کرانەوەی ڕازەکانی ژیانێکی باشتر… ئامادەبن بۆ ڕاپەرین

0
کرانەوەی ڕازەکانی ژیانێکی باشتر…
ئامادەبن بۆ ڕاپەرین
بەشی پێنجەم
نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ
کۆمەڵگەی کوردستان لەناوگێژاو وقەیرانێکی پڕ کارەساتاویدا دەگوزەرێت، لەهەر کات و سات خەڵک بەگشتی لەدڵەڕاوکێی هەبوون وهاتنەکایەوەی کارەسات و ڕووداوی ناخۆشدا دەگوزەرێت. ئەمە لەئێستا و لە ڕابردووش هەروابووە لەوانەیە بۆ داهاتووش هەروابێت ئەگەر خەڵک تێکۆشان بۆڕاگرتن و نەمانی ئەم کارەسات و کێشەو قەیرانانە نەکات. لەئێستا زیاتر قەیرانە ئابوورییەکان لەکۆمەڵگەدا زەق بۆتەوەو بۆتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی خەڵک، بەڵام کێشەی بنەڕەتییەکە کێشەو قەیرانەکان لەکێشەی ئابووری دا خۆی دەبینێتەوە لەشێوازدا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هۆکاری ئەم کێشەو قەیرانانە نەبوونی ئیدارەدانێکی پێشکەوتو و عەدالەتخوازو ئازادیخوازە، چونکە سەرجەم کێشەو گرفتەکانی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەکانی تریش لەکارگەی سیستەم و دەسەڵاتەوە بەرهەم دەهێندرێن دواتر دەخرێنە ناوکۆمەڵگەوە لەوێشەوە بۆسەر سفرەی خانەوادەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان. هەروەک کارل مارکس باس دەکات کە زێدەبایی چۆن دروست دەبێت: کرێکاران لەئەنجامی  کارکردنیان حەقدەستی تەواوی خۆیان وەرناگرن (دەچێتەگیرفانی خاوەن کارو سەرمایەدارانەوە و بەزۆربێ یان بەدزی) بەشێکی کەپێی دەوترێ (زێدەبایی کار /فائض قيمة العمل) دەچێت بۆ خاوەنکارەکان و دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی سەرمایە لای سەرمایەداران. بەم کۆکردنەوەی دزییە کە بەرهەمی کاری کرێکارانە پارەی خاوەنکار و سەرمایەداران زیاد دەکات ڕۆژانە. ئەمە کرۆکی سەرمایەداری و ئابووری سەرمایەدارییە، کە لەسەربناغەی دزی و ڕاو ڕووت و چەتەیی  و تاڵانی گەشە دەکات، دۆزینەوەی ئەم تیورییە کە بنەمای سەرمایەداری و ئابوورییەکەی لەسەر دروست بووە و دامەزراوە. لەژێر ڕۆشنایی ئەم تیۆرییەی کارڵ مارکسەدا  وردبینی و لێکۆڵینەوە بۆچۆنێتی دەوڵەمەندبوون سەرمایەداربوونی سەرجەم بەرپرسە حکومی و پەرلەمانی و حیزبییەکان بکەین لەباشووری کوردستان بەدرێژایی تەمەنی ئەم جۆرە دەسەڵات وسیستەمە کوردایەتییە کەپارێزەرانی بەناوی کوردایەتی  ودەسەڵاتی خۆماڵییەوە خەڵکی کۆمەڵگەیان بەزۆر ملکەچی چەوسانەوەو بێمافییەکان کردووە، ئەوجا بۆمان دەردەکەوێت کەئەمانە چ جۆرە دزو مافیاو چەتەیەکن بە درێژایی دەسەڵاتیان. خودی سیستەمەکەیان بۆگەنی کردووە پێویستە بگۆڕدرێت لەبناغەوەو دەربهێندرێت لەلایەن خەڵکی تێکۆشەری ناڕازی کۆمەڵگەوە ئەمەش بە ڕاپەرین و شۆڕش دەکرێت لەبەشەکانی داهاتوودا وردتر باسی دەکەم. بەرپرسەکانی حیزبەکانی دەسەڵات دزییان نەکردبایە هەرگیز بەوجۆرە نەدەبوونە سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیای بازرگانی، کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕوویی کەرەستەی خاوی بازرگانی و بەرهەم هێنانەوە زۆر دەوڵەمەندە، لەڕوویی هەبوونی نەوت غازەوە زۆر دەوڵەمەندە، لەڕوویی هەبوونی زەوی کشتوکاڵی و شوێنی گەشت و گوزارەوە زۆر زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام لەڕوویی ئیدارەدانی کۆمەڵگەوە لەڕوویی کارگێڕی و ئیدارەدانی پێشکەوتوویی ئینسانییەوەو لە جۆری بەڕێوەبردنەوە ناتەواو ونادروستە، کەپشتیان بە فەلسەفە و فکری سەرمایەداری قازانج خوازی و دزیکردن بەستووە. بناغەی سیستەمەکەیان لەسەرئەساسی فێڵ و دزی وجیاکاری وچەوسانەوەو سەرکوتکردن و هەژاری و بێکارکردنی خەڵک وەستاوە، واتە بە هەموو جۆرێک دوورە لەهەموو بنەماو فکرێکی ئیدارەدانی مرۆڤایەتی و شارستانی و پێشکەوتووی سەردەم. هەتاوەکو لەدەسەڵاتدابن ئەم چەتەو دزانە هەر دزی دەکەن، هەروەک دەڵێن خووێک یان هەڵسوکەوتێک بەشیری فێربوون تەرکی ناکەن بەپیریی! پێویستە ئەوەش بڵێم ئەم جۆرە سیستەمە چەوسێنەرە هەرگێز بەچاکسازی وڕیفۆرم ناگۆڕێت، چونکە خودی ئەنجامدانی چاکسازی و ریفۆرم لەدەسەڵات خۆیان لەناودەبات ئەمەش لەبەرئەوەیە هەموویان دزن کەوایە هەتا بمێنن خەڵک سەرکوت دەکەن و دزی دەکەن و خەڵک بێکارو هەژار دەکەن. ئەمانە زۆر بەشیدەترو دڕندانەتر لەسیستەمی سەرمایەداری جیهانی پێشکەوتوو خەڵکی کۆمەڵگەی کوردستان ئازار دەدەن و دەی چەوسێنەوە و بێمافی دەکەن و هەژار و بێکاری دەکەن لەبەرئەوەی بەرپرسەکانی دەسەڵاتی باشووری کوردستان لەناو فەرهەنگ و قوتابخانەی پەروەردەی خێڵ وعەشیرەت پەروەردەی ئیداری و سیاسی کراون، کەباگراوندێکی قۆناغی فیودالی ودەرەبەگایەتی هەیە، نموونەیەکی دیاری کراو ئەوەیە پاشگری خێڵ و بنەماڵەکەیان بەناو و کردەوەیانەوە هەیە، جۆری ململانێ کانیشیان ناوەڕۆکی فیودالی لەخۆ دەگرێت بۆیە دەرئەنجام کردەوەی زۆر دڕندانە و دژە ئینسانیانە لەدژی خەڵکی ناڕازی بەچەوسانەوە و هەژاری و بێکاری وگەندەڵی و دزی ئەنجام دەدەن. هەربۆیە کارڵ مارکس ڕاست دەکات چونکە سەرمایەداران بەبێ دزی و فێڵکردن ناتوانن بەوجۆرە دەوڵەمەندبن و ببنە سەرمایەدار. قازانج و بازرگانی جۆرەکانی سوود و نرخ و ئاڵوگۆر هەمووی لاوەکین ناگەنە ئەوەی کە جێی زێدەبایی کار بگرنەوە بەمەش کارل مارکس وەک گەورەترین بیرمەند پاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەکۆمەڵگای جیهانی لە روویی ئیدارەدان و جۆری بەڕێوەبردنەوە بەو ئەنجامە گەیشت کە سەرمایەدار و خاوەنکار بەهۆی سیستەمی چەوسێنەرەوە دەرگاکانی دزی وگەندەڵییان بۆ دەخرێتە سەرپشت کە دەتوانن بەئارەزوویی خۆیان دزی وسەرکوت بکەن و مرۆڤەکان دووچاری چەوسانەوە و ستەمکاری دەبن لەبەرئەوەی پارێزەرانی دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر ئەمەش بەیاسا و دەستووری حکومەتەکەیان لەپەڕلەمانەکەیان دەنگی پێ دەدەن و دەیانکەنە یاسایی کارپێکراو بەزۆر و بەجۆری سەرکوت جێبەجێی دەکەن، ئەمەش بۆئەوەیە کەبەفەرمی ڕێگاو کار ئاسانی بەچەوسانەوەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و دەست فرۆشان بدەن. ئەگەر لێکۆڵینەوە لەشیوەو جۆری ژیانی مرۆڤەکانی سەدەکانی ڕابردوو بکەین خودی هەبوونی بازرگانیکردن بەکۆیلەکان بەپێی یاساکان ڕێکخرابوو لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتە ملهوڕە چەوسێنەرەکانەوە.. بەدرێژایی دەسەڵاتی کوردایەتی لەباشووری کوردستان ئەم سەرمایەدارو بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکان ئایا بەسرووشتی وبەبێ دزی وفێڵ دەوڵەمەندبوون ؟ بێگومان نەخێر،  ئایا سەرمایەداربوونی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکان و سەرۆکی حیزب و ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و خزم وکەسوکاریان بەبێ فێڵ ودزییە، لەکاتێکدا خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەبێکاری و هەژاری وبرسێتی دا ژیان دەگوزەرێنێت لەجۆری مەمرەومەژی یان لەنێوان مردن و ژیانی سەختدا دەگوزەرێنێت، ئەمە گەورەترین جیاوازی چینایەتی نییە  کە بەڕێگای ئیدارەدانی چەتەیی و دزی ومافیایی و گەندەڵی دروست بووەو ناخی هەر مرۆڤێکی کوردستانی وێران دەکات. دەبێت لەشوێنێک پێیان بگوترێت ئیتر بەسە ئەوجا نۆرەی دەسەڵات و ئیدارەدانی خەڵکە. کارڵ مارکس بۆڕزگاری لەچەوسانەوەش کرێکاران وهەژاران وزەحمەتکێشان، تیوری شۆڕشگێرانەی دانا کەباسی لەگرینگی و پێویستی یەکبوون و هاوخەباتی چینی کرێکارو چەوساوەکانی کۆمەڵگەکان دەکات کەدەڵێت (کرێکارانی جیهان یەکگرن!) چەوساوەکان و کرێکاران پێویستیان بە تیوری شۆڕشگێڕانە و زانستی هەیە بۆ دیاریکردنی دواڕۆژی خۆیان و ڕزگاری یەکجارەکی. پێویستە لەڕێگای شۆڕش و ڕاپەرینەوە لەڕەگەوە ئەم نیزام وسیستەمە چەوسێنەرو بۆگەنە بگۆڕن لەکوردستان. لەقۆناغی ئێستاش ئەم ڕستەیە کە مارکس داوا وپێشنیار بۆ کرێکاران دەکات کە هێزی تێکۆشانیان لەدژی یاسا وسیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری یەکگرتوو بکەن، خۆیان ڕێکخراو بکەن وەک نەخشە ڕێگایەکی ئینسانی دەخاتە ڕوو کە لەئێستادا سیستەمی سەرمایەداری ڕۆژانە گیانی کرێکاران و هەژاران و چەوساوەکان لەناودەبات باشترین نەخشەڕێگا ئەوەیە کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و چەوساوەکان شۆڕش بکەن لەدژی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری ، چونکەمرۆڤایەتی لەئێستادا لەسەرتاسەری جیهان لەقەیران و کێشەی گەورەدایە، هەروەکو فۆکۆیاما دەڵێت ناتوانێت سەرمایەداری لەئێستادا چارەسەری قەیرانەکانی بکات. هەربۆیە مارکس دەڵێت سەرمایەداری خۆی گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێت. چونکە قەیران و کێشەکان بۆخۆی دروستی دەکات بەدزی وچەوسانەوەی چینی کرێکار دواتر چینی چەوساوە ڕادەپەرێت و شۆڕش دەکات و لەگەڵ خۆیدا تەواوی کۆمەڵگە ڕزگار دەکات٭ دەسەڵاتی چەوسێنەری کوردایەتی و بنەماڵەیی بەهەمان جۆر دڕندەو فاشییە لەبەرئەوەی لەکارگەی سیستەم وفکری فاشیزمەوە بەرهەم هاتووە هەرخۆشی گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێت. نا وشیاری وملهوڕی بەرپرسان و پارێزەرانی سیستەمی چەوسێنەری کوردایەتی بنەماڵەیی  هەر لەسەرەتای دامەزارادنیان  لەحیزب و لەحکومەتەکەیان دەستی پێکردووە و بەردەوامیش دەبێت. نموونەیەک باس بکەین لەسەر کێشەو قەیرانەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی عێراق. لە ساڵی ٢٠١٣ ، قەیرانی ئابووریی کوردستان قووڵتر بۆتەوە، قەیرانێکی بێ چارەسەر. لەکاتێکا بودجەی عێراق بە گشتی و بودجەی کوردستان بەتایبەتی، تادێ لاسەنگ تر دەبن، ئەوا ناکۆکیەکانیان تادێت قووڵتر دەبێتەوە. ناکۆکی سەرەکی، لە قەرزەکانی کوردستانەوە دەست پێدەکات. بەپێی سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن کەبڵاوکراوەتەوە دەستکەوتەکانی ئابووری  کوردستان نزیکەی ١٣ ملیار دۆلارە. قەرزەکانی ئێستای گەیشتۆتە ١٧ ملیار دۆلار. ئەمە ئابووریی کوردستان بەرەو ئیفلیج بوون دەبات. ئەمە لە کاتێکا کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا، قەرزی عێراقیش، گەیشتۆتە نیوەی داهاتی  وڵات؛ واتە سەرلەنوێ بەرەو ئەوە دەڕوات بچێتەوە سەروو ٥٠% داهاتی عێراق.، ئەم کێشەو قەیرانە ئابوورییە کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر ژیانی واقیعی خەڵک  بەگشتی هەروەها سەرلەنوێ کێشەوگرفتەکان شۆڕ دەبێتەوە بۆ سەر شەقامەکان. کوردستان لە مایەپووچ بوونی ئابووریدایە و عێراقیش لەناوقەیرانێکی گەورەی ئابووری وسیاسی دا دەگوزەرێت. لە عێراق وکوردستان تارمایی شۆڕشی چەوساوەکان دێت دەچیت هاکە لەپڕا خەڵکی ناڕازی بەڕوو دەسەڵات وسیستەمی چەوسێنەرو دزوگەندەڵدا بتەقێتەوە و بکرێتە ڕاپەرین. چاوەڕوانی لەدەسەڵاتێکی چەوسێنەری کوردایەتی کە دوای چەندەها ساڵ ئەمە ئەنجامی بێت. خۆکوژییە هاتنە مەیدانی خەڵکی ناڕازی بەبێ ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و ڕێکخراوبوون کارەساتباری زۆر گەورەیە، چارەسەر کۆبوونەوە لەدەوری یەکتری و گوێ گرتن لەیەکتری بۆ هێنانەکایەوەی کاری هەرەوەزکاری و شۆڕشگێڕانەی چینایەتی بۆ ڕزگاربوون. ئەرکێکی هەموو مرۆڤێکی ناڕازییە دەست بەرین بۆ هەنگاوە پێویست و دروستە کە ئەویش خۆڕێکخراوکردنە بەئاراستەی گۆڕانی سیستەمی چەوسێنەرو دزو گەندەڵ و تێکۆشان بۆ هێنانەدی بەدیلێکی ئینسانی و پێویست ئەویش ئیدارەدان ودەسەڵاتی شورایییە. لەبەشەکانی داهاتوو  باسی چۆن دەکرێت ڕاپەرین سەرکەوتووبێت دەکەم .
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.