کوڕانی گەنج بەڕەش بەڵەک عەرزیان وە لەرزە خستبوو، من و بووکەخانیش لە خەڵکمان دەڕوانی و بەخێرهاتنی میوانەکانمان دەکرد، کە داچەڵەکیم!

خۆم لە ژوورەکەمدا بینیوە کە خۆم و هاوڕێکەمی لێ بووین.

بەڕیزان!

ئەوە چوار ساڵە من لەم شارە دەژیم لەم نیشتمانە پان و پۆڕە، هەموو بەیانێک کە لە ماڵ دێمە دەرێ سڵاو، سڵاو بارانم دەکەن، ئەزانن من دوای ئەم چوار ساڵە چ پیشەیەک هەڵدەبژێرم؟

کەسێک لە نێو جەماوەر: ئەبیت بە ئەکتەر؟

بێباك: هاهاها ئێستا ئەکتەرم، باشتر وایە خۆم بیڵێم، من دەبم بە دکتۆر، ئەم چوار ساڵە حکوومەت پاڵپشتم بووە، لە باشترین زانکۆ دەرسم خوێندوە، ئەوەی پێداویستی ژیانم بووە، دەسەڵات بۆی دابینکردووم، لەوە خۆشتر با بۆتانی باس بکەم، ئێوە هێشتا ئەم دەسەڵاتەتان نەناسیوە، زۆر پلانی باش و گرنگی لە دەستووری کاری خویدایە، لە ماوەیەکی نزیکدا هەلی پیشە بۆ هەموو تاکی ئەم کوردستانە دەڕەخسێنێ، ئەوی بێکاریش بێت لە بیمەی بێکاری کەڵک وەردەگرێ، هیچ منالێک لە بازاڕی کاردا ئیتر نایبینین، ئەو هەموو مزگەوتە کە لەم شارەدا هەیە، قەرارە هەمووی برۆخێنن، بەس دوو مزگەوت دەمێنێ ئەوانی تر دەکرێن بە قوتابخانە و شوێنی وەرزش، کەس لەمەودوا نابیسێ کە لەم شارە ژنێک بکوژرێت، ئیتر دەرسی ئایینی لە قوتابخانەکان ناوترێتەوە، ئەوی حەزی لێ بێ دەتوانێ لە ماڵەکەی خویدا جێبەجێ بکات.

لەپڕ دەنگی چەپڵە و فیکە هۆڵەکەی داگرت، نزیک سێ دەققە چەپڵە بەردەوام بوو، دوای کە هۆڵەکە بێدەنگ بوو، کابراێکی ڕیش درێژ هاتە… سەر تەختەی شانۆ و وتی: ها کوڕی کەر دەتەوێ نیشتمانەکەمان گڵاو کەی؟

بێباك: ئەوە تۆ دەڵیی چی من کورێ کەر نیم لەسەرەتاوە خۆم ناساند من کوڕی ئەبووبەکر و فاتیمەم لێشت قبوول ناکەم بەم شیوە لەگەڵ من هەلسووکەوت بکەی، جەماوەر کردیان بە چەپڵە و هەراو کابرایان لەسەر تەختەی شانۆ هێنایە خوارێ.

بێباك: سپاس بۆ هەڵوێستان، ئێوە نیشانتاندا کە دەتوانن پاڵپشتی یەکتری بن گەر ورەی ئێوە نەدەبوو، ئەو کابرا منی دەکوشت، یەکگرتنی ئێوە ئەمڕۆ سەلماندتان کە چارەنووسی دوا رۆژتان، بەس بە هێزی خۆتان دیاری دەکرێ، پێویستە درێژە بە باسەکە بدەم؛ بابەتێکی تر کە پێم باشە ئێوەی لێ ئاگادارکەمەوە، ئەوەیە کە، لەم هەرێمە خەڵکانی تریش لە پارچەکانی تری کوردستان ژیان دەکەن، هەر لەپەنابەر بگرە هەتا ئەو کرێکارانەی کە بۆ کار هاتوونەتە ئێرە، قەرارە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان یارمەتی و کار ئاسانی بۆ ژیان و گوزەرانیان بکرێت، ئەو پەنابەرانەی کە زیاتر لە سێ ساڵ لەم هەرێمەن بە زووترین کات بۆ وڵاتی سێهەم بە ڕێ دەکرێن

دووبارە چەپڵەرێزان هۆڵەکەی داگرت، بەدەم چەپڵەرێزان سێ میدیاکار بە کامێراکانیانە وە هاتنە تە ختە ی” شانۆ:

یەکەم میدیاکار : دکتۆر چ هەستێکت هەیە؟

‌بێباك: بەدەنگی بەرز پێدەکەنی هەستێکی خۆشم هەیە بەم زوانە دوکتۆراکەم تەواو دەکەم. دووهەم میدیاکار: خەڵکی کام وڵاتی؟

بێ باك: هاهاهاها من ئینگلیزی قسە ناکەم منیش وەك تۆ کوردم، ڕاستی مەگەر تۆ، من بە هاونیشتمانی خۆت نازانی؟

بەو نیشتمانە شتێکم بیر هاتەوە( ئەرێ بەڕاست ئێوە لەم نیشتمانەی خۆتان ‌چەندە ئاسوودەن، ئەزانم هیچ لاریەکتان لەم دەسەڵاتە نییە، بەڵام حەزم کرد لە زمانی خۆتانەوە ببیسم، ئەو کچە گەنجە، بە ئاماژەی دەستی؛ ئائا تۆ!

تۆ لە سیماتا دیارە زۆر بوێری، رەنگە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هەروەها کرداری دەوروبەرت وای کردبێت کە هەست بە ئازادی و بەختەوەری بکەی لەم کۆمە ڵگەیە ( ئازادی ئازادی! جارێکیان لە پارکی ئازادی کچ و کوڕێکم بینی دەمیان لەناو دەمی یەك خستبوو، یەك تاقە بەشەر سەیری ئەو کوڕو کچەی نەدەکرد، تەنیا من نەبێ ئەتگوت هەر بەشەرم نە دیبوو، لە ڕاستییدا تا ئەو ساتە دیمەنی وا سە یرم نەدیبوو( دەم و پڵی دەڵێستێتە وە) بە دەنگی بەرز

ئاە ئاە . … بەخوا منیش خوێڕیم، ئاخر سەقافەتی دکتۆر دەبێ وابێ

میدیاکارەکان گەمارۆی شانۆکارەکەیان داوە، دەتگوت شەڕە عەشیرەیە

میدیاکاری سێهەم: ئاخر تۆ باسی ئەوەت کرد کە لە وڵاتێکی ترەوە هاتوی

بێباك: بە تووڕیەوە، بۆ تۆ چ جیاوازێکی  هەیە من لە کوێ هاتووم، ئەتەوێ چی بەمن بڵیی؟

میدیاکاری یەکەم: بەختەوەری چۆن پێناسە دەکەی؟

بێباك: ئەرێ باشە ئێوە بۆ تە حقیق هاتوون، یان بۆ سەیری شانۆ، هەست دەکەم لە زمانی ئەدەب نامۆن، دە لێم گەڕێن با دەورەکە تەواو کەم، باسی بەختەوەری دەکەی، من هێندە بەختەوەرم، زۆرجار بەدەست بەختەوەریەوە گیرم خواردوە، ئەوەتە من دوو رۆژی تر دەبم بە دکتۆر، پێتان سە یر نەبێ کە شانۆ کارم!

تۆش دەبێت دەوری ژیان بگێڕی، بیستوومە سەرۆکی هەرێم بڕیار وایە دەوری مامۆستاێک بگێڕێ، ئەو مامۆستایە کە چەن ساڵ لەمەوبەر، تێر شەقیان کرد، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی هەرێم، ئاخر چۆن هەست بە بەختەوەری ناکەم، ژیان خەریکە بە ئاراستەیەکی تر خۆی دەگۆڕێ، بەڵام نەسیحەتێکم بۆ سەرۆک هەیە، پێش ئەوەی بێتە سەر شانۆ، ئاگای لەگەڵ و قوونی بێت ئەگەر بۆی کرا برێک ئاسن بە خۆیا هەڵواسێ، لەبەرئەوەی دەورەکەی زۆر قورسە، ئەرێ قورسە، قورسە

دەس بە قوونیەوە دەگرێ و هەست بە ئازار دەکات.

(پەردەی دووەەم)

تەختەی شانۆ تاریکە

دوای چەن ساتێک ڕووناکییەك دەردەکەوێ

گڕ، گڕ، بێباك هەڵدێت

بێباك: ئای هاوار ئای هاوار، فریام کەون، بەدەم ئازارەوە، دەناڵێنێ و روو بە جەماوەر دەڵێ: من پەشیمانم واز لە دوکتۆری دێنم، لە کاتێکدا کە هەناسە دەدات ،دەڵێت: من دەبم بە ئاگر کوژێنەوە

دەنگی سەیارەی ئاگر کوژێنەوە، تەواوی هۆڵەکە دادەگرێ

تەختەی شانۆ تاریک دەبێت، مشتێک “خۆڵە مێش” هۆڵێکی چۆڵ، هەر دەڵیی لەسەرەتاوە کەسی لێ نەبووە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.