لەدووەمین ساڵیادی ژیانئاوایی هاوڕێ فەرەیدون دا فەرەیدوون حسین زادە – هاوڕێ و خەباتکارێکی دڵسۆز
لەدووەمین ساڵیادی ژیانئاوایی هاوڕێ فەرەیدون دا
فەرەیدوون حسین زادە – هاوڕێ و خەباتکارێکی دڵسۆز
دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر گیان لە دەستدانی هاوڕێ فەرەیدوون حسین زادە و ئەو هەواڵە دڵتەزێنەی لە ناکاو دوو ساڵ بەر لە ئێستا بیستمان، بۆ زۆرێکمان هێشتا هەزمکردنی ئاسان نییە. لاوێکی هێندە خوێنگەرم و خەباتکار و دڵسۆزی کەسانی نزیکی، هێندە لە ناکاو و بێ هیچ ئاگادارییەکی پێش وەخت جێی هیشتین. ئەو هێشتا پڕۆژەی زۆری بەدەستەوە بوو و گەلێک بابەتی هەمەلایەنەی لە دەستوور کاردا بوو. ئەفسوس مەرگ ڕێگەی نەدا ڕووناکی ببینن یان بە ئەنجامی کۆتایی بگەن.
بەجیا لە پەرۆشی و خەباتی بەردەوامی فەرەیدوون بۆ سەرەوژوورکردنی جیهانی نایەکسانی ئەمڕۆ، وەک هاوڕێیەکی نزیک من شانسی ئەوەم بوو، کە کۆمەڵێک یادگاریم لەگەڵیدا هەبێت. زۆرێک لە یادگارییەکانم باس لە گەورەیی و خۆنەویستی ئەو دەکەن و پێمخۆشە هەندێکیان باس بکەم. لێرەدا بە جیا لە ئاوڕدانەوە لە خەبات و چالاکی سیاسی فەریدوون و پڕۆژەکانی، ئاماژەیک بە هەندێ لایەنی تایبەتی ژیانی دەکەم.
سەرەتای ژیان و هەڵاتن لە ئێران
فەرەیدوون ساڵی ١٩٧٣ لە شاری سەردەشت وەک کوڕی گەورەی خێزانەکەیان دێتە دنیاوە. هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دژی نەریت و ڕێسا کۆن و سوننەتییەکان بووە و لەگەڵ فەرهەنگی باودا بەینی نەبوو. بەها مرۆییەکان و خۆشبەختی مرۆڤ هەمیشە لە ناخیدا زیندوو بووە. کەسێکی گوێڕایەڵ نەبوو، هەندێ جار کردارەکانی دڵەڕاوکێی دەخستە نێو دڵی خێزان و کەس و کارییەوە، بەتایبەتی لە سایەی جمهوری ئیسلامیدا. سێ برا و خوشکێکی هەیە.
هەر لە منداڵییەوە کەسێکی زیرەک و بە توانا بووە و لە قۆناغەکانی خوێندندا سەرکەوتوو بووە. لە تەمەنی لاوێتییەوە سەرنجی دەچێتە سەر دیاردە و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگای یەکسانیخوازی دەگرێتە بەر. لەسەر چالاکییەکانی لە لاوێتیدا چەندین جار دەستگیر دەکرێت و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت. بۆ درێژەدان بە خەباتی سیاسی، بڕیار دەدات بچێتە نێو ڕێزەکانی کۆمەڵە، بۆیە ئێران جێ دەهێڵێت و لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا دەچێتە کوردستانی عێراق.
هەر بە ماوەیک پاش دەرچوونی لە ئێران، ئەنجامی تاقیکردنەوەی بەکەلۆری (کۆنکۆر) دێتەوە و نمرەیەکی بەرز بەدەست دەهێنێت و لە کۆلێژی پزیشکی وەردەگیرێت. ئەگەرچی خانەوادەکەیان و کەس و کار و ئاشنایانی هەوڵێکی زۆر دەدەن تا قانعی بکەن و بگەڕێتەوە بۆ ئێران و لەسەر خوێندنەکانی بەردەوام بیت، بەڵام ئەو ناگەڕێتەوە و درێژە بە چالاکی سیاسی دەدات.
لە کوردستانەوە تا فینلاند
لە سەرەتا فەریدوون دەچێتە ناو کۆمەڵەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە زرگوێز دەبێت. پاش ئاشنابوونی بە کۆمۆنیزمی کرێکاری، دەچێتە نێو ڕیزەکانی حزبی کۆمۆنئستی کریکاریی ئێرانەوە. لە سلێمانی دەبێتە چەکدار و لە زۆر بۆنە و مەراسیم و چالاکییەکانی ئەو کاتەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکایی عێراق (حزبی دەستەخوشکی حکک ئێران) وەک چاودێرێ سەلامەتی ئامادەبووان و هەڵسوڕاوانی حزب ئامادە دەبێت. کارەکانی بە هەستکردنی بە بەرپرسیارێتییەوە ڕاپەڕاندووە و کەسێکی ئازا و چاونەترس و مایەی متمانەی هاوڕێیانی و ڕابەری حزب دەبێت. هەر لە سایەی کاریگەریەکانی فەریدوون، دوو لە براکانی پەیوەست دەبن بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە.
لە چەندین ڕووبەڕووبوونەوە و پێکداداندا بەشدار بووە و بە دڵ و ڕۆحیەتێکی فراوانەوە پارێزگاری لە سەلامەتی هاوڕێیان و ڕابەری و بارەگاکانی حزب کردووە. بەشداربووە لە ڕێگریکردن لە چەندین هێڕش و گەلەگۆمە بۆ سەر بنکەی ڕادیۆ. لە هێرشەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لە تەموزی ٢٠٠٠ دا، هاوڕێیانێک شایەتیان لەسەر چاونەترسی و ئامادەباشی فەریدوون داوە. لەگەڵ حەساس بوونەوەی بارودۆخەکە فەریدوون دەست دەداتە ئاربیجیەک و دەچێتە سەربانی بنکەی ڕادیۆ، هاوڕێێان قەناغەتی پێ دەکەن بێتە خوارەوە.
لە ناوەڕاست و کۆتایی نەوەدەکان، لە سایەی هەژاری و گەمارۆی ئابوری و جەنگی ناوخۆ و چەندین ڕووداوی تر، چەکدار بوون لە بارەگاکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کارێکی ئاسان نەبوو، بە تایبەتی کە فەزای تیرۆر لە ئارادا بوو و کۆمۆنیستەکان بۆ هێزە ناسیۆنالیستەکان و ئیسلامییەکان دوژمنی هاوبەش بوو. فەرەیدوون بە ڕۆحیەت و بایەخەوە ئەو ئەرکی پارێزگاری ڕادەپەڕاند و لە چەندین ڕووداوی جۆراوجۆردا بەشدار بوو.
پاش قەدەغەکردنی هەڵسوڕانی حزبی کۆمۆنیستی کڕیکاریی لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانیدا لە هاوینی ٢٠٠٠، وەک زۆر هاوڕێی تر فەریدوونیش ڕێگای دەرەوەی وڵات دەگرێتە بەر. دوای بڕینی ڕێگایەکی سەختی یاساغ و بە نەهامەتییەکی زۆرەوە، دەگاتە تورکیا، کە لە ڕێگا چەندین بەربەستی دژوار دێنە بەردەمی و چەندین جار لە لایەن جەندرمە و دەزگا سەرکوتکەرەکانی تورکیاوە ئازار دەدەرێن. پاش وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لە فینلاند وەردەگیرێت و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٢ەوە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی تر دەگەنە شاری کایانی. دوای چەند ساڵێک دێتە هێلسینکی و تا کۆتایی ژیانی لە هێلسینکی لە خانووەیەکی خینجیلانەی یەک ژووریدا ژیانی بردە سەر.
ئاشنابوونی من لەگەڵ فەرەیدوون
کۆتایی ساڵی ٢٠٠٣ بوو هاوڕێیەک لە کایانیەوە باسی ئەوەی کرد، کە کاتێک لە تورکیا لەلایەن نێردراوانی فینلانداوە وانەیان پێ دەوترایەوە تا بە گەشتنیان بۆ فینلاند ئاشنایەتییەکی سەرەتاییان هەبێت، یەکێک لە وانەبێژەکان پرسیاری لە ئامادەبووان کردبووە، کە “ئایا پێشتر فڕۆکەتان دیتوە؟” فەرەیدوون وەڵام دەداتەوە و دەڵێت “بەڵێ بینیومانە، بەس هەر تەقەی لێ کردووین و هەڵاتووین لێی.” هەروەها بیستم، کە هەر لەو شارەی لێی بوون لەگەڵ هەندێک لە ناسیۆنالیستەکان دووچاری ناکۆکی بوون و ڕێگەی نەدابوو پێی لێ درێژ بکەن. واتە پێش ئەوەی بۆ یەکەم جار دیداری بکەم، لە کەسایەتی و قسەخۆشەکانی فەرەیدوونم بیستبوو.
دروست یەکەم دیدارم بیر نییە، کە کەی و چۆن بوو لەگەڵ فەرەیدووندا، بەڵام پێ دەچێت لە یەکێک لە بۆنە یان چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٠٤دا بێت، کە ئەو کاتە فەرەیدوون هاتبووە هێلسینکی و لەو کاتانەدا هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و ئێران بەردەوام چالاکی هەمەلایەنە و فراوانیان هەبوو. دەبێت لە یەکێک لە خۆپیشاندانەکان، مەراسیمەکان، سیمینارەکان، یان چالاکییەکی تر، کە تێیاندا بەردەوام ئاشنای کەسانی تازە دەبووم، پێدەچێت فەرەیدوونیشم بینیبێت. هەڵبەت ئەو کاتە فەرەیدوون لە ڕێزەکانی حزبدا نەمابوو، بەڵام وەک کەسێکی دڵسۆز و چالاک و پایەگیر بە کۆمۆنیزم لە زۆر بۆنە و چالاکیدا بەشداربوو.
هەم بەهۆی پەیوەندی کەسوکارمان و هەم خەباتی کۆمۆنیستی، پەیوەندیمان لەگەڵ فەرەیدوون زیاتر و پتەوتر بوو. واتە بە جیا لە چالاکییە سیاسییەکان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش یەکمان دەبینی و هەمیشە قسە و نوکتەی نوێی هەبوو، لەسەر سەرنج و پڕۆژە و بیرۆکەی جۆراوجۆر دەدوا. بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانی، لە هەوڵی بەردەوامدا بوو و پرسیاری لە دەوروپشتی دەکرد.
فەرەیدوون بەوردی لە ڕووداوەکانی دەڕوانی و سەرنجی خۆی لەسەر بەیان دەکرد. بە تامەزرۆیەوە لەسەر بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆی دەدوا و گفتوگۆی دەکرد. من خۆم زۆر دیدگای نوێ و سەرنجڕاکێشم لەوەوە وەردەگرت. لەسەر زۆر ڕووداو و دیاردەی کۆمەڵگە نمونەی مێژووی و هۆکارەکانی پشتی قسەی دەکرد…
گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان و پەراوێزخستنی ڕۆڵی بەرجەستەی خۆی
فەرەیدوون زۆر بەسەرهاتی خۆش و ترشی دەگێڕایەوە، بە تایبەتی ئەو سەردەمە سەختانەی چەکداری حزب بوو لە سلێمانی، کە لە ڕۆژگاری نەبوونی و هەژاری و هەڕەشەی بەردەوامی ئیسلامییەکان و یەکێتی، بەڵام ئومێد و باوەڕێکی گەورە و پتەو، ورەیان دەدا بە بەردەوام بوون و ئەزموونکردنی چەندین یادگاری. بەسەرهاتی لێقەوماوێک لە مەرەخان یەکێک بوو لەو سەرگوزەشتە کۆمێدیا ڕەشەی دۆستێکی فەرەیدوون لەو سەردەمانە بیستیبووی، کە لە هەموو دانیشتنێکدا بمزانیایە کەسێک نەیبیستووە، خێرا بە فەرەیدوونم دەگێڕایەوە.
لەبەر ئەوەی لە سەرەتای دامەزراندنی ڕادیۆی حزبەوە (ساڵی ١٩٩٦) تا قەدەغەکردنی هەڵسوڕانی حزب لە لایەن دەسەڵاتی یەکێتییەوە (٢٠٠٠) فەرەیدوون زۆربەی کارەکانی لەوێ بوو، بە سروشتی زۆرینەی یادگارییەکانیشی دەگەڕایەوە بۆ ڕادیۆی حزب. فەرەیدوون بەشدار بوو لە کارە عەمەلییەکانی دامەزراندنی ڕادیۆ، بۆنمونە دەیگێڕایەوە، کە لە ئاڕێلەکەوە کێبڵ ڕادەکیشرا بۆ ئەو چاڵەی بە خەڵوز و خوێ پڕکرابوو، تا لە مەترسی ئاکامەکانی هەورەتریشقە بیانپارێزێت، تەنها چەند سانتیمێک مابوو و درێژی کێبڵەکە بەشی نەکرد و نەکرد. ناچار سەرلەنوێ دەستیان پێکردەوە.
هەروەها دەیگێڕایەوە، کە لە سەروبەندی دامەزراندنی ڕادیۆی حزبدا، یەکێتی بەردەوام ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی تێکدانی ڕادیۆی دەکرد. لەگەڵ دەسپێکی بڵاوبوونەوەی یەکەم پەخشی ڕادیۆ و جۆش و خۆشی هاوڕێیان لە ڕادیۆ لەسەر گردەکە، ئۆتۆمبێلێکی ئاسایش و شۆڤڵێک نزیک دەبنەوە لە ڕادیۆ. زوو هاوڕێیان دێنە وەڵام و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە ئامادەباش دەکەن و ڕێگە نادەن بێنە پێشتر. ئۆتۆمبێلەکەی ئاسایش و شۆڤڵەکە زوو پاشەکشە دەکەن و دەگەڕێنەوە. ڕۆژی دواتر هەواڵ دەنێرن، کە گوایە شۆڤڵ و ئۆتۆمبێلی ئاسایش بۆ مەبەستێکی تر ڕوویان لەو ناوە کردبوو.
لەم جۆرە یادگارییانە بەردەوام لە یادەوەری فەرەیدووندا هەبوون و لە دانیشتنەکاندا دەیگیڕانەوە، بێ ئەوەی مەبەستی بێت ئاماژەی تایبەت بە ڕۆڵی خۆی بکات. شەوێکیان فەرەیدوون یەکێکی تر لە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی بۆ گێڕامەوە، کە شەوێکیان دەستەیەک لە ئیسلامییەکان لە ناکاو هێرش دەکەنە سەر ڕادیۆ. چەکدارانی حزب لە ڕادیۆ دێنە وەڵام و پاشەکشەیان پێ دەکەن.
شەوی دواتر دلێرمان بینی، کە ئەو یەکێک بوو لە فەرماندەکان و لە بارەگای گردی عەلی ناجی بوو. هاوڕێیەکی نزیکی فەرەیدوون بوو و ١٠ ساڵ بوو لە یەک دابڕابوون. پاش ئەوەی کەوتنە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی ئەو ڕۆژگارانە، لە نێو یادگارییەکاندا دلێر ئاماژەی بە هەمان ڕووداو دا و گوتی کە “بیرتە ئیوە لە ڕادیۆ شکستان بە ئیسلامییەکان هێنا و باش بوو بریندار نەبوویت، فیشەکێک دابوی لە پانتۆڵەکەت؟” فەرەیدوون پاش چەند چرکە وەستان وتی “دەزانیت ئەوەم هەر بیر نەمابوو…” دلێر زیاتر لەسەری دوا و لای سەیر بوو، کە فەرەیدوون چۆن ئەوەی لەبیر چووە، کاتێک ئازایەنە بەشداری شەڕی کردووە و فیشەک سوتفە بەر پانتۆڵەکەی کەوتووە و بە پێی ئەو کونەی فیشەکەکە لە پانتۆڵی فەریدووندا جێی هێشبوو، دواتر دووری تەقەکەران خەڵمێندرا. فەرەیدوون وتی “ئێستە بیرم دەکەوێتەوە، کە باسی دەکەیت.” من شایەتیم دا، کە شەوی پێشوو هەمان ڕووداوی بۆ گێڕامەوە و ئەو بەشەی باس نەکرد، کە هێندە لە مەرگ یان برینداربوونەوە نزیک بووە.
چالاکی سیاسی
لە بەهاری ٢٠٠٦دا کاتێک فینلاند سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا بوو، چالاکی جۆراوجۆری سیاسی ڕێکدەخرا. یەکێک لەوانە خۆپیشاندانێکی گەورە بوو لە بەرانبەر سەردانی سەرۆکی بانکی جیهانی بۆ فینلاند. فەریدوون وەک پیشەی کۆنی خۆبەخشانە بەشداربوو لە ئەرکی پاراستنی سەلامەتی خۆپیشاندانەکە. ئەمە و خۆپیشاندانەکانی دوای و تەواوی چالاکییەکان، کە لەسەر شەقامەکان ئەنجام دەدران، فەریدوون بە ئاڵایەکەوە ئامادە بوو.
لەزۆر ڕێگاوە هەوڵی کاریگەردانانی دەدا و دەستی بۆ چەندین پڕۆژە دەبرد، بەجیا لە شەقام، هاوکات لە ئینتەرنێتیش چالاک بوو. دانانی چەندین وێبلاگ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبیانی کۆمۆنیستی و ئەنارشیستی و بۆچوونەکانی خۆی. دانانی وێبلاگێک بۆ کۆکردنەوەی تەواوی سروودە کرێکارییەکان، کە بە چەندین زمانی جیاواز تێکرا زیاتر لە ٣٠٠ سروودی کۆکردەوە.
کاتێک لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی و پەرلەماندا من کاندید بووم، ئەو توانای خۆی خستە کار و لە چەندین ڕێگەی جیاوازەوە هەوڵی بە سەرخستنی ئەم پڕۆژەی منی دا. هەروەها زۆر تێبینی پێویست و گرنگی پێ دام، کە سوودیان بوو لە تەواوی پڕۆسەکەدا. بەجیا لە کاندیدبوونی من، لە زۆر ڕێگەی ترەوە هەوڵی کاریگەردانانی لە کۆمەڵگای فینلاندا هەبوو و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ڕیگەی گرتە بەر، تا بەو ئامانجە ئینسانییانە بگات، کە باوەڕی پێی هەبوو.
یەکێکی تر لە پڕۆژە گەورە و گرنگەکانی ساڵانی کۆتایی ژیانی فەرەیدوون، وەرگێڕانی فیلم بوو بۆ سەر زمانی فارسی. پاش ئەوەی هەستی کرد لە میانەی کارەکەیدا جاروبار چەندین کاتژمێری پشوو دەکەوێتە ناو ڕۆژکارەکەی، بیری کردەوە کە سوود لەم کاتە وەرگرێت و بە پڕۆژەیەکی گەورەوە گرێی بداتەوە. دەستی برد بۆ وەرگێڕانی فیلم و دۆکومێنت و بابەتی تری ڤیدیۆیی و لە هەندێ ماڵپەڕ و تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوی دەکردنەوە.
لەسەر ئەم پڕۆژەیەی بە جۆش و خرۆشێکی کەم وێنەوە بەردەوام بوو. جاروبار ڕێژەی ئەو کارانەی وەری گێڕابوون پێ ڕادەگەیاندم. دواجار پێی گوتم، کە ژێرنووسی فارسی بۆ ٢٦٣ بابەت کردووە. واتە بە تەواوی فیلم و دۆکومێنت و باقی کارەکانی تری، کە ژێرنووسی فارسی بۆ دانابوون، لە نێویاندا فیلمی درێژی چەند کاتژمێری و زنجیرەی چەند بەشی لە خۆ دەگرت.
ئەو فیلم و دۆکومێنتانەی وەری دەگێڕان تایبەت بوون بە ئاشنابوونی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری، بەرچاوڕوونی و هۆشیاری لە پەیوەند بە خەباتی چینایەی، کۆیلەی مۆدێرن، پیشەسازی جەنگ، پیشەسازی و بازرگانی بابەتی مەترسیدار لەسەر ژیانی خەڵكی، یەکسانی کۆمەڵایەتی، ناساندنی خەباتگێڕە چەپ و کۆمۆنیست و کرێکارییەکان، مێژووە گرنگەکانی خەباتی کرێکاری و ئەو دیاردانەی پەیوەندیان بە خەباتی چینایەتییەوە هەیە، هتد. کۆپی تەواوی کارەکان لای من پارێزراوە و بە ئومێدی لە دەرفەتێکدا بتوانین سەرجەمیان بڵاوبکەینەوە و لە بەردەستدا بن.
کەسایەتیکی خەمخۆر و وردبینی دیاردەکانی کۆمەڵگە
بەجیا لە هەموو ئەم چالاکیانەی فەرەیدوون هەمیشە بە وردی سەرنجی ڕووداوەکانی جیهان و مێژووی دەدا و تێبینی زۆر ورد و دروستی هەبوو. هەروەها لەسەر ژیانی کۆمەڵگە و بازاڕ و ئەو ڕێگا نامرۆییانەی سەرمایەداری پیادەی دەکرد، زۆرێکی درک دەکرد و لە ڕیگای دژەباوی دەگرتە بەر. زۆر بە وردی سەرنجی ئەو دیاردانەی دەدا، کە سەرمایەداری بۆ درێژەدانی کەڵکی لی وەردەگرێت و دەستی پێوە گرتوون. لە سەرنج و تێڕوانینە وردەکانی من خۆم زۆر شت فێر بووم.
لە زۆرێک قسەوباس و گفتوگۆکردنماندا ئاماژەی بەو دیاردانە دەدا، کە لە جیهانی سەرمایەداری لە خۆڕا بایەخیان بۆ دروسکراوە و بەشیك لە مرۆڤەکان بەبێ ئاگایی پەیڕەوی لێ دەکەن. ئەو کەلتور و تێڕوانینانەی لە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا نرخیان بۆ پەیدا دەکرێت، فەرەیدوون نیەتەکانی پشتی دەخوێندەوە و پرسیاری دەوروژاند. ئاماژەی بەو نمونانەش دەکرد، کە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا بەدی کردبوون، کە بۆ نمونە چۆن مرۆڤ لە ئایندەی خۆی بێئومێد بووە.
لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، فەرەیدوون کەسێکی میهرەبان و دڵفراوان بوو، خەمخۆری دەوروبەر و ئاشنایانی بوو. ئەگەرچی زۆر کات بە تەنها بوو، بەڵام کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بوو. ئەوەی بە تایبەتی بۆ من زۆر مایەی خۆشحاڵی و پیزانین بوو، هەڵسوکەوتی بوو لەگەڵ کەسانێک، کە لە کۆبوونەوەکاندا زمانی کوردیان نەدەزانی. بۆ نمونە کاتێک هاوڕێیانی فینلاندی زمانم ئامادە دەبوون، فەرەیدوون بە فینلاندی دەدوا، نەک بە زمانێک کە بۆ کەسانێک لەگەڵمان دانیشتوون تێنەگەن.
فەرەیدوون لە فینلاند وەک پیشە کاری وەرگێڕانی دەکرد، بە زمانەکانی کوردی، فارسی و دەری لەگەڵ فینلاندی. بەو هۆیەی لەگەڵ گروپە ئانارشیستەکاندا چالاک بووە، لە پۆلیس و هەندێ دەزگای تری دەوڵەتی ڕێگەیان نەداوە کاری وەرگێڕی بکات. ئەمانە ڕێگر نەبوون لەبەردەم چالاکییەکانی و بەڵکو بە هەمان تینەوە چالاک مایەوە. بەجیا لەو زمانانەی کاری وەرگیڕانی پێ دەکرد، هاوکات زمانی عەرەبیش زۆر بە باشی تێدەگەشت.
هەروەها زۆر خەمی بوو، کە کەسانی ئاشنای لە ناڕەحەتیدا نەبن و هانی دەدان، کە بێ ئومێد نەبن. هەمیشە ئامادەباش بوو بۆ بەگەڕخستنی توانا و بەخشینی یارمەتی خۆی لەو پێناوەدا. کاتێک یارمەتی کەسێکی دەدا، وەک کارێکی خۆی تەماشای دەکرد و تا دوا بڕگە و ئەو جێگەیەی پێویستی بکردایە و لە توانایدا بوو دەڕۆیشت. خۆبەخشانە یارمەتی زۆر کەسی دەدا. مایەی ئاماژەیە، کە لە دڵەوە بوو، نەک موجامەلە یان حاڵەتی ئیحراجی. کاتێک کە هەواڵی کەسێکی دەپرسی، پرسیارەکەی لە دڵەوە بوو. لە زۆر بابەت و ڕووداودا نەخش و ڕۆڵی گرنگی دەبینی و ئەو بەرپرسیارێتیانەی وەردەگرت، کە کەمتر مرۆڤەکان خۆبەخشانە ئامادەن بیکەن، بە تایبەتی لە ساتە ناخۆشەکاندا.
بەداخەوە لە کۆتایی ئایاری ٢٠١٨دا مەرگێکی ناوەخت ڕێگەی نەدا چیتر ئەم هاوڕێ و خەباتکارە ئازیزە بە فیزیکی لە نێوماندا بمێنێتەوە. یادگارییە شیرینەکانی هەمیشە لە نێوماندا زیندووە. هەروەها ئەو کارە فراوانانەی بە تایبەتی لە وەرگیڕانی فیلمەکاندا ئەنجامیدا، ئەو بە نەمری دەهێڵیتەوە. یادی فەرەیدوونی ئازیز بەرز و بەڕێزە!
بنار مستەفا
ئایاری ٢٠٢٠