تێکستە شیعری وێرگول لەدەقی برای شاعیرم دەوەن معروف
تێکستە شیعری وێرگول لەدەقی برای شاعیرم دەوەن معروف
لەڕاستیدا، ئەم تێکستە شیعریەی شاعیر دەوەن مەعروف،، تەجاوزێکی لەڕووی (الکمیة و النوعیة ) واتە “چەندێتی و چۆنێتی” دا کردوە. دەستبردنی شاعیر بۆ هەستیارترین چەمکی کۆمەڵگە، کە لەگەڵ خۆیدا هەموو بابەتەکانی تری بەخۆوە گرێداوە، دەکرێت نیشتمان هەرە مەسەلەی گرنگ و هەستیاری شاعیر بێ..؟ زۆرێ لەشاعیرانی کلاسیک و شاعیرانی هاوچەرخیش، دەستیان بۆ ئەم چەمکە ژیانی و ژیارییە بردووە ،بەڵام هەریەک لەو شاعیرانە لەدیدگای فەلسەفی و تێڕوانییان بۆ مەفهومی ژیان کاریان لەسەر ئەم تێزە کردوە..
ئەم تێکستە شیعریەی دەوەن مەعروفیش، وەک شاعیرێکی بەئاگا لەمەسەلە هەستیارو ژیارییەکانی کۆمەڵگاکەی بەجێ نەماوەو هەڵبژاردنی دەقەکانیشی بۆخۆی دەلالەتی زیندووبوونی شێوازی نوسینی شاعیر نیشان دەدات، جیاوازی شێوە نووسینی شاعیر لەگەڵ شاعیرانی هاودەمی خۆی ئەوەیە، کە دەوەن خاوەن زمان و وێنای شیعری فەلسەفی بەخۆی هەیە. بەجۆرێک ئاماژە بۆ ئەو چەمکانە دەکات، کەڕەنگدانەوەی واقیعە تاڵەکەی کۆمەڵگاکەی نیشان دەدات، بەدیوێکی تردا شاعیر بەجۆرێ لە بەکارهێنانی زمانی وشە پڕاو پڕبێ لە ڕەخنە بونیادیەکان، کە لەگەڵ خۆیدا پرسیار گەلێ دەوروژێنێ، بەدەر لەختوکەدانی عاتیفەی شیعری؟
لەلایەکی ترەوە شاعیر بەجۆرێ لەجۆرەکان، کاتێک دەست بۆ ئەو پرسانە دەبات، لەویستگەیەکدا ڕاناوەستێ، بەڵکو ئاوێتەی ویستگەکانی تری ژیان دەبێ و لێرەوە وەحدەی مەوزوعی لە تێکستە شیعریەکانی دەوەندا بەڕوونی دەردەکەوێ..؟
لەم تێکستەش دا، کاتێک شاعیر دێت گوزارشت لە خەمە سەرمەدیەکانی دەکات و لەشێوەی کۆمەڵی پرسی چارەنوسدا دەیانخاتە ڕوو، ئیدی لێرەوە دەرگا بەڕووی دەقەکانی خۆیدا دەکاتەوە.. بۆ خۆێندنەوەو ئەزمونگەری لە نووسینی تێکستی نوێی شیعر،
شاعیر کاتێک دەڵێ :
ئاسمانی ولاتەبچکۆلانەکەی من
لەهیچ ئاسمانێکی تر ناچێ؟
ڕەنگە هەندێ پێیان وابێ کاتێک شاعیر ئاماژە بۆ ئاسمانی وڵاتە بچکۆلانەکەی دەکا، کە لەئاسمانێکی هیچ وڵاتێکی تر ناچێ؟ جورێک بێ لە پیاهەڵدان بەسەر نیشتمانا وەلێ بەپێچەوانەوە. ئاماژە بە سلبیەتی نیشتمانێک دەکات کە لەئاسمانەکەیدا هەوای پاکژی تیا نادرێ لەبەر گەندەڵی و فەسادی، شاعیر شارەزایانە وشەکان دەچنێ هێندە قاڵ بووە، بایی ئەوە لەتوانای نووسینی دا هەیە، خوێنەر بەرەو دێر بەدێڕی وشەکانی ڕابکێشێ، ئەمەش خەسڵەتێکی ئیجابییە بۆشێوە نووسینی شیعر لای دەوەن .
دواتر شاعیر لەم خولگانەدا دەسوڕێتەوە (خەم، تەم، تاریکی، هتد..،) بەڵام بزانین چۆن تەوزفیان دەکات لە ڕۆژانەی کۆمەڵگایەک، کە بەدەربڕینی هەر قۆناغێ، ماناو دەلالەتی کۆمەڵگەکەی نیشان دەدات…؟ شاعیر بەمەشەوە ناوەستێ، ئەو هەموو دیاردە ناسروشتیانەی کەبەرۆکی کۆمەڵگەکەی بۆتەوە… نایانبەستێ بە قەدەرەوە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی کۆمەڵەکەی، کە پێویستی نەوەی سەردەمی شاعیر و پێشتریش، کاریان کردوە لەسەر دورینی کاڵا بەقەد باڵای کۆمەڵگە.. بەبێ ویستی هاو نیشتمانیانی ئەو قۆناغەش .
لێرەدا شاعیر دەڵێ ;
بەیانیان خەمی لێ دەبارێ و نیوەڕوانیش شەڕ
ئێوارانیش تەمێکی تاریک بەرۆکی شار دەگرێ..
کاتێک شاعیر ئاماژە بۆ بەیانیان دەکا، مەبەست لێێ سپێدەیە، سپدەیەک، کە مژدەی هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێی پێیە، سپێدەیەک کە خوێنێکی گەش بە دەماری جەستەی نیشتماندا ڕاگوزەر دەکا، بەڵام شاعیر دێت و پێچەوانەی هەموو ئەو دەستەواژانە پێمان دەڵێ بەیانیان خەمی لێدەبارێ و نیوەڕوانیش شەڕ ..ئێوارانیش تەمێکی ڕەش بەرۆکی شار دەگرێ …،
هەروەک چۆن سپێدەی نیشتمان وادەرنەچوو، نیوەڕوانیشی بۆنی شەڕو ئێوارانیشی تەمێکی ڕەش بەروکی شار دەگرێ..؟
بەواتایەکی تر ڕۆژانەی نیشتمانی ولاتە بچکۆلانەکەی شاعیر بەئاڕاستەیەکی سەلبیدا ڕاگوزەر دەبێ، شتێ نامێنێتەوە بۆنی خەمی خەڵک و خاکی لێبێت،
ئێوارانیش هێمن هێمن بەناو شەقام و ماڵەکانداا دادەبەزێت.
شەوانەش بەدیار چرایەکەوە هورە بۆ دارمەیتەکان دەچڕێت؟
ئەمە خەسڵەتە ئەساسیەکەی نیشتمانی وڵاتە بچکۆلانەکەی شاعیرە؟
شاعیر بەڕوونی پێمان دەڵێ، ئەوانەی بەناوی خەمی نبشتمانەوە، بەدیار چرایەکەوە ڕێ تەی دەکەن؟ ئەوانە ڕێبوارانی ڕاستەقینەی نیشتمان نین، ئەوانە هەڵگری ئەو چرایە نین بۆ ڕۆشنکردنەوەی ژیانی کۆمەڵگەی نیشتمان… بەڵکو ئەوان تەنهاو تەنها بۆ ڕۆشنکردنەوەی بەرپێکانی خۆیان هێندە پێویسیان بەو چرایە دەبێ،
کە ئەمەش کۆمەڵێ بەرهەم دێنێ کە هەمیشە بیریان لای خۆیان و دەسکەوتەکانیان بێت، بەم شێوەیەش شاعیر لەخۆڕا ناڵێ… ئاسمانی ئەم وڵاتە بچکۆلەیەی من لەهیچ ئاسمانێکی تر ناچێ؟
ئاسمانی وڵاتە بچکۆانکەی لەمەڕ شاعیر لەوەتەی هەیە خودایەک نادۆزیتەوە بۆ خۆشەویستی خودایەک شک نابا بۆ باران ،،
شاعیر بەعەقڵێکی کراوەوە ڕەخنە دەگرێت… لە نەبوونی خودایەک بۆ باران بۆ جوانی بۆ خۆشەویستی ،…
بەم شێوەیە دەیەوێ پێمان بڵێ وێڕای ئەو مێژووە دورودرێژەی کۆمەڵگەی ئێمە، بەڵام تاهەنوکەش ڕق لەجیاتی متمانە دەچێنرێ، خیانەت و پاشەڵپیسی لەشوێنی خۆشەوستی کاری پێ دەکرێ،.. لەجیاتی باران،. بەردی توڕەبوون بەسەرماندا دەبارێ ..
دەنا مانای نییە ویستگەیەک نەمابێ بۆ خۆشەویستی بۆ پاکی بۆ جوانی….؟
بەڕوویەکی تردا شاعیر لەڕێگای فەنتازیای ئەدەبەوە خۆی دەگەیەنێتە مەملەکەتی ئەکادیمیای پلاتۆ..،، بەڵام ئەوی شاعیر هەر خەیاڵی لەلای سەرچاوەکەی سەرچنارە..؟
واتە شاعیر نایەت پێمان بڵێ وێڕای ئەو هەموو دیاردە گەرا نەگەتیفانەی کۆمەڵگەی وڵاتە بچکۆلانەکەی، دەڵێ خەیاڵم لەلای سەرچاوەکەی سەرچنارە.. لێڕەدا شاعیر دەزانێ چی دەڵێ، بەواتایەکی تر شاعیر وێڕای خەیاڵی بۆ لای نیشتمانە، بەڵام ئەو خەمی سەرەکی سەرچاوەکەیەتی، کە نایەوێ بەهەر نرخێ بووە ئەو سەرچاوەیە لێڵ بێت و پاشان بۆگەن بکا هەروەک چۆن (ماسی لەسەرییەوە بۆگەن دەکا).؟
هەر لێرەدا بەئاشکرا پێمان دەلێ
ئاسمانی ئەم تاراوگەیە پڕە لە ئەقڵی یاخی، گەر تۆۆکێ باران یا کلویەک بەفر ببارێ ورگوڵێک لەناو گومانتا دامەنێ ..،،
لەبەرئەوەی خاوەن عەقڵی یاخی.. هەرگیز دەستەمۆبوون نازانێ و بەردەوام خۆیی لە نوێ بوونەوەدا دەبینێتەوە و بەردەوامیش خودایەک هەیه بۆ باران،،
لێرەش لەمەملەکەتەکەی شاعیردا تا ئێستاش خەمی بوونمان نەبۆتە خەمی نیشتمان،خەمی نیشتمانیش نەبۆتە خەمی پاکبوونەوەمان لە دزی و درۆو پەروەردەکردنی خوداکانی شەڕ بۆ گیانی خۆمان… بۆیە ئاستەمە نیشتمان لەژێر ئەو خەمەدا لەم نەشتەرگەریەی ئەمجارەیدا سەرچاوەکەشی گڵاو نەبێ !
وێرگول ….شیعری دەوەن مەعروف
ئاسمانی وڵاتە بچکۆلانەکەی من
لەهیچ ئاسمانێکی تر ناچێت
بەیانیان خەمی لێ دەبارێت ،نیوەڕوانیش شەڕ
ئێوارانیش تەمێکی تاریک بەرۆکی شار دەگرێت
هێمن هێمن بۆناو شەقام و موڵەکان دادەبەزێت
شەوانەش بەدیار چرایەکەوە هۆرە بۆ دار مەیتەکان دەچڕێت.
ئاسمانی ووڵاتی من لەوەتەی هەیە خوایەکی نیە بۆ باران.
خوایەکی نیە بۆ خۆشەویستی
ئێستا من لێرەم لەلای ئەکادیمیایەکی پلاتۆ
خەیاڵم هەر لەلای سەرچاوەکەی سەرچنارە
ئاسمانی ئەم تاراوگەیە پڕە لە ئەقڵی یاخی
گەرتنۆکێک باران یان کلوری بەفرێک ببارێت
وێرگول له ناو گومانتدا دامەنێ ..
لێرە خودایەک هەیە بۆ باران
خودایەک هەیە بۆ خۆشەویستی
بەڵام چیبکەم لەو کەلاوەیەی نیشتمانی مندا
بازاڕێک هەیە بۆ خوداکان
خودای براکوژی و خودای تاڵانی و خودای غەدر
دەوەن مەعروف