جەندەر و زمان : ئافرەت و ئاژەڵ 

0

جەندەر و زمان : ئافرەت و ئاژەڵ 

نووسینی: کازیوە ساڵح

بەشی سێیەم

به‌هۆی به‌‌هره‌مه‌ندی و توانای تاکەوە لە ئاماژە وهێما ‘دلاله‌ت’ه ‌زمانه‌وانییه‌‌کانه‌وه کاریگه‌ری زمان له‌سه‌ر مۆراڵ خۆی نمایش ده‌کات. مناڵدانی کۆمه‌ڵی کورد ‌به‌رهه‌مهێنه‌ری زمانی زبر و ڕوشێنه‌رن. ئه‌و زمانه‌ی به‌رهه‌می ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌کی سایکۆلۆژی به‌هێز نییه‌‌، ده‌مان داته‌ ده‌ست خۆناسینێکی وه‌همی که‌ ده‌نگ و ئه‌رکمان هیچ تێڕامانێکی مرۆیی و مه‌عریفی دروست ناکات. ئەم زمانە له‌پشت ده‌سته‌واژه‌و ده‌ربڕینه‌کانیه‌‌وه ‌خۆشه‌ویستی نه‌ک ته‌نها بۆ مرۆڤ، بەڵکوو بۆ هیچ بوونه‌وه‌ریه‌کی تریش هه‌ڵنه‌گرتووه‌و ده‌سته‌واژه‌کانی ده‌که‌ونه ‌ده‌ره‌وه‌ی واتاوە. له‌کۆمه‌ڵێکی رۆژهه‌ڵاتیدا که‌ئه‌خلاق ته‌نها ده‌قێکی تیوریه‌و به‌زمانێکی سه‌له‌فی نووسراوه‌ته‌وه ‌نه‌ک پراکتیکی. بۆ نموونه، ‌ئاژه‌ڵ به‌دڕندانه‌ترین شێوه ‌ئازار ده‌درێت و ناو ده‌هێنرێت، گه‌ر گوزارشت له‌ڕقێکی ئەستوور به‌رانبه‌ر به‌که‌سێک بکات ده‌ڵێت: “هێنده‌ی سه‌گێک ڕقم لێیه‌تی”، یان “ئه‌ڵێی به‌رازه‌”، هتد. بەپێچەوانەشەوە، ڕۆژئاوایه‌ک که‌زۆر برسی بێت یان ماندوو بێت ده‌ڵێت: “هێنده‌ی سه‌گێک برسیم یان ماندووم.” واته ‌بە شێوەیەکی ئه‌رێیی به‌کاری ده‌هێنێت. باوه‌ڕ ناکه‌م له‌بنه‌مادا ئه‌وه‌نده‌ی ڕق و خۆخواردنه‌وه ‌له ‌ده‌روونیدا حه‌شاردا بێت تا بۆ ناوێکی زۆر تایبهتمه‌ند بگه‌ڕێت بۆ گوزارشتکردن و ئاژه‌ڵێك بکات به‌قوربانی زمانێکی دڕنده، به‌ڵام له‌نموونەی یه‌که‌مدا بەکارهێنانی ئەم جۆرە زمانانە له‌لایه‌کەوە گوزارشت له‌مرۆڤێکی نیرۆتی، و له‌لایه‌کی دییەوە، گوزارشت له کەلتوورێکی بێ خۆشه‌ویستی و ڕێز ده‌کات. ئه‌و که‌لتوورانه‌ی هه‌ڵگری خۆشه‌ویستین ڕیزی هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کان و هه‌موو گیانداره‌کانی جیهان ده‌گرن و هه‌رگیز ئه‌و گیاندارانه ‌ناکه‌ن به‌ئامانجی ده‌ربڕینی ناساغی ده‌روونی. هه‌ڵگرانی خۆشه‌ویستیش مۆراڵی تیوری و مۆراڵی پراکتیکیان یه‌که. هەربۆیە لە رۆژئاوادا به‌ده‌یان ده‌زگا بۆ مافی ئاژه‌ڵ تێده‌کۆشن و ئه‌وه‌نده‌ی یاسا رۆژئاواییەکان به‌ها و مافی ئاژه‌ڵیان خستووه‌ته ‌نێو به‌نده یاسایە‌کانیه‌‌وه. ئەوەندە یاسای رۆژهه‌ڵاتی مافی مرۆڤی جێگیر نه‌کردووە. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە بە قوربانیکردنی ئاژەڵ لە دەستەواژە کۆمەڵایەتیەکانی ڕۆژئاواشدا ‘لێرەدا بە دەستنیشانکراوی مەبەستم خوارووی ئەمەریکا واتە ئەمەریکا وکەنەدایە *’ بوونی هەیە بۆ نموونە ئەگەر کاری زۆر کردبێت ئەلێت ‘کارم کردوە وەکو سەگ’ لێرەدا ئەم دستەواژەیە بە شێوەی ئەرێی ‘ پۆزەتیڤ ‘ وەردەگیرێت، بەڵام دەستەواژەی دی وەکو بێچ ‘Bitch’ واتە سەگ، ڕێوی و گورگی مێ، هەندێ سەرچاوەی کەم وەکو بەچکە بەرازی مێ ش وەریانگێڕاوە. بە کوردی زیاتر ئەوترێت دێلە سەگ، دێلە گورگ و..تد. هەندێ ناوچە ئەڵێت دەڵە. هەر وەکو چۆن لە زمانی ئنگلیزیدا هەندێجار لە شەڕدا و توڕەییدا بەرانبەر بە ژنێک بەکار ئەهێنرێت وپێ دوترێت ‘بێچ’ لە زمانی کوردیشدا زۆرجار لە قسەی ئاسایی و دۆخی ئاسایشدا پیاو بەرامبەر بە ژن بەکار ئەهێنێت، یان ژن بە ژنەکەی هاورێی، تەنانەت زۆرجار گوێمان لێ دەبێت دایک کچەکەی خۆی بە دێلە یان دەڵە سەگ، گورگ بانگ ئەکات. لە ڕۆژئاوادا ئەم دەستەواژەیە بۆ جنێودان بە پیاویش بەکاردەهێنرێت و بە یەکێک لە ڕەقترین دەستەواژەکان دەژمێردرێت، یان کە بە پیاوێک ئەڵێن’ Son of Bitch ‘ کوڕی دێڵەسەگ، ئەم دوو دەستەواژەیە نەرێی ‘نەگەتیڤ’ ین و خێرا دەستە و یەخەد بە شەڕ دێت لە تەک جنێودەر. دەستەواژەی یەکەمیان کە ‘بێچ’ ە و بە ژن دەگوترێت بە دەگمەن بەرانبەر بە ژن بەکاردەهێنرێت. بەڵام دژی پیاوان زۆرتر بەکار ئەهێنرێت و تەنها لە ساتی گرژیدا بەکاردەهێنرێت، بۆ هەر پیاوێکیش ئەم جنێوە هێندە سەختە هێندەی’کوڕی قەحبەی’ کولتووری کوردی کە بێگانە ئەو جنێوەی پێ ئەدات، گوێگر بە قورس وەریدەگرێت، دیارە باسی گوێگرێک ئەکەم کە کولتووری جنێودانی پێ شەرمە. بە گشتی ئەم دەستەواژانە لە ناو ڕۆژئاوادا زۆر کەم بەکار دەهێنرێت وە لە خوارووی ئەمەریکا سزای یاسایی لەسەرە گەر کەسێک جنێوەکە بگەیەنێت بە پۆلیس یان رێکخراوەکانی مافی ژن. جگە لەوەی لە کایەکانی مافی مرۆڤ، مافی ژنان، یاسا و دەزگا زمانیەوانیەکان هەوڵی بنبڕکردنی ئەدەن. لێرەدا پێویستە کاتێک لە هەبوونی کولتورێک لە ناو دوو میللەتێ جیاوازدا دەدوێین ژمارەی دانیشتوان و جیاوازی ئەتنییکە جیاوازەکانیش لەبەرچاو بگرین. بەراوردێکی نا هاوسەنگە بۆ نموونە بڵێین لەبەرئەوەی ئەم جۆرە جنێو و دەستەواژە زمانەوانیانە لە وڵاتێکی سی ملیونی و کۆمەڵێک کە سێ سەد و پەنجا نەتەوەی جیاواز و ئاینی جیاوازی لە خۆگرتووە بەراورد بکەین بە چوار ملیون خەڵکی ئازادی کوردی سۆرانی قسەکەر کە ئێمە توانیومانە تێبینی مامەڵە زمانەوانی و ئاکاریان بکەین. منداڵ که ‌بێتاوانترین بوونه‌وه‌ره ‌له‌ ژێر قورسیی تاوانی ده‌سته‌واژه‌کاندا ده‌برێته ‌ده‌ره‌وه‌ی سروشتی خۆی دەکرێت بە ئاژەڵ و گورگ ‌و گیانه‌وه‌ری کەم نرخ و به‌های تر لە مرۆڤ. ئه‌و کۆمه‌ڵگەیانه‌ی له‌ژێر کاریگه‌ریه‌کی گه‌وره‌ی سێکسوالیتێ دان و منداڵ له‌ئەنجامی پرۆسه‌یه‌کی سێکسیەوە هاتۆتە دنیاوە، بە بێ نرخ و بەهاش دەیبینن. و بەر لە دایک بوونی منداڵ هیچ پلان و هۆشیاریەک لە چۆنیەتی مامەڵەکردن و گەشەسەندنی سایکۆلۆژی مناڵەکە نابێت بە غەمی دایک و باوک. بەڵکو هێندە بە بێزارییەوە مامەڵە لە تەک منداڵدا ئەکرێت بە ئاشکرا دەرئەکەوێت ئەو بوونەوەرە تەنها دەرئەنجامی پرۆسەیەکی سێکسییە و بە ناهۆشیاری ڕێگەگرتن لە مناڵ بوون هاتوەتە ژیانەوە، نەک ژیاندۆستی و بیرکردنەوە لە دروستکردنی خێزان و گەشەسەندنی کۆمەڵگە. گەرچی دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین زۆربەی هاوسەرگیری و دروستکردنی خێزانیش لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا سەرچاوەکەی ڕازیکردنی دەورووبەر و چەپاندنی سێکسیە. ئەو بوونەوەرەی ناوی منداڵە کە دەگات بە سەردەمی لاویش، دیسان خاوەنی شوناسنامەی خۆی نییە و شتێک نییە بە دنیای لاوێتێیەوە ببیبەستێتەوە، وەکو لاسییکردنەوەی یاریەکانی مناڵی و ماڵە باجێنەکان، دیسان دەکەوێتە لاساییکردنەوەی گەورەکان لە فۆرمێکی دیکەدا. بەڵام لەم قۆناغەدا کولتووری زمانەوانێکە دەمێکە لە نەست و سایکۆلۆژیایی هەردوو ڕەگەزدا جێگیر بووە، بە جیاوازیەکی کەمتری توخمێک بەرانبەر بە توخمێکی دیکە. ئەو جیاوازییەی مێینە هه‌ر لەو بێ به‌هاییەدا ده‌هێڵێته‌وه، ‌چونکه ‌له ‌گۆشەنیگای ئه‌وانه‌وه ‌ئامرازێکی سێکسه، ‌بەڵام نێر لە لاویدا بەهای بۆ دەگێڕدرێتەوە چونکه‌ئامانجی سێکسه‌. له‌وێوه ‌جیاوازییه ‌جه‌نده‌ریه‌کان ده‌بن به‌زمانێکی ساتۆر ئاسا و جه‌سته‌ی ئه‌خلاق و واتایان پێ لەت ده‌کرێت. ئەم جیاوازییانە دەبن به‌ده‌نگێک کە پابه‌ندی تێگه‌شتن نییه ‌‌له‌واتای ئه‌خلاقی و شوناسی کۆمه‌ڵایه‌تیدا. لەلایەکی ترەوە‌ لە ڕۆژئاوادا پرسینی مه‌سه‌له ‌تایبەتمەندەکان فۆرمێکی بێزراو و شه‌رمهێنه‌ره‌ به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی ته‌مه‌ن و مووچە و تایبەتمەندیە زۆر کەسیەکانی تر، وەکو مەسەلەی پەیوەندی و خۆشەویستی، ئەمانە لە پرسی زۆر کەسین و دەستێوەردان و لووت ژەندن لەم جۆرە تایبتمەندیە پێویستە شەرم هێنەر بێت بۆ پرسیارکەر بەر لە پرسیار لێکراو، پرسەکانی ئه‌وان لەسەر که‌سێتی مرۆڤە، نەک فاکتەرە کەسیەکانی. کەسیەتیش کۆمەڵێکی فاکتەری زۆرە، نه‌ک تەنها ڕێژەی مووچه‌که‌ی و چیەتی کاره‌که‌ی. پرس لەوەدایە کە ئایا ‌ئاستی مرۆڤایه‌تی کەسەك چه‌نده، ‌نه‌ک ته‌مه‌نی چه‌ندە، پرسی تەمەن تەنها کاتێک دێتە ئاراوە کە ژنێک و پیاوێک چەند جارێک یەکیان بینبێت و بڕیاری پەیوەندی ڕۆمانس و بەیەکەوە بوون بدەن، دیارە زۆربەی کات لەم دۆخەشدا هەر نابێت بە پرس، بەڵام لە ناو کورددا ئەم جۆرە پرس و دەستێوەردانە لە تایبەتمەندیەکانی مرۆڤ بە شیوەیەکی ئەوەندە دوور لە ئاکاری مرۆیی بوونی هەیە کە زۆرترین دووفاقی پێکەوە ژیان و کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ دروست کردووین. ئەمە تەنها لە ناو کوردستاندا بەرجەستە نەکراوە، بەڵکو بە دەگمەن ئەو کورددانەش لە ڕۆژئاوا ئەژین توانیویانە لە لایەنە جوانەکان کەڵک وەربگرن و کولتوورە بێزراو و دەستەواژە نابەجێ سواوەکان فڕی بدەنە دەرەوەی ژیانی خۆیان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.