دواندنی زمانی خەیاڵ لە مەنفای شعری ئازاد مارف دا..!
دواندنی زمانی خەیاڵ لە مەنفای شعری
ئازاد مارف دا..!
جەمال نوری
لە ئەنجامی هەڵوێستەکانی شاعر لەناو وێنەی ئەدەبدا، یارمەتیمان دەدا کەتیورە ئەدەبیەکەی بدۆزینەوە تاوەکو، بۆمان ڕوون بێتەوە چۆن لێکۆڵینەوە لەتیورەی ئەدەبی دەکرێ، هەروەها لەچیەتی ئەدەب دەکۆڵینەوە، (ژان پۆل سارتەر) *کتێبێکی هەیە لەسەر “چییەتی ئەدەب” بەناوی ( ئەدەب چییە) پێمان دەڵێ ڕەخنەی ئەدەبی گرنگی دەدات بە خوێندنەوەو ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردنی دەقەکان لەمەوە ئەدەب دیاری دەکرێت.. بەڵام( تیۆری ئەدەبی) زیاتر بە دوو ئەرک هەڵدەسێت،
یەکەم: پێوانەیەکمان بۆ دەستەبەر دەکات بۆ دیاریکردنی ئەدەب لە( شوێندا،) هەروەها زانیاری ئەم پێوانەیەمان دەداتێ لە کردەی ڕەخنەییدا.
دووەم: پێویستە تیۆری ئەدەبی زانیاریمان بداتێ دەربارەی (میتۆدەکان) و ڕێسای کارکردن کەلە پڕۆسەی ڕەخنەی ئەدەبیدا بەکاردەهێنین، بۆ ئەوەی تەنها پرسیاری” دەق” نەکەین، و تەنها لە دەق نەکۆڵینەوە، بەڵکو وەها پێویست ئەکات “ڕێگەکانی تری ناو دەقی شعری شاعیر “بخوێنینەوە و لەڕێگای ، ئیشکردنی نوسەری دەق لەناو “خەیاڵ”دا، تاوەکو بەسەر ونبوونە وجودیەکەی خۆیداسەرکەوێت و جیهانی ئەقڵی خۆیشی پێ دروست بکات.
ئیدی ھەر لەو جیھانە ئەقڵییەدا بتوانێت ھەست بەوەبكات كەبەسەر وجودا زاڵ بووە..
کەواتە بۆگەیشتن بە ڕێگاکانی ناو دنیابینی خەیاڵی شاعیر پێویستە ئەوە بزانین کە دووجۆر لەخەیاڵمان ھەیە..( خەیاڵی شعوری،) و(خەیاڵی لاشعوری..) ،نوسەری دەق لەڕێگای خەیاڵی” لاشعوریەوە” وادەکات پێناسێكی كەسیێتی و كەلتوری بۆ خۆی دروستبكات.
لە ئەنسرۆپۆلۆژیاشدا بەھەمان شێوە خەیاڵ تەنھا رێگایەكە كەمرۆڤ پەنای بۆدەبات بۆ ئەوەی بەسەر شكستە ئەنتۆلۆژییەكانیدا زاڵ بێت، لەوانە ترس لەكات و تیرۆری چارەنوس و ئەو تاریكیانەی كە بۆسەی بۆ دەنێنەوە لەژیاندا لێرەدا ئازاد باس لەمردن دەکات ودەڵێ:
بەیانی من ئەمرم.
ئیتر ڕەنگی شەرمم عارەقەی ڕووخسارم تەڕ ناکا
تریفەی نەجیبیم بە ئەلفی ناومەوە هەڵئەوەرێ و
پێکێ تر ڕووناکی
بۆ میوانە ڕەشپۆشەکەی تەماشام تێناکا
مردنەکەی ازاد مارف مردنێکی بایۆلۆجی نییە، هێندەی مردنەکە مردنێکی فیزیکییە لەناو ڕۆحی شیعری و زمانی خەیاڵی شاعیر خۆیدا، ئازاد پێی وایە کاتێک تەمەنی هەڵکشاوە بۆ سەرەوە ئیدی ترسی ئازاد ترسە لەم مردنە کە سبەینێ وەها پێشوازی لێدەکات.
ئەزانم بەیانی بە پاڵ تەنیاییم لە ژوورەکەم ئەکەنە دەرێ و
ئیتر هەناسەی بێدەنگیم لەسەر ڕووم تەم ناکا
ئەزانم سبەینێ باوەش باوەش پیرێتیم
ئەدەن بەکۆڵی مەراقما و
مەراقیشم بەسەر جەستەی ساردی منا هەڵئەفڕێ و
جارێتر ئارەزووی بە بۆنی سووتانم تێر ناکا..
ئازاد بەردەوام ئەو دایەلۆگە بۆدواندنی ئەنکیدۆ خۆی دەیەوێ لەفۆرمە گشتی یەکەیدا ، لەڕێگای دەستەواژەکانی (پەشیمانی، نیگەرانی، پرسە، ئۆخەی، بێناز، پەڵە، ئاخ، …هتد) بەچنینی وەک موروی ئەڵماس و زمڕووت ئەهۆنێتەوە و دەیکاتە ملی ، و بەردەوام تەزبیحاتی شەوانەی بۆ دڵنەوایی پێ دەکات و فرمێسکە ڕژاوەکانی کە بۆ هاوڕێکانی و کچەکەی دەیڕێژێ بە ئەستێرەی ڤینۆسی دەسپێرێ…
بەیانی نیوە گەرمەکەی پەشیمانیم
نیگەرانیم قایل ئەکاو
بەڵێن ئەدەن لە ڕۆحم جیا نەبنەوە
دوو زەڕبی سوور لە کێلەکانم بدەن و
لە ئاسمانی گۆڕەکەما تا ئەبەد بسووڕێنەوە
سبەینێ پرسەکەم
پڕ ئەبێ لە ئۆخەی ماندوو شکێنی دوژمن و
لە هەوای پڕ ئاخی دۆستانم
(ژیا) ی کچم بە پەنجەی بێنازی هەتیووی
یەخەی ژیر بوونەوەی دائەدڕێ و
هاوار ئەکا کوا باوکم
کوا ئەو پیاوەی پێی ئەوتم
من نامرم و من کوڕی ئەفسانەی زستانم
کچەکەم هەر ئەگری و
مردوو شۆرەکەش
بە بۆنی غەریبی تۆ کە لە من دێ
مەست ئەبێ و ئەپرسێ
بریسکەی ئەم پەڵە ئاخانە بۆ ناڕۆن
لەبەرچی موچڕکەی ئەم خورپە زەردانە
لەخۆێنی پەمەیی ئەم عاشقە تێر ناخۆن
هەر ئەمشوا و هەر ئەمشواو هەر ئەمشوا و پەست ئەبێ و
تەرمەکەم پاک نابێتەوە
تێناگا بە هەموو ئاوی سەر زەوی
لە زێڕی چاوەڕوانی تۆ
یەک مسقاڵ ناسڕێتەوە
سبەینێ ئاوابونم کۆتا نمەی حوزنی خۆی و
دوا فرمێسکی هاوڕێکانم لە گۆڕی شەودا ئەنێژێ
بەرچاکێ وشەی وەریوی ژێر سێبەری خۆزگەکانم ئەچنێتەوە و
بە چەند ساتێ بەسەر ڕێگای ئایندەی خەیاڵی تۆدا ئەیڕێژێ
بەیانی قەیرە خەمێکی ڕەشتاڵەم
دەستی چەپی بە لاشیپانی دەرگای شکاوی ژیانمەوە ئەگرێ و
بە دەستی ڕاست بە چڵی نەرمی وەنەوزێکی سپی
لەسەر دیواری تاریکی خەونم ئەنووسێ
ئیتر جێگاکەت سارد بووە
وێنەکەت ملی لار بووە
چۆڵەوانی پیاسە ئەکا
لە ئاسمانی پڕ لە لەنجەی ڕەنگاوڕەنگی شیعرەکانت
خۆڵەمێشی تەرزە کوتە
ئێستا بەهەشتی جێژوانت
هیچ هێمای دەم خۆر نشنێ
بەسەر تۆزی ڕوانینتا ڕاتناکێشێ
سەرنجی ئۆخەی پرژێنی هیچ کلوە بەفرێکی تازە
ئیدی نابێته میوانت
ئاخر دایکیشت نەماوە
بەدەم پڕمەی گریانەوە پێخەفی چۆڵت هەڵبگرێ و
بڵێ ڕۆڵە بۆ من نەبووم بە قوربانت ئازاد مارف، بۆدیزانینکردنی وشە بە وشە و دێڕ بەدێڕی شیعرەکانی لەپانتایەکی کەم داکا لەناو ئەو مەنفایەی دیووی ناوەوەی خۆی جێگیریان دەکات بەناوخۆیدا بەزمانی شیعر و ریتمێک لەموزیک و فەنتازیا ڕاگوزەر دەبێ، هەربۆیە ئەوەی لەئەنسرۆپۆلۆژیادا قوڵە ئەوەیە.. كە خەیاڵ سەرەرای ئەوەی دەستی بەسەر ئەفسانە و بونیادە مۆسیقییەكان و دەربڕینە شیعریەكان و تەواوی ھونەرەجوانەكانی ترا گرتووە، لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە دەستی بەسەر نەخشە ئەقڵانییەكان و زانستە سروشتییەكانیشا گرتوەوە بۆ ئەوەی بتوانێت وەھمی ئەوە بەمرۆڤ بدات كە بوونەوەرێكی سەركەوتووە بەسەر ئەنتۆلۆژیادا…
ئازاد، هەرکاتێک بیربکاتەوە و بیەوێ بەشیعر دایبڕێژێ ئەوا پەنا ۆ خەیاڵەکانی دەبات، تاوەکو لەومەنفایەی ناخی لەڕێگای خەیاڵەوە لە زیندانی جەستە و رۆح و پەستانەكانی واقع رزگاری بێت…
چونكە مرۆڤ نائاگایانە بەردەوام دەیەوێت لە ئازار و كۆژانەكانی ژیان و واقیع رابکا، ڕابکا لەو مەنفایەی ناخی بەمانا ئەنتۆلۆژییەکەی کە شوێنێکی لەدیووی ناوەوەیدا داگیرکردوە، کەدواجار مەنفا دەبێتە پاڵنەری خەیاڵەکانی لەو فەزایەدا، زمانی نوسینی دەبێتە ئەو فریشتە فریاد ڕەسەی ژیان کە تیایدا هەمیشە ڕاگوزەرە بەناویداو. پێی ناگا.