توندوتیژی بۆکێ و دژی کێ؟

0

 توندوتیژی بۆکێ و دژی کێ؟

نووسینی: بەهرە حەمە ڕەش

کاتێک باس لە توندوتیژی دژ بە ژنان دەکرێت، یەکڕاست هەموان فکریان زیاتر بۆ لای لێدان و توندوتیژیی جەستەیی دەچێت، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا قسە فڕێدان و توندوتیژییەت دەروونییەکان، ئەوەندە ئاسایی کراون، زۆر جار کەسی توندوتیژ وەکوو کارێکی ئاسایی لێی دەڕوانێت!

بەپێی زۆربەی ئەو پێناسە جیهانییانەی، کە بۆ توندوتیژی کراون، بریتییە لە: “هەموو ئەو (کردار، رەفتار، ئاماژە، قسە و جووڵانە)، کە بەبێ خواستی خۆی بەرامبەر کەسێک ئەنجام دەدرێت”. کەواتە توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی، شوێنەوار و کاریگەریی خۆی جێ دەهێڵێت. ئیتر لەلایەن هەر کەسێکەوە بەرامبەر کەسێکی تر بکرێت.

مرۆڤ لە هەست، غەریزە و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیاندا یەکسانن، هیچ مرۆڤێکی ئاسایی نایەوێت کەرامەتی لەکەدار بکرێت، یانیش قسە و ئاماژەیەکی ناشایستەی بەرامبەر بکرێت. زۆر جار کەسەکان لە حاڵەتی بێدەسەڵاتی، یان ناهۆشیاریدا، بەشێک لە توندوتیژییەکان قبووڵ دەکەن، بەڵام مەرج نییە ئەم بێدەنگی و بەرگەگرییە تا سەر بێت. ئەگەر وەکوو خۆی و لە کاتی خۆی وەڵام نەدرێتەوە، بە جۆر و شێوازی تر و لە کاتی جیاواز، دەرهاویشتەی خۆی دەبێت.

ناوەناوە کەسانێک لەژێر ناونیشانی (پیاوی ئایینی) بە ئارەزووی خۆیان و بێ سنوور قسە بە ئافرەتانی کۆمەڵگە دەڵێن، ئەوان ئایینیان کردووەتە ئەو پەنایەی، کە بۆ هەر قسەیەکی توندوتیژی بڕۆنەوە پەنای، بەهۆی بەکارهێنانی ئایین، سۆزی بەشێک لە خەڵک ئیستیغلال دەکەن و رەوایەتیی بەم دەستدرێژکارییە دەدەن، کە بەناوی ئایینەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم دیندارییە عەرەبییەی، کە ئەم جۆرە کەسانە بە کۆمەڵی دەفرۆشنەوە، نە بە قازانجی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و نە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە و نە بە سودی تاکەکانی کۆمەڵگەیە، بەڵکوو لەسەردەمی تەکنۆلۆژیا و کرانەوەی کۆمەڵگە، لەجیاتی ئەوەی هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، هەندێ قسە فڕێ دەدەن، کە لێکترازانی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، ئەمەش لە هەر شتێ زیاتر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

کەسانی هۆشیار و بەئاگا لە پێشکەوتنە خێراکانی جیهان و سەردەمی گلۆبال و عەولەمە، تێدەگەن کە ناتوانرێت بەر بە گۆڕانکارییەکان لەسەر هەر ئاستێکی ژیاندا بگیرێت، ئەو جەهلەی، کە پێشتر بەناوی جیاجیا لە کۆمەڵگە بڵاو دەکرایەوە، کرانەوە و خوێندنیان بە عیلمی ئیبلیس وەسف دەکرد. ئێستا لە هیچ کوێی ئەم گوندە جیهانییەی، بەهۆی تەکنەلۆژیاوە دروست بووە، جێگایان نابێتەوە. بۆیە ناتوانرێت ئەوەی پێشتر دەیانکردە جێی باوەڕی کۆمەڵ و لەژێر ناوی جیاواز پێگەی کۆمەڵایەتی بۆ دروست دەکردن، ئیتر درێژە بکێشێت.

ئەوەی ئێستا لە بەشێك لەو پیاوانە یان ئەوانەی بەناوی ئایینەوە دەیانەوێ فەتوای دابەشکردنی کۆمەڵ بدەن، بەر لە هەر شتێ هەست دەکەن، کە پێگەی کۆمەڵایەتییان لەمەترسیدایە، چونکە کاتێک کۆمەڵگەیەک دامەزراوەی تێدابێت، ئەو کەسانە شوێنیان لەق دەبێت، هاوکات پێشکەوتنی کۆمەڵگە لەسەر ئاستە جیاجیاکان و ئاگایی خەڵک، جارێکی تر شوێنی ئەوان لێژ دەکات.

لەلایەکی ترەوە هەڵپەی ناوبانگ و سەرقاڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە راگەیاندنەکان بەخۆیانەوە، ئامانجێکی تری ئەم قسە فڕێدانەیە، کە سەردەمێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆن بوون و دواتر بەناوی ئایین و… بڵاو بوو. ئەو قسەوباسانەی، کە بەناوی ئایین و دابونەریتەوە دەرهەق بە ژنان ئەنجام دەدرێت، ئەوپەڕی توندوتیژی و بریندارکردنی هەستیانە.

هاوکات پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسی و دەروونی، ناشێ مەترسییەکانی ئەم توندوتیژییە هەست پێنەکەن، لەکاتێکدا جۆرەها کێشە لە کۆمەڵگەدا هەن، بەهۆ و بێ هۆ قسەی توند و بێ بنەما رووبەڕووی ئافرەتان بکرێتەوە. هەروەها کەناڵەکانی پەروەردەکردن لە کۆمەڵگە/ خێزان، حزب، قوتابخانە و زانکۆ، هەریەک بەپێی قەبارەی خۆی بەرپرسیارێتی و ناهەمواریی کێشەکانی کۆمەڵگەی بەردەکەوێ، هیچیان لەم ناکۆکییە کۆمەڵایەتییانەی هەن بێبەری نین، بەڵام حکوومەت لە رێکخستن و رێگەنەدان بە لە سنوور دەرچوونی هەریەک لەم کەناڵانە، بەرپرسی یەکەمە، چونکە ئەو دەسەڵاتی جێبەجێکار و بەرپرسیارە لە هەر رووداوێکی کۆمەڵ. کەواتە و دووبارە دەڵێین، حکوومەت بەرپرسی یەکەمە لە رێگەگرتن لەم توندوتیژییە.

بەکورتی، کاتی ئەوە هاتووە، ئەرک و مافی پیاوانی ئایینی لە کۆمەڵگە و چوارچێوەی کاری حکوومەتدا دیاری بکرێت، دین وەکو کاری کەسەکان خۆیان لێی بڕوانرێت و بەتەواوەتی لە سیاسەت و حکومەتداری و خوێندن و پەروەردە و یاساکان جیابکرێتەوە. جیاکردنەوەی دینیش لە دەوڵەت و یاساو خوێندن و پەروەردەو ئازادی دینداری و بێدینی، کەشیکی تەندروست دەخولقێنێ و دەتوانێت دەستی پیاوانی دینی لە دەستێوەردان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مافی تاکەکان، کورت بکاتەوە. ئەمەش دەتوانێت خزمەت بە کۆمەڵ و تاکەکانی بکات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.