دیدێکی سیاسی و یاسایی بۆ عێراق و هەرێم
دیدێکی سیاسی و یاسایی بۆ عێراق و هەرێم
نووسینی: کاکەلاو تەحسێن
عێراق و ھەرێم
دەوڵەتی فیدراڵی بە گشتی وەک سیستەمێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و درووستکردنی هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکان دامەزراوە لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە هەردەم بێهێزەکان یان کەمێنەکان مەترسیان لەسەرە، بەڵام ھەندێ کۆلەگەیەی سەرەکی ھەیە کە هاوسەنگیەکە دروست دەکات.
لێرەدا بە کورتی باسی خاڵە لاوازەکانی فیدراڵیەت لە عیراق و بەتایبەت لە هەرێم دەکەین.
یەکەم: فاکتەری یاسایی
دوانەی یاسادانان
پەرلەمان لە دوو ئەنجومەن پێک دێت یەکێکیان لە سەر بنەمای زۆری و کەمی پێکھاتەکانە، ئەوەی تر بە یەکسانی لە نێوان ھەرێمەکانە وەک ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ ھەر ھەرێمێک بچوک یان گەورە بێت دوو نوێنەری هەیە لە ئەنجومەنی پیران، لە عێراق ئەو ئەنجومە لە دەستوور رێک نەخراوەو بەلکو داواکراوە یاسای بۆ دەربچێت و تا ئێستا ئەم یاسایە دەرنەچووە.
دادگای باڵای فیدڕاڵی
لە عێراق دادگای باڵا بێلایەن نییە، یەکێک لە ئەرکەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی هەرێم و ناوەندە وە چاودێری کردنی دەستورە، بەڵام بەهۆی هەیمەنەی شیعە لەسەر ئەو دادگایە لە ڕابردوودا نەیتوانیەوە بە ڕۆڵی خۆی هەڵسێت، جگە لەوە لە ٢٧/٠١/٢٠٢٠ کارەکانی وەستاوە بەهۆی لەدەسدانی ڕێژەی یاسای دادوەرەکان.
فرەیی هەرێمەکان
فرەی ھەرێمەکان کە ئەمەش دەبێتە دابەش بوونی ھێزی حکومەتی ناوەند بەسەر ھەرێمەکان بۆیە ژمارەی هەرێمەکان هەرچەند زیاتربن ڕۆڵیان دەبێت لە بەهێزبوونیان، بەڵام لە دەوڵەتی عیراق تەنها یەک هەرێم هەیە بەرامبەر حکومەتی ناوەند.
دووەم : فاکتەری سیاسی
تەوافوق
کاتێک ھێزی یاسا ناتوانێک مافی ھەرێم بپارێزێت. لەم ئەگەرە پەنا دەبرێت بۆ فاکتەری سیاسی کە سازانی سیاسی شوێنی دەگرێتەوە ئەم فاکتەرە بۆ کورد رۆلی خۆی گێراوە تا ساڵی ٢٠١٢ بەڵام کاتێک کورد بۆ یەکەم جار بایکۆتی پەرلەمانی عێراقی کردوو دەنگی بە یاسای بودجە نەدا، لەو کاتەوە ھەیمەنەی کوردو تەوافق کەوتە پاشەکشە.
ریفراندۆم
کورد بەردەوام چەکی جیابوونەوەی لە دەست بووە، وە ئەم کارتەش ترس و ھێزی دروست دەکرد لای عێراق و ھێزە نێودەوڵەتیەکان، بەڵام کاتێک کورد ئەم کارتەی سووتاند لەو رۆژەوە هەرێمی کوردستان کەوتە بەرەی بەرگریکار لە مافەکانی لە بەرامبەر ناوەند لەبری هێرشکردن، دوای ئەوەش لە دەرئەنجامی ڕێفراندۆم شانزەی ئۆکتۆبەر ڕویدا کە ھەیمەنەو گەورەیی پێشمەرگە شکا بەرامبەر ھێزە عێراقیەکان و شەقامی عێراقی، وە لەدەستدانی ناوچە کوردستانیەکان بە بیرە نەوتەکانەوە کە هەرێم زۆر شانازی پیوە دەکرد.
ترازانی یەکریزی کورد
لە دوای ٢٠١٢ ووردە ووردە یەکریزی ھێزە کوردیەکان لە عێراق پاشەکشەی کردوو تەنانەت کەوتنە باسکردنی یەکتری و باسکردنی گەندەڵی یەکتر ئەمەش سەری کێشا بۆ لاواز کردنی پرسی نەتەوەی و لە لایەکی تر بووە ھۆی ئەوەی کێشەکانی ھەرێم بکرێن بە باتەی راگەیاندن و گالتە بە ھەرێم و بەرپرسەکانی بکرێت، دەرئەنجامی ئەوەش دەبینرێت کە وەک رابردوو ھیچ ھێزێک و سەرکردەیەک ناتوانێ بە ئاسانی لەگەل کورد رێک بکەوێت.
کورد دروستکار نییە ئاشکرا کارە
لە پێکهینانی کابینەکانی حکومەت لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق کورد پێکھێنەری کارا بوو وە ھەندێ جار بە رۆلی ئەو دروست ئەکرا ھاوشێوەی رێکەوتنی ھەولێر بۆ دانانی مالیکی، بەڵام ئێستا ھیچ کابینەیەکی حکومەتی عێراق بە ھۆی بوونی کورد پێک نایەت یاخود ھەلناوەشێتەوە، بۆیە ھێزێک بوونی نەبێتە دروستکاری حکومەت و تەنھا بوونی ببێتە جوانکاری بۆ حکومەت ئەوا مافەکانیشی پێ جێگیر ناکرێت، چونکە مەرجی پێ ناسەپێت.
پەرەتەوازی ھەرێم
ھەرێمی کوردستان لە پەرتەوازەیەکی گەورەدایە، وە دامەزراوەکانی لە پاشەکشەن، سەرکردەکانی بە سیاسەتی رۆژ و سیاسەتی کاردانەوە سیاسەت ئەکەن، پەرلەمان ئیفلیجە، گەندەڵی و ناشەفافی لە هەڵکشانە، سیاسەت لە ھەرێم بۆئەوە نییە ھەنگاو بۆ باشترکردنی دۆخەکە بنێن، بەڵکو بۆ ئەوەیە خراپ بوونی دۆخەکە بخەنە ئەستۆی یەکتر، کورد وتەنی ماڵی قەڵپ سەر بە ساحێبی، لەلایەکی تر بەهۆی نەبوونی سەرکردەی بەتوانا بۆ چارەسەری کێشەکان ئەبینین رۆژ بە رۆژ کێشەکان گەورەتر دەبن.
پەرتەوازەیی عێراق
بەھۆی گەندەڵی و دابەزینی نرخی نەوت و ململانێی ئێران و ئەمریکاو پاشەکشەی سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشووی عێراق کە زۆریان دۆستی کوردبوون لە گۆرەپانی سیاسی، ئاسان نییە ھێز و سەرکردە سیاسیەکان لە عێراق بە ئاسانی لەگەل کورد رێک بکەون، کورد لە جەعفەری نارازی بوو، خۆی مالیکی دانا، بەڵام دواتر ھەولی وەرگرتنەوەی متمانەی لێ ئەکرد و ئەویش بودجەی بڕی، عبادی پەلاماری کەرکوکی داو مووچەی بری، باشترین دۆستی کوردیش عادل عبدالمھدی بوو کە لە دواجار ئەویش نیو مووچەی دەینارد وەستاندی، کەواتە کورد لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٢٠ بەردەوام پاشەکشەی کردووەو ناوەند مەرجی زیاتر بووە.
بەرژەوندی و پشتگیری زلھێزەکان
کاتێ شا لە ئێران دەسەلاتداربوو، فەرەنسا زۆرترین بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی لەو وڵاتە ھەبوو، وەکاتێک خۆپیشان دان دژی شا دەستی پێکردوو خومەینی سەرکردایەتی دەکرد لەوکات لە عێراق بوو دواتر ناچار کرا عێراق جێبھێلێت چووە فەرەنسا وە بریاربوو یەک ھەفتە بمێنتەوە، بەڵام دواتر کە فەرەنسا ھەستی کرد شا لاواز بووە و لە رووخان نزیک بۆتەوە رێگای دا خومەینی لە فەرەنسا بمێنتەوەو چالاکی سیاسیشی ھەبێت، ھۆکارەکەی ئەوەبوو فەرەنسا وتی لە ئێستاوە ئامادەکاری ئەکەین بۆ دروستکردنی پەیوەندیەکی تر بۆ درێژەدان بە بەرژەوەندیەکان، ئەمە نمونەیەکە بۆ سیاسەتی ئێستای ئەمریکا لە ھەرێم راستە، ئەویش بە باسکردنی دوونمونە کاتێک لە ٢٠١٥ شەری داعش ھەبوو ئەمریکا پێویستی بە ھەرێم و پێشمەرگە ھەبوو بۆیە لە کاتێک دا پێشمەرگە بیرە نەوتەکانی کەرکوکی دەست بەسەرداگریت و حکومەت دەستی بە فرۆشتن کرد، وە مووچەی ھاولاتیان کرا بە نیووموچە، سەرۆکی ھەرێم کاتی یاسای تەواوبوو بەردەوام بوو پەرلەمان داخرا وەزیرەکانی گۆران دەرکرا لەگەل ھەموو ئەوانە ئەمریکا پشتیوانی مسعود بارزانی دەکرد لە ئاستی ناوخۆو دەرەوە، بەڵام کاتێک مسعود بارزانی ریفراندۆمی کردوو گوێی لە ئەمریکا نەگرت، لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ سەعات ئاگادار کرایەوە کە دەبێت دەست لە کار بکێشێتەوە لێرەوە ئەمەوێت ئەوە بلێم کە بەشێک لە بێھیوای خەلک و ھێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی ئەوەیە کە ئەمریکا لە پشت ئەم دوو بنەمالەیە بەتایبەت کە دوای دەستکێشانەوەی مسعود بارزانی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند کە پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانیە، بەلام ئەم پشتیوانیە تا ئەو شوێنە راستە کە ھەست ئەکەن پێگەی ئەم دوو ھێزە لاواز بووەو خەلک بە شوێن بە دیلێکی گونجاوتر کەوتوون، ھاوشێوەی فەرەنسا بۆ شا لە بری پشتگیری بۆیان دەبێتە پشت تێکردن بۆیان.
دەرئەنجام
هەموو ئەو هۆکارە یاسایی و سیاسیانە وا یان کردووە پرسی نەتەوەی کورد بێتە دواوەو دۆستەکانی دووربکەونەوە، کورد لە لوتکەی ھێزو یەکریزی و بەغداش لە لوتکەی لاوازی و پەرتەوازی بوو لە سەرەتادا ئەوکات نەمان توانی ھیچ مافێک وەربگرێت لە بەغدا لە قورسترینیان کە مادەی ١٤٠ تا سەرەتایترین کە فەرمی بوونی زمانی کوردیە لە دامەزراوەکانی عێراق، ئێستا کە یاریەکە پێچەوانە بۆتەوە ئەنجامەکانیش قورستر دەکەوێتەوە، ئەوەی کۆتایی ھاتووە لە نێوان ھەرێم و بەغدا ئەوەیە کە بەغدا پارەی تەواو و بێ سنووری پێشوو وە بێ رادەستکردنی نەوت و بەشێک لە گومرگەکان جارێکیتر پارە نانێرێت بۆ ھەرێم، وە بەغدا تێگەیشتووە لە ئێستادا ھەرێم لە پاشەکشەیە بۆیە مادەی ١٤٠ و زۆر مادەی تر پەیوەست بە کورد بۆتە رابردوو، لانی کەم لە ئێستادا، وە ھەرێمیش ئەزانێت بەھۆی خراپ مامەلەکردن لەگەل دۆسیەی نەوت و دابەزینی نرخەکەی و نەبوونی وەزیری سامانە سروشتیەکان لە حکومەت و دروست نەکردنی سندوقی کەپکۆ و کۆدۆ و کۆمۆ تایبەت بە دەرھێنان و ھەناردەو فرۆشتنی نەوت و سوتانی کارتی ڕیفراندۆم و لەدەستدانی ناوچە کوردستانیەکان و ترازانی یەکڕیزی کورد و پەرتەوازەیی دۆخی عیراق و زۆرهۆکاری تر وا دەکات ھەرێم رەزامەندبێت بە رادەست کردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل لەگەل نیوەی داھاتی خالە سنوریەکان لە بەرامبەردا بەغدا رەزامەندبێت تەنها ٤٥٠ ملیار بنێرێت لە کاتیکدا موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم پێویستی بە ٨٩٠ ملیارە، ئەمەش مانای وایە لە ھەموو ئەگەرێک ئەگەر چاکسازی نەکرێت و ھەرێمی کوردستان شەفاف نەبێت ئەوا ناتوانێت مووچە بە رێک و پێکی لە کاتی خۆیدا دابەش بکات، ئەمەش سەلمێنەری فەشەلی سیاسی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەگەیەنێت.