جەندەر و زمان، کولتووری زارەکی
شێوازه زبر و باوه‌كانی زمانی كوردی به‌شێكی كۆمه‌ڵگە كه مێینه‌یه كه‌سێتی له‌ناو كایه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بزر بووه و به‌شه‌كه‌ی دیشی كه نێرینه‌یه نیوه‌ی كه‌سێتی له‌ژێر هه‌ژموونی ئه‌و شێوازه زبره‌دا وه‌كو مرۆڤێكی سروشتی دۆڕاندووە…
جەندەر و زمان، کولتووری زارەکی
نووسینی: کازیوە ساڵح
بەشی چوارەم
له ڕۆژئاوادا كاركردن و تێكۆشانی ژیان پابه‌نده به به‌رهه‌مهێنانه‌وه، به‌رهه‌مهێنانیش به‌زیندوویه‌تی ژیان و زیندوویه‌تیی عه‌قڵه‌وه. به‌رهه‌مهێنان لای مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌سه‌ر بنه‌مای پرسه كه‌سییه‌كان و حوكمه كه‌سییه‌كان دامه‌زراوە. كاتێكی زۆر كه پێویسته بۆ به‌رهه‌مهێنان ته‌رخان بكرێت، بۆ پرسه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌وانی دی به‌فیڕۆ ئه‌چێت. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه، ڕۆژهه‌ڵاتی بۆ چاره‌سه‌ری هه‌موو جۆری كێشه‌كانی، تێربوونی ورگی برسی، مافی پێشێلكراوی بۆ چاره‌سه‌ر بكات. له‌كاتێكدا ئه‌و پرسانه هیچ گرێدانه‌وه‌یه‌كیان به ژیان و به پره‌نسیپه مۆڕاڵییه‌كانه‌وه نییه. پرسه‌كه‌ش ته‌نیا له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی خاڵێكدایه بۆ شه‌رعییه‌تدان به به‌كارهێنانی زمانێكی زبر و ڕووشێنه‌ر به‌رامبه‌ر به پرسیارلێكراو. ئه‌م پرسه له دنیای (مێ) دا واتایه‌كی دی ده‌به‌خشێت، ئه‌ویش جیاكردنه‌وه‌یه‌تی بۆ ده‌ره‌وه‌ی یاسا سروشتییه‌كان، ئه‌و یاسایه‌ی ساڵه‌كانی بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز وه‌كو یه‌ك تێده‌په‌ڕێت، كه‌چی له زمان و عه‌قڵی زبری ئه‌م كۆمه‌ڵگەیانه‌دا پیاوێك ده‌گات به سه‌رووی ٤٥ ساڵ هه‌ر ناوی لاوه (سیاسه‌تمه‌داری لاو، هونه‌رمه‌ندی لاو و… تد). به‌ڵام ژن له ٢٥ ساڵییه‌وه پێی ناگوترێت لاو و له‌پشت تێگه‌شتنێكی سه‌له‌فییانه‌وه ناوی ده‌نرێت قه‌یره. ئه‌مه ئه‌و چه‌مكه‌یه كه شارستانییه‌ته‌كانی دنیا به‌كارهێنانی به شه‌رم ده‌زانن.
وشه‌ی بێوه‌ژن یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و وشه داڕزیو و ئه‌تكده‌نگانه‌ی بۆ ژنێكی سه‌ڵت یان هاوسه‌رمردوو یان جیابووه‌وه به‌كار ده‌هێنرێت. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگەی كوردی له هاوكێشه‌ی ئاڵۆزی سێكسیزمدا ده‌سووڕێته‌وه و هێشتا نه‌گه‌یشتووه به ده‌ره‌نجامیش. به بۆچوونی من دوو لێكدراوی (بێوه) واته بێوه‌ی له‌گه‌ڵ( ژن) به واتای بێوه‌یه‌ژن به‌كار ده‌هێنرێت، بێوه‌ی له‌ڕووی سێكشوالیزمه‌وه. ئه‌و بێوه‌ییه‌ی كه چیدی كێشه‌ی ئه‌و په‌رده كچێنییه‌ی نه‌ماوه كه كۆمه‌ڵێك به‌ده‌سته‌جه‌معی له‌میانه‌یه‌وه بۆ شه‌ره‌ف ده‌گه‌ڕین، له نه‌ستی تاكێكدا كه باوه‌ڕی به‌م ده‌سته‌واژانه هه‌یه ئه‌م ژنه بێوه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر سێكسی كرد پێوه‌ی دیار نییه، مادام پێوه‌ی دیار نییه و كۆمه‌ڵیش واته ده‌وروبه‌ر پێی نازانێت، تا ئه‌و ئاسته‌ش پێی نازانێ ئاساییه، تا ئه‌و ئاسته‌ی كێشه‌ی بۆ دروست ناكرێت ئاساییه، سێكسه‌كه‌ی بێوه‌یه، بێ كێشه‌یه بۆ خێزانه‌كه‌ی، ئه‌م چه‌مكه (بێوه‌ژن) ئه‌وه ئه‌گه‌یه‌نێت كه كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی له ڕووی تیۆرییه‌وه له ناوه‌ڕۆكدا دژی سێكسی نێوان نێر و مێ نییه له ده‌ره‌وه‌ی خێزان ئه‌گه‌ر بێوه‌ی بێت و كه‌س پێی نه‌زانێت. ئه‌و په‌رده‌ی كچێنیش پێویسته له‌به‌ر خاتری ئه‌م بێوه‌یه بمێنێت. به‌كورتی ئه‌گه‌ر سێكسكردن بێ ڕه‌وشتی بێت به‌هۆی ڕه‌وشته‌وه دژی نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو به‌هۆی خه‌ڵكه‌وه.
زۆر جار لە ناوچه‌ی سلێمانی ده‌سته‌واژه‌ی (بێوه‌پیاو)یشم به‌رگوێ كه‌وتووه، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن ڕوو به‌ڕوو به پیاوه‌كه خۆی گوتراوه و به پۆشمه (عه‌یب) ناوزه‌د كراوه. بەتایبەت ژنان پێیان شه‌رم بووه به پیاوێك بڵێن بێوه‌پیاو. هه‌تا له كوردستان بووم له مامه‌ڵه‌ی فه‌رمیشدا به هاوسه‌ر مردوو نووسراوه نه‌ك بێوه‌پیاو. من پێموایه ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی ئه‌م وشه‌یه په‌یوه‌ندیی به به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی ژن به‌رامبه‌ر مافه‌كانی و ئه‌و شه‌ڕه شاراوه‌یه كه ژن له هه‌ندێ دۆخدا به‌رامبه‌ر به پیاو ئه‌یكات. وه‌كو ئه‌وه‌ی ژن ئه‌و وشه‌یه‌ی به شه‌رم زانیوه به شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌رامبه‌ر به پیاو به‌كاری بهێنێت، به‌ڵام پیاو بێ باكانه به‌كاری هێناوه، له‌وێوه ئه‌كرێت ژن كه وشه‌كه‌ی پێ نه‌گۆڕاوه و داسه‌پاندبێت به‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی دیكه‌یشدا بۆ ئه‌وه‌ی هاوكێشه‌یه‌كی هاوتا دروست بكات. واته له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته ده‌زگه‌یه‌ك نه‌گۆڕاوه، كێشه‌یه‌ك دژی ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی دی به‌رامبه‌ر به كێشه بووه‌كه دروست كراوه.
له جیهانی ڕۆژئاوا و كۆمه‌ڵه سیڤلییه‌كاندا ته‌نیا ژنێك وه هه‌روه‌ها پیاوێك هاوسه‌ری مردبێت پێی ده‌گوترێت (ویدۆ) ئه‌مه‌ش بێوه‌ژن و بێوه‌پیاو ناكات و واتای به‌و شێوه‌یه بێحورمه‌تی نابه‌خشێت. ڕه‌گی (ویدۆ ئنۆ) ئه‌وروپییه و واتای (به‌تاڵ بی) ئه‌دات. چی به‌تاڵ بێت؟ ئه‌و پێشگری (مستەی) ده‌بێت به پێشگری ناوی مرۆڤی هاوسه‌ردار، ئه‌و پێشگره ناوه‌كه‌ی به‌تاڵه، كه‌سی تێدا نه‌ماوه. له‌ناو كورددا ته‌نانه‌ت ئه‌و ژنانه‌ش كه خۆیان به بیریاری سه‌رده‌م ده‌ژمێرن هه‌ر هه‌مان شوناس و هه‌مان زمانی سه‌له‌فیی زبر و ڕووشێنه‌ریان بۆ خۆیان و ڕه‌گه‌زه‌كه‌یان پێیه و به‌كار ئه‌هێنن. واته ده‌بێت به هه‌ژموونێك له‌بری دروستكردنی په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كان و ده‌بێت به‌هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان له باشترین باردا گریمانه و گومان به ده‌وری بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانماندا. وه‌كو هایدگه‌ر (١٩٦٢) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات زمان هێزێكی پێوه‌ره بۆ مانه‌وه‌یان به‌وه‌هم سپاردنی په‌یوه‌ندییه‌كان. ئه‌و ده‌ڵێت زمان: ئامرازێكه بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان بوونه‌وه‌ره‌كان، دوو قسه‌كه‌ر یه‌كدییان بۆ ئاشكرا ده‌بێت، به‌ڵام زۆر جار ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه ده‌بێت به گوزارشتێكی به‌تاڵ و بێ واتا، هه‌ردوو قسه‌كه‌ر جه‌خت ده‌خه‌نه سه‌ر تێگه‌شتنی زمان له‌سه‌ر حسابی واتا، له‌وێوه زمان له‌بری دۆزه‌ری بوونه‌وه‌ر ده‌بێت به حه‌شارده‌ر و پاشان به بابه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌وشتی ئه‌و بوونه‌وه‌ره ده‌كات، له‌وێوه دیارده‌ی گوتی گوتی و قسه‌ی زبر به‌رهه‌م دێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی مرۆڤ سه‌رباری لاڵبوونیش قسه بكات، له‌وێوه زمان ده‌بێت به ئامانج له‌بری ئه‌وه‌ی ئامرازی دۆزه‌ری بوونه‌وه‌ره‌كان بێت. شێوازه زبر و باوه‌كانی زمانی كوردی به‌شێكی كۆمه‌ڵگە كه مێینه‌یه كه‌سێتی له‌ناو كایه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بزر بووه و به‌شه‌كه‌ی دیشی كه نێرینه‌یه نیوه‌ی كه‌سێتی له‌ژێر هه‌ژموونی ئه‌و شێوازه زبره‌دا وه‌كو مرۆڤێكی سروشتی دۆڕاندووە.
له سایه‌ی پۆست مۆدێرنه‌دا ڕۆژئاوا تا ڕادده‌یه‌كی زۆر خۆی له ده‌ربڕینی ئاماژه‌كانی جێنده‌رسالاری ڕزگار كردووە. له دێره‌وه هه‌ندێ وشه شوێنگه‌ی خۆیان له ده‌ربڕێندا جێگیر كردبوو، ئه‌مانه‌ش له ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی نامیلكه‌ی تایبه‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه شوێنگۆڕكێیان پێ كرا، به ئاستێكدا كه ژن بخه‌نه نێو واتاكانی مرۆڤایه‌تییه‌وە. بۆ نموونه، له كه‌نه‌دا یه‌كێك له‌و نامێلكانه ناوی (ڕێبه‌ری ژنانی ئۆنتاریو)یه. ئه‌م گۆڕانكارییانه ته‌نانه‌ت گۆڕینی هه‌ندێ له‌و وشانه‌شی له‌خۆ گرتووه كه ئاماژه‌ی زبربوون بۆ پیاو. ئه‌مه‌ش به واتای فڕێدانی ئه‌و پاشخانه له ده‌ره‌وه‌ی واتاوه خۆی ئاراسته كردبوو و هه‌روه‌ها به‌رهه‌مهێنانی زمانێكی گشتگیر كه له‌نێو واتادا بۆ ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌خلاقی پراكتیكی ده‌گه‌ڕێت، به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقی تیۆرییاندا گونجاو بێت. لێره‌وه ئه‌خلاق ده‌بێت به حه‌قیقه‌تێكی زانراو. هۆشدارییه فه‌رامۆشكراوه‌كانی عه‌قڵ ده‌كات به حه‌قیقه‌ت و ئه‌خلاق، ده‌نا وه‌ك ڕونز ١٩٩٦) ده‌ڵێت عه‌قڵمان له كۆمه‌ڵێ مه‌سه‌له‌دا ئاكتیڤه و له كۆمه‌ڵێكدا پاسیڤ)، ئه‌وه‌نده‌ی ئایدیاكه به گونجاو ده‌زانێت، به پێویستی ده‌زانێت ئاكتیڤ بێت، ئه‌وه‌نده‌ش به ناگونجاوی ده‌زانێت به پێویستی ده‌زانێت پاسیڤ بێت.
پاسیڤبوونی ڕه‌گه‌زی مێ له ڕۆژهه‌ڵات و لای تاكی كورد له به‌پێویست نه‌زانینه‌وه هاتووه. نیو سه‌ده ئه‌بێت (وشه‌ی (بزنسمان) بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز به‌كارناهێنرێت، بۆ ژن (بزنسومن) به‌كار ئه‌هێنرێت. به‌ڵام هه‌تا ئه‌م ساته‌ش هه‌ندێك له‌و میدیانه‌ی كه ڕه‌خنه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئه‌گرن گوایه پێوستیان به لێكترازان و بنیاتنانه‌وه‌ی دروست هه‌یه وشه‌ی بزنسمان بۆ ژن به‌كار ناهێنن (خاتوو … فڵان كه‌س وه‌كو بزنسمانێك) واته خاتوو… وه‌كو پیاوێكی بازرگان. ئینگلیز بۆ تێگه‌شتن له شتی ساكار ئه‌ڵێت پێوسیتت به عه‌قڵ نابێت، واته به‌بێ عه‌قڵیش ئه‌توانیت تێ بگه‌یت. ئه‌مه‌ش هه‌ر وایه، گه‌ر ژن چۆن پیاوه، ئه‌گه‌ر له وشه‌كه تێناگه‌یت خۆ وشه‌ی ئینگلیزی به‌كارهێنان ڕۆشنبیری باڵا ناگه‌یه‌نێت، به كوردی وشه‌ی بازرگانت هه‌یه، هه‌روه‌ها وشه‌ی ژن و پیاوت هه‌یه، بنووسه وه‌كو بازرگانێكی ژن. ژنانی دوورگه‌ی ئۆنتاریۆ كاتێك وشه نێرسالاره‌كانیان گۆڕی، یه‌كه‌م شت په‌لاماری سروودی نیشتمانیی كه‌نه‌دایان دا، هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌و زمانه نێرسالارانە كه له نیوه‌دێڕیكدا ده‌ڵێ: (كوڕی هه‌موومان)، ئه‌مه‌یان گۆڕی به (دڵی هه‌موومان). ئه‌و تێكستانه‌ی نه‌ته‌وه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان به ده‌قی پیرۆزی ده‌زانن و ئه‌م پیرۆزییه ڕێگره له‌به‌رده‌م په‌رده لادانی ده‌مامكه‌كاندا، به‌ڵام لای ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی پاسیڤبوونی زمان به پاسیڤبوونی ئه‌خلاق ده‌زانن، هه‌وڵ بۆ دۆزینه‌وه‌ی هاوكێشه‌یه‌ك ده‌ده‌ن كه ئه‌خلاقی تیۆری و ئه‌خلاقی پراكتیكی سه‌ربار بكات بۆ پره‌نسیپه‌كانی واتا و وه‌ده‌رنانی ده‌نگه زبره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی واتا. جگه له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی زمانی ده‌زگه‌یی ڕه‌گه‌زێك ئه‌گه‌یه‌نێت، زۆردارێك به زۆر سه‌پاندنێكی زمانه‌وانی كۆتایی هێنا، له جێگه‌یدا په‌سه‌ندكردنێكی كولتووریی ڕواند.