تەوزیفی بوون لە شیعری ڕەشید سیوەیلی دا
تەوزیفی بوون لە شیعری ڕەشید سیوەیلی دا
جەمال نوری
شیعرێک.. لە بوعدێکی فەلسەفیدا، خۆی نمایش دەکات، نمایشکردنێ لە “خود” دەست پێدەکات، دەستپێکی مەدلولەکانی شاعیر سیغناخە لە ئاوێتە بوونی”بوون” واتە وجود، لێ کام بوون؟ ئەو بوونەی کە سەراپا لە جەستەیەکی تێکشکاوی هەلا هەلاکراوی هەڵوەشاوو، بەدەستی (بوونی خود)ی یەوە، ئامڕازەکانی بودنیادی ئەو بوونە، لە بۆسەدابێ بۆ تێکشکاندن و لەت لەتکردنی جەستەی ئەو بوونەی، کە هەر لەسەرەتایی ئەو(بوونە)،ەوە، خۆی پیلان لەدژی خۆی دەگێڕێ، بێ ئەوەی مەودای ئەوەی دابێ، ئاهێ بەجەستەی شەتەک شەتکی دا بێتەوە، وەک بڵێی ئەمە قەدەری بوونی نەتەوەیەک بێ لە سیاقی مێژووی خۆی دا بەم چەشنە ڕاگوزەریوە.
کاتێک دەستێ نەبێ بۆ بونیاد و هەستانەوەو نوێ بونەوەو بەردەوامی، ئیدی ئەو بوونە، بەرەو لێک هەڵوەشان، لێکترازان و پوکانەوە دەچێ، واتە بوون کاتێک وجودی دەبێ کە بوونێکی بەردەوام بێ و لە سیاقی مێژوو و ڕوداوەکاندا توانای هەڵسانەوەو نوێ بوونەوەو بونیادی ئەو بوونە لە ئەستۆ بگرێ و بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ. یا هەروەک “کیرکجارد” دەڵێ; انا افکر اذن أنا موجود.. لووتکەی بوونگەرایی لەم دێڕە فەلسەفیەدا دەبینرێ، واتە کاتێک بوونی تاکێک لەتوانایدا نەبوو بیر بکاتەوە پێش ئەوەی بڕیارەکانی بدا، یا ئامادە نەبێ گوێ بگرێت بۆ پرسیارەکانی بوون و سروشت، ئەوا بێ گومان، بوونێکی ناتەندروستەو لەتوانایدا نابێ نوێ گەریی بکات، یا لەقۆناغەکانی تەمەنیدا بتوانێ لە شکست و کەوتنەکاندا هەڵبسێتەوە؟ واتە ئەوە بوونێتی خۆی لەدەست داوەو ناکرێ پێی بڵێن بوون بەمانا “نیتشەیەکەی” ئالێرەوە شاعیر موخاتەبەی ئەو بوونەمان بۆ دەکات و دەڵێت;
کێ گلەییم لێدەکا، گەر خۆکوژی بکەم؟
کێ بۆی هەیە ڕێگرییم بکات من جەلادبم ؟
گەر ڕۆح شێوا چۆن ئەشێوم
ئەمڕۆ هەردوو گلێنەم یەکتریان ڕەژوو ئاسا تاریک کرد..
لێوی سەروو قاشی خوارووی داکرۆشت
سیەکان لەبری هەناسە زوخایان دەردا
دڵ بەهەتیویش شیوەنی نەدەکرد، لێ ڕەنگی ڕەش هەڵگەڕا،
دەست و پل و پەنجەکانم ئەو پێستەیان داماڵی .
تەواوی ئەو جەدەلەی شاعیر لەناخی خۆیدا ئاڕاستەی بوونی خودی خۆی پێ دەکات، گوزارشت لەو بوونە دەکات، کە بونێتی خۆی پێ ناسەلمێنرێ، یا بە پێچەوانەوە، لەتوانایدا نییە ئاڕاستەی بوونیادی ئەو بوونەی خۆی پێبکات، بەرەو بونیادێکی تەندروست و هەڵسوڕاو. کاتێک (سیوەیلی), بە پرسیارە فەلسەفیەکانی موخاتەبەی ئەو بوونە دەکات و دەڵێ کێ گلەییم لێ دەکات گەر خۆکوژبم، ؟ کێ رێگریم لێ دەکا جەلادبم؟ بەڵێ کەس ڕێگیری ناکا، بەدڵنیاییەوە، چون لەوجودا هەست بەو بوونە ناکرێ، تا ڕێگیری لێ بکرێ کە جەلادبێ یا خۆکوژ؟ بەڵێ هەر لە دێڕی دواتری دا وەڵامی خۆی دەداتەوە و دەڵێ، گەر ڕۆح شێوا، چۆن نەشێوم؟ یا ئەوەتا هەردوو گلێنەی یەکترییان ڕەژوو ئاسا تاریکی کرد؟ دەی کەوابوو بوونێک کە بەم جۆرە، لە هەوڵی هەڵوەشاندنی خۆی دابێ ئیدی چۆن پاشەڕۆژی تاریک نابێ؟
کاتێک بەم چەشنە ئامڕازەکانی بەرەو بونیادنانی بوون، به پێچەوانەوە بەکار ببرێ، ئیدی دڵ، کە داینەمۆی هەڵسوڕێنەری بوونی خودە لەجیاتی هەردەم گەش بێ، لەبەرئەوەی بەردەوام لە لێدان و جوڵەو نوێ بونەوەدایە، بەڵام لێرەدا هەر لێدانێکی دڵ، بەرەو سیس بوون و ڕەش بوون و پوکانەوە دەچێت؟
بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامان و لێکدانەوەیە، شاعیر لەگەڵ ئەوەی باس لەت و پەتکردنی بوونی خود دەکات، بەڵام لەسەر مەسەلەی ڕۆح، قسەیەکی تری هەیەو بەو جۆرەی بوون، نایبینێ؟
وەک لێرەدا که دەڵێ ڕۆح شێوا، چۆن نەشێوێم؟ واتە تا ئەو کاتەی ڕۆح لە جەستەی بوونیدا نەشێوا، هەستی بەو مەترسی یە گەورەیە نەکرد لەسەر کۆی گشتی بوونی؟
هەربۆیە دوجار شاعیر بە تەنیشت ڕۆحەوە، ئیش لەسەر سۆزو عاتیفە دەکات و دەیەوێ کۆی ئەو هەموو نەنگی و بێ بوونییە بڕەوێنێتەوەو کار لەسەر سۆز بکات؟ بێ گومان کاتێک (بوونی خود)، بازاڕ گەرمی پێوە دەکرێ, ئیدی چۆن دەتوانێ لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێ و خۆی بدۆزێتەوە لە عیشڤی شوناسی بوونیدا… لەدوا دێڕەشیعریەکەی شاعیر دەڵێ;
زوڵفی یاریان دا دەهانی لەبری شانە..؛!
گوڵەکەی ‘ یار ‘ لە گیرفانە بچوکەکەی چاکەتەکەما
لە بری قەڵەم بەدەم ئازارەوە پێدەکەنی و باسی
جوامێری منی دەکرد، ئەو قەڵەمە..!
ئێستا وەک بڵندگۆ بانگ بە گوێی جیهاندا دەدات و
دەڵێت :
ئەم مەخلوقە فرۆشیارێکی بێ ئابڕووە
خەڵکینا گیرفانەکانی بگەڕێن بزانن
هەردوو چاو و هەردوو دەستی منی بە بڕدراوی
چۆن کۆت و بەند کردووە؟!
زمانم پڕ بە گەرووم هاواری لێهەستا
وەک جاڕنامەی بێعاری دەیوت :
بازاڕ گەرمە، کێ ‘ مەعشوقە ‘ دەکڕێت
بۆ سەر مێزی شەهیەو
وەک من زیندان گەرم دەکات.
لەو کوتادا، شاعیر دەیەوێ بوونی لەڕێگای عاشقەکەیەوە، هەڵسێنێتەوە لەکاتێکدا لەو ڕێگایەدا، بوون لەدەستدەدات، ئەوەی دەمێنێتەوە بەدەستیەوە، تەنها یادگاری و بیرەوەری و سۆزەکانێتی، لێ … بوون کە لە داوەشاندندا بوو ئیدی بە ختووکەدانی عاتیفە بونیاد ناکرێتەوە:
(مەعشوقەیەک بۆ زیندانی)
کێ گلەییم لێدەکا، گەر خۆکوژی بکەم؟
کی بۆی هەیە ڕێگریم بکات من جەلادبم؟
گەر ڕۆح شێوا، چۆن نەشێوم..!
ئەمڕۆ، هەردوو گلێنەم یەکترییان ڕەژوو ئاسا
تاریک کرد،
لێوی سەروو قاشی خوارووی داکرۆشت..
سییەکان، لە بری هەناسە زوخاویان دەردا..؛
دڵ، بە هەتیویش شیوەنی نەدەکرد، لێ ڕەنگی
ڕەش هەڵگەڕا،
دەست و پل و پەنجەکانم ئەو پێستەیان داماڵی
زوڵفی یاریان دا دەهانی لەبری شانە..؛!
گوڵەکەی ‘ یار ‘ لە گیرفانە بچوکەکەی چاکەتەکەما
لە بری قەڵەم بە دەم ئازارەوە پێدەکەنی و باسی
جوامێری منی دەکرد، ئەو قەڵەمە..!
ئێستا وەک بڵندگۆ بانگ بە گوێی جیهاندا دەدات و
دەڵێت :
ئەم مەخلوقە فرۆشیارێکی بێ ئابڕووە
خەڵکینا گیرفانەکانی بگەڕێن بزانن
هەردوو چاو و هەردوو دەستی منی بە بڕدراوی
چۆن کۆت و بەند کردووە؟!
زمانم پڕ بە گەرووم هاواری لێهەستا
وەک جاڕنامەی بێعاری دەیوت :
بازاڕ گەرمە، کێ ‘ مەعشوقە ‘ دەکڕێت
بۆ سەر مێزی شەهیەو
وەک من زیندان گەرم دەکات.
ڕەشید سیوەیلی