ڕەخنە لە مێژوو، بۆ بنیاتنانی مێژوویەکی نوێ هەنگاوێک بەرەو پێکهێنانی حزبێکی مارکسی
ڕەخنە لە مێژوو، بۆ بنیاتنانی مێژوویەکی نوێ
هەنگاوێک بەرەو پێکهێنانی حزبێکی مارکسی
سێ هاوڕێ “سامان کەریم، عامر رسول و کامل احمد” کۆبووینەوە و یەکمانگرت. ئێمە کەمین، بەڵام بە هیواو و ووزەیەکی بێ وێنەوە یەکمانگرت بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو بڕۆین بەرەو پێکهێنانی قەڵایەکی چینایەتی کرێکاریی و کۆمۆنیستی مارکسی. ئەم تێزانە بۆ ئێمە هەنگاوی یەکەمە، بۆ ڕاکێشانی مێژوو بەرەو باوەڕێک کە هەمانە و کارێک کە پێی هەڵدەستین. ئەرکێکی هێجگار سەختە، بەڵام نەکردە نییە. جگە لە پێکهێنانی حزبێکی کۆمۆنیستی و کرێکاریی و مارکسی “حزبێکی مارکسی” ڕێگای دیکەمان نییە بۆ سەرخستنی شۆرشی چینی کرێکار. هەموو توانا و هەوڵێکمان لەم پێناوەدا بەگەڕ دەخەین، لەم قۆناغە سەختە لۆکەڵی و جیهانیەدا. هەنگاوی یەکەمی ئێمە، لە بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەنامەیەوە دەست پێدەکات. ئێمە ڕووبەڕووی ڕەوتە بورجوازییە سەرەکییەکان دەبینەوە، نەک چەپ و تەنانەت هێزە بورجوازییە لاوەکییەکان لەم سەردەمەدا. بەم پێیە ، بۆ تێپەڕین لە مێژووی ڕابوردوو و بەدیهێنانی مێژوویەکی نوێ، ئەم تێزانە وەک بەڵگەنامەی یەکەمی خۆمان ڕادەگەیەنین.
یەکەم:
شۆڕش، نەک تەنها شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار، بەڵکو تەنانەت شۆڕشی سیاسی و ڕیفۆرم لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسی بورژوای و سیستەمی دەسەڵاتداریەکەیدا، بەبێ ڕێکخراوبوون و ڕابەری چینی کرێکار، نەک مەیسەر نابێت، بەڵکو شکست دەخوات. مەسەلەی ئەوەی کە چینی کرێکار ڕاستەوخۆ شۆرشی خۆی پیادە دەکات و بەم پێیەش کۆمەڵگا ئازاد دەکات، یان بە ناچار دەست دەبات بۆ ئارایشتێکی دیکەی نێوەندبڕ و تەکتیک، تەنها پەیوەندە بە هاوسەنگی هێزی چینایەتییەوە. حزبی کۆمۆنیستی مارکس ناتوانێت، بێ ڕێکخراوبوون و هێزی چینی کرێکار، هەنگاو هەڵگرێت.
دووەم:
خەتی گشتی کۆمۆنیزمی ڕەسمی -کۆمۆنیزمی بورژوازیی- لەم سەردەمەدا، چالاکی پۆپۆلیستی و ناسیونالیستی یان لیبڕاڵی پراتیک دەکات و وەک لێوردبوونەوەیەکی کۆمۆنیستی ئەژماریان دەکات و ڕایدەگەیەنێت. ئەمە نەک لەئاستی جیهانی واقعی و ململانێی چینایەتی و گەشەی ڕێکخراوبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری وخەباتکارانەی چینی کرێکار، بەڵکو دیسان لە ئاستی لێوردبوونەوەی ماددی لە زەیندا. تەنانەت نەک وەک پراتیکی توخمی چالاکی کرێکار، بەڵکو وەک هێزێکی بورژوازیی، دژ بەوە. کۆمۆنیزمی بورژوازیی ئەم سەردەمەی سەرمایەداری کە لە لایەن وڵات و حزبی کۆمۆنیستی چینەوە پیادە دەکرێت، ڕاستەوخۆ سیاسەتێکی دژە پرۆلیتێری جێبەجێدەکات. بەکارهێنانی “مارکس و کۆمۆنیزم” تەنها بۆ دژایەتیکردنی خەباتی چینایەتی کرێکارە.
سێیەم:
کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵ -خەتی گشتی کۆمۆنیزمی کرێکاری- لە عێراقدا، بناغەکەی گشت کۆمەڵگایە نەک چینی کرێکار. بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار، لە قاڵبی کۆمەڵگە و لە نێو پراتیکی “کۆمەڵگە” و “جەماوەر” دا، دەشێوێنێ و وون دەکات. خەتی گشتی ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری و باڵە جیابووەکان لێی لە عێراقدا، ڕەوتی -نەک بزووتنەوە- چەپی سکولار و دژ بە ئیسلامی سیاسی و ئەحزابی کوردایەتی – نەک تەنانەت بزووتنەوەی کوردایەتی- پێک دەهێنن. لێرەشەوە مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئەم ڕەوتانە دێتە پیشەوە، نەک بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و شۆرشی کرێکاری. دوورکەوتنەوەی هەرچی زیاتری ئەم ڕەوتانە لە حزبی چینی کرێکار و حزبێکی مارکسیستی و شۆڕشگیر، پاش ٣٠ ساڵ لە چالاکیان “وە چالاکیمان” ئەم حەقیقەتە دەسەلمێنێت. کرێکار و بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار، بۆ ئەم ڕەوتانە، لە فۆرمی ئاکسیۆن و سەرشەقامەکاندا دەبینرێت. لەدەرەوەی ئەوە، بزووتنەوەی کرێکاری لە ڕیزی نەبواندایە. لە باری سیاسییەوە ئەم ڕەوتانە و باڵە جیابووەکان لێی، هەمان سیاسەتیان ڕاگەیاندووە، بەرانبەر بە مەسائیلە سیاسیە گرینگەکان. جیابوونەوەی ئەو باڵانە و خیلافەکانی نێوانیان، لە باری سیاسییەوە مانای کۆمەڵایەتی نییە.
چوارەم:
” مێژووی تائێستای هەر کۆمەڵگەیەک، جگە لە مێژووی ململانێی چینایەتی، شتێکی تر نیە”. جیهانی واقعی سەردەمی سەرمایەداری، جیهانی ململانێ و خەباتی چینایەتی نێوان چینی کرێکار و چینی بورژوازییە. تەواوی کێشەکانی تر لە چوارچێوەی ئەو خەباتەدا مانا پەیدا دەکات. لەدەرەوەی ئەم خەباتە، ئیتر دەگەینە ئاسمان و لەسەر زەوی نامێنین. بۆیە کێشەی سەرەکی ئەمرۆی خەباتی چینایەتی ئەوە نییە کە کرێکاران دیارنین و لە مەیدان و سەر شەقامەکاندا ڕانەپەڕن، بەڵکو کێشەی سەرەکی ئەوەیە چینی کرێکارو بزووتنەوەکەی بۆ لە مەیدانی سیاسەتدا، وەک هێزێکی ڕێکخراوی چینایەتی نائامادەیە؟ کۆمۆنیزمی مارکس، کۆمۆنیزی هاوچەرخ، پێویستە وەڵامی کۆمەڵایەتی ئەم پرسیار و گرێ گەورەیە بداتەوە. وە بە شێوەیەکی پراتیکی و وەک توخمێکی چالاکی ئەم سەردەمە، وەڵامی مارکسیستی بداتەوە بە گرێ و کێشەکانی بەردەم بزووتنەوەی کرێکاری. زەمینەی کۆمەڵایەتی و کەشێکی فکری و سیاسی مارکسیستی ئامادە بکات، کە بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی وەک ئاڵا و ئاسۆی سیاسی خۆی جارێکی دیکە جێگای بۆ بکاتەوە.
پێنجەم:
بزووتنەوەی کرێکاری وەک بزووتنەوەیەکی “ئابوری” و لە پێناو هەندێ ڕیفۆرمدا و دژ بە سیاسەتە ئابورییەکانی سەرمایەداری، ماوەی ١٢ ساڵی تەواوە نمایشی هێزی خۆی دەکات لە وڵاتە گەورەکانی سەرمایەداریدا، لە چینەوە بگرە تا فەرەنسا، لە تورکیاوە تا میسر و ئێران و مەراکش و تونس و عێراق و بەرازیل. کۆسپی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە لە ئاستی جیهانی و لۆکەڵیدا، نەبوونی ئاڵای مارکسە، وەک ئاسۆی سیاسی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکار و بەم پێیە، لاوازی گەورە لە ڕێکخراوبوون و هاوپشتی چینایەتی و ئەنتەرناسیونالیستیدا. بورژوازیی جیهانی سەرکەوتوو بووە لە زەوتکردنی ئاڵای مارکس، “ڕێباز و ئاسۆی سیاسی”، لە بزووتنەوەی کرێکاری لە پرۆسەیەکی مێژوویی فراواندا. ئەم پڕۆسەیە لە نیوەی دووەمی دەیەی بیستەکانی سەدەی ڕابووردووەوە، لەئاستی هێرشی سیاسی و فکری و ئابوریدا، دەستپێدەکات و تا ئێستا بەردەوامە. لە دوو دەیەی ڕابوردوودا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت چینی کرێکار لە قامەتی هێزێکی سیاسی چینایەتیدا، نمایشی نەکردووە. دەرکەوتنەوەی مەزاجی شۆرشگیرانەی چینی کرێکار لە کۆمەڵگەدا، جارێکی دیکە پێویستی بە ئاڵای مارکسە. وە خەباتی چینایەتی ئەمرۆ، لە هەردوو ئاستە جیهانی و لۆکەڵیەکەیدا، پێویستی بەوەیە جارێکی دیکە، بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی، ئاڵای مارکس بکاتەوە بە ئاڵای خۆی. وە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نێو دەروونی بزووتنەوەی کرێکاری، بەم ئاڵایە، لە سەردەمی ئەمرۆدا، چەکدار بێتەوە و لەباری کۆمەڵایەتیەوە خاوەنی بێت. شۆرشی کرێکاریی بێ دابینکردنەوەی کەشێکی کۆمەڵایەتی لەم چەشنە، ناگاتە ئەنجام.
شەشەم:
لە سەرپایەی کۆمەڵگە بە گشتی، ئەحزابی کۆمۆنیستی جۆراجۆر پێکهاتوون و لەوانە حزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراق. بەڵام پایەی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی سەر بە نەریتی مارکس “ئاڵاو ڕێباز” بزووتنەوی کرێکاری وخەباتی چینایەتی ئەم هێزەیە بەرانبەر بورژوازیی، نەک کۆمەڵگە بەگشتی و جەماوەر بە گشتی و “چەپ” بەگشتی. لێرەوە، حزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراق، پاش ٣٠ ساڵ (ئێمەش وەک بەشێک لێی) نەک نەبوونە بەشێکی “ئاوێزان” و ” نەبوون” بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و تێکەڵ نەبوون بە بزووتنەوەی کرێکاری و گرێ وگۆڵەکانی، بەڵکو لە ڕاستیدا لە دوو جیهانی جیاواز دا دەژین. جیهانی سەر شەقام و دژی ئیسلامی سیاسی لە عێراق، دژی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد لە هەرێمی کوردستان، دواکەوتنی ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگە، لە لایەک، وە جیهانی خەباتی ڕۆژانەی چینایەتی کرێکار بە شێوە و شێوازی جیاواز، دژ بە بورژوازیی و دەسەڵاتەکەی لە لایەکی ترەوە. دوو جیهانی تەواو جیاواز. حزب کوێخای بزووتنەوە نییە، ڕابەرو ڕێکخەر و ڕێنیشاندەر و ئامادەکار و نەخشە کێشە، بۆ سەرکەوتنی شۆرش. بەم پێیە پایە چینایەتییەکەی بناغەییە، ولێرەوە بڕیار و بڕیارنامەکان مانای واقعی پەیدا دەکات. واتە بوون لە نێو خەباتی ڕۆژانەی کرێکاریدا دژ بە جەور و ستەمی سەرمایەداری.
حەوتەم:
بیرکردنەوە و تەنانەت لێکدانەوەی زەینی مرۆڤ و خەیاڵی بەربڵاوی، سەرەئەنجام مەسەلەیەکی تەواو پراتیکی و بەدەستهاتووە. کۆمۆنیزم بەگشتی وە کۆمۆنیزمی مارکس بەتایبەت لە پرۆسەیەکی مێژووییدا، لە قەڵەمڕەوی پراتیکەوە دەگاتە قەڵەمڕەوی فکر و ڕێباز و دواجار لە قەڵەمڕەوی پراتیک و توخمی چالاکی کۆمەڵگەوە “بزووتنەوەی کرێکاری” دەبێتە ئاڵای مارکس و مانفێست و پراتیکی هۆشیارانەی بەشی پێشڕەوی چینی کرێکار. کۆمۆنیزمی ڕەسمی و کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراقدا، ئەم حەقیقەتە درک ناکات. کۆمۆنیزم وەک پەرتوکێکی مقدس دەبینن لە چوارچێوەی سنورێکی داخراودا. کۆمۆنیزمی مارکس و بوون بە ئاڵای بەشی پێشروەی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئاستی جیهانیدا، مەسەلەیەکی پراتیکی وە مێژوو کردە، نەک مەسەلەیەکی ئەزەلی و”نەمر” بێت یان بتوانێت بیبێت. چۆن بە پراتیکی توخمی چالاک، بۆتە بەشێک لەبزووتنەوەی کرێکاریی، بەهەمان شێوە بەهۆی دژە پراتیکی سیاسی بورژوازییەوە، دەکرێت زەوت بکرێتەوە، وەک هەر دەستکەوتێکی تری بزووتنەوەی کرێکاریی. ئەگەر چی ئەم دەسکەوتە گەورە مێژووییە، تایبەتمەندی خۆی هەیە.
هەشتەم:
تەحەزوبی کۆمۆنیستی لە بواری پراتیکدا، واتە پێکهێنانی حزب. لە ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکارییدا، هیچ پەیوەندییەکی نییە، بە بزووتنەوەی کرێکاری و بەشی پێشڕەوی ئەوەوە. حزب پێکدێت پاشان تیۆر و تێزەکانی “پەیوەندگرتن بە چینی کرێکار” و “گۆرینی حزب بۆ حزبێکی کرێکاری” و ” کرێکاریکردنەوەی حزب” دێتە پێشەوە. لە پێشەوە ڕابەرییەکەی دروست دەکات بێ ئاگاداربوونی بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاری. ئەمە تیۆری تەحزوبی چینایەتی کرێکارو شۆرشی کرێکاری نییە، بەڵکو تەحزوبی ڕەوتێکی فکرییە، کە هەرگیز سیاسی نابێتەوە، وە ناتوانێت سیاسی بێتەوە، مەگەر لە پاشکۆی ڕووداوی هێزە سەرەکییەکانی بورژوازیدا. چینی کرێکار و بزووتنەوەکەی تا ئێستا لە عێراق و کوردستان، خاوەنی حزبی خۆی نییە.
نۆیەم:
تەحەزوب، حزبی کۆمۆنیستی مارکس، حزبی کرێکارانە. جیاوازییەکانی لەگەڵ حزبی کرێکاراندا، لە مانفێستدا باسکراوە. بەڵام پایەکەی یەک مەسەلەیە و هیچی دیکە. پایەکەی هەمان پایەی چینایەتییە، واتە، کرێکاران خۆیانن. ئەوەی جیاوازی دەداتە کۆمۆنیزمی مارکس و مانفێستەکەی لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئامانج و سیاسەت و نەریتی کۆمۆنیستی و هاوپشتی ئەنتەرناسیونالی چینایەتی و توڕهەڵدانی “نەتەوە” و ” دین” و ” تائیفەی دینی” و “نیشتمانی بورژوازی” و “باکورو باشور” و “ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات” و “ڕەش و سپی” یە. ئەگەر نا، پایەی چینایەتی حزبی کۆمۆنیستی مارکسی تەنها چینی کرێکارە. حزبێک کە لە نێو چینی کرێکاردا، پایەی نەبێت و بەشێک نەبێت لە پراتیکی ئەم چینە، بێگومان ناتوانیت سەر بە کۆمۆنیزمی مارکس بێت. لەباری تێڕوانین و پراتیکەوە، کۆمۆنیزمی کرێکاریی وباڵ و ڕەوتە جیاوازەکانی، زیاتر کۆمۆنیزمێکی لێوردبوونەوەییە “تەئەمولییە”، بۆیە لەبواری پراتیکدا دەبێتە، کۆمۆنیزمی کۆمەڵگەی مەدەنی!! وەک ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی بەشێوە و شیوازێکی ڕادیکال ومۆدێرن، پراتیک دەکات…. کرێکار لە شوێنێکە و ئەم کۆمۆنیزمە لە بەرەیەکی دیکەیە. سیاسەت دەکات و کرێکار ئاگادار نییە، شۆرش دەکات و کرێکار لەمەیدانی کاری خۆیدا، مەزاجی شۆرشگیرانەی نییە، چ جا بگات بە ڕێکخراوبون و ڕابەریکردن. کرێکار و کۆمۆنیزمی کرێکاریی له عێراقدا، لە دوو ڕاڕەوی تەواو جیاوازدان و ئاگاداری یەکتر نین. نەبوونی یەک شانەی کۆمۆنیستی سەر بە ڕێکخستنەکانی ئەم حزبانە لە نێو کرێکاران ، لە هەموو عێراقدا، ئەو حەقیقەتە دەسەلمێنێت.
دەیەم:
بزووتنەوە سیاسییەکان، هەمیشە کۆمەڵایەتین. بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکان هەمیشە خاوەنی خۆیان هەیە. سەرجەم ئەو بزووتنەوانەی لە دەرەوەی بزووتنەوەی کرێکاریی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی دەردەکەون و نمایشی مێژوویی خۆیان دەکەن، بزووتنەوەی بورژوازیین، بە شێوە و شێوازی جیاواز و لە هەلومەرجی جیاوازدا، بەپێی پێداویستیەکانی ئەم چینە گەشەدەکەن و دەردەکەون. بزووتنەوەی سیاسی “سەربەخۆ” بوونی نییە. تێڕوانینی لەم چەشنە، واتە بیرکردنەوەی ئەوەی کە بزووتنەوەی سیاسی سەربەخۆ بوونی هەیە، دژە بە لێکدانەوەی چینایەتی لەم سەردەمەدا. سەرجەم بزووتنەوەکانی “بەهاری عەرەبی” و “شۆرشە پرتەقاڵی” و “ڕەنگاو ڕەنگەکان” لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابوردوودا، بزووتنەوەی سیاسی بورژوازیین وە بوون، دوور و نزیک پەیوەندییان نییە تەنانەت بە “شۆرشی سیاسی” یەوە بەقازانجی خەڵک. وە هەریەکە و بە شێوەی جیاواز بەهرەمەندە لە سەرکردایەتی سیاسی خۆی، بە حزب یان بێ حزب، ناسراو و دەرکەوتە وبەناوبانگ، یان “ڕابەری دووردەست” (واتە بەئاشکرا، کەسێک یان لایەنێک خۆی ناکات بە خاوەنی، بەڵام ئاسۆی سیاسی و شێوازی خەباتکارانەی بە ڕۆشنی نیشانی دەدات کە لە قاڵبی هێزە بورژوازیی و هەلقە حەلەزۆنیەکەیدا، دەسوڕێتەوە، بەم پێیە بێخاوەن نییە). گشت شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییانەی سودان و جەزائیر و عێراق، وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی “نەک وەک بزاوتێکی داواکاری، ئەمەیان بە تەواوی جیاوازە” ئەم چوارچێوەیە تێپەڕ ناکەن.
یانزەیەم:
کۆمۆنیزمی مارکس، کۆمۆنیزمێکی ڕۆشن، خاوەن بەرنامەی ستراتیژی سیاسی و پراتیکی و هەروەها بەرنامەی کاری رۆژانەی کۆمۆنیستییە. ستراتیژی کۆمۆنیستی، مەسەلەیەکی فەوری و دەست بەجێیە بۆ حزبێکی کۆمۆنیستی مارکسی، لەسەر پایەی هەلومەرجی ئێستای خەباتی چینایەتی و هاوسەنگی هێزی نێوان کرێکار و بورژوازی، لەئاستی جیهانی و لۆکەڵیدا. لە هەر قۆناغیکدا، ترۆیکای “هاندان و پڕوپاگەندە و رێکخستن” ناوەرۆکی سەرەکی چالاکی کرێکاری و کۆمۆنیستی پێکدەهێنن. بەپێی هەر قۆناغە پراتیکی جیاواز لە چالاکی و میکانیزمی دیکەی کارکردن دەخرێتە دەستوری کارەوە لە هەر وڵاتیک یان ناوچەیەک دا. کۆمۆنیزمی کرێکاریی و ڕەوتە جیاوازەکانی، هەردوو لایان هەمیشە بە دوای ڕوداوەکاندا ڕادەکەن. مێژووی ٣٠ ساڵی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراقدا هەر ئەوەیە. وە تەنانەت ئەگەر ناچار بێت ستراتیژی کۆمۆنیستی بنوسێت وەکو یەک لاپەرەی نەنوسراو دەمێنێتەوە توانای پیادەکردنی نییە و نابێت. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە خاوەنی هێزی چینایەتی خۆی نییە، وە ناتوانێت ببێت. سەر بەو نەریتە چینایەتییە نییە. هەمیشە بە دوای ڕووداوەکانەوەیە، بێ ئاکسیۆن، کارێکی دیکە شک نابات. ئەوە مێژووی ٣٠ ساڵەی ئێمە بووە.
دوانزەیەم:
ئامانجی ئێمە وەک گروپێک “ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ” یان هەر هەنگاوێکی ڕێکخراوەیی تر لە ئایندەدا، پێکهێنانی حزبی چینایەتی کرێکارە. شۆڕشی پڕۆلیتاریا بەبێ بوونی حزبی چینایەتی خۆی مەیسەر نابێت. چینی کرێکار بێ بەشە لە حزبی خۆی لەمڕۆی عێراق و کوردستاندا. حزبێکی مارکسیستی شۆرشگێڕ و جەسور و دامەزراو لە نێو بەشێک لە پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریدا. ئێمە وەک ئاڕاستەیەکی هاوچەرخی مارکسیستی بەشێکی کارا دەبین لە ڕاستای پێکهێنانی حزبێکی مارکسیستی، کە نەریتە پێشڕەوەکانی بزووتنەوەی کرێکاری هەر لەسەرەتاوە لە خۆیدا نمایش بکات، نەک تەنها لە ئاستی مانیفێستدا بەڵکو لە پراتیکیشدا. لە هەمانکاتدا، ئامادەی پێکەوە کارکردنین، لەگەڵ هەر لایەن و ڕەوت و گروپێکی سیاسی کە هەمان ئامانجیان هەیە و لە پێناویدا تێدەکۆشن، سەرەڕای هەر بیروڕا و جیاوازییەکی سیاسی.
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ
2020-04-04