گاوورباخی داستانێک لە خەبات و یەکڕیزی چینی کرێکار

0

گاوورباخی داستانێک لە خەبات و یەکڕیزی چینی کرێکار

نووسینی: رێبوار ئەحمەد

هەفتاویەک ساڵ بەسەر مانگرتن و هاتنەمەیدانی بەرینی کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی کەرکوک تێپەڕ دەبێت، کە لە مێژووی خەباتی ئەم چینە و کۆمەڵگەی عێراقدا بە راپەرینی گەورەی گاوورباغی ناسراوە. باخچەی گاوورباخی کە دواتر بوو بە گۆڕەپانی گاوورباغی دەکەوێتە لای وێسگەی شەمەندەفەری کەرکوک لە گەرەکی تسعینی کۆن لە شاری کەرکوک. کرێکاران دژی باری قورسی گوزەران بە بەرزکردنەوەی چەند داخوازی سادە و دیاریکراو لە نمایشێکی چینایەتی گەورەدا لە کۆتایی مانگی حوزەیران و سەرەتای مانگی تەموزی ١٩٤٦دا یەخەی دەسەڵات و بەڕیوەبەرایەتی کۆمپانیای نەوتی کەرکوک (کەی بی سی)یان گرت. بەڵام دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا لە جیاتی وەڵامدانەوەی داخوازیەکانیان بە دڕندانەترین شێوە کەوتنە سەرکوتی کرێکارانی ناڕازی و مەیدانی گاورباخی بە خوێنی کرێکاران سورکرا. دواتر لە ژێرگوشاردا ناچاربوون بەشێک لە خواستەکانی کرێکاران جێبەجێ بکەن

کۆمپانیاکانی نەوت و هێلی ئاسن و بەندەری بەسرا لە ناوەندە کرێکارییە گەورەکانی عێراقی ئەو سەردەمە بوون. وەکو (حنا بطاطو) لە کتێبی (العراق) باسی دەکات لە ساڵانی سییەکانی سەدەی پێشوەوە هەوڵ و کاری رابەرانی کرێکاری لەم ناوەندانەدا بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکاریەکان دەستی پێکردووە. یەکەمین کۆڕ و کۆمەڵی کرێکارانی نەوت بە ناوی سەندیکای کرێکارانی نەوت لە شارەکانی بەغداد و بەسرە و کەرکوک پێکهات. لەگەڵ ئەوەی کە کرێکاران سەندیکا و ڕێکخراوی خۆیان پێکهێنابوو، بەڵام لەلایەن دەوڵەت و کۆمپانیاکانەوە دانیپێدا نەنرابوو. بەر لە مانگرتنی گاورباخی چینی کرێکاری عێراق پێشینەیەکی هەبوو لە خەباتی رێکخراو و بەرامبەرکێی چینایەتی بە تایبەتی لە بەندەری بەسرە و هێڵی شەمەندەفەر. هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی نەقابەی بەندەری بەسرە لە١٩٤٤ دەستی پێکردوە و لە ئابی ١٩٤٥ مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە، لە ١٢ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا یەکەمین کۆنگرەی خۆی گرتووە، تاوەکو نیسانی ١٩٤٦ زیاتر لە ٣٠٠٠ کرێکار ئەندامی بوون. بەڵام لە ئەنجامی رێکخستن و رابەری کردنی مانگرتنێکی گەورەی کرێکاری لە ٢١ تاوەکو ٢٥ی ئایاری ١٩٤٧، ئیدارەی بەندەرەکە هێرشی بۆسەر کرێکارانی مانگرتوو دەستپێکرد و رابەرانی نەقابەی دەستگیر و دەیان کەسیشی لەکار دەرکرد. دواتر لە ئەنجامی مانگرتنێکی تر کە لە مانگەکانی نیسان و ئایاری ١٩٤٨ بەرپاکرا، بە یەکجاری نەقابەی کرێکارانی بەندەری بەسرا داخرا و قەدەغەکرا.

جگە لە کرێکارانی بەندەری بەسرە، کرێکارانی هێڵی ئاسنیش خاوەنی چەند لاپەرەی خەباتکارانە بوون، لەوانە مانگرتنەکانی ٢٧ی شوباتی ١٩٤٦هەروەها ١٨ی مارس و ١٤ی نیسان و ١٢ی ئایاری ١٩٤٨ کە خواستی سەرەکی کرێکاران زیادکردنی کرێ بوو.

لەو ساڵانەدا کە ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان روویان لە پەرەگرتن بوو و هەڵسورانێکی گەرم لەلایەن رابەرانی ناوەندە گەورە کرێکاریەکانەوە لە ئارادا بوو بۆ دامەزراندنی سەندیکا. لە ساڵی ١٩٤٦دا هەوڵیکی بەم جۆرە لە ناو کرێکارانی نەوتی کەرکوک دەستی پێکرد. ئەم کارە بە دیاریکراوی لەلایەن رابەرێکی کرێکاری گەنجەوە بە ناوی (حنا الیاس). پێشڕەوایەتی دەکرا، کە پێشتر ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتی سەندیکای کرێکارانی هێڵی ئاسن و رێکخەری سەرەکی مانگرتنی کرێکارانی هێڵی ئاسنی (سکلجیە) بوو. ئەو هەوڵەی رابەرانی کرێکاری بۆ دامەزراندنی سەندیکای کریکارانی نەوتی کەرکوک بە سەرکەوتن نەگەیشت. بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا رێگری لێ کرد. لە جیاتی سەندیکا هاتنەژێرباری ملدان بە پێکهاتنی (لیژنەیەی ناخۆیی کرێکاران). بەڵام دامەزراندنی ئەم لیژنەیە لەلایەن کرێکارانەوە پێشوازیەکی ئەوتۆی لێ نەکرا و نەبووە جێگای متمانە، گومانی ئەوەیان لێدەکرد کە وەکو دەسکەلای بەڕێوەبەری کۆمپانیا (مستەر تود) بۆ دەستەمۆکردنی کرێکاران دامەزرابێت. ئەم لیژنەیە لە رێگای هەلبژاردنەوە دانەمەزرابوو، هەرچەندە شێوە نمایشێکی بە رواڵەت هەڵبژاردنی بۆ رێکخرابوو. کەسانێکی تیا دانرابوو کە جێگا متمانە و خۆشەویستی کریکاران نەبوون. بۆیە بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا بۆ راکێشانی سەرنجی کرێکاران ناچاربوو هەندێک لە کرێکارانی پێشرە و خۆشەویست بخاتە ناو ئەو لیژنەیەوە، لەوانە (حنا الیاس). ئەو لە کاتێکدا کرابوو بە ئەندامی لیژنەکە، بەڵام ئامادە نەبوو بچێتە ناو لیژنەکەوە، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە کەوتە دژایەتی کردنی لیژنەکە و وەکو هەوڵێکی بەڕێوەبەرایەتی بۆ ناکام کردنەوەی خەباتی کرێکاران لە پێناو داخوازیەکانیان لە قەڵەمیدا. لەم بارەیەوە هەر لە یەکەمین رۆژی راگەیاندنی پێکهاتنی لیژنەکە لە ١٣-٦-١٩٤٦ لە کافیتریای ناوخۆی کۆمپانیا کە ناوی (حمی طوبال) بوو قسەی بۆ کرێکاران کرد کە ژمارەیان دەوری ٥٠٠ کەس دەبوو. دۆخی کرێکاران لەو کاتەدا لەوپەڕی خراپیدا بوو بە هۆی گرانی و دابین نەبووونی پێداویستیەکانی ژیانەوە. (حنا الیاس) توانی لەوێدا کرێکاران یەکدەست بکاتەوە لەسەر ئەوەی کە بە یاداشتێک داخوازیەکانی خۆیان بەرزکەنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا و داوای جێبەجیکردنی دەستبەجێیان بکەن. داخوازیەکان کە سەرەتا لەو یاداشتنامەیەدا گەڵاڵە کرابوون بریتی بوون لەمانە: ١-داننان بە مافی کرێکاران بۆ پێکهێنانی سەندیکای خۆیان، ٢- بەرزکردنەوەی لانی کەمی کرێی رۆژانە لە ٨٠ فلسەوە بۆ ٢٥٠ فلس.٢- کۆتایهێنان بە دەرکردنی کرێکاران، ٤- بڕینەوەی بیمەی نەخۆشی و لەدەستدانی توانای کار و بەساڵاچوون.

رۆژی ١٧-٦ لیستی داخوازیەکانی کرێکاران خرایە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی، رۆژی ١ی تەموز بەڕێوەبەرایەتی رەزامەندی دەربڕی لەسەر دانی ٥٠ -١٠٠ فلس بەکرێکاران وەکو بیمەی گرانی. بەڵام ئەودوای داخوازیەکانی کرێکارانی رەتکردەوە. بۆیە کرێکاران بەوە رازی نەبوون و پەنایان بردە بەر مانگرتن و ناڕەزایەتی. رۆژی ٢-٧ لیژنەیەکی باڵا بۆ سەرپەرشتی مانگرتن دامەزرا لە ٩ کەس بە ئەندامانی ئەصلی و ئیحتیاتەوە. هەروەها ٥ لیژنەی مانگرتن دامەزرا بۆ نوێنەرایەتی کردنی کرێکارانی لە بەشەکانی وەرشە و هەندەسە و گواستنەوەی ئالی و ئیداری و فەرمانبەران. رۆژی ٣ی تەموز وەکو رۆژی مانگرتنی گشتی دیاریکرا کە لەلایەن نزیکەی ٥٠٠٠ کرێکارەوە پێشوازی لێکرا کە دەیکردە نزیک بە تێکڕای کرێکاران. رۆژی ٤-٧ کرێکاران بە بەرزکردنەوەی لافیتە کە داخوازیەکانیانی لەسەر نوسرابوو کەوتنە رێپێوان بە ناو شەقامەکانی شاری کەرکوکدا. رۆژانی دواتر تا دەهات ژمارەی کرێکارانی مانگرتوو زیادی دەکرد. پێبەپێی فراوان بوونەوەی ریزی مانگرتن و خۆپیشاندان و چوونەسەری ئامادەییەکان، هەروەها لە ئەنجامی ئەو کۆبونەوە و راگۆڕینەوەیەی کە رۆژانە کرێکارانی مانگرتوو لە باخچەی گاوورباغی ئەنجامیاندەدا، لیستی داخوازیەکانی کرێکاران دەچووە سەر. بەپێی سەرچاوە جیاوازەکان وا دەردەکەوێت لیستی داخوازیەکان وەکو لە کتێبی (مەلەکردن بە پێچەوانەی شەپۆل) باسکراوە، سەرئەنجام بەم جۆرەی لێ هاتووە؛

١/ دابینکردنی خانوو بۆ کرێکاران ، یان سەرفکردنی پارە لەبری خانوو.

٢/ بیمەی بێکاری و خانەنشینی، لە کاتی بێکارکردن ،یان لەئەنجامی نەخۆشی و پیربوون.

٣/ بەرزکردنەوەی ڕۆژانەی کرێکار بە بڕی (١٧٠) فلس لە ڕۆژێکدا، هەندێ سەرچاوە باس لە زیادکردن (٨٠) فلس کراوە.

٤/ دابینکردنی پێویستیەکانی گواستنەوەی کرێکاران له‌ماڵه‌وه‌ بۆشوێنی کارەکانیان.

٥/ کرێکارانی نەوتی کەرکوک دەبێت بە چەشنی کریکارانی کۆمپانیای حەیفا لە بری ئەو ٧٢ رۆژە لەساڵێک، کە بەناوی مەترسی جەنگ (خطورە الحرب)ناودەبرێت کرێ وەربگرن.

٦/ کۆمپانییای نەوت دەبێت دەست لەکاری سەرکوت و دەرکردنی کرێکاران هەڵگرێ و ئازادی سەندیکا و کاری ڕێکخراوەیی بۆ کرێکاران بە ڕەسمی بناسێنێ.

٧/ دابینکردنی جلوبەرگ و پۆشاکی کارو پێویستەکانی سەلامەتی کار بۆ کرێکاران.

لە جیاتی وەڵامدانەوەی داخوازیەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە فەرمان درا کرێکاران ناچاربکرێن بە دەستهەڵگرتن لە مانگرتن و خۆپیشاندان و گەڕانەوە بۆ سەرکار، تەنانەت ئەگەر پێویستی کرد هێز بەکاربهێنن بۆ سەرکوت کردنیان. رۆژی ٧-٧ موتەسەریفی کەرکوک بەغدای ئاگادار کردەوە کە دۆخەکە زۆر هەستیارە و سەرکوت رەنگە کارایی نەبێت و خراپ بەسەریاندا بشکێتەوە. هەروەها پێیوایە کە لەبەرئەوەی داخوازیەکان لەلایەن کرێکارانەوە پەسەندن و پشتیوانی گەرمیان لێدەکریت باشتر وایە بەڵێنی پەسەندکردنی هەندێک لە خواستەکانیان پێبدرێت. لەبەر ئەم مەترسیە سەرئەنجام بڕیاری دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا بوو بەوەی کە دەبێ کرێکاران لە پێشدا دەست لە مانگرتن و ناڕەزایەتی هەڵگرن و بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان، دوای ئەوە چاو لە داخوازیەکانیان دەکرێت و وەڵامیان پێدەدرێتەوە.

وەڵامی دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتی رۆشن و راشکاو نەبوو بۆ داخوازیەکانی کرێکاران. بۆیە مانگرتن و کۆبونەوە و میتینگی کرێکاران بەوجۆرەی بە تایبەت لە رۆژی ٣ی تەموزەوە دەستی پێکردبوو بەردەوام بوو. رۆژانە پاش نیوەڕوان لە باخچەی گاوورباغی کەرکوک کۆدەبونەوە بۆ راگۆڕینەوە و وتاردان و گوێگرتن لە راپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتی مانگرتن و رێنمایەکانی. لەو میتینگانەدا کرێکاران به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی جیاوازی قەومی و دینی، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی و سریانی و ئەرمەنی وتاریان دەدا و خواست و داواکاریەکانی خۆیان دووپات دەکردەوە. ئەو رۆژگارە هێشتا ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستی و حزب و لایەنە رەنگاورەنگەکانی ئەو بزووتنەوە کۆنەپەرست و تەفرەقەئامێزە نەیانتوانیبوو لەسەر بنەمای داتاشینی ناسنامەی پوچ و فریوکارانەی قەمی و دینی و تائیفی قڵشت و دووبەرەکی بخەن ریزەکانی کرێکارانەوە، ئەوکات هیچ خەبەرێک لە کورد و عەرەب و تورک و شیعە و سونە و ئیسلام و مەسیحی و بێدین و دیندار نەبوو. کوردی و عەرەبی و تورکمانی…و… تەنها زمانی جیاوازبوون بۆ گوزارشت لە یەک بەرژەوەندی و یەک ئامانجی چینایەتی هاوبەش. کرێکاران بە شێوەی واقعی و خۆرسک خۆیان سەر بەیەک چین و خاوەن یەک بەرژەوەندی و یەک پەیام دەبینی و دەست لە ناو دەست بۆی تێدەکۆشان. سەرەنجام لە ڕۆژی ١٢ی تەموز بە ئامادەبوونی خانەوادەی کرێکاران لە شوێنی مانگرتنەکە، بە بەشداری نزیک بە پێنج هەزار کەس، کاتژمێر پێنج و پەنجا دەقەی ئێوارە لەبری وەرگرتنەوەی وەڵامی خواستەکانیان، کەوتنەبەر شاڵاوی دڕندانەی پۆلیسی پاشایەتی کە ژمارەیان پێنج سەد پۆلیسی ئەسپسوار و پیادە بوو. لە پێشدا فەرماندەی هێزی پۆلیس داوا لە کرێکاران دەکات کە دەستبەجێ ئەو ناوە چۆڵکەن و کۆتایی بە متینگ و ناڕەزایەتی بهێنن. ئەو بەشەی کرێکاران کە لە ریزی پێشەوە بوون و دەنگی فەرماندەی پۆلیسیان بیست، کەوتنە هۆهاکێشان و نەفرەتیان لەو بانگەوازە کرد. پاشان فەرماندە فەرمانیدا بە هێزی پۆلیسی چەکدار و چماق بە دەست کە هێرشکەن و کرێکاران داپلۆسن. لە هەرچوارلاوە پەلامار بۆ سەر کرێکاران دەستی پێکرد، سەرەتا بە چماقەکانی دەستیان شەلم کوێرم ناپارێزم سەر و ملی کرێکارانیان داگرتەوە، ژمارەیەک لە کرێکاران کەوتنە ژێرپێی ئەسپەکانەوە. دواتر کاتێک کرێکاران کەوتنە بڵاوەکردن لەلایەن پۆلیسەوە بەر رێژنەی گوللە دران، مەیدان و شەقامەکانی ئەو دەورە بە خۆێنی کرێکاران سورکران، زیاتر لە ١٠ کرێکار هەر یەکسەر گیانیان لەدەستدا، دەیانی تریش بریندار بوون، سەرجەم لەم په‌لاماره‌ دڕندانه‌یه‌دا کە لە مێژوودا بە کوشت و کوشتاری گاورباغی ناوی دەرکردوه‌، شانزە کەس گیانیان لەدەست دا و بە دەیانیش بریندار بوون.

فەرماندەی پۆلیس بۆ چەواشە کردنی رای گشتی، ئەم کوشتارگایەی بەوە پاساو دا کە کرێکاران لە ئەنجامی دەستە و یەخە بوونیاندا لەگەڵ پۆلیسەکان پێکراون. بە مانایەکی تر وای نیشاندا کە ناچاربوون تەقە لە کرێکاران بکەن. بەڵام دواتر لەژێر گوشار و لێکۆڵینەوەدا ئاشکرابوو کە هەموو ئەو کرێکارانەی پێکرابوون لە پشتەوە لێدراون، واتە لە کاتی هەڵهاتندا تەقەیان لێ کرابوو. کوشتاری گاوورباغی بە خێرایی لە سەراسەری ولات و لە ئاستی جیهاندا دەنگی دایەوە و دەسەڵات کەوتە بەر لۆمە و سەزەنشتی فراوانی رای گشتی. لە ڕۆژی ١٦ تەموزی ١٩٤٦ سەفیری ئەوسای بەریتانیا لە عێراق (تونهیوربەر بیرد) بە بروسکەی نهێنی ژمارە ٦٣٥٠ بۆ وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق، ملی دا بە بەشێک لە خواستەکانی کرێکاران. لەوانە بردنەسەری لانی کەمی کرێی رۆژانە لە ٨٠ فلسەوە بۆ ١٤٠ فلس، وە تێکڕای لانی کەمی کرێی رۆژانە لە ٢٠٠ فلسەوە زیادکرا بۆ ٣١٠ فلس. رۆژانی دواتر کرێکاران گەرانەوە سەرکار. بەڵام ئەم داستانە جگە لە دەسکەوتەکانی و داسەپاندنی بەشێک لە داخوازیەکانی کرێکاران، دەستی گشت چینی کرێکاری پڕکرد لە ئەزمونێکی گەورەی خەبات و یەکریزی و هوشیاری چینایەتی کە دوای تێپەڕینی سێ چارەکە سەدە، هێشتا مایەی ئیلهام لێ وەرگرتنە. بە تایبەت یادکردنەوەی ئەو داستانە چینایەتیە کرێکاران بانگەواز دەکات بە هەمان گیانی هاوپشتی چینایەتی ئەو ناکۆکی و جیاوازی و چەند بەرەکیە توڕهەڵدەن کە بورژوازی و بزووتنەوە و لایەنە قەومیە کورد و عەرەب و تورکمانەکان و کۆنەپەرستانی ئیسلامی و تایفەچی، لە ریزی چینایەتی کریکاراندا خولقاندویانە، پەیامی داستانی گاوورباغی بە کریکاران دەڵێ؛ هێزی ئەم چینە و سەرکەوتنی ئەم چینە لەگرەوی یەکێتی و یەکریزی چینایەتی و رێکخراوبوونیدایە.

لە یادی راپەرێنی گاوورباغیدا بژی یەکریزی و هاوپشتی چینایەتی کرێکاران!

کۆتایی حوزەیرانی ٢٠١٧

Leave A Reply

Your email address will not be published.