کرانەوەی ڕازەکانی ژیانێکی باشتر
کرانەوەی ڕازەکانی ژیانێکی باشتر
عبدالرحمن رسول
بەشی یەکەم
زوڵم زۆری گەیشتۆتە لوتکە :
هەر تێکۆشانێک بۆ هێنانەدی ژیانێکی باشتر و نوێ تر نەبێت کۆمەڵگە ڕاپێچی زیاتری چەوسانەوە و نابەرابەری وسەرکوت و کۆنەپارێزی وهەژاری وبرسێتی دەکات. ئیرادەی تێکۆشان و هێنانەدی کرانەوەی ڕازەکانی مرۆڤ بەرەو تێکشکان و رکود دەبات. دواتر خودی خەڵکی کۆمەڵگە دەبێت باجی زیاتر بدات. بەڵام بەوجۆرە باج دانە ناگوترێت قوربانیدان، بەمانایەکی ڕوونتر ناتوانین بڵێین خەڵک غەدرو تاوانی لەدژ ئەنجام دراوە، چونکە خەڵک خۆی تێکۆشانی کرداری بۆ هێنانەدی ژیانێکی باشترو سیستەم و دەسەڵاتێکی باشترو مرۆڤانە نەکردووە لە ڕووی کرداری و خواستی کردارییەوە، بەڵکو خەڵک لەتێكۆشانیدا تەنها ویستوویەتی کەسەکان بگۆرێت نەک جۆری سیستەمی چەوسێنەر. هەروەک (جۆرج ئۆرۆیل ) دەڵیت هەر گەلێک بەدەستی خۆی دەسەڵاتی گەندەڵ وهەلپەرست ودزو تاڵانچی وخیانەتکار هەڵبژێرێت، ناکرێت وەکو قوربانی سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێتە شەریکی ڕاستەقینە لەتاوانی دەسەڵاتداراندا..ئەمە ڕێک لەکوردستان هەیە، چونکە خەڵکی کوردستان بەکردار نەی ویستووە سیستەمی چەوسێنەر بگۆڕێت، بەڵکو پێی وابووە کەدەتوانێت لەڕێگەی گۆڕینی کەسەکانە لەناو دەسەڵات هەمان سیستەم دەتواندرێت ژیانێکی باشتر دابین بکات. هەربۆیە لەدوای ڕوخانی فاشیزمی بەعس لەدەسەڵات لەکوردستان بەبینینی سەرۆک و بەرپرسە کوردەکانی ناو دەسەڵاتی کوردستان کە حیزبەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان وئیسلامییەکان وحیزبەکانی چوار دەوریان خەڵکی کوردستان زۆرینەی شاگەشکە بوو لەخۆشیان بەهیچ جۆرێک تێکۆشانی نەکرد لەسیستەم و دەسەڵاتێکی باشتر، تەنها هەلهەلە و چەپڵەی بۆ سەرکردەو بەرپرسەکانی حیزبەکانی لێدەدا کە وتاریان بۆ خەڵک دەدا، خەڵک فڕکان فڕکانی بوو بۆ سەردانیکردنیان ومیوانداریکردنیان، بەرهەمی ئەم چەپڵە لێدانە بۆ حیزبەکانی کوردایەتی ئەوەیە ئێستا کە خەڵک گیرۆدە بووە بە بێکارو هەژارو برسی و بێ خزمەتگوزاری ئەوانیش (بەرپرسەکان) لەژیانێکی ژیانێکی شانشایی دا دەگوزەرێن و زۆرترین پارەیان لەبانکەکانی وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهان هەیە. کەواتە خەڵکی بەرهەمی جۆری تێکۆشانێتی کەئەمڕۆ گیرۆدەی کێشەو قەیرانەکانێتی. بەچەند بەشێک وردتر بە پێویستی دەزانم بەڕاشکاوی باسی بکەین سەرەتا لە هۆکارەکانەوە دەست پێدەکەین کە کۆمەڵگەی لەلیتاوی چەوسانەوەی ڕاگرتووە، پاشان دێینە سەر ڕێگاچارەو چۆنێتی ڕزگاربوون بەجۆری کرداری لەچەوسانەوەو نابەرابەری وسەرکوت. هەروەک دەڵێن ئاگر بەبێ دوکەڵ نابێت، چەوسانەوەو دزی وگەندەڵی هەژاری وبێکاری بەبێ هۆکار نابێت. بەتێروانینی من هۆکارەکانیش ئەمانەن، بەهۆی ئەوەی:
١/ زاڵبوونی هەژموونی سوونەت و ئاکاری خێڵایەتی وکۆنەپارێزی. خێڵایەتی وەکو سیستەم نەک وەکوشێواز. کۆنەپارێزیش وەکو کردارو فکر، هەردوولاش سیستەمی خێلایەتی وسیستەمی کۆنەپارێزی دووکۆڵەکەی بەهێزبوون بۆڕاگرتنی پایەکانی چەوسانەوە بەدرێژایی مێژوویی کوردستان هەتا قۆناغی ئێستاش کاریگەری کرداری ماوەتەوە. لەبەرئەوەی خواست و بەرژەوەندی لایەنی دەسەڵات نەبووە کار لەسەر لابردنی یان کەمکردنەوەی بکات لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. هەربۆیە هەتا زوڵم زۆری وچەوسانەوە زیاتربێت مرۆڤە عناسرو چالاکوانە کۆنەپارێزو خێڵگەراکان باشتر بەرگریان لەمانەوەی دەسەڵاتی چەوسێنەر کردووە وئێستاش دەیکەن. هەر بۆیەش لەباشووری کوردستان حیزبەکان سەرجەمیان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی حیزبیان بەرژەوەندییەکانی سوونەت و یاساکان و سیستەمی خێلایەتییان پاراستووە وهەتا بەرگریشیان لێ کردووە. دەرئەنجامی ئەمەبووە کەنامەی سەرۆکی خێڵ و مستەشارەکان و عناسڕی کۆنەپارێز وەکو یاسا بووە لەلای سەرۆکی حیزبەکانەوە. هەتا ئێستاش ئەوکاریگەرییەی سیستەمی خێڵ لەسەر بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی حیزبایەتی ودەسەڵاتدارێتی بەباشی دیارە، مۆری یاسا وسیستەمی خێڵ بەنێوچاوانی بەرپرسانی بەناوپێشکەوتوویی زۆرێک لەحیزبەکان و نووسەرو ڕۆژنامەنووس و بەناو ڕوناکبیرانیانەوە هەیە، تائێستاش ڕەنگ وفکرو بیرکردنەوەی ناوچەگەرێتی و شارچێتی وخێڵگەراییان لێ دەبارێت. هەر لەبەر هەبوونی پاشگری ناوی عەشیرەت وناوچەکەیان وبیرکردنەوە وفکریان ناوچەگەری وخێڵگەرایییان ژیانێکی باشیان بۆدابینکراوە لەلایەن دەسەڵاتی چەوسێنەرەوە بەهۆی پێداهەڵدان وشاباشەکانیانەوە..
٢/ کۆنەپارێزی و کۆنەپەرستی بەردەوام پایەکانی دەسەڵات وسیستەمی چەوسێنەری پاراستووە. دەسەڵات بەردەوام ویستوویەتی لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی پارەیەکی زۆری تەرخانکردووە بۆ هێشتنەوە و ئارایشتدانەوەی ڕەوتی کۆنەخوازی و کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی. هەمیشە دەست پێشخەری کردووە لەئارایشت دانەوەیان، هەر بۆ ئەمەش بوو موچەی بەناوی پیاو ماقوڵان ودیوەخانانەی بۆدابینکردبوون. بەهەزارەها مەلاو شێخ و سەرۆک خێڵ ژیانێکی شاهانەیان بۆدابینکراوە. مینبەر و تەلەفزیۆن وڕادیۆو کەناڵی ڕیکلام کردن بەبیروباوەڕو فکری ژەنگرتووی دواکەتووانەی دژە ئینسانیان بۆدامەزراوە.
٣/ دەسەڵات بەردەوام کار دەکات و کاری کردووە لەسەر پەرتەوازەکردنی خەڵکی ناڕازی لەکاتی هەبوونی ناڕەزایەتی دا. بەپەرتەوازەکردنی ناڕەزایەتییەکان دەسەڵات و سیستەمی چەوسێنەر ملی پانتر بووە خەڵکیش بەبێ بەرهەم ودەستکەوت چۆتەوە ماڵەکانیان هەتا ماوەیەکی نادیار..
٤/ لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا بەردەوام کار لەسەر بەلاڕێ دابردنی ئامانج و خواستە ڕەواکانی خۆپیشاندەران کراوە، لەهەموو جارەکانیشیاندا دەسەڵات سەرکەوتووبووە بەرەی دەسەڵات بەئاسانی ڕزگاری بووە لەفشاری خەڵکی نارازی کوردستان. بەردەوام کار کراوە کە ئاراستەی داواکاری و خواستەکان ئاراستەی حیزبی وەربگرێت، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ئاراستەی ململانێی حیزبییەکان کراوە، بەهۆی ڕاگەیاندنەکانی خۆیانەوە یان ڕاگەیاندنەکانی حیزبەکانی ترەوە. ئەمەش بۆئەوەیە خەڵکی ناڕازی ڕێکخراو نەبێت و ئاراستەی گۆڕانی سیستەمی چەوسێنەر نەبێت.
٥/ بێ ئومێدکردنی خەڵک لەوەی کەهەرگیز گۆڕانکاری لەسیستەمەدا ناکرێت ئەمەش بۆئەوە بووە کە خەڵک و گەنجە ڕادیکاڵ وچالاکەکان لەدوای خۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکان بێ ئومێدبن و وڵات وکۆمەڵگە بەجێ بهێڵن بەم ڕێگایەش فشار لەسەر دەسەڵات کەمتر دەبێتەوە، خەڵکیش بێ ئومێد و چاوەڕوانی ئەوە دەبێت کە پارێزەرانی سیستەمی چەوسێنەر چەند خواستێکی کەم لەشەخسی و ناوچەیی جێبەجێ بکات، لەهەموو جارەکانیش بەرەی لایەنی دەسەڵات سەرکەوتوو بووە. کە بەهیچ جۆرێک دەسەڵات نەچێت بەلای دابینکردنی بیمەی بێکاری و باشترکردنی ژیانی کۆی گشتی خەڵک و باشترکردنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرییەکان. ئەوە زۆر ڕاست و دروستە کە ئێستا لەکوردستان زوڵم زۆری گەیشتۆتە لوتکە ئەمە زۆر بەسادەییە کە قسەو تێڕوانینی خەڵکی سادەی نەخوێندەوارە کە بەڕاشکاوی لەناوخۆیاندا لەناو پاس وچایخانەو شوێنەگشتی وتایبەتییەکانیان باس لەهەبوونی نایەکسانی و چەوسانەوەو دزی و گەندەڵی و تەخشان پەخشانکردنی پارەو سامانی گشتی لەلایەن بەرپرسە چەتەو مافیا ئاساکانی دەسەڵات و پارێزەرانی سیستەمی چەوسێنەر دەکەن خەڵکی سادە خۆیان دەڵێن زوڵم زۆری و چەوسانەوە گەیشتۆتە لوتکە، هۆنراوە و گۆرانی لەسەر ژیانی نەهامەتی خۆیان دەڵێن و بڵاودەکەنەوە، کە هۆکاری هەژاری وبێکاری وبرسێتییان ئەو جۆرە سیستەم و دەسەڵاتە چەوسێنەرەیە. ئەمەش ڕێک بۆچوونی لینینە کە دەڵێت ئیمپرالیزم دوا قۆناغی سەرمایەداریە لەگەشەکردنی سیستەمی سەرمایەداری دا، کە لەئێستادا لەناوی داین لەناو کێشەو قەیرانە ئابووری وسیاسی وئیدارییەکاندا کۆمەڵگەکانی جیهانی هەریەکەیان بەشێوازێک، بەڵام لەناوەڕۆکدا بەیەکجۆر گیریان خواردووەو گیرۆدە بوون بەسیستەمی چەوسێنەر لە چەشنی سەرمایەداری دینی و سەرمایەداری قەومی و لیبراڵی یان تێکەڵە لەسیستەمی سەرمایەداری دینی و قەومی کە ئەم جۆرە سیستەمە کورەیەکی ئاگرەو مرۆڤەکانی تێدا دەسوتێنن، هەریەکێک لەمرۆڤە خاوەن وێژدانە زیندووەکان و مرۆڤە خاوەن عەقڵ ژیرەکان دەزانن چەوسانەوەو نابەرابەری و نایەکسانی و سەرکوت و گەشەی هەژاری و بێکاری چ بەڵایەکی گەورەیە بۆ لەناوبردنی مرۆڤایەتی. هەموو لایەکیش زۆرباش دەزانن کەسەرچاوەکەی هاتنەکایەوەی سەرجەم قەیران و کێشەکان سیستەمی چەوسێنەرە. لەهەر کۆمەڵگەیەکیش بەجۆرێکی جیاوازتر تێکۆشان دەکەن لەشیوازدا، بەڵام لەناوەڕۆکدا نزیکایەتی زۆرە لەگەڵ یەکتری دا.
لەقۆناغی ئێستای هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا ئەم جۆرە دەسەڵاتە زاڵم و چەوسێنەرە دەیانەوێت هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ بەرژەوەندی مانەوەی خۆیان بەکاربهێنن، نەک چارەسەرکردن و دابینکردنی دەرمانی چارەسەر بۆ هاوڵاتیان، بەردەوام هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک هەرەشە لەبەرامبەر خەڵکی ناڕازیدا بەکاردەهێنن. لەلایەن فاشیزمی ئیسلامی ئێرانەوە وەک هێزی یارمەتی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی بەکاردەهێنێت ،سەرکوت و چەوسانەوە زیاتر دەکات و ئاماری گیان لەدەستدانەکانی شاردۆتەوە، تەنانەت دەست دەگرێت بەسەر ئەوە کۆمەک و یارمەتیانەی کەلەلایەن چالاکوانانی مەدەنی و هاوڵاتیانەوە کۆکراوەتەوە بۆ بەشەکانی تەندروستی و بیمارستانەکان. لەکۆمەڵگەی عێراق و کوردستانیش دا هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی دەسەڵات نیعمەتێک بوو، چونکە خەڵک لەجیاتی گەشدان بەناڕەزایەتییەکانیان ڕاپێچی ماڵەکانیان کران بەناوی کرێنتینەکردن و خۆپارێزی لەهەبوونی نەخۆشی کۆرۆناوە. بەرپرسەکانی دەسەڵاتی سیستەمی چەوسێنەر زۆر جامبازو تەڵەکەبازن هەرچی لەبەرژەوەندی خۆیان بێت ئەوە ئەنجام دەدەن. ئەگەر پارەو سامانی گشتی ئەوەندە کڕینی چەک و ئۆتۆمبیلی بەرپرسەکان تەرخانکراوە بۆخزمەتگوزاری وپێداویستی تەندروستی تەرخان بکرابایە ئێستا باشترین نەخۆشخانەو دەرمان و دوکتۆرمان دەبوو لەکوردستان. بەرپرسەکانی دەسەڵات و سیستەمی کوردایەتی لە کوردستان هەروەک کوێخای ئەم چیرۆکە وابوون. دەگێڕنەوە پیاوێکی بەتەمەن لەگوندێکدا ژنی نەهێناوە کوێخا بانگی دەکات دەڵێ وەرە باژنێک بەنیوەیی بێنین؟ پیاوەکە دەڵێ کوێخای بەرێزم چۆن ژن بەنیوەیی دێت و دەبێت شتی وا؟ کوێخا گوتی ئاسانە. تۆ ژنێک بدینەوە. من دەچمە خوازبێنی، من مارەی دەکەم تۆش پارەکەی بدە، من دەیگوازمەوە، تۆش خەرجی جل وبەرگەکەی بکێشە. من شەوێ دەچمە لای، تۆش بەیانی زوو خۆت بشۆ. پیاوەکە گوتی کوێخا تۆ هەرچی خراپە بۆمنت داناوە.. ئێوە بەرپرسە باڵاکانی دەسەڵات و سیستەمی چەوسێنەری کوردایەتی بۆ خەڵک هەر ئامۆژگاری دەردەکەن دەڵێن (دەوام بکەن، دڵسۆزبن، کارتان بەسەر سیاسەتەوە نەبێت، بچنە دەنگدان، دەنگمان پێ بدەن، ئێمەش موچەکانتان بۆ پاشەکەوت دەکەین بۆکاتی نادیار. واتە ئێمە دەبینە کوێخا و ئێوەش پیاوی بێ ژنەکە. ئەم چیرۆکەم لەفەیسبوک وەرگرتووە بەداخەوە نازانم کێ نوسوێتی. هەمیشە بەرپرسەکانی دەسەڵاتی چەوسێنەر هەر کوێخاکە بوون خەڵکیش پیاوی بێ ژنە بووە هەتا خەڵک خۆی ئیرادەی ئیدارەدانی کۆمەڵگەی نەبێت خەڵک هەر کابرایی بێ ژنە دەبێت و دەسەڵاتیش وەک کوێخا دەبێت. لینین لەیەکێک لەکتێبەکانی کەلەساڵی ١٩١٧ نوسیوێتی لەوەرگێڕانی بۆکوردی ناجی ئەفراسیاو بەناوی(ئیمپڕیالیزم باڵاترین قۆناغی سەرمایەداری) لەلاپەرە (٧)هاتووە دەڵێت دەردەکەوێت هێڵە ئاسنینەکان شتێکی سادە سروشتی و دیموکراتی کەلتوری شارستانییە هەروەها لەبەرچاوی مامۆستاو پرۆڤیسۆرە بۆرژوازییەکانیشدا وا دەردەکەوێت، ئەوانەی کرێیان پێدەدرێت بۆئەوەی ڕووی کۆیلایەتی سەرمایەداری جوان بکەن، هەروەک چۆن وردە بۆرژوازە مێشک پوچ و پارە پەرستەکانیش هەمان تێڕوانینیان هەیە. بەڵام لەواقیعدا دەزووی سەرمایەدارەکان کەبەشێوەیەکی گشتی لەهەزار لاوە ئەم پڕۆژانە بەخاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە گرێدەدات، کارێکی وەهای کردووە ڕاکێشانی هێڵە ئاسنینەکان ببێتە ئامرازی چەوساندنەوەی یەک ملیار کەس (موستعمرەکان ونیمچە موستعمرەکان)دا واتا چەوسانەوەی زیاتر لەنیوەی دانیشتوان لە وڵاتانی پاشکۆو کۆیلەی کرێی سەرمایە لە وڵاتانی شارستانی وپێشکەوتوودا.) کەوایە زۆر بەسادەیی دەبێت چەوسانەوە لەقۆناغی ئێستای سەردەمی گەشەی سەرمایەداری لەچ ئاستێکدا بێت؟! بێگۆمان سیستەمی سەرمایەداری لەناو گەورەترین قەیران و کێشەی ئابووری و ئیدارەدا گیری خوردووە. ئەم کێشەو قەیرانانە هی سەردەمی ئێستا نییە، بەڵکو سیستەمی سەرمایەداری لەسەربناغەی دروستکردنی کێشە و قەیران دامەزراوە، بۆیە نەیتوانیوە چارەسەری کێشەکانی بکات و کێشەکانی زیاتر دەبن و دەبنە قەیرانی گەورە. دەرکەوتەکانی قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری زیاتر لەساڵی ٢٠٠٨ باشتر دەرکەوتن لەساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی هاتنەکایەوەی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە قەیرانە ئابووری و سیاسی و ئیدارەیییەکانی گەیشتوونە لوتکە بەچارەسەرنەکراوەیی. سندووقی نەقدی دەولی ڕایگەیاند: تا کۆتایی ئەمساڵ ٢٠٢٠ ئیقتسادی وڵاتانی دەبێتە ناقس! هەروەها ئەم ساڵ ٢٠٢٠ پڕۆگرامی خۆراكی جیهانی هۆشداری دەدات لەوەی، ژمارەی ئەو كەسانەی لە جیهاندا ڕووبەڕووی كەمی خۆراك و خراپی ئاسایشی خۆراك دەبنەوە، بۆ ٢٦٥ ملیۆن كەس بەرز دەبێتەوە، چونكە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ئابوری وڵاتانی پەكخستووە و برسیەتی تەشەنە دەسەنێت.
ئەمە ڕوونتر ڕاستییەکان دەسەلمێنێت بێوێنەترین بێکاری و بە دوایشیدا هەژارییەکی زیاتر بەرئەنجامی دەبێت! بەهەرجۆرە لێکدانەوەیەک ئەگەر دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانە لەخەمی مرۆڤایەتی دابین بەبێ زاڵبوونی بیروباوەری دژە مرۆڤایەتی دەگەینە ئەو ئەنجامە کە بۆ چارەسەری کێشەو قەیرانەکان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ تێروانینەکانی مارکس و لینین کاتێک دەڵێن (ئەوانەی کرێ یان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی ڕووی کۆیلایەتی سەرمایەداری جوان بکەن، ئەمە ڕێک پێویستە پێچەوانە بکرێتەوە یاساکانی لەناو سیستەمێکی مرۆڤایەتیدا کە بەجۆرێک بێت یاساکان کەرامەت و نرخ و بەهای مرۆڤەکان بپارێزن، کە نەک کرێکار کرێی کەمی پێبدرێت، بەڵکو بەردەوامی ژیانی باشتر بکرێت لەگەڵ گەشەی ئابووری و زیادبوونی بەرهەمەکان. کەوایە پێویستە نابەرابەری وچەوسانەوە نەمێنێت.. لەبەشەکانی داهاتوودا باسی هەنگاوەکانی چارەسەر و چۆنێتی ڕزگاربوون بەجۆری کرداری لەچەوسانەوەو نابەرابەری وسەرکوت دەکەین.