سیستەمەکە لەسەر تاوان دامەزراوە

0
سیستەمەکە لەسەر تاوان دامەزراوە
 
عبدالرحمن رسول
 
 
کاتێک کۆمەڵگەیەک دەسەڵات و سیستەمێک حوکمی بکات کەبناغەی دامەزراندنی دووربێت لەبەهاو نرخی ئینسانی وئازادیخوازی وئینسان دۆستی دەبێت چاوەڕوانی هاتنە کایەوەی تاوانی بچوک وگەورەی دژە ئینسانی لەپارێزەرانی ئەوسیستەم و دەسەڵاتە چەوسێنەرو سەرکوتگەرە بکەین، ئەمە ڕاستییەکەیە. بۆیە هیچ بەلای منەوە هیچ جێگای سەرسوڕمان نییە لەژێرسایەی  دەسەڵاتی کوردایەتیدا کە کڕین و فرۆشتن بەمرۆڤەکان دەکرێت و یاخود نەیاران و ئۆپۆزیسیۆنانی دەوڵەتان  ڕادەستی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە دەکرێنەوە، لەبەرئەوەی لەجۆری سیستەم ودەسەڵاتدا جیاوازی ئەوتۆیان نییە لەڕووی پابەندنەبوونیان بەیاسا نێودەوڵەتی و یاساکانی مافەکانی مرۆڤ وئازادی ڕادەربڕینەوە.. دەسەڵاتێک مێژووەکەی لێوان لێو بێت لەدژە ئینسانی و دژە ژنە لەژێر دەسەڵاتیدا بەهەزاران ژن بکوژرێت و بەسەدەها کەس لەئازادیخوازو یەکسانیخواز تیرۆربکرێت و کەسیش لەسەر ئەنجامدانی تاوانەکانی دادگایی نەکرێت، لەژێر دەسەڵاتێکدا چەندەها ساڵە هەرچی سامان وپارەو داهاتی کۆمەڵگە هەیە لەدزی وگەندەڵیدا لوش بدرێت، هەرچی بەرپرسی حیزبی وحکومی هەیە ببنەخاوەن سەرمایەی زۆرو کۆمپانیا لەو لاشەوە زۆرینەی خەڵک لەبرسێتی و هەژاری وبێکاری وبێمافی دابێت، خەڵک لەبەر هەژاری کرێی خانوویی پێ نەدرێت و لەخانوو دەربکرێت و لەسەرشاشەی ڕاگەیاندنەکان بانگەشەی خێرکردنی پێبکرێت و وێنەکەی بڵاوبکرێتەوە. کەوایە چۆن دەست دەپارێزن لەکاری ڕادەستکردنەوە بۆپاراستنی بەرژەوەندی حیزبی وسیاسییان. مستەفا سەلیمی سەرلەبەیانی شەممە ۲۳ ی خاکەلێوە ۲۷۲۰/ ۱۱-٤-۲۰۲۰ لەزیندانی سەقز لەلایەن فاشیزمی ئیسلامی ئێران لەسێدارەدرا. لەدوایی ئەوەی کە لەزیندان توانیبووی هەڵبێت لە سنووری پێنجوێن لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەلای خۆیان زیندانی دەکەن، مستەفا سەلیمی بەهێزەکانی ئاسایش دەڵێت کە ۱۷ساڵە زیندانی کراوە و بڕیاری لەسێدارەدانی هەیە، بەڵام گوێ بە قسەکانی نادەن و ڕاستەوخۆ تەسلیمی هێزەکانی فاشیزمی ئیسلامی ئێرانی دەکەنەوە، پشتڕاستکردنەوەی ئەم قسانە لەلایەن (برازا وخێزان وبنەماڵەو کەسوکاری مستەفا سەلیمی) لەڤیدۆیەکدا کەلەیوتوب وتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە. باشتر ئەو ڕاستی یەی سەلماند. بە لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوانێکی تری گەورەی دژە ئینسانیان جارێکی تر بۆ مێژووی ڕەشی پڕ خیانەت و دژە ئینسانیان تۆمار کرد. ئەمە یەکەم تاوان نییە کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی کوردایەتیدا ئەنجام درابێت، بەڵکو خودی ئەم دەسەڵات وسیستەمەیان لەسەر بناغەی ئەنجامدانی تاوانی دژە ئینسانی وبێ دەنگبوون لەئەنجامدانی تاوانی دژە ئینسانی دامەزراوە. بۆهەرتاوانێکیش لەژێر پەرچەمی هەرلایەکیان ئەنجام درابێت هەردوو حیزب وسەرجەم حیزبەکانی ناوحکومەت و سیستەمەکە بەرپرسیارن. لەبەرئەوەی بێدەنگ وبێ هەڵوێستن لە جۆری تاوانەکان، هەروەها جۆری تاوانەکە دەکەنە ململانێی سیاسی وحیزبیان بۆسوودو قازانجی حیزبی بەکاری دەهێنن، نەک ڕاگرتنی جۆری تاوان وسزادانی تاوانباران. هەربۆیە ئەنجامدانی ئەم تاوانە لەدژی مستەفا سەلیمی لەگەڵ ئەوەی تاوانێکی گەورەی ئینسانی یە لەهەمان کاتدا بیرهێنانەوەی تاوانەکانی ڕابردوویی تری هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارە. درێژکراوەی تاوانەکان بەردەوام بوونی سیستەمەکەیە، کاتێک تاوانێک دەبینین بەرامبەر خەڵک دەکرێت وا دەزاندرێت لەسەرەتادا تاوانەکە ڕووییداوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە بەوجۆرە نییە، چونکە ئەم تاوانە درێژکراوەی تاوانەکانی ڕابردووە کە خەڵکی کۆمەڵگە بێ دەنگ بووە لەئاستیدا و هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنی کرداری نەبووە، تەنها لەدڵەوە خەڵک پێیان ناخۆش بووە لەبەرخۆیانەوە ناڕازی بووە. ئەمەش هیچ لەکەمکردنەوەی تاوانەکان وڕێگریکردن لەئەنجامدانی تاوانەکان ناکات. بۆ ماوەیەکی کاتی فشاری ڕاگەیاندن وسیاسی دەکەوێتە سەر ئەو حیزب و لایەنەی کە لەژێر فەرمانڕەوایی ئەودا ئەو تاوانە ئەنجامدراوە، پاش بەڕێکردنی کات بارودۆخ وەک خۆی لێ دێتەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کەکەمترین کەس لەسیاسییەکان وهەڵسوڕاوانی ئازادیخواز لەبارەیەوە کە تیشک ناخەنە سەر ئەوەیە کە ئەوەی لەباشووری کوردستان ڕوو دەدات درێژکراوەی ئەوجۆرە دەسەڵات وسیستەمەیە کە بناغەکەی لەسەر تاوان و دزی وگەندەڵی وتاوانکاری دژە ئینسانی و نابەرابەری و نایەکسانی دامەزراوە، هەربۆیە درێژە بەهەمان نەک تاوان وکارە نائینسانییەکان دەدات، بەڵکو زۆر خراپترو دژە بەشەری تریش گەشەی پێ دەدات. لەکوشتنی نەیاری سیاسی و ڕەخنەگر وڕۆژنامەنووس و خەڵکی خۆپیشاندەر و شەق تێهەڵدان لەمامۆستا و زیندانیکردن وئاوارە کردنەوە دەگەینە ئەوەی کە گوێ بیستی زۆر تاوانی دژە ئینسانی تر ببین لەژێر سایەی ئەوسیستەمە چەسێنەرو حیزبە مافایا ئاسایانەدا. هەردوو ڕۆژ پێش تەسلیم کردنەوەی مستەفا سەلیمی بەدەوڵەتی فاشیزمی ئیسلامی ئێران گوێ بیستی  کوشتنی مناڵێکی ساوا دەبین کەهێشتا نەهاتۆتە ناو کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی ئەم چەتەو مافیا و دز وچەوسێنەرانە. بەهۆی رێگریکردن لە بازگەی شەقڵاوە تا بگەیەنرێتە هەولێر دایکێکی دووگیان منداڵەکە لە ناوسکیدا مرد! ئەمە نەک بازگەکە، بەڵکو وەزیری ناوخۆ وپارێزگار و سەرۆکی حکومەت وهەرێمیش بەشدارە لەئەنجامدانی ئەو تاوانە، چونکە پاش کوشتنی بەڵێننامەی بێ دەنگکردنیان بە کەسوکاری مناڵەکە پڕکردۆتەوە بۆئەوەی بەهۆی مردنی مناڵەکەیەوە .لەهەولێر لەژێر فشارو هەڕەشەدا بەڵێننامە بە خێزانی منداڵە مردوەکە پردەکەنەوە کە سکاڵا تۆمار نەکات! چەندین ساڵە ئەو دەسەڵات وسیستەمە کاتی گۆڕینی هاتووە، بەڵام دواکەوتنی پەیوەندی بەخودی خەڵکی ناڕازییەوە هەیە، کە نەی توانیوە بە وشیارییەوە خۆی لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری جیاوازتر لەحیزبایەتی قەومگەرایی وخێڵایەتی ومەزهەبگەرایی ڕێکخراو بکات، بەدڵنییایییەوە خەڵک ڕۆژانە ناڕەزایەتی لەدڵیدا شەپۆل دەدات بۆ گەشەی بێزاربوونی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو دەسەڵات وسیستەمە بۆگەن ودژە ئینسانییە بەگوڕتر دەبێت، لەداهاتوودا ئەم قۆناغەش دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی ڕێکخراوبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیان، چونکە لەگەڵ بینینی هەر تاوانێکی دژە ئینسانی و هەر کارێکی دژە ئینسانی و دزی وگەندەڵی خەڵک زیاتر ناچاری ڕێکخراوبوون دەکرێت. هەروەک دەڵێن دەسەڵات بەزیاد کردنی تاوانەکانی زووتر گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێت هەروەک هاوشێوەکانی ڕابردوویان لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان و ناوچەکەدا .
باسکردنی لەتاوانەکانی ئەم دوو حیزب و حیزبەکانی ناو ئەو حکومەت وسیستەمە چەوسێنەرە بەکتێبێک دوو کتێب کۆتایی نایە، چونکە هەموو مێژووەکەیان هەر لەسەرەتایی دامەزراندنیانەوە بەئەنجامدانی تاوانکاری دەستی پێکردووە بۆیە مێژوویی ئەو دوو حیزبە پڕە لەئەنجامدانی تاوانکاری دژە ئینسانی. لەساڵی ١٩٦٧پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق برامە سور، حمدی دەلاوەیی لە ئالانەی باشووری کوردستان کوشت وتەرمەکەیان تەسلیم بەدەوڵەتی ئێران  کردەوە، لەئایاری ١٩٦٨ لەگوندی دیلمانی باشووری کوردستان سلێمان موعینی و خەلیل شەوباش لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کوژرا و دواتر تەرمەکەی سلێمان موعینی درایەوە بەدەوڵەتی ساواکی ئێران، هەروەها ساڵی (١٩٦٦و ١٩٨٣ ، ئەمەچەند نموونەیەکی کەمە پێش ١٩٩١ ئەگەر بمانەوێت بەدوا داچوون بکەین زۆر هەڵدەگرێت، چونکە هەمووی تاوانکاری یە، لەدوایی ١٩٩١ وە زیاتر لە٣٥٠ کەس لەکادرو هەڵسوڕاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەژێر دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە تیرۆرکراوە لەلایەن فاشیزمی ئیسلامی ئێران، بەڵام یەکێک لەتاوانباران لەسەرکاری تیرۆریستی لەدژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران سزاندرا، هەروەها بەچەندەها کەس لەئازادیخوازانی ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی تورکیا لەباشووری کوردستان تیرۆرکرا، بەڵام کەس بەهۆی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی لەدژی ئازادیخوازانی ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی تورکیا سزا نەدرا و دادگایی نەکرا. لەڕۆژانی ٣١ی ئاب و١٦ی ئۆکتۆبەری وکوشتنی بەکر علی شاعیری چەوساوەکان وکوشتنی ڕاستەخۆی (٥) هەڵسوڕاوی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و تیرۆری ڕۆژنامەنووسەکان و خەڵکی ناڕازی خۆپیشاندەر ئەمانەش هەرتاوانن. پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین جار هەڵسوڕاوانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای تەسلیم بەدەوڵەتی تورکیایی کردۆتەوە. هەرلەبەر خاتری دەوڵەتی تورکیا چەندین مانگ گەمارۆی خستبووە سەر کەمپی ئاوارەکانی مەخمور کە ئاوارەی باکوری کوردستانی لێ نیشتجێ کراون. ئەوەی گرنگە دەبێت ئەوە بزانین ئایا ئێمە دژی تاوانین؟ ئەگەر دژی ئەنجامدانی تاوانین دەبێت کار بۆ گۆڕانی ئەم سیستەمە چەوسێنەرە بکەین کە هۆکارە بۆخوڵقاندنی تاوانەکان. ئەوەی کە دەبێ جێگای سەرنج بێ، بە هیچ شێوەیەک نابێ ئەوە بێ بزانین مستەفای سەلیمی، بۆچی گیراوە و لەسەر چ هۆکارێک لە سێدارە دراوە. ئەوەی بەلای منەوە گرینگە هیچ تاکێک (جیاوازی نییە کورد بێ یان کورد نەبێت سەر بە هەر کولتوور، ئایین یان نەتەوەیەکی دیکەبێت)، ئەم مرۆڤە بە مەبەستی پاراستنی گیانی خۆی بە شێوەیەک خۆی دەگەیەنێتە وڵاتێکی  دیکە (لەڕوویی یاسایییەوە)، ولاتێک (عێراق)  کە یاساکانی پەیوەندیداری بە مافی پەنابەری لە سەر ئەساسی کۆنوانسیۆنی ژینێفی ساڵی ١٩٥١ (Convention de Genève 1951) واژۆ کردووە.  ئەوەی کە لە چوارچێوەی ئەم یاسایەی سەرەوە مامەڵە لەگەڵ کەیسی مستەفا سەلیمی بکرێت، هێزێکی دەرەوەی یاسا (Extra juridicial) پەیدا دەبێ و بە هیچ پرس و ڕایەک بە دەولەتی خۆی، هەمان شەخس ئاودیوی سنووری دەوڵەتێک دەکاتەوە، لە دەولەتی یاسا (Conventional state) نییە و لە ڕاستی دا ڕاستەوخۆ بۆ باوەشی مەرگی دەنێرێ. هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردۆتەوە کە بەدواداچوون دەکات لەسەر ئەم ڕادەستکردنەوەیە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی ئاگای لەم پێشێلکارییە حقووقییە هەیە. چونکە ئەم ڕادەستکردنەوەیە لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بووە.
ئەم کردەوەیەی حکومەتی هەرێم و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دەسەڵاتی ناوچەکەی بەدەستەوەیە، جێگای نەفرەت و شەرمەزاریەو ئەڵقەیەکی قێزەونی دیکەیە لە نۆکەرایەتیکردن بۆ رژێمە دڕندەو کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەکانی ناوچەکە. مێژووی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی پڕە لەم جۆرە تاوانانەو هیچ کاتێك سڵیان لەوە نەکردۆتەوە کە ئازادیخوازان و نەیارانی سیاسی ڕادەستی رژێمەکانی تورکیاو ئێران بکەنەوە. هەتا ئەم جۆرە دەسەڵات و سیستەمە لەباشووری کورردستان هەبێت ئەنجامدانی ئەم جۆرە تاوانانە لەڕادەستکردنەوە وتیرۆرو کوشتنی ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتانی ئێران وتورکیا درێژەی دەبێت. ڕێگاچارە تەنها تێکۆشانە بۆگۆڕانی دەسەڵات وسیستەمی چەوسێنەرە دواتر دامەزراندنی سیستەم و دەسەڵاتێک کەماف وئازادی و ژیانێکی شایستەی سەردەم بۆخەڵک دابین بکات، ئەمەش لەگرەوی هاتنە مەیدانی خەڵکی ناڕازی دایە لەبزووتنەوەی جەماوەری شوراکانیاندا  بۆ جێگیرکردنی ئەڵتەرناتیڤی شورایی لەکۆمەڵگەدا مەیسەرتر دەبێت.
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.