کرانەوەی ڕازەکانی ژیانێکی باشتر ناساندنی گرفتەکانی تێکۆشان
کرانەوەی ڕازەکانی ژیانێکی باشتر
ناساندنی گرفتەکانی تێکۆشان
عبدالرحمن رسول
بەشی سێیەم
کەبمانەوێت ژیانێکی باشتر لەڕابردو و لەئێستادا بەدیبێت پێویست دەکات جۆری تێکۆشانمان گوڕانی بەسەردا بهێنین. جین فۆندا دەڵێت (هیچ کات درەنگ نییە، درەنگ نییە بۆ دەستپێکی نوێ درەنگ نییە بۆ دڵخۆشبوون.) زۆرینەی توێژەرەوان و شارەزایانی ئابووری و سیاسی کە دڵسۆزبن بە هێنانەدی ژیانێکی باشترو ئاسوودە لەسەرئەوە کۆکن کە سیستەمی چەوسێنەرو دزو گەندەڵ ناتوانێت کۆمەڵگە ئاراستە بکات بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئارام وخۆشگوزەران و پێشکەوتوو. کەوایه پێویسته تەواوی خەڵکی کرێکارو بەشمەینەت وزەحمەتکێش بەتایبەتی و خەڵکی ناڕازی ئەوکۆمەڵگەیەی بەگشتی دەیەوێت شۆڕش و ڕاپەرین ئەنجام بدات بۆ هێنانەدی ژیانێکی نوێ ترو باشتر. بۆهێنانەدی ئامانجە ئینسانییەکان لەم بەشەدا زیاتر تیشک دەخەمە سەر کۆسپ و لەمپەرەکان و ناساندنیان دواتر چۆنێتی لابردنیان لەبەردەم تێکۆشانی شۆڕشی جەماوەری کرێکارو چەوساوەکانی کۆمەڵگە.. لەبەرئەوەی مێژوو سهلماندویهتی هیچ دهسهڵاتێكی سەرکوتگەرو چەوسێنەر ناتوانێ بهردهوام بێ لهكاتێكدا بهدهستێك خهڵك برسی و هەژارو بێکار بكاو بهدهستهكهی تر درێژە بەسهركوتیان بدات، ئهم کێشمەکێش و هاوكێشهیه بهناچاری دهبێ یهكلابێتهوه بهتێشكانی لایهك و سهركهوتنی لاكهی تر، ئەگەرچی باجی زۆریشی دەوێت لەلایەن خەڵکی تێکۆشەرەوە لەقۆناغی ئێستادا شانسی دهسهڵاتداران بەرەو ڕوکود ولێژییە.
هێزی پشتیوانی بەدیهێنانی مافەکانی کرێکارو هەژاران تا دێت ڕوو له ههڵكشان و زیادبوونه، لافاوی شۆڕش بەردەوام گەشەدەکات، تهنانهت بەشی وردەبۆرژوازی و ئەوانەی شێوەی ژیانیان باشترە لە کرێکارو زەحمەتکێشان بەردەوام بەرەو هێزی هەژارو برسییەکان ئاراستە دەکرێن، چونکە ڕاپێچی بێکاری وهەژاری دەکرێن بەناچاری دەبنە بەشێک لەچەوساوەو هەژارەکان..
بۆیه بەبۆچوون وتێڕوانینی من تاكه ئومێد و ئاسۆیەکی ڕۆشن لەبەردەم خەڵکی ناڕازی وچەوساوەدا تێکۆشانە بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی چەوساوەکان. ڕاستییەک هەیە دەبێت بزاندرێت کە ئهم شۆڕشهش، ههروابە ئاسان وساده سەرکەوتنی بێگرفت نییە، بەڵام کەهەنگاوە دروستەکانی شۆڕشی چەوساوەکان دەستی پێکرد سەرکەوتنی ئومێدبەخشە، ئهگهرچی لەچەندین لاوە هۆکاری ههڵگریسانی شۆڕش ههموی ئامادهیه، بهڵام لهباربردنیشی ئەگەرێکە دهبێ ڕەچاو بکرێت، بۆئەوەی ئەم شۆڕشە لەبارنەبرێت ودیسان خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش و کرێکار نەکرێتە قوربانی زۆر بەڕاشکاوی تیشک دەخەمە سەرگرفت و لەمپەرەکان ودواتر ڕێگاچارەش دەخەینە ڕوو. بەهیوام سوودی هەبێت و هاوکاربێت بۆ تێکۆشانی هێنانەدی نان، کار، ئازادی ئیدارەدانی شوورایی لەکوردستان .
*گرفت وکۆسپەکانی بەردەم سەرکەوتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان
پایەکانی سیستەمی چەوسێنەر پێویستە ڕاشکاوانە بەخەڵک بناسێندرێت و پەردەی دوو ڕوویی وچەند ڕووییان هەڵبدرێتەوە وچیتر لەلایەن خەڵکی زوڵم لێکراوەوە وەکو دۆست و خەڵکی ئاسایی نەناسێندرێت، بەڵکو دەبێت واقیعێتی کرداری دوژمنکارانەیان بەرامبەر خەڵکی چەوساوەو کرێکارو زەحمەتکێش نیشان بدرێت هەر وەک دوژمن و بەشێک لەبەڕێوەچوونی مەکینەی ئەنجامدانی تاوان وچەوسانەوەی سیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەر بناسێندرێن. خەڵک بەردەوام لەقاویان بدات و ڕەخنەیان ئاراستە بکات و مێژوویی کرداری ئەنجامدانی تاوانە کردارییەکانیان باس بکات و بەردەوام شەرمەزارو ڕیسوایان بکات. ئەمەش بۆئەوەیە خەڵکی تێکۆشەری ڕادیکاڵی ئازادیخوازو یەکسانیخوازو مرۆڤ دۆست وشیاربێت لەهەنگاوەکان وجێبەجێکردنی ئەرکە پێویستییەکان بۆ گۆڕانی کۆمەڵگە. هەروەها ڕاشکاوانە ئەگەر لەگەڵ بەرژوەندی خەڵکدان دەبێت واز لەپارێزگاریکردنی دەسەڵاتی چەوسێنەربهێنن، چونکە ڕازیبوون وب ێهەڵوێستی ومانەوە و ئەم بەروبەرکردن لەنێوان هاوسۆزی خەڵکی ناڕازی و دەسەڵاتدا نیشانەی ڕازبوونە بەوجۆرە سیستەم ویاسا ودەسەڵاتە ملهوڕە سەرکوتکەرو چەوسێنەرو دزەیە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، کەئەمانەش لەژێر هەرناوێکدابن خزمەت زیاتر بەمانەوەی دەسەڵاتی چەوسێنەر دەکەن..
٭هێزە چەکدارەکانی سەربە دەسەڵات: ئەم هێزانە (سوپا، پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش)
بەردەوام بەوجۆرە پەروەردەکراون کەدڵسۆزبن بۆبەرگریکردن لەدەسەڵات و حکومەت کە بەهەرجۆرێک بێت. ئەوان بەرگری لەمانەوەی دەکەن، زۆر ناڕەوایە کە ئەم هێزانە بەردەوام بن لەسەرئەم تێروانینە کەچێتربەرگری لە دەسەڵات وسیستەمی چەوسێنەربکەن. ناکرێت خەڵکی نارازی ئەوەندە خۆشخەیاڵ بێت کەئەم هێزانە دۆستی خەڵکی چەوساوەن، ئەوە ڕاستە کەزۆرینەیان لەبنەماڵەوخانەوادەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشەوە گەورەبوون، بەڵام پەروەردەی دەستی چەوسێنەرانن، لەکاتی هەبوونی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشان دەسەڵات ئەم هێزە چەکدارانە دەنێرێت بۆسەرکوتی ناڕەزایەتییەکان وکوشتن ودەستگیرکردنی خەڵکی ناڕازی بەتۆمەتی نارەوا. کەوایە ئەم هێزانە ئەگەر لەگەڵ خواست وداواکاری خەڵکی چەوساوەو ناڕازی دان پێویستە بەقسەی دەسەڵات وبەرپرسەکانیان نەکەن، لەجیاتی ئەوەی لولەی تفەنگەکانیان ئاراستەی خەڵکی چەوساوەو ناڕازی بکەن، باشترە هەرچی زووترە لولەی تفەنگەکانیان ئاراستەی بەرپرسانی چەوسێنەرو دزو گەندەڵ بکەن، بچنە ناوبەرەی خەڵکی ناڕازی وپشتیوانی خواست وداواکاری خەڵکی ناڕازی بکەن..
٭ڕێکخراوە مەدەنییە وڕۆشنبیرییەکان :
ڕێکخراوەمەدەنی وڕۆشنبیری و ڕوناکبیری و ئەدەبی وهونەرییەکان، وەرزشییەکان. کاتێک دەسەڵات تەدەخول لەکاروباریان دەکات ومەرجی کارکردنیان دەبەستێتەوە بەدڵسۆزییان بەحیزب وبنەماڵەو سیستەم و دەسەڵاتەوە و چالاکییەکانیان سانسۆر دەکات بۆ بەرژەوەندی سیاسی و بانگەشەی سیاسی بە زۆر بەکاردەهێندرێن ئەوا لەهەر کۆمەڵگایەکدا بێت دەچێتە چوارچێوەی بەرگریکردن لەسیستەمی چەوسێنەر. ئەم جۆرە ناوەندو ڕێکخراوانە کەدەڵێن مەدەنین دەبێت دووربن لەتەرەفداری سیاسی دیاریکراو کەئاراستەبکرێن بەپشتیوانیکردن لەچەوسانەوەی مرۆڤەکان. ئەم ڕێکخراوە مەدەنی و ڕوناکبیرییانە لەوڵاتانی وەک ئێران وتورکیاو عێراق وکوردستان زیاتر بۆ ڕاگرتنی پایەکانی چەوسانەوەو سەرکوتەکانی دەسەڵات وسیستەمی چەوسێنەر دامەزراون، نەک بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی سیکۆلارو ئازادو یەکسان وبەرابەر. لەژێرسایەی فاشیزمی ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکیادا هەر مرۆڤێک ڕەخنەیەک ئاراستەی سیستەمی دەوڵەتداری و حکومەتداری بکات لەسەر هەبوونی چەوسانەوەو نابەرابەری وسەرکوت ودزی وگەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامان و پارەی گشتی کۆمەڵگە ئەوا ناگاتە ماوەی ٢٤ کاتژمێر ئەوکەسە ڕەخنەگرە ڕاپێچی بەندیخانە دەکرێت و زیندانی دەکرێت، یاخود یاسایی دژە ئینسانی لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت. لەئێران لەماوەی چل ساڵی تەمەنی ئەوڕژێمە بەوجۆرەبووە و بەردەوام زیندانەکان پڕبوون لەکەسانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز. لەعێراق و کوردستانیش هەر بەوجۆرەیە کەسانی ڕەخنەگری ئازادیخوازو ڕۆژنامەنووسان ڕاپێچی زیندانەکان دەکرێن و بێسەرو شوێن دەکرێن و دەڕفێندرێن، و تیرۆر دەکرێن. تەنها جیاوازییەکە ئەوەیە یاسایی لەسێدارەدان وەک وڵاتی ئێران جێبەجێ ناکرێت لەکوردستان، بەڵام ڕفاندن وبزرکردن و کوشتن و تیرۆری ڕۆژانەمەنووس و کەسانی سیاسی لە کوردستان درێژەی هەیە وساڵانە چەند بارە دەبێتەوە. بۆیە ناکرێت هیچ جۆرە ئومێدێک لەسەر ڕێکخراو و ناوەندە مەدەنی وڕۆشنبیری وڕوناکبیرییەکان هەبێت، چونکە ئاراستەی کارکردنیان ڕاگرتن و بەهێزکردنی پایەکانی سیستەمی چەوسێنەرو دزو گەندەڵە لەکۆمەڵگەی کوردستاندا.
زوربەی هەرەزۆریان بەهێزی هەبوونی پارە بۆخزمەتی دەسەڵات دامەزراون. هەربۆیەش زۆرێک لەڕوناکبیران ونووسەرو ڕۆژنامەنووس و کەسانی چالاکی ئەوناوەندو ڕێکخراوانە بەوەرگرتنی پارەوپۆست وبەرپرسیارێتی لەحیزبێکەوە یان لەکەناڵێکەوە بۆ کەناڵ وناوەندو بەش وحیزبێکی تر دەگوازێتەوە. ئەمەش جێگای سەرسوڕمان نییە، چونکە هەر لەسەرەتاوە ئەم دەزگاو ناوەندو ڕێکخراوە مەدەنی و ئەدەبی و ڕوناکبیری وڕاگەیاندنەکان بەم جۆرە ئاراستە کراون و کەسایەتییەکان پەروەردەکراون لەسەردڵسۆزیان بۆقازانجی پارەو کۆکردنەوەی پارە نەک خزمەتکردنی مرۆڤایەتی ودڵسۆزیی بۆبەرگری کردن لەمرۆڤایەتی بوونیان وئازادی ڕادەربڕینیان.
٭ئایین وخاک وئاڵا ونەتەوە:
بەردرێژایی مێژوو بەردەوام دەسەڵاتی چەوسێنەر بەچەندەها پڕوپاگەندەی فێڵ ودرۆو قسەی بریقەدار پایەکانی سیستەمی چەوسێنەری ڕاگرتووە، یەکێک لەوانە قسەکردن لەبارەی دڵسۆزییان بۆ ئایینەکان وخاک ونیشتمان ونەتەوەو ئاڵا، بەڵام لەبواری کرداریدا تەنها دڵسۆزبوون بۆ کۆکردنەوەو دزینی پارەو سامانی گشتی کۆمەڵگە. بەدرێژایی تەمەنی ئەم سیستەمە چەوسێنەرە بەرپرسەکان تەنها لەخەمی بەردەوام بوونی خۆشگوزەرانی وئاسوودەیی خۆیان بوون نەک خەڵکی کوردستان، بۆیە لەئێستادا ئەم جیاوازییە گەورەیە دروستبووە لەنێوان خۆیان وخەڵکی بەگشتی دا. کەلەبارەی (بهرژهوهندی خاك و نهتهوه) قسە دەکەن هەرخۆیان بەسیاسەتی دژە بەشەری خۆیان خاک و نەتەوەکەیان بەردەوام دەهاڕن و لەسەر سینی پێشکەش بە دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەی دەکەن، هەربۆیە بەردەوام سوپاو میت وپاسدارو ئیتڵاعات وسەربازانی دەوڵەتان بەئازادی لەکوردستان سەربازگەو نووسینگەو دەزگای جۆراوجۆر دادەمەزرێنن. بەرپرسانی دەسەڵاتی کوردایەتیش گوڵی پیرۆزباییان بۆ دەبەن. کەوایە لەوبارەشەوە خۆیان درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن، پێویستە خەڵک ئەوەبزانێت و چیتر فرێو نەخوات و هەستی کێش نەکرێت بۆ لایەنگری بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی وئاینییەوە، نەک تەنها حیزبەکان ناو دەسەڵات لەباشووری کوردستان بەڵکو حیزبەکانی لەشێوەدا لەدەرەوەی دەسەڵات خۆنمایش دەکەن، بەڵام لەناوەڕۆکدا بەرگری لەهەمان جۆر سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری دزو گەندەڵ دەکەن. بەچەندەها نمونەی هاوشێوە هەیە کەحیزبەکان دەیانەوێت خەڵک فرێوبدەن و بۆبەرژەوەندی حیزبی خەڵکی ناڕازی بەکاربهێنن. هەرکاتێک ویستوویانە لەگەڵ دەسەڵات پێکهاتوون. حیزبە ئیسلامیییەکان وبزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام لەدەوری دەسەڵاتدا بوون بەقازانجی مانەوەی ئەوجۆرە سیستەمە سیاسەتیان کردووە. لهناڕەزایەتی و ڕاپهڕینی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ دا باشتر ئەمەی سەلماند کەچۆن ئاڵای کوردستانیان ڕادەوەشاندو نوێژی بەکۆمەڵیان لەسەراکانی ئازادی دەکرد هەروەک ڕیکلام وبانگەشەیەک بۆ فریودان ودرۆکردن لەگەڵ خەڵکی ناڕازی، لەکۆتاییدا لەپێناو بەرژەوەندی حیزبییان باوەشیان بەپارەو کورسی دەسەڵات و حکومەتدا کرد.