“وازهێنان لەحزب هیچ کەسێك بەعەرشی ئەعلا ناگەیەنێ”!*

0

“وازهێنان لەحزب هیچ کەسێك بەعەرشی ئەعلا ناگەیەنێ”!*

وازهێنان لەسەری مەزڵومییەت و هەق بەجانبیەوە، تا ئەوەی خۆت بە مارکسیتر و کۆمۆنیستتر بوون بناسێنی، وەیان ئەوەی کە خۆت بەڕاستگۆتر و دڵسۆزتر بۆ چینی کرێکار و کۆمۆنیزم، لەچاو ئەوانەی لە حزبدا ماون لە قەڵەم بدەی، تەنانەت وا وەسفی خۆت بکەیت کە خاوەنی جیاوازیی قوڵ و لەمێژینەیت و هەڵگری ئامانجی گەورەتری،… ئەمانە ئەو ڕوخسارە هاوبەشەن کە لە نموونەکانی جیابوونەوە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا بەدی دەکرێن. بەڵام دەرکەوتوە کە هەمو ئەم حوکمانە شتێکی زیاتر نەبوون جگە لە تەقەلایەك بۆ ساغکردنەوەی مەحفەلێکی نوێ و دواتریش جێهێشتنی حزبێك کە خەتابار و شکست خواردوو و بێ نەقش و ناکۆمۆنیستی و ناکرێکارییە، کە ناکرێ چیتر کاری تێدا بکرێت. لە کەنار ئەم ڕاستییەوە ئەوەش دەبینین کە نموونەکانی ئەم جۆرە لە وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە حزب و بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری، دوای دووبارەبوونەوەی چەندجارە، کەچی تا ئێستا ئەلگۆیەکی سەرکەوتووتر و پێشڕەوتریان لێ سەوز نەبووە، بگرە بە زیان و لێدان لە ئیعتباری کۆمۆنیزم و چەپ و پەرەدان بە پەرشوبڵاویی زیاتری ڕیزی کۆمۆنیستەکانی لێکەوتۆتەوە.

بەڵام وازهێنانی ئەم دواییانەی هاوڕێ سامان کەریم لەڕووی شێوازێکەوە کە گرتیەبەر، وە هەروەها لەڕووی پاساو و حوکم و ئیدعایەکەوە کە کردویەتی جیاوازی هەیە لەوانەی پێش خۆی. ئەو ئەگەر لە شێوەیەکی ئاساییدا ئیستقالەی بدایە و ماڵاوایی لە حزب و هاوڕێکانی بکردایە، من و هاوڕێیانی تر جگە لە ئەسەف و پێناخۆش بوون و دەربڕینی ڕێز و تەقدیر بۆ چەند ساڵ خەباتی لە ڕیزەکانی حزبدا، هەروەها هیوای سەلامەتی و ژیانێکی بەختەوەر شتێکی ترمان پێ نەبوو پێی بڵێین و بۆی بنووسین. بەڵام بەداخەوە هەم ئەو پاساوانەی کە لە نامەی دەست لە کار کێشانەوەکەیدا بەیانی کردووە و هەم بەوەی لە یەکەمین هەنگاوی دواتریدا، دەستی برد بۆ بڵاوکردنەوەی چەند تێزێك کە لە دژی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان و بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکارییە و گومان و ناڕۆشنی و سەرەگێژەییەکی زۆری بەناوی “مارکسیزمی هاوچەرخەوە” فڕێداوەتە مەیدانەکەوە، کە سەراپا بەدەرن لە هەقانیەت و سوننەتە کۆمۆنیستییەکان، خۆم بەناچار بینی ئەم وەڵامە بدەمەوە.

هەر لێرەدا ئەوەش بڵێم کە من و هاوڕێ سامان وەك ئەوەی ساڵانێکی زۆرمان پێکەوە لە ڕەنجکێشان و گیانفیدایی، بە هەزارویەك هیوای لێڵ و ئومێدی گەش و دەردەسەری و یادەوەری تاڵ و شیرین و سەختەوە، لەپێناو خەباتی چینی کرێکار و کۆمۆنیزمدا تێپەڕاندووە، بڕیاری وازهێنانەکەی لە هەرکەس زیاتر بۆ من، نیگەرانکەر و ناخۆشترە، چونکە وازهێنانەکەی بەم هەموو مێژووە دوور و دێژەوە، بۆ من هیچ ئاگاداری و پێشینەیەکی نەبوو، تەنانەت بواری نەدا بە هیچ جەدەل و ڕاگۆڕینەوە و فرسەت پێدانێك بە یەکتر، تا ئەگەر قەناعەتی واز‌هێنان ڕێگایەکی دروست و کارسازە، من و هاوڕێیانێکی تر لەگەڵ خۆی شەریك کاتەوە و چیتر ڕێگا نەدات بکەوینە شوێن “پڕۆژەیەکی فەشەل”ەوە و تەمەن تێپەڕێنین. بەداخەوەم کاتێك دەبینم هاوڕێ سامان لەلایەکەوە نامەی ئیستقالەکەی بەڕیزێك لە وشەی مەدح و سەنای هاوڕێکانی کۆتایی پێهێناوە، کەچی بەرپرسیارێتی بۆ ئەوە نیشان نەداوە کە هەر ئەو ئازیزانەی لە چاڵی فەشەل دەرکێشێ!! تەنانەت نە پێشتر و نە تا کۆتاڕۆژی لەناو حزبدا، بە یەك ڕستەش هیچ یەك لەو هاوڕێ ئازیزانەی کە هەندێکیان چوار دەهە زیاترە کاری لەگەڵ دەکەن، لەو هۆکار و ئەنجامەی کە پێی گەیشتووە ئاگادار نەکردوە!

ئینشقاق لەژێر پەردەی وازهێناندا:

هاوڕێ سامان وانیشان ئەدات کە ئیستقالەی داوە، بەڵام شێوازێك کە ئەو گرتیەبەر ئینشقاقێکی مەحفەلی و بانگەوازکردنە بۆ هەڵوەشانەوەی حزب. ئەمە چۆن؟

سەرەتا ئەو بەبێ هیچ پێشینە و ئاگادارکردنەوەیەك مەکتەبی سیاسی حزبی عێراق دەخاتە موفاجەئەوە و لە کۆبوونەوەیەکدا بە زارەکی پێیان ڕادەگەیەنێ ئیستقالە لە حزب دەدات. پاشان نامەی ئیستقالەکەی دەنێرێ و دوو ڕۆژ دیاری دەکا بۆ مەکتەبی سیاسی و پێیان دەڵێت کە ئیستقالەکەی بۆ بڵاوبوونەوە نیە و لە ئاستێکی مەحدوددا بڵاوی دەکاتەوە. هاوکاتی ئەم کارە هاوڕێیان کامیل ئەحمەد و عامر ڕەسوڵ ئیستقالەیان لە حزب پێشکەش دەکەن و چەند ڕۆژێك زیاتر ناخایەنێ، هەرسێکیان گروپێکیان بە دوانزە تێزەوە ڕاگەیاند کە زۆربەیان لە دژی حزب و حوکمدانە لەسەری. ئەمە ئەو شێوازە کۆمۆنیزمەی مارکسە کە هاوڕێ سامان مێژوویەکی٣٠ ساڵەی خۆی بە چەند ڕۆژ لەگەڵ هاوڕێیانێکی “ئازیز وجێگای ئیفتخار”دا پێ کۆتایی هێنا! لەوەش زیاتر هاوڕێ سامان تا ئەم ساتەوەختەش ئەوەی بۆی کرابێت نامەی ئیستقالەکەی گەیاندووە بەدەستی هەرکەسێك کە ڕۆژێك دۆست و ئەندامی حزب و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری بووبێت. واتە شێوازێکی گرتەبەر کە ئەو ئیستقالەکەی خۆی بدات بە هەرکەس کە بیەوێت و دەستی پێبگات بەبێ ئەوەی دەرفەت بۆ حزب هەبێت کە وەڵامەکەی خۆی بەو کەسانە بگەیەنێ کە نامەکەی ئەویان بۆ چووە. ئەم کارە کە تەواو پێچەوانەیە بە سوننەتی عەلەنی بوونی جەدەلی سیاسی و فکری، لە کاتێکدایە کە هاوڕێ سامان ئیدعای هەبوونی “جیاوازی قوڵ” و یەکجار قوڵیش دەکات لە نامەکەیدا. بەداخەوە ئەو شێوازێكی گرتەبەر کە نەك هەر ناکۆك بوو بە دەرفەتدان بە ڕۆشن بوونەوەی جیاوازییەکان، بگرە شێوەیەکی مەحفەلی نیشاندا، کە لێدان لە ئیعتباری حزبی بەدواوەبێت.

لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە هاوڕێ سامان لە بەرامبەر شێوازی جیابوونەوەی هاوڕێ موئەید ئەحمەددا بە دروست ڕەخنە دەگرێ و ئەوان بە “نەریتی مەحفەلی بەهیز” ناوزەد دەکات کەچی لە خراپترین حاڵەتدا دەست بۆ هەمان نەریت دەباتەوە. ئەو لە وتاری “دەبوو بمێننەوە و نەڕۆن”دا دەڵێت:

”ناکرێت پاش ٢٠-٢٥ ساڵ ئەندام بوون نەك لە حزبدا بەڵکو لە نادی یەکدا هەرئاوا ماڵئاوایی بکەیت و لە دەرەوە و وەك هەموو کەس حزب و هاوڕێیانت ئاگادار بن کە دەستت لە کار کێشاوەتەوە. ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە، بۆ بوونی فەرهەنگ و نەریتێکی مەحفەلی بەهێز،..”. (هێڵی تەئکید هی منە)

لە هەمان وتاردا زیاتر دەڕوا و دەڵێت:

“هاوڕێ موئەیەد دەبوایە گوێڕایەڵی داوای هاوڕێیانی بوایە لە کۆمیتە مەرکەزی و مەکتەب سیاسی و کەمێك مۆڵەتی بدایە پێیان. لەمبارەوە سەیرێکی داوای خۆی و هاوڕێیانی بکردایە لە هاوڕێ ڕێبوار کاتیك کە ئیستقالەکەی پێشکەش کرد. خواستی موئەیەد و هاوڕێیانی مەکتەب سیاسی و کۆمیتە مەرکەزی ئەوە بوو، کە هاوڕێ ڕێبوار عەلەنی کردنەوەی ئیستقالەکەی دوابخات. تەقریبەن یەك ساڵ دوایخست. بەڵام هاوڕێ موئەیەد تەنانەت بۆ یەك ڕۆژ خۆی پێ نەگیرا. بەجیا لەوە، ئەوەتەی ئەم بزووتنەوەیە شکڵی گرتووە ئەحزابی ئەم بزووتنەوەیە لە ئێران و عێراق و کوردستان هەمیشە لە سەرهەڵدانی کێشە لە حزبێکدا دەخاڵەتیان کردوە. ئەمجارە چی بوو کە مەجالیان بەمەش نەدا؟! ئەگەر بێ ئیعتمادی بە باس و پێوانە و ئیدعاکانی خۆیان نەبێت چی دیکە هەیە؟!

(هێلی تەئکید هی منە)

ئێستا ئەم دێڕانەی سەرەوە دەبێ ڕێك ڕووبەڕووی هاوڕێ سامان خۆی بکرێتەوە، کە چۆن لە وەڵامی موئەیەددا ئەو ڕەخنەیە دەگرێت کە ماوە و بواری تەواوی نەداوە تا هاوڕێیان قسەوباسی کافی لەسەر ئیستقالەکەی بکەن. تەنانەت ئەوە بخرێتەوە بەرچاوی کە بۆ وەبیرهێنانەوەی موئەیەد ئاماژە بە شێوەی ئیستقالە دانەکەی ڕێبوار ئەحمەد لە حزبی عێراق دەکات، کە چۆن لەسەر داوای هاوڕێیان (لەوانە داوای خودی هاوڕێ سامان) بۆ چەند جارێك و چەند مانگێك و سەرئەنجام، لەسەر داوای هاوڕێیانی مەکتەبی سیاسی ڕاگەیاندنی ئیستقالەکەی دواخستوە تا حزب ئامادەیی وەربگرێ و وەڵامی مەدروسی خۆی ئامادە بکات و ڕێکخراوەکانی حزب غافڵگیر نەبن. ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ساڵێك بەرلەوە هۆشداری دابوو بە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی کە ئەگەر وەزعەکە وابڕوا ئیستقالە دەدات، لە چەندین نامە و نوسراودا هۆکارەکانی باس کردوە. کەچی ئێستا هاوڕێ سامانێك دەبینین دەستی بردووە بۆ شێوازێك کە چەند هەنگاو لەوەی هاوڕێ موئەیەد ئەولاترە. ئەو نەك هەر ماوەیەکی کافی نەدا بە هاوڕێیانی خۆی، بەڵکو ئەوانی خستە ژێر فشاری دیاریکردنی دوو ڕۆژەوە. تەنانەت لە ڕۆژی دووەمدا، لە کاتێکدا کە هەوڵی بەرگرتن بە ئیستقالەکەی لەئارادا بوو، کەچی ئەو دوا مۆڵەتی بە سەعات دیاری کرد و وتی “تا سەعات ٨ی ئێوارە دەوەستم و پاشان نامەکەم دەنێرم بۆ ئەوکەسانەی دەمەوێ”! هاوڕێ سامان کە لە بەرامبەر موئەیەددا ئاماژە بە شێوازەکەی ڕێبوار دەکات بەوەی مەسئولانە جووڵاوەتەوە، بەڵام خۆی چ شێوازێکی گرتەبەر؟! لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا با سەرنج بەرینە سەر ئیستقالەکەی هاوڕێ سامان، ئەو دەڵێ؛

“لە ساڵی ٢٠١٤وە ئامادەم بۆ دەست لەکار کێشانەوە. بە درێژایی ٦ ساڵی ڕابردوو، لە چەندین کاتدا، چاوەڕێی ئەم ساتە وەختە بووم. ئەمڕۆ کە گەیشتوومە دواخاڵی هێزی خۆم بۆ مانەوەم”.

هاوڕێ سامان باسی ئەوە دەکات کە ٦ ساڵە واز‌هێنان لە دەرونیدا بۆتە گرێیەك، بەبێ ئەوەی یەکجار لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکانی خۆیدا باسی بکا و بکەوێتە ڕاوێژەوە، وەك بڵێی ئەم گرێیە بەوانەوە پەیوەندی نیە! بەداخەوە “چاوەڕوانی ساتە وەختێك” کە ئەو هەڵیبژارد، ساتەوەختی کارەساتباری کۆرۆنا بوو، کە مەرگ لەبەردەم دەرگای هەمووماندا ڕاوەستا. ئەو ئەم دۆخەی لە هەمووکاتێك بە گونجاتر زانی، لەجیاتی ئەوەی بەرپرسیارانە هەموشتێك وەلابنێ و لەپێناو ڕووبەڕووبوونەی ئەم کارەساتە و بەرگرتن بە ئاکامە مەترسیدارە هەمەلایەنەکانی لەسەر کۆمەڵگای بەشەری، هاودڵی و یەکڕیزی هاوڕێ “ئازیز و پڕئفتیخار”ەکانی هەڵبژێرێت، کەچی ئەو ئەم کاتەی هەڵبژارد بۆ کردنەوەی گرێیەك کە ٦ ساڵە تەنها لە دڵی خۆیدا هەڵیگرتوە.

لەمەش جێگای نیگەرانیتر ئەوەیە کاتێك دەڵێت “٦ ساڵە ئامادەم بۆ ئیستقالە”، کەچی هەر لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی خۆی یەکێك بووە لە ئەندامانی ئۆرگانە ڕابەرییەکانی حزب، ئایا ئەمە پرەنسیپێکی سیاسی و کۆمۆنیستی و بەرپرسیارانەیە بەرامبەر بە حزب و هاوڕێکانت، بەتایبەتی ئەگەر لەماوەی ئەم ٦ ساڵەی بێبڕواییدا، هاوڕێیانێك بەهۆی بردنە پێشەوەی ئەو سیاسەت و پراکتیکەی حزبەوە کە هاوڕێ سامان لە داڕشتن و پەسەند کردنیدا بەشداربووە، گیانیان لەدەستبدایە؟ وەیا ئەوە چ هەست کردنێکە بە بەرپرسیارێتی کاتێك هاوڕێیانێکت لە بەغداد و ناسریە و بەسرا، بەپێی بڕیار و سیاسەتی ڕابەرییەك کە هاوڕێ سامان یەکێك بووە لەوان، بکەونە بەردەم مەترسی مەرگەوە، کەچی خۆشی بەبێ ئەوەی بە کەس بڵێ نەك هەر “ئامادەی ئیستقالەدانم بگرە لە دامەزراندنی حزبەکەش پەشیمانم”!! بەڕاستی دەبێ ئەمە ناو بنێین چی؟ من نازانم ئەو نەریتە لە بیرکردنەوە و تەعامول ناوبنێم چی کە تۆ سێ دەهەیە لەگەڵ هاوڕێیانێکت لە حزبێکدا کارت کردووە کەچی ٦ ساڵە باوەڕت بە حزبەکەت نەماوە، بەبێ ئەوەی لەو ماوە زۆرەدا یەکجار و بە یەك ڕستەش ئەم باسەیان لەگەڵدا بکەیتەوە. ئایا نەدەکرا لانیکەم بێبڕوایی خۆت لەسەر حزب لەگەڵ هاوڕێیانی هاوئۆرگانت باس بکردایە و هەوڵت بدایە ئەوانت بە بۆچوونی خۆت قانع بکردایە تا چیتر خۆیان نەخەنە مەترسی مەرگەوە بۆ حزبێك کە “فەشەلی هێناوە و دامەزراندنەکەشی هەڵەبووە”؟!

هاوڕێ سامان لەم ٦ ساڵەدا خۆی بێبڕوا بووە بە حزب و بە قەولی خۆی لە فرسەتێك گەڕاوە کە ئیستقالە بدات، کەچی هەوڵ و تەقەلای داوە و ڕەخنەی لە هاوڕێیانێکی وەك موئەیەد ئەحمەد گرتووە کە بۆچی دەڕۆن و نامێننەوە! لەمەشدا سەرسوڕمان ئەوەیە کە ئینسان نازانێ هاوڕێ سامان بە کام هەڵوێستەوە بناسێتەوە. ئایا دەکرێ بە کەسانی تر بڵێی “دەبوو ئێوە نەڕۆن و بمێننەوە، بەڵام من دەڕۆم”؟!

هۆکاری جیابوونەوەی هاوڕێ سامان؛

بێبڕوایی بە حزب، یان “جیاوازییە زۆر قوڵەکان”؟

هاوڕێ سامان بەڕۆشنی پێمان ناڵێت خاڵی سەرەکی بۆ وازهێنانەکەی چیە، تا هەرکەس بتوانێ بنەمای بڕیارەکەی بە دروستی هەڵسەنگێنێ! ئەوەی لە ئیستقالەکەیدا هاتووە، لەلایەك باس لە بێبڕوایی چەند ساڵەی بە حزب دەکات کە لەساڵی ٢٠١٤ەوە دەست پێدەکات تا کاتی واز‌هێنانەکەی، وە لەلایەکی تریشەوە ئاماژە بۆ “جیاوازییەکی قوڵ”ی خۆی لەگەڵ حزبدا دەکات، کە لە ماوەی دەورانی بێبڕواییدا، کە ٦ ساڵی خایاندووە، لەسەر کۆمەڵیك بابەت، پێی گەیشتووە و ئەم جیاوازییانەش دواجار لە پلینۆمی ٣٥دا بە خاڵیك گەیشتوە کە هەوڵدراوە “چینی کرێکار لە سیستمی فکریماندا بسڕنەوە”، بۆیە ئیتر بڕیاری جیابوونەوەکەی بۆتە شتێکی حەتمی. ئەوەتا دەڵێت:

ئەم پلینۆمەی دوایی، جێگای مشتومڕێکی گەورە بوو لە مێژووی حزبماندا، کە تیایدا، چینی کرێكار نەك لە هێزهاوسەنگی چینایەتی هێنرایە دەرەوە کە ئەوەیان ئاساییە، بەڵکو هەوڵیاندا، لە سیستمی فکریماندا، بیسڕنەوە، چونکە چینی کرێکار لەسەر شەقام و مەیدانەکاندا بوونی نیە. لە درێژەی ئەم قسانەدا دەڵێت: “بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو ئامادەی ئەم چرکەساتە بووم“. واتە دوای ئەوەی پلنۆمی ٣٥ بە “سڕینەوەی چینی کرێکار لە سیستمی فکریدا گەیشتووە!!” (هێلی تەئکید هی منە).

بەر لەهەر شتێك من دەپرسم: ئایا ئەوە شێوازێکی کۆمۆنیستییە حوکمی “هەوڵدان بۆ سڕینەوەی کرێکار لە سیستمی فکریماندا” بەسەر حزبێکدا بدەیت کە هەموو فەلسەفەی دامەزراندن و هەڵسووڕانی خۆی لەسەر چینی کرێکار و بزووتنەوەکەی پێناسە کردووە، بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکی ڕۆشن بخەیتە پشتی ئەم حوکمە؟ ئایا هیچ بڕیار و بەڵگەنامەیەك، سیاسەتێکی نوسراو و ڕاگەیەنراو هەیە بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەت و حوکمە، تا بکرێ ئاوا بە سادەیی ئەنجامێکی لەمجۆرە بگری؟ ئەگەر هەیە بۆچی ڕاستەوخۆ دوای ئەم “هەوڵدانە” هەڵوێستت نەگرت و ئیستقالەت نەدا؟ یان چۆن بوو دوای ئەوەی “هەوڵدراوە بۆ سڕینەوەی کرێکار لە سیستمی فکریماندا” کەچی بەرپرسیارێتی پۆستی مەکتەبی ڕێکخستنی حزبت گرتۆتە ئەستۆ؟! ئایا ئەمە ئەتوانێ شتێکی زیاتر بێت لە پڕوپاگەندە کردن بۆ خۆ، بۆ وازهێنان لە حزب و وا نیشان بدەیت کە حزب لایەنگری بۆ کرێکار نەماوە و لەم ڕێگایەشەوە هەنگاوی دواترت بە زاخاوی کرێکاری ڕەنگ بکەیت؟

لەمەش زیاتر ئەوەی وەك خاڵێکی نادروست و نامەنتقی خۆی دەردەخات، ئەوەیە کە هاوڕێ سامان هەوڵیداوە وازهێنانەکەی لەسەر بنەما و لە درێژەی پرۆسەی ڕۆشنکردنەوەی “جیاوازییە قوڵەکانی خۆیدا” پاساو بکات، لەکاتێکدا بەر لە دەستبردن بۆ ئەم کارە، خۆی بێبڕوا و بێئومێد بووە و بەقەناعەتی واز‌هێنان لە حزب گەیشتووە و بگرە بە تەکلیف و لەژێر کاریگەریی هەندێك بابەتی تردا بەشێوەی کاتی مانەوەی لە حزبدا بەسەر بردووە. ئەمەش نەك هەر ئەوە دەگەیەنێت کە باسی جیاوازییەکان وەك هۆکارێك بۆ وازهێنان، بابەتێکی ناپەیوەستە و زیاتر بۆ خۆهەڵخستنە وەك کەسێکی مونەزیر و پێشمان بڵێت من لە درێژەی دەرخستنی جیاوازییەکانمدا بە وازهێنان گەیشتوم!!

خۆ ئەگەر “هۆکاری وازهێنانەکەی” هەبوونی جیاوازی بێت، هێشتا هەموو ئەو جیاوازییانەی کە ئەو ئاماژەی بۆ کردووە ناتوانێت، هۆکارێك بێت بۆ وازهێنان و جیابوونەوە لە حزب، بگرە ئەو دەیتوانی لەناو حزبدا بە هەموو جیاوازییەکانی خۆیەوە بمێنێتەوە و ئازادانە بیانباتە پێشەوە، تەنانەت دەیتوانی شان بداتەبەر لەئەستۆگرتنی مەسئولییەت و خۆی بۆ باڵاترین پۆستی حزبی کاندید بکردایە و شەڕی لەسەر ئەو پۆستە و “جیاوازییە قوڵەکانی” خۆی بکردایە تا بیانکاتە سیاسەتی ڕەسمی هەموو حزب، وەیان دەگەیشت بە ڕێگایەکی ئسوڵی و واقعی بۆ وازهێنان وەك ئەوەی خۆی لە نموونەی هاوڕێ ڕێبواردا ڕووبەڕووی موئەیەدی کردۆتەوە. با ئەوەش بڵێم هاوڕێ سامان لەو دوو ڕۆژەدا کە وەکو مۆڵەت بە حزبی دابوو، مەرجێکی دانا، بۆ دەست هەڵگرتن لە ئیستقالەکەی، دوور و نزیك پەیوەندی بەو هۆکارانەوە نیە کە وەك بەڵگە بۆ وازهێنانەکەی ئاماژەیان پێدەکات. بەڵام با سەرنجێك بدەین و بزانین “جیاوازییە قوڵەکان”ی هاوڕێ سامان کامانەیە؟

ئایا “جیاوازییە قوڵەکان” هەقانیەت بەم ئینشقاقەی هاوڕێ سامان دەدەن؟

بێگومان نا؛ ئەو لە نامەی ئیستقالەکەیدا لیستێك لەو باسانەی ڕیز کردوە کە بەپێی ڕیوایەتی خۆی بەشێکیان وەك “باسی حزبی وەرگیراوە” و بەشێکی تریان وەك “جیاوازی قوڵ” چاویان هەڵهێناوە! تاپێمان بڵێت لەپشتی “جیاوازییە قوڵەکانیەوە” داهێنانێکی فکری و سیاسی هەیە و لە ئاکامیشدا کۆمەڵێك بابەتی مارکسیستی لە جووڵانەوەکەدا جێگیر کردوە، بەبێ ئەوەی کەمترین ئاماژە بەو ڕەخنە و جەدەلانە بدات کە لەسەر بەشێکی زۆری ئەو باسانە، چ لە ناوخۆی حزبدا و چ لە ئاستی عەلەنیدا لەلایەن هاوڕێیانەوە ڕووبەڕووی کراوەتەوە.

بێگومان هاوڕێ سامان جیاوازی لە لێکدانەوە و هەڵوێستگرتنە سیاسییەکانیدا لەگەڵ حزب و بەشێکی زۆر لە هاوڕێیانی تر، لەئاست جووڵانەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا هەبووە، هەروەها لەمەش زیاتر لەگەڵ خۆشیدا “جیاوازی یەکجار قوڵی” هەبووە ، بەڕادەیەك کەلەسەر یەك بابەت دوو بۆچوون و دوو هەڵوێستی تەواو پێچەوانەی هەبێت. بەڵام بەبێ ئەوەی ئەم جیاوازییانە پێگەیەکی موسبەت لە حزب و جووڵانەوەکەماندا بگرێ و ئەوانەشی کە دوو ڕای جیاوازی لەسەر هەبوە، بە بێدەنگی تێی پەڕاندووە و ڕاشکاوانە ڕەخنەی لێ نەگرتووە. لێرەدا با لاپەڕەکانی چەند مەسەلەیەك وەکو نموونە لەو باسانە هەڵبدەمەوە، تا ڕاستییەکان زیاتر دەرکەون:

١/ هێرشی ئەمریکا بۆسەر موسڵ. لەسەر ئەم بابەتە سەرەتا هەردوو هاوڕێ موئەیەد و سامان (کەئەوکات سکرتێری حزب و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوون)، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئۆرگانەکەی خۆیان و بە سەربەخۆ دوو وتاریان بڵاو کردەوە و هەردووکیان سیاسەتی کۆمۆنیستییان بەرامبەر بەو جەنگە بە هەڵبڕینی دروشمی “پێویستە ئەم جەنگە بوەستێت” ئاڕاستە کرد!! دواتر لەبەر ڕۆشنایی ئەم دروشمە حزبی عێراق لە بەیانێکدا هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند. هاوڕێ سامان ئەم دروشمەی بەڕاددەیەك تەقدیس کرد، کە بڵێ:

“سیاسەتی مارکسیستی لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە: ”پێویستە ئەم جەنگە بوەستێت”. بۆ هێزێکی کۆمۆنیست و مارکسیست شۆڕشی کرێکاری لەم قۆناغە مێژووییە دیاریکراوەدا لەم کەناڵەوە دەگوزەرێت. تاکتیکی کۆمۆنیستی لەم قۆناغەدا لەم ڕێگایەوە جێبەجێدەبێت” (وتاری پێویستە ئەم جەنگە بوەستێت/ سامان کەریم/ هێڵی تەئکید هی منە).

بەم جۆرە دروشمی “جەنگ دەبێ بوەستێت”، هەم بووە ستراتیژی عەمەلی شۆڕشی کرێکاری و هەم تاکتیکی کۆمۆنیستی! لە کاتێکدا مێژووی ئەم دروشمە لە جووڵانەوەی کۆمۆنیستیدا، شتێكی زیاتر نیە لەوەی تاکتیکێك بێت بۆ ڕاگرتنی جەنگ و دوور خستنەوەی ئاکامە زیانبارەکانی لەسەر خەبات و ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش (ئەویش ئەگەر ئەم دروشمە دروستبێت لەبەرامبەر هەر جەنگێکی دیاریکراودا). بەڵام ئەم سیاستە جیاوازەی هاوڕێ سامان سەری لەکوێوە دەردەهێنا؟

لە شەڕی موسڵدا سیاسەتی هەردوو حزب ئیدانەکردنی جەنگ و وەستانەوەی توند بوو بەرامبەر بەم جەنگە. ناوەڕۆکی ئەم هەڵوێستەش لەوەدا خۆی بەیان دەکات کە ئێمە شەڕی موسڵ بە شەڕی لەناوبردنی داعش نازانین و بە شەڕێکمان دەزانی کە شارێکی نزیك دوو ملیۆن کەسی دەخاتە ناو ئاگری جەنگەوە لەپێناو بەلادا خستنی پێشبرکێی جەمسەرە بۆرژوازییەکانی جیهان و هێزە درێژکراوە ناوچەییەکانیان. بەڵام شەڕی شکاندن و ڕاماڵینی داعش لەو ناوچانەی لەژێر دەستیدا بوو، ئێمە ئەمەمان بە شەڕ و بەکاری شۆڕشگێڕانەی خەڵك دەزانی. لەکاتێکدا دروشمی “جەنگ ئەبێ بوەستێت” بە مانای ڕاوەستانی هەموو جەنگێك دەکات، بەجەنگێکیشەوە کە لە دژی داعش بێت.

بە واتایەکی تر، ئەگەرچی ئێمە و هاوڕێ سامان لەسەر ئەو خاڵە هاوبەش بووین کە هەردوولا دژی شەڕی موسڵ بووین و هەردوولا شەڕەکەمان مەحکوم دەکرد، بەڵام ئێمە پێمان وابوو کە دروست نیە بەو جۆرەی هاوڕێ سامان داوای وەستانی جەنگی دەکرد، لێگەڕێین تا ملیۆنەها هاوڵاتی لەژێر حوکمی شمشێری داعشدا ژیانی کارەساتبار بەسەر بەرن و داعش هەروا هەڕەشەیەك بێت لەسەر ژیان و ئەمنیەتی خەڵك. داعش هەر دەبوو بشکێ و ڕابماڵرێت، گومانیش لەوەدا نەبوو کە ئەم کارە تەنها بە کردەوەی سەربازی ئیمکانی هەبوو، لەم پەیوەندەدا دروشمی “دەبێ ئەم جەنگە بوەستێت” ڕازی بوونێك بوو بە مانەوەی دۆخێك کە داعش حوکمی شاری موسڵی بەدەستەوە بوو. بەم جۆرەش هاوڕێ سامان هەموو جۆرە جەنگێکی لەدژی داعشیش ڕەت دەکردەوە، لە کاتێکدا ئێمە بەپێچەوانەوە پێداگریمان لەسەر ئەوە دەکرد کە جەنگی شکاندنی داعش کاری خودی جەماوەری ستەمدیدە و ئازادیخوازە. هەروەها تا ئەو جێگایەی بە سیاسەتی دەوڵەتان دەگەڕێتەوە، پێداگریمان لەسەر ئەوە بوو کە بەندوبەستی ئەوان لەگەڵ داعش مەحکومە، نەك دژایەتی و لێدانی داعش. وە تەنانەت هەر هێز و لایەنێك بەڕاستی شەڕی داعش بکات نابێ مەحکوم بکرێت. ئەمە کرۆکی جیاوازی نێوان هەردوولامان بوو.

 ٢/ باسی ڕیفراندۆم. مەسعود بارزانی دوو جار بانگەشەی بۆ ڕیفراندۆم کرد، یەکەمجار لەساڵی ٢٠١٤دا بە کەڵك وەرگرتن لە وجودی داعش پرسی ڕیفراندۆمی خستەسەر زاری میدیاکانەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای باڵادەستی سەربازی پێشمەرگە بەسەر سوپای عێراقدا و لە فرسەتێکدا هاتە کایەوە کە داعش پەلاماری موسڵ و شارەکانی تری عێراقیدا و سوپای عێراق نەیتوانی بەرگری بکا و شکستی خوارد. ڕیفراندۆمی ئەمجارە بە هیچ پێوانەیەك مەرجەکانی ڕیفراندۆمی تیا نەبوو بەکردەوەش بە تەنها لە ئاستی پڕوپاگەندەیەکدا مایەوە. لەبەرامبەر ڕیفراندۆمی ئەم جارەدا، هاوڕێ سامان پێی وابوو ڕیفراندۆم دەکرێ و پێداگری توندیشی لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێ کۆمۆنیزم پشتیوانی لێبکات.

دووەمجار لەسالی ٢٠١٧دا، دیسانەوە مەسعود بەرزانی داوای ڕیفراندۆمی کرد، ئەمەش لە دۆخێکی ئارامتری دوای شکستی داعش هاتەکایەوە. بەڵام هاوڕێ سامان بڕوای وانەبوو ڕیفراندۆم بکرێ و گرەوی لەسەر ئەنجام نەدانی دەکرد. ئەم بۆچوونەشی لەسەر بنەمای ئەوە بوو کە گوایە ڕەوەندە سیاسی و عەسکەرییەکانی ناوچەکە و جیهانی لێکداوەتەوە و بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ڕیفراندۆم ناکرێ و لە پڕوپاگەندەیەك زیاتر تێناپەڕێ و مەسعود بەرزانی لە دوایین ڕۆژەکاندا پەشیمان دەبێتەوە! تەنانەت پێی وابوو ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجامیش بدرێ ئەوا لە ناوچە جێناکۆکەکان بەڕێوەناچێت و گرەویشی لەسەر ئەوە دەکرد کە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ڕەوتی ڕووداوەکان دروستی لێکدانەوەکانی ئەو دەردەخات. هەموو ئەم پێشبینیانەی هاوڕێ سامان ناڕاست دەرچوون و دواتریش خۆی نەکردە خاوەنی و هیچی لەبارەوە نەوت. بەڵام مادام کە ئەو تا ئەمڕۆش “وەکو هەمان سەردەمی ڕیفراندۆم بیر دەکاتەوە و ئەو سیاسەتە بە ئاڕاستەیەکی قەومی ڕۆشن” دەزانێت، خراپ نیە کەمێك لە بابەتەکە وردبینەوە:

من نازانم هاوڕێ سامان تاچەند ئەو هەڵە و ناکۆکییە دەسەلمێنێ کە لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم تێیکەوتووە، بەتایبەتی کە ئەو نەك هەر بەرامبەر بە سیاسەتی ئەحزابی کۆمۆنیستی کرێکاری کەوتۆتە جیاوازییەوە بگرە بەرامبەر بە خۆشی لە ناکۆکی و جیاوازییەکی ڕۆشندایە و هەردووکیانیشی بە سیاسەتی کۆمۆنیستی لە قەڵەمداوە، کە دوو سیاسەتی پێچەوانە و دژ بەیەك بوون:

لە ڕیفراندۆمی یەکەمجاری ساڵی ٢٠١٤دا، کاتێك کە ناسیونالیزمی کورد هەوڵیدا فرسەت لە شکستی سەربازیی حکومەتی مەرکەزی، بەرامبەر داعش وەرگرێ و تەنانەت بەجۆرێك لە هاوئاهەنگی لەگەڵ داعشدا، بکەوێتە دوای بەدەستهێنانی بەشی زیاترەوە. ئا لەم کاتەدا بارزانی دەیوت “داعش کاری بەسەر کوردەوە نیە و ئێمەش کارمان بەسەر داعشەوە نیە. موسڵ و دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی کە کەوتوەتە بندەستی با بۆ داعش بێ و کەرکوك و ناوچە جێناکۆکەکانیش بۆ ئێمە”. ئەوکات ئێمە وتمان لە دۆخێکی ئاوادا ڕیفراندۆم هەنگاوێکی دروست و واقعی نیە، بەڵکو تەنها نمایشێك دەبێ بۆ کارێك کە پێشتر بە زەبری چەك یەکلا کراوەتەوە. بەڵام هاوڕێ سامان لە وتارێکدا بەناوی “جیابوونەوەی کوردستان و سیاسەتێکی کۆمۆنیستی” لەبارەی ڕیفراندۆمەکەی ئەوجارەوە پێداگری لەوە کرد کە ئەگەر ڕیفراندۆم سیاسەتی ناسیونالیستەکان و خودی پارتیش بێت و دەوڵەتی قەومیش دامەزرێنێ، ئەوا خاڵی لێکەوتە لەنێوان سیاسەتی کۆمۆنیستەکان و بۆرژوازیدایە و قابیلی پشتیوانی کۆمۆنیستەکانە. ئەو وتی؛

 “لە کۆتاییدا چەند دێڕێك لەسەر ئەوەی کە جیابوونەوە و ڕیفراندۆم سیاسەتی ناسیونالیستەکانە یان پارتییە!! مومکنە وابێت من تا ئێستا وای نابینم، پارتی خەریکی پێکهێنانی حکومەتە لە بەغداد و لە ١٥ی مانگەوە ‌‌‌هێزە ئیسلامی و قەومییەکان ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی بەغدا. بەڵام گریمان وایە. ئەوکات یەکەمجار نابێت لە مێژوودا کە سیاسەتی کۆمۆنیستی و سیاسەتی بۆرژوایی لە پۆینتێکدا یەکبگرن“. هێڵی تەئکید هی منە.

لە ڕیفراندۆمی دووەمجاری ساڵی ٢٠١٧دا، کاتێك کە هەڕەشەی داعش نەما، دیسانەوە مەسعود بەرزانی داوای ڕیفراندۆمی کرد، بەڵام هاوڕێ سامان سەد و هەشتا دەرەجە بە جیاواز لە هەڵوێستی کۆمۆنیستی یەکەمجاری خۆی لەدژی ڕیفراندۆم ڕاوەستا و وتی:

“باسی ئەم ڕیفراندۆمە دیاریکراوە لە پایەیەکی سەرەکیدا، باسی پارتی و بارزانی و مێژووی ئەم هێزەیە، هەر لایەن و ‌هێزێك مێژووی ئەم هێزە و سیاسەت و پراکتیکی وەك هێزێکی بۆرژوایی کورد لەبەرچاو نەگرێت هەڵەیەکی گەورە دەکات، لە بەرانبەر زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستاندا ..”

ئێستا پرسیار ئەوەیە کە کامیەك لەم دوو هەڵوێستە کە هەردووکیان بەناوی سیاسەتی کۆمۆنیستیەوە داڕێژراون، هەڵوێستێکی کۆمۆنیستیە؟! لەکاتێکدا هەر خودی خۆی جیاوازی نێوانیان بە “جیاوازییەکی یەکجار قوڵ” ناودەبات؟! چۆنە وا هاوڕێ سامان لە پەیوەند بە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٤ەوە باسێك لەوە ناکات کە “پارتی و بارزانی و مێژووی ئەم هێزە، کە ئەگەر هەر لایەن و ‌هێزێك مێژووی ئەم هێزە و سیاسەت و پراکتیکی وەك هێزێکی بۆرژوایی کورد لەبەرچاو نەگرێت هەڵەیەکی گەورە دەکات، لە بەرانبەر زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستاندا”؟ وە هیچ بایەخێك بۆ ئەم بۆچوونەی دانانێ، بەڵام لە پەیوەند بە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ەوە دەیکاتە بنەمایەك بۆ ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم و لایەنگریی حزبیش لەو ڕیفراندۆمە بە سیاسەتێکی ناسیونالیستی لە قەڵەم دەدات؟! ئایا پارتی و بەرزانی لەو سێ ساڵەدا ماهیەت و مێژووەکەی گۆڕانێکی ئاوا جەوهەریی بەسەردا هاتووە؟! وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ هاوڕێ سامان بەجێ دێڵم.

٣/ لەبارەی شەڕی کۆبانییەوە. لەکاتێکدا دۆخەکە لە لێواری ئەوەدا بوو کە کۆبانی بکەوێ و ئەو کارەساتەی لە شنگال ڕوویدا لەوێش دووبارە ببێتەوە و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی مەدەنی و بە تاڵان بردنی ژنان وەکو غەنیمەتی جەنگ بخوڵقێت، هاوڕێ سامان وتی:

 “دواجار پرسیارێکی سادە ئەوەیە ئەگەر کۆبانی سەرکەوت کۆمۆنیستەکان چییان دەست دەکەوێت و چییان کۆکردۆتەوە؟! و ئەگەر کۆبانی داگیر کرا دیسان ئازایەتی و بوێریی هەر بۆ ناسیونالیزم دەنووسرێت، جا پەیەدە بێت یان هەر حزبێکیان”. سامان کەریم/ وتاری داعش و کۆبانی و گەشەی ناسیونالیزم!

واتای زمنیی ئەم بۆچوونەی سەرەوە ئەوەیە کە کۆبانی بکەوێت یان نەکەوێ هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمۆنیزمەوە نیە. ئەو ئەگەرچی بە لەفزی باس لە پشتیوانی خەڵکی کۆبانی کردووە، بەڵام لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمەکەی ئەوەوە کە مادام هێزێکی ناسیونالیستی وەك پەیەدە ڕۆڵی هەیە نەك کۆمۆنیستەکان، ئیتر نە کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی بێدیفاعی کۆبانی و بردنی ژنان وەکو ‌‌غەنیمەی جەنگ بایەخێکی هەیە و نە پەیوەندییەکی بە کۆمۆنیزمەوە هەیە و نە پێویستی بە جەنگێکی بەرگرییە تا بەر بە کارەساتێکی وەها بگرێت. ئێستاش لە نامەی ئیستقالەکەیدا دەیەوێت ئەوە بە شانازی بۆخۆی بنووسێت کە دەڵێ:

 لە ڕووداوی “بەرگری لە کۆبانێدا.. سیاسەتێکی جیاوازمان گرتەبەر لەئاستی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، نەك لە ئاستی حزبماندا، بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەو جیاوازییانە لەسەر ڕابەریی حزبمان دیار بوو”.

من نازانم کاریگەریی موسبەتی ئەم جیاوازییە چی بووە لەسەر ڕابەریی حزبی عێراق، چونکە هیچ ئاماژەیەکی کۆنکرێت لەم بارەوە نیە و خۆشی هیچ بەڵگەیەك ناخاتە بەردەست، بەڵام ئەوە دەزانم کە هاوڕێ سامان بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزمی کردە قوربانی هەڵوێستگیرییە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی و کەوتە شوێن ئەوەی کە مادام مقاوەمەتی کۆبانی بە ڕابەریی کۆمۆنیستەکان نیە، ئیتر سیاسەتی کۆمۆنیستی لەوەدا خولاسە دەبێتەوە کە دەڵێت: “ئەگەر کۆبانی سەرکەوت کۆمۆنیستەکان چییان دەست دەکەوێت و چییان کۆکردۆتەوە؟! و ئەگەر کۆبانی داگیر کرا دیسان ئازایەتی و بوێری هەر بۆ ناسیونالیزم دەنووسرێت”. ڕوانگەیەکی ئاواش نە جێگایەك بۆ پشتگیرییەکەی ئەو لەکۆبانی دەهێڵێتەوە و نە پێشی وایە دووبارە بوونەوەی کارەساتی شنگال بە کۆمۆنیزمەوە پەیوەندی هەیە. جێگای خۆیەتی هەر لەم بارەوە ئاماژە بە بۆچوونێك بکەم کە هەوڵیدەدا، لە ژێر پەردەی پشتیوانی و بەرگریی کۆبانییەوە، خەسڵەتێکی چەپ بە پەیەدە بدات و کە کانتۆنەکانی ئەو ناوچانە بە کۆمۆنەکان و شەڕی کۆبانیش بە کۆمۆنەی پاریس بچوێنێ. بەڵام ئەم هەڵوێست و لێکدانەوەیە بە تەواوی ناکۆك بوو بە هەڵوێست و سیاسەتی حزبەکانی بزووتنەوەی ئێمەوە. شەڕی بەرگری لە کۆبانی لەو ڕوانگەیەوە شایانی پشتیوانی توند بوو کە بەرامبەر بە بەربەرییەتی داعش وەستایەوە و بەرگری لە سیما و پێوانە مەدەنییەکان دەکرد و ڕێگای نەدا کارەساتێکی وەکو شنگال لەوێ دووبارە بێتەوە. ئیتر ئەوە گرنگ نەبوو کە کام لایەن ئەو شەڕەی ڕێکخستووە و ڕابەری کردووە.

٤/ لەسەر مەسەلەی کەرکوك. هاوڕێ سامان لە نامەی ئیستقالەکەیدا نووسیویەتی:

دوای ئەوانە، بابەتی کەرکوك هاتە پێشەوە، بەڵام ئەم بابەتە لە نێوخۆی حزبدا بوو، لەبەرئەوە ڕەخنەی خۆم لە ئاستی کۆمیتەی مەرکەزیدا بڵاوکردەوە. حزبم ئاگادارکردەوە لە ئاڕاستەی قەومیی ئەم بڕیارەی کە واژۆی دەکەن. بڕیارێك کە لەلایەن حزبی کۆمۆنیسی کرێکاریی کوردستانەوە پێشنیاز کرابوو..”.

بەڵام هاوڕێ سامان لە ڕوانگەی چ بۆچوونێکەوە حوکمی “ئاڕاستەی قەمی” بەسەر بڕیارنامەکەدا داسەپاندووە؟

سەرەتا ئەو لەو نامەیەی کە بۆ کۆمیتەی ناوەندی حزبی عێراقی ناردووە دان بەوەدا دەنێت کە کێشەی لەگەڵ “اسس و منطلق“ی بڕیارەکەدا هەیە نەك هەنگاوەکانی دواتری ناو بڕیارنامەکە. کەوایە با بزانین لەسەر”اسس ومنطلق”ی بڕیارەکە دەڵیت چی:

الاول: اسس الاول. السطر الاول من القرار هو: “ان السبيل الحل النهائي لقضية كركوك مرتبط بسبيل الحل النهائي لقضية االكرد.” بمعنى ليس هناك حل آخر و سبيل اخرى غير حل قضية الكرد لحل قضية كركوك، و هذا منطلق قومي بالأساس. مثلا لماذا لن يرتبط باسقاط الحكومة العراقية و مجئ او بنيان حكومة بامكانها ان تحل هذه القضية عبر اخراج كركوك و العراق كله من الدستور القومي و الاثني و الديني… للمثال فقط، وايضا للمثال، لماذا لن يرتبط بالحكومة العمالية…

الثاني: الاسس الثاني: القرار في مقطعه الثاني يقول “إن الخطوة التالية لعملية حل قضية الكرد في العراق، بعد إجراء استفتاء 2016 و تصويت اغلبية جماهير كردستان بالانفصال، يتمثل بإرساء دولة مستقلة. بعد إرساء دولة كردستان المستقلة، من الضروري إجراء إستفتاء خاص لإبداء مجمل قاطني كركوك برايهم…” (الخط التاكيد مني/سامان).

هنا اصبح استفتاء 2016 الذي قادته بارزاني مقدسا، اصبح مقطعا تأريخيا علينا نحن نستند عليه. لماذا مثلا ما نقول تم اجراء الإستفتاء في ظروف غير مواتية و نحن كحزب لا نقبل بنتائجه مثل ما نقول مرات كثيرة حول إجراء الإنتخابات البرلمانية… (هێڵی تەئکید/ خەسرەو).

لەم قسانەی سەرەوە هاوڕێ سامان پێیوایە کە؛ یەکەم، مادام بڕیانامەکە چارەسەری کۆتایی کێشەی کەرکوکی بە چارەسەری کۆتایی کێشەی کوردەوە بەستۆتەوە و هیچ ڕێگایەکی تر نابینێ، ئۆتۆماتیکی حوکمی قەومی بوونی مونتەڵەقی بڕیارنامەکە دەردەکات!! بەڵام حوکمێکی ئاوا بەقەد سەرەدەرزیەك ڕاستی و دروستی تێدا نیە، چونکە هەر ئینسانێکی سادە ئەوە باش دەزانێت کە کێشەی کەرکوك بەرئەنجامی سەرهەڵدانی کێشەی کوردە و جێگایەکی مەرکەزی لە مێژووی ناکۆکی نێوان دەوڵەتی عێراق و ئەحزابی ناسیونالیزمی کورددا گرتووە، بە ڕادەیەك کە ناکرێ ئەم دوو کێشەیە لێك جیابکرێتەوە بە ناچاری و دەبێ لە پەیوەند بە یەکترەوە ڕێگاچارە بۆ هەردوو کێشەکە بدۆزرێتەوە. ئەم واقعیەتەش نە ئێمە کۆمۆنیستەکان دروستمان کردووە و نە پێمان خۆشە وابێت. ئەگەر هاوڕێ سامان ئەم واقعیەتە نابینێ ئێمە گوناهمان چیە و با ئەو چارەسەرێك بخاتەڕوو بۆ کێشەی کەرکوك کە هیچ ڕەبتێکی بە کێشەی کوردەوە نەبێت.

دووەم: دەپرسێ کە بۆچی چارەسەری کێشەی کەرکوك تەنها بە کێشەی کوردەوە گرێدراوەتەوە و بۆنموونە بە ڕوخانی ڕژێم و دەستورێکی سکۆلار و حکومەتی کرێکارییەوە نەبەستراوەتەوە. پێدەچێت هاوڕی سامان پێی وا نەبێت کێشەیەکی قەومی لە عێراق بە ناوی کێشەی کوردەوە هەبێت، وەیا ڕەنگە کێشەکە زۆر بە سادەیی ببینێت، ئەگینا ئەوە ئەرکی کۆمۆنیستەکانە کە دەبێ لە هەموو ئەگەرێکدا ڕێگاچارەی سیاسی لەبەرامبەر ئەم کێشەیەدا بخەنەڕوو. تەنانەت لە حاڵەتی ڕوخانی ڕژێم و هاتنەسەر کاری حکومەتێکی سکۆلاری ناقەومیشدا، دیسانەوە هەر دەبێ کێشەی کورد بە ڕێگایەکی سیاسی، یانی بە گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵك چارەسەر بکرێ، ئەگەرنا ڕوخانی ڕژێم و بەرقەراری سکۆلاریزم وەك خۆی ئۆتۆماتیکی کێشەکە چارەسەرناکات. لە بارەی گرێدانەوەی چارەسەری کێشەی کەرکوك بە حکومەتی کرێکارییەوە، لەگەڵ ئەوەدا فەرەزیەیەکی نادروستە و لە باری تیۆرییەوە ئیشکالاتی جدیی بە دواوەیە، بەڵام دیسانەوە لە سەردەمی دەسەڵاتکردنی کرێکاران و هاتنە سەرکاری حکومەتی کرێکاریشدا هەر دەبێ ڕێگاچارەیەك بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە بخرێتەڕوو. لەمبارەوە لینین و حکومەتی کرێکاری لە ڕوسیا و چارەسەری کێشەی قەومیەکان لەم وڵاتەدا نموونەیەکی ڕۆشنە. ئەوەی کە هاوڕێ سامان بەستنەوەی کێشەی کەرکوك بە کێشەی کوردەوە بە ئاڕاستەی قەومی دەزانێ و داوا دەکات کە بۆچی چارەسەری ئەم شارە بە حکومەتی کرێکارییەوە نابەستینەوە، لەگەڵ ئەوەدا کە داوایەکی نادروست و نامەنتقییە، بۆچوونێك بەیان دەکات کە چارەسەری کێشەی قەومی بە تەنها لە سۆشیالیزمدا دەبینێ و بەس. (بڕوانە وتاری ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، کام سیاسه‌تی کۆمۆنیستی! وه‌ڵامێك به‌ هاوڕێ سامان که‌ریم).

سێهەم: لە خاڵی دووەمدا هاوڕێ سامان “ئاڕاستەی قەومی” لە بڕیارنامەکەی کەرکوکدا دەبینێ چونکە گرێ دراوەتەوە بە باسی سەربەخۆیی کوردستان و ڕیفراندۆمێکەوە کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان تێیدا دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستاندا. بەڵام ئەو کە پێی وایە ئەم ڕیفراندۆم و دەنگدانەی خەڵك بۆ سەربەخۆیی، “ڕیفراندۆمی پارتی و بەرزانییە”، ئیتر شتێکی زیاتر لە حوکم و بۆچوونێکی ئایدیۆلۆژی زیاتر دووبارە ناکاتەوە، کە لە ڕابردوودا چەندین وتارمان لەسەر ئەم بۆچوونە نووسیوە، کە لێرەدا پێویست نیە دووبارە بچینەوە سەریان.

بەڵام بەجیا لەم خاڵانەی سەرەوە، گرفتی سەرەکی هاوڕێ سامان ئەوەیە کە زهنیەتی ئایدیۆلۆژیگەری، ڕێگەی پێ نادات ئەو دۆخە ببینێ کە بڕیارنامەکەی بۆ نووسراوە. دۆخێك کە بەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و پەلاماردانی سەربازیی سوپای عێراق و کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوك بە زۆری چەك و ئاوارە بوونی خەڵکەکەی هاتە ئاراوە، دۆخێك کە نەعرەتەی قەومی پەرەگرتنی دەعوای حزبە ناسیونالیستەکان بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتیان بۆ شارەکە، چارەنووسی خەڵکی شاری کەرکوکی لە نائارامی و دڵەڕاوکێ و ترسدا ڕاگرتبوو. بڕیارنامەکە هەوڵیك بوو بۆ خستنەڕووی ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ ئەم دۆخە کە پشتی بەستووە بە مەبدەئی سپاردنی ژیان و ئەمنیەتی شارەکە و بەڕێوەبردنی لەلایەن خەڵك خۆیانەوە، پێکهێنانی نوێنەرانی شورای شار و گرتنەدەستی باری ئەمنی و بژێوی هاوڵاتیان و هەڵگرتنی میلیتاریزم و ڕێگەنەدان بە وجودی هێزی ئەمنی و چەکداری حزبەکان و دابینکردنی ئازادییەکان و گەلێك هەنگاوی تر. ئەمانە لایەنە سەرەکییەکانی بڕیارنامەکەی پێكهێناوە. هاوڕێ سامان لەجیاتی ئەوەی بە بەرپرسیارێتییەکی ئینسانییەوە لە دۆخەکە بڕوانێ و ڕێگای دەخالەتگەری کۆمۆنیستی بخاتە بەردەم حزب، بەشوێن ساغکردنەوەی گرفتە زهنییەکانی خۆیەوە بوو، لەمەڕ “مەسەلەی کورد و سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی بەرزانی”، کە بزووتنەوەکەمان خەروارێك بابەتی لەسەر ئەم مەسەلانە نووسیوە. بۆ ئەو تەنگانەی خەڵکی شارێکی لاگرنگ نەبوو بەقەد ئەوەی کە خاڵیك بۆسەر لیستی جیاوازییەکانی خۆی زیاد بکا و بە ئێمەش بڵێ “ئاڕاستەی قەومییان هەیە”! بەڕاستی ئەوە چ مامەڵەیەکی بەرپرسیارانە و کۆمۆنیستانەیە، کە خۆت هیچ بەدیلێکت نەبێ بۆ کێشەیەك کە سەدان هەزار کەسی پێوە گیرۆدە بێت، کەچی لەبەرامبەر هەوڵ و تەقەلای هاوڕێکانتدا، وەك ئۆپۆزسیۆنێکی ڕەخنەگر خۆت هەڵخەیت و دوای چەند ساڵێك ئەمە بە شانازییەوە بۆ خۆت بنووسی؟

٥/ لەسەر ڕاپەڕینی شارەکانی عێراق. هاوڕێ سامان دەڵێت:

“مامەڵەی ڕابەریی حزب لەگەڵ ڕاپەڕیندا، لەباری پراکتیکیەوە وەك شۆڕش کاری لەسەر دەکرد، بەڵام لە بەیان و باسەکانی حزبدا، زۆر بە دەگمەن ئەوەمان گوێ لێ دەبێت یان دەیخوێنینەوە، کە ئەمە شۆڕشە”.

لەڕاستیدا ئەم دەربڕینە زیاتر لە گلەیی دەچێت تا ئەوەی “جیاوازییەکی قوڵ”ی ئەو لەم بارەوە نیشان بدات. تەنانەت ئەم باسەی خستۆتە نێو لیستی جیاوازییەکانیەوە بەبێ ئەوەی ڕای خۆی بڵێت، بەڵام ئەو بە ڕۆشنی لە وتارێکیدا بەناوی “مطالب الجماهير، تشيأت الى حركة سياسية مضادة لهم”. ئەم ناڕەزایەتییانەی بە “لوعبەی بۆرژوازی” لێکداوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هیچ پەیوەندییەکی بە داخوازی خەڵکی بێکار و نەدارەوە نیە. ئەوەتا دەڵێت:

الحركة السياسية الحالية لا علاقة لها بمطالب الناس بأية صورة من الصور. تقودها شبح، تنظمها شبح اخر، تمولها شبح عبر فيسبوك و تويتر… هذه الاشباح التي تصنعها البرجوازية، او اطرف من اطرافها تكسر او تدمر الطاقة المعنوية للجماهير، خصوصا ان تلك الاحتجاجات اصبحت متكررة… و لا يتحقق شيئا.

هذه حركة سياسية لا علاقة لها بمطالب الناس و الجماهير، لا علاقة لها بتوفير فرص العمل و لا ضمان البطالة و لا ولا. الجماهير تموضعت فيها اي في هذا القالب الذي رسمتها البرجوازية. بهذا المعنى تشيأت الحركة باسم الاحتجاجات و هذه هي لعبة برجوازية ذكية خلال العقدين الماضيین، حيث الساحة خالية من قوة ثورية عمالية تنشد لتغير الجذري.

ئەم بۆچوونانەی هاوڕێ سامان قسە زۆر هەڵدەگرێ کە بە داخەوە لێرەدا ناتوانم زۆری لەسەر بڕۆم، بەڵام ئاماژە کردن بە چەند خاڵێکی کورت بە پێویست دەزانم: یەکەم، ئەو قسانەی سەرەوە ڕوانگە و بەرخوردێکی ئایدیۆلۆژی، بە جووڵانەوەیەکی جەماوەری بەرهەق ئاشکرا دەکات، تەنانەت بە سەراحەتەوە پێمان ناڵێت کە جووڵانەوەیەکی کۆنەپەرستانەیە و شایەنی پشتیوانی و دەخاڵەتی کۆمۆنستی نیە. دووەم، حوکمی ئەوەی جووڵانەوەیەکی دروستکراو و لوعبەیەکی بۆرژوازییە، بە مانای ئینکار کردن و نەبینینی پایە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی جووڵانەوەیەکە کە لە دڵی نایەکسانیی ئابوورییەوە بۆ نان و کار و خزمەتگوزاری، لەبەرامبەر سیستم و دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستی ئیسلامی، فاسد و تایفەگەردا سەری هەڵداوە. سێهەم، معیاری هاوڕێ سامان بۆ بۆچوونەکانی ئەوەیە کە “ساحەکە خاڵییە لە هێزێکی شۆڕشگێڕی کرێکاری”، لە پشتی ئەم معیارەشەوە مەنشەفیزمێکی تەواو لە سیاسەتدا ڕاوەستاوە. واتە کاتێك جووڵانەوەکە دروستکراوی دەستی بۆرژوازی بێت و هێزێکی شۆڕشگێڕی کرێکاریش لەئارادا نەبێت، ئیتر کۆمۆنیستەکان دەبێ لە سیاسەتی چاوەڕوانی و بێ دەخاڵەتیدا بمێنن، تا کاتێك کەشوهەوای دڵخوازانەی ئەوان دێتەکایەوە!! هاوڕێ سامان نەك هەر میکانیزمەکان و قابیلیەتی چینایەتی جووڵانەوە جەماوەرییەکانی لەبەرچاو نیە، بگرە بە سورەتێکەوە کە لە زهنیدایە ئەندازەگیری جووڵانەوە جەماوەرییەکان دەکا و هەر شتێك لەو سورەتە نەچێت، ئەو بە لوعبە و دروستکراوی دەستی بۆرژوازی لە قەڵەمی دەدات.

٤/ دوایین بابەت کە هاوڕێ سامان لە لیستی جیاوازییە قوڵەکانی خۆیدا هێناویەتی پەتای کۆرۆنایە. لەمبارەوە دەڵێت:

“لەمبارەوە حزب بەیانێکی فەرمی بڵاو نەکردەوە کە تیایدا داوا لە جەماوەری ڕاپەڕیو بکات کە کۆتایی بە کۆبوونەوەکانی خۆیان بهێنن لەبەر مەترسی بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکە. لە ڕوانگەی منەوە مامەڵەی حزب لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا، مامەڵەیەکی تەواو پۆپۆلیستیانە بوو”.

لەم خاڵەدا من تەئیدی هاوڕێ سامان دەکەم لەو بۆچوونەیدا کە دەبوایە مەکتەبی سیاسی حزبی عێراق لە کاتی خۆیدا لەبەر مەترسی توشبوون بە پەتاکە بەیاننامەیەکی لەو جۆرەی بدایە. کە دواتر ئەم کارە کرا. بەڵام دوو مەسەلە زۆر سەیرە لەم خاڵەی هاوڕێ ساماندا؛ یەکەم هاوڕێ سامان هەر دوای وازهێنانی لە حزب بە پێچەوانەی هەڵوێستی خۆیەوە لە وتارێکدا کەوتە بانگەوازکردن بۆ “هاتنەدەرەوە لە ماڵ”، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو بۆچوونەی مانەوە لە ماڵدا قسەی بۆرژوازییە! دواتریش بە ناوی گروپە تازەکەیەوە نووسراوی “چینی کرێکار و کۆرۆنا”ی بڵاو کردەوە، لێرەشدا شیعاری “لە ماڵ وەرنە دەرێ”ی لەژێر فشاری ڕەخنە لە وتارەکەی پێشووتری، لە باسەکە دەرکێشراوە و هیچ شتێکیش لەسەر هۆکاری وەلانانی ناڵێت! (بۆ ڕاستی ئەم بۆچوونە خوێنەر دەتوانێ بۆ هەردوو ئەم وتارە بگەڕێتەوە). دووەم لە کاتێکدا کە هاوڕێ سامان ئەم بزووتنەوە ئیعترازییە بە “لوعبەی بۆرژوازی” دەزانێ و پێی وایە “کۆمەلێك شەبەح”ی لە پشتەوەیە ئیتر بۆچی ئەوەندە دەرکردنی بەیانی حزبی بۆ گرنگە تا بە خەڵك بڵێت بڕۆنەوە بۆ ماڵ؟ خۆ ئەگەر لوعبەی بۆرژوازی بێت ئەشباحی لە پشتەوە بێت بەیانی حزب هیچ ڕۆڵێکی نابێت، ئیتر بۆچی شتێك دەکات بە کێشە تا ئاستی هۆکارێك بۆ وازهێنان کە هیچ بایەخ و ڕۆڵێکی نەبێت؟!

ئەنجامگیرییەك ئەگەر لە هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە بگرم ئەوەیە:

یەکەم، بە دڵنیاییەوە ئێمە و هاوڕێ سامان لەسەر ئەو بابەتانەی کە ئەو لە نامەی ئیستقالەکەیدا ئاماژەی پێکردووە جیاوازیمان هەیە، بەڵام بۆچوون و سیاسەتێك کە ئەو لەم جیاوازییانەدا بەیانی کردووە، هەرگیز جێگایەکی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و خەباتی کرێکاراندا، وەك پێشڕەوی سیاسی و فکری نەگرتووە، بەڵکو بەدوای خۆیدا ناڕوشنی و سەرەگێژەیی پەرە پێداوە و بە زیانی ئینسجامی سیاسی و فکری و ڕۆحییەتی دەخاڵەتگەرانە و بەرپرسیارانەی کۆمۆنیستەکان تەواو بووە. لە ڕاستیدا هاوڕێ سامان هەر جۆرێك هەوڵ بدات تا واز‌هێنانەکەی بە بەرگی “جیاوازی قوڵ” داپۆشێت، ناتوانێ هەوڵی ئینشیقاقگەرانەی ئەو لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا بشارێتەوە. ئەمەش خەتایەکە لە ئەستۆی و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە.

دووەمیش، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە سەرباری هەموو ئەو جیاوازییانەی باسمان کرد، بەڵام هێشتا مانەوە لە حزبدا مومکین بوو، تەنانەت هیچ شتێك لە بوونی ئەم جۆرە جیاوازییانە لە ئەحزابی کۆمۆنیستیدا، کە پابەند بن بە سوننەتی کرێکاری و کۆمەڵایەتییەوە سادەتر نیە، هەرکەس ئەمە قبوڵ نەکات بە دڵنیاییەوە هیچکات ناتوانێ لە بازنەی مەحفەلێکی ئایدیۆلۆژی و فیرقەیەکی مەزهەبی دەرچێت.

تێپەڕین لە کۆمۆنیزمی کرێکاری!

 نامەی ئیستقالەکەی هاوڕێ سامان هەڵگری ڕاستییەکە کە نابێ بە فەرامۆشی بسپێرین، ئەو دەڵێت: “بیروڕا و تێگەیشتنە فکری و سیاسییەکانم ساڵ بە دوای ساڵ ئالۆگۆڕی بەسەردا دەهات”. ڕاستی ئەم قسەیەش ئەوەیە، کە هاوڕێ سامان لەسەر بنەمای بێبڕوایی بە حزب و نائومێدی لە کۆمۆنیزمی کرێکاری و تەجروبەیەك کە خۆی پێی دەڵێت “فەشەلی هێناوە”، ئەوی خستۆتە نێو پرۆسەیەکی ئاڵوگۆڕی فکری و سیاسییەوە، یانی ئەو شتەی کە لە ئەدەبیاتی کۆمۆنیستیدا، بە “تەجدید نەزەر” ناودەبرێ. پەنابردن بۆ موستەڵەحاتی وەك “کۆمۆنیزمی مارکس”، “حزبی مارکسی”، “مارکسیزمی موعاسیر”، “حزبی کۆمۆنیزمی مارکس” و خۆلادان لە بەکارهێنانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسور حیکمەت و تەنانەت ئاماژە نەکردن بە “لینین و لینینیزم”، لە نووسراوەکانی ئەم دواییانەی هاوڕێ ساماندا، نیشانەیەکە لەوەی کە ئەو لە دواوێستگەی “ئاڵوگۆڕە فکری و سیاسییەکان”دا، ئەوی بە تەجدید نەزەر و تەجاوز کردنی کۆمۆنیزمی کرێکاری گەیاندووە. بێگومان ئیعادەی نەزەر و ڕاگۆڕین و دەست هەڵگرتن لە هەر باوەڕ و سیاسەتێك مافێکی سادەی هەر کەسێکە و هیچ ئیرادی نیە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و ڕەخنەیە ئەوەیە کە هاوڕێ سامان، هیچ کاتێك بە سەراحەت و ڕۆشنی ئەمەی بەیان نەکردووە و ئێستا دەیەوێت بە خشکەیی لێی دەرچێت. دیارە هاوڕێ سامان زۆر هەوڵیداوە جیاوازییەکانی خۆی لە ڕێگای بەکارهێنانی وشەی “قوڵ و قوڵتر و یەکجار قوڵ”ەوە لەسەر کۆمەڵە باسێکی وەك شەڕی موسڵ و ڕیفراندۆم وکۆبانی و… بە قوڵی نیشان بدات تا لێرەوە بەبێ دەنگی کۆمۆنیزمی کرێکاری تێپەڕێنێت، بەڵام هەرگیز سەرکەوتوو نەبووە، چونکە “جیاوازی قوڵ” لەم بابەتانەوە دەست پێناکات، بەڵکو لەسەر چۆنیەتی ساغکردنەوەی ڤێرژنێکی کۆمۆنیزمەوە دەست پێدەکات کە ئەو بە “مارکسیزمی مەعاسیر” ناوی بردووە. ڤێرژنێك لە کۆمۆنیزم کە دیار نیە لە لینین و تەجروبەی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە دەست پێدەکات، یان لە مارکس و سەدەی نۆزدەهەمەوە؟! لە هەردوو ئەم بارەدا، تێپەڕکردنی کۆمۆنیزمی کرێکاری کارێکی سادە نیە و دەبێ ئەو وەڵام بە دنیایەك ئاڵوگۆڕ و ڕووداوی گەورەی مێژوویی و مەسائیلی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی بداتەوە و ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی و مارکسیستی خۆی لەبەرامبەردا بخاتە ڕوو. لە یەك وتەدا دووبارە کردنەوە و سەدبارە کردنەوەی دەستەواژەی “کۆمۆنیزمی مارکس”، ” کۆمۆنیزمی مەعاسیر” و شتی لەم جۆرە ئۆتۆماتیکی کەس ناگەیەنێ بە ڤێرژنێکی دیاریکراو لە مارکسیزم و کۆمۆنیزم، بەتایبەتی ئەگەر کەسەکە مەسەلەی ساغکردنەوەی مەحفەلێکی مەبەست نەبێ و بە ویژدانێکی عیلمییەوە لە دەستکەوتەکانی جووڵانەوەی کۆمۆنیستی جیهانی بڕوانێ، کە کۆمۆنیزمی کرێکاری گۆشەیەکیەتی. بۆ هاوڕێ سامان سادە نیە لە “جیاوازییە قوڵەکان”ی ناوخۆی حزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و تەنانەت جووڵانەوەکەشیانەوە ئەم دابڕانە بە شوێنێك بگەیەنێت، چونکە بۆ ئەو تەجدید نەزەر و ساغکردنەوەی کۆمۆنیزمەکەی ڕووداو و مەسەلەکانی نزیك بە ١٥٠ ساڵ دوای مارکس و ١٠٠ ساڵ دوای لینین دێنێتە پێشەوە، بۆ ئەو وەڵامدانەوە بە هەزاران پرسیار و کۆبەندی کردن لە دەیان تەجروبەی کۆمۆنیستی و ئەنجامگیری لە ڕەگە فکری و سیاسییەکانی کۆمۆنیزم دێنێتە ئاراوە. بێگومان لە پەیوەند بەم ڕاستییانەوە هاوڕێ سامان مافی خۆیەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری وەلابنێ، بەڵام لە جێگەی ئەو مێژووەی کە مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری دروستی کردووە چی دادەنێت؟ ئایا بە دەستپێکی ١٢ تێز کە بەشی زۆریان لە بەرامبەر هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستاندا نووسراوە، ئەم ئەرکە توانای بەکردەوە دەرهێنانی هەیە؟!!! ئەمەیە جیاوازی قوڵی نێوان ئەو و ئێمە.

با ئەوەش وەبیر بهێنمەوە، کە کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنهەجەکەی، وەك ڕەگەیەکی فکری جیاوازی نێو جووڵانەوەی کۆمۆنیستی، لە پرۆسەی شکڵگرتنیدا تا ئێستاش، خۆی بە جۆرێك لە جۆرەکان هەڵگری خوێندنەوە و ڕوانگەیەکە بۆ مارکسیزم و کۆمۆنیزم، بەڵام ئەم کارە پرۆسەیەکی عەلەنی وسەریح و ڕاشکاوانەی یەك خەباتی سیاسی و فکرییە لە پەیوەند بە خەباتی چینایەتی و وەڵامدانەوە بە مەلزوماتەکانی شۆڕشی کرێکارییەوە، لە سەردەمێکی دیاریکراودا، نەك لە پەیوەند بە دابڕانە فەردی و گروهیەکانەوە لە حزبێکی دیاریکراودا، بەو جۆرەی کە بێبڕوایان بە عەینەکی ناکامی و “فەشەل”ەوە چاوی لێدەبڕن. هاوڕێ سامان هەروەك ئەوەی کە لە بێبڕوایی و فەشەلی تەجروبەی حزبێکەوە تەجدید نەزەر دەکات، ناتوانێ کۆمۆنیزمی کرێکاری وەك فکرو تیۆری، لە تەجروبەی حزبەکانی جووڵانەوەکەی جیابکاتەوە. هەر بۆیە وا دەبینێ فەشەلی حزبەکان فەشەلی فکر و تیۆریەکانی پشت تەجروبە و حزبەکانیشە. لێرەشەوە واز‌هێنان و ئینشقاق کردن لە حزب، ئەو بە وازهێنان و تێپەڕین لە کۆمۆنیزمی کرێکاری دەگەیەنێت!! ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ هەر کۆمۆنیستێك ئەگەر کەمترین زانیاری لەسەر جووڵانەوەکەی هەبێت، لەوە تێدەگات کە تەجروبەی یەکیەتی کۆمۆنیستەکان و ئەنتەرناسیوناڵی یەکەم، بەبێ ئەوەی بە ئامانجی کۆتایی خۆیان بگەن، سەرنەکەوتن وهەڵوەشانەوە، بەڵام ئەوەش بە ئەنجام وەرناگرن کە ئەم ناکامی و سەرنەکەوتنەی ئەم تەجروبە تەشکیلاتیانە، بە مانای فەشەل و بنبەستی تیۆری زێدەبایی و ڕەخنەی مارکس لە کاپیتالیزم و چی و چی.. تر نیە!

بەداخەوە هاوڕێ سامان نابەرپرسانە بەرامبەر بە مەسەلەیەکی گەورە کە بنەمای فکری و سیاسی لانی کەم ٣٠ ساڵی خەباتی نەوەیەکی فراوان لە کۆمۆنیستەکانە، مامەڵە دەکات. ئەو هەقی خۆیەتی بەو ئەنجامە بگات کە ئیتر کۆمۆنیزمی کرێکاری بە کەڵك نەماوە و شکستی خواردووە، وەیان هەڵەیە، بەڵام نەدەبوو هەروا بە بێدەنگی و سادەیی لێی دەرچێت؟ ئایا نەدەکرا سەمیمانە لەگەڵ هاوڕێیانێکیدا کە ٣٠ ساڵە پێکەوە لەسەر ئەو مەنهەج و ڕێبازە هەموو فیداکارییەك دەکەن باس و جەدەلێکی سەریح و ڕۆشن بەڕێ بخات تا لە فەشەل و هەڵەکانی باوەڕەکانیان بەئاگایان بهێنێتەوە و لەپێناو ئامانجێکی دواتری هاوبەشدا ئەم تەجدید نەزەرەی خۆی بباتە پێشەوە؟ من نازانم هاوڕێیان کامیل ئەحمەد و عامر ڕەسوڵ چەندە شەریکی ئەم تەجدید نەرەرەی هاوڕێ سامانن و لە چ پرۆسەیەکی سیاسی و فکریدا گەیشتون بە هاوبەشێتی لەسەر تەجاوزکردنی کۆمۆنیزمی کرێکاری، بەڵام دەمەوێت بزانم کە ئایا ڕەخنەکردن و تەجاوازکردنی کۆمۆنیزمی کرێکاری و گەیشتن بە “مارکسیزمی مەعاسیر” بە گروهێکی لەم جۆرە لە واقیعدا مەیسەرە؟ وەزعەکە هەربەوەندە تەواو نابێت، بەڵکو دەبێ لەسەر دنیایەك لە باسەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری “جیاوازی قوڵ”ی خۆی دەرخات و لە ڕوانگەی مارکسیزمە هاوچەرخەکەیەوە قسەی خۆی بکات. بە دڵنیاییەوە بەبێ ئەم کارە هەرجۆرە خۆ هەڵخستنێك بە عیباراتی وەك “کۆمۆنیزمی مارکس”، “حزبی مارکسی”، “مارکسیزمی مەعاسیر”، بێ سودە و هەر لاف لێدانیش بەوەی کە “ڕەخنە لە مێژوو بۆ بنیاتنانی مێژووە” جگە لە بڵقێکی سەرئاو شتێکی تری لێ نامێنێتەوە.

ڕاستییەك هەیە کە دەمەوێت لێرەدا دانی پێدا بنێم ئەویش ئەوەیە کە تەجروبەی ئێمە وەکو حزبەکانی کۆمۆیزمی کرێکاری لەم قۆناغەدا ناکام ماوەتەوە و سەرکەوتوو نەبووە، ئەمەش وەك هەر جووڵانەوە و ئەحزابێکی واقعی کە مێژووی هەڵکشان و داکشان و سەرکەوتنیان هەیە. بۆ ئێمەش ئەم قۆناغە کۆتایی مێژوو نیە. هاوڕێ سامان ئەگەر لە بێبڕوایی و بێئومێدیی خۆیەوە بەم هەڵوێستەی ئێستای نەگەیشتایە، تەنانەت ئەگەر باوەڕی دەستبردن بۆ “مارکسیزمی هاوچەرخ” لەسەری داوە دەیتوانی لەگەڵ ئێمە بە هەر باس و ڕەخنە و پێشنیارێکەوە کە هەیەتی بمایەتەوە و پێکەوە شان بدەینە ژێر باری قورسایی ئەم ناکامییە و ڕاستکردنەوەی باری خواری جووڵانەوەکەمان. بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەم ڕاشکاوی و مامەڵە بەرپرسانەیە، ئەو بە درکێکی لێڵ و ناڕۆشن و خامەوە، هەوڵیدا نابەرپرسانە ئینشقاقێك داسەپێنێ و حیسابی خۆی جیابکاتەوە و باری هاوڕێیانی “ئازیز و جێی ئیفتخار”ی خۆی قورستر بکا و شانی خۆی لەژێر باری ئەو ناکامییانە دەرکێشێ. ئێستا ئەو خۆی بە قارەمان دەزانێ و هاوڕێکانیشی لە فەشەلدا چەقیون، ئەمە پەیامی دواوێستگەی ئەوە، بەڵام کوێی ڕەفاقەت و کوێی بەرپرسیارێتییە!؟

دابڕانی کرێکار و کۆمۆنیزم

بێگومان دابڕانی کرێکار و کۆمۆنیزم یەکێك لە گرفتە سەرەکییەکانی ئەم دەورەیەی کۆمۆنیزم و خەباتی چینی کرێکارە لەدژی سەرمایەداری. سەرەتا لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە ڕەوتی ئێمە ئەم کێشەیەی دەستنیشان کردووە، کەچی هاوڕێ سامان وەکو ئەوەی تازە ئەم گرفتەی دۆزیبێتەوە و کردویەتی بە هۆکاری سەرەکی وازهێنان و پەشیمان بوونەوەی لە دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق. لە کاتێکدا ئەم بابەتە بەر لە دامەزرانی حزب، لانیکەم لە کۆنگرەی دووەمی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە بە ڕۆشنی لەلایەن مەنسور حیکمەتەوە تەرح کراوە و ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە کە ئەم کێشەیە هەم گرفتێکی مێژووییە و هەم جیهانییە و نە بەحزبی ئێران و نە بە حزبی عێراق و کوردستان سنووردار دەبێتەوە. بە دڵنیاییەوە پێداگری لەسەر کرێکار و خۆبەستنەوە بە بزووتنەوەی کرێکارییەوە، تەنانەت هەوڵدان بۆ دروستکردنی شانەی کرێکاری و چوونە ناو کرێکارانەوە، کۆمەڵە کارێکی گرنگ و سەرەکی و هەمیشەیی و لەوەستان نەهاتووی کۆمۆنیزم و هەر حزبیكی کۆمۆنیستییە، بەڵام پڕکردنەوەی ئەم دابڕان و بۆشاییە کارێکی هەروا سادە نیە و بە تۆخکردنەوە و تەقدیس کردنی وشەی کرێکار و کارگەرگەرایی وەڵام وەرناگرێتەوە. ئێمە لەگەڵ ئەوەدا پێشوازی لە هەر موناقەشە و جەدەلێك دەکەین بۆ تەرکیز و پێداگری لەسەر هەڵتەکاندنی ئەم کێشەیە، هاوکات وەڵامدانەوە بەم گرفتە و پڕکردنەوەی میانەی نێوان کۆمۆنیزم و کرێکار بەو جۆرەی هاوڕێ سامان باسی دەکات مەیسەر نابێت، واتە نە بە دروستکردنی دوو شانەی کرێکاری چارەسەر دەبێت و نە بە گروهە مارکسیستییە هاوچەرخەکەی ئەو. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا هێنانە پێشەوەی ئەم بابەتە وەك ئەوەی هاوڕێ سامان تازە کەشفی کردووە و کردویەتی بە هۆکارێك بۆ دەست شتنەوە لە کۆمۆنیزمی کرێکاری و وازهێنان لە حزبەکانی، هەڵوێستێکی پێویست و دروستە؟ یان با بڵێین ئەگەر کێشەی هاوڕێ سامان ئەمەیە چ پێویستی دەکرد تا ئێستا دوای بخات؟! ئایا هاوڕێ سامان ئەوەی لەبەرچاو نیە و نازانێ تا ئیستا مەحفەل و گروپی تر هەر بەم پاساوەوە ئینشقاقیان بەسەر حزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا داسەپاندووە و جیابوونەتەوە و دواتریش ماوەی دابڕانیان لە چینی کرێکار چەند بەرابەر بۆتەوە؟ ڕەزای موقدەم و “جەماعەتی مستەعفیون” ٢٢ ساڵ پێش ئێستا هەر بەم پاساوە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران جیابوونەوە، بەبێ ئەوەی ئەنجامێکی باشتر لەم پەیوەندەدا بەدەستەوە بدەن. سەرئەنجام ئەگەر هاوڕێ سامان، وەکو خۆی مارکس ئاسا دەڵێت: “کوێخایەتی بۆ چینی کرێکاری قبوڵ نیە” و پێی وایە کۆمۆنیستەکان بەبێ کرێکاران ناتوانن حزب دروست بکەن، ئەی کەواتە ئەو چۆن مافی بەخۆی داوە ئەم گروپە تازەیەی پێکبهێنێ؟! خۆ بیەوێ و نەیەوێ ئەوەی ئەویش دروستی کردوە لە کۆتاییدا جۆرێکە لە “حزبی مارکسی” کە هەر لە سەرەتاوە دوور و دابڕاوە لە کرێکاران و هیچ ڕەبتێکی بە جووڵانەوەی کرێکارییەوە نیە. ئەو کاتێك لۆمەی تەحەزوبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەکا ودەڵێت:

تەحەزوبی کۆمۆنیستی لە بواری پراکتیکدا، واتە پێکهێنانی حزب. لە ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، هیچ پەیوەندییەکی نیە، بە بزووتنەوەی کرێکاری و بەشی پێشڕەوی ئەوەوە. حزب پێکدێت پاشان تیۆر و تێزەکانی “پەیوەندگرتن بە چینی کرێکار” و “گۆڕینی حزب بۆ حزبێکی کرێکاری” و “کرێکاری کردنەوەی حزب” دێتە پێشەوە. لە پێشەوە ڕابەرییەکەی دروست دەکات بێ ئاگاداربوونی بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاری. ئەمە تیۆری تەحزوبی چینایەتی کرێکار و شۆڕشی کرێکاری نیە، بەڵکو تەحزوبی ڕەوتێکی فکرییە، کە هەرگیز سیاسی نابێتەوە، وە ناتوانێت سیاسی بێتەوە، مەگەر لە پاشکۆی ‌ڕووداوی هێزە سەرەکییەکانی بۆرژوازیدا. (هێڵی تەئکید هی منە)

با لەوە بگەڕێین کە هاوڕێ سامان چۆن بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەو ڕستانەی سەرەوەی بەناوی “تەحەزوبی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە” تەفیسر و بەکار بردووە، بەڵام وەرن با هەر بە پێوانەی ئەم بۆچوونانەی خۆی گروپەکەی خۆی بەراورد بکەین: ئەگەر “تەحەزوبی کۆمۆنیستی لە بواری پراکتیکدا”، “پەیوەندی بە بزووتنەوەی کرێکاری و بەشی پێشڕەوی ئەوەوە هەیە”، کەوایە گروپی مارکسیزمی مەعاسیر، لە کوێی بزووتنەوەی کرێکار و بەشە پێشڕەوەکەیدایە؟ بە چ پێوانەیەکی لۆکەڵی، ناوچەیی جیهانی جێگاوڕێگای خۆی لەئاست بزووتنەوەی کرێکاری و بەشە پێشڕەوەکەی دیاری کردوە؟! پاشان گروپی مەعاسیر لەپێشەوە چی دەکات، ئایا مەشغوڵی ساغکردنەوەی تیۆری مارکسیزمی مەعاسیرە یان لەپێشدا دەچنە ناو کرێکارانەوە؟ یان هەردووکیان پێکەوە ئەنجام دەدەن؟! بەهەر بارێکدا بێت ئایا ئەمە بەمانای خۆ کرێکاری کردنەوە نیە؟ ئایا ئێوە لەپێشەوە ڕابەرایەتییەکتان دروست نەکردوە بەبێ ئاگادار بوونی بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاری و دواتر حزبی لێ پێکبهێنن!؟ کورتەی ئەم قسانە و کاری هاوڕێ سامان هەر ئەوەیە کە پێمان بڵێت بە ئیستقالەدان و پێکهێنانی مەحفەلێك و نووسینی ١٢ تێزەوە موشکیلەی دابڕانی کرێکار لە کۆمۆنیزمم چارەسەر کردووە!! بەداخەوە ئەمە تەنها کۆمەك دەکات بە لێڵ کردنی فەزای فکری و پەرەدان بە گومان و دردۆنگی و نائومێدی لەنێو کۆمۆنیستەکاندا. ئەو پەڕەکەشی بە دابڕینی کەسانێك لە هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تەواو دەبێت کە خودی خۆی لەسەر “ناکرێکاری بوون” لێی جیابۆتەوە. بێگومان بەرنامەیەکی ئاوا نەك تەنها بەقەد سەرە دەرزییەك کۆمەك ناکات بە بردنە پێشەوەی ئەرکەکانمان لە ڕاستای شۆڕشی کرێکاریدا، بەڵکو بە ڕۆڵی خۆی کاریگەریی دەبێت لەسەر تێکدانی ئینسجام و فەزای فکری و سەختتر کردنی کاری کۆمۆنیستی!

من نازانم ئێستا هاوڕێ سامان بەرامبەر بەم قسانەی خۆی چی دەڵێت کە ڕووبەڕووی هاوڕێ موئەیەدی کردۆتەوە:

مەسەلەی وازهێنان لە حزب و دەست لەکارکێشانەوە چ پەیوەندییەکی هەیە بە حزبی مارکسی کرێکارییەوە؟!! هاوڕێ موئەیەد ٦-٧ ساڵی دوایی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزب بووە. لەم بارەوە چ کارێکی کردووە، یان پێشنیاری چی کردووە بۆ جێخستنی ئامانج و سیاسەتێکی ئاوها؟! لە ماوەی ئەم ٦-٧ ساڵەدا چەند ئەندام زیادی کردووە و چەند کادر پێگەیەندراوە وەك کادری مارکسستی ؟! هیچ. لە هەمانکاتدا هەر خۆی چەند ساڵێك بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ناوەندی حزب بوو، بەبێ هیچ دەخاڵەت و دەست تێوەردانێکی مەکتەبی سیاسی لە کارەکانیدا و بە سەلاحیەتی تەواوە. هاوڕێ موئەیەد لە ماوەی سکرتێر بوونیدا دەکرێت پێمان بڵێت کە حزبی چەند نزیك خستۆتەوە لە بزووتنەوەی کرێکاری و ڕابەرانی کرێکاری؟! تۆ بڵێی کەس بتوانێت دەستی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی بگرێت؟!

ئەم قسانەی هاوڕێ سامان کە ڕۆژگارێك بە هاوڕێ موئەیەد ئەحمەدی وتووە، ئێستا ڕێك یەخەی خۆی دەگرێتەوە. ئەو خۆشی دەورەیەك سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزب و دەورەیەك جێگری سکرتێر و هەموو کاتیش ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کۆتا پۆستیشی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی حزب بووە. هەر لە کۆتا ماوەکانی کاری لەناو حزبدا، پێشنیاری بۆ کراوە کە ببێتە سەرنووسەری ڕۆژنامەیەکی کرێکاری، بەڵام پێشنیارەکەی پەسەند نەکردووە. ئایا بەم حاڵەوە دەبێ ئەندامێکی حزب یەخەی کێ بگرێ کە بۆچی حزب خاوەنی “شانەیەکی کرێکاری” نیە؟!!

ڕەخنە لە مێژوو یان پەشیمانی لەمێژوو!

هاوڕێ سامان بڕیاری واز‌هێنانەکەی ئاڵاندووە لە باسی مێژوویەکەوە کە هەموومان بە باش و خراپیەوە تێیدا بەشدارین. هەر وەکو چۆن هاوڕێ موئەیەد بۆ دامەزراندنی گروپە تازەکەی پێوسیت بوو مێژوویەکی نوێ دروست بکات و بگەڕێتەوە سەر مێژووی ڕەوتی کۆمۆنیست، هاوڕێ سامانیش بۆ دروستکردنی مێژوویەکی نوێ دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەیەکی فکری و ڕێکخراوەیی کە نزیکەی ٢٩ ساڵ پێش ئێستا لەسەری بوو. ئەویش “سەرنجی کرێکار”ە. لەم بارەوە جیاوازییەکە ئەوەیە هاوڕێ موئەیەد ڕاشکاوانە گەڕایەوە بۆ مێژوویەك کە ڕەوتی کۆمۆنیست تێیدا میحوەرە، بەڵام هاوڕێ سامان لەم کارەیدا ڕاشکاو نیە. هاوڕێ موئەیەد هیچ کاتێك ئەو بێزارییەی خۆی بەرامبەر بە توانەوەی “ڕەوتی کۆمۆنیست” لە پڕۆسەی پێکهاتنی حزبدا هەیبووە نەشاردۆتەوە، بەڵام هاوڕێ سامان هیچ کاتێك ڕەخنە و بێزاری لە پەیوەست بوونی “سەرنجی کرێکار” بە حزبەوە نەبووە.

ئێمە کاتی خۆی پێکەوە لەگەڵ هاوڕێ ساماندا، لە “سەرنجی کرێکار”دا بیرۆکەی ئەوەمان هەبوو کە دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کاری خودی کرێکارانە و بە سەرنووسەری خۆی و بە بەشداری هەڵسووڕاوانێکی کرێکاری، بڵاوکراوەی “سەرنجی کرێکار”مان دەرکرد، بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە کرێکاران ئامادە بکەین بۆ دامەزرانی حزبی خۆیان. واتە هەمان تێز کە ئێستا دەڵیت: “حزبێکی مارکسیستی شۆڕشگێڕ و جەسور و دامەزراو لەنێو بەشێك لە پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریدا“.. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەو “بەشە لە پێشڕەوان” کێن و بە ژمارە دەبێ چەند بن تا ئیقرار لەسەر پێکهاتنی ئەو حزبە مارکسییە شۆڕشگێڕە بدرێ؟ ئایا لە تەجروبەی پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا، ئەو “بەشە لە پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری” ئامادە نەبووە؟ ئەگەر نا هاوڕێ سامان خۆی بە کام بەش لە پێشڕەوان دەزانێ؟ بەداخەوە هاوڕێ سامان ئەو ڕاستییە لەبیر دەکات کە ماتریاڵە پێکهێنەرەکانی حزب، لە بەشێکی خۆیدا هەموو ئەو “هەڵسووڕاوە کرێکاری و بەشە پێشڕەوەی” لە خۆیدا کۆکردەوە کە لە دەوری سەرنجی کرێکار خۆیان ڕێکخستبوو. من نامەوێت لێرەدا بچمە ناو وەڵامدانەوە بەو گێژاو و ناڕۆشنییانەوە کە هاوڕێ سامان لەمەڕ “کرێکاری بوونەوە و تێزی پەیوەندگرتن” و”کۆمەڵگا یان کرێکار”، “ئاکسیۆن و شەقام”، “تەحەزوب و ڕێکخراو بوونی چینی کرێکار” تێیکەوتووە و چۆن ئەم مەفهومانەی لە دۆخی کۆنکرێتی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی دەرکێشاوە. بەڵام دەمەوێت لەوە تەئکید بکەم کە کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسور حیکمەت لە خەباتێکی فکری و سیاسی دوورودرێژدا بە ڕۆشنی پەیوەندی نێوان “حزب و چین”، “تیۆر و پراکتیك”، “ئاکسیۆن و حەوزەکان”، “تەحەزوب و ڕێکخراو کردنی کرێکاری”، “حزب و کۆمەڵگا”، “حزب ودەسەڵاتی سیاسی” تا باسەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری، بۆچوونی کۆمۆنیستی و کرێکاری خۆی لەسەر ئەم بابەتە داوە بەدەستەوە. بەداخەوە هاوڕێ سامان داوێتی بەژێر هەموو ئەم دەستکەوتانەدا و بە فڕێدانی چەند ڕستە و عیباراتی گشتی و لەفزیەوە بازی بەسەرداداون. هەموو ئەمانەشی بۆ ئەوەیە ڕیوایەتێك لە کۆمۆنیزمێك بدات بە دەستەوە کە کرێکار تێیدا سنفە، موقەدەسە و تەقدیسی خۆبەخۆیی کرێکار سەرچاوە و بنەمایەکە بۆ پێکهاتنی حزبێکی تازەی کرێکاری و لێرەشەوە حوکمی ئەوە بەسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا بسەپێنێ کە بنەمای چینایەتی نیە و لە بۆشایی نێوان چینەکاندا دامەزراوە و ماوەتەوە!!

هاوڕێ سامان لەپێناو “بنیادنانی مێژوویەکی نوێ بۆ پێکهێنانی حزبێکی مارکسی” پێویستی بە دابڕانە لە مێژووی خۆی، تا وا نیشان بدات کە گروپی تازە لە مێژوویەکی تازەوە دەستپێدەکات! بەڵام من کە هاوبەشێتیم لەو مێژووەدا هەیە کاتێك ئاوڕ دەدەمەوە لەو مێژووە هاوبەشە و بڕگە سەرەکییەکانی کاری ڕێکخراوەیی خۆمان دێنمەوە بەرچاو، پڕۆسەیەکی پەشیمان بوونەوە دەبینم تا ڕەخنەگری مێژوو. ئەگەریش لەمسەری پڕۆسەی پەشیمان بوونەوەکەی هاوڕێ سامانەوە بەرەو ئەوسەری مێژووە هاوبەشەکەمان بڕۆین، ئەوا سەرەتا لەمڕۆوە بە پەشیمان بوونەوە لە دامەزراندنی حزب دەست پێدەکات، چونکە “حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لە سەرەتاوە لە پەیوەند بە کرێکارانەوە دانەمەزراوە”! لەمەش زیاتر ئێستا کە ئەو باوەڕی بە دامەزراندنی حزبێکی مارکسی تازە هەیە لەسەر بنەمای “بەشێك لە پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری” و لێرەشەوە گەڕاوەتەوە بۆ دیدگا فکرییەکانی “سەرنجی کرێکار”، ئەو ئەنجامە مەنتقییە دەگرم کە لە پەیوەستکردنی “سەرنجی کرێکار” بە حزبەوە پەشیمانە. هەنگاوێك ئەولاتر لەم مێژووە دەگەین بە بڕگەی “هەستەی کرێکارانی سۆشالیست”، لەگەڵ بڵاو بوونەوەی وتارێکی ئیرەجی ئازەریندا، کە لەسەر ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی ٩١ نووسیبووی، “هەستە” قەیران گرتی و هەڵمان وەشاندەوە. لەم بارەوە هاوڕێ سامان لە جێگایەکدا خەتای ئەم هەڵوەشانەوەیە دەخاتە ئەستۆی پاسیف بوونی باسەکەی ئیرەج و لێرەشەوە هەم لە دامەزراندنی “هەستە” و هەم لە هەڵوەشاندنەوەکەی پەشیمان دەبێتەوە. ئەگەر لەمەش تێپەڕین و زیاتر بەرەو دوا بگەڕێینەوە، دەگەین بە “دەستەی پێشڕەوانی پڕۆلیتاریا” کە من و هاوڕێ سامان وهاوڕێیانێکی تر پێکەوە دامانمەزراند و دواتر هەڵمان وەشاندەوە، هاوڕێ سامان لە جێگایەکدا لە گێڕانەوەی ئەم مێژووەدا، دیسانەوە لە هەڵوەشاندنەوەی “دەستە” پەشیمان دەبێتەوە و دەشڵێت هەرگیز لەمبارەوە لەخۆی نابوورێ! بەم جۆرە دەبینین ڕەخنەو دابڕانی ئەو لە مێژووی خۆی، پەشیمان بوونەوەیە  لە هەموو کاری ڕێکخراوەیی تا ئێستای خۆی، کەوایە دەتوانێت بەچی قانعمان بکات کە دوای چەند ساڵێکی تر لە کاری ئەمڕۆشی پەشیمان نابێتەوە؟

بێگومان ئێرە شوێنی لێکدانەوە و ئەنجامگیری نیە لە هەریەك لەو تەجروبانەی ئاماژەمان پێداوە، بەڵکو من وەك کەسێك کە لەو مێژووەدا زۆرینەی تەمەنی سیاسیم لەگەڵ هاوڕێ ساماندا بردۆتەسەر، دەمەوێت بڵێم کە من بە پێچەوانەی ئەوەوە لە هیچ یەك لەو تەجروبە ڕێکخراوەییانە پەشیمان نیم، چونکە ڕەخنەکردنی مێژوو بۆ ئێمە لەقاڵبدانێك نیە بەپێی لەفز و مەفاهیم و ئەحکامە فکرییە گشتییەکان و هەر شتێك لەگەڵیاندا نەیەتەوە لێی پەشیمان بین. ئێمە مێژوو بە ڕاستەهێڵێکی فکری خۆمان نازانین و کۆبەندیمان بۆ هەموو ئەو مێژووە و ئەو ڕێکخراو و قۆناغانەی پێیدا تێپەڕ بووین هەیە، لایەنی باش و خراپی هەڵدەسەنگێنین، بەڵام لە هیچی پەشیمان نین، بگرە شانازی پێوە دەکەین. هەمو ئەوانە پرۆسەی بلوغی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی ئێمەیە و لە هەر سەردەمێکدا بە ئاستێك لە تێگەیشتن و بەو ئامڕازانەی ئەوکات لە تواناماندا بوو بۆ بەرگری لە کۆمۆنیزم و مارکسیزم و چینی کرێکار دەستمان بۆ بردووە. تەنانەت ئەگەر چاوێك لە مێژووی جووڵانەوەکەمان بکەین لە سەردەمێکدا بە “سەهەند” و پاشان بە “ئیتحادی مبارزان” و دوای ئەوە بە “حزبی کۆمۆنیستی ئێران” و پاشان “حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری”دا تێپەڕبووە، بەڵام هیچ کات باسی پەشیمانی لە هیچ بڕگەیەکیدا نەکراوە، بە پێچەوانە هەموو ئەوانە وەکو کۆمەڵە هەنگاوێکی یەك پرۆسە لە بەرجەستە بوون و تەکاملی خەتێکی مارکسیستی چاوی لێکراوە. هەر قۆناغیك هەرچۆن هەڵگری خاڵی بەهێز و درەخشان بووە، بەهەمان شێوە لە خاڵی لاواز و هەڵەش بێبەری نەبووە. بۆ ئێمە ئێستاشی لەگەڵ بێت، بەردەوام خۆمان لەبەردەم کۆبەندی ئەم میژووەدا دەبینین، بەڵام پەشیمان نین.

 بێگومان ئەگەر دەرفەتی ئەوە ببوایە مێژوو بۆ دواوە بگێڕینەوە، ئەوا دەمانتوانی زۆر کار کە ئەنجاممانداوە، ئەنجامی نەدەین و زۆرکاری تریش کە ئەنجاممان نەداوە دەکرا پێی هەستین. هەروەها دەکرا و مومکین بوو حزب و بزووتنەوەی ئێمە بە ئاڕاستەیەکی تردا بچێتە پێشەوە کە ئێستا لە مەوقعیەتێکی تردا بووینایە، بەڵام بۆ ئێمەیەك کە بە باوەڕێکی ئینسانی و کۆمۆنیستییەوە دەستمان داوەتە کارێك بە چیدا بزانین دوای ٢٧ ساڵ بەکوێ دەگات؟ بەداخەوە ئەو بۆچوونەی کە مێژووی ڕابردوو لە ڕوانگەی مەقولات و مەفاهیمە فکرییە دڵخوازەکانی خۆیەوە دەبینێ و پێی وایە ئەو چارەنووسەی کە ئێستا بەنسیبی حزبەکانی ئێمە بووە، ئەنجامێکی حەتمی و چارەهەڵنەگرە، ئەوا دەبێ حسابی خۆی بەشێوەیەکی زانستی و مارکسیانە لەگەڵ بنەما و چوارچێوە فکری و سیاسییەکان و تیۆری تەحەزوبی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە بەڵگەوە یەکلا بکاتەوە. ئەگەرنا بۆکەسێکی وەك هاوڕێ سامان کە مێژووی زیاتر لە ٤٠ ساڵی ڕابردووی خۆی بە پەشیمانی ببینێت، هەرگیز ناتوانێ بەناوی ڕەخنەوە “مێژوویەکی تازە” بەبێ پەشیمانی بنیاد بنێت. من وەك هاوڕێیەکی کۆنی ئەو لەدڵەوە تەمەننا دەکەم کە هاوڕێ سامان تەمەنی درێژ و سەلامەت بێت، بەڵام کارەساتە تەمەنی ٤٠ ساڵ لە خەباتی خۆی و هاوڕێکانی بە پەشیمانی بسپێرێ و بە “ڕەخنە لە مێژوو بۆ بنیاتنانی مێژوو” ناوزەد بکات.

وەك دوا وتە:

هاوڕێی ئازیز سامان کەریم ..

“وازهێنان لە حزب هیچ کەسێك بە عەرشی ئەعلا ناگەیەنێ”، هیچ کەس بە ئاڵوگۆڕکێ لە مەوقعییەتی چینایەتی ناگەیەنێ و هەروا بە سادەیی لە “فەشەلی” تەجروبەی حزبی ڕزگاری ناکات. وازهێنان لە حزب پاسپۆرتێك نیە بۆ گوێزانەوە لە حزبێكەوە کە لەسەر “لمی بیابان” ڕاوەستاوە بۆ “حزبێکی مارکسی” کە لەسەر “کۆنکرێت”ی کرێکار دامەزرابێت! تەنانات هیچ جیاوازییەك لە پێگەی کەسەکاندا دروست ناکات و ناتوانێ ناسنامەیەکی سیاسی تازە بەکەس ببەخشێ.

ببورە هاوڕیێ ئازیز ئەگەر بڵێم وازهێنان لە حزب، نە بۆ تۆ و نە بۆ کەسانێکی بەر لە تۆش، ڕێگای پێکهێنانی “حزبێکی تازەی مارکسی” نەبووە و نیە، من دڵنیام تۆ چانسی حزب دروستکردنت نەماوە، چونکە مەعلوم نیە ئەو بەشە لە “پێشڕەوانی چینی کرێکار” کێن و کەی و بە چ ژمارەیەك و چۆن ئامادە دەکەی؟

هاوڕێ سامانی ئازیز من بە تەواوی ڕێز بۆ بڕیاری وازهێنانت لە حزب دادەنێم، بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە کردت واز‌هێنانێکی سادە نەبوو، بەڵکو یەك ئینتخابی سیاسی بوو کە بە زەرەری حزب و جووڵانەوەی کۆمۆنیستی کرێکاریدا شکاوەتەوە. بەداخەوە تۆ لە پێشەوە هیچ ڕێگایەکت بە من نەدا وەك هەر کەسێکی تر منت لە دواهەڵویستی خۆت ئاگادارکردەوە، هەر بۆیەشە بە ناردنی نامەی ئیستقالەکەت، هەوڵم نەدا لەم بارەوە پەیوەندیت لەگەڵ بگرم و قسەت لەگەڵ بکەم. دیارە دەبێ ئەوەش بە مافی من بزانیت کە مەرج نیە لە ئاکامە زیانبارەکەی ئەم بڕیارە و ئەم ئینتخابە سیاسییە بێدەنگ بم، بە تایبەتی کاتێك بزانم بە زەرەری خۆت و جووڵانەوەیەك تەواو دەبێت کە تەواوی عومرمان تێدا سەرف کردووە. من ویستم بەم نووسینەم لە دیفاع لە حزب و کۆمۆنیزمی کرێکاری بڵێم ئەوی کردوتە و پاساوێکیش کە بۆت هێناوەتەوە، هیچ هەقانییەتێکی تێدا نیە و هیچ ڕۆشناییەك ناخاتە بەردەمی کۆمۆنیستەکان. حەز دەکەم ئەوەش بزانیت ئەم نووسینەی من هەرگیز بە مانای ئەوە نیە ڕێز دانەنێم بۆ به‌ها و جێگا و ڕێگای به‌رزی هاوڕێیه‌کی وه‌ك تۆ کە بەشداری لە مێژوویەکدا هەیە کە هەموومان تا ئێرەمان ‌هێناوە، بەڵام هەقمە بڵێم بەرپرسیاری بەرامبەر بەوەی کە بەم شێوەیە خۆت و هاوڕێیانێکی ئازیزی وەك خۆت لە حزب دوور خستەوە…

خەسرەو سایە

٢/٥/٢٠٢٠

*- عینوانی بابەتەکە لە قسەیەکی مەنسور حکمەتەوە وەرگیراوە، لە وتاری “خواحافیز هاوڕێ”-

Leave A Reply

Your email address will not be published.