چۆن بەرەنگاری ڕەوتی فاشیزم دەبینەوە لە کوردستان؟ نووسینی: فاتیح عەباس
چۆن بەرەنگاری ڕەوتی فاشیزم دەبینەوە لە کوردستان؟
نووسینی: فاتیح عەباس
ڕەوتی فاشیزم لەسەر بنەمای دروشمێکی دەوڵەتی رۆمانی کۆن، ناویان لە بزوتنەوەکەیان ناوە فاشەکان؛ ئەمە سەرەتای مێژوویی ئەو دیدگایە بووە. تەورێک دەستکەکەی بەتوندیی بە چەندین دارەوە توند و بەهێز کراوە، وەک هێمایەک بۆ یەکێتیی هێز لە دەوری یەک سەرکردەدا دەکات .
گرنگە ئەوە جیابکەینەوە کەچی فاشیزمە و چی فاشیزم نییە؟ چۆن برۆیش مامۆستای زانکۆ دەڵێ (فاشیزم زیاترە لە دیکتاتۆریی، جیاوازە لە دەستەڵاتخوازیی سادە کە جۆرێکە لە حکومەتی دژە دیموکراسیی لەلایەن کەسێکی بەهێزەوە یان لەلایەن بژاردەیەکی بچوکەوە بەڕێوەدەبرێت، و جیایە لەو دەسەڵاتەی… لەسەردەمی ستالین و دواترەوە لە سۆڤیەت هەبوو، دەستەڵاتخوازیی لەگەڵ بیرۆکراسیی باڵادەست و کۆنترۆڵی ئابوریی). فاشیزم لە سادەترین پێناسەیدا ئایدیۆلۆژیایەكی سیاسییه، ئهفسانهی (نهژادی باڵا) و ناسیۆنالیزمی توندڕهو، دژایهتی نهژادهكانی تر دهكاته توخمی سهرهكیی پێكهاته و دروستبوونی خۆی، لەسەر پیرۆزکردنی سەرکردە یان حیزب بنیات نراوە، دژە دیموکراسیە و هەموو جیاوازییەکان ڕەتدەکاتەوە، ئەوانەی بەرامبەریان دەوەستنەوە بە سیخور و ناپاک تاوانباریان دەکات، دروستکردنی سیناریۆ بۆ کاری قێزەوەن بەشێکە لە کردەوەکانی، لەلایەن کەسێکەوە یان گروپێکی بچوک قۆرخی دەسەڵات دەکات، و سەرکوت و ستەم و توندوتیژی مۆرکی ئاشکرا و دیار، و بەدگومانی و پیلانگێڕی بەشێکن لە ڕەفتار و ئاکاری. بۆ تێکشکاندنی ئۆپۆزسیۆن، و نەیارەکانی پشت بە گروپی چەکدار، و دەزگای نهێنی و تایبەت دەبەستێت. بە تێڕوانین و دیدگای سۆسیالیستەکان، فاشیزم بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی خەڵکە کە سەرمایەی گەورە دەیجوڵێنێت. هێز و سەرچاوەی لە بۆرژوازی بچوک، و خەڵکی پەراوێز خراوەوە وەردەگرێت، و ڕەنگدانەوەی دیکتاتۆرییە بە پشتگیری کەمینەیەک لە خەڵک.
جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان فاشیزم و دیکتاتۆری هەیە، دیکتاتۆری سەرکوت و داپلۆسینە بۆ ئامانجی سیاسی جۆراوجۆر، وێنەیەکە لە وێنەکانی دەسەڵاتی ڕەها. دەسەڵات بەستراوەتەوە بە حوکمی تاکە کەس وەک لە شانشینی، یان گروپێک وەک لە عەسکەرتاری یان حیزبی سیاسی. دیکتاتۆرەکان هەمیشە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی پەنا بۆ هێز و فڕوفێل دەبەن، توندوتیژی و ئامرازی پروپاگەندە و درۆ بەکار دێنن. دکتاتۆرەکان کۆمەڵێ تایبەتمەندی و ڕوخساری خۆسەپاندن، تەسککردنەوەی زۆری ئازادییە مەدەنییە جۆراوجۆرەکان، ناچارکردنی هاووڵاتی بە هەندێ کاری دیاریکراو و خزمەتگوزاری بە کۆمەڵ لە جیاتی کاری هەرەوەزی خۆبەخش و کاری کۆمەڵە سەربەخۆکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کاری دوژمنکارانە و سەرکێشی، گرتنەبەری ئامرازی سەرکوتی جیاواز بۆ کۆنتڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بڵاوکردنەوەی تیرۆر و ترس بۆ تۆقاندنی هەموو خەڵک و دەستگرتن بەسەر دەسەڵات. لەکاتێکدا فاشیزم ئایدیۆلۆجیا و بزوتنەوەیەکی سیاسیە، زۆر خراپتر و زێدەترە لە دیکتاتۆری.
لە نێوان شەڕی جیهانی یەکەم و دووەمدا فاشیزم بنەمای فکری و ئایدیۆلۆژی گەیاندە ئاستێکی کاریگەر و مەترسیدار. بەپێی دونیابینیە فاشستیەکەی هەوڵی رێکخستنەوەی کۆمەڵگەیدا، کە خۆی لە شکۆی وڵات و نەتەوە و پیرۆزکردنی سەرکردە و توندوتیژی دەبینیەوە. فاشیستەکانی ئیتالیا هەر زوو کەوتنە ململانێ لەگەڵ سۆسیالیستەکان و تیرۆر پەرەی سەند. لەو کاتە کە پێگەی جەماوەری فاشیستەکان زێدە بوو لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٢ خۆپیشاندانی گەورەیان ڕێکخست، و بەرەو ڕۆما ڕێپێوانایان دەستپێکرد. نیازی یاخبوونێکی چەکداریان هەبوو. بەڵام مەلیکی ئیتالیا ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی بۆ ئابڵوقەدانیان ڕەتکردەوە، ئەمە هەڵەیەکی مێژوویی بوو، و مۆسۆلینی کردە سەرۆک وەزیرانی نوێ، بەمەش بەهێز و فشار دواجار لە ساڵی ١٩٢٢ مۆسۆلینی دەسەڵاتی گرتە دەست. دەسەڵاتی نوێ باری ئاوارتە و نائاسایی ڕاگەیاند، زۆر کەسی زیندانی کرد، لە ناویاندا کەسایەتی دیاری سۆسیالیستی ئەنتۆنیۆ گرامشی. ئۆپۆزسیۆنی بێ کاریگەر کرد، سەندیکا کرێکارییەکانی، جگە لەوانەی سەر بە فاشستەکان بوون هەڵوەشاندەوە، سەرکوتی ئازادی ڕۆژنامەگەری و کۆبونەوە و ڕادەربڕین دەستیپێکرد. سزای مردنی دووبارە گەڕاندەوە. مۆسۆلینی هەوڵیدا بنەماکانی فاشیزم جێبەجێ بکا و گۆڕانی ڕیشەیی لە ژیانی سیاسی پێکبێنێت، لەوانە؛ حوکمی ڕەهای دەوڵەت و گرێدانی فاشیزم و دامەزراوەکانی دەوڵەت بەیەکەوە. زیادکردنی دەسەڵاتەکانی مۆسۆلینی، دەست بەسەراگرتنی رۆژنامەکانی ئۆپۆزسیۆن، و داخستنی سەندیکا کرێکاریەکان، و دروستکردنی هێزێکی سەربازی نوێ ترسی لای دراوسێ ئەوروپیەکان دروستکرد.
بزوتنەوەی فاشیزمی ئەڵمانیا زۆر لەئەوەی ئیتالیا دەچوو، بزوتنەوەیەکی جەماوەری، دیماگۆجی سۆسیالیستی نیشتیمانی. لە ڕاستیدا پشتی بە وردە بۆرژوازی بەستبوو. لە ئەڵمانیاش ئەو ڕەوتە فاشستیە بنکە فراوان بوو، تا هیتلەر لە ساڵی ١٩٣٣ شانۆگەریەکی دەسەڵات سوتێنرا، تۆمەتەکە خرایە سەر سۆسیالیستەکان. دوای ئەوە هەڵمەتێکی سەرکوت و زیندانی و دوورخستنەوە و کوشتن بەرپاکرا. تیرۆر و توندوتیژی و پرۆپاگەندە بەردەوام بوو.
لە فەرەنسا خەڵکەکە بڕوایان وابوو فاشیزم ناتوانێ لە وڵاتەکە پێگە پەیدا بکات، چونکە ئەوان سیستەمی کۆماریان هەیە، و خەڵکەکە مافی هەڵبژاردنی هەیە و خاوەن دەسەڵاتە، بەڵام لەناکاو لە شوباتی ١٩٣٤ چەند هەزار کەسێک لە فاشیستەکان، ئەوانەی باوەریان بە شانشینی هەبوو، و چەکدار بوون بە دەمانچە و تەورداس و چەقۆ، توانیان حکومەتی دۆمیرجی کۆنەپەرست بسەپێنن، کە لە سایەیدا گروپە فاشستەکان گەشەیان کرد، و خۆیان پڕ چەک کرد .
لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، بەتایبەتی لە تورکیا ئەو بڕوا و دیدگایە، هاوشێوەی ئەوەی ئیتالیا و ئەڵمانیا، لە گەشە و برەودا بووە. عوسمانیەکان لە بنەڕەتدا بڕوایان بە باڵایی نەژادی تورک، و سەیری گەلانی تری ژێردەستی عوسمانیان کردوە کە ملکەچی سولتان و باج بدەن. لەدوا قۆناغی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی؛ بیروبۆچونی نەتەوەپەرستی زیاتر گەشەی کرد، و دیدگای ئیتیحاد و تەرەقی کە فکری چینی فەرمانڕەوا بوو جۆرێک بوو لە فاشیزم. تورک نەژادی باڵایە و گەلانی تر دەبێ خزمەتکاریان بن، و هەر بەو تێروانینە گەلی ئەرمەن و ڕۆم و سریانیان کۆمەڵکوژی کرد. وەک دڕندە دەیانڕوانییە کورد، بۆ مردن باشن، و دەبێ لە ناو تورکیا بتوێنەوە. عەرەب تیرە و هۆزی جیاجیان، و خیانەتیان لە تورک کردوە.
هەر ئەو فاشیستانە ئەتاتورکیان کردە ڕەمز و پیرۆزیان کرد. ئەوڕۆش ئەوانەی سیاسەتی تورکیا بەرێوە دەبەن، لە ئەردۆگانی ئیسلامی و مەهەپەی نەتەوەپەرست، میراتگری ئەو مێژوو و ڕۆشنبیری و کەلتورەن لە تورکی نەژادی باڵا وەک خۆیان دەناسێنن، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان هەمان ئامراز و فڕوفێل درێژە پێدەدەن کە لە باوباپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە، و کورد و گەلانی ناوچەکە بوونەتە قوربانی. تەنانەت زۆرجار ئەردۆگان کە باسی سەرۆکی وڵاتێک یان کەسێک دەکا پێی دەڵێ تۆ لە ئاست من نیت، یان تۆ سەرۆک خێڵەکی.
لە ناوخۆ سیاسەتی ئەکەپە_مەهەپە، خەریکە دامەزراوەکان دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، و جیاوازیەکان ناهێڵێت، و دەنگە ئازادەکان کپ دەکات، و دەسەڵاتێکی یەک ڕەنگی دروست دەکا.
لە باکور لە کوردستاندا داخستنی زۆربەی ڕێکخراو و میدیای ئازادی سەر بە هەدەپە، و دەرکردنی سەرۆک شارەرەوانیە هەلبژێراوەکان و دانانی قەیومی ئەکەپە لە جێگەکەیان، و لابردنی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتارەکانی هەدەپە، و دادگاییکردنیان بە تۆمەتی بێ بنەما، گرتن و دەست بەسەرکردنی هەزارەها چالاکوانی سیاسی. دروستکردنی سیناریۆ بۆ ناشیرینکردنی هەدەپە و پەکەکە، و جۆشدان و وروژاندنی هەستی نەتەوەپەرستی و نانەوەی ناکۆکی و گرژی، ئەمانە بە تەواوی خەسلەتی فاشیزم بە تورکیا دەبەخشێ.
فاشیزمی ئەردۆگان و ئەکەپە لە رابردوو، و بەو دواییەش لەڕێگەی داعشەوە هەوڵی زیندوکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی و ملکەچکردنی کورد و نەتەوەکانی تری دەدا، بو گەڕاندنەوەی خەونی شکۆی سەڵتەنەت. زیاتر لە سەدەیەکە لە باکور درێژە بە سیاسەتی لەناوبردن و توانەوە دەدا، هێرش دەکەنە سەر سوریا و رۆژئاوا. باشوری کوردستان وعێراق و لیبیا و قەرەباخ و دەریای سپی ناوەراست، و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. کەمینــــەیەكی ڕۆشنبیر لە مێژووی فاشیزمی تورکی دەگەن، و لە لایان ئاشکرایە کە فاشیزمی دەوڵەتی تورکیـــا ڕەگێکی ڕیشەداریی هەیە بەو شێوەیە، و مێژووی ئەم فاشیزمە بەرامبەر بە ناوچەکە، کورد و کەمایەتییەکانی تری ناو تورکیا کۆنە، و لە مێژووی بوونی پەکەکە زۆر زیـــاترە.
ماویەتی