دیمانە ڕادیۆ ئەنتەرناسونال لەگەڵ مەنسور حیکمەت سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان

0

دیمانە ڕادیۆ ئەنتەرناسونال لەگەڵ مەنسور حیکمەت سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان

وەرگێرانی لەفارسییەوە: کاوە عومەر

بەشی دووەم و کۆتایی

ئازەر ماجیدی: ئێوە ئاماژەتان بەمەدا کە تۆڵەسەندنەوە یان وەڵامدانەوە بەتوڕەی قوربانییەکان نابێت بکرێتە بنەما ڕێکخستنی سیستەمی دادوەری وڵاتێک. وە سزا لەسەر ئەو بنەمایە دابڕێژرێت، بەڵام ئایا وەڵامی هەستی ئەم قوربانیانە ناکرێت بەجۆرێک لە کۆتایدا دەورێکی هەبێت لە سیستەمی دادوەریدا؟

مەنسور حیکمەت: بەبۆچونی من ئەوەی کە قوربانی پێوستی پێیەتی، خۆشەویستی قوڵی کۆمەڵگەیە بۆیان، وە ئەوەی کە بارودۆخەکەی تێدەگات، وە ئەوەی کە پارێزگاری لێدەکات، وە ئەوەی کەلە باوەشی دەگرێت وئارامی دەکاتەوە. ئەمە کە لەگەڵ ئەم بکوژە چۆن مامەڵە دەکات پەیوەندی بەئەوەوە نییە. کەسێک کە ئەیەوێت لە ڕێگەی کوشتنی بکوژەکەوە نیشانی بدات کە گیانی خۆشەویستەکەی بۆ کۆمەڵگە گرنگ بووە. ئەیەوێت بڵێت سەیرکەن فڵان کەسی لە ئێمە کوشتووە، یان ئازیزێکی ئێمەی کوشتووە، کۆمەڵگە بەکوشتنەوەی بکوژەکە پیشانمان بدات کەگرنگی بەم کێشەیە ئەدات. پیشانی بدات کە ڕیزێکی زۆری بۆ قوربانیەکان داناوە، پیشانی بدات کە ئەو ئازیزەی ئێمە بۆ کۆمەڵگەش ئازیز بووە. ئەڵبەت ئەمە درێژکراوەی خاوەنی خوێن و سکاڵای خوێنی نێوان خێزانەکان وخێڵەکان وقەبیلەکانە، بەڵام لەکۆتایدا کە کەسێک کەسێک لەدەست دەدات ئەیەوێت کۆمەڵگە بەقوڵی هەست بەم کارەساتەی بکات. وە پیشانی بدات کە هەستی پێکردوە، وەڕیزی بۆداناوە، کۆمەڵگە دەتوانێت بەڕیگەیەکی تر ئەوە نیشان بدات. بەبۆچونی من ئەگەر بەرگری لە قوربانی بەرگری ڕاستەقینە بێت لە قوربانی. ئەگەر دڵدانەوەی واقیعی بێت، وە ئەگەر یادگێڕانێکی ڕاستی کەسانێک بێت کە لەم ڕوداوانەدا لەدەست ئەچن… ئەگەر کەس و کارەکانیان لەژێر چاودێری وپاریزگاری مادی ومەعنەوی کۆمەڵگەدابن، ئەو توڕەییە کاناڵیزە ئەبێت بۆ لایەکی تر، بۆلای ڕیشەی ئەم تاوانانە، بۆلای….بۆلای هۆکاریک کە دەبنە هۆی ڕودانی ئەم دیاردانە. ئەوەی کە کەسیکیان بوێت وەک نەریتی قوربانی وە بڵێن، چونکە تۆ ئەو کوژراوەت لەدەستداوە ئێمەش ئەم ئینسانە لەبەر چاوی تۆ پارچەپارچە دەکەین تا ئارامی بەتۆ ببەخشێت. ئەمە ئارامی بە مرۆڤ نابەخشێت. زۆرێک بەو شێوەیە ئاسودە نابن. ناتوانیت بەکوشتنەوەی بکوژی کوژراوەکە زیندوبکەیتەوەو بیگەڕێنیتەوە. لەوانەیە لایان وا هەست بکات کە تۆڵەی سەندوەتەوە، بەڵام تۆڵەسەندنەوە وەڵامی ئەو کارەساتە ناداتەوە. ڕێگای تر هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە کەسێکیان لەدەستداوە هەتا هەست بکەن کە کۆمەڵگە خوشی دەوێن. لەگەڵیاندایە، لەکەناریاندایە، هەست بە خەمەکانیان دەکات. کۆمەکیان دەکات هەتا لە کارەساتێکی لەو شێوەیە سەخت وتاقەت پڕوکێنە تێپەڕێنن ودرێژە بەژیان بدەن. ڕیگاکەی کوشتنی لایەنی بەرامبەر نییە. ئەم کارە تەنها بەبازنەی بکوژ بکوژ درێژ دەبێتەوە کە هەر ئێستا لە کۆمەڵگەدا باوە. ڕێگەم پێبدە ئەمە بڵێم ئێستا سزای لەسێدارەدان لە زۆر وڵاتاندا هەیە. بەڕاستی کێشەی کوشتنی چارەسەرکردوە؟ بەڕاستی خێزانی کوژراوەکانی ئاسودەکردوە؟ بەڕاستی باری کەسێکی سوک کردوە؟ جگە لەوەی ڕۆژێک لە مەیداندا کەسێک کەرکوژ دەکەن دەیدەن لە سێدارە یان لەکورسیەکی دەبەستن و بەئاهایانەو بەنەخشەی لەپێشدا داڕێژراو لە ڕێگەی کارمەندێکی دەوڵەتەوە دەیکوژن، شتێکی بەدەست نەهێناوە. ئەگەر ئەمریکا لە سێدارەدانەکانی بووبێتە هۆکاری ئەوەی کەمەملەکەتەکەی ببێتە شوێنی ئاشتی وخۆشی ئەوکاتە لەوانە بوو بتوانی بڵێی کە ئەم کارە کاریگەرە. لەوڵاتێکی وەک جمهوری ئیسلامی گەورەترین بکوژ دەوڵەت خۆیەتی وە سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە داوای دادوەری لەگەورەترین  بکوژی کۆمەڵگەخۆی بکەیت. دەوڵەت مۆڵەتی نییە کە کەسێک دەستگیر بکات وبکوژێت. تابگات بەوەی کە ئەو دەوڵەتە خۆی لەسەر کورسی تاوان دابنیشێت بەتاوانی کوشتنی چەندین نەوە کە ئەنجامی داوە.

ئازەر ماجیدی: ئەڵبەتە حسابی دەوڵەتانی وەک کۆماری ئیسلامی بەشێوەی ئاسایی لەم باسانەدا جیاوازە لە هەندێک جێگای مۆدێرن وە قسە لەسەر بابەتی سزای لەسێدارەدانی بکوژان دەکەم. بەداخەوە کاتمان کەمە، بەدڵنیایی من ئەمەوێت پرسیارێکی ترت ئاراستە بکەم. باسەکە سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان لەبەر سیاسەت کردوەتە جێی باس وە ئێوە بەتەواوەتی ئەوەتان ڕەتکردەوە. ئێستا ئەگەر لەو لایەنەی هاوکێشەکەوە سەیرکەین، ئێستا خەڵکێکی زۆر قوربانیان بە کۆماری ئیسلامی داوە. کۆماری ئیسلامی خەڵکێکی زۆری لە سێدارە داوەو  ئەو خەڵکەش چاوەڕوانی ڕۆژێکن کە بتوانن وەڵامی عادیلانەی خۆیان وەرگرن، سەرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر کورسی دادگایی ببینن وسزای تاوانەکانیان کە شایەنیانە وەرگرن. ئێستا بەهەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان واتە بەکردەوە ئەم سزایەمان بۆ هەموو بکوژان وئەشکەنجەدەرانی کۆماری ئیسلامی دەنێینە لاوە. ئایا بەبۆچونی ئیوە ئەمە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە جێگای پەسەند ئەبێت؟

مەنسور حیکمەت: بەبۆچونی من خەڵکی ئێران ئەگەر شۆڕش بکەن کە خەریکن دەیکەن. وە سەرانی کۆماری ئیسلامی دەستگیر بکەن، کە دەستگیریان دەکەن وە دواتر نیشانیان بدەن کەئەوان ناکوژن، بەڵکو سوکێتیان نمایش دەکەن. کاریگەری گەورە لەسەر جیهان دادەنێت هەتا ئەوەی کە ڕەفسنجانی وخامنەیی کەرکوژ بکەن و لەسێدارەیان بدەن. ئەمە ئەکرێت بۆ کەسێک و بۆساتێک مایەی ئاسودەیی بێت کە ئەم تاوانبارانەیان بەم ڕۆژە گەیاندووە، بەڵام بەشێوەیەکی واقعی ئەگەر سەرانی کۆماری ئیسلامی دەستگیر بکرێن، دادگاییان بکەن وە لەگەڵ تاوانەکانیاندا بەرەوڕوویان بکەنەوە وە ڕێگا بدەن مرۆڤایەتی تاوانەکانیان ببینێت وە دواتر ئەم ئینسانانە بخەنە ئەو جێگایەی کە بەڕاستی شایانیانە واتە بابەتی وەرگرتنی سزای تاوانەکانیان، بەشێوەی خزمەت بەکۆمەڵگە. کارکردن بۆ کۆمەڵگەو بێبەش بوون لە خۆشەوستی کۆمەڵگە دایان نێن، بەبۆچونی من کارێکی گەورەتریان کردوە. بە بۆچوونی من ئاخوند وپاسدارو کەسانێک کە ئەو حکومەتەیان لەسەر پێ ڕاگرت و بەکوشت وکوشتار تا ئێرەیان هێنا، ئەبێت خۆیان ڕادەستی خەڵک بکەن وە ئومێدەواربن کە خەڵک بەو دادوەریەی بەوشێوەیەی کە ئێمە باسی دەکەین جێبەجێ دەکەن. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران ئەگەر لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕشێکی وابێت، کە ئەیەوێت ببێت کە ئەبێت. وە ئەڕوات بۆ ئەوەی ببێت. ئەگەر کاریگەریمان هەبێت بۆ ئەم نەبەردە کە بەهیوام هەی بێت، بەدڵنیایی داوا لەخەڵک دەکەین کە لە سێدارەیان نەدەن. وە نەیان کوژن، وەک کۆمەڵگەیەکی سەدەی بیست ویەکەمی موتەمەدین دادگاییان بکەن. بەڵگەی تاوانەکانیان نیشانی دونیا بدرێت هەتا جارێکیتر لە هیچ جیگایەکی جیهان کۆماری ئیسلامی  هیچ کاتێک سەرنەگرێت. بەنیشاندانی چەپەڵییەک کردویانە. ئەوەی کە ئەم ئینسانە بێ نرخانە چ ڕۆژێک چاوەڕوانیانە، بەبۆچوونی من ئێمە دەتوانین بیان خەینە پەنایەکەوە بۆخۆیان بژین. بەکورتی ئەبێت سزای وەرگرن، بەڵام لەسێدارەدان و کوشتن وەڵامیان نییە، کۆمەڵگە دەتوانێت ماهیەتیان ئاشکرا بکات وە ئەمە لەهەموو شتێک گرنگترە.

ئازەر ماجیدی: لەوانەیە ئەم پرسیارەی کە دەیکەم جیاواز بێت لە هەموو باسەکە، بەڵام لەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر دادگایی سەرانی کۆماری ئیسلامی، ئایا بە نوسخەیەکی وا بەسازشکار تۆمەتبار ناکرێن لەبەرامبەر تاوانبارانی خەڵکدا. یا ئەوەی وەک ئەرجەنتین نابێت کە لە ڕاستیدا هەموو کوشت و کوشتارێکیان پشت سەرناو دەوڵەتێکی ئاشتی بەناو میللی هاتە سەر کار.

مەنسور حیکمەت: هەرگیز! لەبنەڕەتدا ئێمە لایەنگری لێبوردن لە سەرانی کۆماری ئیسلامی نین، ئێمە لایەنگری دادگای کردنیانین. شتێک کە ئێمە ئەڵێین ئەوەیە کە خەڵکی ئێران دەتوانن هەنگاوێکی بنچینەیی لە ڕاستای پەرەدان بەکۆمەڵگەی مەدەنی هەڵگرێت. ئەگەر سزای لەسێدارەدان بەشێک نییە لە لیستی سزاکانی ئیمەدا، ئەوکۆمەڵگەیانەی کە لەسێدارە ئەدەن ناتوانن لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی ئینسانی سەرکەتوبێت. ئاشکرایە کەسێک کە ئەمانەوێت سزای بدەین تاوانبارێکی گەورەیە وهەر لەئیستاوە دەزانین وزۆریک لەبەڵگەکانیشی ئاشکران. ئەوانە خەریکن بەئەنقەست و بەزانایانە ئینسان دەکوژن. بیست سی ساڵە ژن و پیاوی کۆمەڵگەیان لەمافە ئینسانیەکانیان بێ بەشکردووە. کەسانی سەر بەئاینی تریان، هەر بەو تاوانە کوشتوە. لەئەنجامدا گومانێک لەوەدا نییە کە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک لە تاوانباراندا ڕووبەڕووین کە لەڕیزی تاوانبارانی دادگایەکدا دایان ئەنێن لەبەرامبەر تەلەفزیۆنە جیهانیەکاندا نیشانیان ئەدەن، کۆمەڵێک ئینسانن گومانێک لەوەدا نییە هەتا توانای ئەوەیان نییە لەناو خەڵکی ئێراندا بژین، بەڵام بەنیشاندانی ئەوەی کە سزای لەسێدارەدان بەشێک لەلیستی ئەوسزایانە نییە کە ئێمە کاری پێدەکەین، بەبڕوای من کۆمەڵگەی ئێران یەک هەنگاوی گەورە، یەکجار گەورە، بەرەو پێش ئەنێت. یەک هەنگاوی زۆر ئەنێت بۆ سەردەمی پاش ئەم دواکەوتوییە بەرەو مەملەکەتێکی زۆر موتەمەدین و ئازادو باش ئەبێت بۆ ژیان. بیردەکەمەوە کە خەڵک دەتوانێت ئەوانە دادگایی بکات، بەڵام لەسێدارەیان نەدات، ئەبێت بەو شێوەیە بێت، ئەگەر بەڕاستی بیانەوێت لە سێدارە بدەن ئەبێت دەیەها هەزار کەس دەستگیر بکەن ولەسێدارەی بدەن. ئەو خوێنەی کەدەڕژێت هەتا بۆ ڕەوتی سەرکەوتنی خەڵک زیانی هەیە. ئەبێت دەستگیریان بکەی، وە دادگاییان بکەیت، بچوکترین سات و سەودا لەسەر مافەکانیان نەکەی، بەڵام لەسێدارەیان نەدەیت. لەسێدارەدان کارێک نییە کەئینسانێکی موتەمەدن لە سیستەمە دادوەریەکەی بیکات وە خەڵک خەڵکی موتەمەدینە.

ئازەر ماجیدی: ئایا سیاسەتێک کەلە ئەفریقای باشور شوینی کەوتن ئیوەش لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئیراندا ڕاسپاردە دەکەیت.

مەنسور حیکمەت: هەگیز! هەرگیز! ئەفریقای باشور یەک سازشی سیاسی بوو هیچکام لە دوو لایەنەکە هێزیان بەسەر ئەویتردا نەبوو. ئەو کارەیان کرد بۆ ئەوەی بەئیسلاح ئەولایەنە دان بەگوناحەکانی خویدا بنێت وەلەپێشەوە دەیانزانی کە ئەم لایەنەش ئەبێت لەو ببورێت، قسەی من لەسەر لێبوردن نییە. کاتێک خەڵک ئەوانە دەستگیر دەکات ئەوان بچوکترین هێزی بەرەنگاربوونەوەیان نییە. ئەبێت بێن دان بەتاوانەکانیاندا بنێن، بارودۆخ و هۆکاری کارەکانیان ڕۆشن بکەنەوە، وە داوای لێ خۆش بوون لەخەڵک بکەن، خەڵک بەدڵنیایی زیندانیان دەکات، بەڵام لەسێدارەیان نادات، ئەگەر ئێمە کاریگەریمان لەسەر ئەو ڕەوەندە هەبێت وە خەڵکی خەتی ئێمەیان قبوڵ کردبێت، ئێمە لەسێدارەدان لەدەستورماندا دانانین، هەرگیز قسە لەسەر لێبوردنیش لێیان نییە. ئەوانە قابیلی لێبوردن نین، ئەبێت لەگەڵ دادپەروەری خەڵکدا ڕووبەڕووببنەوە، بەڵام ئەوە دادپەروەری خەڵکە کە ئەبێت کوشتنی ئاگایانەو بەئەنقەست هەتا بۆ تاوانبارترین کەس لە دەستوریاندا بکەنە دەرەوە.

 ئەم نوسینە لەلایەن خەسرەو داوەرەوە نوسراوەتەوە کەلە شریتی قسەکردن وەرگیراوە ٢٨\١١\٢٠٠٤

سەرنجی ئەوەبدە کە وتە ڕاستەوخۆکانی ئەم نووسینە، هێشتا وتەی ناڕاستەوخۆن لەمەنسور حیکمەت وەرگیراون…

Leave A Reply

Your email address will not be published.