هیوا عومەر: ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت قۆناغێكى تازەو كەم وێنەیە لە تێکۆشانی جەماوەری و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی، کە لە جەوهەریدا ڕەتکردنەوەی تەواوی مێژووی مۆدێلی حوکمڕانی عێراقە …

0
هیوا عومەر: ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت قۆناغێكى تازەو كەم وێنەیە لە تێکۆشانی جەماوەری و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی، کە لە جەوهەریدا ڕەتکردنەوەی تەواوی مێژووی مۆدێلی حوکمڕانی عێراقە …
 
دیمانە لەگەڵ هاوڕێ هیوا عومەر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان سەبارەت بەرۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی عێراقدا..
 
هيوا عومەر: ئەوەى لە عێراق ڕوودەدات، كەوتنى ئەزمووننێکى ترى ئيسلامى سياسيە لەبەرامبەر ڕاستى تێكۆشانى جەماوەرى.
بۆپێشەوە: ئێستاي خۆپيشاندانەكاني عێراق چۆنە؟
هیوا عومەر: لەهەموو حاڵەتێکدا ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت قۆناغێكى تازەو كەم وێنەیە لە تێکۆشانی جەماوەری و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی، سەرەنجام بەشداری (سیاسی تازەی جەماوەری هێناوەتە کایەوە)، کە لە جەوهەریدا ڕەتکردنەوەی تەواوی مێژووی مۆدێلی حوکمڕانی عێراقە. ڕاپەڕینەکان و ناڕەزایەتیەکانی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامی هەیە، ڕاپەڕین و شۆڕشی کرێکارانی پەراوێزخراوەکان بۆتە بەشێکی گەورەی مێژووی سیاسی عێراق. ئەو بەردەوامیە بەخوێن و تێکۆشانی هەزاران تێکۆشەری ڕێگای ئازدییەوە بووە. كۆى تابلۆكە ئامادەى سەركەوتن و ڕاستى پرۆژە و قەزییەی خەڵکە لەبەرامبەر شکستی پرۆژە و ئەزموونی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی شیعی لەعێراقدا. سەرەڕای ئەوەی دەیبینین چۆن دەوڵەت و ملیشیاکان بەهەموو توانایانەوە سەرکوتی (خۆپیشاندەران و مافی خۆپیشاندان) دەکەن. بەداخەوە لە سێ مانگی ڕابردوودا نزیکەی پتر لە ٧٠٠ کەس بوونەتە قوربانی و زیاتر لە ٢٢ هەزار کەسیش بریندار و ژمارەیەکی زۆری تریش لەزیندان ئاخنراون و ڕفێندراون و تیرۆر کراون.
لە ئێستای خۆپیشاندانەکاندا لەدوای گرژی و شەڕی ئەمەریکا و ئێران لەناو خاکی عێراقدا، کە کاریگەری خراپی لەسەر ڕاپەڕینەکان دروستکرد، چەندین هەوڵ هەیە بۆ نەهێشتنی خۆپیشاندانەکان بەڕێگای توندوتیژی. گەڕانەوە و چۆڵکردنی لەناکاوی گروپەکانی ناڕەزایەتیەکان لەلایەن لایەنگرانی سەدر، هاوکات لەگەڵ حەملەیەکی گەورەی هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران لە ڕێگای زیندانیکردن و سزادان و کوشتن و سوتاندنی خێمەکانیان. ئەوەی سەدر ئەنجامی دەدات دابڕاونییە لەهەوڵی سەرانی ئیسلامی سیاسی شیعی بۆ نەهێشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان. بەشدارى پێشووی ڕەوتی سەدر تەنها دابەشکردنی ئەرکەکانیان بوو لە چوارچێوەی خولیای داگیرکردنی سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگە بە ناوەندە پەراوێزخراوەکانیشەوە لە لایەن ئیسلامی سیاسی شیعییەوە.
بۆپێشەوە: چەپ و کۆمۆنیستەکان لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا چ ڕۆڵێکیان هەیە؟
هیوا عومەر: وەک دەزانین ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە عێراقدا تەنها ناگەڕێتەوە بۆ سەرەتای خۆپیشاندانەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، بەڵکو مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی عێراق تەژییە لە ڕاپەڕین و تێکۆشانی جەماوەری چەپەکان و گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. لەئێستاشدا لە چەندین ئاستدا ڕۆڵی چەپەکان دەبینین لە چوارچێوەی کاری جەماوەری و مەدەنی و بەشدارییان لە تێکۆشانی شەقامدا، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ئەوان ئەمڕۆ قیادەی ئەو ڕاپەڕینە دەکەن. بێگومان ئەوەش چەندین هۆکاری خۆی هەیە لەو بارەیەوە.کاتێک قسە لەبارەی کاری هاوبەشی چەپ دەکەین پێشتر ئەوە دەزانین پێویستی ئایدیا و پرۆژەی واقعی چەپ، پرۆژە و خەونێکی ئیراگەرییانە نییە، بەڵکو پرۆژەیەکە واقیع فەرزی دەکات، وەک دەربڕی واقیعێکی ماتریالیستی مێژوویی.
ئەمڕۆ شکست و کێشەکانی سیستەمی سەرمایەداری کە خۆی لە مۆدێلی نیولیبرالیزم دەبینێتەوە لە ئاستی ناوەخۆیی و نێودەوڵەتییدا بۆتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ماف و ئازادییەکان و تەنانەت گۆی زەویش. حكومەت و دەسەڵاتەکان لەسەر ئاستی جیهان و ناوەخۆ حکومەتی خەڵک نین، ئەوان تەنیا ئەرکیان پاراستن و پاسەوانی سەرمایەدار و کۆمپانیاکانە. ئەوان نەک هیچ خزمەتگوزاریەکییەک پێشکەشی خەڵک ناکەن، بەڵکو بوونەتە بار بەسەر خەڵکەوە؛ لە رێگای سەپاندنی باج و ڕسومات بەسەر سەرمانەوە. لە وەها دۆخێکدا ئایدیا و کاری چەپ دەبێتە پێویستیەکی مێژوویی، ئەم دۆخە لە ڕووی خودییەوە پێویستی بە خۆئامادەکردنە، ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی سەر ڕێگاخستنی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان و تێکۆشانی جادە نییە، كە هەندێکجار لە چوارچێوەی عەقلیەتی پۆپۆلیستی وەها مامەڵە دەکرێت، بەڵکو لە پاڵ ئەوەشدا پێشکەشکردنی پرۆژەی بەدیلە بۆ دانان و جێگرکردنی پایەکانی سیستەمێکی سۆسیالستی دژ بەم مۆدێلە لە حوکمڕانی. دۆخی دروستکراو بەرپرسیارەتی زیاتر و گرانتر لەسەرشاسنی هێزە چەپەکان دروست دەکات. وا پێویست دەکات ئێمەی چەپەکان بەتایبەت لەم ناوچەیە بەدیدێکی فراوان سەیری ئەرکەکانمان بکەین.
بۆپێشەوە: بەشی هەرە زۆری داخوازییەکانی خۆپیشاندەران، لەوانە” هەلی کار، ئەمنیەت، خزمەتگوزاری، ئازادی…” داخوازی چەپ و کۆمۆنیستەکانن، هۆکار چییە چەپ و کۆمۆنیستەکان ناتوانن ڕۆڵی ڕابەری خۆپیشاندانەکانی عێراق، بگێڕن؟
هیوا عومەر: هەموو ئەو داواكاريانەى جەماوەر، لە دادپەروەری و يەكسانى و هەلى كار و خزمەتگوزارييەكان و بيمە كۆمەڵایەتیەکان، لە چوارچێوەى مافە ئابورى و كۆمەڵایەتییەکاندایە و بەرهەمی کاریگەری و کۆمەڵایەتیبوونی فکری سۆسیالیستیە كە ئەمڕۆ بۆتە دروشمى زۆرينەى كرێکاران و پەراوێزخراوەكان لەسەر ئاستى جيهان و لۆكاڵدا، ئەوە بۆخۆی ڕابەری ڕاستەزینەیی جەماوەرە، ڕابەری لەوە زیاتر دەبێت چی بێت کاتێک هەزاران کەس بەیەکەوە داوای دادپەروەری و مافە ئابوری کۆمەڵایەتیەکان دەکەن، بەڵام پەیوەندی پارتە چەپەکان لەگەڵ جەماوەر لەم ناوچەیەدا، یەکێکە لەو گرفتانەی کە لەمڕۆدا تێگەیشتنی زۆر هەڵدەگرێت. لەهەمان کاتدا نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت میکانیزمەکانی گەیشتن و پەیوەندی بە جەماوەر لە (دەرگا بە دەرگاوە) بۆ ئەمڕۆ گۆڕانی زۆریان بەسەردا هاتووە، بەهۆی هاتنی تەکنەلۆجیای تازەی گەیاندن. لە لایەکی تر پەیوەندی نێوان پارتی سیاسی و جەماوەر بەگشتی یەکێکە لەو بابەتانەی ئەمڕۆ لە قەیراندایە، ئەو بابەتە زۆر هەڵدەگرێ، ئەو کێشەیە بۆ پارتە چەپەکان زیاترە، چونکە ئەوان خاوەنی هیچ توانایەکی دارایی و راگەیاندنی گەورە نین، کە ئەمڕۆ کەناڵە ئاسمانییەکان زۆر بە ئاسانی دەتوانن ڕای گشتی دروست بکەن. ئەمڕۆ سیستەمی سەرمایەداری تەنها خاوەندارییەتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان ناکات، بەڵکو لە رێگای تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنی هۆیەکانی ڕاگەیاندن هتد.. هەوڵی خاوەنداریەتی هزری کۆمەڵگەش دەدەن لە چوارچێوەی ئەو هێرشە گەورەیەی لەسەر عەقڵدا هەیە. ئاخر ڕۆژانە و چرکە بە چرکە بەهۆی تەکنەلۆجیای تازەی ڕاگەیاندن ئێمە بەئامانج دەکرێین، وەک ئەلگور لە کتێبی( هجوم علی العقل) باسی هێرش و لێکەوتەکانی دەکات لەسەر بڕیار وچارەنووسی گشتی و تەنانەت کەسیشمان.
بۆپێشەوە: دەوترێت بەشێوەی گشتی خۆپێشاندەران، لەگەڵ حزبیەت نین و تەنانەت دژی کاری حزبایەتین، چەپ چ ئەرکێکی دەکەوێتە سەرشان تا ڕۆڵ و گرنگی کاری حزبی و رێکخراو خۆشەویست بکاتەوە؟
هیوا عومەر: یەکێک لە لێکەوت و مەبەستەکانی پرۆژەی نیولیبرالیزم بەدیوە سیاسیەکەی، پرۆژەی لێدانە لە دەوری پارتی سیاسی و تەحەزوب و ڕۆڵی ئایدۆلۆجیا لە کۆمەڵگەدا. لە جێگای ئەوەدا (چەمکی بێلایەنی) و سەرۆکی بێلایەن و دەسەڵاتی تەکنۆکرات هتد… وەک چارەسەر تەرح دەکرێت، لەم ناوچەیە بەتایبەتی؟ ئەوە لەکاتێکدایە، پرۆژەی ئەوان بۆخۆی پرۆژەیەکی سیاسی ئایدیۆلۆجی ڕووتی لایەندارە، بەڵام هەوڵەکە ئەوەیە، هەموو بەربەستەکانی ڕێکخستنی جەماوەر تێکبشکێنن. دەمێک هەوڵی جێگیرکردنی ئەم چەمکانە دەدرێت، بۆ دروستکردنی وشیاریەکی ساختە کە مەبەست لێی جەماوەرە، بۆئەوەی لەبەردەم ئەگەرەکانی پێشکەشکردنی ئەڵتەرناتیڤی تازە دوورمان بخەنەوە و بەئاسانی دیزاینێکی تازە بۆ بەڕێوەربردن و پەیکەری ئابوری دابڕێژنەوە لەچوارچێوەی نەهێشتنی ڕۆڵێ حکومەت و لە ژیانی جڤاکی و سپاردنی داهاتووی مرۆڤایەتی بەکەرتی تایبەت و بە تاکیکردنی هەموو شتێک بەبێ هیج ڕووبەڕووبەوونەوەیەکی جەماوەر.
لەوەها .دۆخێکدا ئەرکی چەپەکان زۆر قورس دەبێت بۆ وشیار کردنەوەی خەڵک و جارێکی تر دروستکردنەوەی متمانە. دیارە چەندین ئیشکالیەتیش لەخودی کاری پارتە چەپەکاندا هەیە، ئەوە بۆخۆی پێویستی بەدەستکاری و پێداچوونەوەی ناوخۆیی هەیە. دواجار بەردەوام بوون لە تێکۆشان لەناو جەرگەی ململانێکاندا، ڕێگا ڕاستەکەیە بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکە.
بۆپێشەوە: زۆرێک لە حزب و رێکخراو و گروپە چەپەکان، ئامادەییان لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە، نزیکایەتی ئەو حزب و رێکخراو گروپانە لەگەڵ یەکتری لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا بیر لەکاری هاوبەش کراوەتەوە؟
هیوا عومەر: تاوەکو ئێستا مانیفێستێکی قابیل بۆ گۆڕانکاری ڕاستەقینە بۆ دوای خۆپیشاندانەکان بە هاوئاهەنگی لە نێوان هێزە چەپەکانی عێراق نابیندرێت. ئەوە یەکێکە لە لە مەترسیەکانی داهاتووی ئەنجامی ڕاپەڕینەکان. مێژووی شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان، ئەوەی پشت ڕاستکردۆتەوە کە هیچ هەڵسانەوەیەکی جەماوەری لە شۆڕش و ڕاپەڕین هتد… بەبێ تیۆر و هێزەکانی چەپی شۆڕشگێڕیی پێشڕەوە سەرکەوتوونابێت. زۆرجار جەماوەر لە کاتی ڕاپەڕینەکاندا سەرنجیان تەنیا لەسەر لابردن و ڕاماڵینی دەسەڵاتە، بەڵام ئامانجی ئەوان بەتەنها لابردنی ئەوان نییە لە چوارچیوەی بەکەسایەتی کردنی کێشەکان، بەڵکو ئامانجیان کۆتایی هێنانە بەدەسەڵاتی کەمینەی چینایەتی.
لەهەلومەرجی ئەمڕۆدا ڕۆڵی ئەو پێشڕەوایەتیە ئەرکی تەنها هێزێکی چەپ نییە، بەتەنیاش ناتوانریت پرۆژەی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دادپەروەر سەر ڕێگا بخرێت، بەڵکو ئەوە ئەرکی سەرجەم هێزە چەپ و کەس و گروپە کۆمەڵایەتیەکانە کە بەرژەوەندی و شوناسی چینایەتیان لە گۆڕانکاری ڕاستەقینەدایە، بەئاراستەی دامەزراندنی دەسەڵاتی زۆرینە. ئەزموونی گۆڕانکارییەکانی ئەم چەند دەیەی ڕابردوو، تەژین لە دەرس و وانەی مێژوویی دیالێکتیکی بۆ هێزە چەپە شۆڕشگێڕەکان کە پێویست دەکات بە دیدێکی دیالێکتیکی وردتر بەر مەبنای گۆراوەکان هەنگاو هەڵبێنن.
هەموو ڕاپەڕین و گۆڕانکارییەکان بریتی نین لە گۆڕانکاری بە ئاراستەی پێشەوە، هەندێکجار بەهۆکاری جۆراوجۆر گۆڕانکاریەکان بۆ دواوە دەبێت نەک پێچەوانەکەی، ئەوەش پەیوەندنی بە ئاستی گەشەسەندنی هێزە کۆمەلایەتیەکان و ڕ ڕیزبەندە سیاسیەکان و هۆشیاری و ڕێکخراوەیی چینی کرێکار و ڕۆڵی زاتی هێزە چەپە شۆڕشگێڕەکانەوە هەیە. ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی و ئەنجامەکەی لە سالی ٢٠١١دا، لەوبارەوە بۆخۆی باشترین ئەزموونە بۆ چەپەکان.
Leave A Reply

Your email address will not be published.