عەلی مەولود: درێژەکێشانی خۆپیشاندانه‌كان و بێ توانایی دەوڵەت لە سەرکوتکردنیاندا، نیشانەی ئەوەیە ڕووداوێکی گرنگ لەئارادایە و هەڵچوونێکی کاتی و ڕاگوزەر نییە …

0
عەلی مەولود: درێژەکێشانی خۆپیشاندانه‌كان و بێ توانایی دەوڵەت لە سەرکوتکردنیاندا، نیشانەی ئەوەیە ڕووداوێکی گرنگ لەئارادایە و هەڵچوونێکی کاتی و ڕاگوزەر نییە …
 
دیمانە لەگەڵ هاوڕێ عەلی مەولود ئەندامی یەکێتی کۆمۆنیستەکان، سەبارەت بەرۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی عێراقدا..
 
 
بۆپێشەوە: ئێستای خۆپیشاندانەکانی عێراق چۆنە؟
عەلی مەولود: سه‌ره‌تا سوپاس بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و ڕۆڵی كۆمۆنیسته‌كان ڕای منتان پرسیوه، هەوڵدەدەم لەو چوارچێوەیەدا کە دیاریتان کردووە، وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە‌.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی عێراق، دوای نزیک بە ٤ مانگ هێشتا بەردەوامە و ئه‌م ڕۆژانه‌ پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی توندترو ده‌سه‌ڵات بەئامانجی کۆتایی پێهێنان له‌زۆربه‌ی شاره‌كان په‌لاماری خۆپیشاندانەکانی داوه‌‌ و خۆپیشانده‌رانیش بڕیاریانداوە توندتر بەرەنگاری بکەن و پێداگری لەسەر مانەوە دەکەن‌.
درێژەکێشانی خۆپیشاندانه‌كان و بێ توانایی دەوڵەت لە سەرکوتکردنیاندا، نیشانەی ئەوەیە ڕووداوێکی گرنگ لەئارادایە و هەڵچوونێکی کاتی و ڕاگوزەر نییە، دەسەڵات ڕێگای جۆراوجۆری تاقیکردەوە بۆ هەڵمژینی ئەو ناڕەزایەتیانە و لاوازکردنی، هەر لە بەڵێنی چاکسازیەوە تا هێزخزاندنە ناو خۆپیشاندەران و تا فڕاندن و تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوان و تا چەقۆکێشی و شەقاوەیی، هەموو هەوڵەکان شکستیان خوارد، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە له‌گه‌ڵ بزووتنەوەیەکی جدی ڕووبه‌ڕووه‌ كە سته‌مكاری ناوێت ‌و داوای جۆرێکی تر لەژیان دەکات، نیشتمانێکی دەوێت بۆ ژیان، ئەوەی پێدەڵێن بەشی شیعە و سوننە و کورد و تەنها کەمینەیەکی دەسەڵاتخوازی تاڵانچی سودی لێدەبینن، چیتر ئەو ڕازی ناکات، بەم دەسەڵاتە و بەشێوەی بەشکردنەکەی و بەجۆری بەڕێوەبردنەکەی ڕازی نییە، باوەڕو متمانەی بە چاکسازی و بەڵێنەکانیان نییە، پشکپشکێنەی طائیفی و قەومی ڕەتدەکاتەوە. حکومەت و پەرلەمان و حیزبە پێکهێنەرەکانیان، بەهۆكاری هەژاری و بێکاری و ئاوارەیی و شەڕ و نائەمنیەکان دەزانێ.
دەسەڵات خەریکە ڕێگای سەرکووتی راستەوخۆ و بەزۆری چەک دەگرێتەبەر، کە لەم ڕێگایەش سەرکەوتنی مسۆگەر نییە، چونکە هێزی جوڵانەوەکە لەوەدایە کە دەستی بۆ شێوازێکی بنەڕەتی بردووە و هێز لەداخوازیەکان و هەستی کۆمەڵایەتی خۆی وەردەگرێت.
لەماوەی ئەم ٤ مانگەدا ململانێی خەڵک و دەسەڵات بەرزی و نزمی زۆری بەخۆوە دیوە، دەسەڵات بەردەوام بەڵێنی چاکسازی دەدات، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاسۆیەکی چاکسازی لەئارادا بێت، باڵەکانی دەسەڵات بەشێوەی مافیا کاردەکەن و مل بەهیچ ئاڵوگۆڕێک نادەن لەبەرژەوەندییان بدات، پرسی ڕووخانی دەسەڵات بووه‌ بە بژاردەیەکی ناچاری، کە زەمینەکانیشی نەڕەخساوە، خۆپیشاندانەکان زۆرتر لە مەیدانەکانی خۆپیشاندان وه‌ستاون، لەشوێنەکانی تر ژیان ئاساییە و کاروبارەکانی دەسەڵات ڕانەوەستاوە، و بەشێوەی ئاسایی و یاسایی بەڕێوەدەچن و بەمجۆرەش دەسەڵات ناڕووخێت، کەواتە چاکسازی نەکرێت و دەسەڵاتیش نەڕووخێت!! جۆرێک بێ ئاسۆیی دێنێت ئەگەر هەوڵەکان چڕ نەکرێنەوە بۆ هاتنەدەرەوەی هێزێکی سیاسی نوێ کە گۆڕانکاری ڕێشەیی تر بکات بەئامانج.
بۆپێشەوە: چەپ و کۆمۆنیستەکان لەخۆپیشاندانەکانی عیراقدا چ ڕۆڵێکیان هەیە؟ بەشی هەرە زۆری داخوازییەکانی خۆپیشاندەران، لەوانە” هەلی کار، ئەمنیەت، خزمەتگوزاری، ئازادی…” داخوازی چەپ و کۆمۆنیستەکانیشن، هۆکار چییە چەپ و کۆمۆنیستەکان ناتوانن ڕۆڵی ڕابەری خۆپیشاندانەکانی عێراق بگێڕن؟
عەلی مەولود: چەپ و کۆمۆنیستەکان بەقەدەر توانا و هێزی خۆی دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت، ئەوەندی من ئاگادارم هەوڵ و تێکۆشان هەیە، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆکار کە لەوەڵامی پرسیارەکانی تردا ئاماژەی زیاتری پێدەدەم، ناتوانێت ڕۆڵی بڕیاردەر و یەکلاکەرەوە بگێڕێت.
ئەم خۆپیشاندانانە ئەگەرچی لە ڕووی چینایەتیەوە لەگەڵ چەپ و کۆمۆنیستەکان یەکدەگرنەوە و بەشی سەرەکی داخوازیەکانی، دروشم و داواکاری ئەوانیشە، بەڵام ئەوان ڕابەرایەتی ناکەن و سەربەخۆ لەوان سەریهەڵداوە و پەیوەندییەکی ڕۆحی بەیەکەوە گرێی نەداون و نەبوونەتە بەروپشتی یەکتر، ڕەنگە بەشێکی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەفکرو زیهن کاری لەسەر دەکەین نەک بەپێی پێویستیەکانی خۆی. گرفتێکی سەرەکی لێرە ئەوەیە میکانیزمی جووڵەی ئەم بزووتنەوەمان نەدۆزیوەتەوە، چۆن رێکدەخرێت؟ لەکوێوە هاتووە؟ کەی دەست بەهەڵچوون دەکات و کەی دەنیشێتەوە؟ بڕیاردەرەکانی کێن و چی دەخوازێت؟ هەریەکە بەپێی پاشخانی سیاسی و فکری خۆی و بەکۆپی کردنەوەی نموونە ئەزموونکراوەکانی مێژوو بەرنامەی بۆ دادەنێت، یان جۆرێک ڕەشەراو دەکرێت، تۆڕی خۆت هەڵدە بەڵکو بیگرێت، کە ئەم چەند مانگەی گوزەراوە وەڵامێکی دڵخۆشکەری نەداوینەتێ.!
له‌سه‌ر ڕۆڵی ڕابەریش؛ قسەکە ئەوەیە حیزب چۆن بەشدار دەبێت لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکەدا و چۆن بە ڕوحێکی شۆڕشگێڕانە دەچێتە سەر میکانیزمی جوڵانی ئەو، وا نییە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان سەرهەڵبدەن و حیزب بچێت ڕابەریەکەی بەدەستەوە بگرێت، ئەمە وێنەیەکی هەڵەیە بەرای من.
بۆپێشەوە: دەوترێت بەشێوەی گشتی خۆپێشاندەران، لەگەڵ حزبیەت نین و تەنانەت دژی کاری حزبایەتین، چەپ چ ئەرکێکی دەکەوێتە سەرشان تا ڕۆڵ و گرنگی کاری حزبی و رێکخراو خۆشەویست بکاتەوە؟
عەلی مەولود: ئەوە هەر لەعێراق نییە کە خۆپیشاندانەکان شوێن حیزبەکان ناکەون، لەزۆربەی سەرهەڵدانەکانی ئەم ساڵانەی دوایی زۆرێک لە وڵاتان ئەوە بەرچاودەکەوێت، ئەمە دیاردەیەکی نوێی خەباتی چینایەتیە كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ری بووه‌ستین. مەسەلەکەش ئەوە نییە خەڵک لەگەڵ حیزبیەت نین و دژی کاری حیزبین، بەڵکو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕۆڵی حیزبە نەریتیەکان بەسەرچووە و حیزب بەشێوەکانی پێشوو ناتوانێ جەماوەری و کۆمەڵایەتی بێت، هەر ئەو حیزبانەی پێشتر ئامرازی خەبات و رێکخراوبوون و بەرەنگاری بوون و ڕۆڵیان هەبوو لەباشترکردنی ژیانی خەڵک، ئێستا ناتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن.
پرسیارەکە بەو دیوەشدا مەترەحە، کە سیاسەت و هەڵسوڕانی حیزبە نەریتیەکان سەرهەڵدان و شۆڕشی کۆمەڵایەتی ستەملێکراوان دروست ناکات؟ کەواتە کێشەکە لەخەڵک نییە، حیزبەکانن بەشێوەی نەریتی ناتوانن ببنە بەشێکی کاریگەر لە جوڵانەوەی کۆمەڵایەتی و حیزبە نەریتیەکانیش ناتوانن ڕێکخەری خەباتی کۆمەڵایەتی بن، هەر ئەوەیشە وایکردووە حیزبە کۆمۆنیستەکان ساڵانێکی زۆرە کاراکتەری ڕووداوی گەورە نین، بۆیە پێویستە بیر لەجۆرێکی دیکە لە خۆرێکخستنی حیزبی و شێوازێکی دیکە لەکاری حیزبی بکرێتەوە کە هاوجووت بێت لەگەڵ بەرخۆدان و بەرەنگاری کۆمەڵایەتی.
حیزب دەبێت بەشێک بێت لە ژیان و ڕێکخستنی خەباتی کۆمەڵایەتی لەپەیوەند بە ژیانەوە، حیزب یەکێک لە ئامرازە گرنگەکانی تەقەللاکانی مرۆڤی چەوساوەیە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باشتر. حیزبی شۆڕشگێڕ دەرگای خەباتی شۆڕشگێڕانە بەڕووی جەماوەردا دەکاتەوە و مەشقی سیاسی بە جەماوەر دەکات، ڕۆڵی حیزب بەسیاسیکردنی خەڵکە نەک ڕۆڵ بینینی سیاسی لەجیاتی خەڵک. بەڵام بەگشتی حیزبە کۆمۆنیستەکانی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، زۆر کەوتوونەتە ژێرکاریگەری فۆرمی حیزبی ستالینی و بەناوی دیسپلینی حیزبی لینینیەوە بۆرۆکراسیەت پەیڕەوکراوە، هەر لەناوەندێتی و نەبوونی دیموکراسییەوە بیگرە تا جێگرتنەوەی چینی کرێکارو جەماوەری خەڵک و بڕیاردان لەجیاتی ئەوان و تەنانەت دەوڵەتداری بەناوی ئەوانەوە. زۆرجار حیزبەکان هەر لەسەرەتاوە لەشێوەی دەوڵەت و وەک جێگرەوەی دەوڵەت دروستکراون، لەناوخۆی حیزبیشدا وەک دەوڵەت کاریکردووە و کۆمەڵێک لەسەرەوە چاکە و خراپە دیاریدەکەن و مافی ئەندامەتی دەبەخشن و وەردەگرنەوە، ئەمانە وایکردووە ببنە دامەزراوەی سەرووخەڵکی و خه‌ڵك لێی دوور بو‌وه‌ستێت، بۆیە پێویستە ئەم ئامرازە گرنگە رزگار بکەین لەو پرەنسیپە زیانبەخشانەی ڕۆڵی خراپیان بینیوە لەخەباتی چینایەتیدا، خەباتی چینایەتی ئێستا، حیزبی هاوشێوەی خۆی دەوێت، حیزب و ڕێکخستنی سیاسی هاوئاڕاستە لەگەڵ ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکان و خەباتی کۆمەڵایەتی.
بۆپێشەوە: زۆرێک لە حزب و رێکخراو و گروپە چەپەکان، ئامادەییان لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە، نزیکایەتی ئەو حزب و رێکخراو گروپانە لەگەڵ یەکتری لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا بیر لەکاری هاوبەش کراوەتەوە؟
 
عەلی مەولود: به‌ دیتنی من نە ئامادەیی لایەنە چەپەکان لە مەیدانەکانی خۆپیشاندان و نە نزیکایەتیان لە یەکتر لەئاستی پێویستدا نییە، خۆپیشاندانەکان بەرهەمی کارو نەخشەی سیاسی لایەنە چەپەکان نییە و ناشبێتە دەستکەوت بۆ ئەوان. مەسەلەی کاری هاوبەش چەندین جار باسی لێوەکراوە، بەڵام ئەوەندەی من ئاگادار بم لە ڕووی پراتیکیەوە نەچووەتە پێشەوە و نەتوانراوە ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە. ئەمەش یەکێک لە گرفتەکانی حیزبە نەریتیەکانە، لەبەرئەوەی لەسەرەوە تەماشای بزووتنەوەکان دەکەن، لەگەڵ یەکتریش هه‌ڵناكه‌ن.
لێک نزیکبوونەوەی کۆمۆنیستەکان و سوسیالیستەکان بەگشتی مەسەلەیەکی گرنگ و پێویستە بەتایبەت لەپەیوەند بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانەوە، بەئامانجی ساغکردنەوەی خۆڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕ، گرێدراو بە ژیان و خەباتی چینایەتی ستەملێکراوان، هەموو ستایشی یەکێتی خەباتی چینایەتی دەکەین و لەو ڕوانگەیەوە یەکرێزی خۆپیشاندەرانمان پێ باشە، ئەوان کەدەتوانن بە جیاوازیەکانیانەوە لەیەک شەقام و لەیەک سەنگەردا خەبات و بەرەنگاری هاوبەش بکەن، ئێمەش بەدڵنیایی دەتوانین.
بۆپێشەوە: بەگشتی چەپ و کۆمۆنیستەکان، پڕۆژەیان چییە، بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی خۆپیشاندانەکان؟
عەلی مەولود: لەڕاستیدا هەموو لایەنەکان پرۆژە و پلاتفۆرم و ئەرکە دەستبەجێکانیان بۆ خۆپیشاندانەکان خستۆتە ڕوو، هەوڵیش دراوە بەکردەوە لەناو داخوازیەکانی خەڵکی راپەڕیودا جێگایان بکرێتەوە. بەڵام پێموانیە ئامانجیان پێکابێت و هەموو لایەنەکانیش بەیەک چاو دۆخه‌كه‌ نابینن. ‌بۆیە پڕۆژەی هاوبەش لەئارادا نییە، دواتر ڕەوتێک خۆی بەهێزو کاریگەر نەبێت پلاتفۆرم و پرۆژەکەی هەرچی بێت ناتوانێت جێگا بگرێت و زیاتر ئەخلاقی و فۆرماڵی دەکەوێتەوە.
بۆپێشەوە: ئایندەی ئەم خۆپیشاندانانە چۆن دەبینن؟
عەلی مەولود: ئایندەی ئەم خۆپیشاندانانە بەستراوەتەوە بە فراوانبوونەوە و درێژەکێشانی تا به‌رهه‌مهێنانی جێگره‌وه‌ بۆ نیزامی ئێستا، به‌ڵام دوو خاڵی لاوازی هەیە: یەکەم لە گۆڕەپانی شارەکان قه‌تیس ماوە. دووە‌م ئه‌ڵته‌رناتیڤیشی دیار نییه، بۆیە لەتوانای بڕیاردان بەهرەمەند نییە.
ڕاپەڕینی خەڵکی عێراق ڕەسەنایەتی ئەوەی خستەڕوو، کە تایەفەگەری و ئیسلامیبوون و نەتەوەپەرستی تێپەڕاند و بەوپەڕی خۆڕاگری و پێداگریەوە لە هەناوی وێرانەیەکدا ڕێگایەکی نوێی بۆ بنیاتنانی ژیانێکی نوێ کردەوە. ئەوە وەرچەرخانێکی گرنگ و وێستگەیەکی گرنگی بەرەنگاریە لە ژیانی ئەم کۆمەڵگەیەدا و مژدەی دەستپێکی پرۆسەیەکە بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵگەیەکی نوێی ئازاد، کە دەکرێت هیوای لەسەر هەڵبچنرێت.
 
هەرچەندە چینی سیاسی دەسەڵاتدار، بەمەبەستی پاراستنی نیزامەکەی، دەستی داوەتە هێرشێکی توندتر بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و سیناریۆی جۆراوجۆر دادەرێژێت بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و هێشتنەوەی دەسەڵات لەدەستی کەمینەیەکی سیاسی سەرکوتگەردا، بەڵام درێژەکێشانی ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکان ئەو خەونەیان دەکاتە مۆتەکە و یاخیبوونی مەدەنی بەپێی ستراتیژێک کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی زۆرینەی خەڵک بێت، سەردەکێشێتە ناو سیاسەتێک کە سەرەنجام کۆمەک دەکات بە ئامادەکردنی پێویستیەکانی هەرەسی پایەکانی نیزامی حوکم.
ئەو دەسەڵاتەی لەسەر بنەمای سیستەمی پەرلەمانی و فیدراڵی لەعێراق دامەزراوە، بووە بە دەسەڵاتێکی ناوەندی بەدەست کەمینەیەکی قازانجپەرستی دەسەڵاتخوازەوە، بەڵام خەڵک خوازیاری مۆدیلێکی باشترن بۆ بەڕێوەبردن و ژیانکردن. ئەم خۆپیشاندانانە دەکرێت سەرەتای جوڵانەوەیەکی نوێ بێت بەئاراستەی هاتنە دەرەوەی هێزێکی نوێی جەماوەری، کە خەباتی چینایەتی چەقی رووداوەکانی بێت.
شتێک کە بمەوێت لەکۆتایی بیڵێم بەشداری نەکردن و خۆپارێزی کرێکارانە لەو خۆپیشاندانانەدا! لەو ٤ مانگەدا ٤ مانگرتنی کرێکاری ڕووینەداوە، پۆتانشێڵ و ماتەووزەی خۆپیشاندانەکان بێکاران و لاوان و ژنانن، ئەمە هەر لەعێراق وانییە لەهەموو سەرهەڵدانە جەماوەرییەکانی ئەم ساڵانەی دنیا بەرچاودەکەوێت. ئەمەش گۆڕانێکە لەخەباتی چینایەتیداو پێویستی بە وردبینیە، من هەڵسەنگاندنی خۆم بۆی هەیە، بەڵام سنوری بابەتەکەی ئێوە بواری باسکردنی نادات. لەو بارەیەوە سەرنجی خوێنەر بۆ وتارێک رادەکێشم بەناوی “سەرمایەداری، ستەمکاری، فۆرمەکانی بەرەنگاری”. …
Leave A Reply

Your email address will not be published.