حەمەعەزیز…خاوەن شوناسی شیعریی و ئەتەکێتی وشە
حەمەعەزیز…خاوەن شوناسی شیعریی و ئەتەکێتی وشە
شرۆڤەکردنی شیعر/ جمال نوری
گەر بمانەوێ بەشێوەیەکی دروست شرۆڤەی دەقە شیعریەکانی حمەعزیزی شاعر بکەین، سەرەتا دەبێ بەئاگابین لە زمان و فەرهەنگ و خەیاڵ و ریتمی شیعری. تاوەکو بەپێی ئەو ستاندارە ئەدەبیەی کە وەک پێوەرێک ئاستی شیعری پێ دەپێورێت شەن و کەوی شیعرەکانی حمە عزیزی پێ بکەین .
هەڵبەتە ئەوەی وامان لێدەکات بەم شێوازە مامەڵە ڵەگەڵ شیعرەکانیدا بکەین شێوازی نووسینی شیعرەکانێتی جیای دەکاتەوە لەشاعیرانی ئەم ڕێبازە ی ئەدەب.
ئەو زمانەی حمە عزیز پێی دەنووسێت زمانێکی کوردی پەتی وپاراوە، زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ تەواوی وشە شیعریەکاندا دەکات
وەستایانە تەوزیفی کردون لە بەیتە شیعریەکانیدا، بەبێ ئەوەی وەک شاعیرانی ئەم قوتابخانەیە پشت بە وشەی عەرەبی ببەستێت و بەکاریان بهێنێ، یاخود لەسەر شقڵی نووسینی شیعری ئەوان چوارخشتەکیەکانی تەواو بکات یا تەخمیسی شیعری بکات لەسەر بەیتەکانی ئەوان، بەپێچەوانەوە، زمانی شیعری حەمە عەزیز لەدەنگە لیریەکانەوە سەرچاوەی گرتوە که جورێک لەریتمی موزیک و ئاوازی گۆرانی تێدا بەدی دەکرێ کە پانتای خەیاڵ داگیر دەکات، لەلایەکی تریشەوە، حمە عەزیز تاوەکو ئێستا پشت بە بڕگەی شیعری و کێش و سەرواو یەکێتی بابەت و زمانی شیعری دەبەستێت. هەر ئەم شێوازەش زیاتر وامان لێدەکات بەدواداچون بۆ ئاستی تەکنیک و شێوازی نووسینی حەمەعەزیز دا بکەین.
حەمە عەزیز لە شیعرەکانی دا زیاتر پشت بە گرێ چنی ڕستەو چنینی وشەی شیعری و خەیاڵ و وەسف و ریتمی شیعری دەبەستێت، بەڵام ئەم ڕێچکەیەی حمە عزیز گرتویەتیەبەر هێندە سانا نییە، ئەوەی بیەوێ بەم شێوازە بنووسێت دەبێت خاوەن پاشخانێکی باشی فەرهەنگ و شارەزایی لە جوگرافیاو سروشت و کەش و هەواو داب و نەریتی کوردی بێت و بەدواداچونێکی قوڵ بکا بۆ ئەو وشانەی لەشیعرەکانیدا بەکاری هێناون .
شیعر لای حەمه عەزیز فەرهەنگی وشەی ناوازە زمانی شیعری و و وەسف و خەیاڵ و ریتمە، کاتێک شیعرێکی حەمە عەزیز دەخوێنینەوە، هەست بە بەرزی لەزمانی شیعرو چنینی وشەو ریتمی موزیکی و هارمۆنیەت دەکەین.
لەدەقی “لەچاوی شیعرەوە ١* ” دەبینین حەمە عەزیز فۆرمێکی تایبەت بەخۆی هەیە لەوەسفە شیعریەکاندا تام و بۆن و جوانی خۆی هەیە لەڕێگای زمان و فەرهەنگی وشە و خەیاڵەوە، واتە وەسفی جوانی لەشعری حەمە عەزیز خەسڵەتێکی تایبەت بە هەستەباڵاکانی خۆیەتی و ناچێتەوە سەر شاعیرانی پێش خۆی .
ئەی بەژن ڕێک لەنجە جوان خاوەن سەرنج شێوەت پەری
بۆ نیگایەک وێڵ و شەیدام باڵی شیعرم هەڵوەری
لەم بەیتە شیعریەدا حەمە عەزیز کاتێک ناوی بەژن ڕێک دەبات، دەیەوێت لەشیعردا تەوزیفی بکات، ئاوها دەنووسێت: ئەی بەژن ڕێک، لەنجە جوان، خاوەن سەرنج، شێوەت پەری..
گەر تەماشای ئەم کۆمەڵە وشانە بکەین سەرەتا واهەست دەکەی پارچە پارچەیە وشە شیعریەکانی، بەڵام کاتێک بەکۆ دەیانخوێنیتەوە هەست دەکەی لەو نیوە دێڕە شیعریەدا حەمە عزیز جوان وەسفی بەژن ڕێک دەکات، بەجورێک کاریگەری بەسەر هەستە باڵاکانی شاعیرەوە جێ هێشتوە کە بنووسێ یا بڵێ..
بۆ نیگایەک وێڵ و شەیدام، باڵی شیعرم هەڵوەری
شاعیر هێندە وێڵی تەنها نیگایەکی بەژن ڕێکە نیگای بکات، هێندە تامەزرۆیە خەریکە خەیاڵی شیعری دەوەرێت، دەڕوات..
شاعیر لەم بەیتە شیعریەدا بە بەژن ڕێک دەڵێ لەژێر برژانگی ڕەشتا هێشتا هەرئەوەندەم دیوە، وەک گەلاوێژ وەهایە ئەوکاتی کەسەرنجێکی لێ بدەی بۆ مەبەستێک.
هەر ئەوەندەم دیوە چاوت وا لە ژێر برژانگی ڕەش
وەک گەلاوێژ شوێن مەبەستن بۆ سەرنجێ ئاڵ و گەش
بەڵێ شاعیر بەردەوامە لە دەربڕینی هەست و سۆزی بۆ بەژن ڕێک و پێی دەڵێ;
تیشکی ڕووت کاتێک لەدەریای وردی ئەندێشەم دەدا،
خشڵی شیعرم وا “دەڕازێ ” بوکی هەست جوانتر دەکا
شاعیر وەسفی ڕوخساری بەژن ڕێکی وەها جوانکردوە
چواندوێتی بەڕووی خۆر کاتێک تیشکی خۆر لەدەریا ئەداو بریسکەو ڕەنگاوڕەنگی تیشکەکە بەسەر دەریاوە دەبینرێ وەک شەبەنگ…
بۆیە حەمە عزیز ئەلێ ڕووخسارت بەچەشنی خۆر دهچێ کاتێک تەماشای ڕووخسارت دەکەم لەدورەوە تیشکی ڕوی ئەندێشەێ بیرکردنەوەی شاعیر ئەبزوێنێ، کە خشڵی شعری جوانتر بڕازێنێتەوەو وێنای بکات وەک چۆن کاتێک تیشکی خۆر ئەدا لە خشڵ و زێڕو زیوی بەژن ڕێک بریق و باقی خشڵەکانی. پۆشاکی بەری وێنایەکی جوانی سەرنج ڕاکێش دەنەخشێنێ، لەلایەکی ترەوە حەمە عەزیز ئەو ڕازاندنەوەی خشڵی زێڕو زیوەی بە خشڵی وشەی شیعری خۆی چواندوە تا بوکی هەستی جوانتر بکا.
” تەوزیفی” پەپولە “لەدەقی شیعری” حەمە عەزیز نایەوێ لاسایی شاعیرانی پێش خۆی بکاتەوە، بەم چەشنە پەپوولە لەشیعردا بەکاردەهێنێ، کە تاکو ئێستا شاعێرێکی تر وەها بەکاری نەهێناوە لەشیعردا.
(وەک پەپولە گیانی تینوم بۆ قومێ عەتری نیگات
دێت و دەڕوا هەر شنەی دێ تا بە برژانگت بگات)
حەمە عزیز لێرەدا بەڕاستی جوان وەسفی ئەو نیگا کردنە دەکات وەک دەزانین پەپوولە هەمیشە لەدەوری گوڵ دێت و دەسوڕێ لەڕۆژدا، لەشەویشدا لەدەوری مۆم، بەتایبەت لە کۆندا خەڵک لەبەر مۆم و فتیلە دانیشتوون، تاوەکو ڕووناکیان دەستکەوێ، شاعیرانی کڵاسیک هەمیشە پەپوولە ڕەمزی شیعریان بووە بەڵام لەشەودا و هێماو ماناو دەلالەتی قوربانی بینیوە بۆ ئیشقێکی پاک دواجار بەگڕی شەمعەکەدەسوتێ . “هێمن *٢ ” ی شاعیر، بەم چەشنە پەپوولەی تەوزیفکردوە و دەلێ :
پەپولەی ڕۆحی من لەشوێنێ ناگرێ ئارام
دەسوتێ و باڵی دەنیشێ لەسەرسینەو مەمێکی تر.
ئەوەی لەم دوو بەیتە شیعریەی هەردوو شاعر هێمن موکریانی و حەمە عەزیزدا ئاماژەی پێکراوە پەپولەیان وەک ڕۆح بەکار هێناوە، بەڵام لای هێمن پەپولەی ڕۆحی ئەو لەشوێنێ ناگرێ ئارام، لەتاو ئەو ئیشقەی لەناخیدا دەکوڵێ دەیسوتێنێ دواجار باڵەکانی هەڵدەنیشێ لەسەر سینگ و مەمکی، بۆجارێکی تر وەلێ لای حەمە عەزیز پەپولەی وەها تەوزیف کردوە وەک پەپوولەی گیانی تینووم، واتە گیانی تینوی شاعر وەک پەپولە دێت و دەچێ عەوداڵی بۆنی گوڵ دەکا پەپوولەی ڕۆحی شاعیریش بۆ قومێک لە عەتری نیگای بەژن ڕێک، وەک پەپولەی لێهاتوە هەردێت و دەڕوا هەر شنەی دێ تاوەکو بە برژاننگی دەگات، کەواتە حەمەعەزیز لێرەیا زیاتر ئەم وێناشیعریەی جوانتر تەوزیف کردوە وەک لە هێمنی شاعر، چون لەیەک کاتدا پەپوولەی گیانی تینوی شاعر تینویەتی بۆ قومێ لەعەتری نیگای بەژن ڕێک، دواتر پەپولەی گیانی شاعر دێت و دەڕوا هەرشنەی دێ بۆ شنەی دێ چون تاوەکو بەبرژانگی بگات، واتە کاتێک
دەبینێ برژانگی بەژن ڕێکی بە باڵی پەپولە دێتە پێشچاو کە وەک شنەی دروێنەی گەنم شەنی دەکەن، واتە بەگەیشتنی بەو قومە لەعەتری نیگای و گەیشتنی بەسەرچاوەی نیگاکەی کە سنورەکەی بەبرژانک تەنراوە، بەتروکانی برژانگی بەژن ڕێک بەباڵی پەپولەی دەبینێ.
کاتێک ئیدی شاعیر، نیگاکانی بەژن ڕێک تێر نیگایان دەکات، ئەو تێر نیگابوونەی بە تێر بۆنکردنی گوڵی باخچەیەک شوبهاندوە.
جا کە تێر بۆن بوو لە باخچەی دیمەنی پاراوی تۆ
تێر مژی خونچەی سەرنجی پڕ گوڵاوی چاوی تۆ
شاعر ئەو بۆن و بەرامەیەی بەژن ڕێکی وەها بینیوە، هەرکاتێک بۆنیخواردنێکی خۆش بکەین بۆن و بەرامەی خواردنەکە هێندە کارت لێدەکات لەناوەوە حەزدەکەی بەرکوڵیێ بکەی و لێی بخۆێت، چون بەرامەکەی ڕژاوەتە هەست و دەتەوێ چێژی بکەی.
بوو بە ئاوازێ بەرامەی بەستەکەی چۆڕایە ناخ
خاکی وشکی چاوەڕوانیم هاتە سەوزی و بوو بە باخ
پاش ئەوەی تێر بۆن بوو دواتر تێر هەستی چێژیشی کرد ئیدی ئەوسا ژیان لەو نیگایەوە جوانتر دەبینێ و سەرلەنوێ گۆرانی بۆ ژیان بپچڕێ.
دێم لە چاوەی عەشقی تۆوە بۆ ژیان هەنگاو دەنێم
مەست دەبم بەو بۆنە خۆشە و بەستە بۆ چاوت دەڵێم
له راستیدا حەمە عەزیز وهك دهروونزانێ، سهروكاری لهگهڵ ههستدا ههیه و گهوههری ناخ به یارمهتی تواناكانی ههست وهردهگرێت پاشان عهقڵ پێگەی دەبێت .
گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی شیعر و ڕەخنە لەئەدەبیاتی عەرەبی و کوردیدا ئەوا داتاکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە شیعر لە quot;سۆزەوە quot; سەرچاوەی گرتووە. واتە شیعری عەرەبی و کوردی، وەک دوو جەمسەری هاوشێوە، بە دەنگە لیریەکان دەستیان پێکردووە وە هەتا ئەمڕۆکەش ئەم دەنگە لەشیعرەکانیادا بەئاشکر بەدی دەکرێ.
پیریی لەشیعری حەمە عەزیزدا وێنای شیعری گوزارشت کردنە لەبوون زۆرجار سەلیقەیی شیعر دەگەڕێتەوە بۆ پاراوبوونی زمان و موخاتەبە کردنی خود، لەم تێکستە شیعرییەی کاکە حەمە عەزیز، تابلۆیەکی هونەریمان بۆنمایش دەکا بەجۆرێ، شاعیر باس لەقۆناغی تەمەنی مرۆڤ دەکا، کە “(پیری)”ە، لەجیاتی ئەوەی مرۆڤ لە قۆناغی پیر بوون بترسێ یا ڕقی لێببێتەوە، بەپێچەوانەوە حەمە عەزیز ئەو قۆناغەی جوان نیشانداوە. بە شێوازێکی تایبەت بەخۆی لەڕێگای زمانی شیعری و فەرهەنگی وشەوە، هەڵبەت ئەمەش پەیوەستە بە تەکنیکی شیعری ،زمانی شاعیر، خەیاڵی فراوان، بەڵام خەیاڵێکی کورت و ئامانجدار، ئەوە جگە لەوەی تازەگەری لەشێوە و ناوەرۆک بۆ نووسینی دەقێکی شیعری، نیشاندانی کۆژانە، هەندێجار کۆژینە، جاریش هەیە نمایشێکی هونەرییە بە چەشنی “سەمای زۆربا “، واتە هەرکات بە
کەناری شیعرێکی کاکە حەمەعزیزدا ڕاگوزەربین، هەست بە جۆرێک لە ئارامی و جوانی وشەو فەرهەنگ دەکەی، ئاوەتا لێرەدا وەها وەسفی پیری دەکا، کەمرۆڤ بگا بەوقۆناغە بە کامڵ بوونەوە بەرەو ڕووی بچێ، چون پیریی دواقۆناغی مرۆڤە، بەڵام لای شاعیر تێگەیشتنە لەمانا قوڵەکەی تەمەن، دواجار، شاعیر پیری وا وەسف دەکا، کە قۆناغێ لەقۆناغە جیاجیاکانی مرۆڤە، بۆ ڕۆچوونە ناو یادو یادەوەریی مرۆڤ، پاشان بونیادنانی کەلتورو بەها جوانەکانێتی بۆ پەڕینەوە لەدورگەی ژیاندۆستی وگەیشتن بەبەها بەرزەکانی خودی مرۆڤ ..
کاسەی تەمەنم هاتۆتە نیوە
سەرنج چەند ئەدەم نابینم تۆزقاڵ
ڕێ هەڵە دەکەم هەر وەکو منداڵ
سەیرە بە پیری تازە پێ دەگرم
دارە دارەم دێ و دەستی ڕێ دەگرم
خەرمانی ژیری شەن و کەو دەکەم
بە ئاگا نایەم تاسەی خەو دەکەم
پەشمە ئامانجم بە پاماڵ کراو
ڕێزم پێوانەی زیندە چاڵ کراو
داخم ئەو خەمە ئەنجامی تەمەن
هەندێ بێهودە کێشانەی دەکەن
” مەولەوی ٭٣” شاعیریش لەپاڵ ئەم ھەموو ئەشک و ژانەوە پیریش یەخەی پێگرتووە، لەپارچە شیعرێکی دیوانەکەیدا لەدەست پیری ناڵەی لێ بەرزبووەتەوە و بەم جۆرە سکاڵای خۆی کردووە:
موتریب، بۆ وە داد دڵگیریمەوە پیری ھا ئاما وە پیریمەوە
واتە: کاکی گۆرانیبێژ وەرە بەدەم دڵگرانیمەوە …
بۆ نووسینی ئەم لێکۆلیەوەیە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
*١–دیوانی شیعری لەچاوی شیعرەوە حمە عزیز چاپی یەکەم ساڵی ١٩٩٦–
*٢-دیوانی هێمن موکریانی تاریک و ڕوون چاپی یەکەم ساڵی ١٩٧٤
*٣- دیوانی مەولەوی