دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ئەنوەر نەجمەدین توێژەری سیاسی سەبارەت بە بەخۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە

0

 ئەنوەر نەجمەدین: ئەوەی ئەمڕۆ لەجیهاندا دەگوزەرێت، ئەوە سەرەتای مارشێکی ئینترناسونالیستییە، جموجۆڵی هێزێکی پرۆلیتارییە لەپشت قەیرانە ئابورییەکانی جیهانەوە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ئەنوەر نەجمەدین توێژەری سیاسی سەبارەت بە بەخۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە

بۆپێشەوە: خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری، بەدژی گرانی و بێکاری دزی و تاڵانی و دەستێوەردانی دەرەکی زۆرێک لەشارەکانی عێراقی گرتۆتەوە، هۆکار چییە، ئەم خۆپیشاندانانە ناگوازرێتەوە بۆ کوردستان، کە هەمان ئەو کێشە و گرفتانە بەزیادەوە لە کوردستان هەن؟ یان بۆچی خەڵکی کوردستان دەست نادەنە پشتیوانی جەماوەری لە خواستە ڕەواکانی خەڵکی بێبەشی عێراق؟

 

ئەنوەر نەجمەدین: هۆکاری یەکەم: ئەوەی دەگوزەرێت کۆتایی نییە، بەڵکو تەنها سەرەتایە، ئەمە مادام بە دانپێدانانی ئابووریناسە بۆرجوازیەکان خۆیان، دوای ١٠ ساڵ لە قەیرانە قووڵەکانی ٢٠٠٨، سەرلەنوێ کەسادێکی قووڵترو درێژخایەنتر چاوەڕوان دەکرێت لە ٢٠٢٠ دا. واتە ئەوەی ڕوودەدات درێژخایەن دەبێت، وە هەر پاشەکشەیەکیش، تەنها هەڵوێستەیەکی وەختی دەبێت. ئیتر با ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان کە هەر بەشێکە لە دەسەڵات، توانیبێتی سنوورێک بۆ خۆپیشاندانەکانی جەماوەر دابنێت لە بەرژەوەندیی چینی سەروەر؛ پێکەوەیش لەگەڵ دەسەڵاتداران، بە مەشقکردنی خەڵکی لەسەر پەرلەمانتاریزم و مەترسی داعش و خەباتی مەدەنی و هتد، بیانەوێت باروزروفێک بخووڵقێنن کە دەستپێشخەریە شۆڕشگێریەکان بکوژێت.

هۆکاری دووهەم: دابڕینی کوردستان لە عێراق بە گشتی، دابەشکردنی چینی چەوساوەو بەرژەوەندیەکانێتی کە تەنانەت چەپەکانیش بە حەماسەوە، چەپڵەیان بۆ لێدەدا؛ کە ئەمە لە بناغەدا هەوڵێک بوو بۆ دابڕینی پرۆلێتاریا لە یەکترو دروستکردنی دوژمنایەتیەکی نەتەوەیی لە نێوان پرۆلێتاریادا.

هۆکاری سێهەم: چەپەکان بەدوای هەمان تەوژمی لیبرالیستەکان و ناسیۆنالیستەکان و پەرلەمانتاریستەکاندا ڕاپێچ بوون و سەرلێشێواوانە، ناکۆکیە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەیان لە جەماوەری چەوساوە کردە سیکۆلاریزم و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، ئەمە لە کاتێکا هیچ کام لەمانە، ئامرازێکی شۆڕشگێر نەبوون بەدەست پرۆلێتاریاوە لە خەباتیدا دژی برجوازیەت.

بەڵام لە هەموو حاڵێکدا، ئەو ماتی و خامۆشیەی بەسەر کوردستاندا هاتووە، هەر تەنها هەڵوێستەیەکی وەختیە، پێداچوونەوەیە، هەڵکشان و داکشانێکی ئاساییە لە بزووتنەوەی جەماوەری چەوساوەدا. مەرجیش نییە لە هەموو کاتێکدا ئەو بزووتنەوانە، هەموو شارەکانی وڵاتێک بگرنەوە لە یەککاتدا، گەرچی ئەوەیش هەمیشە بە لاوازکردنی بزووتنەوەکە کۆتایی دێت، وەک میسر، تونس، هتد.

بۆپیشەوە: چ لێکچوونێک لە نێوان خۆپیشاندانەکانی چیلی و لوبنان و ئێران، لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە؟

ئەنوەر نەجمەدین: ئەوەی ئەمڕۆ لە جهیاندا دەگوزەرێت، ئەوە سەرەتای مارشێکی ئینترناسیۆنالیستیە، جموجووڵی هێزێکی پرۆلێتاریە لە پشت قەیرانە ئابووریەکانی جیهانەوە کە سستبوونێکی نوێی قووڵترو فراوانتری پیشەسازی و بازرگانی و بازاڕی بۆرسەو پشکەکان نیشان دەدات لەسەر ئاستی جیهانی. قەیرانەکان دەچنە ئاستێکی فراوانترەوە، بزووتنەوەی پرۆلێتاریایش لەگەڵیدا، پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە، ئەو قەیرانانەی بە داماڵینی توێژە ناوەندییەکان لە خۆشگوزەرانیەکانیان، بەردەوام لە سوپای بێکارە زیاد دەکات، هێڵی هەژاری فراوانتر دەکات، هەژاران دەباتە ئاستی برسێتی، گرفتی خانووبەرە زیاد دەکات، گرانیەکی زۆر لە خۆراکدا بە جیهاندا بڵاودەکاتەوە، هێزی کڕین داددەبەزێنێت. ئەمانە هەموو خەسڵەتی کۆمەڵایەتی هاوبەشی ئەو بزووتنەوە کۆمەلایەتیەن.

 بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، بە توندوتیژی وەڵام بەداخوازی خۆپیشاندەران دەداتەوە، کە تا ئێستا بەسەدان کەس کوژراون و بەهەزارانیش بریندار بوون. هۆکاری دەستبردنی دەسەڵات بۆ توندوتیژی و سەرکوت چۆن دەبینن؟

 

ئەنوەر نەجمەدین: ئەوەیە شارستانیەتی سەرمایەداریی، ئیتر گرنگ نییە کێ حوکم دەکات، کۆمەڵێک بەناوی ئیسلامەوە یان کۆمەڵێک بەناوی لیبرالیزمەوە وە یان کۆمەڵێک بەناوی سۆشیالیزمەوە. ئەوەیە شارستانیەتی برجوازیی و عەدالەتەکەی، ئەوەیە سروشتی دەوڵەت. هەرکات کۆیلەکان لەڕووی سەروەرەکانیاندا ڕاست بوونەوە، ئەوکاتە ڕووخساری ڕاستەقینەکەی کۆمەڵگاکەیان و دەوڵەتەکەیان دەردەکەویت، ئەوکاتە دەبینرێت عەدالەتەکەی ئەوان هیچ نییە بەربەریزم نەبێت، ئیتر با ئەو بەربەریزمە بە چەندان سەرپۆش، داپۆشرابێت.

بۆپێشەوە: ڕۆڵی چینی کرێکار و چەپ و کۆمۆنیستەکان چۆنە لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراقدا؟

ئەنوەر نەجمەدین: بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بڕواننە پرسیاری یەکەم وپێنجەم و شەشەم…

بۆپێشەوە: هۆکار چییە هاوکات لەگەڵ کۆبونەوەو خۆپیشاندان لەناوەندی شارەکان، لە ناوەندە کرێکاریی و کارگەو گەرەکەکاندا، خۆپیشاندان و مانگرتن نییە؟

ئەنوەر نەجمەدین: ڕۆڵی نێگەتیڤانەی سەندیکا کرێکاریەکان و نەبوونی نەرێتی موڵکیەت داگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی کارگەکان و دامەزراندنی خۆبەڕێوەبردن لە کۆمیتە کارگەرییە شۆڕشگێرە هەڵبژێردراوەکانەوە، کە ئەمە ڕۆڵی نێگەتیڤانەی حیزبی شیوعی عێراقیشی پێوە دیارە لە پەروەردەکردنی کرێکاراندا کە هەمیشە خۆبەدوورگرتن بووە لە زەبروزەنگ و داگیرکردنی موڵکیەت، ئاسۆی تێڕوانینە کارگەریەکانی بەرتەسک کردۆتەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. چەپ و سەندیکا، بزووتنەوەیەکیان ناساندووە کە پرۆلێتاریا تیایا، واز لە فیکرەی هەڵگێڕانەوەی کۆمەڵگە بهێنێت و بە چاککردنی دەوڵەتەوە خەریک بێت. ئەو ڕێکخراوە حیزبی و سەندیکاییانە ئەو عەقڵیەتەیان کردۆتە باو کە گوایە دەبێت چینی کرێکار، بەشوێن ئامانجە حیزبی و سەندیکاییەکانەوە بێت، ئەمە ئەگەرچی داگیرکردنی بەندەری بەسرە بەشداریەکی گەورەی کرێکاران دەردەخات. بەڵام ئەو ئاستە لە داگیرکردن، دەبێت تێپەڕ بکات بۆ ڕێکخستنی کارگەکان و کێڵگە نەوتیەکان و بەندەرەکان لە پرۆلێتاریاوە. جگە لەمە، حوسالەی پرۆلێتاریایش ڕۆڵێکی کەمیان نەبینیوە لە ڕێگرتن لە بەشداریی کرێکاراندا لە هەموو بزووتنەوەکاندا. بەڵام زۆر بە دڵنیاییەوە ئەمەیش مەسەلەی وەختە. کرێکاران دواین هەڵوێست ڕادەگەیەنن.

 

 بۆپێشەوە: سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکانی عێراق و ئێران، پێویستی بە رێکخراوبوون، وە بە حزبی سیاسی کۆمۆنیستی بەهێزو دەخالەتگەرەوە هەیە، لە نەبوونی ئەمانەدا، ئایندەی خۆپیشاندانەکان یان ئەو ئامانجانەی خەڵک بۆی هاتۆتە مەیدان بەشوێن مەبەستی خۆی ناگات، ئێوە لەوبارەیەوە دەلێن چی؟

ئەنوەر نەجمەدین: حیزب کراوە بە معجزەی ڕزگاریی، ئەمە لەکاتێکا ئەوەی گرنگە دامەزراندنی (کۆمیتە کارگەریە شۆڕشگێرەکان)ە، (خۆڕێکخستنی پرۆلێتاریایە لە گاردێکی پرۆلێتاریی سەربەخۆ) دا کە خۆیان دەخەنە ژێر دەستی ئەو کۆمیتە کارگەریانەوە لەبری ئەوەی خۆیان بخەنە ژێردەستی دەسەڵاتی دەوڵەت. ئەم جەنگە چینایەتیە لەسەر ئاستی ئینترناسیۆنالیستی، جەنگێکی نەقابیی نییە بۆ کەم کردنەوەو زیادکردنی کرێی کار. بۆیە زۆر زیاتر لە نەقابەو حیزبی پێویستە. ئەو جەنگە شۆڕشگێریە کە دەستەویەخەوەبوونی برجوازیەتی ناوخۆیە لە هەر وڵاتێکدا، هەروەک چۆن برجوازیەتی ئەو وڵاتانەی ناچار کردووە بە هاوپەیمانێتی دژی پرۆلێتاریا -وە تەنانەت جەنگی چینایەتی لە دڵی هەر وڵاتێکدا، مەترسی جەنگی سەرمایەداریی جیهانیی فراوانتر دەکات بۆ خۆدەربازکردن لەم بارودۆخە قەیراناویە بێچارەیەی تێیکەوتوون- دەخوازێت پرۆلێتاری وڵاتانیش، بەتایبەت عێراق و ئێران، لە بزووتنەوەیەکی سۆڵیداریتی ئینترناسیۆنالیستیدا خۆیان ڕێکبخەن. ڕۆڵی سۆشیالیستەکانیش لەوێدا، هاوبەشیەکی شۆڕشگیرانەیە بۆ وەدیهێنانی ئەو سۆڵیداریتیە. ئەمەیش ڕوونادات ئەگەر هەموو دەستەو گروپ و تایەفە سۆشیالیستیەکان، دەستبەرداری گروپەکانیان نەبن و بەرژەوەندیی چینایەتی نەخەنە سەروو بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە و بەرژەوەندیەکانی خۆیان لە بزووتنەوەیەکی ئینترناسیۆنالیستیدا نەتوێننەوە، ئەمەیش بە سەرکەوتن بەسەر دەمارگیریی گروپچێتیدا. ئەوەی گرنگە، برەودانە بە بزووتنەوەی ئینترناسیۆنالیستی، ئەمەیش لەو دیدگایەوە کە بزووتنەوەی کارگەران، پرسێکی ناوخۆیی و نەتەوەیی و نیشتمانی نییە، وە بە هۆکاری قەیرانە ئابووریەکانی جیهان، ئەو سنوورە بەرتەسکەی جێهێشتووە کە پرۆلێتاریای ئێران لە ١٩٧٨ و پرۆلێتاریای عێراق لە ١٩٩١ ڕووبەڕووی بووبوونەوە. تێشکانی تەواوی بزووتنەوەکانیش لێرەو لەوێ، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سۆڵیداریتیەکی چینایەتیی ئینترناسیۆنالیستی. سەرهەڵدانەوەی نوێی ئەو بزووتنەوەیەیش لە جیهاندا، لەهەمانکاتدا، بەئاگا هێنانەوەی سۆشیالیستەکانە لە هەڵەکانی ڕابووردوو، لەم هەموو پارچەپارچە بوونە بێمانایەی کە دەبێت سنوورێکی بۆ دابنرێت، ئەمەیش لەڕێگای یەکگرتنەوە لە بزووتنەوەیەکدا. وە ئەبێ سۆشیالیستەکان ئەو بۆچوونە بکەنە هاوبەشیان کە پەیوەندیەکانی بەرهەهەمهێنان لە شیلی وەک فەرەنسا، لە جەزائیر وەک لوبنان، لە عێراق وەک ئێران، هەمان پەیوەندین، وە لە هەموو شوێنێکیش یەک یاسای ئابووریی زاڵە لەسەر بەرهەمهێنان و دابەش کردن: یاسای سەرمایە! بۆیە جەنگە سەرەکیەکی نێوان برجوازیەت و پرۆلێتاریا لە هەموو شوێنێک هەر هەمان جەنگی چینایەتیە: جەنگی کارو سەرمایە!

٩ / ١٢ / ٢٠١٩

Leave A Reply

Your email address will not be published.