سەرنجێکی خیرا سەبارەت بە تێڕوانینی چۆمسکی و ژیژاک لە بارەی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە
سەرنجێکی خیرا سەبارەت بە تێڕوانینی چۆمسکی و ژیژاک لە بارەی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە
سالار حەمە سەعید
سەرەتا ئەم پەتای کۆرۆنا ڤایرۆسە هەرچی زیاتر جەوهەر و ناوەرۆکی سیستەمی سەرمایەداری خستەڕوو کە سیستەمێکە پڕە لە ناتەبایی و ناکۆکی و زیاتر ماهیەتی راستەقینەی ئەم سیستەمە نابەرابەرە ئاشکرابوو کە سەرتاپا لەسەر نابەرابەری پایەکانی ڕاگرتووە. لەڕاستیدا قەیرانی سەرمایەداری هەر چەند ساڵ جارێک ڕوودەدات، کاتی هاتبوو و تەنانەت لەکاتی خۆی دواکەوتبوو دەبا ئەم قەیرانە ئابووریە ڕووبدات بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا. ئەم قەیرانەی کە ئێستا سەرمایەداری تێکەوتووە یەکێک لەهۆکارەکانی ئەم پەتای کۆرۆناڤا یرۆسەیە، بەڵام تەنها هۆکار نییە و چەندەها هۆکاری تری هەیە کەلێرەدا تەنها باس لەم پەتایە دەکرێت.
نوام چۆمسکی بیرمەندو زمانناس ڕاشکاوانە نیولیبرالیزم تاوانباردەکات بەوەی دەستی هەیە لەم پەتایەدا، ئەو دەڵێ دەکرا ڕێگری لە کۆرۆنا ڤایرۆس بکرایا ئەگەر دونیا (جیهان) دوای بازاڕ وئاماژەکانی بازاڕ نەکەوتایا. هەروەها چۆمسکی پێی وایە کە ئەم بارو رەوشە شکستێکی گەورەی بازارە زل و زەبەللاحەکانە. وە هەروەها هەموو ئەم کێشەی کۆرۆنا ڤایرۆسە دەگەڕێنێتەوە بۆ جەوهەری بازاڕ و دڕندەیی نیولیبرالی کە خراپتر بووەتە توندکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییە ئابوورییە قووڵەکان.
چۆمسکی پێی وایە کە زۆر لەوەوبەر دەزانرا کە ئەگەری وەها پەتایەک هەیە. ئەو دەڵێ ڤایرۆسی سارس ١٥ ساڵ لەمەوبەر کۆنترۆڵکرا و ڤایرۆسەکان دەستنیشان کران و دەستەبەندی کران، ڤاکسینیان هەبووە. تاقیگەکان هەر لەوکاتەوە دەیانتوانی دەستبکەن بەکارکردن لەم بوارەدا بە گەشەپێدان و پارێزگاریکردنی مرۆڤەکان لە پەتای کۆرۆنا ڤایرۆس، بەڵام نەیان کرد، چۆمسکی دەڵێ: چونکە ئاماژەکانی بازاڕ هەڵە بوون، واتە بۆچوونەکانیان کە لەسەربنەمای بازاڕەو بازار ئاراستەی پێدەدا هەڵە بوو.
چۆمسکی سیستەمی نیولیبرالیزم تاوانبار دەکات کە ئەمە پەتای نیولیبرالیزمە کە ڕێگەی نەدا بەدەرکردنی ڤاکسین بۆئەم ڤایرۆسە. وێرای ئەوەی کە ڕاستی هەیە لەم وتەیەی چۆمسکی دا کە سیستەمی نیولیبرالیزم تاوانبار دەکات، بەڵام بەڵگە نییە بۆئەوەی کە ئەم ڤایرۆسە ناسراو بووە و دەست نیشانکراوە و ڤاکسنی بۆ نەکراوە. ئەمە زیاتر بۆنی تیۆری پلانگیری پێوە دیارە کە جێی نابێتەوە لە باسە زانستیەکاندا. گەر بوترێ کە سەرمایەداری بەرپرسە لەم پەتایەدا ئەوە راستە، هەرشتێ لەکۆمەڵگای بەشەریدا رووبدات تەنانەت کارەساتەکانی لەپەیوەند بە (گلۆبەل ۆرمین/ گەرمبوونی گۆی زەوی)، گۆڕان لەکەش وهەوای سەر زەوی، سەرمایەداری لێی بەرپرسە، ئەم سیستەمە بەرپرسە چونکە ژیانی مرۆڤەکانی لامەبەست نییە، بەڵکو تەنها قازانج و کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە تەنها پاڵنەری سیستەمەکەیە. لەبەرئەوەی ئەم سیستەمە کەمتەرخەمی زۆری کردوە لەم بوارەدا وتەنانەت گەورە هێزێکی وەک ئەمریکا دان بەگرنگی ئەم مەسەلە گرنگەدا ناهێنێ و پارەی بۆ تەرخان ناکات. وە لەئەنجامدا ئەو کارەساتانەی وەک سۆنامی و نقووم بوونی ڕووبەری زۆر لەرووی زەوی دەگەرێتەوە بۆ گوێ پێنەدانی کاپیتالیزم بەم مەسەلە گرنگە. هەر بەوپێیە سەرمایەداری بەرپرسە لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتا و ڤایرۆسە، کە دەیتوانی پارەیەکی ئێجگار زۆر بۆ توێژینەوەی زانستی تەرخان بکات تا لێکۆلینەوە لەو ڤایرۆس و پەتایانە بکرێ و چارەسەری بۆ دابنێ پێش ڕوودانی ئەو کارەساتانە. بەڵام ئەوەی کە کۆرۆناڤایرۆس دەست نیشانکرابێ و زانرابێ ئەوە جێگەی گومانە، چونکە دکتۆرە چینیەکان لەم دواییەدا زانیاریان کەوتە بەردەست سەبارەت بەم ڤایرۆسە.
ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە فەیلەسوف و بیرمەندی بەنێوبانگ سلاڤۆی ژیژاک کە سەبارەت بە هەموو ڕووداو دیاردەو کێشە جیهانیەکان قسەی هەیە وخاوەنی چەندین کتێبە سەبارەت بەم پەتای کۆرۆناڤایرۆسە راوبۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە. ژیژاک چەپەکانی پێ نادروستە کە دەڵێن دەسەڵاتداران و حکومەتەکان کۆرۆناڤایرۆسیان کردۆتە بیانوو بۆ هەرچی زیاتر کۆنترۆڵکردنمان و دەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە خەڵک و ئازادییەکان سنوورداربکەن. ژیژاک پێی وایە کە دەسەڵاتداران و سیاسەتمەداران کۆنترۆڵی وەزع و بارو رەوشەکەیان نییە و خۆیان لە ترس وبیم دان، ترسی گەورەیان هەیە کە دەبێ چی رووبدات ؟ وە دوابەدوای ئەم پەتایە چی دەبێت وچی چاوەڕوانیانە. هەروەها دەڵێت کە گوایا بەو دەربڕینەی کە خۆی دەیڵێ دەوڵەمەندەکان پێویستیان بە ئێمە هەیە، ئێستا لە هەمووکاتێک زیاتر پێویستیان پێمانە. ژیژاک لەوباوەڕەدایە کە سەرمایەداری ناتوانێ بەوشێوەیەی کە هەیە هەروا بتوانێ بمێنێتەوە وە بۆ ئەوەی سەرمایەداری بتوانێ بەردەوام بێت و بمێنێتەوە یەکێک لەئەگەرەکان ئەوەیە کە سەرمایەداری دەبێ گۆڕانکاری رادیکاڵ ئەنجام بدات. ئەگەرێکی تر بەرای ژیژاک ئەوەیە کە دیکتاتۆری ڕاستەوخۆی زاڵمانە دابمەزرێ وە یاخود دەسەڵاتداریەتیەکی بەربەری ودڕندە وپڕ لە ئاژاوە وفەوزا. ژیژاک پێشبینی ئەوە دەکات کە تەواوی ساختاری دارایی سیستەمی سەرمایەداری تووشی داڕمان بێت.
پرسیار ئەوەیە کە تاچ ئەندازەیەک بیرۆبۆچوونەکانی ئەو بیرمەند و شیکەرەوە سیاسیانە لەگەڵ ڕاستیدا ئاشنان. دەگونجێ هەریەک لەو بیرمەندانە هەندێک لەراستی لە قسەکانیان دا هەبێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێ کە کەموکوڕی هەیە لەو بۆچوونانەدا. ئەگەرچی هاوڕام لەگەڵ ژیژاک سەبارەت بەڕەتکردنەوەی بۆچوونی چەپەکان، چونکە پێموانییە کە هەموو ئەم کارەساتە گەورەیە سیناریۆیەک بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئازادییەکان وسنووردارکردنی، ناکرێ لەوباوەڕەدابین سەرمایەداری وجود وبوونی خۆی بخاتە گەورەترین تاقیکردنەوەی ترسناکی مان ونەمانەوە لەپێناو ئەو ئامانجەدا. لەهەمانکاتیشدا هاوڕانیم لەگەڵ ژیژاک دا کەدەڵێ دەسەڵاتداران لە ترس وبیم دان و کۆنترۆڵی بارو ڕەوشەکەیان نییە. ئەم بۆچوونە زۆر پەلە و رووکەشیە و بەڵگە نییە بۆ ئەم وتانە. ڕاستیەکەی وانییە کە ترس و بیمێک بەوشێوەیەی کە ژیژاک وەسفی دەکات ڕوویدابێ و دەسەڵاتداران کۆنترۆڵیان لەدەستدابێ. بەڕای من زیادەڕەویە و دوورە لەراستیەوە. ڕاستە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە، راستە لەحاڵەتێکدایە کە نادیاری زاڵە بەسەریدا، بەڵام کۆنترۆڵی لەدەستنەداوە. هێشتا بارو رەوشەکە نەگەیشتۆتە پشێوی و نەبوونی نەزم و ئارامی، بەڵام ئەوەی لەترس و بیم دایە تەواوی خەڵکە، خەڵک بیری بە پلەی یەکەم لە سەلامەتی گیانی خۆیان و کەسوکار وخێزان و ماڵ ومناڵیانە، لە بیری خۆراک وبژێوی ژیانیاندان کە چۆن بتوانن خۆراک کەڵەکە بکەن تا لەماڵەکانیان نەیەنەدەر بۆ پاراستنی گیانیان. حکومەتەکان بەردەوام لەهەوڵدان کە سنووری چینەکان بسڕنەوەو بە ناوی ئەوەی هەموو لەیەک کەشتی دان لەم مەینەت و میحنەتەدا، دەیانەوێ لەڕێگەی میدیاکانەوە پیشانی بدەن کە ئەکتەرێکی بەناوبانگی هۆڵیود تووشی کۆرۆناڤایرۆس بووە، و سەرۆک وەزیران تووشی پەتاکە بووە هەروەک چۆن خەڵکانی نەدارا وکەمدەرامەت تووش دەبن. دەیانەوێ ئەوە بخەنە ڕوو کە ئێمە هەموو ڕووبەرووی یەک کارەسات دەبینەوە و جیاوازی نییە لەنێوانماندا. بۆ کاڵکردنەوەی جیاوازییە چینایەتیەکان بەلانی کەمەوە لەم بارو ڕەوشە کە پێویستی بەئارامییە. هەروەک دەبینین بۆریس جۆنسن داوا لە حزبەکان دەکات کە با پێکەوە یەک دەنگ بین ولە بیری بەرژەوەندی نیشتمانی ومیللی دابین و جیاوازیە سیاسیەکان بخەینە لاوە. هەربۆیە توانیویانە خەڵک لەپشت بڕیارەکانیان کۆکەنەوە و تەنانەت خەڵک ئامادەیە خۆبەخشانە هاوکاری بکات لەگەڵ دام و دەزگای تەندروستیدا و سەرکەوتوو بوون لەم بوارەدا. هەر بۆیە دەسەڵاتداران تا ئەندازەیەکی زۆر خاترجەمن کە تا ئەم پەتایە هەبێت تەنها ترسێک کە هەبێت پەتاکەیە و هەوڵ دانە بۆ راگرتنی (احتواء) وە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە.
ژیژاک دەڵێ کە سەرمایەداری گەیشتۆتە دواقۆناغی، بەڵام ئەمە وتەیەکی تازە نییە ئەمە هەمان وتەی لینینە کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە کتێبەکەیدا باسی لێوەدەکات کە بەناوی: ئیمپریالیزم، بەرزترین قۆناغی سەرمایەداریە. کە هەمان شت دەڵی کە ئەمە دوا قۆناغی سەرمایەداریە. ژیژاک پێشبینی ئەوە دەکات کە سیستەمێکی تەواو جیاواز بێتە کایەوە پاش ئەم پەتایە وجیهان جیهانێکی تەواو جیاواز دەبێت. سەرمایەداری ناتوانێ بەشێوە نۆرمال وئاساییەکەی جارانی کار بکات . ژیژاک لەوباوەڕەدایە کە هەر ئێستا چووینەتە سیستەمێکی جیاوازەوە. بەڵام ژیژاک بەبێ ڕوونکردنەوە ئەم باسانە دەکات کە چۆن ئێمە کەوتووینەتە سیستەمێکی تەواو جیاوازەوە، کوان ئەو جیاوازیانە؟ وە ئەو سیستەمە کامەیە وچی یە؟ هەر بەو بەڵگەیەی کە سەرمایەداری لۆژیکی بازاڕی پێشێل کردوە، ناکرێ بوترێ سیستەمێکی جیاوازە. خۆ سەرمایەداری هەمیشە لە قەیرانەکانیدا ڕوویکردۆتە ئەنجامدانی رێکارگەلێک کە هەرگیز لەبارو ڕەوشی ئاساییدا پەنایان بۆنابات. بۆنموونە پارە بەخشینەوە بۆ رزگارکردنی سەرمایەداران لە تەنگانەکەیاندا هەمیشە پەنایان بۆبردوە بێگوێدانە لۆژیک ومەنتیقی یاسا ئابووریەکان. ڕاستە سەرمایەداری پاش سەرکەوتن بەسەر پەتای کۆرۆناڤایرۆس دەکەوێتە قەیرانێکی ئێجگار قووڵی ئابووریەوە کە ناکرێ بەراورد بکرێ بەقەیرانەکەی ساڵی ٢٠٠٨ بەڵکو هەر لەئێستاوە بە ئاراستەی کەسادێکی ئابووری دەڕوا دەکرێ لەهاوشێوەی قەیرانە گەورەکەی ساڵانی ١٩٢٩ تاکۆتایی ١٩٣٠یەکان بێت.
٧/٤/٢٠٢٠