کەلتوور و ئایدۆلۆژیا و ئەخلاق
کەلتوور و ئایدۆلۆژیا و ئەخلاق
چەوساندنەوە و جیاکاری و بێمافیەکی ئاوا لەڕادەبەدەر و بەشێوەیەکی ئاوا زەق و ئاشکرا، بەبێ تەسلیم بوون و ڕەزامەندیی خودی کۆمەڵانی بەرینی چەوساوە و بە ڕەوا لەقەڵەمدانی ئەم پەیوەندیە چەوسێنەرایە لە زەینی خودی قوربانیانیدا ناتوانێ خۆی بە پێوە ڕابگرێ. پاساوکردنی ئەم هەلومەرجە و، بە ئەزەلی و ئەبەدی لە قەڵەمدانی و، ترساندن و سڵەماندنەوەی ژێردەستانی کۆمەڵگە لە یاخیبوون لە دژی ئەم پەیوەندیانە، ئەمانە ئەرکەکانی ڕووبینای فیکریی و کەلتووریی و ئەخلاقییە لەم کۆمەڵگەیەدا.
جبەخانەی کەلتووریی و ئەخلاقیی بۆرژوازی لە دژی ئازادی و ڕزگاریی ئینسان یەکجار گەورە و سەرسوڕهێنەرە. بەشێک لەم ئامڕازانە لە چاخە کۆنەکانەوە بە میرات ماونەتەوە، بەڵام بە پێی پێداویستیەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوایی ئارایش و دەمەزەرد کراونەتەوە. دین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان، سۆز و دەمارگیریە ئەخلاقیە ساویلکانەکان، ڕەگەزپەرستی، نەژادپەرستی، پیاوسالاری، هەموو ئەمانە بەدرێژایی مێژوو چەکە فیکری و کەلتووریەکانی چینە دەسەڵاتدارەکانی کۆمەڵگە بوون بۆ کپکردن و ملکەچکردنی جەماوەری زەحمەتکێشی کۆمەڵگە. هەموو ئەمانە بە بەرگی تازە و توانای تازەوە، لەسەردەمی ئێمەدا خزمەت بە پارێزگاری کردن لە خاوەندارێتی و دەسەڵاتدارێتی بۆرژوایی دەکەن لە مەترسی هۆشیاربوونەوە و وریابوونەوە و ڕەخنەی چینی کرێکار و کۆمەڵانی چەوساوە. بەڵام ئەوەی کۆمەڵگەی بۆرژوایی خۆی لەمەڕ ئامڕازە فیکری و کەلتووریەکانی یەخسیرکردنەوە دایهێناوە زۆر لەمانە مەزنتر و کارامەترە. قازانج پەرستیی فەردیی و ڕکابەرایەتی، واتە لۆژیکی هەڵسوکەوتی بۆرژوا لە قەڵەمڕەوی بازاڕدا، بە سروشتی ئینسان بەشێوەیەکی گشتی لەقەڵەمدەدرێت و وەکو بەها بەرزەکانی بەشەر تەقدیس دەکرێت. لەم کۆمەڵگەیەدا پەیوەندی نێوان ئینسانەکان، ڕەنگدانەوە و پاشکۆی پەیوەندی نێوان کالاکانە. جێوشوێنی ئینسانەکان لە پەیوەند بە خاوەندارێتیەوە پلەوپایە و بەهای ئەوان دیاری دەکات. بۆرژوازی چەقبەستن و ئارایشی خۆجێیی و بەرتەسکی کۆمەڵگەی کۆنی تێکشکان و وڵاتەکانی پێکهێنا. ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەریی مۆدێرنی بۆرژوایی، وەکو بەهێزترین کۆتی ئایدۆلۆژیی چینە دەسەڵاتدارەکان لە تێکڕای مێژوودا، لە گەردنی کۆمەڵانی خەڵک ئاڵا و جێگای ڕەگەزپەرستی و عەشیرەتگەریی و ناسنامەی خۆجێیی گرتەوە.
بیروباوەڕی زاڵ لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بیروباوەڕی چینی دەسەڵاتدارە. بەڵام باڵادەستی و کۆنترۆڵی فیکری و کەلتووری و ئەخلاقیی بۆرژوازی بەسەر ژیانی کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا لە ڕووی مەودا و قووڵیەوە بێوێنەیە. شۆڕشە زانستی و تەکنیکی و پیشەسازیە مەزنەکانی دووسەد ساڵی ڕابردووو میکانیزمی بەهێزی بازاڕ کە هەموو سنورێکی میللی و ڕەگەزی و سیاسی و کەلتووری بەزاندووە، ئیمکاناتێکی بەرینی خستۆتە بەردەستی بۆرژوازی بۆ پاراستنی باڵادەستیی ئایدۆلۆژی و ڕەواج پێدانی پرەنسیپ و بیروباوەڕە خورافیەکانی خۆی لە ئاستێکی جیهانیدا. لە قەڵەمڕەوی بەرهەمهێنانی هزرو بیروبۆچوونیشدا، ڕێک وەکو قەڵەمڕەوی بەرهەمهێنانی شمەک، توانای خوڵقێنەرانەی ئینسان بووەتە چەکێک لە دژی خودی خۆی. ئەو داهێنان و پێشکەوتنە بێشومارانەی کە لە سەدەی بیستەمدا لە زەمینەی گۆڕانکاری لە شێوازە ئەدەبی و هونەریەکان، گۆڕانکاری لە میدیا بیستراو و بینراو و کۆمپیوتەریەکان و لە پەرەپێدانی مەیدانە جیاجیاکانی هەڵسووڕانی کەلتووریدا ڕوویداوە، لە پلەی یەکەمدا، بووەتە مایەی بۆمبارانکردنی هەموو ڕۆژەی کۆمەڵانی ملیۆنیی خەڵک بە بیروباوەڕە بۆرژواییەکان، لە شکڵ و شێوەی کاریگەرتر و ئاڵۆزتر و هەمەڕەنگتردا. سەرهەڵدانی هۆیەکانی پەیوەندی گشتی و ئەنفۆرماتیکی و تۆڕەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و سەتەلایت و لەم دوو دەیەی دواییدا، کە کۆکردنەوە و گواستنەوەی خێرای زانیارییان لە سەرانسەری جیهاندا زۆر ئاسان کردۆتەوە، بەدەستی بۆرژوازیەوە بوونەتە دامودەزگای زەبەلاحی پەخشکردنی زانیاری شێوێنراو و داسەپاندنی بیروباوەڕ و هەڵخڕاندنی خەڵکی لە ئاستی سەدان ملیۆنیدا. میدیا و پیشەسازیی نمایش، کە خۆیان لە پڕقازانجترین قەڵەمڕەوەکانی جموجۆڵی سەرمایەن، بەشێکی زۆر لە ئەرکە تەقلیدیەکانی دامەزراوەی خێزان و دەزگا دینیەکان و تەنانەت ئۆرگانەکانی سەرکوتیان لە کۆمەڵگە گرتۆتە ئەستۆ و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ رۆڵێکی گەورەتر دەبینن لە پاراستنی ئەم هاوسەنگیە ئایدۆلۆژیەی لە کۆمەڵگە هەیە، لە گواستنەوەی بیروباوەڕ و مەعنەویات و ئەخلاقییاتی زاڵ بۆ نێو کۆمەڵانی خەڵک، لە پاوانکردنی فیکریی و لە قاڵبدانی مێشکیان، لە بەتاکخستنەوە و تۆقاندنیان و پوچەڵکردنەوەی بیروباوەڕ و بۆچوونە ڕەخنەگرانەکان لە کۆمەڵگە. ئەم دامەزراوانە و ئەم شێوە مۆدێرنانەی پاوانکردنی فیکریی و کەلتووریی کۆمەڵگە، کۆڵەکەیەکی سەرەکی سەقامگیریی سیاسی کۆمەڵگەی بۆرژواییە، بەتایبەت لە هەلومەرجی قەیران و بێئاسۆیی و بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتی گشتیدا.
چەند پەرەگرافێک لە دنیایەکی باشترەوە