ڕزگار عومەر: قەیرانە دەستکردەکان و ڕاستەقینەکانی کە حوکمڕانی ناسیۆنالیزمی کورد دروستی کردووە لە ڕووی ئابوری و سیاسی هۆکارێکە بۆ زۆربوونی نەفرەت و خواستی لابردنی ئەم جۆرە لە ڕژێم…

0

ڕزگار عومەر: قەیرانە دەستکردەکان و ڕاستەقینەکانی کە حوکمڕانی ناسیۆنالیزمی کورد دروستی کردووە لە ڕووی ئابوری و سیاسی هۆکارێکە بۆ زۆربوونی نەفرەت و خواستی لابردنی ئەم جۆرە لە ڕژێم…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ڕزگار عومەر نووسەر و چالاکوانی سیاسی سەبارەت بە هەلومەرجی  سیاسی کوردستان و پرسی ڕاماڵینی دەسەڵات…

 بۆپێشەوە: دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردستان گیرۆدەی چەندین فشارو قەیرانە. لە دۆخێکی لەو بابەتەدا خۆپیشاندانەکان چ ئاسۆیەکیان هەیە ؟

ڕزگار عومەر: لە بیست و نۆ ساڵی ڕابردوو، چەندین جار ئەم جۆرە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەبووە، هەموو جارێك بە شێوەیەکی کاتی گەرم دەبێت و خامۆش دەبێت. هۆیەکانی خامۆش بوون زۆرن، بەڵام بە دڵنیایی نەبوونی “ئازادی سیاسی” یەکێك لە هۆکارە سەرەکیەکانی خامۆش بوونی ئەم خولە دەبێت هەروەکو جارانی پێشوو، چونکە دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد بۆ مانەوەی هەژموونی خۆی پەنا دەباتە بەر ئەوپەڕی زەبروزەنگ و تۆقاندن.

 هۆکارێکیتر بریتیە؛ لە پەرش وبڵاوی و ناڕێکی ئەم ناڕەزایەتیانە لەنێو خۆیدا. خەڵکێکی زۆر، هێزو کەسایەتی زۆر بە تموحی سیاسی و بە ئاسۆی سیاسی جیاواز بەشداری لە خۆپیشاندانەکان دەکەن.

ڕەهەندی زاڵ لە نێو ئەم خۆپیشاندانە لە هەندێ شوێندا بریتیە تەنیا لە “خاڵیکردنەوەی” نەفرەت لە سیستەم، ئەم خاڵیکردنەوەیە سەرەڕای ئەوەی جەربەزەیی و خوێنی گەرمی لە پشتە، بەڵام هۆکارێکیشە کە زۆربەی خۆپیشاندانەکان تەنیا ڕابەرایەتی بکرێت لە لایەن یەك توێژی دیاریکراو کە دوای خالیکردنەوە، ئاسۆیەکیتری نییە ئەم جموجۆڵە چی لێ بکا؟

 توێژیتری پیشەیی هەن: مامۆستاکان، شۆفێرەکان، کاسبکارو دوکاندارەکان هەریەکەیان بە داواکاری جیاواز خۆپیشاندان دەکەن؛ هیچ کام لەم توێژانە نە بەشداری خۆپیشاندانی یەکتر دەکەن نە پاڵپشتی لێدەکەن! هەر یەك لەم توێژانە تا ئەوەندە دژایەتی سیستەم دەکات کە تەنیا داواکاری توێژەکەی خۆی بەسەردا بسەپێنێ دوای ئەوە کێشەی نییە هەمان سیستەم چی لە توێژەکانیتر دەکا، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە بانگەوازی خۆپیشاندانی سەرتاسەریەکان چەندە بانگەوازی بۆ دەکرێ سەدایەکی کەمی دەبێت و نابێتە بزوتنەوەیەکی سەرتاسەری.

ئەم دۆخە؛ هەر لە خۆڕا پەیدا نەبوو، ئەمە بەروبومی شەقار شەقار بوونی کۆمەڵگەیە، داڕمانی ئەم شوناسانایە کە چین و توێژەکان لە خاڵی هاوبەشی چارەنوساز کۆدەکاتەوە. ناسیۆنالیزمی کورد لە ڕیگای پارچە پارچەکردنی ئەو پێوەرو بەهایانەی مرۆڤەکان بە یەکتر دەبەستێتەوە، سەرکەوتوو بوو لە لەت کردنی ئەو هەڕەمە مەعنەوی و کۆمەڵایەتیەی پێی دەڵێن “کۆمەڵگە”، ئەسڵەن شتێک نەماوە بە ناوی ” کۆمەڵگە” کە کۆکەرەوەی ئەو بەرژوەندە گشتیانە بێت کەوا بکات چین و توێژە جیاوازەکان لە ژێر پەرچەمی بەرەنگاری لە کۆمەڵگە تەنانەت ئەگەر بە ڕەمزیش بێت ئاکتی پان و بەرینی گشتی بکەن.

 قەیرانە دەستکردەکان و ڕاستەقینەکانی کە حوکمڕانی ناسیۆنالیزمی کورد دروستی کردووە لە ڕووی ئابوری و سیاسی هۆکارێکە بۆ زۆربوونی نەفرەت و خواستی لابردنی ئەم جۆرە لە ڕژێم، بەڵام ئەم نەفرەت و خواستە بێ وەڵامە لەبەرامبەر ئەوەی: “ئەلتەرناتیڤ” چییە؟

ئەم دۆخەی کوردستان پێویستی بە بکەری تازەیە؛ بۆ ئەوەی دەرفەتی گۆڕانکاری حەقیقی جێگیر بکرێت، دەبێ بکەری نوێ هەبێت جیاواز بێت لە هەموو هاوبەشەکان و برا بەشەکانی ئەم دونیا سیاسیەی دروست کراوە.
ئەم بکەرە بەر لەوەی توانای ئەوەی هەبێت ئەلتەرناتیڤێکی تر بخاتە ڕوو بۆ دەسەڵاتی سیاسی، دەبێ لە ڕووی سیاسی و مەیدانیەوە” ئۆپۆزسیۆن” ی بە هەموو ڕەنگەکانیەوە بنەبڕ کردبێت! یان بە ئاستێك لاوازیان بکات کە تەسلیمی بکەرە نوێیەکە ببن بە تەواوی، بە خۆشی بێت یان بە زۆرە ملێ بێت!

 بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە ئەو بۆچونەی کە بۆ ڕزگار بوون لەدەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتی، چاویان بڕیوەتە دەسەڵاتی ناوەندی و بەغدا؟ ئایا ئومێد و پشت بەستن  و چاوبڕینە دەسەڵاتی بەغدا، ڕێگا چارەیە؟

ڕزگار عومەر: ڕوو کردنە بەغدا کێشەی بژێوی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی هەرێم چارەسەر دەکات. ئەم ڕوو تێکردنە، وەکو بژاردە بەر لەوەی ساغ بوونەوەی سیاسی بێت، ساغ بوونەوەیە لەسەر زەمانەت کردنی بژێوی و ژیان، جۆرێکە لە پاراستنی ماف.

ناسیۆنالیزمی کورد تەگەرەی زۆری دروستکرد لەسەر ئەم بژاردەیە، چونکە لە لایەك دەرفەتی “تاڵانی” و گەندەڵی ئابوری بەرتەسك دەکات، لە لایەکیتریش ئەگەر بێتوو سەربگرێ درزێکی گەورە دەخاتە سەر ” کۆنتڕۆڵی” ناسیۆنالیزم بەسەر هاوڵاتیانی هەرێم.

بۆپێشەوە: ڕۆڵی چەپ لە هەلومەرجی ئێستادا چییە؟ چۆن دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن و ڕێگە نەدەن لە سبەینێی هەر ئاڵوگۆڕێکدا هێزی سیاسی بۆرژوازی تر دەستکەوتی ڕاپەڕینی جەماوەری بە تاڵان ببەن؟

رزگار عومەر: هێزو کەسایەتی و ڕێکخراوە چەپەکان وەکو هەر هێزێکیتر بەشداری خۆپیشاندانەکانن، بەڵام بە داخەوە لە سنوری بەشداری قەتیس ماون. هێزی سیاسی کە تموحی ئەوەی هەبێت دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە بگرێ، یان سێبەرو هەژموونی بەسەر کۆمەڵگە هەبێت وببێتە ژمارەیەکی واقیعی دەبێ مەشغەڵەتە سیاسیەکەی بریتی بێ لە زیادکردنی “ڕێکخستن” ی سیاسی ، نەك تەنیا بە مانایەکی تەسکی ئەندامگیری، بەڵکو بە مانای زاڵ کردنی ئیدەی سیاسی خۆی بەسەر کۆمەڵگە.

لەبەر هەر هۆیەك بێت هێزەکانی چەپ هێشتا کەنارگیرن لەوەی ببنە ڕابەری ئەم خۆپیشاندانانە. لێرەدا ئەمە دەکرێ بکرێتە خاڵی بێداری و بەخەبەر هاتن، چونکە چەپ ناکرێ بە نیوە دەوامی سیاسی (پارت تایم) هەژموون پەیدا بکا!

 لە ساڵی ٢٠٠٩ خۆپیشاندانەکان بە هەمان ئەندازە بە هێز بوون، بزوتنەوەی گۆڕان وەکو باڵێکی هەمان ناسیۆنالیزم سواری ئەم شەپۆڵە بوو بەکاری هێنا بۆ قایم کردنی جێ وشوێنی خۆی لە بەش کردنی کێکی دەسەڵات.

 لەوێوە تا ئەمڕۆ ١١ ساڵ تێپەڕیوە، ئایا لەم هەموو ساڵە چی کراوە؟ ئامادەییەکان چی بووە تا کاتێ گەیشتینە ٢٠٢٠ چەپ بتوانێ کۆنتڕۆڵی ناڕازایەتیەکان بکات؟ هەر بەهەمان ئەم ماتماتیکە تا ٢٠٣٠ واتە دە ساڵیتر پلانی ستراتیژی چەپ چییە؟

کام بەش لە چەپ بە جدی بە دوای “تەکتیکی” سیاسی تازەیە بۆ ئەوەی کاتێ دەوارنی نوێ ی ناڕەزایی دروست بوو ئەو لە پێشەوە بێت و ئاڵای بە دەستەوە بێت؟ لینین کە باسی حیزبی پێشڕەو دەکا هاوشانی ئەوە باسی ژمارەیەك لە موحتەریفی سیاسی دەکا کە تەواوی ژیانیان بە “فول تایم” تەرخان کردووە بۆ سیاسەت کردن و ڕێکخستن، چەپ دەتوانی بە سوود بینین لە تەکنەلۆژیا نوێیەکانی سەردەم ئاسانتر  بگەڕێتەوە سەر کلاسیکە بنەڕەتەکەی چەپ بوون “ڕێکخستن ” و ” هەژموون”.

بۆپێشەوە: ئایندەی بزووتنەوە نازەزایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە کوێ دەگات و سەرکەوتنی لە گرەوی چیدایە؟

ڕزگار عومەر: سەرەڕای ئەم هەموو قەیرانانەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم تێیکەتووە، بەڵام بە داخەوە ئەم خولەش لە خۆپیشاندان خامۆش دەبێ لەبەر ئەم هۆیانەی لە وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە باسم کرد.

هێزی چەکدارو ، هێزی یاسا بە دادگا و توێژی حاکمەکانەوە، هێزی حیزبیی کە ئامادەن وەکو میلیشیای مەدەنی خۆپیشاندان سەرکوت بکەن، هەر هەمووی لە ئێستادا بە بەراورد کردن بە هێزی خۆپیشاندانەکانی ئێستا بەسە بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکان بکا بە خاڵیکردنەوەیەکی کاتیی.

من زۆر بڕوام بەو قسەی لینین هەیە کە دەڵێت ” بۆرژوازی لە کاتی ڕووخاندا زۆر دڕەندەتر دەبێت لە چاو سەردەمی ڕەونەقی دەسەڵاتدارێتی” ! ئەو توێژانەی بەستراونەتەوە بە حوکمڕانی ناسیۆنالیزم تەنیا ئەو دەم و چاوانەی سەر شاشەکان نین، ناسیۆنالیزم زیرەکانە توێژێکی سودمەندی فراوانی لە مشەخۆرانی ئەم دۆخەی بۆ ڕژێمەکەی خۆی دروست کردوە.

ئەم تۆڕە لە مشەخۆرانی ئابوری و گەندەڵی کە لە زمانە باوەکە پێیان دەڵێن “بندیوار” تەنیا ئەوانە نین کە بە ناحەق موچەیەکی دیاریکراو وەردەگرن. ئەم زارەوەش “بندیوار” پەردەپۆشکردنی وەزنی حەقیقی ئەم سودمەندانەیە، چونکە ئەم تۆڕە پەلی کێشاوەتە توێژو چینی جیاواز، کە لە کاسبکارێکی ئاسایی بگرە، تادەگاتە پیاوکوژو شەقاوەو لۆمپنی خاوەن موچە؛ تا دەگاتە سەرمایەداری گەورەی خاوەن سەرمایەی خەیاڵی.

ئەم توێژە کۆمەڵایەتیە تەنیا ئەوە نییە لە کاتی خۆپیشاندانەکان دارو  کێبل و دەمانچەیان بەسەر دابەش بکەن، نا ئەوانە کارە سەرەکیەکەیان بریتیە لە ئیش کردن لە سەر سەرخانی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی، ئەمە تۆڕە میدیاکانی دەسەڵاتیش دەگرێتەوە، کە هەر هەموویان وەکو سوپایەکی ئایدیۆلۆژی کاردەکەن، وەکو پارسەنگی هێزێکی کۆمەڵایەتی لە کاتی قەیرانەکان توندتر لە… حیزبەکان گەرمتر دەبن، لە دوارۆژیش هەر ئەوان دەبن سەرسەختانەتر بەرگری دەکەن، چونکە ناسیۆنالیزم توانیویتێ ئەو تێگەیشتنە لە لایەن سودمەندانی ڕژێمەکەی جێگیر بکات کە ” بوونیان” بەستراوەتەوە بە “مانەوە” ی هەمان ڕژێم.

بەو دۆخەی باسم کرد دەگەڕێمەوە سەر  وەڵامی کۆنکریتی پرسیارەکە؛ وەڵامەکەش هەر بە پرسیار دەست پێدەکات؛ کێ ڕابەرایەتی خۆپیشاندانەکان دەکات؟ من هیچ دڵم بەم جۆرە لە خۆپیشاندان خۆش نییە کە پەلاماری نەخۆشخانەکان دەدا، فەرمانگەی تاپۆ و شارەوانیەکان دەسوتێنێ، ئەمە وەهمێکی لەزەت بەخشە لە باشترین دۆخدا لە ١٥ ڕۆژ زیاتر ناخایەنێت، بەڵام خۆکوشتنەوەی چەند بارەی هەمان ئەزموونەکانی پێشوە.

گرەوەی نەك تەنیا خۆپیشاندان، بەڵکو گرەوی گۆڕانکاری ڕیشەیی و جێگۆڕکێ لە دەسەڵاتی سیاسی سەد لە سەد بەستراوەتەوە بە پەیدابوونی هێزێکی تازە بە سایزو  هەیمەنەی فراوان، بە چ میکانیزمێك دەیکاو چۆن دەبێتە ئەو هێزە، بە تەواوەتی بەستراوەتەوە کە تەماحی ئەو هێزە خۆی چییە؟

ئایا هەر بەتەمایە وەکو “مرۆڤە” باشەکان بناسرێن کە پێشکەوتنخوازن و دژی گەندەڵین و لەسەر شاشە قسەی باش دەکەن، یان دەبنە هێزێکی گەورەی سیاسی، ئایدیۆلۆژی، سەربازی کە توانای وەرگرتنی دەسەڵاتیان هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە ساغ بوونەوەیەکی سیاسی چەشنی “وەرچەرخان” ی مێژوویی پێویستە لەو بزوتنەوەیەی کە تموحی هەیە لە ناو ئەو  کۆت و بەندەی ڕابردوو بێتە دەرێ بۆ ئەوەی شایەنی ئەوە بێت؛ بێتە سەر شانۆی مێژوو.

من وەکو فیکر “ماوی” نیم، بەلام ماو وتەیەکی زۆر ووردی هەیە لەم بوارە، ئەو دەڵێت “دوژمن خۆ بەخۆ لەناو ناچێت. کۆنەپەرستەکان و ئیمپریالیەکان خۆبەخشانە شانۆی مێژوت بۆ چۆڵ ناکەن! “

Leave A Reply

Your email address will not be published.