گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ فوئاد قەرداغی نووسەری سیاسی و پەروەردەیی، سەبارەت بەساڵی تازەی خوێندن و سیستەمی پەروەردە

0

فوئاد قەرەداغی: سیستمی سەرمایەداریی کار لەسەر بەکاڵاکردنی هەموو شتێک دەکات، لەنێویاندا ئەو بوارانەی پەیوەندیی بەژیانی خەڵکییەوە هەبێت، وەک کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە، بەئامانجی فراوانکردنەوەی سەرمایەگوزاری و بازاڕ بۆ قازانج و زێترکردنی کەڵەکەکردنی سەرمایە…

 گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ فوئاد قەرداغی نووسەری سیاسی و پەروەردەیی، سەبارەت بەساڵی تازەی خوێندن و سیستەمی پەروەردە

بۆپێشەوە: ئامارە فەرمیەکان لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەروەردەوە، هەلومەرجی ترسناکی پەروەردەو فێرکردن دەخەنە ڕوو… ٨١% قوتابخانەکان بەکەڵکی خوێندن نایەن! لە ٦٦٣٥ قوتابخانە ١٧٨ قوتابخانەیان دوو دەوامن! ١٢٤ قوتابخانەیان سێ دەوامن! ٥ قوتابخانەیان چوار دەوامن! لە ٦٦٣٥ قوتابخانە ٢٢% بینایان نییە! ٦٠% قوتابخانەکان گونجاو نین! تەنها ١٨% باشن… هەروەها ١٣٩٥ قوتابخانە میوانن لە بینای تردا. ٦٠٠ لادێ بێ قوتابخانەیە! ٣٠ قوتابخانە لەگڵ دروستکراون! لە ٣٥٠ قوتابخانەدا، تەوالێت بۆ مامۆستایان نییە! ٥٠٣٥ قوتابخانە بێ توێژەری کۆمەڵایەتین! ٩١% قوتابخانەکان تاقیگەیان نییە! ساڵانە ٣٠ بۆ ٤٥ هەزار قوتابی واز لەخوێندن دەهێنن!… لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟ و هۆکاری ئەم دۆخە چییە؟

فوئاد قەرەداغی: ئەم ئامارانە زەنگێکی ئێجگار مەترسیدارن، واقیعی پڕۆسەی خوێندن لە کوردستاندا دەخەنەڕوو. ئامارەکان بەڵگەن بۆ دواکەوتنی ئەم پڕۆسەیەو، کەمتەرخەمی دەسەڵاتی سیاسی و پەروەردەیی بەرامبەر بوارێکی ستڕاتیژی بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لەم هەرێمەدا. ئەم ئامارانە وەک چەندایەتی نمایشی ئاستی کوالێتی سیستمی پەروەردەو فێربوون دەکەن، مەترسیدارترینیان ئەو ژمارە زۆرەی وازهێنانی قوتابیانە لە خوێندن. ئەم ژمارەیە لەگەڵ ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ٦٠٠ گونددا بێبەشن لە خوێندن واقیعە کارەساتبارەکە بەڕوونی دەگەیەنن. هەڵبەت بەشێک لە هۆکارەکان، بەپێی ئامارەکان، بۆ کەموکووڕیی و پەڕپووتی بێئەندازەی بینای قوتابخانەکان دەگەڕێتەوە کە بارێکی دەروونی ناجێگیری بۆ قوتابیان و مامۆستایان دروستکردووە. نەبوونی تاقیگە لە زۆربەی قوتابخانەکاندا، نەبوونی توێژەری کۆمەڵایەتی (ڕاستتر توێژەری دەروونی) نەبوونی تەوالێت و دەستشۆرو ئاوی پاک، سەرباری کەموکووڕییەکانیدی بیناکان، کاریگەرێتی لەسەر ئاستی خوێندن و قوتابیان و خوێندکاران دادەنێت، ئارامی خوێندن ناهێڵێت و ، پڕۆسەکە لە ئاستێکی هەرەنزمدا دەهێڵێتەوە.

لەڕاستیدا دوای راپەڕین کۆمەڵێک رێکخراوی بیانی هاوکاری وەزارەتی پەروەردەیان بە چەندین پڕۆژەی چاکسازیی کرد، بەڵام ئەو توانا داراییانەی بۆ ئەو پڕۆژانەیان تەرخانکرد و، دواتریش هەموو ئەو پارانەی لە بودجەی ساڵانەدا، حکومەتی هەرێم بۆ کەرتی پەروەردەو فێرکردنی دانا، بەباشی نەخرانەگەڕو، دەستگاکانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمدا، بۆ گۆڕانکارییەکی چەندایەتی و چۆنایەتی، سوودیان لێوەرنەگرت و بەفیڕۆدران، هەر بۆیە ئەمڕۆ، بارودۆخی بیناکان و کاریگەرێتی لەسەر چۆنایەتیی پەروەردەو خوێندن، بەم شێوەیە دەبینین.

بۆپێشەوە: بەجیا لە کەم و کوڕی بیناو و پێداویستیەکانی خوێندن، مەنهەجی خوێندن چۆن دەبینن؟ لاتان وایە ئەو مەنهەجەی هەیە، جێگای پەسەندە یان مەنهەجی خوێندن و پەروەردەش پێویستی بە ئاڵوگۆڕە؟

فوئاد قەرەداغی: کۆڵەکەیەکی سەرەکی راگرتنی سیستمە پەروەردەییەکان بەرنامەکانی خوێندنە. بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەییەکان و پێگەیاندنی فێرخوازان بەو ئاڕاستەیەی سیستمی کۆمەڵایەتی لەڕێیی پەروەردەوە دەیەوێت، لە چۆنایەتی بەرنامەکاندا چڕدەبێتەوە، لەبەرئەوە رادەی کاریگەرێتی بەرنامەکان لە رەفتارو رەوشتی قوتابییان، پێوەرێکی راستگۆی واقیعی سیستمی پەروەردەو فێربوونە. واتە تەنها چۆنیەتی داڕشتنی بەرنامەکان یان خواستنی لە سیستمە پێشکەوتووەکانەوە، مەرج نییە بۆ کاریگەرێتی بەرنامەکان، بەبێ رەنگدانەوەی لە بنیاتنانی کەسایەتی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەدا، کە کەرەسە سەرەتاییەکەی چۆنایەتی کەسایەتیی فێرخوازان دەبێت.

ئەگەرچی سیستمی پەروەردە لە کوردستاندا بۆ گۆڕانکارییەکان پشت بە لێکۆڵینەوەی زانستی و تۆژینەوەی مەیدانی نابەستێت، بەڵام پەروەردەییەکان، لەڕێی خوێندنەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی بەگشتی و رەفتارو رەوشتی نەوەکانەوە لە ماوەی چەند دەساڵێکدا، دەتوانن بەرنامەکان هەڵبسەنگێنن و سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی دیاری بکەن، بۆیە ئا لەم سنوورەدا رایەکانم دەردەبڕم و پێموایە پەروەردەی ئێمە کاری بنیاتنەرانەی ئەنجام نەداوەو لەدوای راپەڕینەوە تا ئەمڕۆ هەلی گۆڕانکاریی و پێشکەوتنی لەدەستداوە.

ئەگەر بە وردی سەرنج بدەینە هەندێک لەو ئامانجانەی سیمای پەروەردەیەکی نوێ دەستنیشان دەکەن، ئاستی نزمی کاریگەرێتی پەروەردەمان بۆ دەردەخەن، بۆ نموونە:

١: لەسەر ئاستی گشتی کۆمەڵگە، بیرکردنەوەی زانستی و لێکدانەوەی لۆژیکی و ئەقڵییەتی رەخنەگرانە لە ئارادا نییە، زۆربە کلیلی بیرکردنەوەو رایەکانی بەدەستی خۆیەوە نییە، یان بەدەست خێڵ و بنەماڵەو کەسانی دییەوەیە، یان بەدەست حیزبەکانەوەیە، یان بنەماکەی خەرافیاتەو ئاڵای سپی لەبەرامبەریاندا هەڵکردووە.

٢: بەدەگمەن نەبێت، رووکاری مرۆڤدۆستی لە بیرکردنەوەو هەڵوێستی زۆربەدا نابینرێت. بەگشتی و لەسایەی بیرکردنەوەی نەتەوەپەرستانەو ئایینگەرادا، دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی زاڵە، هەڵوێستی داعشیانە، بیروبۆچوونی راسیستی و فاشستی، دژایەتی گەلان بەتایبەتی ئەو گەلانەی لە سنووری یەک دەوڵەتدا لەگەڵیان دەژین بۆتە دیاردەیەکی گشتی و لە حاڵەتی فەردی یان گرووپ دەرچووە.

٣: جگە لەو دوو لایەنەی سەرەوە، کۆمەڵێک بواری دیکە هەیە نشانەیە بۆ ئەوەی سیستمی پەروەردە دەستکورتە لە ئاستی ئاڕاستەی ئەرێیانەی کۆمەڵگەدا، کەهەریەکەیان لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتییان دەوێت وەکو: مافە مرۆییەکانی ژنان و گەنجان و منداڵان، دیاردەی ژنکوشتن، پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانی خەڵکی بەتایبەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، نەبوونی ئازادی و یەکسانی لەسەر ئاستی گشتی کۆمەڵگەدا، نەبوونی شێوازی دیموکراسی لەبەڕێوەبردنی قوتابخانەو فەرمانگە حکومەتییەکاندا … هتد

لەبەر تیشکی ئەو واقیعە تاڵەی سیستمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا، بەر لە بەرنامەکانی خوێندن، سیستمەکە پێویستی بە گۆڕانکارییە. هەڵبەت بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان و شێوازی فەرمانڕەوایی رێگرە لەبەردەم شۆڕشێکی پەروەردەیی یان گۆڕانکارییەکی ریشەییدا، ناتوانرێت گەشەکردن و پەرەپێدانی گەورە لە سیستمی پەروەردەییدا چاوەڕوان بکرێت، بۆیە لانی کەم دەکرێت ریفۆرمێکی سنووردار بەم دام ودەسگایەی ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت. دەبێت تەوەرەی ئەم ریفۆرمە، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت، بڕیاردانی پەروەردەیەکی سێکولار (عەلمانی) بێت، واتە ئایین لە پەروەردەو فێربوون جیابکرێتەوە. تەنها بە پەروەردەیەکی سێکولار دەتوانرێت هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ گۆڕانکاریی پەروەردەیی بنرێت.

لەسایەی سیستمێکی سێکولاردا بوار بۆ بیرکردنەوەی زانستیی رەخنەگرانەی دوور لە خەرافیات دەڕەخسێت. رێ خۆشدەبێت کە پرنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی بەرامبەر ستەمکاری و ناعەدالەتی بەرز رابگیرێت و ململانێ بکەن. لانیکەمی مافەکانی ژنان و منداڵان و گەنجان دابینبکرێت و، پێشێلکردنیان نامۆ بێت بە بەها سێکولاریستەکان. هەروەها دەتوانرێت پرنسیپی دیموکراسی بۆ هەمووان بێتە بواری پڕاکتیکەوەو، هەیمەنەی حزب لەسەر دامودەزگاکانی وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەو ئیدارەی قوتابخانەو خوێندنگاکان نەمێنێت. دیارە ئەم هەنگاوەش بەرەو ریفۆرم بەبێ دەستوورێکی سێکولار نابێت، واتە کردنەوەی گرێکوێرەی بارودۆخەکە، بە پاڵپشتیی دەستووری و ئامادەیی ملکەچبوونی دەسەڵات بۆ دەستوور بەندە، بەبێ ئەوە نابێت هیچ چاوەڕوانییەکمان بۆ ریفۆرمێکی پێشکەوتووانەی هاوچەرخ هەبێت.

 بۆپێشەوە: سیستەمی پەروەردەیەکی تەندرویست، بەندە بە سیستەمێکی سیاسی تەندروست، لاتان وایە سیستەمی سیاسی و حکومڕانی کوردستان دەتوانێ سیستەمێکی شیاوی پەروەردەیی  جێ بخەن؟

فوئاد قەرەاغی: لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، هەمیشە سیستمی پەروەردە رەنگدانەوەی سیستمی سیاسییە، ئامانجەکانی  ئەو سیستمە بەرجەستە دەکات. پڕۆژەی بنیاتنانی کۆمەڵگە بەپێی ئەو چەمکانە دادەڕێژێت کە دەسەڵات دەیەوێت و لە بەرنامەیدا هەیە، گۆڕانکارییەکانیش هەر بەپێی خواستی دەسەڵات و حزبی زاڵی دەسەڵات دەبێت، هەر لەبەر ئەوەیە پانتاییەکی بەرتەسک بۆ گۆڕانکاریی جیاواز لە خواستی دەسەڵات هەیە.

سیستمی فەرمانڕەوایی و وەرگرتنی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا بەشێوە رەسمییەکەی سیستمێکی پەڕلەمانیی بۆرژوازییە. ئەم سیستمە وا دەخوازێت پەڕلەمان داڕێژەری سیاسەت و هەموو ئەو سیستمانە بێت کە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە جیاجیاکانی دەوڵەت پێویستن، بەڵام لێرە، ئەم ئاڕاستەیە، زێتر وەڵامدانەوەیە بەو زلهێزانەی لە دەرەوە لەنگەری حوکم رادەگرن، بۆیە پراکتیکی رووکەش دەبێت و، واقیعی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، واتە سیستمی باوی کۆمەڵگە، سەروسیمای دیاری دەکات. سیستمی خێل و سیستمی بۆرژوازی دوو سیستمی جیاوازن، ئەمڕۆ لە ئاستی جیهان – نەک هەر کوردستان – لە هاوکاری و ململانێدان، لەهەر وڵاتێک هاوکێشەی ئەم ململانێیە روخسارو ناوەرۆکی سیستمی پەروەردە بۆ مەودایەکی مێژوویی دەنەخشێنێت.

بۆپێشەوە: لەچوارچێوەی بانگەشەی چاکسازی کابینەی نوێدا، ئەو ریفۆرمانەی پێویستن لە بواری پەروەردەدا، بەخێرایی بکرێن، کامانەن؟ وە تاچەند لاتان وایە ئەم کابینەیە دەتوانێت چاکسازی لە بواری پەروەردەدا بکات؟

فوئاد قەرەداغی: بەر لەوەی ئاماژە بەو ریفۆرمانە بکەم، راستییەک هەیە ناتوانرێت نکووڵی لێبکرێت، ئەویش ئەزموونی خەڵکی کوردستانە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی هەرێمدا بۆ زێتر لە چارەکە سەدەیەک. لەم ماوە درێژەدا کابینە بەدوای کابینەدا هاتن، چەند جارێک وەزیرەکانی پەروەردە گۆڕان، هەرچی هات و کۆمەڵێک بەڵێنی چاکسازییدا، بەڵام پڕۆسەی پەروەردەو فێربوون گۆڕانکاریی بەسەردا نەهات، دەستکاریی رووکەش جێی ریفۆرمی جیددی گرتەوەو، چۆنایەتیی خوێندن هەنگاوی بەرەو پێشەوە نەنا، لەبەرئەوە بڕواناکەم ئەم کابینەیەش ریفۆرمێکی بەرچاو بکات، جیاوازو باشتر لە کابینەکانی پێش خۆی. لەبەر تیشکی ئەو ئەزموونەی لە سەرجەم ساڵانی فەرمانڕەوایەتیی حکومەتی هەرێمدا هەمانە، باوەڕ ناکەم زۆربەی بەڵێنەکانی چاکسازیی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەگەرچی راستتر وەهایە واقیعی پەروەردە لە هەرێمدا بە تۆژینەوە دیاریبکرێت و، بەوپێیەش چارەسەر بۆ گرفتەکانی دابنرێت، بەڵام مامۆستایان و شارەزایانی خاوەن ئەزموون لە پەروەردەو فێربووندا دەزانن کە هیچ بوارێکی پڕۆسەکە نییە پێویستی بە ریفۆرم نەبێت، بۆ نموونە:

نەبوونی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی روون کە سیستمی پەروەردە لەهەموو کایەکاندا پێڕەوی بکات. سیستمی بەڕێوەبردنی پەروەردە هەر لە لوتکەی وەزارەتەوە تا دوا قوتابخانەو خوێندنگە، حیزبەکانی دەسەڵات، بەپێی جوگرافیای بوون و هێزیان، قۆرخیانکردووە، بەبێ ئەوەی مەرجی پسپۆڕی و شارەزایی و ئەزموونیان لە بوارەکەدا رەچاوبکەن.

سیستمی سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی بەهەمان شێوە.

سیستمی هەڵسەنگاندنی قوتابیان و خوێندکاران لەڕێی تاقیکردنەوەکانەوە پڕ گیروگرفتە، چ لە رووی شێوازی پرسیاری ئەزموونە گشتییەکان و ، چ لەڕووی ئەو هەڵانەی ساڵانە لە پرسیارەکاندا دەبینرێن.

پڕۆسەی پەروەردەیی هەرێم سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوەو، لەبری بەهێزکردنی قوتابخانەکانمان، دەیان قوتابخانەی بیانی تەنگیان بە قوتابخانەی خۆماڵیی هەڵچنیوەو ئیعتیبارێکیان بۆ خوێندنی  حکومی نەهێشتۆتەوە.

سەرەڕای ئەو گرفتانە سیستمی پەروەردە بەدەست چەندین گرفتیدیکەوە دەناڵێنێت وەک: خوێندنی تیجاری، خوێندنی چەند وانەیەک هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە بە زمانی ئینگلیزی، گۆڕانکاریی لە بەرنامەکانی خوێندندا بەبێ تۆژینەوەی زانستی کە ئەو گۆڕانکارییە بکاتە زەروورەتی پێشکەوتن لە ئاستی بەرنامەکاندا، گرفتەکانی: راهێنانی مامۆستایان وتاقیگە بۆ وانە زانستییەکان و بۆ فێربوونی زمانی بیانی و ، رێگا کلاسیکییەکانی وانەگوتنەوەو … هتد .

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە هەوڵی حکومەت بۆ بەئەهلی کردن و بە تایبەتیکردنی پرسی پەروەردەو فێرکردن؟

فوئاد قەرەداغی: تایبەتیکردنی پرسی پەروەردەو فێربوون لەڕێی بە ئەهلیکردنیەوە ئەجندەیەکی بەرنامەڕێژکراوی سیستمی جیهانیی سەرمایەدارییە بەتایبەتی لەسەردەمی سەرمایەداریی جیهانگیردا.

سیستمی سەرمایەداریی کار لەسەر بەکاڵاکردنی هەموو شتێک دەکات، لەنێویاندا ئەو بوارانەی پەیوەندیی بەژیانی خەڵکییەوە هەبێت، وەک کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە، بەئامانجی فراوانکردنەوەی سەرمایەگوزاری و بازاڕ بۆ قازانج و زێترکردنی کەڵەکەکردنی سەرمایە، لەبەر ئەوە، لەسایەی سەرمایەداریی جیهانگیرداو، دوای هەرەسی مۆدێلی سۆسیالیزمی بۆرژوازی و سەرمایەداریی دەوڵەتیی بلۆکی رۆژهەڵات، ئەم شێوازەی سەرمایەگوزاری پەرەیسەندو بە دواخاڵی جیهانی کۆنتڕۆڵکراوی سەرمایەداریی گەیشت.

لەڕاستیدا خوێندنی ئەهلی، واتە خوێندن بەپارە (خوێندنی تیجاری) ئاساییە لە هەرێمێکدا هاوپشکی حکومەتی ئێستای عێراق بێت، هاوکاریی سیاسی و ئابووریی دەوڵەتانی دراوسێ و وابەستەی سیستمی سەرمایەداریی جیهانگیر بێت. ئەم جۆرە خوێندنە، خوێندنی حکومەتی، بێبەرامبەری پارە فەرامۆش دەکات و فشاری ئابووری دەخاتە سەر گیرفانی جەماوەری خەڵکی نەدار، بوار بۆ منداڵی بەرپرسانی دەوڵەت و منداڵی خاوەن داراکان دەڕەخسێنێت خوێندنی تایبەتییان هەبێت بۆ زامنکردنی فەرمانڕەواییان لە داهاتووی وڵاتدا، هەروەها چینێکی بۆرژوازی نوێی خاوەن بەرژەوەندی دەهێنێتە کایەوە کە هەمیشە پشت وپەنای دەسەڵات و ئەو هێزە جیهانییانە بێت کە دەسەڵات – بەم شێوە یان ئەو شێوە-  وابەستەیانە.

خوێندنی ئەهلی بوارێکە بۆ: درێژەپێدانی خوێندنی لیبراڵی سەرمایەداریی، کڕینی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و کارمەندانی دواڕۆژ، گرێدانی پەروەردەو فێرکردن بە پەروەردەو فێرکردنی بیانی و زامنکردنی جێگیربوونی ئەو بیانییانە لە کوردستاندا. بە کورتی قوتابخانەی ئەهلی و خوێندنی ئەهلی لە ئیمڕۆی باشووری کوردستاندا پڕۆژەیەکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی قازانجپەرستییە بە سپۆنسەری دەسەڵات، لەڕێی دەسەڵاتی پەروەردەیی هەرێم و ناوەندە جیاجیاکانی سەرمایەداریی جیهانی بە تایبەتی ئەو رێکخراوانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بە رێکخراوی ( ئێن . جی . ئۆ ) دەناسرێن . .

Leave A Reply

Your email address will not be published.