گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ فاتمە موراد توێژەری کۆمەڵایەتی ،سەبارەت بەساڵی تازەی خوێندن و سیستەمی پەروەردە…

0

فاتیمە موراد: تێکەڵبونی کچان و کوران لە پرۆسەی پەروەردەدا لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا دەرئەنجامی باشی لێدەکەوێتەوە. دەبێتە هۆی ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری و کەمبوونەوەی جیاوازی ڕەگەزی لەنێوان نێر و مێ دا…

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ فاتمە موراد توێژەری کۆمەڵایەتی ،سەبارەت بەساڵی تازەی خوێندن و سیستەمی پەروەردە…

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە هەوڵی حکومەت بۆ بەئەهلی کردن و بە تایبەتیکردنی پرسی پەروەردەو فێرکردن؟

فاتیمە موراد مەلا: لەهەرێمی کوردستان دوو جۆرە قوتابخانە هەیە؛ قوتابخانەکانی حکومی( گشتی) و ئەهلی (تایبەت). لەهەردوو جۆرەکەشدا قوتابخانەی نێوخۆی (لۆکالی) و قوتابخانەی نێودەوڵەتی هەیە. مەبەست لەقوتابخانە لۆکاڵییەکان ئەو قوتابخانانەن کەتیایاندا مەنهەجی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخوێندرێ، و سیستەم وفەلسەفەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم پەیڕەو دەکرێ. هەرچی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانن پشت بە یەکێک لە مەنهەجە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن و هەمان ئامانجیان هەیە لەبەکارهێنانی پێڕەو و پڕۆگرامەکانیان. بەنموونە قوتابخانەی (شوەیفات)کە تیایدا مەنهەجی (سابیس) دەخوێندرێ و قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتییە و لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە. هەروەها قوتابخانەی شەهید فاخر مێرگەسۆری هەمان سیستم و مەنهەجی (سابیس) بەکاردەهێنێ بەڵام حکومییە.

وەزارەتی پەروەردە ئیمکانیەتی دابینکردنی تەواوی پێداویستییە مادی و مەعنەوییەکانی خوێندنی نییە! هەر لە پۆلەکانی خوێندن ودابینکردنی مامۆستا و فەرمانبەران تادەگات بەتوانا کردنیان لەڕووی زانستی و کارگێڕی بۆئەوەی لەگەڵ گۆڕانە پەروەردەیی و زانستییەکانی سەردەم بگونجێن. هەروەها کێشەیەکی دیکەی پەروەردە درووستنەکردنی بینای پێویستە بۆتەواوی ژمارەی قوتابیان، هەندێ قوتابخانە سێ دەوامیە و هەندێکیتر دوو دەوام ژمارەیەکی کەمیش یەک دەوامین، ئەمە لەناوەندی شارەکان. لەگوندەکانیش کێشەکان بۆ سێ ئەوەندە زیاد دەبن و لەهەندێکیشیان هەر قوتابخانە نییە!

سەرەڕای ئەو هەموو کەم و کورتیانەش؛ وەزارەتی پەروەردە هەمیشە لە هەوڵی کەمکردنەوە و دانانی سنورە بۆکردنەوەی قوتابخانەی ئەهلی، بۆنموونە یاساکانی تایبەت بەکردنەوەی قوتابخانەی ئەهلی مەرج و بنەمای زۆر زەحمەت و قورسی تێدایە، کەزۆر ئەستەمە هەموو کەسێ بتوانێت قوتابخانەیەک بکاتەوە. لەلایەکیتر؛ لەکابینەی پێشو وەزیری پەروەردە چەند قوتابخانە و باخچەی منداڵانی حکومی کردە ئینگلیزی، واتە وانەکان بەزمانی ئینگلیزی بخوێندرێن شان بەشانی قوتابخانە ئەهلییەکان. هەروەها لەکابینەی تازەشدا یەکەم بڕیاری وەزیری پەروەردە؛ ڕاگرتنی پێدانی مۆڵەت بوو بۆکردنەوەی قوتابخانەی ئەهلی. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ژمارەی قوتابخانەی ئەهلی بەتایبەتی باخچەی منداڵان ئێجگار زۆرە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەکوردستان یاسا سەروەر نییە و جێبەجێ ناکرێت، چونکە مەرجەکانی دانانی قوتابخانەی ئەهلی ئاسان نین و بگرە زۆر ئەستەمیشە. بێگومان قوتابخانە ئەهەلیەکان کاریگەری سلبی و ئیجابیان هەیە. ئیجابیەکان: فەلسەفەیەکی نوێ و مۆدێرن لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا بەکاردەهێنن کە هانی حکومەت دەدات چاوخشانەوە بە سیستەمی کۆندا بکات، یاسای نوێ کە لەگەڵ گۆرانکارییەکاندا بگونجێت دابڕێژێت. هەروەها خوێندن یەک دەوامیە و کاتەکەی درێژە هاوکاتە لەگەڵ دەوامی فەرمانبەران. بوونی خولی هاوینە لەپشووی هاویندا بۆ قوتابیان، هەروەها خولی بەهێزکردن بۆ مامۆستایان و دەستەی کارگێڕی قوتابخانە.

بەڵام کاریگەری سلبی قوتابخانە ئەهلیەکان:  یەکێکە لەهۆکارەکانی دابەشبوونی چینایەتی لەکۆمەڵگە، نەک تەنها لەڕووی ئابووری، بەڵکو لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە. خاڵێکی دیکە؛ لەڕووی دەروونیەوە وادەکات قوتابیان و کەس و کاری قوتابیانی قوتابخانەی حکومی هەستی خۆ بەکەمزانینیان لەلا دروستبێت. بەگشتی کەلێنێکی گەورە دەکەوێتە نێوان قوتابخانە حکومی و ئەهلیەکان بۆ شێوازی پەرەوەردە و فێرکردنی نەوەی داهاتوو، بەو شێوەیە قڵشتی چینایەتی زۆر بەرچاوتر دەبێت.

بۆپێشەوە: زۆرجار باسی جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لە قوتابخانەکان دەکرێت، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟  بەتایبەت لەباری کۆمەڵایەتی و گەشەی کۆمەڵگەی مۆدێرن چ جۆرە کۆمەڵگەیەکت بۆ بەرهەم دێنێ؟

فاتیمە موراد مەلا: وەک ئاشکرایە لەکوردستان قوتابخانەی تێکەڵاو و قوتابخانەی کوڕان بەجیا و کچان بەجیا هەن. لەقوتابخانە حکومییەکاندا قۆناغی بنەڕەتی کە پۆلەکانی ۱ تا ۹ دەگرێتەوە، لە پۆلی  ۱ تا ٦ ی بنەڕەتی هەندێکیان تێکەڵن و هەندێکیان کوڕ و کچ جیان، بەڵام پۆلەکانی ۷ و ۸ و ۹ ی بنەڕەتی واتە قۆناغی ناوەندی جاران و قۆناغی ئامادەیی کوران و کچان بەجیاواز دەخوێنن. هەرچی لە قوتابخانە ئەهلیەکانە کوڕان و کچان بەیەکەوە دەخوێنن، کەچی لەزۆربەی ئەهلیەکانیش لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی هۆبەکانی کچان و کوڕان جیاکراونەتەوە یان لەناو یەک هۆبەدا ڕیزی کوڕان و ڕیزی کچان جیاوازە. لە گوندەکاندا بەهۆی نەبوونی بینای قوتابخانە زۆربەی قوتابخانەکان تێکەڵن.

جیاکردنەوەی قوتابیانی کوڕ و کچ لەقۆناغەکانی خوێندندا لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا (یان کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتیەکاندا) باوە، بەهۆی ئەو سیستمە کۆمەڵایەتییە پیاوسالارەی کە سەدان ساڵە ڕەگی لە هەناوی کۆمەڵگەدا داکوتاوە و کاریگەری نەک تەنها لە کەرتی پەروەردە، بەڵکو لە هەموو کایەکانی دیکە کردووە. بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە ئایینی ئیسلام و عورف و عاداتی عەشایەری سەرچاوەی داڕشتنی یاسایە و زۆرینەی تاکەکانی بڕوایان پێیەتی.

لەسەر ئەم پرسە لەکوردستاندا؛ دوو بۆچونی جیاواز هەیە

؍ یەکەمیان کەزۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی لەسەری کۆکە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەتێکەڵبونی هەردوو رەگەزەکە(نێر ومێ) نادات، بەتایبەتی لە پۆلەکانی ۷و ۸ و ۹ی بنەڕەتی قۆناغی ئامادەیی، رەنگە هەر ئەوەش وایکردبێ زۆربەی قوتابخانە ئەهلیەکان هۆبە و ڕیزی کوڕ و کچ جیاکەنەوە وەکو ریکلامیش بۆخۆیان و ناوبانگی قوتابخانەکەیان بەکاری بێنن بۆ دەسکەوتنی سەرمایەی زیاتر. هەڵگرانی ئەم بۆچوونە چین و توێژی جیاوازی تیایە زۆرینەیان ئەوانەن کە بیری ئاینی بەسەریاندا زاڵە، هەروەها توێژی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی بەرزیشی تیایە، هەندێجاریش وەکو بەڵگە بۆ داکۆکیکردن لە بۆچوونەکەیان پاساو دەهێننەوە بە هەندێ توێژینەوە کە لەوڵاتانی رۆژئاوا ئەنجامدراون و دەرئەنجامی سلبیان هەبوە!

بۆچوونی دووەم: پێی وایە پێویستە هەردوو ڕەگەزەکە هەر

لەقۆناغی باخچەی ساوایانەوە تا خوێندنی زانکۆیی تێکەڵاو بن و بەیەکەوە بخوێنن.

بێگومان هەڵگرانی ئەم بۆچوونە کەمینەن و پێکهاتوون لە

توێژی نوخبە و رۆشنبیران و خەڵکی پێشکەوتووخواز و ئازادیخواز.

وەک دەزانین لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا ئێستاش شەقل و

سیماتەکانی سیستمی عەشایەری و پیاوسالاری ڕۆڵیان هەیە، و لەهەمان کاتیشدا هەوڵی جدی لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەندێ لە حزبە سیاسیەکان لەئارادایە بۆ بەمەدەنی کردنی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، واتە کۆمەڵگەی کوردی لەقۆناغی ڕاگوزەریدایە، و لەم قۆناغەشدا ناتوانرێت هەموو قوتابخانەکان لەناکاو تێکەڵبکرێن، لەوانەیە هەندێ کێشەی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە. هەروەها پێویستی بە خۆ ئامادە کردنی پێشوەخت و بەرنامە و پلان و لێکۆڵینەوەی تۆکمە هەیە.

لەلایەکی دیکەوە؛ تێکەڵبونی کچان و کوران لە پرۆسەی

پەروەردەدا لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا دەرئەنجامی باشی لێدەکەوێتەوە. دەبێتە هۆی ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری و کەمبوونەوەی جیاوازی ڕەگەزی لەنێوان نێر و مێدا. بەپێی شیکردنەوە دەرونییەکان مرۆڤ لەم قۆناغەی تەمەنیدا ئارەزووی هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا دەکات، خۆ ئەگەر رێگری لێبکرێت لەوانەیە لەکاتێکی دیکەو بەشێوازی ناتەندروست ئەو حەزەی جێبەجێ بکات. هەروەها تێکەڵاوبوون دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەردوو رەگەزەکە شارەزایی زیاتر لەسەر کەسایەتی و هەڵسوکەوتی یەکتر بەدەست بێنن کە بۆ قۆناغەکانی دواتری زانکۆ و کۆلێج سودی دەبێت. هەروەها بۆ ژیانی هاوسەری و بۆ هەڵبژاردنی هاوسەر تەجروبەیەکی باش دەبێت.

بۆپێشەوە:

لاتان وایە دەسەڵاتی سیاسی پشت بەستوو بە شەرع و دین، دەتوانێ سیستەمێکی پەروەردەی مۆدێرن دابمەزرێنن؟ بەواتایەکیتر پشت بەستن بە شەرع و یاسایەکانی دین ناکاتە پشتکردنە زانست و لێکۆڵینەوە زانستیە کۆمەڵایەتیەکان؟

فاتیمە موراد مەلا:

ئەم پرسیارە دوو تەوەر لەخۆ دەگرێت؛ یەکەمیان پەیوەندی بە کاریگەری ئایین لەسەر سیستمی سیاسی هەیە. دووەمیان کاریگەری ئایین لەسەر زانست و پرۆسەی پەروەردە کە پرسێکی گرنگە و پێویستی بە شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی زیاترە بەبەراود بە تەوەری یەکەم.

سەرەڕای زۆربوونی ژمارەی خوێندەوارەکان، بەرزبوونەوەی رێژەی قوتابیان کردنەوەی ئەم هەموو زانکۆیە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆری قوتابیان دەردەچن و بڕوانامەی زانستی وەردەگرن؍ بەڵام مەعریفەی کۆمەڵگەی کوردی تائێستاش مەعریفەیەکی میللی + ئاینییە. بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردە سروشتییەکان و هەموو ئەو گرفت و رووداوانەی ڕۆژانە لە ژیانی مرۆڤدا ڕوودەدەن پشت بە خورافیات دەبەسترێ و ڕای هەندێ کەس وەردەگیرێ کەبەناوی ئایینەوە حوکم لەسەر ژیانی خەڵک دەدەن؍ بۆنموونە خەڵکانێک هەن لەکاتی نەخۆش کەوتن لەجیاتی ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە و پزیشک بکەن، دەچن بۆماڵی پیاوانی ئایینی نوشتە و دوعایان بۆ بخوێنێت و گوایە شیفایان بۆدێت! بەپێچەوانەوە مەعریفەی زانستی واتە بەسەنتەر بوونی زانست لەهەموو کایەو بوارەکانی ژیاندا، گرینگیدان بەزانست و پشت بەستن بە دەرئەنجامەکانی  توێژینەوەی زانستی، هێنانەوەی بەڵگەی زانستی بۆگوزارشت کردن لە بیروبۆچونەکان. ئەوەی لەکوردستان دەگوزەرێ پێشکەوتنە لەڕووی مادی، بەڵام لەلایەنی مەعنەوییەوە کە پەیوەندی بەبیرکردنەوەی خەڵک هەیە پێشکەوتنێکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.