چارەسەر شۆڕشە بۆنەمانی کرۆناکانی سەردەم
چارەسەر شۆڕشە بۆنەمانی کرۆناکانی سەردەم
عبدالرحمن رسول
پارێزەرانی سەرمایەداری تەنها قازانجی سەرمایەیان بەلاوە گرینگە نەک نرخی مرۆڤایەتی.
هەروەک مارکس دەڵێت سەرمایەداری ئەو درەختەی کەنەتوانێ سێبەرەکەی بفرۆشێ ئەی بڕێتەوە. بەهۆی سیستەمی سەرمایەداری و سیستەمیی دینی و سیستەمیی نەتەوەییەوە لەم کۆمەڵگەیە بێ ڕوحمەدا ژیان هەرزانترە لە نان. بۆ نەمانی چەوساندنەوە و ئازار و ئەشکەنجەدانی مرۆڤەکان پێویستی بەگۆڕانی سیستەم هەیە، بەهاوکاری وپشتیوانی سەرجەم مرۆڤە چەوساوەو ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکان. ئەمە چارەسەری کۆتایی کێشەو قەیرانەکانی مرۆڤایەتییە، پێویستە تێکۆشانی بۆ بکرێت هەتاوەکو سیستەمێکی باشتر دابمەزرێت. بەوپێیەی کۆڵەکەی سیستەمی سەرمایەداری بەرھەمھێنان و قازانجە، لەپرۆسەی ئەو بەرھەمھێنان و قازانجەشدا تا دەتوانێت سوود لەسەرچاوە سروشتییەکان و ژینگە دەبینێت، ئەویش بە داگیرکردن و تەسککردنەوەی سنوور و فەزاکەیان بۆ وەبەرھێنانەکەی خۆی، بە پێدانەوەی چەندین جۆری جیاوازی دوکەڵی پیس و ژەھراوی. پیسکردنی ژینگە و گەشەدان بەتیرۆرو کۆمەڵکوژی هەمووی بۆ سوودی سەرمایەداری بووە ئەم جارەش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کرۆنا هەر بەسوودی سەرمایەداری تەواو دەبێت، چونکە ئامانجی سەرمایەداری کۆکردنەوەی قازانجی ئابووری و مانەوەیەتی. لەبارەی وێرانکردنی ژینگە کارەساتی سووتانی دارستانی ئەمازۆن و ئاژەڵانی دارستانەکە ڕوویدا لەبەر چاوچنۆکی سەرمایەداران بوو، نەک ڕووداوێکی سرووشتی دوور لەدەستی مرۆڤ بێت. دەیانەوێت سوودی ئابووری لەوناوچەیە وەربگرن. پێویسته مرۆڤی سەردەم وشیار بێت کەیاسا وسیستەمی سەرمایەداری، دوژمنە سەرسەختەکەی مرۆڤە. هەموو دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردن لە جیهاندا دەسەڵاتی سەرمایەداری هەڵی دەسوڕێنێت، بەپێی توێژینەوەی زانستە پزیشکییەکان و زانیارییە تەندروستییەکان، نەخۆشی کۆرۆنا بۆ منداڵانی خوار پانزە ساڵ کەمترین مەترسی هەیە وە هەروەها بۆ گەنجانی تەندروست باش تا تەمەنی شەست ساڵ بەهەمان شێوە، گەنجان باشتر دەتوانن خۆپارێزی بکەن و ئەوەی دەمێنێتەوە مرۆڤە بەتەمەنەکانە لەگەڵ منداڵ و گەنجە نەخۆشەکان کە ناتوانن زۆر باش چاودێری وخۆپارێزی خۆیان بکەن، سەرمایەداری پێویستی بەم جۆرانەی لە مرۆڤ نییە و هیچیان پێ بەرهەم نایەت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو ڕزگاری دەبێت لەبەخێوکردنیان و داهاتی ئابووری بۆ دەوڵەت وسیستەمی سەرمایەداری دەگەڕێتەوە.
سەرمایەداری لەجیهاندا هەست و سۆزی نییە، هەروەکو مارکس دەڵێت بێ ڕوحم وبێ بەزەیی یە، پێویستە مرۆڤ وشیاربێت لەپێناوی سەلامەتی خۆی و ئازیزان وخۆشەویستانی زۆرباش خۆپارێزی بکات لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. سیستەمی سەرمایەداری گەشەکردن ومانەوەی لەسەر گۆشت و خوێن و ژیانی مرۆڤە، سەرمایەکانیان کەڵەکە دەکەن، شەڕی بایەلۆژی هیچی کەمتر نییە لەشەڕەکانی تر لەڕووی هێنانی داهاتەوە بۆگیرفانی سەرمایەدارەکانیان. شەڕەکانیان بەردەوامە تەنها ناوەکانیان دەگۆڕێت. سەرمایەداری هەمیشە لەقەیران دایە و خۆشی نکۆڵی لێ ناکات وسیستەمی سەرمایەداری هەوڵ ئەدات کەمی بکاتەوە چاکسازی بکات و خۆی نوێ بکاتەوە، بەڵام سروشتەکەی قەیراناوییە و بەکێشە وئاڵۆزی بەڕێوە دەچێت. جەنگ برسێتی پەتاو نەخۆشی بێکاری وهەژاری بڵاوکردنەوەو هاندانی بیری توندڕەوی و رەگەزپەرستی دیکتاتۆریەت و دیموکراسیەتی ساختە، تاڵان و شەڕو هەژاری و بێکاری و ئاوارەیی و کۆچ هەمووی بەرهەمی سیاسەتی زاڵمانەی سستەمی سەرمایەدارییە.
هەر وەکو کورد دەڵێت: “باران ببارێ ئاشت دەگەڕێ باران نەبارێ جووتی دەگەڕێ” ئەمە بۆ سیستەمی سەرمایەداریش درووستە، کاتێک شەڕە یان نەخۆشی بڵاو دەبێتەوە ئەو بەدوایی قازانجەوەیە بۆ زیاتر کەڵەکە کردنی سەرمایەکەی. زۆربوونی ڕێژەی ژمارەی دانیشتوانی سەرزەوەی بۆ سیستەمی سەرمایەداری بۆتە کێشە، لەبەرئەوەی خەریکە زۆرینە دەبێت بە بێکارو دەچێتە پەراوێزی کۆمەڵگاکان، دەبێتە فشارێک لەسەری.
کە لەسەدەکانی ڕابردوو شەڕەکان بوونە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی سەر زەوەی ئەوا ئەم جارە بە بڵاوکردنەوی ڤایرۆسی کرۆنا ئەوە ئەنجام دەدات. سیستەمی سەرمایەداری چەوسێنەرە لەپێناوی پارەدا چەندین ساڵە بۆ گیانی خەڵک کرۆناکانی دزی وگەندەڵی بەرهەم دەهێنێت. خودی سیستەمی سەرمایەداری لەسەربناغەی چەوسانەوەو نایەکسانی وسەرکوت دامەزراوە، ئامانجی تەنها کۆکردنەوەی سەرمایەو مانەوەی ئەم سیستەمە چەوسێنەرەیە. کاتێک زانست و زانیاری بەرهەمدەهێنن بۆقانج وکۆکردنەوەی پارەیە، نەک خزمەتکردنی مرۆڤایەتی، بەڵام بەشێک لەمرۆڤەکان پێیان وایە سەرمایەداری زانست وتەکنۆلۆجیای بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەرهەم دەهێنێت. لەوە ناحاڵییە کە سەرمایەداری ئامانجی بەدەستهێنانی پارەیە. بۆیە تاسەرمایەداری وەک سیستەم بمێنێت کێشە وقەیرانی تریش بۆ مرۆڤایەتی سازدەکات .
کە کتێبی کەپیتاڵی مارکس دەخوێنیتەوە باشتر لەسیستەمی سەرمایەداری دەگەیت. کەباسی چەندین بابەت دەکات لەوانەباسی زێدەبایی دەکات، هەرچەندە زۆرێک لەنووسەران و توێژەرەوانی سەرمایەداری ڕەخنە لە بۆچوونەکانی مارکس دەگرن، یاخود بۆچوونی مارکس بەهەڵە باس دەکەن کەپێیان وایە چۆکی داداوە لەبەردەم چارەسەری قەیرانەکانی سەرمایەداری دا باس لەکلاسیکی بوونی کۆمۆنیزم دەکەن یان دواتر باس لەموتڵەقگەرایی فکری کۆمۆنیزم دەکەن. بەپێچەوانەی ئەمانەوە کۆمۆنیزم لەسەر ئەساسی ڕەخنەگرتن وڕەخنە لەخۆ گرتن وململانێکان هاتۆتە کایەوە، هەروەها کاڕل مارکس باس دەکات کە زێدەبایی چۆن دروست دەبێت :کرێکاران لەئەنجامی کارکردنیان حەقدەستی تەواوی خۆیان وەرناگرن (دەچێتە گیرفانی خاوەن کارو سەرمایەدارانەوە وبەزۆربێ یان بەدزی) بەشێکی کەپێی دەوترێ (زێدەبایی کار /فائض قيمة العمل) دەچێت بۆ خاوەنکارەکان و دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی سەرمایە لای سەرمایەداران. بەم کۆکردنەوەی دزییە کە بەرهەمی کاری کرێکارانە پارەی خاوەنکار وسەرمایەداران زیاددەکات ڕۆژانە. ئەمە کرۆکی سەرمایەداری و ئابووری سەرمایەدارییە، کە لەسەربناغەی دزی وڕاو ڕووت و تاڵانی گەشەدەکات، دۆزینەوەی ئەم تیورییە کە بنەمای سەرمایەداری و ئابوورییەکەی لەسەر دروست بووە و دامەزراوە.
هەربۆیە مارکس ڕاست دەکات، چونکە سەرمایەداران بەبێ دزی و فێڵکردن ناتوانن بەوجۆرە دەوڵەمەندبن و ببنە سەرمایەدار. قازانج و بازرگانی جۆرەکانی سوود و نرخ و ئاڵوگۆر هەمووی لاوەکین ناگەنە ئەوەی کە جێی زێدەبایی کار بگرنەوە بەمەش کارل مارکس وەک گەورەترین بیرمەند و ڕابەر بنەمای تیوری دامەزراند بۆ ڕزگاری کرێکاران و مرۆڤایەتی لەکۆت و زنجیرەکان وبەندی سەرمایەداری و سیستمە دژی مرۆڤایەتی یەکەی کەرۆژ بەڕۆژ زیاتر مرۆڤەکان دووچاری چەوسانەوە و ستەمکاری دەبن. بۆ ڕزگاری لەچەوسانەوەش کرێکاران و هەژاران وزەحمەتکێشان، پێویستیان بە تیوری شۆڕشگێڕانە و زانستی هەیە بۆ دیاریکردنی دواڕۆژی خۆیان و ڕزگاری یەکجارەکی کە ئەویش ئەوەیە کە مارکس دەڵێت کرێکارانی جیهان یەکگرن. لەقۆناغی ئێستاش ئەم ڕستەیە کە مارکس داوا و پێشنیار بۆ کرێکاران دەکات کە هێزی تێکۆشانیان لەدژی یاسا وسیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری یەکگرتوو بکەن، خۆیان ڕێکخراو بکەن وەک نەخشەڕێگایەکی ئینسانی دەخاتە ڕوو کە لەئێستادا سیستەمی سەرمایەداری ڕۆژانە گیانی کرێکاران وهەژاران و چەوساوەکان لەناو دەبات باشترین نەخشە ڕێگا ئەوەیە کە کرێکاران و زەحمەتکێشان وچەوساوەکان شۆڕش بکەن لەدژی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری، چونکە مرۆڤایەتی لەئێستادا لەسەرتاسەری جیهان لەقەیران وکێشەی گەورەدایە، هەروەکو فۆکۆیاما دەڵێت ناتوانێت سەرمایەداری لەئێستادا چارەسەری قەیرانەکانی بکات. هەربۆیە مارکس دەڵێت سەرمایەداری خۆی گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێت. چونکە قەیران و کێشەکان بۆخۆی دروستی دەکات بەدزی وچەوسانەوەی چینی کرێکار دواتر چینی چەوساوە ڕادەپەرێت و شۆڕش دەکات خۆی وکۆمەڵگە ڕزگار دەکات. بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسی کرۆنایەش بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانە، چونکە لەساڵی ۲۰۱۹ لەزۆرێک لەوڵاتانی جیهان خەڵکی بێکارو چەوساوە خیابان وشەقامەکانیانی لەدژی چەوسانەوە و نایەکسانی و سەرکوتەکانی گرتبوو زۆر باش دەزانن ڕێکخراوبوونی ئەم لێشاوە جەماوەرە ناڕازی گەورەترین شۆڕش و ڕاپەرین لەدژی یاساکان وسیستەمی سەرمایەداری ئەنجام دەدات، بەکەمکردنەوەی ژمارەی مرۆڤەکان فشارەکانی سەر خۆی کەم دەکاتەوە، جیهانی مرۆڤایەتی بۆ ماوەیەک سەرقاڵ دەکات دواتر لەلایەن کۆمپانیاکانی سەرمایەدارییەوە دەرمانی چارەسەر و کەرەستەکانی خۆپارێزی بەرهەمدەهێنن، کەئەوەش دەبێتە کۆکردنەوەو کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە وپارەیەکی خەیاڵی بۆ سەرمایەدارانی چاوچنۆک.
خودی ڤایرۆسی کوشندە کاپیتالیزمە، هەتا کاپیتالیزم مابێت، مرۆڤایەتی لە مەترسیدایە. تێکۆشان دژی سیستمی سەرمایەداری و گۆڕینی بە سیستەمێکی شورایی خەڵک، پێویستیی بە خەباتی چینایەتیی یەکگرتووی ژنان و پیاوان هەیە کە بزوتنەوەیەکی ئینسانی لەتەواوی جیهانی مرۆڤایەتی بەبێ چەندو چۆنی گەرەکە لەبەرئەوەی سیستەمی سەرمایەداری پێش ئەوەی نەخۆشی بڵاوبێتەوە دەرمانی بۆدروست دەکات، بۆئەوەی پارەی زیاتر کۆبکەنەوە، بۆ نەخۆشی کۆرۆناش هەروایە. مرۆڤایەتی دەرگیری سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەدارییە، کە پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان و ژینگەی بەلاوە گرینگ نییە، تەنها ئامانجیان کۆکردنەوەی پارەی زیاترە ئەوەش دەزانین ئەوانەی سەرمایەدارییان بەهێزکردووە، مرۆڤن، ئێمەش کە لە سەرمایەداریی ناڕازین، مرۆڤین، کەواتە دەبێت ئێمەش بەهێزبین بەکۆکردنوەی هێزی تێکۆشانی تەواوی ناڕازیانی سیستەمی سەرمایەداری وچەوسێنەر تاوەکو رووبەڕووی مەترسییەکانیان ببینەوە. لەئایندەدا خەڵک خۆی لەڕێگای شوراکانیانەوە کۆمەڵگەکان بەڕێوەبەرن و چاودێریش بن بەسەر جۆری بەڕێوەبردن و پاراستنی دا…