هەشتی مارس دەرفەتێک بۆ خۆ ئابدەیت کردنەوەی ژنانی یەکسانیخواز نووسین؛ هەتاو عەبدولاهی
هەشتی مارس دەرفەتێک بۆ خۆ ئابدەیت کردنەوەی ژنانی یەکسانیخواز
نووسین؛ هەتاو عەبدولاهی
مێژووی ڕۆژی جیهانی ژن هاوکاتە لەگەڵ خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و جنسی و چەوسانەوەی چینایەتی. ئەم ڕۆژە ڕۆژی هاوپشتییە بۆ خەبات لەپێناو بەدیهێنانی مافی یەکسان بەرابەر و هەلومەرجی باشتر لە ژیانی ژناندا. هۆکاری دیاریکردنی ڕۆژی هەشتی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژن، یاد کردنەوەیە لە بیرەوەری خەباتی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن و چنینی شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٥٧ زایینی. مێژووی دیاریکردنی ٨ ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٠ی زایینی، کە له شاری ”کۆپێنهاگ”ی وڵاتی دانیمارک، دووههمین کۆنفرانسی ژنانی سوشیالیست بهرێوه چوو، که تیایدا “کلارا زتکین” ژنە شۆڕشگێڕ و ناسراوی حیزبی سوسیالیستی “ئاڵمان” لهسهر دیاریکرنی رۆژی جیهانی ژن قسەی کرد و هەر لەوێشدا پێشنیاری کرد، ٨ ی مارس وهک رۆژی جیهانی ژنان بناسرێت. پێشتر ژنانی وڵاتی ”نەمسا” ڕوژی یهکی “مهی” یان پێشنیار کردبوو، کە یەکی مەی مانا و مەفهومی خۆی هەیە و نەدەکرا وەک ڕۆژی ژنان دیاری بکرایە. هەر لەو پەیوەندییەدا ژنانی وڵاتی ”ئاڵمان” نیش رۆژی 19ی مارسیان پێشنیار کرد بوو، کە ١٩ی مارسیش ڕۆژێکی مێژوویە لە خهباتی شۆڕشگێرانەی ژناندا، لەو ڕۆژەدا و له ساڵی ١٨٤٨ زایینیدا ژنان دژ به رژیمی پاشایهتی “پرۆس” بوو دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزکردوەتەوە، بەڵام کۆنفرانسی ساڵی ١٩١٠ی ”کۆپێنهاگی دانمارک” سهرهڕای گرینگ بوونی خۆی، نهیتوانی بڕیاری کۆتایی بدات و ڕۆژێک وەک ڕۆژی ژنان دیاری بکات. ئەو مەسەلەیە تا ساڵی ١٩٢١ی زایینی مایەوە و هەر وڵاتە و بۆخۆی و لەکات و ڕۆژێکی جیاوازدا و بەتایبەت ڕۆژانی پشووی مانگی مارس خۆپێشاندانیان ساز دەکرد و یادی ڕۆژی ژنانیان دەکردەوە. ئەوە بوو کە “کلارا زتکین” دیسانەوە له ساڵی ١٩٢١ی زایینیدا، هەشتی مارسی وهک رۆژی ژنان خستەوە بەر باس و ئەمجارەیان پێشنیارهکهی پهسهند کرا و لە ئاکامدا ئهم رۆژه وەک ڕۆژی ژنان لە مێژوودا دیاری کرا. ئەمساڵ لەکاتێکدا بەرەو پیری هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان دەچین، کە هەڵاواردنی رەگەزی، دەستدرێژی، توندوتیژی، ئەشکەنجە و کوشتنی ژنان لە هەموو وڵاتانی جیهان بەڕێوە دەچێ. ڕۆژانە بەسەدان ژن لە سەرتاسەری جیهان دەبنە قوربانی دەستدرێژی، توندوتیژی، ئەشکەنجە، زیندان و کوشتن تەنیا بە تاوانی ژن بوونیان. لە سەردەمی سەرمایەداری ژنان خاوەنی جەستەی خۆیان نین و هەموو جۆرە سوکایەتی و بێ کەڕامەتیەکیان بەرامبەر دەکرێ و پاساوی بێ بنەما بۆ ئەو تاوانانە دێننەوە. ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرەوە پیری هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژنان دەچین کە ژنان نەک بارودۆخیان سەرەرای خەباتێکی بێ وچان و نەپساوە باشتر نەبووە، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر توشی بێ مافی دەبن. سەرەرای ئەو گشتە نایەکسانی و هەڵاوارن و بێمافیە ژنان هەردەم لە سەنگەری پێشەوەی خەبات دابوون و هەردەم بەرامبەر بەهەر بێ مافی و نایەکسانیەک دژ کردەوەیان نیشان داوە. ژنان لە سەرتاسەری جیهان سەرەرای زەخت و گوشار توانیویانە خەباتی خۆیان تاڕادەیەک بە رێکخراوەیی بکەن و یەکگرتوو لە ژێر چەترێکی گشتگیردا بەرەو ئازادی یەکجارەکی هەنگاو بنێن. لەهەر ولاتێک ژنان بەروەرووی توندوتیژی دەبنەوە چالاکانی مافی ژنان و ئازادی و یەکسانی مرۆڤ دژ کردەوە نیشان دەدەن و دەڕژێنە سەر شەقامەکان تا دەنگی ژنانی قوربانی بن. ئەوەی جێگای خۆشحاڵیە ئەو راستیە حاشاهەڵنەگرەیە کە بزوتنەوەی ژنان هەموو سنوورەکانی ڕەنگ و نەژاد و ئەتنیکی بڕیوە و ژنان ئەوەندە ئاستی وشیاریان چۆتەسەر لەوە تێگەیشتوون پرسی ژنان و ئازارەکانیان لەهەموو جیهان یەک پرسە و ئەوان دەبێ یەکگرتوو بن و هەموو سنوورەکان ببڕن، تا بتوانن بە ئازادی و مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان بگەن. خەباتی بێ وچانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە هەموو جیهان لەسەر پییە و خەباتی ژنان مێژویەکی پڕشنگدارە کە تەنانەت ولاتانی دیکتاتۆریش بە چۆک دادەنێ و ناتوانن نکۆڵی لێ بکەن. خەباتی ژنان لە هەموو جیهان لەسەردەمی سەرمایەداری دا لەسەر پێیە و لە هەر وڵاتە بە پێی چەشنی جوگرافیایی وڵاتەکە خەباتەکە دەگۆڕدرێ. بزوتنەوەی ژنان و خەباتیان ئاکامی توندوتیژی و ناعەداڵەتی و بێمافی و نەبوونی مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان لە هەموو جیهانە. بەلام خەباتی ژنان لەهەر ولاتە سیما و کارکردی دەگۆڕێ. ئەگەر ژنان لە وڵاتانی سەرمایەداریی خەبات دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن خاوەنی جەستەی خۆیان بن و لەش و لاریان بۆ فرۆشی کاڵای سەرمایەداران کەڵکی نابەجێ وەرنەگیڕێ و ئەو کردەوەی سەرمایەداران بە توندوتیژی دژ بە ژنان لە قەڵەم دەدەن، ئەگەر لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ژنان خەبات دەکەن بۆ مافی یەکسان بۆ کاری وەک یەک و موچەی وەک یەک و هەوڵ بۆ گۆڕینی یاساکانی ولاتان دەدەن، لە هەمان کاتدا ژنان لە ولاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست خەبات دەکەن بۆئەوەی مافی شارۆمەندی و بچوکترین مافە سەرەتاییەکانیان کە لێیان زەوت کراوە بە دەست بێنن. لە ولاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی، تورکیە، عێراق و ئێران کە کارنامەیەکی ڕەشیان لە بواری بێمافی ژنان و هەڵاواردن بۆ خۆیان تۆمار کردووە. ژنان لە وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست لەگەل هێزە توندرەو و بناژۆخواز و ئیسلامیەکان بەرەوروون. ژنان لەو وڵاتانە کە شەر بە سەریاندا سەپاوە قوربانیانی شەرن و هەموو تاوانێک بە دژیان رەوا دەکرێ و لە بازارەکان وەک غەنیمەتی شەر و کۆیلەی جنسی کڕین و فرۆشیان پێ دەکرێ. هەروەک ئاگادارین تا بە هەنووکەش کە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیە ژمارەیەک لە ژنانی ئیزێدی کە قوربانی شەڕی ئایینی بوون بارودۆخیان نادیارە و وەک کۆیلەی جنسی بەکار دەبردێن. بارودۆخی ژنان لە بازاری کار و نەبوونی موچەی بەرابەر و یەکسان تەنانەت لە وڵاتانی رۆژئاوایی، بەکاڵاکردنی جەستەی ژن و فرۆشتنی کاڵاکانی سەرمایەداران بە لەش و لاری ژنان، بارودودۆخی ژنانی کرێکاری جنسی و دەستدرێژی بۆسەریان بەناوی ئازادی و دیموکراسی، هەوڵدان بۆ پەسەندکردنی یاساو رێسای دواکەوتوانە و ئیسلامیی و دژە ژن بە تایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست، چوونە سەری ئاماری خۆکوژی و کوشتنی ژنان لە وڵاتانی ئیسلامی هەمووی دیاری دنیای سەرمایەداری بۆ ژنان بووە و بە هەموو هێزێکەوە هەوڵ بۆ لە ناوبردنی دەسکەوتی ژنان و لە کارخستنی هێزێکی کارامەی کۆمەڵگە دەدات. هەروەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێکرد سەرەرای بوونی ئەو هەموو تەنگ و چەڵەمە و کۆسپ و تەگەرە لەسەر ڕێی ئەو رەگەزەی کۆمەڵگە، ژنان ملکەچی ئەو بارودۆخە نەبوون و لەبەرامبەر هەموو ئەو ناعەدالەتیانە راوەستاون، کە وەک نمونەی ئەو خەباتە دەتوانین باس لە ژنانی رۆژئاوا بکەین کە خەباتێکی هەمەلایەنەیان دژ بە ئایینی دواکەوتوویی دەست پێکرد. ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندی تاسەر ئێسقان دژە ژن و تۆتالیتێر دژ بە یاساکانی رژیمی ئیسلامی کە توندوتیژی دژ بە ژنان تێیدا یاسایی کراوە لەبەرامبەر پۆششی زۆرەملی راوەستاون و لە سەنگەری پێشەوی خەبات بە دژی دواکەوتوویی دان. لە وڵاتانی ئیسلامی ژنان هەوڵ بۆ پچڕانی کۆت و بەند و زنجیر دەدەن و لەو پێناوەدا قوربانیان داوە، بەڵام چۆکیان دانەداوە. ژنان لە خۆپێشاندانەکانی ئەمساڵی ئێران کە بە شۆرشی برسییەکان ناوی دەرکرد لە ریزی پێشەوە بوون و داوای ماف و حقوقی ئینسانیان دەکرد. ژنانی ئێران لەو بارودۆخە ئەستەم و دژوارەدا “نا” یان وت بە کۆت و بەند و لە بەرامبەر یاسای حیجاب دا وەستاون و هەموو حاکمەتی کۆماری دژە ژنی ئیسلامی ئێرانیان خستە ژێر پرسیار. ژنان ئەو هێزەی کە کۆماری ئیسلامی ساڵەهایە هەول بۆ پاسیڤ بوون و دوورکردنەوەی لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری ئێران دەدات تەنگیان بە رژیم هەڵچنیوە و رۆژانە دەبینین ژنان لە ئێران سەرەرای بوونی فەزایەکی ئەمنیەتی و دژە مرۆڤ لچکەکانیان لەسەر دادەکەنن و نا ئەلێن بە کۆیلەیی کە ئیسلام و رژیمە ئیسلامیەکان بەسەریاندا سەپاندوون. لەو سەردەمەداو لەو بارودۆخە کە ژنان لە هەموو جیهان خەریکن بە دژی دواکەوتوویی و بێمافی رادەوەستن و چالاکی دەنوێنن، بەداخەوە ئەگەر ئاورێک لەدۆخی ژنان لە باشوری کوردستان بدەینەوە دەبینین کە رەخنە هەڵگرەو بزوتنەوەی ژنان نەیتوانیوە لەو بەشەی کوردستان بە شێوەی پێویست و سەردەمیانە خۆی ئابدەیت بکاتەوە و هەڵگری ویست و داخوازیی ژنان بە تایبەتی ژنانی کریکار بێ و سەنگ و پێگەی ئەوتۆی نەبووە. لەو نێوەدا بزوتنەوەی ژنانی لیبرال و سەر بە دەسەلات زەبری کاریگەری لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی داوە و دەسەڵاتی حاکمیش بە پیلانی لەپێشدا داڕێژراو هەوڵ بۆ سەپاندنی بارودۆخی نالەبار بۆ ژنان و کۆیلەییان دەدات. سەرمایەداری لەو بەشە لە کوردستان دوو ئەبزاری مەترسیداری ئایین و پیاومەزنی بە دەستەوەیە و بەردەوام و بە پیلان کەڵکی لێ وەردەگرێ. ژنانی باشور دەبێ هەشتی مارسی ئەمساڵ و رۆژی جیهانی ژن وەک هەل و دەرفەتێک بۆ خۆ ئابدەیت کردنەوە لەگەڵ روداوەکانی سەردەم بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوەو بەو راستیە بگەن کە ئازادی ژن روکنی سەرەکی ئازادی کۆمەڵگە و چینی کرێکار و هەموو مرۆڤایەتییە. بۆیە دەبێ قۆڵی هیمەت هەڵماڵن بە کۆر و کۆبوونەوە و چالاکیەکانیان خۆیان هاوتەریب کەن لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و دەست لە ناو دەستی پیاوانی ئازادیخواز هەول بۆ نەمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و دژە مرۆڤ بدەن و هەڵگری دەنگی ژنان و پیاوانی کرێکار بن. ژنان دەبێ بەو راستیە بگەن تا کاتێک نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری لەسەر کار بێ ئەوان بە ماف و ئازادییان ناگەن و ئازادی ژنان و هەموو مرۆڤایەتی بەندە بە دامەزراندن سیستمێکی سوشیالیستی و مرۆڤ پەروەر کە تیایدا تاکەکان بە پێی رەگەز دەستەبەندی ناکرێن و ناچەوسێنەوە. بۆیە ئازادی ژن کاتێک بەتەواوی مسۆگەر دەبێ کە نیزامی سەرمایەداری بروخێ.