ئەو حزبەی کە دەمانەوێت ؟!*
ئەو حزبەی کە دەمانەوێت ؟!*
سامان کەریم
Saman.karim5@gmail.com
پێشەکیەکی پێویست و دووبارە
مەسەلەی ڕێکخستنی چینی کرێکار، مەسەلەیەکی سەرەکییە لە ڕاستای بەکردەوە دەرهێنان و بەدەستهێنانی ئاسۆی شۆڕشی کرێکاریدا. بەڵام باسی من لێرەدا باسی ڕێکخستن و چۆنێتی ڕێکخستن و شێوازی ڕێکخستنمان نییە، هەروەها باسی ئەوە نییە کە بەپێی چ میکانیزمیك ڕێکخستن پراتیک بکەین. دیسان باسی سیاسەتی ڕیکخستنمان نییە. باسی من تەنانەت ئەوە نییە کە ئایا سیاسەتەکانی ڕێکخستنمان چین؟! هەموو ئەم باسانە باسی گرنگن لە پەیوەند بە بابەتی تەحەزوبی چینایەتی و شێوازە سەرکەوتووەکانی ڕێکخستنی چینی کرێکار لە ڕێکخراوەی حزبی یان کۆمەڵایەتی لە سەر ئاستی هەموو چینەکەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باسی من ئەم بابەتانە ناگرێتەخۆی، بەڵکو پەیوەستە بە ناوەرۆک و ناسنامەی خودی کۆمۆنیزمی مارکسەوە. لە دوای ئەمە و تەنها بە دوای ئەم هەنگاوەدا و کاتێک حزب ئەم ڕێڕەوەی گرتەبەر و کردیە ئەرکی خۆی، ئەوکات، واتە کاتێک کە پێمان داکوتا لە ناو ڕیزی چینەکەماندا، ئیتر کێشەی ڕێکخستنیش مەسەلەیەکی قورس نابێت.
مەسەلەی من کۆمۆنیزمە، مەبەستم کۆمۆنیزمی مارکسە، کە کاری خەباتکارانە و شۆڕشگێڕانەی لە پێگەی سروشتی خۆیدا دەستپێدەکات. لە شوێنی بوونیدا وەکو بزوتنەوەیەکی چینایەتی. باسەکە باسی ئەولەویات نییە، باسی فۆکەس کردن نییە لەسەر ئەم توێژ و ئەو توێژ، وە باسی هەڵبژاردن نییە لە نێوان دووشت یان دوو جووڵانەوە هەتا بوارمان بۆ بڕەخسێت کە بەپێی بیرکردنەوەمان ئەمیان یان ئەویان هەڵبژێرین. باسەکە تەنانەت باسی سیاسەتیش نییە بەڕادەی ئەوەی کە بوون و بناغەیەکی کۆمەڵایەتییە. کۆمۆنیزمی مارکس: بزووتنەوەی کرێکارییە، بەجیا لەوەی ئاسۆی ڕۆشنە، یا ناڕۆشنە یان ناتەواوە. هەروەها باسەکە باسی بیروبۆچوونێکی ڕۆشن و ئاسۆیەکی ڕۆشن نییە. پێش هەموو ئەم شتانە، کۆمۆنیزم بزوتنەوەی کرێکارییە. ئێمە هیچ کۆمۆنیزمێکمان نییە لەدەرەوەی بزوتنەوەی کرێکاریی. هیچ حزبێکی کۆمۆنیست و مارکسیست بوونی نییە ئەگەر ڕابەرایەتی ئەم بزوتنەوەیە نەکات. پێویستە ئەمە جیهانبینیمان بێت و لە پراتیکی ڕۆژانەماندا بەرجەستە بێتەوە.
بابێین سەرنج لە کۆمەڵێک وتە بدەین لە باس و نامە جیاوازەکانی مارکس و ئەوانی تردا: “دەبێت ڕزگاری چینی کرێکار لەسەر دەستی خودی چینی کرێکاربێت” و ” شورای ناوەندی لە لەندەن کۆدەبێتەوە، بە ئامادەبوونی کرێکاران لە هەموو ئەو وڵاتە جیاوازانەی نوێنەریان هەیە لە کۆمەڵەی نێونەتەوەیی دا….” (پەیڕەوی ناوخۆی کاتی کۆمەڵەی کرێکارانی نێونەتەوەیی، لە نێوان ٢١- ٢٧ تشرینی یەکەمی ١٨٦٤. وەرگێڕانی معز الراجحی و عبدالمطلب العلمی. خاڵی تەئکیدەکان هی منە).
“لەسەر کرێکاران پێویستە کە بچنە نێو سیاسەتەوە” و “حزبی چینی کرێکار ئێستا وەک پارتێکی سیاسی لە زۆربەی وڵاتەکاندا کاردەکات” و “کارەکە بە ئێمەوە نەبەستراوەتەوە و ئێمە هیچ قازانجێکمان لەوەدا نییە کە بانگەشەی وازهێنان لە سیاسەت بکەین”. (دەربارەی کاری سیاسی لە نێو چینی کرێکاردا. وەرگێرانی نادیە محمود. هێڵی تەئکيد هی منە).
مارکس لە ساڵی ١٨٦٤ دا لە مەزاجی باوی نێو کرێکارانی ئەوروپا تێگەیشت بوو، کە زۆر دوور بوو لە ڕۆژە بەهێزەکانی ساڵی١٨٤٨ ــەوە. مارکس خۆی وتەی دەستپێکی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کرێکارانی گەڵاڵەکردبوو، ئەو ناچار بوو وەکو خۆی بۆ ئەنگلسی باس دەکات: “چوارچێوەیەک ببەخشێت بە وتارەکە کە بیروڕاکانیان بە شێوازێک بخاتەڕوو کە بتوانێت جێگای پەسەندی بیروڕای ئێستای بزوتنەوەی کرێکار بێت. مەسەلەی دووبارە هەستانەوەی بزوتنەوەکە کاتی دەوێت، تا ڕێگا بداتەوە بە بەکارهێنانی جەسارەت و زمانی پێشوو، ئێمە پێویستمان بەوەیە کە لە کرداردا بەهێز و لە شێوازی دەربڕینماندا نەرمونیان بین“. (کارل مارکس و ئەنتەرناسیونالی یەکەم لە نووسینی هوجز بیرج. وەرگێڕانی یاسر عزام. هێڵی تەئکيد هی منە).
ناوەکان و دوو لەسەر سێی بەشداربووان لە ئینتەرناسیوناڵی یەکەم لە ساڵی ١٨٦٤ و کۆنگرەی لەندەن لە ساڵی ١٨٧١ کرێکاران و ڕابەرانی کرێکاری بوون، وەکو: ئۆزبۆن، لوکرافت، دینوال، فیکتور لوبیز، بوسکیت، فونتانا، لویس ولف، یوهان ئیکاریوس، بیراشون، لیموسین و ئەوانی تر. وە لە ساڵی ١٨٦٤ دا لە نێوانیاندا کرێکارانی ناسیونالیستی ئیتالی هەبوو لە لایەنگرانی باوکی ناسیونالیستی ئیتالی جوزیبی مازینی “ڕابەری ئیتالیای یەکگرتوو نوێ”. ئەمە جگە لە بلانکییەکان و تۆباوییەکان و برۆدۆنییەکان.
سۆشیالیزم لە ساڵی ١٨٤٧ دا هاوتابوو لەگەڵ جووڵانەوەی بورژوازیدا، و کۆمۆنیزمیش هاوتابوو لەگەڵ جووڵانەوەی کرێکاریی دا. (ڕزگاربوونی کرێکاران کاری خۆیانە/ ئەنگلس لە پێشەکی چاپی ئەڵمانی مانیفێست دا ١٨٩٠).
ئەنگلس دەربارەی کرێکارانی ئەمریکا…..”گرنگترین مەسەلە ئەوەیە کەوا لە چینی کرێکار بکرێت وەک چینێک بجوڵێت، وە تەنها بەم شێوازە، ڕێڕەوی ڕاستی خۆیان دەدۆزنەوە…..پێشبینیکردنی ئەوەی کە ئەمریکیەکان دەستپێشخەربن لەو هۆشیارییە تیۆریەی کە لە وڵاتە پیشەسازیە کۆنەکاندا پەرەی پبێدراوە، وەک پێشبینیکردنێکی ئەستەمە….دەنگی دوو ملیۆن کرێکار لە نۆڤەمبەری داهاتوودا بە قازانجی حزبێکی کرێکاریی ڕاستەقینە، لە ئێستادا زۆر گرنگترە، لە سەد هەزار دەنگ بە قازانجی بڵندگۆیەکی مەبدەئی تەواو عەیار….“
“کرێکارانی جیهان یەکگرن” کاتێک ئەم بانگەوازەماندا بە گوێی تەواوی دنیادا، جگە لە چەند دەنگێکی کەم نەبێت، کەس وەڵامی نەداینەوە. (ئەنگلس، پێشەکی چاپی ئەڵمانی مانیفێست ١٨٩٠).
ئەمانەی سەرەوە ژمارەیەک بڕگەو وتەی لێوەرگیراوون. مەسەلەی من، کاری کۆمۆنیستی و پایەی فیکری بزووتنەوەی کۆمۆنیستییە. کۆمۆنیزم وەک بیر و پەیڕەو و وەک جیهان بینی و پەیڕەوێکی خەباتکارانە، سەرخانێکە بۆ بزووتنەوەیەکی چینایەتی دیاریکراو، ئەویش چینی کرێکارە و نوێنەرایەتی بەشی پێشڕەوی ئەم بزووتنەوەیە دەکات. لەم قۆناغەدا و لە سەرەتادا پێویستە لەسەرمان کە لەنێو چینی کرێکاردا بوونمان هەبێت، و خەباتی واقعیانەی یەکگرتووبکەین. بەبێ ئەم بوونە بەردەوام و درێژخایەنە ناتوانرێت باس لە شۆڕشی کرێکاریی بکرێت. وە ئەگەر باسیسشی بکەین ئەوا دەبێت بە چەلەحانەیەکی ڕۆشنبیرانە.
کۆمۆنیزمی ئێمە و کۆمۆنیزمی مارکس
بارودۆخی ئێستا لە هەردوو ئاستی نێودەوڵەتی و عێراقیدا، سەردەمێکی کپ و وەستاوە بۆ کۆمۆنیزم بە شێوەیەکی گشتی و کۆمۆنیزمی مارکس بە شێوەیەکی تایبەت. مەبەستم لە کۆمۆنیزمی مارکس، کۆمۆنیزمی چینی کرێکارە. کۆمۆنیزم لە بنەمادا کۆمۆنیزمی چینی کرێکارە و “زانستی ڕزگاریەتی”. لە باری عەمەلیەوە (کردارە) بزووتنەوەی کریکاریی و خەباتی بەردەوامیەتی، و لە باری فیکری و تیۆرییەوە بریتییە لە مارکس – ئەنگلس و مانیفێستەکەیان و بیروڕاکانیان کە گەڵاڵەبووی مێژووی خەباتکارانەی چینی کرێکارە لە دەوڵەتە پیشەسازیەکانی ئەوکاتدا. لە ڕێگای خەباتێکی سیاسی- عەمەلی و تیۆری قووڵ و فراواندا لەسەر ئاستی خەباتی چینایەتیدا لە ئەوروپا گەڵالە و دارێژراوە. بەم پێوانەیە، تیۆری شۆڕشگێڕانەی مارکس – ئەنگلس لە مەیدانی پراکتیکیدا لە ڕێگای خەباتە کرێکارییەکانەوە بەدەستهاتووە، نەوەک لەدەرەوەی ئەوان و لە ڕێگای خەبات و ناڕەزایەتی توێژە جیاوازەکانی جووتیاران و ووردە بورژوازی، یان لە ڕێگای کێشمەکێش لە پێناو مافی “نەتەوەکان” …. بەبێ بزوتنەوەیەکی کرێکاریی کە هەڵگری ئەم بیروڕا و سیاسەت و پەیڕە و بەرنامەیە بێت، کۆمۆنیزمێک بوونی نییە. کۆمۆنیزم تەنها بیری دابڕاوی ناو زەینی “ڕۆشنبیران” نییە، بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ و بڕیارنامە نییە. کۆمۆنیزم بەر لە مانیفێست بریتییە لە بزووتنەوەیەکی کرێکاریی بە ئاگا کە بە پێی پێناسەی ئەنگلس بە ” گۆڕانکاری سیاسی” ڕازی نابێت…. جەستە ناتوانێت بە بێ سەر ببزوێت، سەریش ناتوانێت بە بێ جەستە ببزوێت. بۆیە ئەحزابە کۆمۆنیستییەکان و لە نێوانیشیاندا حزبی ئێمە، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، ناتوانن وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی سەر بە نەریتی مارکس ببزوێن، ئەگەر نەپرسن: بۆچێ چینی کرێکار لە ڕووی سیاسییەوە لە مەیداندا نییە؟! نەک تەنها دەبێت بپرسێت، بە تایبەتی دوای ٣٠ ساڵ، بەڵکو پێویستە وەڵامێکی ڕوون و ڕۆشن بەم ئامادە نەبوونەی بداتەوە. دەبێت بە پێی ئەم ڕێباز و مێتۆدە بجووڵێتەوە نەک ڕێباز و مێتۆدی جۆراوجۆری تر، کە هیچ پەیوەندیەکیان بە خەباتی چینی کرێکارەوە نییە لە بوارە جیاجیاکاندا.
کاتێک حزبە کۆمۆنیستییەکان، وە لە نێویشیاندا حزبی ئێمە، کار دەکەن و هەڵسوڕانی سیاسیان دەبەنە پێشەوە، بێ ئەوەی بزووتنەوەی کرێکاریی درکی پێبکات یان هەستی پێبکات، ئەمە مانای ئەوەیە کە هزر بەبێ بابەت و سیاسەت بەبێ بنەما و هوشیاری بە بێ بابەت دەبزوێت و ئەمەش بە تەواوەتی لەگەڵ تیۆری مارکسیستیدا ناکۆکە. کۆمۆنیزم بزوتنەوەیەکی فکری (هزری) نییە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی پراکتیکی چینایەتییە کە بە شێوەیەکی فعلی لە بزاوتندایە، وە تەنها بەم پێوانەیە و دوای ئەمە بەهرەمەندە لە تیۆری و هزر و پەیڕەوی تایبەت بە خۆی و ئەحزابی خۆی. وە تێزەکانی مارکس دەربارەی فیورباخ لەسەر ئەم بنەمایە دارێژراوە. دوای بەرجەستەکردنی پراکتیکی ئەم هزرانە، یاخود دوای بوونی پێگەیەک لە نێو چینی کرێکاردا، ئەو کات دەتوانێت سەرمایەگوزاری لەسەر توێژە ناڕازیەکانی تری کۆمەڵگا بکەیت. ئەمەش هەرگیز بەمانای ئەوە نایات کە کارنەکەیت تا نەگەیتە ئەم ئامانجە، بەڵکو مەبەستەکە چەقی کارە سەرەکیەکانمان و بەکارهێنانی تواناییەکانی حزبە بەپێی ئەم تێڕوانینە.
خۆش باوەڕی و هەڵەتێگەیشتن بە شێوەیەکی گشتی، لە ئاستی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا
“کۆمۆنیزم زانستی ڕزگاری پڕۆلیتاریایە” ئێمە لای ئەنگلس ئاوا دەخوێنینەوە. فێربووین کە، زانستی ڕزگاری توێژەکانی تری کۆمەڵگا نییە، ئەگەر توێژی ناڕازیبن یان نا. کۆمۆنیزم زانستی ناڕەزایەتی خوێندکاران و بزووتنەوەی ژنان و بێکاران و لاوان نییە، بەڵکو زانستی ڕزگاری چینی کرێکارە. وە تەنها لە ڕێگای ئەوەوە، واتە چینی کرێکار، دەبێتە زانستی ڕزگاری کۆمەڵگا و بەشۆڕشگێڕکردنی و پێچەوانەکەی هەڵەیە. کۆمۆنیزم زانستی بەشۆڕشگێڕکردنی کۆمەڵگا نییە، پێش بە شۆڕشگێڕکردنی کرێکاران. ئەمە کۆمۆنیزمی مارکس نییە. لەوانەیە کۆمۆنیزمێکی پۆپۆلیستی و جیهانی سێهەمی بێت کە دوای هەموو جۆرە بزوتنەوەیەک دەکەوێت کە لەسەر گۆی زەوییە. بە دوای قەرەباڵغیدا ڕادەکات. بە دوای قەڕەباڵغییەکان لە سودان و جزائر و تەنانەت لیبیا و سوریا و عێراقیشدا ڕادەکات و لە هەمووشی کارەساتبارتر ئەوەیە کە لەژێر ناوی شۆڕشدا ئەم ڕاکە ڕاکە دەکات.
کۆمۆنیزم، بە واتایەکی تر بزووتنەوەی بەشی پێشڕەوی چینی کرێکار، بۆ هەموو بارودۆخ و ئانوساتێکی جیاوازە، بە جیا لەوەی بارودۆخی کۆمەڵگا ئاساییە وەک ئەڵمانیا و چین و سوید یان کۆمەڵگایەکی پڕ لە پەشێوییە وەک عێراق و زۆرینەی وڵاتە عەرەبییەکان. کۆمۆنیزم بۆ هەموو ئەمانە وەڵامی پێیە. کۆمۆنیزم لەبەرامبەر ئەم بارودۆخانەدا نەزۆک نییە و وەڵامی شیاوی پێیە بۆ هەر قۆناغ و بارودۆخ و ساتێکی مێژوویی دیاریکراو. بەدەستهێنان و چەسپاندنی پراتیکیانەی کۆمۆنیزم پەیوەندی بە بارودۆخی ئاسایی و نائاساییەوە نییە. کۆمۆنیزم وەک هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تری چەشنی لیبراڵی و ناسیونالیستی و ئیسلامی بۆ هەموو بارودۆخ و ئانوساتێکە.
لە ناو ڕیزەکانماندا و لە ڕیزی چەپ بە گشتی، گوێبیستی ئەم باسانە دەبین دەربارەی چینی کرێکار: بزووتنەوەی کرێکاریی سەروسیمای خۆی دەرنەخستووە!! بزووتنەوەی کرێکاریی وەک چەندین دەیە بەر لە ئێستا لە مەیداندا نییە!! بزووتنەوەی کرێکاریی بێ وەڵامە لەبەرامبەر بارودۆخی ئێستادا!! لە لایەکی ترەوە ڕابەرایەتی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکانی تر دەکەین؛ قوتابیان، لاوان، بێکاران، دژی دیکتاتۆری، ژینگەپارێزی و هەموو چەشنە ناڕەزایەتیەکی تر تا ئەو کاتەی بزووتنەوەی کرێکاریی بەخەبەردێت و سەرلەنوێ هەڵدەستێتەوە!!!! بە مانایەکی ترکۆمەڵگا دەخەینە سەرئاستانەی شۆڕش و لەم ڕێگایەشەوە چینی کرێکار هەڵدەستێتەوە. یان گوێبیستی ئەوە دەبین کە کۆمەڵگای عێراقی پەشێوە و بێ سەروسامانە و کارگەکان داخراون و ڕێژەی بێکاری زۆربەرزە و بارودۆخەکە نائاساییە و هێزە میلیشیاییەکان دەسەڵاتدارن….!!! بۆیە ناتوانین چاوەڕوانیەکمان لە دووبارە هەستانەوەی چینی کرێکار هەبێت. ئەم جیهانبینیە ناتوانێت لەوە تێبگات کە بۆ حزبێکی وەک ئێمە یان هەر حزبێکی تر، لە کاتێکدا کە ڕابەرایەتی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا دەکەین، ئەگەر لە ناو چینی کرێکاردا خاوەنی پێگەی خۆمان نەبین، ئەوکاتە نەریت و شێوازی خەباتکارانەی ئەو توێژانە دەمانبات لەگەڵ خۆی، وە لەم بارەدا پێچەوانەکەی ڕاست نییە.
لەباری پراتیکییەوە حزبی ئێمە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا خەریکی ئەم جۆرە کارانە بووە بە بێ ئەوەی کە ویژدانی کرێکاریانەی ختوکەی بدات و ببێت بە خولیای “ڕابەرایەتیەکەی” و پرسیار لە خۆی بکات و تێڕامێنێت بۆچی ئێمە لەم بارودۆخە خراپەداین؟!! بەهەرحاڵ ئەگەر هەزاران هەزار خەڵکی ناڕازی و ووردە بورژوایت لەگەڵ بێت… و هەمووشیان بە حزبەوە پەیوەستبن، نە کۆمۆنیزمی مارکس دەبێت بە هێز، وە نە چینی کرێکار، و تەنانەت لێشی بێئاگا دەبێت. لانی کەم ئەمە لە ڕووی مێژوویییەوە بە خوێن و زیندانیکردنی هاوڕێیانمان سەلمێندراوە. بە داخەوە مێژووی حزبی ئێمە دووبارەکردنەوەی هەمان مێتۆدی نامارکسیانەیە هەتا کۆبوونەوەی ئەمڕۆشمان. ٣٠ ساڵ دەگوزەرێت و ئێمە لە یەک کۆمیتەی کۆمۆنیستی بەهرەمەندنین، ٣٠ ساڵ دەگوزەرێت و ئێمە لە پێنج کادری کۆمۆنیستی “لەدەرەوەی ڕابەرایەتی حزب” بەهرەمەندنین، ٣٠ ساڵ دەگوزەرێت و ئێمە بچووکترین کاریگەریمان لەسەر بزووتنەوەی کرێکاریی نییە و تەنانەت نەمانتوانیوە کاریگەریمان لەسەر نزیکترین ڕێکخراوی کرێکاریی لە خۆشمانەوە هەبێت؟! ئایا لە ڕاستیدا ئەمە کۆمۆنیزمە؟!! بێگومان تیۆری “بەشۆڕشگێڕکردنی کۆمەڵگا و ئەنجا چینی کرێکار!!” ناتوانێت هیچ بەرووبوومێکی بە قازانجی چینی کرێکار و حزبی ئێمە هەبێت و ئەمەشیان دووبارە لە ڕووی مێژووییەوە تۆمارکراوە و سەلمێندراوە؟! ئایا هیچ وەڵامێکی تر هەیە؟!
چەمکی “کۆمەڵگا شۆڕش دەکات” یان لە ناو کۆمەڵگادا بەشێوەیەکی گشتی کاردەکەین تا بوارمان بۆ بڕەخسێت کە کاریگەریی لەسەر چینی کرێکار دابنێین، هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمۆنیزمەوە نییە. وە لە ڕووی تیۆریەوە چەمکێکی هەڵەیە. کۆمەڵگا بەسەر چینی جیاوازدا دابەشکراوە. کەواتە چ چینێک شۆڕش دەکات و ڕابەرایەتی شۆڕش دەکات؟!… بورژوازی بە هیچ شێوەیەک لە توانایدا نییە کە ڕابەرایەتی شۆڕش بکات. ئەو سەردەمە بە تەواوەتی بەسەرچووە. هاوکات توێژە وەتەنگهاتوو و هەژارەکانی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی ناتوانن ڕابەرایەتی کۆمەڵگا بکەن بەپێی جێگاوڕێگایان لە بەرهەمهێنان و ئابووریدا. ناتوانرێت بووترێت کە قوتابیان و ژنان و لاوان و کۆمەڵگا ڕێکدەخەم و ئەوکات کاریگەری لەسەر چینی کرێکار دادەنێم. بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان خاوەنی نەریتی تایبەت بە خۆیانن. ئەمە با جیا لەوەی کە تۆ ناتوانیت ئەم بزوتنەوانە ڕێکبخەیت بە بێ ڕێکخستنی چینە سەرەکیەکان.
بارودۆخ یان پێگەی چینی کرێکار لە قۆناغی ئێستادا دەرئەنجامە نەک هۆکار. لە ڕووی سیاسیەوە نائامادەیە، بەلام لە ڕووی خەباتی ڕۆژانەدا لە مەیداندایە. تا ئەو کاتەی سەرمایەداری وەکو سیستەمی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان مابێتەوە، بابەتی سەرەکی وەکو خۆی و لە جێگای خۆیدا دەمێنێتەوە. کێشەکە لەوەدایە کە بۆچی ئەم چینە گەورەیە لە ئاستی جیهانیدا گەیشتووە بەم پێگە لاوازە و لە ڕووی سیاسیەوە نائامادەیە و هیچ ڕۆڵێکی نییە لە یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسیەکاندا؟! ئەمە دەرئەنجامە. ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان پێویستە لەسەرمان کە هۆکاری ئەمە بزانین و بتوانین وەڵام بەمە بدەینەوە و لەڕووی پراتیکی یەوە بتوانین ئەم قۆناغە تێپەڕێنین. ئەم قۆناغە یان سەردەمە، سەردەمی بورژواییە. و بە مانای زاڵ بونیەتی بەسەر تەواوی بوارەکانی ژیانی ئادەمیزاد دا. سەردەمی ئێستا سەردەمی متبوون و سڕبوونی سیاسی ئێمەیە، سەردەمی نائامادەیی کەشی”مەناخ” تیۆری و سیاسی یە بۆ هەر شتێک کە پەیوەندی بەخەباتی چینایەتی و تیۆریەکانیەوە هەیە وە بە تایبەتی مارکس. لە سەر ئاستی ڕای گشتی جیهانی بارودۆخەکە لەم قۆناغەدا بەشێوەیەکە با لە کوێوە دێت چینی کرێکار لەوێوە شەن و کەو ناکات. ئەم بارودۆخە تەنها چینی کرێکار ناگرێتەوە و بەڵکو هێزە بورژوازییەکانی چەشنی لیبراڵی و ئیسلامی سیاسی و ئەوانی تریش دەگرێتەوە، بە شێوەیەک کە ئەم دوو بزووتنەوەیەش لەسەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا لە کەشێکی گونجاوی خۆیان بەهرەمەند نەبوون تا کۆتایی هەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو. چینی کرێکار لەم قۆناغەدا لە مەزاجێکی شۆڕشگێڕانە بەهرەمەند نییە. گێڕاندنەوەی ئەم مەزاجە بە وتەی ئەنگلس کاتی دەوێت وەکو لە باسەکەیدا دەربارەی چینی کرێکار لە بەریتانیا دا ئاماژەی پێدەکات.
ئەو خۆشخەباوەڕی و بەهەڵە لێتێگەیشتنانەی کە لە نێو بزووتنەوەکەی ئێمەدا هەیە، لە بزوتنەوە بورژوازییە چەپەکانەوە هاتۆتە ناو ئێمە و ئێمەش وەکو ئەوەی بەشێک بێت لە نەریتی خۆمان، ئێستاشی لەگەڵ بێت جێبەجێمان کردووە. وە هەر سەرکەوتنێک لەم قۆناغەدا بەدەستدێت لە قۆناغی ناڕەزایەتی و شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی “سوریا و لیبیا و جەزائیر و سودان” یان شۆڕشە ڕەنگاوڕەنگە بورژوازییەکاندا، سەرکەوتنە بۆ بورژوازی لیبراڵی بە هەردوو بەشەکەیەوە؛ ناسیونال ئیسلامی یان ناسیونال لیبراڵی و ئیسلامی سیاسی. کەواتە لەم قۆناغەدا وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی، هەموویان بزووتنەوەی کۆنەپەرستانەن. باسی من لێرەدا بەشداریکردن یان نەکردن نییە لەم بزوتنەوانەدا. بەڵکو زۆر لەم باسانە فراوانترە.
سەرئەنجام کۆمەڵگا شۆڕشی نەکردوو ئێمەش بەبەراورد بە رۆژی دامەزراندنی حزب زۆر لە چینی کرێکار دوورترین، وە نەک هەنگاوێک و دووان بەڵکو دەیان هەنگاو گەڕاوینەتەوە دواوە…. پێویستە ئەم شێواز و نەریتانە لە بناغەوە ئاڵگۆڕیان بەسەردابێت. بە بڕوای من، ئەم کۆبوونەوەیە کۆبوونەوەی وەڵامدانەوە بەم کێشەیەیە. کارێک کە نەمانکردووە، پێویستە لەسەرمان بیکەین. ئەمە کورتەی ئەم قۆناغەیە. وێڕای ئەمە لە ناو ڕابەرایەتی حزبدا هەندێک هەنگاو و هاوئاهەنگی گونجاو هەیە لەم قۆناغەدا، لە نێوان هەردوو پلینیۆمدا.
لە کۆتایی دا: چۆن دەستپێبکەین، پرسیارە قورسەکە!
کارەکە قورسترە لەبەرئەوەی ئێمە لە سفرەوە دەستپێناکەین و هەموومان و حزبەکەشمان بە قۆناغی خەباتکارانەی جیاوازدا تێپەڕیوین. هیچ یەکێک لەو قۆناغانە نەیتوانیوە ببێتە هۆکاری ڕێکخستنی هیچ بەشێک لە چینی کرێکار و تەنانەت هیج توێژێکی کۆماڵایەتی تریش. ئەمەش ئەنجامێکی ئاسایییە چونکە جێگاوڕیگا و کارکردی توێژەکانی تر بۆ هەر ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە بەشێوەیەکی ڕەها کۆتایی هاتووە. چۆن دەستپێبکەین؟! پێش هەرشتێک:
یەکەم: تەرخانکردنی هەموو تواناییەکانی ڕابەری حزب بە تەواوەتی بۆ بزووتنەوەی کرێکاریی و گیروگرفت و لاوازی و خۆلادانیان لە سیاسەت. رۆژنامە، گۆڤار، دیبات و کۆڕەکانمان دەبێت بۆ ئەمە تەرخانبکرێت. گیروگرفتە کۆمەڵایەتیەکانی تر هەموو لاوەکی و لاوەکی ترن…. شیکاری و لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی گرنگە. بەڵام بۆ کێ؟! گرنگە بۆ ڕابەرە کرێکارییەکان نەک بە تەنها بۆ نیشاندانی هەڵوێست و دەرکردنی بەیاننامە، وەکو ئەوەی کە کردوومانە. کۆمۆنیزم و حزب و بزووتنەوەکەی یانی ئاڵوگۆڕی بە کردەوە، نەک تەنها هەڵوێست نوواندن و بەیان دەرکردن. ئەم بەندە ناوەرۆکی خەباتی کۆمۆنیستیش ” هاندان، پڕوپاگەندە و ڕێکخستن” دەگرێتەوە. ڕابەری حزب بڕیاربدات لەسەر ئەو هەڵقەیەی کە پێویستە فۆکەسی بخرێتە سەرو دەست بەجێ پراتیک بکرێت بەپێی قۆناغە جیاوازەکان.
دووەم: دیاریکردنی زۆرینەی ڕابەری حزب لە “کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی” بۆ ئەم کارە. یاخود گۆڕینی هەیکەل بەندی ڕابەرایەتی حزب بە شێوەیەک کە بتوانێت ئەم ڕێبازە دابین بکات.
سێیەم: دەرکردنی رۆژنامەی کرێکاریی و سیاسی و کارگەیی و ئابووری …. لە سەر بنەمای پسپۆڕی گونجاو و ڕۆشن.
چوارەم: دروستکردنی ئەڵقەی کرێکاری، دروستکردنی لیژنەی کارخانە، دروستکردنی لیژنەی کۆمۆنیستی “بەپێی پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی خۆی نەک بە بڕیاردان”، تۆڕی کرێکاری لێکهەڵپێکراو لەسەر ئاستی کەرتە جیاجیاکاندا، بنیاتنانی تۆڕ یان کۆڕوکۆمەڵی ڕابەرە کرێکاریەکان لەسەر ئاستی عێراقدا، بێ گوێدانە جۆری بیرکردنەوەیان. گرنگترین کارێک لێرەدا ئەوەیە کە ئەوان لەنێو خۆیاندا لەسەر کۆمەڵێک داواکاری سەرەکی چینی کرێکاری عێراق ڕێکبکەون. دروستکردنی لیژنەکانی کارگە و گەڕەک یان هەر هەر جۆرە شێوازێکی تری خۆڕێکخستنی جەماوەری لە گەڕەکەکاند. ڕێکخستن وەکو ئەرکێکی ڕۆژانە، پشت بە خۆڕێکخستنی ڕۆژانە دەبەستێت لە شوێنی کار و ژیاندا.. جگە لە چەند کارێکی کارگێڕی “بەمانای فراوان” کە ڕابەری حزب خۆی ڕێکیدەخات.
پێنجەم: دروستکردنی ڕایەڵە و پەیوەندی لە نێو ڕابەرانی کرێکاری “بە جیا لەوەی چۆن بیردەکەنەوە و سەر بە کام حزب و سەندیکا و ڕێکخراوەن” لە وڵاتە جیاوازەکاندا. باسم ڕابەرانی ڕاستەقینەی کرێکارییە، نەک ئەو فەرمانبەرانەی کە نوێنەرایەتی سەندیکا زەردەکان دەکەن. بە دیاریکراوی دروستکردنی پەیوەندی هاوپشتی و هاوئاهەنگی چینایەتی لە نێوان کۆمەڵێک لەم ڕابەرانە لە لیژنەیەکدا یان لە کۆمەڵەیەکی کرێکاریی ڕۆشندا و لە ژێر ناوی “کۆمەڵەی کرێکاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست” یان “خۆرهەڵاتی ناوین” یان “جیهانی عەرەب” وە تەنانەت لە ئەوروپاش “کۆمەڵەی کرێکارانی یەکێتی ئەوروپا”… بەلەبەرچاوگرتنی توانایی وئامادەییەکان بۆ دروستکردنی یەکەمین ناوکۆکەی خەباتکارانەی نێونەتەوەیی بە قازانجی کرێکاران… تەنانەت ئەگەر لەسەر یەک بەند ڕێکبکەون یان تەنها لەسەر چەند داواکاریەک.
شەشەم: پێداگری و فۆکەس کردن لەسەر هەڵسووڕان و کارەکانی تر حزب بەپێی ئەم جیهابینییە و ئاڕاستەکردنی بەرەو بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، لە ڕێگای پەروەردەکردنی کۆمۆنیستیانەوە، و بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو و ڕۆشن بە هەموو وردەکاریەکانیەوە لە لایەن ڕابەری حزبەوە. پەروەردەکردنی خوێندکاران و لاوان بەم هۆشیارییە و بەپیی ئەم ئاڕاستە و جیهانبینییە. فراوانکردنەوەی ئەڵقەکانی خوێندکاران و لاوان و بردنە سەریان تا ئاستی ئەڵقەی مارکسیستی بە پەروەردەیەکی کرێکاریانە.
ئەم ڕێڕەوگۆڕینە کاتی تەواوی پێویستە و دەبێتە قۆناغێکی سەرەتایی گرنگ لە ژیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ڕاستەقینەدا کە نوێنەرایەتی چینی کرێکار دەکات، حزبێکی بچکۆلە بەڵام ڕەنگدانەوەی بارودۆخی بزووتنەوەکەیەتی. هاودەنگی ڕابەری حزب لەسەر ئەم کارە، سەرکەوتنمان نزیکدەکاتەوە. ٥ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩
- ئەم باسەم لە کۆبونەوەی فراوانی کۆمیتەی ناوەندی ٣٥ی حزبدا پێشکەشکردوە. پێشتر واتە پێش کۆبونەوەکە لە بڵاوکراوەی ” بەرەو پلنێۆمدا ” بڵاوکراوەتەوە. دواتر بە زمانی عەرەبی بڵاوبۆتەوە. کۆبونەوەی ٣٥ی کۆمیتەی ناوەندی حزب لەسەرەتای تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دا بەسترا.