سامان کەریم: “جەنگی دژی تیرۆر” خۆی لە خۆیدا سیاسەتێک بوو، کە جەنگی لە ژێر ناوی” دژی تیرۆردا” فراوانبکاتەوە. ئەم سیاسەتە بواری کردەوەکە “تیرۆریزمی ئیسلامی” بڵاوبکاتەوە..

0

سامان کەریم: “جەنگی دژی تیرۆر” خۆی لە خۆیدا سیاسەتێک بوو، کە جەنگی لە ژێر ناوی” دژی تیرۆردا” فراوانبکاتەوە. ئەم سیاسەتە بواری کردەوەکە “تیرۆریزمی ئیسلامی” بڵاوبکاتەوە..

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی سامان کەریم، بە بۆنەی ١٩ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هیرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١ سێبتەمبەر… دنیای تەکانداو بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوری و باڵادەستی نیشانی دنیا و بەتایبەتی رەقیبە جیهانیەکانی بداتەوە، تا چەندە ئەمریکا لەو پەیامەیدا سەرکەوتوو بوو؟

سامان کەریم: ڕووداوی ١١ی سێبتمبەر، ڕووداوێکی ڕۆشنە و لەمبارەوە زۆر قسەوباسکراوە. بەڵام هەستدەکەم پێویستە بەشی یەکەمی پرسیارەکەتان کەمێک ڕۆشن بکەینەوە. ئەمەریکا پێش ڕووداوەکە، هەم گەورەترین هێزی‌ سەرمایەی جیهان بوو، واتە باڵادەست بوو، هەم بێ ڕەقیبێکی بەتواناو بەرچاو، لە هەمانکاتدا، ئەمەریکا هەمیشە وەک ئەو ئەمەریکایەی کە ڕەئی گشتی جیهانی پێی ئاشنایە هەمیشە ملهوڕ و داگیرکەر و سەرکوتکەرو جەنگ هەڵگیرسێنەر بووە. واتە ئەوەی ١١ی سێبتەمبەر بۆ ئەمریکای فەراهەمکرد، ملهوڕی و باڵادەستی نەبوو، چونکە خۆی لە هەردوو ئەم سیمایە بە زیادەوە بەهرەمەند بوو.

ئەم ڕووداوە، هاتنەخوارەوەی ئەمریکای وەک زلهێزی یەکەمی جیهان دواخست، هەرئەوەندە. واتە ڕۆڵی ڕووداوەکە بۆ ئەمریکا ئەوەبوو کە توانی هاوپەیمانیەکی سەربازی جیهانی بە ڕابەری خۆی پێکبهێنێت لە ژێر ناوی ” جەنگ دژی تیرۆر” و جارێکی دیکە ڕۆژئاوای ئەوروپی ناچآر بکاتەوە بە ڕابەرییەکەی و هەروەها بۆ ماوەیەکی کورت سەمپاتی ڕای گشتی جیهانی بۆ لای خۆی رابکێشێت. “جەنگی دژی تیرۆر” خۆی لە خۆیدا سیاسەتێک بوو، کە جەنگی لە ژێر ناوی ” دژی تیرۆردا” فراوانبکاتەوە. ئەم سیاسەتە بواری کردەوەکە “تیرۆریزمی ئیسلامی” بڵاوبکاتەوە. هێرش بۆسەر ئەفغانستان و داگیرکردنی، ئەو سیاسەتە بوو، کە تیرۆریزمی ئیسلامی، نەک تەنها بڵاوکردەوە، بەڵکو ئاڕاستەی جیاوازی “جیهادی وتیرۆریستی” تازەی هێنایە پێشەوە، لە پاکستانەوە بگرە تا دەگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقاو تەنانەت نێو ئەوروپاش. تائێرە ئەمریکا سەرکەوتوو بوە. سەرکەوتووبووە وەک هێزێکی سەرمایەداری گەورەی جیهانی لەهێنانە پێشەوەو سەرخستن و بەهیزکردنی ئیسلامی سیاسی یان ئیسلام بەگشتی وەک پایەیەکی فکرو نەریت و ڕۆشنبیری جیهانی و سەرخانێکی فکری و سیاسی بۆ سەرمایە. ئەمرۆ سەرمایە لە ڕۆژئاوای ئاسیاوە بگرە تا دەگاتە ئەوپەڕی جیهانی عەرەب و تەنانەت لە کۆسۆڤۆی نێو جەرگەی ئەوروپاشدا، باشترین نوێنەری بازاڕی ئازادو سەرمایەیە. ئەمریکا لەم داهێنانەدا بە پشتیوانی وڵاتانی وەک سعودیە و پاکستان و بەریتانیا، سەرکەوتوو بووە.

هەروەک ئاماژەم پێکرد، ئەمەریکا کێرقی دابەزینی پێگەی خۆی دواخست، بەڵام نەیتوانی تاسەر بیوەستێنێت، وەک ئێستا دەیبینین، کە ئەمریکا چۆن لە بەرانبەر چیندا، هەڵبژاردەی زۆری لەبەردەستدا نییە.

بۆپێشەوە: روداوی ١١ سێبتەمبەر… چوارچیوەیەکی فەرمیدا بە جەنگی تیرۆریستی نیوان تیرۆریزمی دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتی، لاتان وایە هیشتا دنیا لەهەمان بازنەی جەنگی تیرۆریستی دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتیدایە؟

سامان کەریم: ئەو ناوە  قۆناغێک بوو، بەسەرچوو. هەرچەند ئەوکاتەش ئەوە تەنها ناونیشانێک بوو. هەڵقەیەک بوو لە هەڵقە تاکتیکیەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەتێکی ستراتیژای تردا. ستراتیژی مانەوەی ئەمریکا وەک سەرکردەو هێزی یەکەمی سەرمایە لە جیهاندا. ئێستا تەنانەت بۆ هەمووان ڕۆشنە کە ئەمریکا وەک هیزی یەکەم ناتوانێت بمێنێتەوەو لایەنی کەم جیهانی ئەمرۆی سەرمایە، پێویستی بە جەمسەری دیکە هەیە. کاتێک ستراتیژ فەشەل دەهێنیت، ئەوکاتە ڕۆشنە کە هەڵقە تەکتیکیەکان، گۆڕانیان بەسەردا دێت. بەڵام دەبێت گۆمەکە شڵەقاو بێت. واتە ئاشوب بەردەوام بێت و تەواوی هێزە ڕەقیبەکانی دیکە بە کۆسپێکەوە دەرگیربکرێن. بەجیا لەوەی کە لەسەر زمانی گەورە بەرپرسیاری ئەمریکاوە، ئەوە ڕۆشن بووەوە کە هێزە تیرۆریستییەکان خۆیان دروستی دەکەن و جەنگی بە وەکالەتی پێدەکەن. ئەمرۆ لەکەس شاراوە نییە، کە ئەمریکا هەم تیرۆریزمی دەوڵەتی پیادە دەکات و هەم تیرۆریزمی غەیرە دەوڵەتی پێکدەهێنیت، لەمبارەوە، “داعش” نمونەیەکی زەقە. هەم زەمینە بۆ پێکهێنانی خۆش دەکات و کۆمەکی دەکات، هەم زەڕەبەی سەربازی لێدەدات. لەمبارەوە ئەمریکا لە ئاستی ستراتیژیدا لە بەرانبەر تیرۆریزمی ئیسلامیدا گەیشتۆتە دوا پۆینتی خۆی.

لەم قۆناغەدا ئەو ناوە کریاری نەماوە، چونکە هەر لەبناغەوە مانشێت بوو، بۆ شاردنەوەی جەنگی نێوان سەرمایە گەورەکان، دیارە لە ڕێگای دەوڵەتانی خۆیانەوە. ئەمریکا لە سوریا چی دەکات؟! بۆ ڕیگا نادات هێرش بکریتە سەر ئەدلب؟! رۆشنە کە لەم وڵآتەدا بەتەواوی لە پاڵ تیرۆریزمی ئیسلامیدا وەستاوەو دژ بە پێگەی ڕوسیا. لەم سەردەمەدا بە ئاشکرا دیارە کە مێژووی جیهانی ئەمڕۆی ئێمە، لە نێوان ململانێ و کێبەرکێیەکی ترسناکی نێوان چین و ئەمریکادا دەچێتە پێشەوە. ئەوەی کە تایبەتمەندی ئەم قۆناغەی مێژووی ئێمە دیاریدەکات، بەداخەوە شۆرشی کرێکاریی نییە، بەڵکو ئەو ململانێ و کێبەرکێ توندەیە کە لەنیوان زلهێزەکانی سەرمایەدا هەیە لە ئاستی جیهاندا، بەتایبەت چین و ئەمریکا. لەم نێوەدا خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا دژ بەسەرمایە لە ئاستی جیهانیدا، بەهۆی ئەوەی کە وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی بەهێز نمایشی نەکردوە، ئەگەرچی لە زۆربەی ولاتان بەهرەمەندە لە ئاگایی چینایەتی، بەلام بەگشتی لە ئاگایی سۆشیالیستی بەهرەمەند نییە، بۆیە وەک هێزێکی چینایەتی یەکگرتوو لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی ئاگادار نییە لەم قۆناغەدا. بەم پێیە تا ئەم چرکە ساتە لەم قۆناغە “ئینتقالیە” جیهانیەدا، چینی پڕۆلیتاریا و بەم پێیە کۆمۆنیزم، لەئاستی جەنگ لەسەر دەسەڵاتی سیاسی بەتەواوی ونە و دیار نییە.

پۆینتی گرینگ ئەوەیە، ئەوەی کە ڕێگا دەدات ململانێی نێوان چین و ئەمریکا ببێتە سەر دێری مێژووی ئێمە، نەبوونی ئاگایی سۆشیالیستی کرێکارانە لەنێو دەروونی چینی پرۆلیتاریادا. سەرنج بدە، ئەوانە کێن کە دەنگ دەدەن بە لۆمپنێکی وەک ترامپ یان جۆنسنی بەریتانیا، یان هیزە ڕاسیستەکانی ئەوروپا؟ بەشی زۆری هیزی چینی پڕۆلیتاریایە بەسەرکارو بێکارییەوە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت کرێکارانی ئەمریکی سپی پێست، بە پێی ئاگاداری من دەنگ بە ترامپ دەدەن. ئەگەر لە ئەمریکا پرۆلیتاریا گیرۆدەی فکرو نەریتی ئاراستەی کریستیانی پرۆتیستانتی ئێڤانگلیکالەکان (کریستیانی ئەنجیلی کە زۆر ئاراستەی تریشتی هەیە- protestant Evangelical – (و میلۆیاریانیزمەکانە- ڕاستڕەوانی کریستیانی یەهودییەکان- و دیارە گیرۆدەی بازاڕو نەتەوەپەرستی ئەمریکا و ڕەگەزی سپیین. ئەوا پرۆلیتاریای چین گیرۆدەی سوککردن و‌ هێنانە خوارەوەی بەهاکانی کۆمۆنیزمە، لە ژێر ناوی کۆمۆنیزمی چینیدا. گیرۆدەی دەستی هێزێکی کۆنەپەرستی نەتەوەیی و ئایینی کۆنفۆشییە. ئەم کێبەرکێ و ململانێ توندەی نێوان چین و ئەمریکا لە هەمانکاتدا پێگەو نمایشی خەباتی چینایەتیمان لە ئاستی جیهانیدا نیشاندەدات و پیوانەیەکی چینایەتیمان دەداتە دەست، کە وەک لە چەندین نووسیندا ئاماژەم پێکردوە، زەوتکردنەوەی مارکسە لە چینەکەمان. مارکس بەمانای مێتۆد و ئاراستەی فکری و ئامانجی چینی پرۆلیتاریا.

بۆپێشەوە: ١١ سێبتەمبەر تا چەندە پەیوەندی بە کێشەی عەرەب/ئیسرائیلەوە هەبوو؟ وە چ کاریگەیەکی لەسەر کیشمەکێشی عەرەب/ ئیسرائیل دانا؟

سامان کەریم: کێشەی عەرەب ئیسڕائیل لە ئێستادا بوونی نییە، وە لە ڕاستیدا لە ئەم پرۆسەیە لە کامپ دیڤدەوە دەستپێدەکات و لە ساڵی ١٩٩١دا کۆتایی پێدێت، واتە کیشەی عەرەب–ئیسڕائیل بە چەمکە کۆنە نەتەوەییەکەی نامێنێت. بەڵکو ئەوەی کە ئێستا لەگەڵی ڕووبەڕووین کێشەی فەلەستینیەکان و ئیسڕائیڵە. پێم وایە بازاڕی سەرمایە تەواوی پۆتانشیۆلە بە‌هێزەکانی لە فەڵەستینیەکان و دەسەڵاتی بورجوازی فەڵەستینی سەندۆتەوە. ئەوەی کەسایەی کردەوە بەسەر کێشەی فەلەستین-ئیسڕائیلدا وە ئێستاش دەیکات، بازاڕو سەرمایەیە، نەک جیهانی عەرەب و نەتەوەی عەرەب. ئەمرۆ بە پێچەوانەوە لە سایەی لیبرالیزمی نوێ و باڵا دەستی تا ئێستای ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بازاڕی جیهانی عەرەب لە خزمەت ئیسڕائیلدایە، نەک بە پێچەوانەوە. چەند ڕۆژ لەمەوبەر بوو، ئاشتی و هاوپەیمانی نێوان ئیماراتی عەرەبی و ئیسڕائیلمان بینی سەڕەرای هەرای فەلەستینیەکان وە تەنانەت کۆمکاری عەرەبی ئەو ڕێکەوتنەی سەرکۆنە نەکرد، لە حالێکدا کە بەتوندی سەرکۆنەی ڕیکەوتنی نێوان ئیسڕائیل و میسری کرد پیش زیاتر لە ٤٠ ساڵ و مقەری سەرەکی کۆمکاری عەرەبی لە میسرەوە گوێزایەوە بۆ تونس. جگە لەوە فرۆکەی ئیسرائیلی بەئاسمانی سعودیە ومەککەو مەدینەدا ڕێگا پێدراوە. سەرمایە هەم پێویستی بە بازارە وەهەم بە ئارامی و ئاسایش. ئارامی و ئاسایش و ئاشتی پیویستی بە بەرگری و هێزە لە سایەی سەرمایەو دەسەڵاتەکەیدا، لێرەدا ئیسڕائیل پیشڕەوە، هەم لە تەکنۆلۆژیای ئەمنیدا، وەهەم جەنگی و زیرەکدا لە لایەک وە لەبەرانبەردا، ئیمارات و سعودیە وبەحرین … پێویستیان بەوە هەیە کە بەرگریان لێبکرێت، بەتایبەت کە ئەمریکا ملی ناوە بەرەو چین. واتە ئیسڕائیل جێگای دەگرێتەوە. بەپێی قەولی خۆیان بەرگریان لێدەکات.

ئەم سەردەمە لە ڕوانگەی ئیسڕائیلەوە، ئاشتی لە بەرانبەر بازار دایە و بۆ وڵاتە عەرەبیەکان ئاشتی لەبەرانبەر تەکنۆلۆژیادایە بە هەموو جۆرەکانیەوە.. خۆیان دەڵین ئاشتی بەرانبەر بە ئاشتی واتە ئاشتی بۆ هەردوولا و فەڵەستینیەکانی تێدا نییە. جاران ئاشتی بەرانبەر بەزەوی بوو، ئێستا وڵاتە عەرەبیەکان بە فعلی باسی زەوی فەڵەستینی ناکەن. سەرمایە لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا ناتوانێت بە فیکەی فەڵەستین و نەتەوەی عەرەب قازانج بکات و بۆیە پێویستیان نەماوە. لە ڕوانگەی منەوە سەرمایە ئایدیا و ڕۆشنبری نەتەوەیی دەمێکە تێپەڕاندوە، نەک پێویستی پێنەماوە، بەڵکو ڕیگرە لەبەردەم فراوانبونەوە و مۆنۆپۆلەکانیدا. ئایین زیاتر خزمەتی دەکات و هەرواش دەکات و  دەیەوێت لە چوارچێوەیەکدا ئاینە ئاسمانیەکانی ناوچەکە ڕێکیبخاتەوە.

١١ی سێبتەمبەری ٢٠٢٠

تێبینی: ئەم دیمانەیە بۆ ژمارەی ٨٣ بۆپێشەوە ئامادەکراوە کە ١٥/٩/٢٠٢٠ دەردەچیت، بەڵام بە پیویستمان زانی ئەمڕۆ کە ١١ سێبتەمبەرە، و ڕیکەوتی ڕوداوەکەیە، بڵاوی بکەینەوە… بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.