با ڕابماڵین دەسەڵاتی چەوسێنەر
کرانەوەی ڕازەکانی ژیانێکی باشتر
با ڕابماڵین دەسەڵاتی چەوسێنەر
نووسینی: عبدالرحمن رسول
بەشی حەوتەم
لەئێستادا کۆمەڵگەی جیهانی لەئەزمەو قەیرانی بەڕێوەبردنی گەورەدایە، لەئەنجامی هەبوونی ئەو قەیران وکێشانەش جیهانی مرۆڤایەتی تووشی ڕووداو کارەساتی گەورەکردووە، هەر چەندە لەوڵات وناوچەیەکەوە بۆ ناچەیەکی تر لەڕوویی شیوازدا جیاواز دەردەکەوێت وکاریگەری جیاواز نیشاندەدات، بەڵام لەناوەڕۆکدا یەک جۆرە ئەویش ئەزمەو قەیرانی سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەدارییە. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم سیستەمە گەشەکردن ومانەوەی لەسەرئەساسی هەبوونی نایەکسانی وناعەدالەتی و چەوسانەوەو سەرکوتی زۆرەوەیە، هەروەها خودی ململانێکانی نێوان باڵ و بەشە جیاوازەکانی سەرمایەداریش دەرئەنجام خەڵکی چەوساوەو هەژارو بێکارو کرێکار باج وقوربانییەکانی دەدات لەشکست و کەوتن یان سەرکەوتن و باڵادەستی سیاسی وئیداری و سەربازی لایەک بەرامبەر لایەکەی تردا یان هی چەند لایەن بەرامبەر چەندلایەنی شێواز جیاواز لەلایەنی تردا. هەر ئەمەش وادەکات بکەرانی سەرمایەداری لەوڵاتە جیاوازەکان لەکاتی هەبوونی قەیران وکێشەکاندا دەستەوەستان بن بەرامبەر بە بەرگرتن و دووبارەنەبوونەوەی کۆمەڵکوژی وبەرزبوونەوەی بێکاری وهاتنەکایەوەی بوورکانی هەژاری وبرسێتیدا. هەربۆیە ڕۆژێک دێت خەڵک بەناچاری دەست بۆ شۆڕش دەبات بۆ گۆڕانی سیستەمی سەرمایەداری وهێنانە کایەوەی سیستەمێکی عەدالەتخوازو باشتر. ڕاستییەک هەیە کەپێویستە هەموو خەڵک بزانێت ئەویش ئەوەیە دەوڵەتانی سەرمایەدارو دەوڵەتانی کۆنەپەرست لەپێناوی بەرژەوەندی گەشەی ئابووری وکاری بازرگانی وسەپاندنی هەمەنەی سیاسی وسەربازییان بەشداری چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکان دەکات، واتە بەمانایەکی ڕوونتر ئەوان زیاتر کاری بازرگانی دەکەن بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمە سەربازی وئابوورییەکانیان چ لەکاتی شەڕدا چ لەکاتی ئاشتی دا، هەربۆیە دەرئەنجامی ئەمەیە کەهەرگیز ناتوانن سەرجەم کێشە وقەیرانەکانی کۆمەڵگەکان چارەسەربکەن و ناشیانەوێت بەتەواوی چارەسەربکرێن، بۆیە بەردەوام خەڵکی هەژارو چەوساوەو کرێکار باج وقوربانی زۆردەدات. هەربۆیە ئەم میزەڵدانە بەوجۆرە نامێنێتەوە، چونکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قورسایی زیاتر دەکەوێتە سەری بۆیە لەکۆتایی نیزیک بووینەوە، هاکە ڕۆژێک لەشوێنێک میزەڵدانەکە تەقێوە بوو بەشۆڕشی گۆڕانکاری لەکۆمەڵگەدا. لەم تێگەیشتنەوەیە کەکارڵ مارکس دەڵێت (سەرمایەداری خۆی گۆڕ بۆخۆی هەڵدەکەنێت). لەقۆناغی ئێستا لەهەندێک وڵاتەدا شەپۆلەکانی شۆڕشی چەوساوەکان وەک تارمایی دێت دەچێت.
لەهەناوی کۆمەڵگەی ئێراندا بەردەوام بروسکەو تارمایی شۆڕشی چەوساوەکان لەجوڵە و گەشەکردندایە، هاکە لەشارو ناوەندێکی کاروژیانەوە لەمەیدانێکی خیابانێکەوە گڕەی شۆڕش بەرزبۆوە و سەرجەم خیابان وناوەندەکانی شارەگەورەکانی گرتووە بە بێ گەڕانەوە دواوە، ئەمەش دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی زوڵم وزۆری سیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەری فاشیزمی ئیسلامی ئێرانە، کەبەرامبەر خەڵکی هەژارو کرێکارو چەوەساوەکانی کۆمەڵگەی ئێران پیادەی کردووە.. زۆربەی ناوەندەکانی بەرهەمێنەران لەئێران کێشەی داراییان بۆهاتۆتە پێش، کە لەساڵانی ڕابردوو پێش گەمارۆکانی ئەمریکا یەکێک لە بەهێزترین بەشەکانی بەرهەمهێنان وپیشەیی ئێران بوون، بەڵام دوای چڕبوونەوەی گەمارۆکان وبەستنەوەی ڕێگای پێوەندییەکانی ئابووری ئێران، زیاترین فشارەکان کەوتنە سەرناوەندە پیشەسازییەکان و زۆربەیان ناچار بوون کە دەست لەکار بکێشنەوە. هەروەها کاریگەرییەکەی ئەوە بوو کە نەبوونی پارەی پێویست بۆ کرێکاران و نەبوونی سەرچاوەی دابینکردنی پێویستییە سەرەتاییەکان و زۆر گرفتی دیکە، بووەتە هۆی داخستنی ناوەندە پیشەیی و بەرهەمهێنەرەکان لەئێران و زیاتر لە سەدان هەزار کەس بەوهۆیەوە بێکار بوون. ئەمەش بەئاشکرا و ڕاشکاوانە بەناوی دەسەڵاتی دینەوە ڕاستەوخۆ فاشیزمی ئیسلامی ئێران بەکردەوە ڕۆڵێکی زۆر نەرێنی وخراپ ودژە ئینسانی لەگەشەی بێکاری وبرسێتی و هەژاری و جیاوازی چینایەتی لە ئێران وکوردستاندا هەیە. لە حاڵێکدا چینی کرێکار و هەژارانی کۆمەڵگە گیرۆدەی نەبوونی ژەمەنانێکە و ڕۆژانە بەبێ بوونی ئیمکانات وئاسایشی گیانی و سەلامەتی خۆی هێزی شان و بازوی خۆی هەرزان فرۆش دەکات بەکەمترین نرخ تەنها بۆئەوەی مەمرەومەژی ژیانیان بگوزەرێنن. لەئێراندا بەگشتی چینێکی تر هەیە کەمینەنەن ئەویش کە چینی لایەنگری مەلاکانی دەسەڵاتە، کە خانەوادەو منالانی دەسەڵات لەوپەڕی ژیانێکی شاهانشایی دادەگوزەرین. لەکۆمەڵگەی ئێران و کوردستاندا جیاوازی چینایەتی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونەو دوکەڵی هەموو سەرەرۆیی و ملهوڕیەکانی مەلاکانی فاشیزمی ئیسلامی و سەپاندنی گەمارۆکان دەچێتە چاوی خەڵکی هەژار و چینی کرێکار وچەوساوەی ئێران وکوردستانەوە وهەموو قوربانییەکان تەنها چینی هەژار وکرێکارو زەحمەتکێشان دەی دەن. دۆخی ژیانی خەڵک و کاسبکاران و بازاڕیان لە کوردستان لەبارودۆخێکی زۆر سەخت و خراپدا بەسەر دەبەن. خەڵک نیگەرانیی سەرەکییان ئەوەیە کە دەنگیان بە هیچ شوێن و لایەنێک ڕاناگا و هەر ڕۆژێکیان دەبێ بە ترس و دڵەڕاوکێ دەست پێ بکەن بەکار و کۆتایی پێ بهێنن. گەمارۆکانی سەر ئێران، ئاوسانی دۆلار و کرێ دووکانی لە ڕادە بەدەر، داخرانی سنوورەکان و کێشە نێوخۆییەکان، هەموویان بەیەکەوە هۆکاری سەرەکیی دروستکردنی ئەم دۆخە و نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵکی کوردستانە دۆخی خراپی ئابووری، گوشارێکی زۆری خستوەتە سەر خەڵکی ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشی زۆری کرێکاران، کارەکانیان لە دەست داوە و کاسبکاران و دووکاندار و تەنانەت عارەبانچی و دەستگێڕانیش بە پێی پێویست ناتوانن بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکەن. ئەو دۆخە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی چینی هەژار و کرێکار و کاسبکاران ڕوو بە ڕوو بووەتەوە، بەڵام هیچ لایەنێکی دەسەڵات خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و هەواڵێکیش لە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو خەڵکە لە گۆڕێدا نییە. بەردەوامیش کاتێک ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانی خەڵک هەبووە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی فاشیزمی ئیسلامییەوە سەرکوتکراوە و بەخوێن خیابانەکان سوورکراوە و زیندانەکان پڕکراون لەخەڵکی خۆپیشاندەرو ناڕازی بەبیانوویی جۆراوجۆر..
پاش سەرکوتەکانی ڕابردوو ناڕەزایەتی کرێکاران لەلایەن ڕژیمەوە، جارێکی تر دەستی پێکردۆتەوە. کرێکارانی نەیشەکەری حەفت تەپە ئەوا نزیکەی دوومانگە لە مانگرتندا بەردەوامن، بە پەیوەستبوونی کرێکارانی پاڵاوگەکانی باشووری ئێران و کاشی ئیسفەھان بە مانگرتنەکان، ئاستی ناڕەزایەتییەکەیان بەرزتر کردۆتەوە.
گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری لەئێران
ئەوەی کەپێویستە گرینگی پێبدرێت و وەک خۆی پێشتیوانی بکرێت وبەردەوام لەپشتی بوەستین و لەگەڵ هەنگاوەکانی بڕۆین وشیارکردنەوەی جۆراوجۆری لەسەربکەین بۆئەوەی سوود و هەبوونی ئیرادە ئینسانییەی بەهەبوونی کاریگەری باشترەوە لەوڵاتان وکۆمەڵگاکانی تر سوودی لەتێکۆشانی جەماوەریدا وەربگرن، ئەویش بزووتنەوەی کرێکارییە لەئێران. بزووتنەوەی کرێکاری زۆر بەباشی خۆی لەگەڵ روداوەکانی ڕۆژ نوێ دەکاتەوە گەشە بەخۆیی دەدات، بەردەوام ڕۆژ بە ڕۆژ بەبەرزکردنەوەی دروشمی ئینسانی و پێویستی ڕۆژانە و بە پێداگری زیاترەوە و بە ڕێکخستنی باشترەوە، کەخۆیان باشتر وچالاکتر ڕێکخراو دەکەن و بەکاری هاوپشتی وهەماهەنگی زیاترەوە بزووتنەوەی کرێکاری دێتە مەیدانی ناڕەزایەتییەکان بە جۆڕیک کە دەتوانین بلێن ئەم بزوتنەوە نەتەنیا دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بە گشتی و چینی کرێکارە، بەڵکو و بەتەواوی هەنگاو دەنێت بۆ ڕابەرایەتیکردنی بزوتنەوەکانی تری کۆمەڵگەی ئێران کەلەداهاتوودا بە دەستەوەی بگرێت وکۆمەڵگە ئاراستە بکات هەروەک ئەم بزووتنەوەکرێکارییە دەوێت. ئەم بزوتنەوەیە لەواقیعدا کە هەڵگری پەیامی ئازادی وبەرابەری ویەکسانی یە، پەیامی نابۆ چەوسانەوەو نابۆ دیکتاتۆریەتە، هەربۆیە دەتوانین بڵێین ئەم بزووتنەوەی کرێکاری یە دەنگی تەواوی خەڵگی ناڕازی کۆمەڵگای ئێران و کوردستانی هەڵگرتووە. هەرچەندە زۆرترین لەمپەرو گرفتی بۆسازکراوەو ساز دەکرێت هەروەک زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان وکوشتن و لەسێدارەدانی ئازادیخوازان ویەکسانیخوازان و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی نارەزایەتی وخۆپیشاندانەکان، بەڵام خۆخشبەختانە ئەم بزووتنەوەیە چۆکی دانەوە، بەڵکو بەردەوام وەکو گڕی ئاگر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهێزو ئیرادەیەکی باشترو چالاکترەوە لەمەیدانەکانی خیابانەکان ڕاستگۆیانەو دڵسۆزانە تێکۆشان دەکەن. ئەمە زۆر پێویستە لەعێراق و باشووری کوردستان ولوبنان و وڵاتان وناوچەکانی تر سوودی لێ وەربگرن و بەدواداچوون لەسەر تێکۆشانی بزووتنەوەی کرێکاری ئێران بکەن و بڵاوبکەنەوە، هەروەها زۆر باشتر و چالاکتر وریایانەتر ڕێکخراو و حیزبە کۆمۆنیست و چەپ وئازادیخوازو یەکسانیخوازەکانی ئێران وکوردستان وعێراق پشتیوانی وهاوپشتی بکەن لەم بزووتنەوەکرێکارییە ئینسانییە لەئێران و سوود وەربگرن لەم جۆرە تێکۆشانە هاوپشتی ویەکگرتوویییەی کرێکاران وزەحمەتکێشانی ئێران خۆیان لەو جۆرە پەرتەوازیی و گرووپ بەندی و حیزب پەرستی بهێنن هەنگاوی کرداری بنێن بۆ کاری هاوبەش وتێکۆشانی هاوبەش ویەکگرتووانەی دڵسۆزانە لەپێناوی ڕووخانی فاشیزمی ئیسلامی ئێران و هێنانەدی نان، کار، ئازادی حکومەتی شورایی. لەعێراق و باشووری کوردستان قۆناغی ئێستای خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و هەژارو چەوساوە لەوپەڕی خراپی دایە. تەنانەت بەئاشکرا ئەمە لەجیهاندا دەنگی داوەتەوە، کەکۆمەڵگەیەکە بەرەوخوار هێڵی هەژاری و برسێتی ملدەنێت. نەتەوەیەکگرتووەکان لەمانگی ٨ی ٢٠٢٠ ڕاپۆتێکی نوێی بڵاوکردۆتەوە و هۆشیاری توندەدات لەسەر زیادبوونی ڕێژەی هەژاری وبێکاری لەعێراق وکوردستاندا. لە ڕاپۆتەکەی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراقدا هاتووە کە ئاماژەی بە لێکەوتە سیاسی و ئابووری و ژینگە و ئاسایشی کردووە کە مەترسییەکانی هەبوونی قەیرانەکانی خستۆتە ڕوو. کەئارامی کۆمەڵایەتی لاوازەو ڕەوشەکە ئاڵۆزە وڕێژەی هەژاری بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. دەوڵەمەنداری و کۆکردنەوەی سامان و پارە لەعێراق و کوردستان بەرهەمی لێکەوتەی سیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەرە کە ڕاشکاوانەو بەئاشکرا گەشە بەدزی وگەندەڵی وچەتەیی و تاڵانی دەدات. جا پارەدارو ساماندار هەر کەس و هەر.. بنەماڵەیەک بێت. بۆچارەسەر و کۆتاییهێنانی ئەم تاڵانییە پێویستە لەڕێگەی شۆڕش وڕاپەرینی جەماوەری خەڵکی ناڕازی عێراق وکوردستان پارەو سامانی سەرجەم سەرمایەدارەکان کۆمەڵایەتی بکرێتەوە. ئەمەش بەڕووخان و نەمانی سیستەمی چەوسێنەرو کۆنەخواز لەکوردستان وعێراق، دواتر هێنانەدی دەسەڵاتی خەڵک لەئیدارەدانی شورایییەوە،کەخەڵک خۆیان بەشدار وچاودێری ڕاستەوخۆبکەن لەئیدارەدان وحکومەتداری دا..
هەربۆیە بەردەوام دەست خۆشی دەکەم لەهەر تێکۆشان و خەباتێک و ڕێکخەران وبەشداربووانێک و هەموو ئەوانەی بەشدارن وقسەی دڵی خەڵکی ناڕازی دەکەن چاوی هەرهەمووتان ماچ دەکەم لەگەڵتانین لەهەرهەنگاوێک وهەرتێکۆشانێکدا بۆهێنانەدی ماف وئازادییەکانتان. لەوانەیە لەم هەنگاوەو لەهەنگاوەکانی داهاتووشدا سەرکەوتوونەبن یان گرفت و چەندەها کێشە بێتە پێشێ لەهەنگاوەکاندا، بەڵام دەتواندرێت لەهەر هەنگاوێکی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندا گەنجان ولاوانی دڵسۆز سوود لەهەڵەو کەموکوڕییەکانی ڕابردوویی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان وەربگرن، باشترو چالاکانەتر خۆیان ڕێکخراوبکەن، نەهێڵن وڕێگە نەدەن هیچ هێزو لایەن وحیزبێک بەناوی ئۆپۆزیسیۆن بوونەوە فریویان بدات وئاراستەیان بکات، بەڵکو پێویسته خۆیان وەک گەنجان و لاوانی بێکارو هەژارو چەوساوە وکرێکارو زەحمەتکێش ومامۆستایان وفەرمانبەران دروشم و خواستی ئینسانی خۆیان بەرز بکەنەوە وخۆیان وەک ئەوەی دەیانەوێت وپێویسته بۆخەڵکی کوردستان تێکۆشان بکەن وکاریگەریی ئەرێنی وباشیان هەبێت بۆئاراستەکردنی کرداری خۆپیشاندانەکان وناڕەزایەتی یە جەماوەرییەکان .
بۆپێشەوە بەرەو ڕێکخراوبوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ناڕازی لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری شوراییدا، بەرەو ڕووخانی دەسەڵات و سیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەر، دواتر دامەزراندنی ئیدارەدانی شورایی واتە دەسەڵاتی خەڵکی کوردستان .