چۆن بەرەنگاری ڕەوتی فاشیزم دەبینەوە لە کوردستان؟ نووسینی: فاتیح عەباس بەشی دووەم و کۆتایی
چۆن بەرەنگاری ڕەوتی فاشیزم دەبینەوە لە کوردستان؟
نووسینی: فاتیح عەباس
بەشی دووەم و کۆتایی
لە عێراق وسوریاش بەعس لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستی، و گەڕاندنەوەی رابردوو کە عەرەب زاڵ و باڵادەست بوون دامەزرا. ئایدیۆلۆژیاکە لەسەر بنەمای جیاکاری و دوژمنکاری هاوشێوەی نازیزم و فاشیزم تیۆرێزەکرا بوو، بۆیە ڕەوتی فاشیستی بەخۆیەوە دەگرت و ئەو سروشتەی تێدابوو، لە ١٩٦٣ لە عێراق کودەتایەکی سەربازیان کرد، ڕەشەکوژیان ئەنجامدا، و کە سەدام دەسەڵاتی گرتە دەست، بەعسی کردە حیزبێکی توندڕەو و دەوڵەتێکی مافیایی، سەرکوت و تیرۆر و بێسەروشوێنکردن، ترس و تۆقاندن بەشێک بوو لە سیمای دەسەڵات لە ماوەی ٣٤ ساڵی حوکمرانیدا، کە بە دەوڵەتی رێکخراوە نهێنیەکە ناوزەد دەکرا. تا پرۆسە بەدناوەکانی ئەنفال، و کیمیا باران، و کوشتنی بە کۆمەڵ، و گۆڕە بە کۆمەڵەکانی بەدوادا هات ئەو کردەوانە هاوشێوەی هۆلۆکۆست، و کۆمەلکوژی ئەرمەنەکان بوو.
رژیمی مەزهەبی ئێران کە لەسەر شیعەگەری ئایینی بنیاتنراوە، لە سەرکوت، و داپڵۆسین، و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ڕاوەدونانی ئازایخوازان، گرتن و کوشتن چی لە تورکیا و عێراق و سوریا کەمتر نییە. ئەوەندە بەسە کە لە وەسفی سیاسی دەوڵەتەکە بە کۆماری سێدارە دەناسرێت.
لە کوردستان بە گشتی و لە باشور بەتایبەتی، کاریگەری هەژمونگەری ئایینی، خێڵەکی، کولتوری توندوتیژی قۆناغەکانی ڕابردوو، نەبوونی شۆرشێکی دیموکراسی راستەقینە کە زادەی گەشەی سروشتی کۆمەڵگە بێت و ببێتە مایەی وەرچەرخان و گۆڕانکاری. کاتێک فکری سیاسیش چەکەرەی کرد، و هێزی سیاسی جیاجیا لە کوردستاندا هاتە کایەوە، ناکۆکی و ململانێی بەردەوامی جەلالی و مەلایی، سیمای هەلومەرجە سیاسیە نوێیەکە رەتکردنەوەی جیاوازی و بەیەکەوە هەڵنەکردن، بگرە کارکردن بۆ نابودکردنی یەکتر بوو. ئەمانە هەمووی گیانی توندوتیژی و شەڕانگێزی و خوێن ڕشتنیان پەرەپێدا، کە لە شەڕی ناوخۆدا گەیشتە ڕادەی پەلکێشکردنی سوپای وڵاتانی بێگانە و داگیرکەری کوردستان. ئەگەرچی ناسیونالیزمی کوردی لە خەباتی شاخ چ لەشار مژدەی نەهێشتنی ستەمی میللی دەدا، بەڵام ئەورۆ دوای سی ساڵ لە حوکمڕانی دەرکەوت ئەو بانگەشەیە درۆیەکی پروپوچ و بێ مانایە، سەرکوت، ڕفاندن، هەڵکوتاتە سەر ماڵان، ترس و تۆقاندن، تیرۆر، تەقەکردن لە خۆپشاندەران، سیناریۆ دروستکردن و تۆمەت بەخشینەوە، گرتنی رۆژنامەنوس و بەرتەسکردنەوەی پانتایی ئازادی مۆرکی دیار و ڕوونی دەسەڵاتی کوردیە. تیرۆر و توندوتیژی سیاسی زۆرتر پەیوەندیان بە دەسەڵاتی کەسایەتیەکان و ئایدیۆلۆژی حیزب یان حکومەتەوە هەیە، دەسەڵات و ئایدیۆلۆژی تاک یان تاکڕەوی مەترسیدارترین توندوتیژی و زەبروزەنگ بەرهەم دێنێ.
یەک لە خەسڵەتە دیارەکانی فاشیزم دامەزراندنی دەزگای نهێنی و تایبەتی سەرکوتە، بۆ هەڵکوتانە سەر خەڵک و تیرۆر و بێسەروشوێنکردنی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانی، و گرتن و ئەشکەنجەدان، و بڵاوکردنەوەی کەشوهەوای ترس و تۆقاندنە، یان بەکورتی بۆ ئەنجامدانی کاری قێزەوەن و دەرەوەی یاسا. گستاپۆ پۆلیسی نهێنی فەرمی ئەڵمانیا بوو لە سەردەمی نازیزم، ئەوە بەناوبانگترین و نهێنیترین دەزگای ئاسایشی ئەڵمانیا و تەنانەت دنیا بوو، کە بەرپرسیار بوو لە کوشتن و گرتن و وێرانکردن، و زیانی بە ژیانی ملیۆنان کەس گەیاند. سیناریۆی سوتاندنی رایشتاخ، و هۆلۆکۆست، دوو نموونەن لە کارە قێزەوەنەکانی ئەو دەزگایە. دەزگای ئۆڤرای ئیتالی هاوشێوەی گستاپۆ، پۆلیسی نهێنی ئیتالیا و مۆسۆلینی بوو، بۆ رووبەرووبوونەوەی خێرای هەر کاردانەوەیەکی خراپ و دوژمنکارانە بەرامبەر فاشیزم، و تێکەلی هەموو ژیانی ئیتالیەکان بوو. لەمرۆدا میتی تورکی لە کوشتنی چالاکوانانی شۆرشگێر لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا هەمان ڕۆڵی گستاپۆ و ئۆڤرا دەگێرێت. لای خۆشمان باس لە هەندێ دەزگای نهێنی، و دەرەوەی یاسا مایەی زیاتر ناشیرینکردنی ئەزمونی حوکمڕانییە لە کوردستان.
بە بروا و دیدگای فاشیستەکان سەرمایەداریی باشە، تا ئەوکاتەی کۆمپانیاکان خزمەت بە پێویستییەکانی سەرکردایەتیی فاشیست و خەڵک دەکەن. سەرمایەداریی وەڵامدەرەوەی سەرسامبونیانە بە (مانەوەی بەهێزترین). ئەو دەستەواژەیەی لەلایەن داروینیستی کۆمەڵایەتی هێربێرت سپێنسەرەوە داڕێژراوە. لەبەرامبەردا سۆسیالیستەکان وەسفی فاشیزم دەکەن، دیاردەیەکە لە دیاردەکانی شکست و داڕمانی سەرمایەداری، و ئامرازێکی دەستی سەرمایەداریە بۆ سەپاندنی ستەم و زۆرداری لە کاتی قەیران و تەنگژە ئابوریەکاندا، و وەلامدەرەوەی سیاسیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئالینگاریەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم. سەرمایەداری لە کاتی دیاریکراودا پەنا بۆ ئەو هەنگاوانە دەبات بۆ سەپاندنی بڕیاری پێوست و بەهێزکردنی هەژمونی کۆمپانیا زەبەلاحەکان. ئەو ڕەوتە فاشیستیە ئەورۆ دونیای سەرمایەداری گرتۆتەوە و مەترسیە لەسەر دیموکراسی. لە ژێر ئەفسانەی پڕوپوچی رەگەزی و ئایینی دەمارگیری توندڕەوی بڵاودەکەنەوە، پەنا بۆ کاری توندوتیژی و تێکدەرانە دەبەن. ئەوەی لە سەردەمی حوکمی ترامپ بینرا، ڕەوتێک بەرژەوەندی رەگەزی سپی پێستی دەکردە بنەما، و دەرگای لە پێش رەگەزپەرستی و دژایەتی کۆچبەران دەکردوە. هێرشکردنە سەر بینای کۆنگرێسی ئەمریکا و فشار دروستکردن، و لەرابردوش لە بەیەکداچوونی سپی پێست و رەشپێستەکان، و زیادبوونی گرژی ناو کۆمەڵگەی ئەمریکا نموونەن بۆ ئەو ڕەوتە لە فاشیزم کە لە پەرەسەندندایە.
سۆسیالیستەکان لە کاتی خۆیدا بۆ بەرەنگار بوونەوەی فاشیزم لە ئەوروپا داوای بەدیهێنانی پشتگیری جەماوەری، و بۆ قۆناغێکی گواستنەوە و دژایەتیکردنی فاشیزم، پێشنیازی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوویان کرد، دابەشبوون و پارچەبوونی سۆسیالیستەکان کاریگەری نەرێنی هەبوو. سۆسیالستەکان دەبوایە بەکردەوە سروشتی شۆڕشگێرانەی راستەقینەی خۆیان دەربخەن، بەتایبەتی لەو کاتەی گروپەکانی فاشیزم لە سەرەتاکاندا خەریکی سوتاندنی نوسینگەی رێکخراوە سۆسیالیستیەکان و سەندیکا و رۆژنامە کرێکارییەکان بوون. تاکە رێگایەک بۆ وەستاندنی ئەوە پێویستی بە هاوکاری فراوانی سۆسیالیستەکان و خەڵک دەکرد. ئەگەرچی لە ئیتالیا دەزگای دژی فاشیزم پکهێنرا بۆ بەرپەچدانەوەی فاشیستەکان، و بۆ کاری نمایشی سەر شەقامەکان، و بە دیهێنانی سۆز و مەیلی خەڵک، و سەندیکاکانیش پاڵپشتیان کرد. بەڵام ئەوەندە بەس نەبوو بۆ ئەوەی سنورێک بۆ فاشیزم دابنێ، فاشیزم دەرفەتی سەختی دۆخی سیاسی و ئابورییان قۆزتەوە، و پیرۆزکردنی دەوڵەت و کەسی کردە بنەمای فکری کە بنکەی مێژوویی فاشیزمی لەسەر بنیات نرا، و ڕەگی نەتەوەپەرستی بەسترایەوە بە دەوڵەتی کۆنی ڕۆمانی، و خەونی سیاسیەکانی ئیتالیا، و تەنانەت میکاڤیللی لە سەردەمی خۆی بیری بۆ گەڕاندنەوەی ئەو قۆناغە درەوشاوەیە لە مێژووی ئیتالیا کردبووەوە، کەنیسە بەناوی پارێزگاریکردن لە بەهاکانی خێزان دایە پاڵ فاشیزم، موسۆلینی، هیتلەر، فالانگیستەکان لە ئیسپانیا، بۆیان دەرکەوت کە پێویستە لەگەڵ کڵێسا هەڵ بکەن، نەک جێگۆڕکێی بە کەنیسە بکەن لە وڵاتەکانیان، تا ئەو کاتەی کەنیسە دژیان نییە.
سۆشیالیستەکان بۆ خەبات دژی فاشیزم هەوڵی پاراستن و بەهێزکردنی ئامراز و هۆکاری وەک رێکخراوەکان و رۆژنامە و گردبوونەوە، بەرەیەکی فراوانی شۆڕشگێڕان، و چەپەکان، و دیموکراسیخوازان، و خەڵکی بە پێویست دەزانی، هەر یەکە بەرنامە و دیدگای خۆی بپاریزێت و کاری هاوبەش دژی فاشیزم بەیەکەوە بکەن، کە فاشیزم مەترسی بوو لەسەر کاری سیاسی و سەندیکایی، و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە، و رێگر بوو لە بەرەوپێشچوون و گۆڕانی ئاشتیانەی ڕووداوەکان، و سەپاندنی دەسەڵاتێکی میللیتارێزە کراو بوو.
فاشیزم ئێستا تەمەنی سەدەیەکە، لەگەڵ بێنیتۆ موسۆلینی و هاوپەیمانەکانی لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد، سەرهەڵدان و بەهێزبوونی گروپ و رێکخراوە فاشستیەکانی ئەو سەردەمە تەکانێکی تری بەو ڕەوتەدا لە ئەوروپا، دواتر نازیەکان لە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٣٣ دەسەڵاتیان گرتە دەست و بەهێز بوون، فاشیزم بووە مەترسی لەسەر چارەنوس و داهاتووی ئەوروپا و جیهان.
لە سەرەتادا شۆرشگێڕان و سۆسیال دیموکراتەکان ئەوەندە فاشیزمیان بە مەترسی و رێوشوێنی پێویستیان نەگرتەبەر، بەتایبەتی کاتێک ئەو ڕەوتە هێشتا لە رووی سیاسی و گروپی چەکداری و دەزگای نهێنیەوە لاواز بوو، بەڵام بەردەوام کاریگەری ئەو ڕەوتە لە زیادبووندا بوو، و گرفتە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی دوای شەڕی جیهانی، و داڕمانە ئابوریە گەورەکەی ئەمریکا لە ساڵی ۱۹۲۹ کە بۆرسە هەرەسی هێنا، و بە سێ شەمەی ڕەش ناونراوە، کاردانەوەی لەسەر وڵاتانی تر هەبوو، و دەرفەتی لە پێش گەشەی فاشیزم کردەوە. وەستانەوە بەرامبەر فاشیزم و دروستکردنی بەرەیەکی فراوان لە شۆڕشگێڕان و سۆسیال دیموکرات و خەڵک بۆ بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم بووە پێویستیەک کە ناکرێ چیتر دوابخرێت. لیۆن ترۆتسکی یەکێ لە سەرکردەکانی شۆرشی ئۆکتۆبەر، لە ساڵی ١٩٣١ لە سەر ڕەوشی ئەڵمانیا زۆر بەوردی پێکهێنانی بەرە، و ئەرکەکانی شۆڕشگێڕان لەو قۆناغە دەخاتە ڕوو، و دەڵێت” پێویستە راستەوخۆ بەرەیەک دژی فاشیزم دروستبکرێت، لە هەمانکاتدا ئەو بەرە هاوبەشە کە کرێکاران بە گشتی دەگرێتەوە، و لە بنچینەدا بۆ خەباتی راستەوخۆیە دژی فاشیزم، لە خەبات دژی سۆسیال دیموکراتەکان وەک خەباتی لاوەکی سودی لێ وەرگیرێت، و نابێ لەو دوو بوارەدا هیچیان کاریگەری لە ئەوی تر کەمتر بێت. دەبێ بەکردەوە ئامادەیی تەواومان هەبێ بۆ خەبات دژی فاشیزم، و لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکان یەک ئاراستەی هاوبەش پێکبهێنین، لە هەموو ئەو بارانەی ئەوان یەکێتی و کارکردن بەیەکەوەیان دەوێ، کە ململانێی واقیعی لەگەڵ فاشیزمە. گومانی تێدا نییە کرێکاری سەر بە سۆسیال دیموکراتەکان هەیە، سەرەرای ویستی رێکخراوەکانی سۆسیال دیموکرات تەنانەت دژی خواستی ئەوان، ئامادەی خەباتە لەگەڵ کرێکارانی شۆڕشگێر دژی فاشیزم. لێرەدا دروستکردنی پەیوەندی متمانەپێکراوی باش لەگەڵ چالاکوانی پێشکەوتووی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتەکان بەروونی پێویستە. هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردن و سازشی پەرلەمانی نێوان سۆسیالیستە شۆرشگێرەکان و سۆسیال دیموکراتەکانە (ریفۆرمیستەکان) وەک بنەما لە بەرژەوەندی ریفۆرمیستەکانە، لەکاتێکدا هاوپەیمانێتی کرداری بۆ بزوتنەوەی جەماوەری و بۆ خەبات هەمیشە بە قازانجی حیزبی شۆرشگێر دەشکێتەوە و لە بەرژەوەندی ئەودایە “.
پرسەکە پەیوەست بوو بە داهاتووی وڵات و سۆشیالیزمەوە، پێکهێنانی بەرەیەکی فراوان کاری لە پێشینە بوو، بەرە یەکلاکەرەوە نەبوو، بەڵام توانا و هێزی دەبەخشی. سۆسیالیستەکان لەململانێ دژی فاشیزم هەوڵی بەهێزکردنی کەرەستە و ئامرازەکانی خەباتیان دەدا، هەر لەوکاتەدا گفتوگۆی لەسەر پەروەردە و راهێنان و چەکدارکردنی گروپە کرێکارییەکان دەکرا، بێ چەک هیچ هێزێك تەنانەت جەماوەرە هەرە ئازا و بوێرەکەش، نەیدەتوانی بەرەنگاری پەلامار و هێرشی چەکداری فاشیستەکان بێتەوە. لە بەرامبەر ئەوانە گروپە فاشیستیەکان هەوڵی تێکشکاندنی رێکخراوە کرێکاریەکانیان دەدا، خۆیان بەهێز دەکرد، و بێ هیواییان لەناو کرێکاران بلاودەکردەوە. لە سەرەتا گرنگی بەو رەفتارانەی فاشیستەکان نەدرا، بەڵام بێ ئیرادەیی بۆ خەبات بڕوای چینی ناوەڕاستی بە سۆسیالیستەکان و چینی کرێکار نەهێشت، ئەو شیعارانەی لەو کاتە هەموو رۆژێ بلاودەکرانەوە، (بەرەی یەکگرتوو بەربەستە بەرووی فاشیزم ..)، (بەرەی یەکگرتوو رێگە نادات ..)، (فاشیستەکان ئەو بوێریەیان نییە..)، …هتد، ئەو دەستەواژانە نەیدەتوانی سنورێک بۆ زێدەرۆیی فاشستەکان دابنێ، و تەنها سۆسیالیستەکان خۆیان هەلدەخەڵەتاند. بێ هەلوێستی و بەهەند وەرنەگرتنی لەسەرەتاوە ڕێگەی لەپێش فاشیزم کردەوە، کە دواتر بەرەیەکی فراوانی جیهانی بە زیانێکی زۆر، توانی زاڵ بێت بەسەر فاشیزمدا.
ئەزمونی مێژوویی دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی فاشیزم بهر لهوهی ببێت به كردار، لهناو فكردا بناغهی بۆ داڕێژراوه، بهبێ پێشینهی تیۆری، هیچ فاشیستێكی ناو مۆدیله سیاسییەکان چنگ ناكهوێت. لە کوردستاندا لە دوای کارەساتی شكستی ١٩٧٥، حیزبە سەرەکیەکان بەڕادەیەکی بەرچاو لەسەر بنەمای نابودکردنی یەکتر و پیرۆزکردنی سەرکردە یان بنەماڵە خۆیان زیندو کردەوە، خولێکی نوێی سیاسی و ململانێ کە درێژکراوەی رابردوو بوو دەستپێدەکاتەوە. بەیەکەوە هەڵنەکردن و رەتکردنەوەی جیاوازیەکان کە ئەورۆش بەردەوامی هەیە، شوناسی رابردوو و قۆناغی ئێستایە، شەڕە خوێناویەکان، دیل کوشتن بێسەروشوێنکردن، تاڵانکردن، گرتن و تیرۆر گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن.
لە کوردستاندا لە لایەکەوە بەو پاشخانە سیاسیە مەترسی فاشیزم هەیە، کاتێک ئەوە هەر فکر و ئایدیۆلۆژیایەک نییە، بەڵکو هەلقوڵاوی مێژووی بزاڤی کوردایەتیە. لە لایەکی ترەوە تا ئێستاش ئەو سیستەمە حوکمرانیەی بەعس پێش راپەرینی ١٩٩١ لە کوردستان هەبوو کە لە سەر بنەمای سەرکوت و دژە ئازادی و کۆنەپەرستی بینا کرابوو، بەشێوازی دەزگاو دامەزراوە و پەیرەو و نەریتی کۆمەڵایەتی درێژەی هەیە. دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین دەرەنجامەکانی ئەمەش بە کردەوە رەنگدانەوەی بەسەر خەڵک، و کاریگەری لەسەر چارەنوس و داهاتوو هەیە. چۆن شۆڕشگێڕان بەرەنگاری ئەو ڕەوتە و مەترسیەکانی دەبنەوە؟! ئایا شۆڕشگێڕان و سۆشیالیستەکان و نارەزایەتیەکانی شەقام و خۆپیشاندانەکانی خەڵک، دەتوانن ببنە بەرەیەکی فراوان دژی ئەو ڕەوتە؟!
چاوەڕوان دەکرا لەگەڵ چوونە پێشەوەی دۆخە جیهانیەکان کوردستانیش کەم و زۆر ئالوگۆڕی بەسەردا بێت، و دەستکەوتی خۆی لەو گۆرانکاریانە هەبێت، بەڵام ئەوە نەهاتە دی، رێگەی دیموکراسی و هەڵبژاردن بەرهەمی نەبوو، ئەو جۆرە دەسەڵاتانە دیموکراسییش رەتدەکەنەوە، و هەڵبژاردن ساختە دەکەن. لە دیموکراسییدا دەنگدەران دەتوانن بڕیار لە سیاسەتەکان بدەن، ئەم شێوازەی دەسەڵات دژ بە هەموو ئەو هەوڵانەیە. بۆیە نەزانی و نەفامیە ئەگەر گرەو لەسەر هەڵبژاردن و گۆرانکاری لەو رێگەیەوە بکرێت، بانگەشە بۆ ئەم مەبەستە پڕە لە چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندن، لە ناوخۆ فشار دروست کرا، و خۆپیشاندان و راپەرینی جەماوەری وەک ئەوەی لەسەرتاسەری دونیا هەیە تاقی کرایەوە، بۆ ئەوەی دەسەڵات ناچار و ملکەچی گۆڕانکاری بێت. ئەم بزوتنەوەی خەڵک لە نائامادەیی بە شکستخواردو کۆتایی هات، خەڵک بێ ئیرادە کرا، بەڵام پەند و ئەزمونیشی بۆ بزاوتەکانی داهاتوو بەجێهێشت. دەسەڵات لەم دۆخە ئاڵۆزە سود لە ناکۆکی سیاسی و پەرتەوازەیی نەیارەکان وەردەگرێت، و گروپە نهێنیەکانی کارە قێزەوەنەکانیان بە رووی دەنگە ئازا و بوێرەکان درێژە پێدەدەن. دەیانەوێ بەردەوامی بە دۆخە بنبەست و چەقبەستوەکەی بدەن.
بۆ بەرەنگاربوونەوە بەرەیەکی فراوان لە شۆڕشگێڕان وسۆشیالیستەکان و دیموکراتخوازان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەنگە نارازییەکانی شەقام کارێکی هەنوکەیی و لەپێشینە و ئەخلاقیە بۆ رێگرتن و وەستانەوە دژی ئەم ڕەوتە. دەکرێ ناکۆکیەکان سڕ بکرێن خەباتی سەرەکی بۆ رووبەرووبوونەوەی فاشیزم بێت، بەرنامەیەکی تۆکمە، لە رووی کرداری و بابەتیەوە روون و ئاشکرا بێ و بە ئاراستەی ئامانجەکە بێت، دوور بێ لە بانگەشەی بێ مانا، بە ئامادەیی و رێکخراو بوون، و ئاسۆ و ئەلتەرناتیڤێکی رۆشنەوە، لەگەڵ دیاریکردنی چۆنیەتی رووبەرووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتێکی دوور لە خەڵک، ئەمە درز و وازهێنان لە رێزەکانی فاشیزم و پاشەکشە بەو ڕەوتە و سەرکەوتن مسۆگەر دەکا. ئەگەر پێش ١٩٢١ لە ئیتالیا دژی فاشیزم هەنگاو بنرایە؟ و لە ئەڵمانیا پێش ١٩٣٣ و سوتانی رایشتاخ بەربەست دروستکرابایە، ئەوەندە زیان بە بزوتنەوەی سۆسیالیستی و دونیا نەدەگەیشت.
پاراستن و بەهێزکردنی کەرەستە، و ئامرازەکانی خەبات دژی فاشیزم لە رێکخراوە و رۆژنامە و سود وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، و راکێشانی چینی ناوەراست بۆ ناو ململانێیەکە، توانا بە بزوتنەوەکە دەبەخشێت. فاشیزم و گروپە فاشیستیەکان بەردەوام بێ هیوایی و بێ متمانەیی لەناو خەڵک بلاودەکەنەوە، نەرمی، و نەرێنی، و بێ هەلوێستی بەرامبەر دەقۆزنەوە.
ململانێ و خەبات دژی فاشیزم خەباتە بۆ دیموکراتیزەبوون، و وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی و ریفۆرم، لەمەدا نۆژەنکردنەوەی ناسنامەی ئایدیۆلۆژی و رۆشنگەری کاری گرنگ و پێویستە. لەگەڵ تێکۆشانی چڕی گۆرانکاری لە سیستەمی کۆمەڵایەتی، و دەربازبوون لە بیری نەتەوەپەرستی سادە و خێلەکی و دەمارگیری، بەرەو دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی کە رۆژ بە رۆژ پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێ. شۆرشی زانستی تەکنۆلۆژی ئەم ئاراستەیەی خێراتر کردوە، ئەمە دەرگا لەپێش ریفۆرم وەک قۆناغێکی جیاواز لە توندوتیژی و وێرانکردن دەکاتەوە. لە جیاتی شەڕی خوێناوی و سەرکوت و کاری تێکدەرانە، ریفۆرمی ریشەیی و هەنگاو هەنگاو دەبێتە بەرنامەی هێزە کۆمەڵایەتیە شۆرشگێرەکان، ئەمەش ناوەرۆکی شۆرشی دیموکراسیە، کە ئەوە بە فشار و جولانەوەیەکی گشتگیری کۆمەڵایەتی دێتە دی، و دەسەڵاتێکی یەک ڕەنگی دروست دەکات.