ئێمە، چەند میللەتێکی دەبەنگ و دەڵب و فشۆڵین! نووسینی: ئارام حەسەن
ئێمە، چەند میللەتێکی دەبەنگ و دەڵب و فشۆڵین!
نووسینی: ئارام حەسەن
لە کاتێکدا خۆمان کەرەستەی گاڵتەجاڕی و مەزەی سەر مێزی ناحەزانی خۆمانین، کەچی وەک ئەوەی لە تۆوی فشە خوڵقابین گاڵتە بە هەموو شت دەکەین، لە هەر کڵاوڕۆژنەیەکەوە تروسکایی مرۆڤێکی جوان دەرکەوێ بە تۆپەوانە دەیخنین، لە هەموو لایەکەوە پەلاماری دەدەین و کەڵبەی گاڵتەجاڕیمانی لێدەسووین..
یەکەمجارە مرۆڤێکی جوان و خاکی ببینم، کە کوردبێ و پیشەی دکتۆربێ!
لەم ڕۆژگارەدا، کە ژیان وەک تەونی جاڵجاڵۆکەی لێهاتوە… بەهۆی نەبوونی و نەداریەوە پیرەژنێک…
چەند هێلکەیەک لەبری پارەی عیادە دەبات بۆ دکتۆرێک لە گەرمیان، دکتۆریش بە خۆشحاڵیەوە لێیوەردەگرێ و پشکنینی بۆ دەکات..
بڕوانن لەو جوانییە، چەند مریشکێک بێننە بەرچاوی خۆتان، پیرەژنێک بەخێویان دەکات، بەیانیان هێلکە لە کولانە دەردەهێنێ، به هێلکەوڕۆن ناشتا دەکات، ڕەنگە بەشی دراوسێ هەژارەکەشی لێبدات، بەڵام کاتێک نەخۆش دەکەوێ، پارەی نیە بۆ دکتۆر، چەند هێلکەیەک لەگەڵ خۆی دەبات، هەتا دووچاری پاڕانەوە نەبێت لە مرۆڤ..
زۆر دڵخۆشم بەوەی، کە هێشتا لەم وڵاتە پچڕاوە، پیاوێکی دکتۆر و پیرەژنێکی نەخۆش مرۆڤبوونی خۆیان لەدەستنەداوە، بەڵام ڕەشبینم بەوەی، لەبری دەستخۆشی لەو دکتۆرە جوانە، کوردگەلێکی زۆر له تۆڕی کۆمەڵایەتی گاڵتە و سووکایەتی پێدەکەن..
خۆ ئەگەر (دکتۆر واثق)یش وەک دکتۆرە فشەکەرەکانی دیکە، تووڕە و تڕن و لوتبەرز و گرژومۆن بوایە، بە چاکەت و پانتۆڵ و بۆیباخەوە لەسەر ئەو نەخۆشە قسەی کردبا و لەبری چەند هێلکەیەك 100دۆلاری وەرگرتبا، ئەوە کەس نەیدەوێرا ناوی بێنێت، بگرە ستایش دەکراو ریکلامی باشترین دکتۆریان بۆدەکرد..
ئەگەر بەندەش، دەسەڵاتێکی خوداییم هەبا:
٭ سێبەشی خەڵکی باشورم لە دەشتی هەریر بە تاوانی “گەمژەیی” دادگایی دەکرد.
٭ بونیەتی 96%ی دکتۆرەکانی باشورم دەگۆڕی بۆ گورگ، ئەنجا ڕەوانەی ئەمازۆنم دەکردن، چونکە خوێنمژیی هەر خوێنمژیە و ئەوانیش کەمترنین نیە لە دەسەڵاتدارانی ستەمکار.