ئەمریکا و ئەوروپا جەنگی ماسک؛ وەحشەکانی ڕۆژئاوا بەبێ ماسک…!

0

ئەمریکا و ئەوروپا جەنگی ماسک؛ وەحشەکانی ڕۆژئاوا بەبێ ماسک…!

نووسینی: کەریم کەریم

ئاشکرا و ڕوونە کە کۆڕۆنا ڤایرۆس، لەگەڵ ئەوەدا پەتایەکی سروشتییە، بەڵام گومان لەوەدا نییە نیزامی سەرمایەداری بەهۆی دەستکاری کردنی جیناتەکان لەهەموو بوارەکاندا، لەپێناو قازانج و سودی سەرمایەدا، بۆتە هۆکاری سەرەکی  دەرکەوتنی دەیان جۆر ڤایرۆس و نەخۆشی… بۆیە هەر ئەم نیزامە هۆکاری سەرجەم دەردو مەینەتەکانی کۆمەڵگەی ئینسانییە…. وە هاوکات بێدەربەستی  نەبوونی پێداویستی تەندروستی لەناو دڵی ئەو هەموو سەروەت و سامانە بێ شومارەدا بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان… هێندەی تر ماهیەتی ئەم نیزامەی قازانج پەرستەی بۆرژوازی خستە ڕوو. ئەم پەتایە واتە کۆرۆنا ڤایرۆس ماسکی لە ڕووی شارستانییەتی قێزەونی ئەمریکی و ئەوروپییەکان هەڵدایەوە. کەسانێک کە لەو وەهمەدا دەژیان کەگوایە ڕۆژئاواییەکان خاوەنی دەوڵەت، ئاین، کڵتور و مرۆڤی شارستانی، مۆدێرن و جیاواز لەگەڵ گەڵانی دیکەی جیهانن،  بوون بەژێر سونامی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە.

مێژووی (٥٠٠) ساڵەی ڕۆژئاواییەکان کە بەمێژووی ڤایکینگەکان بەناوبانگ و ناسراوە، مێژووی تاوان، چەتەگەری، بەکۆیلەکردن، کوشتاری خەڵکی بە دەسەڵاتی وڵاتانی جیهان و وێرانکردنی گۆی زەوییە  لەو تاوانکاریانەدا، نەک تەنها دەوڵەتەکانیان، بەڵکو خەڵکەکەشیان بەشداربوون.

کۆی تاوانکارییەکانی ڕۆژئاواییە بەناو شارستانییەکان ئەگەر زیاتر نەبوو بێت لە تاوانکارییەکانی (١٥٠٠) ساڵەی ئیسلام و ئیسلامییەکان، بەدڵنیاییەوە هیچی لەو کەمتر نەبووە.

سەیر ئەوەیە کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕۆژئاواییە وەحشییەکان لەئیسلام وەحشێکی ترسناکتریان لە میدیاکانیانەوە وێناکردووە، لەحاڵێکدا دوو وەحشن لەیەک جەنگەڵ و لەیەک چوارچێوەدا.

کۆمیدیای مێژوو لەوەدایە دڕندەیەکی مرۆڤخۆر و زەویخۆر لەسەر شانۆی پێشکەوتن، مرۆڤدۆستی و شارستانی ڕەهادا خۆی نمایش دەکات و ئەو دیکەیان لەسەر شانۆی خوداپەرستی عەرەبی بیابانیانەدا. کۆرۆنا ڤایرۆس ئەم دوو شانۆیەی بەتەواوی بەسەریەکدا وێرانی كرد. ئاشکرای کرد کە خاوەن شارستانییەتە قێزەونەکان، خاوەن تەکنۆلۆجیا و خاوەن ئەقڵ و کڵتورە بەناو پێشکەوتووخوازەکان، هەمان ئەو چەتە دەریاییانە کە (٥٠٠) ساڵ لەمەو پێشەوە دەستیان بە تاڵان و بڕۆی وڵاتانی دونیا کردووە.

لە سەردەمی کۆرۆنا ڤایرۆسدا ئەو ڕاستییە زیاتر ئاشکرا بوو کە چەتە ڕۆژئاواییەکان بەرامبەر بە یەکتریش وەفادار نین، جا چ بگات بەخەڵکی وڵاتانی وەک ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ئەفریقا، کە لەڕوانگەی ئەوانەوە لەمشکەکانی تاقیگەکانیان زیاتر شتێکی دیکە نین.

لەڕاپۆرتە هەواڵیکی کورتی ڕۆژنامەی ئیندپێندێنتی بەریتانیدا ئاماژە بەچەتەگەری و شەڕی ساردی نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەلایەک و ئەمریکا لەلایەکی دیکەوە کراوە لەسەر کڕین و دەست بەسەرداگرتنی (٢٠٠) هەزار ماسک[ دەمامک]. وەزیری ناوخۆی حکومەتی بەرلین بە ئیندیپێندێنت دەڵێت: بارهەڵگرێک کە (٢٠٠) هەزار ماسکی تێدا بووە و لەکۆمپانیایەکی ئەمریکی کڕابوو، لەلایەن ئەمریکاوە لەڕێگای تایلەندا دەستی بەسەردا گیراوە. پاشان دەڵیت: ئەم جۆرە  کردەوانە لەلایەن شەریکە بازرگانییەکانمانەوە لەوبەری ئۆقیانووسی ئەتڵەسییەوە قەبوڵ ناکرێت. درێژەی پێدەدات و دەڵێت: ئەم جۆرە کردەوانە، کردەوەی چەتەی مۆدێرنە. بەرپرسێکی پڵەبەرزی دەوڵەتیش لەپاریس بە ئیندیپێندێنت دەڵێت: چەند کەسێکی نەناسراوی ئەمریکی هاتن هەموو ئەو ماسکانەیان بەپارەیەکی کاش کڕی کەپێشتر  فەڕەنسا لەچین ئۆردەری کردبوو. ئێمە پێشتر پارەی گواستنەوەکەیمان دابوو. ئەمریکییەکان بەپارەیەکی زیاتر ئەو بارهەڵگرە پڕ لەماسکە چینییەیان لەدەستی ئێمە دەرهێنا.

جگە لەوانەش، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا ڕێگای گرت لەهاتنی ئەو ماسکانە کە بەماسکی (N95) ناسرا بوو کەپێشتر لەکۆمپانیاییەکی کەنەدای کڕیبوو.

 لەدرێژەی شەڕی چەتەکانی ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر ماسک و قەیرانی ماسكدا، دەوڵەتی (چیک) دەستی گرت  بەسەر سەدان هەزار ماسک و دەزگای هەناسەداندا کە لەدەوڵەتی چینەوە وەک کۆمەک و هاوکاری بۆ هاووڵاتیانی ئیتاڵیا ڕەوانە کراو بوو. لەم سکانداڵانەی ڕۆژئاوای ناوی شارستانی زڵ و کەلاوەی مێژووییەش زیاتر ئەوە بوو کەپارێزگاری نیۆرۆک هاواری دەکرد: “نیۆرۆک پێویستی بە (٦٠٠٠) دەزگای هەناسەدان هەیە و ئێمە (٤٠٠) دەزگامان لەبەردەستدایە”.  بەرپرسانی کۆشکی سپیش بەدەنگی بەرز وەڵامیان دەدایەوە: توانای دابینکردنی ئەو ژمارەیەمان نییە. لەوانەش سەیرتر لەڕۆژئاوای شارستانی چەتەگەری سەرمایەداران دا، ئەمرکای زڵهێز و سوپر پاوەر، داوای لەدەوڵەتی ڕوسیا و کۆریای باشور کرد کەکۆمەکی پزیشکی بۆ ڕەوانە بکەن، کەچی هەر دوێنێ بوو لەگەڵ چەتە ئەوروپییە شەریکەکانیاندا بەپۆز لێدانەوە سووکایەتیان بەسەرۆکی ڕوسیا (ڤلادمێر پۆتین) دەکرد و گەمارۆی ئابورییان لەسەر ڕوسیا دادەنا.

کۆرۆنا ڤایرۆس دونیایەکی نوێی سەیری خوڵقاند و چەتە شەریکەکانی لەسەر ماسک و پێداویستییە پزیشکییەکان بەشەڕدا و بەتەواوی ماسکی ڕاستەقینە لەڕووی شارستانییەتی قێزەونی چەتەگەری (٥٠٠) ساڵەی ڕۆژئاواییە وەحشییەکان داماڵی. بەڵام ئەوەی زۆر گرنگ و پێویست دەکا هەموو لایەک قەناعەت بکەن بەوەی کەشارستانیەتی قێزەوەنی ڕۆژئاواییەکان جگە لەشارستانیەتی ڕاو و ڕووت و چەتەگەری زیاتر شتێکی دیکە نییە.

دوا بەدوای ئەو شکستە تاڵەی کە کۆرۆنا ڤایرۆس ڕووبەڕووی سیستمی تەندروستی جیهانی و دەوڵەتەکانی نیولیبراڵیزمی ڕۆژئاوای کردەوە، ئێستا هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوایی روبەڕووی جۆرەها کێشە و گرفتی ماددی و مەعنەوی کردۆتەوە و بەتایبەتیش دەوڵەتی بەریتانیا کەدەستیان داوەتە تۆمەتبارکردنی دەوڵەتی چین بەوەی کەزانیاری لەسەر کوشندە بوونی ڤایرۆسەکە نەداوە بەوان. بەڵام ئەوەی جێگای پێزانین و هەڵوێستە کردنە کەدەوڵەتی چین لەم چەند دەیەیەی دواییدا گەشەسەندن و پێشکەوتنێکی زۆر خێرا و ڕەهای بەخۆی بینیوە لەڕووی ئابوورییەوە بەتایبەتیش لەڕووی تەکنۆڵۆجیا و ڕێگا و بان و پرد و فرۆکەخانە و…هتد. ئێستا دەوڵەتی چین یەکەمە لەڕووی ئابووری و بازرگانی و تەکنۆڵۆجیادا کە لەپێش ئەمریکا و هاوپەیمانەکان دایە و وەکو قووتبێک دەرکەوتووە لەبەرامبەر دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەگۆڕەپانی ئابووری دا. بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژە پێکردنە کە سیستەم و کاری بەڕێوبردن لەدەوڵەتی چیندا بریتییە لە شکڵێک لەشکڵەکانی (کۆمۆنیزمی بۆرژوازیی لیبراڵ-ناسیونالیست )ە نەک ئاڵا هەڵگری کۆمۆنیزمی کرێکاری مارکس-ئەنگلس بێت. دوا بەدوای ئەوەش دەوڵەتی بەریتانیا بۆچی چەند تیمێکی زانستی و پزیشکیتان ڕەوانەی شاری (یوهان)ی چین نەکرد تا لە کوشندەیی ڤایرۆسەکە ئاگاداربن؟ بەڵام دەوڵەتی بەریتانیا چەند مەبەستێکی ژەهراوی و گڵاویان لەژێر سەریان دابوو، گرنگترین مەبەستیان چاویان لەوە بڕیبوو کەدەوڵەتی چین بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەڕووی ئابورییەوە دابڕمێت و ئێوەش بەردەوام هەر لەسەر كەلاوەكەی پاشایەتی جیهان بكەن. بەڵام ئەو خورمایەی ئەمریکاییەکان و ئینگلیزەکان و ئەوروپییەکان خواردبوویان دەوڵەتی چین فەلاحەکەی کەرەنتینە کردبوو.

Leave A Reply

Your email address will not be published.