د. دەشنێ نەریمان: له سایه‌ی سیسته‌مێك كه قازانج داینه‌مۆكه‌یه‌تی، وایکردووە خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستیی و كه‌ره‌سته و ئامێری ته‌ندروستیش له سایه‌ی نیولیبراڵیزمدا له‌بری ئه‌وه‌ی له خزمه‌ت پاراستنی مرۆڤدابن، ببن به لقێكی دیكه‌ی بازاڕی ئازاد و قازانج و كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه…
د. دەشنێ نەریمان: له سایه‌ی سیسته‌مێك كه قازانج داینه‌مۆكه‌یه‌تی، وایکردووە خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستیی و كه‌ره‌سته و ئامێری ته‌ندروستیش له سایه‌ی نیولیبراڵیزمدا له‌بری ئه‌وه‌ی له خزمه‌ت پاراستنی مرۆڤدابن، ببن به لقێكی دیكه‌ی بازاڕی ئازاد و قازانج و كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز د.دەشنێ نەریمان چالاکوانی سیاسی سەبارەت بە کۆرۆنا ڤایرۆس…
بۆپێشەوە: سەرچاوە یان هۆکاری پەیدابوونی ئەم ڤایرۆسە، چییە؟
د. دەشنی نەریمان: تا ئێستا به ده‌قیقی ناتوانین هۆكاری په‌یدابوونی ئه‌م ڤایرۆسه ده‌ستنیشان بكه‌ین، له ڕووی بایۆلۆجییه‌وه “كۆڤید-19” له به‌رئه‌نجامی بازدانێكه‌وه له سارس-كۆڤ ه‌وه په‌یدا بووه؛ كه جۆرێكی پێشتری ئه‌م ڤایرۆسه‌یه و له ساڵی 2000 ه‌وه به ڕه‌سمی ناسێنراوه. به گشتیش په‌یوه‌ندی مرۆڤ و ڤایرۆسه‌كان په‌یوه‌ندیه‌كی دێرینه، ته‌نانه‌ت ڤایرۆسه‌كان پێش گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤی ئاقڵیش له‌گه‌ڵ باو‌و باپیرانماندا په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌ویان هه‌بووه. مه‌به‌ستم له په‌یوه‌ندی ئه‌و كاریگه‌رییه‌یه كه ڤایرۆسەکان به به‌رده‌وامی له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ دایانناوه و تا ئێستاش 12 جۆری مه‌ترسیداری ڤایرۆس ناسێنراون، كه مه‌ترسی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ دروستكردووه و له بڵاوبوونه‌وه‌یان به‌شێوه‌ی “ئیپیدیمیك و پاندیمیك” ژماره‌یه‌كی زۆر مرۆڤیان كردووه‌ته قوربانی.
واته مێژووی مرۆڤ هه‌رگیز به‌ده‌ر نه‌بووه له ڤایرۆسه كۆشنده‌كان و به به‌رده‌وامی مه‌ترسیان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی مرۆڤ دروستكردووه، به‌ڵام پرسیاره درووسته‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی له سه‌ده‌ی بیستویه‌كدا، كه سه‌ده‌ی پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆجیی و زانستییه، ئێمه هێشتا له به‌رانبه‌ر جۆرێكی ڤایرۆس، كه به به‌راورد به مه‌ترسی جۆره‌كانی دیکە، مه‌ترسییه‌كه‌ی چه‌ندین جار كه‌متره و له جۆره زۆر مه‌ترسیداره‌كانیش نییه، هێنده ده‌سته‌وەسانین؟
ئێمه ده‌زانین ڤایرۆسه‌كان یه‌كێكبوون له‌و مه‌ته‌ڵانای كه زانست به ئاسانی نه‌یتوانیوه و ناتوانێت شیكاریان بكات، به‌هۆی ئه‌و توانایه‌ی له خۆگۆڕین و بازداندا هه‌یانه، به‌ڵام به پێی ئه‌و زانیارییه ته‌ندروستیانه‌ی تا ئێستا بڵاوكراونه‌ته‌وه، کوشندەیی ڤایرۆسه‌كه له ده‌وروبه‌ری 2.3%دایە، ئه‌مه له كاتێكدایه كه ڕێژه‌ی مردن له هه‌ر وڵا‌تێك ده‌گۆڕێت و به زۆریش ڕێژه‌ی مردنه‌كان به‌رزترن له ڕێژه‌ی كوژه‌ریی و توانای کوشتنی ڤایرۆسه‌كه!
وه‌ڵامی ئه‌م دوو پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه پرسیارێكی دیكه‌مان بۆ دروستده‌كات، ئایا كه ڤایرۆسه‌كان هه‌میشه مه‌ترسیی بوون و ته‌نها له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا چه‌ندین جار مرۆڤایەتیان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی كردۆته‌وه، بۆ تا ئێستا نه‌ك چاره‌سه‌ر و پێكوته( ڤاکسین)، به‌ڵكو كه‌ره‌سته‌ی خۆپارێزی پێویستیش له‌به‌رده‌ستدا نین؟
وه‌ڵامه‌كه وه‌ڵامێكی قورس نییه، له سایه‌ی سیسته‌مێك كه قازانج داینه‌مۆكه‌یه‌تی، وایکردووە خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستیی و كه‌ره‌سته و ئامێری ته‌ندروستیش له سایه‌ی نیولیبراڵیزمدا له بری ئه‌وه‌ی له خزمه‌ت پاراستنی مرۆڤدابن، ببن به لقێكی دیكه‌ی بازاڕی ئازاد و قازانج و كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه، هاوکات تاقیگه و زاناكان و هه‌موو كۆمپانیاكانی بواری ته‌ندرووستیش سه‌رقاڵی ئه‌و توێژینه‌وه و دۆزینه‌وانە‌بن، كه له خزمه‌ت به‌رده‌وامی سوڕی قازانجدان. بۆیە هیچ نامۆ نییه كه بەردەوام دروستكردنی كرێمێکی ڕوونكردنه‌وه‌ی پێست یان كه‌ره‌سته‌كانی دیكه‌ی جوانكاری ئه‌وله‌ویه‌تی زیاتریان هه‌بووه له درووستكردنی جیهازی هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد، چونكه گه‌ره‌نتی كه‌ڵه‌كه‌ی قازانجێكی زیاتریان كردووه.
ئێمه له سایه‌ی سیسته‌مێكداین كه هه‌ر كاڵایه‌ك له بازاڕدا قازانجی نه‌بێت به‌رهه‌م ناهێنرێت، بۆیه هیچ سه‌یر نییه، کە له‌به‌رده‌م ئه‌م ڤایرۆسه‌دا هێنده زه‌لیل و ده‌سته‌وسانین.
بۆپێشەوە: هیشتا لەزۆرێک لە وڵاتەکانی دنیادا ڕێکارە تەندروستیەکان، وەکو پێویست نەگیراونەتە بەر، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
د. دەشنی نەریمان: پێش هه‌موو شتێك ڕێكاره ته‌ندروستییه‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه بریتین له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه پێویستن بۆ خۆپارێزیی، دوای ئەوەش هه‌موو ده‌وڵه‌تان به ڕێژه‌ی جیاواز مایه‌پووچیی خۆیان له دابینكردنی ئه‌م كه‌ره‌ستانه خستۆته‌ڕوو. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه به پێی جیاوازی نێوان سیسته‌مه ته‌ندروستییه‌كان له وڵاتان و بڕی كه‌ره‌سته‌ی خۆپارێزی ڕێژه‌ی توشبوون و مردن بگۆڕێن؛ واته په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وانه هه‌یه له نێوان مردن به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه و به‌رده‌ستی كه‌ره‌سته‌ی خۆپارێزی، وه‌ك له پێشتریشدا ئاماژەمان بەوە کرد، کوشندەیی ڤایرۆسه‌كه كه‌متره لە ڕێژه‌ی ئەو مردنانه‌ی له ئاماری ده‌وڵه‌ته‌كاندا ده‌یانبین. ئه‌مه‌ش به‌و ئەنجامە‌مان ده‌گه‌یه‌نێت كه سیسته‌مه ئابووری-كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه به‌رپرسیاری ئه‌م ڕێژه زۆره‌ی مردنه نه‌ك ڤایرۆسه‌كه.
ڕێكاره‌كانی دیكه‌ی خۆپارێزی كه بریتین له ڕاگرتنی كار و خۆبه‌دوورگرتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ-كه ده‌وڵه‌ت به‌رپرسیاری یه‌كه‌می ئه‌م ڕێكارانه‌شه- خۆی یه‌كێكی دیكه بوو له هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسه‌كه، چونکە وه‌ك بینیمان زۆرێك له ده‌وڵه‌تان به هۆی مه‌ترسی ئه‌م ڕێكارانه‌وە له‌سه‌ر پێگه‌ی ئابوورییان، ئاماده نه‌بوون په‌یڕه‌وی له‌م رێكارانه بكه‌ن و به‌مه‌ش هاوڵاتییه‌كانی خۆیان كرده قوربانی.
هه‌رگیز هاوڵاتییه‌كی به‌ریتانی نابێت هه‌ڵوێستی حكومه‌ته‌كه‌ی بۆریس جۆنسنی بیربچێته‌وه، كه له لێدوانه یه‌كه‌مینه‌كانیدا هه‌وڵیدا خه‌ڵكی به‌ریتانیا ئاماده بكات بۆ له‌ده‌ستدانی ئازیزانیان، چونكه ئاماده نه‌بوو ئابووریی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی كه‌مترین زیانی به‌ربكه‌وێت. تره‌مپ به‌هۆی سه‌رقاڵبوونی به تاوانباركردنی چینه‌وه و زیندووكردنه‌وه‌ی فاشیزم به‌رانبه‌ر به چینییه‌كان، زۆر دره‌نگ كه‌وت له گرتنه‌به‌ری ڕێكاری پێویستی خۆپارێزیی و بێگومان ئه‌مه‌شی به تاوانی چینییه‌كان له قه‌ڵه‌مدا. سەرباری ئەمانەش، هه‌موو شاهیدی هاواری كرێكارانی ئیتاڵیا بووین بۆ پاراستنی ژیانیان داوای ڕاگرتنی كاریان ده‌كرد و ده‌وڵه‌تی ئیتاڵیا ئاماده نه‌بوو كارکردن ڕابگرێت سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو مه‌ترسییه‌ی له‌سه‌ر ئیتاڵییه‌كان هه‌بوو.
نموونه‌كان زۆر له‌وه زیاترن، به‌ڵام ئه‌مانه زه‌قترین هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ته به‌ناو پێشكه‌وتووه‌كانی سیسته‌می سه‌رمایه و قازانج بوون کە بێشه‌رمانه دەیا‌نواند، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ی له دابینكردنی كه‌مترین كه‌ره‌سته‌ی پێویستی ته‌ندروستی هه‌یانبوو بۆ هاوڵاتییانیان. ئه‌مه‌ش سەرئەنجام بووه هۆی ئه‌وه‌ی به‌و قۆناغه مه‌ترسیداره بگه‌ین كه ئێستا تێیداین.
بۆپێشەوە: ئەو ڕێکار و هەنگاوانە چین، کە دەبێت هاوڵاتیان بۆ خۆپارێزی بیگرنە بەر؟ وە چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتەکانیان؟
د. دەشنی نەریمان: بێگومان بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی كه ئێستا تێیداین ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی بۆ هه‌مووان ڕوونن و نامه‌وێت دووباره‌یان بكه‌مه‌وه، به‌ڵام باشترین ڕێكاری خۆپارێزی بۆ داهاتوو له هه‌ر دۆخێكی وه‌ك ئه‌م دۆخه و هه‌ر مه‌ترسییه‌كی دی كه له پێش مرۆڤایه‌تییه، ڕزگاربوونه له‌و سیسته‌مه ئابووری- سیاسییه‌ی كه هه‌یمه‌نه‌ی به‌سه‌ر دوونیادا كردووه و به جیاوازییه‌كی كه‌مه‌وه له نێوان ده‌وڵه‌ته جیاوازه‌كاندا سیسته‌مێكی جیهانییه. ئاشکراشە کە ئەم سیستەمە نه‌ك ناتوانێت ژیانی مرۆڤ بپارێزێت، به‌ڵكو هه‌ر خۆی گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه له‌سه‌ر ژیان و مانه‌وه‌ی مرۆڤ، كه ئێمە لێره‌دا ته‌نها مه‌ترسییه‌كانیمان له په‌یوه‌ند به ڤایرۆسه‌كه‌دا خستووه‌ته ڕوو. ئه‌وه‌نده‌ش به‌سه كه تێبگه‌ین ئه‌م شێوازه له ڕێكخستنی ژیان و ڕێکخستنی پەیوەندییە كۆمه‌ڵایه‌تییەکان، كه بنه‌ما و ئه‌وله‌ویه‌تی قازانجی كه‌مینه‌یه‌كه له‌سه‌ر ڕه‌نج و ده‌رده‌سه‌ری زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تی، هیچ گونجاو نییه بۆ مرۆڤ و پێویسته ڕیشه‌كێشبكرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای ژیانێكی شایسته بۆ مرۆڤ ژیانی خۆمان ڕێكبخه‌ینه‌وه. ژیانێك كه تێیدا پیر و به‌ته‌مه‌نه‌كانمان ناچار نه‌كرێن ده‌ست له ژیانی خۆیان هه‌ڵبگرن و ئێمه‌ش چیدیكه بینه‌ری ئه‌م شانۆ تراژیدییه نه‌بین. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه داواكاری له حكومه‌ته‌كان داواكارییه‌كی زۆر نادروسته له ئێستادا، ئه‌گه‌ر تا پێش ئه‌م ڤایرۆسه‌ش هێشتا وه‌همی ئه‌وه‌مان هه‌بووبێت كه داخوازییه‌كانمان ڕووبه‌ڕووی ده‌وڵه‌ته‌كان بكه‌ینه‌وه، ئه‌وا له ئێستا به‌دواوه و له پاش ئه‌م ڤایرۆسەوە ده‌بێت گۆڕانێكی زۆر ڕیشه‌یی به‌سه‌ر میكانیزمه‌كانی كاركردنماندا بهێنین. ده‌وڵه‌تان بێتوانایی و بێده‌سه‌ڵاتی خۆیان نه‌شاردۆته‌وه و هه‌موو به ڕوونی بینیمان كه‌چی له هه‌گبه‌كه‌یاندا بوو، بۆیه گه‌ر تا ئێستاش ئێمه هانابردنمان بۆ ئه‌وان بێت، ئه‌وا بێگومان ئه‌م وه‌همه به‌رینه‌داوین.
هه‌ربۆیه ده‌بێت پرسیاره‌كانمان له ڕیشه‌وه بگۆڕین به‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌بێت چیبكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ته‌نه نامۆیه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی كه سه‌رمایه‌دارییه ڕزگاری ببێت؟ چۆن ده‌سه‌ڵات بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ خۆمان و ژیانێك له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌ندروستییه‌كی شایسته بۆ مرۆڤایەتی بوونیاد بنێین؟ ئیدی كاتی ئه‌وه‌یه به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌وه‌بین و له بری خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌رمه‌ترسییه‌كی دیكه، كه له سایه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌دا ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه، سه‌رچاوه‌ی زۆرینه‌ی زۆری مه‌ترسیی و نه‌هامه‌تیه‌كانی مرۆڤ كه خودی سیسته‌مه‌كه‌یه و له هه‌ر ڤایرۆسێك مه‌ترسیدارتره چاره بكه‌ین.