” توندوتیژی دژی ژنان و هەڵوێستەیەک “

0

” توندوتیژی دژی ژنان و هەڵوێستەیەک “

نووسینی: هەناسە عەزیز

لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەگەر تێڕامێنین دەبینین توندوتیژی وەک دیاردەیەکی جیهانی و کۆسپ و ڕێگریەکانی بەردەم ئافرەتان وایکردووە کە توندوتیژی دژی ئافرەتان لە دیارترین و مەترسیدارترین ئەو کێشانە بێت کە ڕووبەڕووی  وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی بۆتەوە، توێژینەوەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە فیمینیستیەکان، لە چەند دەیەی ڕابردوودا وەک ترساناکترین کۆسپ لەبەردەم ئافرەتاندا هەژماریان کردووە، لەو ڕوانگەیەشەوە جۆرەکانی توندوتیژیان بۆ چەندین جۆر پۆلێن کردووە و بۆ هەر جۆرێکیش هەوڵی چارەسەریان داوە.

ئامارەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێمان دەڵێن کە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان لە دیارترین ئەو توندوتیژیانەن کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕودەدن بە سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژییەوە، لە دیارترینیان توندوتیژی لە ڕێگەی زمان، چاو، جەستەیی، و میدیا، لە پیشە جیاوازەکان و ژیانی ڕۆژانەدا، لەم بابەتەشدا سیاسەت پشکی شێری بەردەکەوێت.

ڕەنگە لامان سەیر بێت کە بڵێین لە ژیانی ڕۆژانەماندا و لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەستەواژەکانەوە گەورەترین توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان ئەنجام دەدەین، کە هەڵقوڵاوی نیزامی زاڵمی چەوسێنەرانەی چینایەتی و نیزامی سەرمایەداری و کەلتور و دین و کۆمەڵگەن و  ڕەگ و ڕیشەی قوڵیان هەیە، بۆ نمونە بەکارهێنانی وشەکانی (من پیاوم، پیاوبە، ئافرەتە ئاساییە، یان ئافرەتە گوێی مەدەرێ، ئەگەر ئافرەت نەبویتایە قسەم دەکرد) و تا کۆتایی،  کە کاریگەری قوڵ و ڕاستەوخۆ دەکەنە سەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و وا دەکەن کە هەمیشە پێگە و شوێنی پیاو جیاواز بێت لە ئافرەت و نەتوانین وەک مرۆڤ سەیری هەردوو ڕەگەزەکە بکەین.

چاو، وەک ڕێگەیەکی تر بە ئاگایی خۆمان یاخود بەبێئاگایی دەبێتە هۆی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان، نمونەش وەک سەیرکردنی ئافرەتان

بە جۆرێک کە ببێتە هۆی بێزارکردنی، یاخود جێهێشتنی شوێنەکە، یاخود تەنانەت ڕوو وەلاکردن و گۆڕینی ئاڕاستەی چاو، کە سەرجەمیان کاریگەری قوڵ لەسەر کەسی بەرامبەر بەجێدەهێڵن.

لە مێژووی نوێی حکومڕانی کوردی و ململانێی ناوخۆی و لایەنە سیاسیەکانیشدا، میدیا و لایەنە سیاسیەکان ئافرەتیان وەک گەورەترین و بەهێزترین چەک بەکارهێناوە تا لە ڕێگەیەوە بەسەر ڕکابەرەکانیاندا سەربکەون، زۆرێک لە لایەنە سیاسیەکان بەشێک لە دەزگاکانیان تەرخانکردووە بۆ چاودێری کردن بەسەر ئەندامەکانیان یاخود ئەندامانی حیزبەکانی ترەوە، تا بەوردی چاودێری پەیوەندییە تایبەتیەکانیان بکەن و لەو ڕێگەوە بەسەر نەیار و ڕکابەرەکانیاندا سەربکەون، بەکارهێنانی ئافرەت وەک ئامڕازێک بۆچوونە ناو ژیانی تایبەتی کەسەکانەوە و تەماشاکردنی ئافرەت وەک کائینێکی لاواز، وای کردووە کە بازرگانە سیاسیەکان و سیاسیە بازرگانەکان ڕێگە بە خۆیان بدەن ئەو ئافرەتانە وەک نێچیر تەماشابکەن و بە ڕەوای بزانن خۆیانیان لێ نزیک بکەنەوە، بۆ نمونە  بەشی زۆری سیاسیەکان  و تەنانەت تاکی ئاسایش پێیان وایە هەر ئافرەتێک لە میدیا یاخود بواری گشتیدا کاریکرد ئاساییە لێی نزیک ببنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی سەرەتای توندوتیژیەکی گەورە کە ئافرەت ناچار دەکات یان لە بوارەکە دوور بکەوێتەوە یاخود بەبێ ویستی خۆی ببێتە قوربانی و بیرکردنەوەیەکی پیاو سالارانە.

میدیا و هێزی سیاسی کوردی بە دەگمەن خۆی لەم توندوتیژییە ڕزگار کردووە، کەمن ئەو هێزانەی توانیویانە تێی بەپەڕێنن، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کلتور و عەقڵیەتی پیاو سالاری و شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، کە چینەکان بە ئاشکرا دابەشبوون، چینی باڵا دەست و بنەماڵە و سەرمایەدارەکان ڕێگەی هەموو کارێک بە خۆیان دەدەن و چینی مام ناوەند و خوارەوە وەک نێچیر و دەربار دەبینن، بیانوی ئەمانیش پێدانی کار یاخود ڕەخساندنی چوونە پێشەوەی ئافرەتانە، و وای کردووە ببێتە دیاردە.

لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە بیڵێین ئەوەیە کە توندوتیژی دژی ئافرەتان تەنها لێدان و  قسە پێوتن ناگرێتەوە، تۆیەک کە ڕێگە بە خۆت دەدەیت توانج لە ئافرەتێک بدەیت، دوای بکەویت و هەوڵ بدەیت بەزۆر پەیوەندی لەگەڵدا ببەستیت، تەنها وەک سەرچاوەی چێژ تەماشای بکەیت،  حیزبەکەت بكەیتە پۆلیسی ئەخلاق بەسەر خەڵکەوە و  چاودێری بەسەر دۆست و نەیاری حیزبەکەتەوە بکەیت، بە دوای پەیوەندی تایبەتی کەسانی ترەوە بیت، ڕێگە بەخۆت بدەی قسە لەسەر ئافرەتێک بکەیت کە بەدڵی تۆ جلی نەپۆشیوە، کە بەدڵی تۆ ناچێتە دەرەوە، کە دەچێتە ئەو شوێنانەی کە تۆ بەدڵت نییە، ئەخلاقی ئافرەت لەچوارچێوەی پەردەی کچێنی و جۆری قسەکردن و شوێنی دانیشتنی کورت بکەیتەوە، بیرت بێت تۆ کە ڕێگەت بە خۆتدا  بە سەیرکردنت ڕەگەزی بەرامبەر ناچار بکەیت پشتت تێ بکات یان شوێنەکە جێبهێڵێت، یان تەنانەت بێزاربێت بە سەیرکردنت، توندوتیژیت ئەنجامداوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.