سەنتەری منداڵان، پشت و پەناو جێ ئومێد بوو بۆ مناڵان! دیمانە لەگەڵ شیرزاد فاتیح بەپرسی سەنتەری بەرگری لەمناڵان، سەبارەت بەهێرشی یەکێتی نیشتیمانی بۆ سەر سەنتەری مناڵان لەکوردستان لە ساڵی ٢٠٠٠دا

0
بۆپێشەوە:  بۆچی یەكیتی نیشتیمانی کوردستان هاوکات لەگەڵ هێرشی بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، هێرشی کردە سەر سەنتەری مناڵانیش؟
شێرزاد فاتیح: پێمخۆشە سەرەتا بەوە دەست پێبکەم کە ئێستا ١٩ ساڵ بەسەر هێرشی دڕندانەو ڕەزیلانەی ینک بۆ سەر بنکەی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان لە سلێمانی، گەڕەکی عەقاری بەرامبەر ئەمنە سوتاوەکە تێپەڕدەبێت، لەم یادەدا هێرشی سەکوتگەرانەی ینک و ئەو کارە ملهوڕیەیان جارێکی تریش شەرمەزارو ڕیسوا دەکەم. ئەوەش دووپات دەکەمەوە کە ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت لەکوردستان یاسا هەبێت، دەسەڵاتی خەڵک هەبێت، دادگایەکی عادیلانەی دوور لەدەسەڵاتی حیزبی میلیشیای هەبێت، سکاڵا تۆمار دەکەین و بەرپرسان و چەکدارانی ینک کە دەستیان هەبوو لەم تاوانەدا دەدەینە دادگا. “تێبینی: ئێمە لە کاتی خۆیدا لەدادگا سکاڵامان تۆمار کرد لەسەر ینک، بەڵام ئاشکرایە ئەوان خۆیان هەموو دامودەزگای بەرێوەبردن و “دادگا” بەڕێوەدەبەن و هەرخۆیان حکوم دەردەکەن و جێبەجێشی دەکەن، بۆیە سکاڵاکەمان تا ئەم ساتەوەختە بەبێ وەڵام ماوەتەوە”.
بۆ وەڵامی پرسیارەکەشتان دەمەوێ بڵێم کە لەبەر ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک هێزێکی میلیشیای دیکتاتۆری ملهوڕ دەیویست هەموو دەنگێک کە بەهەر شێوەیەک بەرگری لە ئازادیەکانی هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگە بکات، سەرکوت بکات! سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵانیش لەو دەورانەدا کە نزیکەی ساڵێک و چەند مانگێک بەسەر دامەزراندنیدا تێپەڕیوو، بوو بە ڕێکخراوێکی چالاک و تاڕادەیەکی باش ناسراو لەکۆمەڵگەداو بەخێرایی گەشەی کرد. لەسەر توندوتیژی وبێمافیەکانی منداڵان، سەقەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن، ناردنی منداڵان بۆ دەرسی ئاینی و حوجرەکان لەبری قوتابخانە و یاری و سەرحاڵی بۆیان، لێدان و سوکایەتی بەمنداڵان، کوشتنی منداڵان و دژی بە منداڵی بەشودان…هتد، وە دەنگ دەهات و یەخەی دەسەڵاتە میلیشیایەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دەگرت. ئەمە یەکێک بوو لە هۆکارە هەرە سەرەکیەەکان کە یەکێتی و دەسەڵاتەکەی لەبەرامبەردا بێدەربەستیان لەهەموو ئەو نەهامەتییانەی کە بەسەر منداڵاندا دەهات و بێدەنگیان لێدەکرد، بخاتە ژێر پرسیارەوە و قەڵس و توڕەیان بکات.
وەک نموونەیەک دەتوانم باس لە یەکێک لەو چالاکیانە بکەم کە ئەویش سازدانی مەراسیمێک بوو بۆ ڕێزلێنان و ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی کوشتنی منداڵێکی ١١ ساڵان بە ناوی ئازاد ئەبوبەکر، کە ئەم منداڵانە بەسەربڕاوی لەناو قەبرەسانی شێخ محێدین فڕێدرا بوو، سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان لەدژی ئەم تاوانە گەورەیەدا کۆمەڵگای هەژاندو دەسەڵاتی میلیشیای یەکێتی بە بەرپرسانی کە تاوانباران دەست نیشان و دادگایی بکات. ئەمەو دەیان چالاکی لەمشێوەیە، لەلایەن چالاکوانانی ماندوونەناسی سەنتەری منداڵانەوە ڕۆژانە ئەنجام دەدران. هەروەها کردنەوەی خانەیەک بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت بۆ ئەو منداڵانەی کە بە هەر هۆکارێک بێت کەس و کاری پلە یەکیان لەدەست دابوو، سەرباری بێ ئیمکانی و نەبوونی هاوکاری، کردنەوەی دەیان خولی هاوینەی هونەری و سەرحاڵی بۆ منداڵان، کە ئەمە بووە هۆیەک کە بە لێشاو بەشێک لەمنداڵان و لاوان خانەی نەوجەوانان بەجێبهێڵن و ڕوولە سەنتەری منداڵان بکەن، چونکە بە پێی گێڕانەوەی منداڵەکان لەوێ بە شەق و زلە پەروەردە دەکران، ڕێزیان لێ نەدەگیرا، ئەمانە بەشێک بوون و هۆکارێک بوون کە مایەپوچی دەسەڵاتەکەی ینک نیشان بەن و بیخەنەژێر پرسیارەوە کە ناتوانن وەڵامدەرەوەی ماف و داخوازیەکانی منداڵان بن.
دەرکردنی بڵاوکراوەی “دنیای منداڵان”و بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی لەکۆمەڵگەدا، کە تاکە نموونەی ئەو بڵاوکراوەیە بوو پەنجەی دەخستە سەرکێشەکانی منداڵان. ئەمانە گۆشەکی زۆر چکۆلەی ئەو دەیان و سەدان کاری ڕۆژانەیە بوو کە سەنتەری منداڵانی پێی هەڵدەسا، پشت و پەناو جێ ئومێدبوو بۆمندڵان، بەتایبەتیش بۆ ئەو منداڵانەی کە چ لە خێزان، کۆمەڵگەو خوێندنگاو شوینەکانی تردا رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
جێگەی خۆیەتی کە ئاماژە بەیەکێک لەدەستکەوتەکانی سەنتەری منداڵان بکەم، ئەویش ئەوەبوو کە کاتێک سەنتەر نزیکەی ١٠٠ کەیسی لەسەر توندوتیژیەکانی دژ بە منداڵانی کۆکردەوە، کە هەموویان ئاسەواری لێدان و توندوتیژی بە جەستەیانەوە دیار بوو. نوێنەرانی سەنتەر ئەم کەیسانەیانە گەیاندە دەستی خەسرەو مستەفا، وەزیری پەروەردەی حکومەتەکەی یەکێتی. ئەوەبوو سەرئەنجام بە بڕیارێک لێدان و توندوتیژی لە دژی منداڵان قەدەغەکرا، ئەمەش زیاتر ڕووی لە خوێندنگاکان بوو.
بۆپێشەوە: هێرش بۆسەر سەنتەری مناڵان چی لە دۆخی مناڵان گۆڕی؟ کاریگەری سەنتەر لەسەر هەلومەرجی مناڵان و مافەکانیان چۆن بوو؟
شێرزاد فاتیح: پێمباشە ئەوە بڵێم کە، سەرەتای هێرشی بەعس ئاسای میلیشیاکانی ینک بەوە دەستی پێکرد کە لە ڕێگای میدیاکانیانەوە سەنتەری منداڵان وەک ڕێکخراوێک بناسێنن کە ترس و دڵەڕاوکێ لەناوخەڵک و کۆمەڵگەی کوردستاندا بڵاودەکاتەوەو، کێشەکانی منداڵان گەورە دەکات، ئەوان دەیانگووت کە سەنتەری منداڵان ڕێکخراوێکی ناشەرعییە. سەرباری ئەوەی کە ئێمە هەر لەو دەسەڵاتە میلیشیایە مۆڵەتی هەڵسوڕان و کارکردنمان پێدراوبوو. ئەم پڕوپاگەندەو درۆ و دەلەسانەشیان لە زاری دادوەرێکی بەکرێگیراو ڕیسوای خۆیانەوە بڵاوکردەوە بە ناوی “ئاراس” لە تەلەفیزیۆنی ینک ەوە بۆ خەڵکی ڕاگەیاند، کە تەنها چەند ڕۆژێکی کەم پێش هێرشەکەیان بوو بۆ سەر حزب کۆمۆنیستی کرێکاری، سەنتەری منداڵان و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان.
پاشان میلیشیاکانی یەکێتی هەڵیان کوتایە سەر بنکەی سەنتەر و کەوتنە لێدان و کوتەککاری منداڵە بێ سەرپەرشتەکانمان، کە ژمارەیان نزیکەی ٨ منداڵێک دەبوون، یەکێک لەو منداڵانە بە ناوی “سامان” بوو کە لەکاتی خۆیدا وێنەو دۆکومێنتمان لەسەری یاداشت کردووە، ئاسەواری ئازارو لێدان و ئەشکەنجەدان بە جەستەیەوە دیاربوو، بەشی زۆری ئەم منداڵە بێ سەرپەرشتانە کەیسەکانیان لە دادگا بوو وە کێشەی جۆراوجۆریان هەبوو، سەنتەری منداڵان خۆبەخشانە لەڕێگەی دادوەری خۆبەخشەوە لە “دادگا” بەرگری لەو منداڵان دەکرد. پاشان هەستان بە دڕاندن و شکاندن و دزینی هەرچی کەل و پەل و ئەرشیف و مومتەلەکاتی ناوبنکەو، هەروەها دەستگیر کردن و ڕاونان و سوکایەتی کردن بە چەند کەس لە هەڵسوڕاوانی سەنتەر.
ئەم هێرشە تا ڕادەیەک بووە هۆی کپکردنەوەی دەنگێک کە ئازایانە بۆ بەرگری لەمافەکانی منداڵان هاتبووە مەیدان، ڕێگریکردن لە کاری و چالاکی سەنتەر بووە هۆی ئەوەی کە ئیتر لە هەر شوێنێک توندوتیژی لە دژی منداڵان ئەنجام بدرێت، ئەنجامدەرانی بێباک بن لەوەی کە کەس لێیان بکات بە هەراو کێشەکانی منداڵان بگەیەنێتە ناوەندە جیهانی و میدیاکان.
شتێکی تر ئەوەبوو کە ئێمە سەردان و بەدواداچوونی بەردەوامان هەبوو بۆ چەندین قوتابخانەو باخچەی ساوایان، لە هەرجێگایەک کە بمانزانیبا توندوتیژی مامەڵەی نادروست دژی منداڵان ئەنجام دەدرێت.
دەرکردنی بڵاوکراوەی “دنیای منداڵان” کە بڵاوبوونەوەیەکی بەربڵاوی لەکۆمەڵگەدا هەبوو، تاکە نموونەی ئەو بڵاوکراوەیە بوو کە پەنجەی دەخستە سەر کێشەکانی منداڵان. هێرشی میلیشیاکانی ینک هەموو ئەم دەنگە ئازادیخوازانەی کپکردو بە زەبری چەک و ملهوڕانەی بێدەنگی کردن.
لە کۆتایشدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە هەموو ئەم ملهوڕی و کارە بەعس ئاسایانەی ینک ئێمەی تا کۆتایی بێدەنگ نەکرد، ئێستا نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لەدەرەوەی وڵاتیش سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان یەکێک لە ڕێکخراوە بەهێزو ناودارەکانە، لە ساڵەکانی ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٩ بە هاوکاری سیداو ئۆڵفپاڵمەی سوید چەندین پرۆژەی بۆ مندالان لە کەرکوک و بغداد بەسەرئەنجام گەیاند، لەدەرەوەی وڵاتیش هاوکاری و خولی هاوینەو دەیان کاری چالاکی ئەمجام دەدات بۆ منداڵان و لاوان، وە یەکێکە لە ڕێکخراوە موعتەبەر و دیارەکانی چەندین کۆمۆن لە سوید و سایتێکی هەیە کە بە پێنج زمان کارو چالاکیەکانی بڵاودەکاتەوە. www.childiraq.com
هەروەها لە میدیا محەلییەکانیشدا دەنگ و سەدای زۆر هەیە.
 
 
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.