بەربانگ
بەربانگ
سه‌عات چواری پاش نیوه‌ڕۆی یه‌كێك له ڕۆژه گه‌رمه‌كانی مانگی ته‌موز بوو، هه‌موویان به‌په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕوانی هاتنی، لۆریه بارهه‌ڵگره‌كان بوون. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ لۆریه‌كان نه‌گه‌یشتنایه، ئه‌وا ده‌بوایه به‌یانی كارگه‌كه له‌ئیش بوه‌ستێت. ئه‌و چه‌ند بنه‌گونیه گه‌نمه‌ی له ئیشی ئه‌مڕۆ مابۆوه، به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد دوو فه‌رده عه‌له‌فی لێبێته به‌رهه‌م.
زاهیدی حاجی تۆفیق، ته‌واو شپرزه بوو بوو! ئۆقره‌ی له‌به‌ر بڕابوو، له‌و قرچه‌ی گه‌رمایه‌دا و له‌ژێر تیشكی سوتێنه‌ری خۆره‌كه‌دا، ده‌هات و ده‌چوو سه‌ری باده‌دا، زوو زوو سه‌یری سه‌عاته‌كه‌ی مه‌چه‌كی ده‌كرد، ده‌ستەسڕه ته‌ڕه‌كه‌ی نێو ده‌ستیشی ده‌هێنا به سه‌روچاویدا و ده‌یڕوانییه شه‌قامه گشتیه‌كه، به‌بینینی هه‌ر لۆریه‌ك كه له دووره‌وه ده‌هات، دڵشاد ده‌بوو، به‌ڵام كاتێك لای نه‌ئه‌دا و به‌تیژی تێپه‌ڕ ده‌بوو، تف و جنێوێكی به دوایاندا هه‌ڵده‌دا.
كرێكاره‌كانیش، هه‌ردوو ده‌رگا گه‌وره‌كه‌یان خستبوه سه‌رپشت و له‌ناو كارگه‌كه‌دا، سست و ماندوو، خۆیان به پاككردنه‌وه و ڕێكخستنی شوێنی گه‌نمه‌كه‌وه سه‌رقال كردبوو.
گێژه‌ڵوكه‌یه‌كی گچكه‌ی بێهێز، له‌نزیك زاهیده‌وه، كه‌وته لوولدانی دڕكوداڵ و خاشاكی ئه‌وناوه، زاهید ده‌ستسره‌كه‌ی دا به‌ده‌موچاویا و سه‌ری دانه‌واند، و به‌په‌له خۆی گه‌یانده ژووری نووسینگه‌كه‌ی.
زاهید، خاوه‌نی كارگه‌كه بوو، [ كارگه‌ی مریشكی قه‌ڵه‌و ]، كارگه‌ی مریشكی قه‌ڵه‌و، عه‌له‌فی بۆ كێڵگه‌كانی مریشك به‌خێوكردن به‌رهه‌م ده‌هێنا. شه‌ش كرێكار و چاودێرێك له كارگه‌كه‌دا ئیشیان ده‌كرد، سۆفی خدریش به‌ڕۆژ كاسبی خۆی ده‌كرد، شه‌وانه‌ش بۆ پاسه‌وانی له‌كارگه‌كه ده‌خه‌وت.
زاهید له‌و جۆره پیاوانه بوو، كه باش ده‌یتوانی كاروباری خۆی ببات به‌ڕێوه، به‌قسه‌ی خۆش و نه‌رمونیانی واخۆی نیشان ده‌دا، دادپه‌روه‌ره و ڕێزی مرۆڤی له‌لایه، و حه‌زی به‌یارمه‌تیدانی هه‌موو كه‌سێك هه‌یه. هه‌رچه‌نده ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ڕه‌زیل و پیسكه‌ن و نازانن شه‌رم چیه، به‌ڵام زاهید وا هه‌ڵسوكوتی ده‌كرد، به‌رچاوتێره و ڕه‌زیل نیه و شه‌رم له كه‌سانی له‌خۆی به ته‌مه‌نتر ده‌كات.
له‌ڕاستیدا زاهید، تابڵێی ڕه‌زیل بوو، پاره‌ی زۆر خۆشده‌ویست، زه‌ره‌ر له‌په‌لوپۆی ده‌خست، ئه‌وه‌ته ئێستا له ژووری نووسینگه‌كه‌یدا، پاپۆڕه‌كه‌كه‌ی غه‌رق بووه و هه‌ر بیر له ئه‌گه‌ری نه‌هاتنی لۆریه‌كان ده‌كاته‌وه. هێنده‌ی لێكدابۆوه و نه‌گه‌یشتبوه هیچ ئەنجامێك، ته‌واو بێ هیوا بوو بوو، بێهیوایی چاوی قورس كردبوو، ئاره‌زووی سه‌رخه‌وێك، ته‌واو ماسولكه‌كانی خاوكردبۆوه.
سۆرانی چاو‌دێر له‌ده‌ره‌وه، به‌هاوارێك زاهیدی وریاكرده‌وه. به‌هه‌واڵی گه‌یشتنی لۆریه‌كان، زاهید خه‌وه‌كه‌ی زڕا و بێداربۆوه، له‌وده‌رگایه‌ی كه لێیه‌وه ده‌چێته ناو كارگه‌كه، نووسینگه‌كه‌ی به‌جێهێشت، و ڕووه‌و كرێكاره‌كان ملی نا.
دوای گه‌یشتنی لۆریه‌كان و ڕازیكردنی كرێكاره‌كان، به‌وه‌ی دوای ڕۆژوو شكاندن و به‌ربانگ كردنه‌وه، ده‌ست به‌داگرتنی لۆریه‌كان بكه‌ن. زاهید به دڵخۆشی سواری ئوتومبیله‌كه‌ی بوو، و به‌ره‌و شار گه‌ڕایه‌وه. سۆرانی چاودێریش، به‌پێی به‌ڵێنه‌كه‌ی زاهید، به‌ره‌و بازاڕ كه‌وته ڕێ، هه‌تا نانی ئێوارە بۆ كرێكاره‌كان بكڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی له كارگه به‌ربانگ بكه‌نه‌وه و ڕۆژوه‌كانیان بشكێنن.
سۆران؛ گه‌نجێكی خوێنده‌وار بوو، به‌هۆی نه‌بوونی و كه‌م ده‌رامه‌تیه‌وه، نه‌یتوانیبوو خوێندن ته‌واو بكات، ووریا و چاونه‌ترس بوو، به‌لای سۆرانه‌وه ترس ئه‌و گرێ ده‌روونیه بوو، ژیانی مرۆڤه‌كانی ده‌كرده دۆزه‌خ، بۆیه زۆر ده‌مێك بوو بڕیاری دابوو كه له هیچ نه‌ترسێت، ڕاستیه‌كه‌ش نه‌بوونی وای هاڕیبوو، كه بگاته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی، له‌كاتێكدا كه هیچت نه‌بێ له‌ده‌ستی بده‌یت، ترس بێ مانایه، و ترسان گه‌وجی یه.
……….
ڕۆژیی دوایی، سۆران كه گه‌یشته كارگه‌كه، زۆر سه‌ری سوڕما! له‌وه‌ی، ئوتومبیله‌كه‌ی زاهیدی بینی، له‌به‌رده‌م كارگه‌كه‌دا وه‌ستابوو، بۆیه له‌پێش ئه‌وه‌ی كرێكاره‌كان به‌سه‌ربكاته‌وه، خۆیكرد به نووسینگه‌كه‌ی زاهیددا و به‌یانی باشی لێ‌كرد، به‌ڵام زاهید به مۆڕه‌یه‌كی تاڵ وه‌ڵامی دایه‌وه و به‌بێ ده‌نگ لێی ڕامابوو.
سۆران به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ حسابێك بۆ مۆڕه قێزه‌ونه‌كه‌ی و بێ ده‌نگیه پڕ تانه‌كه‌ی بكا، زۆر له‌سه‌رخۆ پێی ووت…
-خێر… كاك زاهید چی ڕووی داوه؟ له‌وه ده‌چێت پێت ناخۆش بێت؟، كه دوێنێ شه‌و، باری لۆریه‌كان داگیران و هه‌موو فه‌رده گه‌نمه‌كانیش به‌جوانی …….
زاهید به هه‌ڵچونه‌وه نه‌ڕاندی به‌سه‌ریدا و نه‌یهێشت قسه‌كه‌ی ته‌واو بكات…
-شت ڕوویداوه.. چۆن ڕووی نه‌داوه؟ به‌هۆی بوونی كه‌سانی له خودا نه‌ترسی وه‌كو ئێوه‌وه، ئه‌م دونیایه به‌قوڕده‌گیرێت، تۆ قوڕمساغ به چ هه‌قێك؟، ده‌ته‌وێت ماڵم وێران بكه‌یت، پێم بڵێ ده‌ی… تۆ چۆن ده‌توانیت من به‌وه قایل بكه‌یت، كه ئه‌و كاره‌ی كردووته، بۆ ماڵ وێرانكردنی من نیه؟، تۆ ده‌به‌نگیت، به‌ڵێ من ووتم به‌ربانگ و ڕۆژوو شاندن له‌سه‌ر من ده‌بێت، من نكوڵی لێ ناكه‌م، ئه‌گه‌ر ده‌به‌نگ نه‌بوویتایه، ده‌بوایه بتزانیبایه كه خواردنی كرێكار، نان و ته‌ماته و خه‌یاره نه‌ك، مریشكی بر‌ژاو به ته‌ندوور…! گه‌وجه وه‌ره پێم بڵێ كه ئه‌و خواردنه گران و شاهانه‌یه‌ت بۆ كڕین، بۆچی یه‌كی نیو نه‌فه‌رت نه‌كڕی؟ ها بۆ؟؟؟ یان پیاوه‌تیت به‌سه‌ر ئاوی حه‌مامه‌وه كردووه و خه‌نجه‌رت له كاداوه و زه‌خیره‌ی پارشێویشت بۆ خستوون!!!!
سۆران ویستی وه‌ڵامی بداته‌وه.
-ده‌مت داخه، خه‌جاڵه‌ت ناكێشی، گه‌وجانه ده‌ته‌وێت به‌رگری له تاوانێكی وا بكه‌یت.
سۆران به بێزاریه‌وه ده‌ستی برد، كلیله‌كانی له گیرفانی شه‌رواڵه‌كه‌ی ده‌رهێنا، و تا هێزی تیا‌بوو كێشای به‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی به‌رده‌می زاهیددا
-بڕۆ بۆ دۆزه‌خ… هه‌ی پیسكه‌ی ڕه‌زیل… گوناحی تۆ نیه، كه‌رێتیه‌كه هی ئه‌و گه‌مژانه‌ی ناو كارگه‌كه‌ن، ڕۆژوو وا گێژی كردوون، هه‌ست به‌وه نا‌كه‌ن، كه به‌م ڕۆژگاره ڕه‌نج ده‌كێشن و عاره‌ق ده‌ڕێژن، و عه‌له‌ف بۆ قه‌ڵه‌وكردنی مریشك به‌رهه‌م ده‌هێنن، به‌ڵام بێ شه‌رمێكی وه‌ك جه‌نابتان… خواردنی ژه‌مێك مریشكیان پێ ڕه‌وا نا‌بینێت.
كاتێك سۆران ئه‌مانه‌ی ده‌ووت، زاهید هێنده‌ی چنگێكی مابۆوه و چووبوه‌وه قاوغه‌كه‌ی خۆی، ته‌نیا به حه‌په‌ساوی له‌سۆرانی ده‌ڕوانی، له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بوو سۆران بتوانێت ئاوا بێ ترس به‌ره‌نگاری بێته‌وه!
سۆران له مێزه‌كه‌ی زاهید دوور كه‌وته‌وه، و ده‌رگای ژووری نووسینگه‌كه‌ی دابه‌یه‌كدا وكارگه‌كه‌ی به‌جێهێشت.
ئایاری ٢٠١٩
سیروان عه‌بوڵا محه‌مه‌د